شاهۆ
حوسێنی
خۆنەکۆڵیکردن،
بێگومان بەرهەمی تراژیدیای ئاگایی پشتگوێخراو و داڕشتنی نائاگایانەی و کرێگرتانەی
خودێکە لە سەر وێرانەکانی خودێکی ڕەسەنی داڕماو؛ دابڕانێکی قووڵە لە پێکهاتەی سوژەدا
کە تێیدا تاک بۆ ڕزگاربوون لە دڵەڕاوکێی بوونخوازانە و فشەڵی بەرهەم هاتوو لە سەر
بنەغاەی پەراوێزخرانی زۆرە ملی ئەمپریالیستانە لەلایەن هێزی باڵادەست و هێژمۆنی
ئایدلۆژیک، دەست دەبات بۆ خۆکوژییەکی هێمایی و ئانتۆلۆژیک. لە ڕوانگەی
دەروونناسییەوە، ئەم دیاردەیە پەناگەیەکی کاذبە لە میکانیزمی بەرگریی واتە وەهمی هاوشێوەبوونه
لەگەڵ دەسەڵاتدار/ستەمکار. مرۆڤی ژێر دەسەڵات یان سووکایەتیپێکراو، شەرمی بەدەروونیکراوی
خۆی لەڕیی خۆنەکۆڵی ڕیشەیی و شووناسی دادةپۆشێت تا لە سێبەری «ئەوی تری» مڵهۆر و
خاوەن دەسەڵاتدا، ئاسایشێک و ئەهوەنێکی وەهمی بدۆزێتەوە.
لەدەلاقەی فەلسەفەشڕا، واتە لە ڕوانگەی
فێنۆمێنۆلۆژییەوە، خۆنەکۆڵی ڕاگرتنی ڕەوتی ڕەسەنی بوون لە جیهاندایە. کاتێک سوژە
مافی گێڕانەوەی ئەزموونی ژیاوی خۆی دەسپێرێتە دەست نیگا و هێز و هێژمۆنی ئەوی
دیکە، بوونی ئەو لەگوێن کەرەسە و پاسیڤبوونێکی ڕووت و ڕەنگدانەوەی وتاری زاڵ
دادەبەزێت. ئەو چیتر «خۆیەکی سەربەخۆ» نییە، بەڵکوو سێبەرێکی وێڵە لە جیهانی
ئەوانی دیکەدا.
ڕیشەی
ئەم داڕمانە لە ژیانکردندایە لەگەڵ ئاگایی و وشیارێکی کازب و دەروونی بوونی
هێژمۆنی و زاڵێتی ئەویتری ئەمپریالیستدا. تاک شووناسی ڕەسەنی خۆی لەدەلاقەی ئەویترڕا
بە لادان دەزانێت و شووناسی بەکرێوەرگیراو بە تاقە ڕێگەی گەیشتن بە عەقڵانییەت و
مرۆڤبوون دەبێنێت. ڕزگاربوون لەم دیلییە، پێویستی بە جەراحەێکی ڕادیکاڵی وشیاری،
هەڵوەشاندنەوەی ئاگاییە سەپێندراوەکان و وەرگرتنەوەی سوژەیییە؛ کارێک کە مرۆڤ لە
ئازاری ناچالاکی و پاسیڤبوونەوە دەگوازێتەوە بورای جەسووریی بوون بە شێوازێکی
سەربەخۆیانە.