۱۴۰۵ فروردین ۱۰, دوشنبه

ئۆنتۆلۆژی چەقبەستوویی: ئێپیستێمەی ئێرانشاری و بەربەستە مەعریفێکانی دیموکراسی‌و ئازادی لەئێران

 








 

شاهۆ حوسێنی

 

ئەم شیکارییە، تێپەڕینە لە "سیاسەت وەک کایەیەکی ڕووکەش" بەرەو "ئۆنتۆلۆژیای دەسەڵات"؛ هەوڵێکە بۆ هەڵتەکاندنی ئەو بەربەستە مێژووییەی کە دیموکراسیی لە ژێئۆپۆلەتیکی ئێراندا کردووەتە "نامۆیەکی بوونناسی". ئێمە لێرەدا پرسیار لە "کێ حوکم دەکات؟" ناکەین، بەڵکوو پرسیار لەو "ئێپیستێمەیە" (بنەما مەعریفییە) دەکەین کە ڕێگە بە "دەرکەوتنی ئازادی" نادات. بۆ تێگەیشتن لەم چەقبەستووییە مێژووییە، دەبێت لە ئاستی دیاردە ماتریالییەکان و "کۆسمەتیکی ڕژێمەکان" تێپەڕین و بەرەو قووڵاییە "پێش-سیاسییەکان" شۆڕ بینەوە؛ ئەو شوێنەی کە تێیدا "ئەندێشەی ئێرانشاری" نەک وەک تیۆرییەکی فەرمانڕەوایی، بەڵکوو وەک "نەزمێکی مەعریفیی ڕادیاکڵ وپاوانخواز" ڕەگی داکوتاوە. ئەم شیکارییە هەوڵ دەدات نیشانی بدات کە چۆن "ناوەندخوازێتی" لە ئێراندا تەنیا مۆدێلێکی کارگێڕی نییە، بەڵکوو جۆرێکە لە "تۆتالیتاریزمی بوون" کە هەر چەشنە "فرەییەک" وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر "بوون" دەبینێت. ئێمە لێرەدا ڕووبەڕووی پارادۆکسێکی کوشندە دەبینەوە: کاتێک "خاک و ناوەند" دەبنە "پیرۆزییەکی میتافیزیکی"، مرۆڤ و کەرامەتی "ئەوی تر" دەبنە قوربانی. لێرەوە، گەڕان بەدوای دیموکراسیدا، پێش ئەوەی پێویستی بە سندوقی دەنگدان بێت، پێویستی بە "شۆڕشێکی ئێپیستێمۆلۆژیک" و نەشتەرگەرییەکی فەلسەفی هەیە بۆ دابڕان لەو زەینەی کە "ئازادی" تەنیا لەناو یەکڕەنگی و سڕینەوەی جیاوازییەکاندا وێنا دەکات.

-       پێشخستنی زەین بەسەر پێکهاتەوفۆڕمدا: ئێپیستێمە پاوانخوازپەروەرەکان

ڕیشەی سەرەکیی شکست لە گەیشتن بە ئازادیی سیاسی، نە لە بێتوانایی دامەزراوەکاندایە، بەڵکوو لەو بنەما زەینی و ناسنامەییانەدا (ئێپیستێمە) نیشتەجێیە کە پاوانخوازێتی لە ئاستی تاکەکەسیدا بەرهەم دەهێننەوە و دواتر پەرەی پێ‌دەدەن بۆ ئاستی کۆمەڵایەتی. پاوانخوازێتی لە ئێراندا بەر لەوەی سیستمێکی پۆلیسی و حکوومی بێت، "نەزمێکی مەعریفییە".

یەکەم کۆڵەکەی ئەم ئێپیستێمەیە، "قۆرخکردنی ڕاستی‌و حەقیقەتە". لە زەینی پاوانخوازپەروەردا، ڕاستی و حەقیقەت دیاردەیەکی فرەڕەهەند و گفتوگۆهەڵگر نییە، بەڵکوو قەوارەیەکی ڕەق و چەقبەستووە کە تەنیا لە دەستی "ئێمە" (یان ناوەند)دایە. ئەم جۆرە ڕوانینە، هەر دەنگێکی جیاواز نەک وەک "ڕکابەرێکی هزری"، بەڵکوو وەک "لادانێکی بوونناسی" دەبینێت.

دووەم کۆڵەکە، "دووفاقەییە(دوئالیسم)؛ دابەشکردنی جیهان بۆ چاکەی ڕەها و خراپەی ڕەها، خۆیی و ناخۆیی. ئەم تێڕوانینە ژینگەی گفتوگۆ و سازان لەناو دەبات و "ئەوی تر" هەمیشە وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر مانەوە پێناسە دەکات.

سێیەم و ڕیشەییترین کۆڵەکە، "زەینییەتی شوان-مێگەل"یە؛ پلەبەندییەکی بوونناسی کە تاک لە "سوژەیەکی سەربەخۆ و بەرپرسیار"ەوە دادەبەزێنێتە "ڕەعیەتێکی چاوەڕوانی ڕزگارکەر". تا ئەو کاتەی تاک لە دەروونی خۆیدا بەرپرسیارێتی ئازادییەکەی وەرنەگرێت و هەمیشە بەدوای "باوکێکی سیاسی" یان "ناوەندێکی بەهێز"دا بگەڕێت بۆ چەسپاندنی نەزم، هەر گۆڕانکارییەک لە لوتکەی دەسەڵاتدا، تەنیا گۆڕینی ملهوڕێک دەبێت بە ملهوڕێکی تر.

-       ئێرانشار: پۆلیسی دەسەڵات و سڕینەوەی فرەیی

 ئێپیستێمە تاکەکەسییەکان لەئاکامدا لە چوارچێوەی گێڕانەوەیەکی گەورەدا بە ناوی "ئەندیشەی ئێرانشاری"دا کۆدەبنەوە. وشەی "ئێرانشار" کە لە تێکەڵکردنی "ئێران" و "شار"پێکهاتوە، بە وردی بە مانای "قەڵەمڕەوی شایەتی و دەسەڵات" دێت. لێرەدا "شار" هاوتای "پۆلیس"ی یۆنانی نیە، بەڵکە  وەرچەرخانێکی ملهوڕانەی تێدا بەدی دەکرێت: ئەگەر لە پۆلیسی یۆنانیدا، شار کەش و بەستێنی "ئاگۆرا" و بەشداریی هاوڵاتیانی ئازاد بوو، لە ئێرانشاردا، شار شوێنی دەرکەوتنی "تەخت" و "چەقبەستوویی ڕەهایە".

لەو پارادایمەدا، "شار" (ناوەند) تەنیا مەکۆی هەبوونی ڕەوا و سەرچاوەی نەزمە و هەرچییەک لە دەرەوەی ئەم ناوەندێتییە بێت، بە "بیابان"، "پاشاگەردانی" یان "ئەنیران" (نا-ئێران) لەقەڵەم دەدرێت. ئەم زەینییەتە، "ناوەندخوازی" نەک وەک مۆدێلێکی بەڕێوەبردن، بەڵکوو وەک پێویستییەکی بوونناسی دەبینێت. لەم سۆنگەیەوە، داواکاریی فرەیی و مافی نەتەوەیی لەلایەن نەتەوەکانی پەراوێزەوە، وەک هەوڵێک بۆ وێرانکردنی "شار" و گەڕانەوە بۆ پاشاگەردانیی سەرەتایی لێک دەدرێتەوە. لە ڕاستیدا، دیموکراسی کە جەوهەرەکەی دابەشکردنی دەسەڵاتە، لە ئێپیستێمەی ئێرانشاریدا بە مانای "بێ-شار بوون" و لەناوچوونی بوونە.

-        گۆڕانکارییەکانی پاش قاجار: لە مڵکی شا بۆ ئایدیایەکی پیرۆز

پاش ڕووخانی قاجار، ئەم ئەندیشەیە لە نەریتێکی کلاسیکەوە گۆڕا بۆ "پڕۆژەیەکی ناسیۆنالیستی شێوەمۆدێرن". ڕۆشنبیرانی ئەو سەردەمە بە ڕەچاوی ناسیۆنالیزمی ئەوروپا(ئاڵمانی)، ژێئۆپۆلەتیکی ئێرانیان وەک یەکەیەکی ئۆرگانیک و دابەشنەکراو پێناسە کردەوە. لەم قۆناغەدا، ژێئۆپۆلەتیک لە مڵکی تایبەتی شاوە گۆڕا بۆ مۆڵکی ئایدیای پیرۆزی ئێران.

بونیادە تیۆرییەکانی ئەم قۆناغە لەسەر سێ بنەما ڕاوەستابوون:

دەوڵەت-نەتەوەی یەکڕەنگ: سەپاندنی دروشمی "یەک نەتەوە، یەک زمان" کە ئامانجەکەی هەزمکردنی هەموو ناسنامە جیاوازەکان بوو لەناو ناسنامەی ناوەنددا.

ئارکائیسم: گەڕان بەدوای ڕەوایی لە شکۆمەندیی ئیمپراتۆرییەتە کۆنەکاندا، کە جۆرە "نۆستالژیایەکی دەسەڵات"ی دروست کرد و هەر جۆرە داواکارییەکی سەردەمیانەی بۆ ئازادی وەک خیانەت لە میراتی باپیران لەقەڵەم دا.

ناوەندخوازێتی: گۆڕینی تاران بۆ "پۆلیسی ڕەها" کە هەموو سەرچاوە ماددی و مەعنەوییەکانی پەراوێز بۆ بەرژەوەندی ناوەند دەبات.

ئەم پیرۆزکردنی خاک و قەڵەمڕەوە، "سوژەی سیاسی" گۆڕی بۆ "سەربازی پاراستنی یەکپارچەیی". لەم کەشەدا، هاوڵاتیبوون مانای خۆی لەدەست دا؛ چونکە مافی تاک و مافی نەتەوەکان لە بەرانبەر "مافی ڕەهای ناوەند بۆ پاراستنی یەکپارچەیی"دا ڕەنگی لەدەست دا.

-       دەرئەنجام:

کەواتە، کێشەی ئێران تەنیا هەبوون یان نەبوونی ڕژێمێکی سیاسی تایبەت نییە؛ بەڵکوو سەروەریی بێسنووری "ئێپیستێمەی ئێرانشاری"یە بەسەر زەینیی کۆڕگێڕە سیاسییەکاندا. تەنانەت ئەو ئۆپۆزسیۆنەی کە بانگەشەی دێموکراسی و سێکولاریزم دەکات، تا ئەو کاتەی لە چوارچێوەی ئەم ئێپیستێمەیەدا بیر دەکاتەوە، بەبێ ئەوەی ئاگای لێ بێت، هەمان پێکهاتە پاوانخواز و ملهوڕەکان بەرهەم دەهێنێتەوە. ئەوان دیموکراسییان دەوێت، بەڵام بە مەرجێک "ناوەندێتی دەسەڵات" و "یەکدەستی ناسنامە" تێک نەچێت؛ ئەمەش دژایەتی و پارادۆکسێکی ڕادیکاڵە .

دیموکراسی لە ئێراندا لەدایک نابێت، مەگەر “ئاڵوگۆڕێکی ڕادیکاڵی ئێپیستێمۆلۆژیک” ڕوو بدات؛ نەشتەرگەرییەکی هۆشیاری کە تێیدا “پیرۆزیی خاک” جێگەی خۆی بۆ "پیرۆزی‌وکەرامەتی مرۆڤ" چۆڵ بکات، "یەکێتیی زۆرەملێ" جێگەی خۆی بداتە "فرەیی ئارەزوومەندانە"، و چەمکی 'شار" لە ناوەندی دەسەڵاتەوە بگۆڕێت بۆ فەزای گفتوگۆی یەکسان لەنێوان نەتەوە و ناسنامە جیاوازەکاندا(ئاگۆرا). تا ئەو کاتەی "ئەوی تر" (نەتەوەیی، فکری، زمانی) لە زەینی سوژەی ئێرانییدا وەک توخمێکی یەکسان دانپێدانانی بۆ نەکرێت، هەر جۆرە گۆڕانکارییەکی سیاسی تەنیا گۆڕینی پاسەوانەکانی هەمان زیندانە کۆنەکە دەبێت.

 


۱۴۰۵ فروردین ۸, شنبه

چەقبەستوویی (منی حیزبی) لە بەرامبەر (ئێمەی نەتەوەیی)دا

 









 

شرۆڤەی دابڕانی نێوان "هەڵوێستی ئەتۆمیزە" و "ژیری هاوپەیمانی"

 

شاهۆ حوسێنی

سیاست لە گشتگیرترین واتای خۆیدا، پڕۆسەی تێپەڕاندنی "بەرژەوەندیی بچووک"ە لە پێناو "بەرژەوەندیی گشتیدا"؛ واتە ڕاگواستنێکی دیالێکتیکی لە پەرتەوازەییەکی شێواوەوە بەرەو یەکگرتووییەکی ئۆرگانیک. بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی سیاسیی ئێمەی کورددا بە ناوی "هاوپەیمانی" دەبینرێت، دەرکەوتنی "سوبژێکتیڤیتەیەکی یەکگرتوو" نییە، بەڵکوو کۆبوونەوەیەک لە "چەقبەستوویی تاکێتێکانە " کە لە ناو جەغزی هەڵسووکەوتی مێژوویی و پنگ‌خواردووی خۆیاندا قەتیس کراون. ئێمە لەگەڵ دیاردەیەک ڕووبەڕووین کە دەکرێت ناوی بنێین "بووڵێڵ یان تارماەیەیی هاوپەیمانی"؛ شوێنێک کە تێیدا، فۆرم و پێکهاتەی ڕواڵەتی هاوپەیمانی لەتەنیشت چەقبەستوویی حیزبی؛ عەقڵانییەتی هاوپەیمانی، بەرژەوەندەیی نەتەوەیی و خێری گشتی دەکەنە قوربانی.

-       پارادۆکسی بەقا: بەربەستەکانی هاوپەیمانی

لە عەقڵانییەتی سیاسیی مۆدێرندا، حیزب تەنیا "ئامرازێکە" بۆ گەیشتن بە "ئامانجە نەتەوەییەکان". بەڵام لە دەروونناسیی سیاسیی ئێمەدا، حیزب بووەتە "پیرۆزییەکی ڕەها" و "ئامانجێکی سەربەخۆ". ئەم چەقبەستوویە بوونناسانەیە دەبێتە هۆی ئەوەی سەرکردە حیزبییەکان، هاوپەیمانی نەک وەک "سەرچاوەی هێز"، بەڵکوو وەک "هەڕەشەیەک بۆ سەر ناسنامەی حیزب" ببینن. بێ‌گومان بەشداریکردنی جیاجیا لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکاندا، ڕاکردنێکی نائاگایانەیە لە "توانەوە لە ناو ڕاستییە گەورەکەدا". ئەوان پێیان باشترە "شای بچووکی قەڵەمڕەوەکەی خۆیان بن" نەک "بونیادنەری دەسەڵاتێکی بەربڵاو گشتگیر لە بلۆکی نەتەوەییدا".

 

-       شیزۆفێرنیای کردەوە: فۆرمی هاوپەیمانی دژ بە ناوەڕۆکی پەرتەوازە

ئەوەی کە شەش حیزب ڕێککەوتننامەیەک واژۆ دەکەن، بەڵام لە کایەی دیپلۆماسیدا (کە باڵاترین ئاستی ویستی سیاسییە) هەر یەکە و بە جیا هەنگاو دەنێن، بەتەنیا هێمای دابڕانی ڕواڵەتی و پێکهاتەیی نیە، بەڵکە نیشانەی دابڕانێکی مەعریفیی و ئێپسیتمۆلۆژیکە. "عەقڵانییەتی هاوپەیمانیکردن" هێشتا وەک "فۆرمێک هۆشیاری، ئاگایی و وریایی" لە ناوەوەدا نەچەسپاوە. لەڕاستیدا ئێمە لەگەڵ جۆرە "نماییشێکی هاوپەیمانی" ڕووبەڕووین؛ هاوپەیمانییەک کە تەنیا لە چوارچێوەی بەیاننامەکان بوونی هەیە، بەڵام لە "کاتی کردەوە"دا (بڕیاردان و ئامادەیی نێودەوڵەتی) تەجزیە دەبێتە تووخمە سەرەتاییەکانی خۆی. ئەم هەڵوەشانەوە خێرایە دەیسەلمێنێت کە پەیوەندییەکان ئۆرگانیک نین، بەڵکوو میکانیکی و بەسەرداسەپاو بوون.

-        لەسێدارەدانی "متمانە" لە بەردەم نیگای "ئەویتر"دا

سیاسەتی نێودەوڵەتی، گۆڕەپانی بنەمایی و تەوەرەیی "نماییشکردنی هێز"ە. کاتێک جیهان لەگەڵ شەش دەنگ، شەش ئاڵا و شەش گێڕانەوەی دژبەیەک لە یەک بەرەی هاوبەش ڕووبەڕوو دەبێتەوە، ئەمە لەگوێن "کاڵفامیی سیاسی" دەبینێت. ئەم فرەدەنگییە پڕش‌وبڵاوە، "قورسایی سیاسیی نەتەوەیی" دادەبەزێنێت بۆ ئاستی "ژاوەژاوی میدیایی". لە ڕاستیدا، ئامادەبوون بەشێوەی وەها پەرتەوازە و لێک‌دابڕاو، نەک فرەدەنگییەکی دیموکراتیک، بەڵکوو "ئەنارشییەکی سەرلێشێواوە ، کە ئەنجامە ڕاستەوخۆکەی لەدەستدانی متمانە سەرەکییەکانە لە هاوکێشەکانی هێز لە ئێستا و داهاتوودا.

-       دەرئەنجام

ئەوەی لەگوێن  "پێک‌نەهاتنی عەقڵانییەتی هاوپەیمانی" دەردەکەوێت، لە ڕاستیدا هەمان "نەبوونی سوژەڤانی سیاسیی یەکگرتوو"یە. هاوپەیمانییەکانی ئێمە "جەستە"یان هەیە بەڵام "ڕۆح"یان نییە. بۆ تێپەڕین لەم بنبەستە، پێویستمان بە گۆڕانکارییەکی ڕادیاکاڵ و ئێپیستمۆلۆژیکە لە "سیاسەتی نماییشی حیزبی"یەوە بەرەو "سیاسەتی نواندنی نەتەوەی".

تا ئەو کاتەی حیزبەکان تێنەگەن کە لە جیهانی ئەمڕۆدا "تاک‌ڕەوی" ئاکامەکەی "لاوازی و لەناوچوون"ە، هاوپەیمانییەکان تەنیا وێنەی یادگاری دەبن. عەقڵانییەتی ڕاستەقینە لەوێدایە کە "منی حیزبی" تێبگات مانەوەی ڕاستەقینەی لە دووبارەکردنەوەی ناوی خۆیدا نییە، بەڵکوو لە توانەوەیەکی ژیرانەدایە لە نێو "خواستێکی نەتەوەیی گشتگیر"دا. ئێمە پێویستمان بە "نەشتەرگەرییەکی سیاسی" هەیە بۆ لەدایکبوونی ئەم هۆشیارییە نوێیە؛ پێش ئەوەی مێژوو لە تەنیایی  دۆزەخی چەقبەستوویدا بمانتوێنێتەوە.

 


۱۴۰۵ فروردین ۶, پنجشنبه

بۆچی کورد نەتەوەیە و قەوم نییە؟

 

 

شاهۆ حوسێنی

سڵاوتان لێ بێت کوردستانیانی خۆشەویست و هاوڕێیانی هێژا و دڵۆڤانم. لەم ڤیدیۆیەدا بە خزمەتتان گەیشتووینەتەوە تا بە شێوەیەکی لۆجیکی و زانستی، لە دەلاقەی کۆمەڵناسیی سیاسییەوە، تیشک بخەینە سەر وەڵامی ئەم دوو پرسیارە گرنگە.

کۆمەڵناسان لەسەر ئەم باوەڕەن کە قەوم بە کۆیەک لە مرۆڤەکان، بە کۆی گشتییەک لە مرۆڤەکان دەگوترێت، کە خاوەن زمانێکی هاوبەشن؛ بە زمانێکی هاوبەش لەگەڵ یەکتر دەدوێن و پێوەندی دەگرن. خاوەن بەها و نۆرم و دیاردە کۆمەڵایەتییە هاوبەشەکانن. لە ژینگەیەکی سروشتیدا، واتە جوگرافیایەک، پێکەوە دەژین. ئەم کۆمەڵە مرۆڤە لەسەر ئەو باوەڕەن کە خاوەن پشت و سەرچاوە و نەتەوەیەکی (نەژادێکی) مێژوویی هاوبەشن.

بەڵام نەتەوە؛ کەی قەوم دەبێتە نەتەوە؟ کەی قەوم دەگوازرێتەوە بەرەو نەتەوەبوون؟

کۆمەڵناسان لەسەر ئەم باوەڕەن هەر کاتێک ئەم کۆمەڵە مرۆڤە، ئەم کۆمەڵە گشتییەی مرۆڤە، بەم زەینییەتە بگەن کە خۆیان ئیرادە بکەن، کە بنیاتنەری پێکهاتە و فۆرماسیۆنێکی فەرمانڕەوایی سەربەخۆ بن. واتە خۆیان چارەنووسی سیاسیی خۆیان دیاری بکەن و بە دەستییەوە بگرن. خۆیان بنیاتنەر و داڕێژەری ناسنامەی سیاسیی سەربەخۆ بن بۆ خۆیان؛ ئەوکات دەبنە نەتەوە.

ماکس ڤێبەر سنووربەندییەکی جێگای سەرنج و جالب دەکات؛ ئەو لەسەر ئەو باوەڕەیە کە قەوم، واتە ئەم کۆمەڵە گشتییەی مرۆڤە، کاتێک لە دەرەوە ڕا پێناسە دەکرێن (Subject)، واتە ناسنامەیان بۆ دیاری دەکرێت و خۆیان هیچ ئیرادەیەکیان نییە لە داڕشتنی ناسنامەی خۆیان؛ بۆ وێنە کاتێک لە دەرەوە ڕا بە کورد دەگوترێت "کورد" و ناسنامەیان بۆ دیاری دەکرێت، کورد لێرەدا قەومە.

بەڵام ئەو کاتەی کە کورد بڕیار دەدات، ئیرادە دەکات کە خۆی چارەنووسی سیاسیی خۆی بەدەستەوە بگرێت؛ واتە خۆی خۆی پێناسە دەکات، خۆی روانگەیەک لەمەڕ خۆی بەرهەم دەهێنێت، دەبێتە نەتەوە.

کەواتە کورد لەم کاتە ڕا، لەم ساتانە ڕا، لەم سەدەیە ڕا کە خۆی بڕیار دەدات بنیاتنەری سیستمێکی فەرمانڕەوایی سەربەخۆ بێت، دەسەڵاتێکی سەربەخۆ بەرهەم بهێنێت و ناسنامەیەکی سەربەخۆ بۆ خۆی دابڕێژێت، بەرەو نەتەوەبوون هەنگاوی ناوە. کورد لەمێژساڵە، چەند سەدە لەمەوبەر بڕیاری داوە نەتەوە بێت، بەهۆی ئەوەی کە هەنگاوی ناوە بەرەو بنیاتنانی فەرمانڕەواییەکی سەربەخۆ. بەهۆی ئەوەی لەسەر ئەم باوەڕەیە کە: "نە عەرەبم، نە ئێرانیم، نە تورکێکی شاخستانیم، بەڵکو کوردم".

لە مێژووی سیاسیی کورددا، ئێمە کۆماری کوردستانمان هەیە، سەرکۆماری کوردمان هەیە، کەواتە ئێمە بنیاتنەری سەربەخۆییەکی سیاسی بووین بۆ خۆمان. ئەمڕۆکەش حیزبی سیاسیییمان هەیە کە بۆ دابینکردنی مافی چارەنووس و ئیرادەی سیاسی لە کورد خەبات دەکات. کەواتە ئێمە لە مێژوودا بەرەو نەتەوەبوون هەنگاومان ناوە و بووینەتە نەتەوە.»

لێکدانەوەی کورتی ناوەڕۆک:

ئەم باسە تیشک دەخاتە سەر گۆڕانی کۆمەڵگەی کوردی لە دۆخێکی "خۆڕسک و قەومی"یەوە بۆ دۆخێکی "سیاسی و نەتەوەیی". من پێم وایە نەتەوەبوون پێویستی بە ئیرادەی سیاسی و خۆپێناسەکردن هەیە، نەک تەنیا زمان و جوگرافیا.



۱۴۰۵ فروردین ۱, شنبه

✔️ Interview mit Kurd Channel“

 Shahoo Hosseini

Vierte Woche des Krieges zwischen den USA, Israel und Iran sowie die Folgen der Kämpfe in den vergangenen drei Wochen und die Möglichkeit einer Ausweitung des Krieges auf weitere Bereiche, einschließlich der wirtschaftlichen und energetischen Infrastruktur Irans.



 

۱۴۰۴ اسفند ۲۶, سه‌شنبه

فێنۆمێنۆلۆژی شکەست: ڕەچەڵەکناسی جاشێتی لەگوێن قەیرانی ئێپیستمۆلۆژیک

 









 

شاهۆ حوسێنی

جاشێتی، پێش ئەوەی ڕووداوێکی سەربازی یان خیانەتێکی سیاسی بێت، دۆخێکی ئێپیستمۆلۆژیکە؛ واتە شێوازێکی تایبەتە لە "خۆبنیادنان" کە تێیدا مرۆڤی کورد، لەبری ئەوەی خۆی سەربەخۆیانە خۆی دابڕێژێت، و میژووی بۆخۆی بنیادبنێت، دەبێتە ئەوی‌ترێکی دەستی دوو و کەرەستەیەک بۆ تەواوکردنی مێژووی ئەوی دی. لێرەدا کێشە تەنها لە هێژمۆنی، پەرە و زاڵێتی "هێزی داگیرکەر"دا نییە، بەڵکو لەو بۆشاییە ئێپیستمۆلۆژیکەدایە کە نەیتوانیوە "من"ێکی کوردانە وەک چەقێکی مەعریفی فۆرمۆڵە بکات. کاتێک زەین لە بەرهەمهێنانی وێنەیەکی سەربەخۆ بۆ خۆی پەکدەکەوێت، ئەوی‌تربوون وەک "میکانیزمێکی قەرەبووکردنەوە" سەرهەڵدەدات. لێرەوە، جاش تەنها کەسێک نییە کە چەک بۆ دوژمن هەڵدەگرێت، بەڵکو ئەو هەبوونە تێکشکاوەیە کە لە ڕووی مەعریفییەوە "نامۆبوونی لەگەڵ خۆی" وەک "پێویستییەک" قبووڵ کردووە.

جاشێتی وەک دۆخێکی بوونناسی (ئۆنتۆلۆژیا)

جاشێتی لە کوردستاندا ڕووداوێکی مێژوویی نییە کە تەنیا جاروبار ڕوو ئەدات، بەڵکو (دۆخی بوون)ی مرۆڤێکە کە لە پەیوەندییەکی ڕەسەن لەگەڵ "ژینگە" و "مێژوو" دابڕاوە. کاتێک مرۆڤی کورد ناتوانێت وەک "سووژەیەکی سەروەر" خۆی پێناسە بکات، تووشی جۆرێک لە (ئۆنتۆلۆژیای پەراوێز) دەبێت. لەم دۆخەدا، "بوونی خۆی" تەنها لە ئاوێنەی "ئەوی دی" (داگیرکەر)دا دەبینێتەوە. جاش لێرەدا ئەو بوونەوەرەیە کە پێی وایە بێ پاشکۆ بوون بۆ هێزێکی دەرەکی، هەبوونی تیا دەچێت. ئەمە ئەو شوێنەیە کە تێیدا شکەست دەبێتە بەشێک لە شوناس؛ شکەست نەک وەک دۆڕان لە شەڕێکدا، بەڵکو وەک بڕوابوون بەوەی کە "من ناتوانم سەردەست و سەروەر بم، ڕەنگە بەهۆی غیابی ئیرادە، ئاگایی و غیرەت، کەوابێ دەبێ ژێردەستە بم".

قەیرانی ئێپیستمۆلۆژیک؛ زەین وەک بوونێکی فۆرمۆڵە نەکراو

بنیادی جاشێتی لەسەر (نەبوونی مەعریفەی خۆیی) ڕاوەستاوە. ئەگەر "زەینی کوردانە" وەک سیستەمێکی مەعریفی فۆرمۆڵە کرابایە، تاکی کورد دەبوو بە خاوەنی پێوەرێکی ناوخۆیی بۆ ناسینی "بەرژەوەندی" و "مەترسی". بەڵام کاتێک ئەم زەینە فۆرمۆڵە نەکراوە، تاکی کورد تووشی جۆرێک لە (سەرلێشێواوی و نامۆیی مەعریفی) دەبێت. ئەو ناتوانێت جیاوازی بکات لە نێوان "بەرژەوەندیی نەتەوەیی" و "بەرژەوەندیی داگیرکەر"، چونکە چاویلکەیەک کە جیهانی پێ دەبینێت، هی خۆی نییە. لێرەوە جاشێتی دەبێتە بەرهەمی لاوازیی زەینی؛ واتە تاکی کورد ناتوانێت وەک سووژەیەکی بیرکەرەوە، خۆی بە کوردستانەوە گرێ بداتەوە، چونکە "کوردستان" لە زەینی ئەودا هێشتا وەک چەمکێکی فەلسەفی و سیاسی "سەروەر" دانەمەزراوە.

ڕەچەڵەکناسیی پاشکۆیی؛ جاشێتی وەک دەرکەوتەیەکی ناوخۆیی

بە پێچەوانەی گوتارە کلاسیکییەکان کە جاشێتی بەرهەمی هێزو توانایی باڵای دەرەکی دەبینن، ڕەچەڵەکناسیی ئەم دیاردەیە نیشانمان دەدات کە جاشێتی لەناو "کەلێنە فیکرییەکانی ناوخۆ"دا گەشە دەکات. ئەوە لاوازیی ئیرادەی سیاسی و نەبوونی پڕۆژەیەکی فیکری نەتەوەییە کە ڕێگە بۆ هێزی دەرەکی خۆش دەکات تاکی کورد وەک ئامراز بەکاربهێنێت. جاشێتی، دەرکەوتەی ئەو ڕاستییە تاڵەیە کە ئێمە وەک نەتەوە لاوازبووین کە "ناوەندێکی گوتاری دروست بکەین کە تێیدا تاکی کورد هەست بە "پڕبوونی شوناس" بکات. کاتێک ناوەند غائیب بێت، پەراوێزەکان (جاشێتی) دەبنە چەقی بڕیاردان.

دەرەنجام

بۆ تێپەڕاندنی "فێمنۆمێنۆلۆژی شکەست"، پێویستمان بە گەڕانەوەیە بۆ سەربەخۆیی فیکری، واتە نەستەرگەری وشیاری. تا ئەو کاتەی "زەینی کوردانە" فۆرمۆڵە نەکرێت و وەک چەقێکی مەعریفی خۆی ڕانەگەیەنێت، جاشێتی وەک نیشانەیەکی ئەو نەخۆشییە ناوخۆییە دەمێنێتەوە. ڕزگاریی ڕاستەقینە لە ڕێگەی دیکۆنستراکۆنی (هەڵوەشاندنەوەی) ئەو سیستەمە مەعریفییە تێکشکاوەیە کە پاشکۆیی وەک چارەنووس نیشانی تاکی کورد دەدات. ئێمە پێویستمان بە "نەشتەرگەریی سووژە" هەیە، تا تاکی کورد لە "ئامرازێکی بێدەنگ"ەوە بگوێزینەوە بۆ "سووژەیەکی مێژوویی" کە توانای گرێدانەوەی ئۆرگانیکی بە کوردستان و مێژووەکەیەوە هەبێت.

 


۱۴۰۴ اسفند ۲۴, یکشنبه

تراژیدی چالاکی پڕۆکسیکاڵ: کاڵبوونەوەی "سۆژەڤانی" لە تەمی شەڕی پڕۆکسییەکاندا

 








 (ساڵح موسلیم و توانەوەی "شۆڕشگێڕی" لە خزمەت هاوسەنگییە نا-کوردییەکاندا)

نووسینی: شاهۆ حوسێنی

 

چالاکی کوردەکان لە مێژووی هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەو شوێنەی کە بوون و هەستیان کراوە بە چوار پارچە، بەردەوام خەریکی بەرهەمهێنانەوەی ئەو تراژیدیایانەیە کە تێیدا «ئامانج» وەک پرسێکی باڵا، گۆشت و پێستی کورد دەکاتە قوربانی (دابڕانی بوونناسانە). کارنامەی سیاسی ساڵح موسلیم و ڕەوتی فکری ئەو لە سووریا، نموونەیەکی باڵای ئەم دابڕانە بوونناسانەی؛ لەو شوێنەی کە شۆڕشگێڕی نەک وەک پڕۆسەیەکی زەینی بۆ گەشەکردنی سۆژەڤانی کوردی و دەستەبەرکردنی سەروەری ئیرادەی نەتەوەیی، بەڵکو وەک ئامرازێک بۆ جێگیرکردنی هاوسەنگییە نا-کوردییەکان بەکار هێنراوە.

لە ڕوانگەی کۆمەڵناسێوە، ئێمە لەبەردەم دیاردەی (بێ‌جێگەیی و هەڵواسراوی) چالاکیی تاکی کوردیداین. لەم پرۆسەیەدا، سۆژەی کورد کە دەیتوانی لە جیهانی هەوڵەکان بۆ "بێ‌هەستکردنی" (بوون)ی کوردی، خۆی تەلارسازی بوون و هەستیی خۆی بێت، لە تەمی شەڕی پڕۆکسێکاندا بۆ ئاستی "کۆڵبەر و جێبەجێکاری پڕۆژەکان" دابەزی. ئایدۆلۆژیای ئۆجەلان، کە لە ڤیترینی سەرگەردانییە زەینییەکانی خۆیدا گەیشتە "کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک" و ڕزگاری لە "دەوڵەت-نەتەوە"، لە کرداردا بوو بە کاتالیزۆرێک کە هێزی ڕادیکاڵی جەماوەری کوردی لە خزمەت جێگیریی ژییۆپۆلەتیکی هێزە نا-کورد و دژە-کوردەکاندا بەکار هێنا.

ئەوەی لێرەدا ڕوو دەدات، شۆڕشگێڕی و چالاکیی شۆڕشگێڕانە نییە، بەڵکو گۆڕانێکی (توانەوەیەکی) کارکردی و بوونناسانەیە. ساڵح موسلیم وەک جێبەجێکاری این پارادایمە، سیمبۆلی نەوەیەک لەو چالاکوان و شێوە شۆڕشگێڕانێک بوو، کە بەرگرییان لە مان و ئێپسیتمۆلۆژی ناوەکییەکەی خۆی کوردی و چوارچێوەی ئیرادەی "خۆ-بنیاد" خاڵی کردەوە و کردیانە دراوێکی باو لە مامەڵە شێوە "پاش-کوردستانیدا". لەم کازینۆ خوێناوییەدا، ئەوەی لەدەست چوو تەنیا جوگرافیا و شوێن نەبوو؛ بەڵکو سۆژەڤانی سیاسی نەتەوەیەک بوو، کە جارێکی تر لە تەرازووی هێزە نا-کوردییەکاندا، وەک شت‌ومەک و بوونێکی بەرکار سەیر کرا. بۆیە دەکرێت بە ڕوانگەیەکی ڕاشکاوانە بگوترێ: شۆڕشگێڕبوون کاتێک لە خزمەت ڕزگاری زەینی مرۆڤ وەک "سۆژەیەکی خۆبنیاد"نەر دەردەچێت و دەبەسترێتەوە بە پێویستییەکانی هاوسەنگیی "ئەویتر"ی نا-کوردی، هیچ نییە جگە لە نمایشێکی کۆمیدیی ڕادیکاڵ بۆ بنبەستێکی پارێزگارانە.

١. مەسرەفی و بە شت‌ومەک‌کردنی چالاکی: خوێن لە تەرازووی هێژموونی ڕێکخراوەییدا

لە پارادایمی ساڵح موسلیمدا، خەباتکاری کورد (ژن و پیاو، پیر و گەنج) لە چالاکوانێکی نەتەوەخواز و ناسنامەخوازەوە، بوو بە کاڵایەکی غەیرە ستراتیژی لە بازاڕی هێزە نا-کوردییەکاندا. کاتێک گیانی گەنجان لە کۆبانی و عەفرین، نەک بۆ جێگیرکردنی جوگرافیایەکی نەتەوەیی لەسەر بنەمای ناسنامەی کوردی، بەڵکو بۆ کڕینی شەرعییەتی سیاسی لە جیهانی نا-کوردیدا خەرج کرا، بەئاشکرا بینەری بۆش‌کردنەوەی بەرهەڵستی، شەهید، شۆڕشگێڕ و فیداکارین لەمانا. لێرەدا خوێن نەک تۆوی ئازادی، بەڵکو دراوێکی باو بوو بۆ دانیشتن لەسەر ئەو مێزانەی کە لە کۆتاییدا کوردەکان تێیدا نەک خاوەن ماڵ، بەڵکو وەک میوانێکی کاتی سەیر دەکران.




٢. خاکی کرێ و وەهمی هەژموون و دەسەڵات

کۆمەڵناسی دەسەڵات لە ڕۆژئاوا نیشانی داوە کە ئەم دەسەڵاتەی "ئاپۆئیزم" بەرهەمی هێناوە، نەک لەسەر بنەمای گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی ناوخۆیی، بەڵکو لەسەر ستوونە لرزۆکەکانی ئایدۆلۆژیای نا-کوردی و مۆڵەتی فڕینی بێگانەکان بونیاد نراوە. ساڵح موسلیم و هاوفکرەکانی، بە گرێدانی چارەنووسی نەتەوەیەک بە "ڤیتۆ"ی جیهانی نا-کوردی، جۆرێک لە "سیاسەتی گوڵخانەیی" (گلخانه‌ای)یان پەرە پێدا. ئەم شوێنە کاتی و کرێییە، بە یەکەم بای ڕێککەوتنە ژێربەژێرەکانی نێوان ئەنقەرە، مۆسکۆ و واشنتۆن (وەک ئەوەی لە عەفرین ڕوویدا)، هەرەسی هێنا؛ چونکە چالاکوانی ڕێکخراوەیی پێشتر سەربەخۆیی بڕیاردانی خۆیان لەبەرانبەر پاڵپشتی لۆجستییدا فڕۆشتبوو.

٣. توانەوەی ناسنامە لە پێناو (هاوسەنگیی ئەویتر)

گەورەترین گورزی ئایدۆلۆژی ئاپۆئیزم، توانەوەی داخوازییە مێژوویی و عەینییەکانی کورد بوو لەناو چەمکە ناپەیوەندیدارەکان و بێ‌گیانەکانی وەک "شێوە نەتەوەی دیموکراتیک". ئەم چەمکانە نەک بۆ ڕزگاریی مرۆڤی کوردی، بەڵکو وەک پۆششێکی دیپلۆماسی داهێنران تا بوونی کوردەکان لەو ناوچانەی کە هیچ پەیوەندییەکی مێژوویی و دیموگرافیکییان پێوە نەبوو (وەک ڕەققە و دێرەزوور)، پاساو بدەن. لە ڕاستیدا، ساڵح موسلیم، کوردی کردە قوربانیی ئینتەرناسیۆنالیزمێکی ئامرازی، تا تەنیا پیادەی ئەو پڕۆژانە بێت کە قازانجی کۆتاییان بێهێزکردنی ڕکابەرە ناوچەییەکانی زلهێزەکان بوو، نەک ڕزگاریی کوردستان.

وتەی کۆتایی

لە کۆتاییدا، ساڵح موسلیم نەک وەک تەلارسازێکی ڕزگاری، بەڵکو وەک تەکنیکارێکی هەرەسهێنان و لەناوبردنی "کوردایەتی" لە مێژوودا تۆمار دەکرێت. شۆڕشگێڕی ئەو تەنیا ناوێک بوو بۆ پرۆسەیەک کە تێیدا سۆژەی سەرکەشی کورد، لەسەر مێزی هێزە نا-کوردییەکان دەستەمۆ کرا و ئیرادەی خۆی لە تەمی شەڕە نیابەتییەکاندا ون کرد. بێگومان بایەخی شۆڕشێک بەو تێچووانە نییە کە دەیدات، بەڵکو بەو ڕاستی و هاوئاهەنگییەیە، کە لەگەڵ جیهانی سۆژەڤانی ئەو جوگرافیایەدا دروستی دەکات کە تێیدا دەژیت. کاتێک تەمی شەڕەکان ڕەویەوە، ئەوەی مایەوە نەک دامەزراوەیەکی دیموکراتیکی پایەدار، بەڵکو نەتەوەیەک بوو کە جارێکی تر تێگەیشت: شۆڕشگێڕبوون بەبێ سەروەریی ئیرادەی نەتەوەیی، تەنیا ئەکتەربوونە لە شانۆگەرییەکدا کە نووسەرەکەی لە پایتەختێکی نا-کوردیدا دانیشتووە.


۱۴۰۴ اسفند ۲۳, شنبه

کۆمەڵناسیی مێژوویی میتراییزم لە زاگرۆس؛ لە هەزارە کۆنەکانەوە تا شکۆمەندیی ماد


 







 (زاگرۆس جوگرافیای یاخیبوون و میترا میتافیزیکی یەکگرتوویی)

شاهۆ حوسێنی

مێژووی زاگرۆس تەنیا کرۆنۆلۆژی ڕووداوی کاتی نییە، بەڵکو گۆڕەپانی ململانێیەکی دیالێکتیکییە لە نێوان کێویبوونی ئازاد و پێویستیی یەکگرتوویی و ڕێکخراوبوون. لەم کوێستانەدا، هەموو تاشەبەردێک "نەخێر"ێکی سروشتییە بۆ هەر دەسەڵاتێکی ناوەندی؛ لێرەدا جوگرافیا خۆی لە دژی مێژوو ڕادەپەڕێت. هەمان ئەو تاشەبەردانەی کە دەبنە قەڵای پاراستنی هۆزەکانی وەک هۆری و گۆتی و لۆلۆبی، دەبنە دیواری دابڕانیشیان.

ئەگەر دەشتایی (میسۆپۆتامیا) مەیدانی تەسلیم‌بوون بێت بۆ دەسەڵاتی ستەمکار (ئەکەدی و ئاشووری‌و بابلی)، ئەوا زاگرۆس مەیدانی ئازادیی پەرتەوازە بوونە. بەڵام کاتێک ماشێنی جەنگیی ئاشوور وەک لافاوێکی خوێناوی بەرەو کوێستان بەڕێدەکەوێت، ئازادیی تاکەکەسیی هۆزەکان دەبێتە هەڕەشە لەسەر مانەوەیان. لێرەدایە کە پێویستی دەبێتە دایکی ئایدیا. میتراییزم لێرەدا تەنها ئایین نییە، بەڵکو پڕۆژەیەکی ڕزگارییە کە دەیەوێت پەرتەوازەیی جوگرافی بە یەکێتییەکی میتافیزیکی چارەسەر بکات.

لە فەلسەفەی سیاسیدا، یاسا یان لە سەرەوەڕا دەسەپێنرێت (وەک قامچیی ئاشوور و یاسای حەمووڕابی) یان لە ناوەوە دەپشکۆێت لەگوێن میترا (مێهر) لە زاگرۆسدا، کە دەبێتە یاسایەکی ئیمیمانێنت(دەروونی)؛ واتە یاسایەک کە لەناو ویژدانی هەر جەنگاوەرێکدا ئامادەیە. کاتێک جەنگاوەرێکی زاگرۆسی لەژێر تیشکی خۆردا پەیمان دەبەستێت، ئەو تەنها بەڵێن بە سەرۆک هۆز نادات، بەڵکو بەڵێن بەو چاوە گەردوونییەش دەدات کە لە هەموو شوێنێکە. میتراییزم لێرەدا دەبێتە ڕایەڵی لێک‌گرێ دەرەوەی کۆمەڵایەتی؛ ئەو هێزەی کە بەردە ڕەق و جیاوازەکانی زاگرۆس پێکەوە دەبەستێت و دەیانکات بە دیوارێکی پۆڵایین.

ئەم گۆڕانکارییە کۆمەڵناسییە، لە ڕاستیدا تێپەڕینە لە (بەرژەوەندیی بچووک) بۆ (شوناسی گەورە). میترا دەبێتە ئەو خاڵە هاوبەشەی کە هۆزەکان تێیدا یەکدەگرن بێ ئەوەی شوناسی خۆیان ون بکەن. ئەمە مۆدێلێکی کۆنی (فیدراڵیزمی پیرۆز)ە. تیشکی میترا وەک هێمایەکی ناوەندی، هەموو تیشکە جیاوازەکان (هۆزەکان) بەرەو ناوەندێک ڕادەکێشێت؛ نەک بۆ ئەوەی بیانشکێنێت، بەڵکو بۆ ئەوەی ڕێکیان بخات.

میتراییزم لە زاگرۆسدا، وەڵامی ڕۆحی مرۆڤی کوێستان بوو بۆ شکاندنی بنبەستی مێژوویی. ئەگەر ئاشوور "ترس"ی کردبووە بنەمای دەوڵەت، زاگرۆس لە ڕێگەی میتراوە (پەیمان) ی کردە بنەمای دەوڵەت. ئەمە یەکەم هەنگاوی "عەقڵانییەتی سیاسی" بوو لە ناوچەکەدا، کە دواتر لە شکۆمەندیی ماددا پەرەی ئەستاند و بوو بە هێزێک کە توانی تەختی ستەمکارانی دەشتایی تێکبشکێنێت.

 

١. فینۆمینۆلۆژیی هۆز وەک یەکەی سەروەریی خۆرسک

لە زاگرۆسی کۆندا، هۆز تەنها کۆمەڵ و کۆیەکی مرۆیی و خوێنی نەبوو، بەڵکو بچووکترین یەکەی ئازادی بوو. لێرەدا دەسەڵات لە سەرەوە بۆ خوارەوە شۆڕ نەدەبووەوە، بەڵکو لە خوارەوە بۆ سەرەوە دەچێنرا.

ئازادی جەنگاوەران و پاشایەتیی کاتی: لە جیاتی مۆدێلی (خودا-پاشا)ی دەشتایی کە تێیدا یەک کەس خاوەنی گیان و ماڵی هەموانە، لەم کوێستانەدا پاشایەتی دیاردەیەکی کاتی و هەڵبژێردراو بوو. پاشا تەنها یەکەمین لە نێوان یەکسانەکاندابوو. ئەمە مۆدێلی گرێبەستی کۆمەڵایەتیە پێش ئەوەی فەلسەفەی مۆدێڕن ناوی بنێت؛ واتە لە زاگرۆسدا دەسەڵاتدار شەرعیەتەکەی لە کۆدەنگیی ئیرادەکان وەردەگرت، نەک لە پیرۆزیی خوێن یان پێگەی ئاسمانی.

پرۆسەی گۆڕانی ناوی هۆزەکان بۆ ناوی دەوڵەتە گەورەکان، لە ڕاستیدا گۆڕان بوو لە کۆمەڵناسیی خزمایەتییەوە بۆ تیۆریی حکوومەت. کاتێک چەندین یەکەی سەربەخۆ بڕیار دەدەن لەژێر یەک ناونیشانی سیاسیی نوێدا (وەک چەترێکی گەورە) کۆببنەوە، ئەوا شوناسی سیاسی دێتە ئاراوە. ئەمە هەمان ئەو پرۆسەیە بوو کە دواتر فەلسەفەی سیاسی ناوی نا فیدراسیۆن؛ سیستەمێک کە تێیدا فرەیی پارێزراوە بەڵام یەکێتیش دەبێتە بزوێنەری هێز. ئەو ڕاپەڕینە مێژووییە گەورەیەی کە وەک تۆفانێکی سیاسی لە کوێستانەوە بەرەو دەشتاییە داگیرکەرەکان دەستی پێکرد، سەلمێنەری ڕاستییەکی فەلسەفی بوو: کۆکردنەوەی ئیرادە پەرتەوازەکان، گەورەترین هێزی مێژووییە. ئەمە نیشانیدا کە جوگرافیای سەخت نەک هەر نابێتە ڕێگر لەبەردەم دەسەڵات‌سازی، بەڵکو دەبێتە پارێزەری ئەو ڕۆحی ئازادییەی کە کاتێک یەکدەگرێت، هیچ ئیمپراتۆریەتێکی میتافیزیکی و دیکتاتۆرییەتێکی ناوەندی ناتوانێت لەبەردەمیدا ڕابوەستێت.

ئەم مۆدێلەی زاگرۆس، مۆدێلی لەناوەند دەرچووی یەکگرتوو بوو. لێرەدا دەسەڵات وەک ئامێرێکی سەرکوتکار دروست نەبوو، بەڵکو لەگوێن قەڵغانی پاراستن دروست بوو. فەلسەفەی سیاسیی ئەم قۆناغە دەڵێت: "ئێمە سەربەخۆین، بەڵام بۆ ئەوەی سەربەخۆ بمێنینەوە، دەبێت ببینە یەک."

 

٢. میترا: ئارکیتایپی (پەیمان) و ئەندازیاریی (ڕێژەیی) دەسەڵات

لەم قۆناغەدا، میتراییزم لە زاگرۆسدا دەبێتە وەڵامێکی مێژوویی بۆ پارادۆکسی ئازادی و ئاسایش. مرۆڤی کوێستان نەیویستووە ئازادییەکەی بکاتە قوربانیی دەسەڵاتێکی ستەمکار، بەڵام بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆی پێویستی بە جۆرێک لە نەزم هەبووە. میترا لێرەدا ئەو گرێبەستەی نێوان بوونەکان بوو کە ئازادی و نەزمی پێکەوە کۆکردەوە.

لە کۆمەڵناسیی ئاییندا، زۆربەی خوداوەندەکان (خودای شوێن) یان (خودای هۆزن) بۆ نموونە خودایەک تەنها هی شارێک یان تیرەیەک بووە. بەڵام میترا جیاوازە؛ ئەو خودای (نێوان)ە.

فەلسەفەی پەیمان: میترا لە ناو دڵی مرۆڤەکاندا نییە، بەڵکو لەو بۆشاییەدا نیشتەجێیە کە دوو مرۆڤ یان دوو هۆز پێکەوە دەبەستێتەوە. ئەو دەبێتە (ناوبژیوانی میتافیزیکی).

سەروەریی بێلایەن: لەبەر ئەوەی میترا سەر بە هیچ یەکەیەکی سیاسیی تایبەت نییە، دەبێتە سەرچاوەی شەرعیەت بۆ هەمووان. ئەمە یەکەم ئەزموونی مرۆڤایەتییە لە دروستکردنی یاسا لەسەر بنەمای ئەخلاق، نەک هێزی سەربازی. لەڕاستیدا لە جوگرافیایەکی لێکدابڕاو و تاشەبەردیدا، هیچ سوپایەک ناتوانێت بەردەوام چاودێریی هەموو دۆڵ و لوتکەیەک بکات. لێرەدایە کە میتراییزم وەک (نەرم‌ئامێرێکی ئەمنی) کار دەکات.

تێپەڕین لە قامچی: میترا  (پەیمان شکێنی) دەکاتە گەورەترین تاوان. ئەمە گۆڕانکارییەکی فەلسەفیی گەورەیە؛ چونکە سزاکە چیتر لە دەرەوە نییە (زیندان)، بەڵکو لە ناوەوەیە (نەفرەتی خودایی، کەڵکەڵەی ویژدان و لەدەستدانی شەرعیەتی کۆمەڵایەتی).

 

چاوی خۆر (سیستمی جاوەدێری‌گەردوونی): خۆر وەک سیمبولی میترا، کارکردی چاوی هەمیشە بێدار دەبینێت. ئەمە دەبێتە بنەمایەک بۆ دروستبوونی کۆمەڵگەی متمانە. جەنگاوەری زاگرۆسی متمانەی بە هاوسەنگەرەکەی هەیە، چونکە دەزانێت هەردووکیان لە ژێر چاودێریی هەمان ڕووناکیدان.

لە کاتێکدا ئیمپراتۆریەتی ئاشوور سیاسەتی (دابڕە و زاڵبە)ی پەیڕەو دەکرد، میتراییزم لە زاگرۆسدا (کۆبکەوە و پارێزگاری بکە)ی هێنایە ئاراوە.

هەندازیاری یەکگرتوویی: میترا بوو بەو زمانە سیاسییە هاوبەشەی کە هۆزە جیاوازەکان توانییان بە هۆیەوە گوتارێکی یەکگرتوو دروست بکەن. ئەمە نەک هەر ئایین، بەڵکو بەرگرییەکی کۆمەڵایەتی‌و کولتووری بوو.

فیدراڵیزمی میترایی: ئەم سیستەمە ڕێگەی دەدا هەر یەکەیەکی سیاسی (هۆز یان تیرە) سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت، بەڵام لە کاتی مەترسیدا وەک یەک جەستە بجوڵێتەوە. ئەمە وەڵامی «عەقڵانی» بوو بۆ دڕندەیی ئاشوور.

میتراییزم لە زاگرۆسدا، فۆرمێک سیاسەتی ئەخلاقی بوو. ئەو سەلماندی کە بۆ دروستکردنی هێزێکی گەورە، مەرج نییە مرۆڤەکان کۆیلە بن؛ بەڵکو دەکرێت لە ڕێگەی پەیمانی ئازادانە و مێهرەوە، پۆڵایینترین یەکێتی دروست بکرێت کە مێژوو بە خۆیەوە بینیبێتی.

٣. خۆری قه‌زقاپان: لە مانیفێستی یەکێتییەوە بۆ ژاکۆبۆنی شوناسی هاوچەرخ

ئەمڕۆ، هەڵبژاردنی خۆری ١١ تیشکی قەزقاپان لە لایەن جووڵانەوە سیاسییەکانەوە، تەنها هەڵبژاردنێکی گرافیکی نییە، بەڵکو (هاوارێکی مێژووییە) بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە سیاسییەی کە دوای هەزاران ساڵ هێشتا لە کوردستاندا دەبینرێت. ئەمە هەوڵێکە بۆ گۆڕینی دابڕاوی و پەڕتەوازەیی بۆ یەکپارچەیی و یەکگرتوویی لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ ڕەچەڵەکە میتراییەکان.

کوردستانی ئه‌مڕۆ، وه‌ک ئاوێنه‌یه‌کی شکاوی لێهاتووه‌؛ نه‌ک هه‌ر به‌ هۆی سنووره‌ ده‌ستکرده‌کان، به‌ڵکو به‌ هۆی په‌رته‌وازه‌یی گوتار و پێکهاتەوە.

سیمبول لەگوێن جەستەیەک بۆ نەتەوە: کاتێک پارتە هاوچەرخەکان لەژێر ئەم خۆرەدا کۆدەبنەوە، لە ڕاستیدا دەیانەوێت بڵێن: "ئێمە پاشماوەی ئەو ١١ تیشکەین کە ڕۆژێک لە ڕۆژان ئیمپراتۆریەتێکیان هەبوو". لێرەدا، سیمبولەکە دەبێتە چەترێکی میتافیزیکی بۆ پێکەوەبەستنی ئەو پارچانەی کە سیاسەت لێکی دابڕیون.

نوێکردنەوەی مێژوویی: وەستان لە ژێر ئەم خۆرە، بە مانای سۆێندخواردنی میترایی دێت. یانی دووبارە کردنەوەی ئەو پەیمانەی کە هۆزەکانی ماد بەستیان؛ پەیمانی نەجەنگانی ناوخۆیی و یەکڕیزیی بەرامبەر ئەویدیکەی داگیرکەر لە فەلسەفەی سیاسیدا، شەرعییەت یان لە دەنگدانەوە دێت یان لە مێژۆوە. بۆ گەلێکی وەک کورد کە خاوەنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی مۆدێرن نییە، سیمبولی قەزقاپان ڕۆڵی دەستوورێکی دێرین دەگێڕێت.

میراتگریی ڕاستەقینە: بەستنەوەی خەباتی ئەمڕۆ بە مێژۆوە وەڵامێکی فەلسەفییە بۆ ئەو گوتارانەی کە دەیانەوێت کورد وەک میوانێکی مێژوویی یان کۆچەری بناسێنن. ئەم خۆرە بەڵگەی ڕەسەنایەتیی نیشتەجێبوون و خاوەندارێتیی خاکەکەیە.

لە ململانێی ئایدۆلۆژییەوە بۆ یەکێتیی میترایی: پارتەکان لە ڕێگەی ئەم هێمایەوە، ئایدۆلۆژیای حزبیی تێدەپەڕێنن و دەگەڕێنەوە بۆ ئیتیکی (ئەخلاقی) زاگرۆسی. ئەگەر ئەمڕۆ کوردستان بە دەست ململانێی لایەنەکانەوە دەناڵێنێت، ئەوا بێ‌گومان تێزی خۆری قزقاپان دەتوانێ چارەسەرێکی فەلسەفی پێشکەش بکات:

فیدرالیزمی سروشتی: تیشکەکان جیاوازن بەڵام یەک سەرچاوەیان هەیە. ئەمە پێمان دەڵێت کە دەکرێت لایەنە سیاسییەکان (تیشکەکان) ئایدۆلۆژیای جیاوازیان هەبێت، بە مەرجێک هەموویان پابەندی ناوەندێک بن کە ئەویش بەرژەوەندیی باڵای خاک و نەتەوەیە.

کۆتاییهێنان بە تۆڵەی مێژوویی: هەمان ئەو هێزەی کە ئاشووری وەک هەڕەشە لە زاگرۆس سڕییەوە، تەنها یەکگرتوویی بوو. ئەمڕۆش ئەم سیمبولە هۆشداری دەدات کە بە بێ مێهر و پەیمان، زاگرۆس هەر بە دابڕاوی دەمێنێتەوە.

 

 

ئاکام

خۆری ١١ تیشکی قەزقاپان، تەنیا شوێنەوارێکی تاشراو لەسەر سنگی هەردێکی کوردستان نییە؛ بەڵکوو پڕۆژەیەکی زیندووی مێژووییە کە هەموو ساتێک دەرفەتی نوێبوونەوەی تێدایە. ئەم خۆرە بۆ ئێمەی ئەمڕۆ، مانیفێستێکی میتافیزیکییە کە ڕێگای داهاتوومان نیشان دەدات: مانەوە و سەرکەوتن لە کوردستاندا، لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ ئەو "گرێبەستە گەردوونییە" دەبێت کە جارێکی تریش دەتوانێت پشتی گەورەترین ئیمپراتۆریەتە ستەمکارەکان بشکێنێت.

مێژووی زاگرۆس سەلماندوویەتی کە ڕەچەڵەکی ئێمە لە "پەیمانی مێهر"ەوە سەرچاوە دەگرێت. هەرچەند تیشکەکان (پارتەکان، تیرەکان، پارچەکان) لێک دوور بکەونەوە، هێشتا ناوەندە درەوشاوەکە هەر ماوە و چاوەڕێی ساتەوەختی یەکگرتنەوەیە. ئەو وزە شاراوەیەی لەناو ویژدانی هەر زاگرۆسییەکدا هەیە، کلیلی تێپەڕاندنی هەموو تاریکییەکانی مێژووە.

قەزقاپان پێمان دەڵێت کە ڕێگای ڕزگاری لەو ئیرادە و متمانە هاوبەشەدایە کە لە ناوەوە دەپشکۆێت. کاتێک پەیمانی مێهر دەبێتە ئیمانێکی ناوەکی، هەموو دیوارەکان دەبنە قەڵای پاراستن.

میتراییزمی زاگرۆسی، فەلسەفەی سەرکەوتنە. ئەم خۆرە مژدەی ئەوە دەدات: زاگرۆس کاتێک هەڵدێت کە تیشکەکان (فرەیی) یەکبوونی خۆیان لە ناوەنددا (نەتەوە) بدۆزنەوە. لێرەدا برایەتی و یەکڕیزی تەنیا دروشم نین، بەڵکوو ستراتیژیی گەیشتن بە شکۆمەندییەکین کە مێژوو دەنووسێتەوە. ئەم نەخشەیەی لە قەزقاپان جێماوە، بانگەوازێکی پیرۆزە بۆ هەموو نەوەکان؛ بانگەوازێک بۆ ئەوەی ببنە میراتگری ئەو ڕووناکییەی کە هەرگیز نامرێت و هەمیشە توانای ئەوەی هەیە تەمومژی مێژوو بڕەوێنێتەوە و ئاسۆیەکی گەش بۆ کوردستان بخولقێنێت.

قەزقاپان پێمان دەڵێت کە سیاسەت لە زاگرۆسدا لە لوولەی تفەنگ یان لە مێزی دانوستانە دەرەکییەکانەوە دەست پێناکات؛ بەڵکوو لە ویژدانی هاوبەشەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەگەر بەڵێن و پەیمان نەبوو بە ئیمانێکی ناوەکی، ئەوا هەموو یەکێتییەک تەنها مەرەکەبێکی سەر کاغەزە.

میتراییزمی زاگرۆسی، ئایینی پەرستن نەبووە، بەڵکوو ئەخلاقی بەرگری بووە. ئەم خۆرە دەڵێ: زاگرۆس تەنها کاتێک هەڵدێت کە تیشکەکان (فرەیی) پابەندی ناوەند بن (یەکێتی). لێرەدا برایەتی تەنها دروشم نییە، بەڵکوو ستراتیژیی مانەوەیە؛ چونکە لە دەرەوەی ئەم پەیمانە، تەنها ئەشکەنجەی ئاشوورییەکان و سڕینەوەی مێژوویی چاوەڕێمانە. ئەم نەخشەیەی لە قەزقاپان جێماوە، وەک تاقیکردنەوەیەک وایە بۆ هەموو نەوەکان. هەر نەوەیەک نەتوانێت ئەم ١١ تیشکە پێکەوە گرێ بداتەوە، مەحکوومە بەوەی لەناو تەمومژی مێژوودا بتوێتەوە.


سەرچاوە: کۆمەڵناسیی مێژوویی میتراییزم لە زاگرۆس؛ لە هەزارە کۆنەکانەوە تا شکۆمەندیی ماد