۱۴۰۵ اردیبهشت ۲۲, سه‌شنبه

ڕەچەڵەکناسی‌ڕێگری لە خۆفامی: شرۆڤەی قەیرانی بنەما مەعریفییەکان لە ئەندێشەی سیاسیی پەکەکەدا

 








 

شاهۆ حوسێنی

لە مێژووی ئەندێشەی سیاسیدا، پرسی "خۆفامی" بەرلەوەکە پرسێکی ناسنامەیی بێت، پرسێکی بوونناسانەیە؛ چونکە سوژە تەنیا ئەوە نییە کە دەیزانێت، بەڵکوو ئەوەیە کە لە ڕێگەی زمان، مێژوو و دەزگا چەمکییەکانەوە دەتوانێت خۆی وەک "خۆ" یەکی سەربەخۆی جێگیر بکات. لەم نێوەدا، هەر کاتێک ئاسۆی تێگەیشتنی سوژەیەک، پێش ئەوەی لە ناو جەرگەی ئەزموونی ژیاو و یادەوریی مێژوویی خۆیەوە سەرچاوە بگرێت، لە ناو چوارچێوە چەمکیە دەرەکییەکاندا قەتیس بکرێت، ئەگەری ڕەخسانی "خۆفێمییەکی سەربەخۆیانە" هەڵدەپەسێردرێت و لە جیاتی ئەودا، شێوازێک لە نوواندنەوەی  خوود لە ئاوێنەی "ئەویتر"دا سەر هەڵدەدات.

ئەم پرسە لە بەستێنی ئەزموونی مێژوویی بزووتنەوە سیاسییە هاوچەرخەکانی کوردستاندا، کە تێیاندا گۆڕانی ئاسۆی تیۆرییەکان لەگەڵ گۆڕانکاری لە پێناسەی سوژە و ستراتیژی سیاسیدا هاوکات بووە، گرینگییەکی دوو هێندەی پەیدا کردوە. ئەم نووسراویە لە هەوڵی ئەوەدایە لە چوارچێوەیەکی ڕەچەڵەکناسانەدا، بپەرژێتە سەر پرسی شێوەگرتن و وەرچەرخانی بنەما مەعریفییەکان لە ئەندێشەی سیاسیی پەکەکەدا؛ نەک لە ڕوانگەی بڕیاردانی سیاسی، بەڵکوو لە ڕووی مەرجەکانی ڕەخسانی بەرهەمهێنانی مانا و داڕشتنی سوژەیی. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا دەکرێ باس لە جۆرە خۆفامییەک بکەین کە لە ئەزموونی مێژوویی کوردستانەوە هاتبێت، یان ئەوەی وەک "تێگەیشتنی سیاسی" داڕێژراوە، هەمیشە لە پێوەندی لەگەڵ دەزگا تیۆرییە دەرەکییەکان و لە ئاسۆی ئەواندا جێگیر بووە؟



لەو چوارچێوەیەدا، ڕێگری لە خۆفێمی وەک ساتێکی تیۆری دەخرێتە ڕوو؛ ساتێک کە تێیدا سوژە تەنیا تووشی نەبوونی ئاگاهی نەبووە، بەڵکوو تووشی جۆرە هەڵپەساردنێک بووە لە مەجالی بەرهەمهێنانی ئاسۆیەکی چەمکیی سەربەخۆ بۆ خودی خۆی. هەڵپەساردنێک کە لە جیاتی بەرهەمهێنانی زمانێکی خۆبنیاد، دەبێتە هۆی دووبارەبەرهەمهێنانەوەی بەردەوامی زمانی "ئەویتر". بەم شێوەیە، پرسەکە تەنیا دۆخینەوە وخواستنی تیۆری نییە، بەڵکوو جۆرە پێکهاتەسازییەکی مەعریفییە کە تێیدا سوژەی سیاسی لە پێوەندی لەگەڵ "دەرەوە"، پێشوەخت خۆی پێناسە بکات.

-       گرێێ سەرەکی لەتێگەیشتن

یەکێک لە گرێ سەرەکییەکان لە تێگەیشتنی ئەندێشەی سیاسیی پەکەکەدا ، پێوەندی نێوان ئەو دەزگا چەمکییانەی بەکار دەهێنرێن و ئەو واقیعە کۆمەڵایەتییەیە کە ئەم دەزگایانە بانگەشەی ڕوونکردنەوە و ڕێکخستنی بۆ دەکەن. پرسەکە لێرەدا تەنیا گونجاندنی تیۆری لەگەڵ واقیع نییە، بەڵکوو چۆنیەتی بەرهەمهێنانی خوودی واقیعە لە ڕێگەی زمانی تیۆرییەوە؛ واتە سوژەی کوردی چۆن لە پرۆسەی تیۆرییزەکردندا دەنوێنرێتەوە و لە هەمان کاتدا سەرلەنوێ دروست دەکرێتەوە.

لە قۆناغی یەکەمدا پەکەکە لە چوارچێوەی مارکسیستی-لینینیستیدا، پرسی کوردی زیاتر لە ئاسۆی دژایەتی چینایەتی و خەباتی دژە سەرمایەداریدا داڕشت. لەم ئاسۆیەدا، کۆمەڵگەی کوردستان وەک بەشێک لە پێکهاتەی گشتیی ستەمی چینایەتی لە ناوچەکەدا تێدەگەیشت. بەڵام گرژیی سەرەکی لێرەوە دەست پێ دەکات کە پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی کوردستان لزوومەن لەگەڵ مۆدێلی کلاسیکی کۆمەڵگەی چینایەتیی پیشەسازی نەدەگونجا. ئابوورییەکی هەمەجۆر، پێکهاتە عەشایەرییەکان، پێوەندییە خزمایەتییەکان و پەرتبوونی جوگرافی، هەموویان ئەو ڕەگەزانە بوون کە لە قاڵبی شرۆڤەی چینایەتی کلاسیکدا بە ئەستەم کورت دەکرانەوە. دەرئەنجامی ئەم دۆخە، جۆرە ناپێوەندییەکی کاتی بوو لە نێوان مۆدێلی چەمکی و باکگراوندی کۆمەڵایەتیدا؛ ناپێوەندییەک کە تێیدا سوژەی کوردی تا ڕادەیەک لە ناو داڕشتەیەکی تیۆریی پێشوەختەدا پێناسە دەکرا، نەک لە ناو لۆژیکی ناوخۆیی ئەزموونی مێژوویی خۆیەوە.

بە گواستنەوە بەرەو ئاسۆی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک و کاریگەریی تیۆرییەکانی بووکچین، هەوڵدان بۆ چوونە دەرەوە لەم بەربەستە تیۆرییە دەردەکەوێت. لەم چوارچێوەیەدا، دەوڵەت-نەتەوە وەک فۆرمێکی کێشەخوڵقێنی دەسەڵات، ڕەخنەی لێ دەگیرێت و لە جیاتی ئەوە، شێوە ئاسۆییەکانی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی، ئەنجوومەنەکان و خۆبەڕێوەبەریی ناوخۆیی لەژێر ڕیکێفی هێژمۆنی چەکداری حیزبی بەرجەستە دەبن. لە ڕواڵەتدا، ئەم وەرچەرخانە دەکرێ وەک جۆرە نزیکبوونەوەیەک لە واقیعی هەمەجۆر و نامەرکەزیی کۆمەڵگەی کوردستان هەژمار بکرێت؛ کۆمەڵگەیەک کە خۆیشی لە مەرکەزییەتی سیاسیی کلاسیک بێبەش بووە.

 

لەگەڵ ئەوەشدا، پرسیاری ڕەخنەگرانە لێرەدا ئەوەیە: ئایا ئەم گواستنەوە تیۆرییە بەڕاستی لە ناو ئەزموونی کۆمەڵایەتیی کوردستانەوە دەرهێنراوە، یان ئەوەی هێشتا لە ئاسۆی دەزگایەکی چەمکیی دەرەکیدا داڕێژراوە کە تەنیا لە قۆناغی دووەمدا، بەسەر واقیعی کۆمەڵایەتی کوردستاندا تەتبیق کراوە؟ بە واتایەکی تر، ئایا سوژەی کوردی لەم پرۆسەیەدا بووەتە بکەری بەرهەمهێنانی مانا، یان هێشتا لە پێگەی "شوێنی جێبەجێکردنی تیۆری"دا ماوەتەوە؟

خاڵی سەرەکی لێرەدا نە ڕەتکردنەوە و نە قبووڵکردنی ئەم گوتارانەیە، بەڵکوو لێکۆڵینەوەیە لە جۆری پێوەندییان لەگەڵ سوژەیی مێژوویی کوردی. ئەگەر سوژەیی نەک وەک زاتێکی جێگیر، بەڵکوو وەک پرۆسەیەکی مێژوویی بەرهەمهێنراو بزانین، ئەوا پرسەکە ئەوە دەبێت کە ئەم پرۆسەیە تا چەند توانیویەتی لە دۆخی پێناسەکراوی لە دەرەوە بەرەو دۆخی پێناسەکەر لە ناوەوە هەنگاو بنێت. لەو ئاستەدا، دەکرێ بڵێین کێشەی سەرەکی نەک تەنیا گۆڕانی ئایدیۆلۆژیەکان، بەڵکوو ڕادەی ئەگەری بەرهەمهێنانی زمانێکی چەمکییە کە بتوانێت لە هەمان کاتدا لە ناو ئەزموونی کۆمەڵایەتی کوردستانەوە هەڵقوڵێت و توانای گفتوگۆی لەگەڵ تیۆرییە دەرەکییەکانیشدا هەبێت، بێ ئەوەی تێیاندا بتوێتەوە. لەو ڕوانگەیەوە، ڕێگری لە خۆفامی نەک بە واتای نەبوونی ئاگایی، بەڵکوو بە واتای ناسەقامگیریی پێوەندی نێوان ئەزموونی ژیاو و دەزگای چەمکییە؛ پێوەندییەک کە تێیدا سوژەی سیاسی هەمیشە لە بەردەم ئەو مەترسییەدایە کە لە جیاتی بەرهەمهێنانی ئاسۆیەکی چەمکیی تایبەت بە خۆی، لە ناو ئاسۆ ئامادە کراوە تیۆرییەکاندا پێناسە بکرێتەوە.

 

 


۱۴۰۵ اردیبهشت ۲۰, یکشنبه

گتوبێژێک لەتەک کوردکاناڵ

 

لەم دیمانەیەدا وڵامی ئەم چوار پرسیارە دەدرێتەوە

هۆکارگەلی بەردەوامی و درێژەی شيڕ لەلایەن ئێرانەوە چیە؟

ئاخۆ کەشی ئێستای ئێران «سەرکوب، خەفەقان و ئابووری» دەتوانێ ببێته هۆی سەرهەلدانێکی کۆمەڵایەتی تر لەئێران؟

بۆ چی سپای پاسداران شەری پێ باشترە و خوازیاری درێژەدان بەشەڕە؟

ئیحتمالی دەستپێکردنەوەی دوبارەی شەر هەیە؟



قووڵایی ستراتیژی لە دەرەوەی سنوورەکان؛ پێگەی حیزبوڵڵا لە مێعماری ئاسایشی نەتەوەیی کۆماری ئیسلامیدا

  شاهۆ حوسێنی لە گوتاری فەرمیی کۆماری ئیسلامیدا، چەمکی ئاسایشی نەتەوەیی لە تێگەیشتنێکی کلاسیکیی سنووردارەوە بۆ تێگەیشتنێکی تۆڕیی(شبکەای) و...