شاهۆ حوسێنی
لە
گوتاری فەرمیی کۆماری ئیسلامیدا، چەمکی ئاسایشی نەتەوەیی لە تێگەیشتنێکی کلاسیکیی
سنووردارەوە بۆ تێگەیشتنێکی تۆڕیی(شبکەای) و بانسنووری گۆڕاوە؛ بەڵام ئەم گۆڕانە
تەنیا گواستنەوەیەکی تێئۆریکی نییە، بەڵکو دەرخەری هەڵبژاردەیەکی ستراتیژییە کە تێیدا
سنووری نێوان دەوڵەت و کاراکتەرە نادەوڵەتییەکان لە سیاسەتی هەرێماییدا بە ئەنقەست
ڕەوان و جێگوڕکێی پێکراوە. لەم چوارچێوەیەدا، حیزبوڵڵای لوبنان لە ئاستی کاراکتەرێکی
سیاسی ـ سەربازی ناوخۆی لوبنانەوە تێپەڕیوە و لە لۆژیکی بڕیاردانی ستراتیژیی ئێراندا
بووەتە یەکێک لە پێکهاتە کارپێکراوەکانی(عەمەلیاتی)بەڕگێڕەوەیی ناوچەیی، کە تارانی
وەک چەقی کێش بۆ دیاری کراوە.
بەڵام
خاڵی سەرەکی لەم گواستنەوە چەمکییەدایە. کاتێک کاراکتەرێکی نادەوڵەتی لە دەرەوەی
سنوورەکان دەخرێتە ناو موحاسباتی ئاسایشی نەتەوەیی دەوڵەتێک، ئەنجامەکە تەنها زیادبوونی
توانا و کێشیبەرگێڕەویی نییە؛ بەڵکو هاوکات بەرهەمهێنانی ناڕوونی یاسایی، ئاڵۆزیی
ژێئۆپۆلیتیکی و گواستنەوەی مەترسییەکان بۆ ژینگەی دەوروبەرە. بە واتایەکی تر، ئەوەی
لە گوتاری فەرمیدا وەک "قووڵایی ستراتیژی" پێناسەدەکرێت، لە ئاستی شیکاری
ڕەخنەگرانەدا دەشێ وەک مەدوادارکردنی مەیدانی ئاسایشی نەتەوەیی بۆ دەرەوەی سنوورەکان
و دابەشکردنەوەی تێچووی ململانێیەکان لە ئاستی ناوچەییدا بخوێندرێتەوە.
لەم
ڕوانگەیەوە، شوێنی حیزبوڵڵا لە مێعماری ئاسایشی کۆماری ئیسلامیدا نە داتایەکی جێگیرە
و نە ڕاستییەکی بێمشتومڕ؛ بەڵکو خاڵێکی ناوەندیی مشتومڕی ستراتیژییە. ئەو خاڵەی کە
تێیدا لۆژیکی بەرگێڕەویی، لۆژیکی سەروەری نیشتمانی و لۆژیکی بەرهەمهێنانی تێچووی ژێئۆپۆلیتیکی
لێکدەئاڵێن، و هەر شیکارییەکی قووڵ ناچارە ئەم ئاڵۆزییە لە ناوەندی شرۆڤەی خۆیدا
دابنێت.
ئەم
ئاڵۆزییە کاتێ زیاتر دەردەکەوێت کە ڕۆڵی حیزبوڵڵا لە هاوکێشە هەرێماییەتێکاندا نە
وەک کاراکتەرێکی سەربەخۆ، بەڵکو وەک بەشێک لە مێعماری بەرگێڕەرویی ئێران بەرامبەر
بە ئیسرائیل و هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی تێبگەین. لەم خوێندنەوەیەدا، حیزبوڵڵا
"ناوەندێکی گواستنەوەی هێز"ە؛ ئامرازێکە کە دەتوانێت مەیدانی ململانێ لە
سنوورە فەرمییەکانی ئێران دوور بخاتەوە و هاوکات دەرفەتی گوشار دروست بکات لە
جوگرافیایەکی تردا. ئەم لۆژیکە، لە ڕووی تێئۆرییەوە، لە چوارچێوەی بەرگێڕەویی
ناراستەوخۆدا دەکرێ شڕۆڤەبکرێت، بەڵام لە ئاستی جێبەجێکردندا هەمیشە لەگەڵ ناڕوونی
لە کۆنترۆڵکردن و تێچووی چاوەڕواننەکراودا هاوڕێیە.
لەگەڵ
ئەوەشدا، لە ڕوانگەی داڕێژەرانی ئەم دۆکتریندا، لابردن یان پشتگوێخستنی ئەم تۆڕە بە
مانای لەدەستدانی یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی بەرگێڕەویی ناهاوسەنگ دەبێت. بۆیە
سیاسەتوان لە دۆخێکی دوولایەنەدایە: لە یەک لایەوە پێویستی بە پاراستنی قووڵایی
ستراتیژی و ئامرازە بانسنوورییەکان هەیە، و لە لایەکی دیکەوە دەبێت ڕووبەڕووی تێچووە
سیاسی، ئابووری و ئاسایشییە زیادبووەکان ببێتەوە.
لە
کۆتاییدا، ئەوەی ئەم مێعماریە ئاڵۆزتر دەکات، سروشتی بانهێڵیی خۆیەتی. جیاواز لە
مۆدێلە کلاسیکییەکانی ئاسایش کە تێیدا زیادبوونی هێز زۆرجار بە زیادبوونی جێگیری دەگات،
لەم چوارچێوەیەدا زیادبوونی ئامرازەکانی بەرگێڕەوەیی دەتوانێت هاوکات ببێتە هۆی زیادبوونی
هەستیاری، وەڵامە دژەکان و تەنانەت توندتر بوونی ناسەقامگیری لە ژینگەی دەوروبەر.
بۆیە حیزبوڵڵا لەم چوارچێوەیەدا نە موتەغەییرێکی جێگیر، بەڵکو موتەغەییرێکی دینامیکی
و هەندێک جار پێشبینینەکراوە، لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران و بۆ هێزە هەرێمی و
جیهانێکان.
لە
ئەنجامدا، مێعماریی ئاسایشی نەتەوەییەکی کە لەسەر بنەمای قووڵایی ستراتیژی لە دەرەوەی
سنوورەکان دامەزراوە، زیاتر لەوەی بینایەکی جێگیر بێت، مەیدانێکی بەردەوامی هاوسەنگییە
گۆڕاوەکانە؛واتە بەستێنی گۆڕانکاری بەردەوام و ناسەقامگرتوویی.