شرۆڤەی
دابڕانی نێوان "هەڵوێستی ئەتۆمیزە" و "ژیری هاوپەیمانی"
شاهۆ
حوسێنی
سیاست
لە گشتگیرترین واتای خۆیدا، پڕۆسەی تێپەڕاندنی "بەرژەوەندیی بچووک"ە لە
پێناو "بەرژەوەندیی گشتیدا"؛ واتە ڕاگواستنێکی دیالێکتیکی لە پەرتەوازەییەکی
شێواوەوە بەرەو یەکگرتووییەکی ئۆرگانیک. بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی سیاسیی ئێمەی
کورددا بە ناوی "هاوپەیمانی" دەبینرێت، دەرکەوتنی "سوبژێکتیڤیتەیەکی
یەکگرتوو" نییە، بەڵکوو کۆبوونەوەیەک لە "چەقبەستوویی تاکێتێکانە "
کە لە ناو جەغزی هەڵسووکەوتی مێژوویی و پنگخواردووی خۆیاندا قەتیس کراون. ئێمە لەگەڵ
دیاردەیەک ڕووبەڕووین کە دەکرێت ناوی بنێین "بووڵێڵ یان تارماەیەیی هاوپەیمانی"؛
شوێنێک کە تێیدا، فۆرم و پێکهاتەی ڕواڵەتی هاوپەیمانی لەتەنیشت چەقبەستوویی حیزبی؛
عەقڵانییەتی هاوپەیمانی، بەرژەوەندەیی نەتەوەیی و خێری گشتی دەکەنە قوربانی.
- پارادۆکسی بەقا: بەربەستەکانی
هاوپەیمانی
لە
عەقڵانییەتی سیاسیی مۆدێرندا، حیزب تەنیا "ئامرازێکە" بۆ گەیشتن بە
"ئامانجە نەتەوەییەکان". بەڵام لە دەروونناسیی سیاسیی ئێمەدا، حیزب بووەتە
"پیرۆزییەکی ڕەها" و "ئامانجێکی سەربەخۆ". ئەم چەقبەستوویە
بوونناسانەیە دەبێتە هۆی ئەوەی سەرکردە حیزبییەکان، هاوپەیمانی نەک وەک "سەرچاوەی
هێز"، بەڵکوو وەک "هەڕەشەیەک بۆ سەر ناسنامەی حیزب" ببینن. بێگومان
بەشداریکردنی جیاجیا لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکاندا، ڕاکردنێکی نائاگایانەیە
لە "توانەوە لە ناو ڕاستییە گەورەکەدا". ئەوان پێیان باشترە "شای
بچووکی قەڵەمڕەوەکەی خۆیان بن" نەک "بونیادنەری دەسەڵاتێکی بەربڵاو
گشتگیر لە بلۆکی نەتەوەییدا".
- شیزۆفێرنیای کردەوە: فۆرمی هاوپەیمانی
دژ بە ناوەڕۆکی پەرتەوازە
ئەوەی
کە شەش حیزب ڕێککەوتننامەیەک واژۆ دەکەن، بەڵام لە کایەی دیپلۆماسیدا (کە باڵاترین
ئاستی ویستی سیاسییە) هەر یەکە و بە جیا هەنگاو دەنێن، بەتەنیا هێمای دابڕانی
ڕواڵەتی و پێکهاتەیی نیە، بەڵکە نیشانەی دابڕانێکی مەعریفیی و ئێپسیتمۆلۆژیکە.
"عەقڵانییەتی هاوپەیمانیکردن" هێشتا وەک "فۆرمێک هۆشیاری، ئاگایی و
وریایی" لە ناوەوەدا نەچەسپاوە. لەڕاستیدا ئێمە لەگەڵ جۆرە "نماییشێکی
هاوپەیمانی" ڕووبەڕووین؛ هاوپەیمانییەک کە تەنیا لە چوارچێوەی بەیاننامەکان
بوونی هەیە، بەڵام لە "کاتی کردەوە"دا (بڕیاردان و ئامادەیی نێودەوڵەتی)
تەجزیە دەبێتە تووخمە سەرەتاییەکانی خۆی. ئەم هەڵوەشانەوە خێرایە دەیسەلمێنێت کە پەیوەندییەکان
ئۆرگانیک نین، بەڵکوو میکانیکی و بەسەرداسەپاو بوون.
- لەسێدارەدانی
"متمانە" لە بەردەم نیگای "ئەویتر"دا
سیاسەتی
نێودەوڵەتی، گۆڕەپانی بنەمایی و تەوەرەیی "نماییشکردنی هێز"ە. کاتێک جیهان
لەگەڵ شەش دەنگ، شەش ئاڵا و شەش گێڕانەوەی دژبەیەک لە یەک بەرەی هاوبەش ڕووبەڕوو دەبێتەوە،
ئەمە لەگوێن "کاڵفامیی سیاسی" دەبینێت. ئەم فرەدەنگییە پڕشوبڵاوە،
"قورسایی سیاسیی نەتەوەیی" دادەبەزێنێت بۆ ئاستی "ژاوەژاوی میدیایی".
لە ڕاستیدا، ئامادەبوون بەشێوەی وەها پەرتەوازە و لێکدابڕاو، نەک فرەدەنگییەکی دیموکراتیک،
بەڵکوو "ئەنارشییەکی سەرلێشێواوە ، کە ئەنجامە ڕاستەوخۆکەی لەدەستدانی متمانە
سەرەکییەکانە لە هاوکێشەکانی هێز لە ئێستا و داهاتوودا.
- دەرئەنجام
ئەوەی
لەگوێن "پێکنەهاتنی عەقڵانییەتی
هاوپەیمانی" دەردەکەوێت، لە ڕاستیدا هەمان "نەبوونی سوژەڤانی سیاسیی یەکگرتوو"یە.
هاوپەیمانییەکانی ئێمە "جەستە"یان هەیە بەڵام "ڕۆح"یان نییە.
بۆ تێپەڕین لەم بنبەستە، پێویستمان بە گۆڕانکارییەکی ڕادیاکاڵ و ئێپیستمۆلۆژیکە لە
"سیاسەتی نماییشی حیزبی"یەوە بەرەو "سیاسەتی نواندنی نەتەوەی".
تا
ئەو کاتەی حیزبەکان تێنەگەن کە لە جیهانی ئەمڕۆدا "تاکڕەوی" ئاکامەکەی
"لاوازی و لەناوچوون"ە، هاوپەیمانییەکان تەنیا وێنەی یادگاری دەبن. عەقڵانییەتی
ڕاستەقینە لەوێدایە کە "منی حیزبی" تێبگات مانەوەی ڕاستەقینەی لە دووبارەکردنەوەی
ناوی خۆیدا نییە، بەڵکوو لە توانەوەیەکی ژیرانەدایە لە نێو "خواستێکی
نەتەوەیی گشتگیر"دا. ئێمە پێویستمان بە "نەشتەرگەرییەکی سیاسی" هەیە
بۆ لەدایکبوونی ئەم هۆشیارییە نوێیە؛ پێش ئەوەی مێژوو لە تەنیایی دۆزەخی چەقبەستوویدا بمانتوێنێتەوە.
