۱۴۰۴ اسفند ۲۳, شنبه

کۆمەڵناسیی مێژوویی میتراییزم لە زاگرۆس؛ لە هەزارە کۆنەکانەوە تا شکۆمەندیی ماد


 







 (زاگرۆس جوگرافیای یاخیبوون و میترا میتافیزیکی یەکگرتوویی)

شاهۆ حوسێنی

مێژووی زاگرۆس تەنیا کرۆنۆلۆژی ڕووداوی کاتی نییە، بەڵکو گۆڕەپانی ململانێیەکی دیالێکتیکییە لە نێوان کێویبوونی ئازاد و پێویستیی یەکگرتوویی و ڕێکخراوبوون. لەم کوێستانەدا، هەموو تاشەبەردێک "نەخێر"ێکی سروشتییە بۆ هەر دەسەڵاتێکی ناوەندی؛ لێرەدا جوگرافیا خۆی لە دژی مێژوو ڕادەپەڕێت. هەمان ئەو تاشەبەردانەی کە دەبنە قەڵای پاراستنی هۆزەکانی وەک هۆری و گۆتی و لۆلۆبی، دەبنە دیواری دابڕانیشیان.

ئەگەر دەشتایی (میسۆپۆتامیا) مەیدانی تەسلیم‌بوون بێت بۆ دەسەڵاتی ستەمکار (ئەکەدی و ئاشووری‌و بابلی)، ئەوا زاگرۆس مەیدانی ئازادیی پەرتەوازە بوونە. بەڵام کاتێک ماشێنی جەنگیی ئاشوور وەک لافاوێکی خوێناوی بەرەو کوێستان بەڕێدەکەوێت، ئازادیی تاکەکەسیی هۆزەکان دەبێتە هەڕەشە لەسەر مانەوەیان. لێرەدایە کە پێویستی دەبێتە دایکی ئایدیا. میتراییزم لێرەدا تەنها ئایین نییە، بەڵکو پڕۆژەیەکی ڕزگارییە کە دەیەوێت پەرتەوازەیی جوگرافی بە یەکێتییەکی میتافیزیکی چارەسەر بکات.

لە فەلسەفەی سیاسیدا، یاسا یان لە سەرەوەڕا دەسەپێنرێت (وەک قامچیی ئاشوور و یاسای حەمووڕابی) یان لە ناوەوە دەپشکۆێت لەگوێن میترا (مێهر) لە زاگرۆسدا، کە دەبێتە یاسایەکی ئیمیمانێنت(دەروونی)؛ واتە یاسایەک کە لەناو ویژدانی هەر جەنگاوەرێکدا ئامادەیە. کاتێک جەنگاوەرێکی زاگرۆسی لەژێر تیشکی خۆردا پەیمان دەبەستێت، ئەو تەنها بەڵێن بە سەرۆک هۆز نادات، بەڵکو بەڵێن بەو چاوە گەردوونییەش دەدات کە لە هەموو شوێنێکە. میتراییزم لێرەدا دەبێتە ڕایەڵی لێک‌گرێ دەرەوەی کۆمەڵایەتی؛ ئەو هێزەی کە بەردە ڕەق و جیاوازەکانی زاگرۆس پێکەوە دەبەستێت و دەیانکات بە دیوارێکی پۆڵایین.

ئەم گۆڕانکارییە کۆمەڵناسییە، لە ڕاستیدا تێپەڕینە لە (بەرژەوەندیی بچووک) بۆ (شوناسی گەورە). میترا دەبێتە ئەو خاڵە هاوبەشەی کە هۆزەکان تێیدا یەکدەگرن بێ ئەوەی شوناسی خۆیان ون بکەن. ئەمە مۆدێلێکی کۆنی (فیدراڵیزمی پیرۆز)ە. تیشکی میترا وەک هێمایەکی ناوەندی، هەموو تیشکە جیاوازەکان (هۆزەکان) بەرەو ناوەندێک ڕادەکێشێت؛ نەک بۆ ئەوەی بیانشکێنێت، بەڵکو بۆ ئەوەی ڕێکیان بخات.

میتراییزم لە زاگرۆسدا، وەڵامی ڕۆحی مرۆڤی کوێستان بوو بۆ شکاندنی بنبەستی مێژوویی. ئەگەر ئاشوور "ترس"ی کردبووە بنەمای دەوڵەت، زاگرۆس لە ڕێگەی میتراوە (پەیمان) ی کردە بنەمای دەوڵەت. ئەمە یەکەم هەنگاوی "عەقڵانییەتی سیاسی" بوو لە ناوچەکەدا، کە دواتر لە شکۆمەندیی ماددا پەرەی ئەستاند و بوو بە هێزێک کە توانی تەختی ستەمکارانی دەشتایی تێکبشکێنێت.

 

١. فینۆمینۆلۆژیی هۆز وەک یەکەی سەروەریی خۆرسک

لە زاگرۆسی کۆندا، هۆز تەنها کۆمەڵ و کۆیەکی مرۆیی و خوێنی نەبوو، بەڵکو بچووکترین یەکەی ئازادی بوو. لێرەدا دەسەڵات لە سەرەوە بۆ خوارەوە شۆڕ نەدەبووەوە، بەڵکو لە خوارەوە بۆ سەرەوە دەچێنرا.

ئازادی جەنگاوەران و پاشایەتیی کاتی: لە جیاتی مۆدێلی (خودا-پاشا)ی دەشتایی کە تێیدا یەک کەس خاوەنی گیان و ماڵی هەموانە، لەم کوێستانەدا پاشایەتی دیاردەیەکی کاتی و هەڵبژێردراو بوو. پاشا تەنها یەکەمین لە نێوان یەکسانەکاندابوو. ئەمە مۆدێلی گرێبەستی کۆمەڵایەتیە پێش ئەوەی فەلسەفەی مۆدێڕن ناوی بنێت؛ واتە لە زاگرۆسدا دەسەڵاتدار شەرعیەتەکەی لە کۆدەنگیی ئیرادەکان وەردەگرت، نەک لە پیرۆزیی خوێن یان پێگەی ئاسمانی.

پرۆسەی گۆڕانی ناوی هۆزەکان بۆ ناوی دەوڵەتە گەورەکان، لە ڕاستیدا گۆڕان بوو لە کۆمەڵناسیی خزمایەتییەوە بۆ تیۆریی حکوومەت. کاتێک چەندین یەکەی سەربەخۆ بڕیار دەدەن لەژێر یەک ناونیشانی سیاسیی نوێدا (وەک چەترێکی گەورە) کۆببنەوە، ئەوا شوناسی سیاسی دێتە ئاراوە. ئەمە هەمان ئەو پرۆسەیە بوو کە دواتر فەلسەفەی سیاسی ناوی نا فیدراسیۆن؛ سیستەمێک کە تێیدا فرەیی پارێزراوە بەڵام یەکێتیش دەبێتە بزوێنەری هێز. ئەو ڕاپەڕینە مێژووییە گەورەیەی کە وەک تۆفانێکی سیاسی لە کوێستانەوە بەرەو دەشتاییە داگیرکەرەکان دەستی پێکرد، سەلمێنەری ڕاستییەکی فەلسەفی بوو: کۆکردنەوەی ئیرادە پەرتەوازەکان، گەورەترین هێزی مێژووییە. ئەمە نیشانیدا کە جوگرافیای سەخت نەک هەر نابێتە ڕێگر لەبەردەم دەسەڵات‌سازی، بەڵکو دەبێتە پارێزەری ئەو ڕۆحی ئازادییەی کە کاتێک یەکدەگرێت، هیچ ئیمپراتۆریەتێکی میتافیزیکی و دیکتاتۆرییەتێکی ناوەندی ناتوانێت لەبەردەمیدا ڕابوەستێت.

ئەم مۆدێلەی زاگرۆس، مۆدێلی لەناوەند دەرچووی یەکگرتوو بوو. لێرەدا دەسەڵات وەک ئامێرێکی سەرکوتکار دروست نەبوو، بەڵکو لەگوێن قەڵغانی پاراستن دروست بوو. فەلسەفەی سیاسیی ئەم قۆناغە دەڵێت: "ئێمە سەربەخۆین، بەڵام بۆ ئەوەی سەربەخۆ بمێنینەوە، دەبێت ببینە یەک."

 

٢. میترا: ئارکیتایپی (پەیمان) و ئەندازیاریی (ڕێژەیی) دەسەڵات

لەم قۆناغەدا، میتراییزم لە زاگرۆسدا دەبێتە وەڵامێکی مێژوویی بۆ پارادۆکسی ئازادی و ئاسایش. مرۆڤی کوێستان نەیویستووە ئازادییەکەی بکاتە قوربانیی دەسەڵاتێکی ستەمکار، بەڵام بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆی پێویستی بە جۆرێک لە نەزم هەبووە. میترا لێرەدا ئەو گرێبەستەی نێوان بوونەکان بوو کە ئازادی و نەزمی پێکەوە کۆکردەوە.

لە کۆمەڵناسیی ئاییندا، زۆربەی خوداوەندەکان (خودای شوێن) یان (خودای هۆزن) بۆ نموونە خودایەک تەنها هی شارێک یان تیرەیەک بووە. بەڵام میترا جیاوازە؛ ئەو خودای (نێوان)ە.

فەلسەفەی پەیمان: میترا لە ناو دڵی مرۆڤەکاندا نییە، بەڵکو لەو بۆشاییەدا نیشتەجێیە کە دوو مرۆڤ یان دوو هۆز پێکەوە دەبەستێتەوە. ئەو دەبێتە (ناوبژیوانی میتافیزیکی).

سەروەریی بێلایەن: لەبەر ئەوەی میترا سەر بە هیچ یەکەیەکی سیاسیی تایبەت نییە، دەبێتە سەرچاوەی شەرعیەت بۆ هەمووان. ئەمە یەکەم ئەزموونی مرۆڤایەتییە لە دروستکردنی یاسا لەسەر بنەمای ئەخلاق، نەک هێزی سەربازی. لەڕاستیدا لە جوگرافیایەکی لێکدابڕاو و تاشەبەردیدا، هیچ سوپایەک ناتوانێت بەردەوام چاودێریی هەموو دۆڵ و لوتکەیەک بکات. لێرەدایە کە میتراییزم وەک (نەرم‌ئامێرێکی ئەمنی) کار دەکات.

تێپەڕین لە قامچی: میترا  (پەیمان شکێنی) دەکاتە گەورەترین تاوان. ئەمە گۆڕانکارییەکی فەلسەفیی گەورەیە؛ چونکە سزاکە چیتر لە دەرەوە نییە (زیندان)، بەڵکو لە ناوەوەیە (نەفرەتی خودایی، کەڵکەڵەی ویژدان و لەدەستدانی شەرعیەتی کۆمەڵایەتی).

 

چاوی خۆر (سیستمی جاوەدێری‌گەردوونی): خۆر وەک سیمبولی میترا، کارکردی چاوی هەمیشە بێدار دەبینێت. ئەمە دەبێتە بنەمایەک بۆ دروستبوونی کۆمەڵگەی متمانە. جەنگاوەری زاگرۆسی متمانەی بە هاوسەنگەرەکەی هەیە، چونکە دەزانێت هەردووکیان لە ژێر چاودێریی هەمان ڕووناکیدان.

لە کاتێکدا ئیمپراتۆریەتی ئاشوور سیاسەتی (دابڕە و زاڵبە)ی پەیڕەو دەکرد، میتراییزم لە زاگرۆسدا (کۆبکەوە و پارێزگاری بکە)ی هێنایە ئاراوە.

هەندازیاری یەکگرتوویی: میترا بوو بەو زمانە سیاسییە هاوبەشەی کە هۆزە جیاوازەکان توانییان بە هۆیەوە گوتارێکی یەکگرتوو دروست بکەن. ئەمە نەک هەر ئایین، بەڵکو بەرگرییەکی کۆمەڵایەتی‌و کولتووری بوو.

فیدراڵیزمی میترایی: ئەم سیستەمە ڕێگەی دەدا هەر یەکەیەکی سیاسی (هۆز یان تیرە) سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت، بەڵام لە کاتی مەترسیدا وەک یەک جەستە بجوڵێتەوە. ئەمە وەڵامی «عەقڵانی» بوو بۆ دڕندەیی ئاشوور.

میتراییزم لە زاگرۆسدا، فۆرمێک سیاسەتی ئەخلاقی بوو. ئەو سەلماندی کە بۆ دروستکردنی هێزێکی گەورە، مەرج نییە مرۆڤەکان کۆیلە بن؛ بەڵکو دەکرێت لە ڕێگەی پەیمانی ئازادانە و مێهرەوە، پۆڵایینترین یەکێتی دروست بکرێت کە مێژوو بە خۆیەوە بینیبێتی.

٣. خۆری قه‌زقاپان: لە مانیفێستی یەکێتییەوە بۆ ژاکۆبۆنی شوناسی هاوچەرخ

ئەمڕۆ، هەڵبژاردنی خۆری ١١ تیشکی قەزقاپان لە لایەن جووڵانەوە سیاسییەکانەوە، تەنها هەڵبژاردنێکی گرافیکی نییە، بەڵکو (هاوارێکی مێژووییە) بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە سیاسییەی کە دوای هەزاران ساڵ هێشتا لە کوردستاندا دەبینرێت. ئەمە هەوڵێکە بۆ گۆڕینی دابڕاوی و پەڕتەوازەیی بۆ یەکپارچەیی و یەکگرتوویی لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ ڕەچەڵەکە میتراییەکان.

کوردستانی ئه‌مڕۆ، وه‌ک ئاوێنه‌یه‌کی شکاوی لێهاتووه‌؛ نه‌ک هه‌ر به‌ هۆی سنووره‌ ده‌ستکرده‌کان، به‌ڵکو به‌ هۆی په‌رته‌وازه‌یی گوتار و پێکهاتەوە.

سیمبول لەگوێن جەستەیەک بۆ نەتەوە: کاتێک پارتە هاوچەرخەکان لەژێر ئەم خۆرەدا کۆدەبنەوە، لە ڕاستیدا دەیانەوێت بڵێن: "ئێمە پاشماوەی ئەو ١١ تیشکەین کە ڕۆژێک لە ڕۆژان ئیمپراتۆریەتێکیان هەبوو". لێرەدا، سیمبولەکە دەبێتە چەترێکی میتافیزیکی بۆ پێکەوەبەستنی ئەو پارچانەی کە سیاسەت لێکی دابڕیون.

نوێکردنەوەی مێژوویی: وەستان لە ژێر ئەم خۆرە، بە مانای سۆێندخواردنی میترایی دێت. یانی دووبارە کردنەوەی ئەو پەیمانەی کە هۆزەکانی ماد بەستیان؛ پەیمانی نەجەنگانی ناوخۆیی و یەکڕیزیی بەرامبەر ئەویدیکەی داگیرکەر لە فەلسەفەی سیاسیدا، شەرعییەت یان لە دەنگدانەوە دێت یان لە مێژۆوە. بۆ گەلێکی وەک کورد کە خاوەنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی مۆدێرن نییە، سیمبولی قەزقاپان ڕۆڵی دەستوورێکی دێرین دەگێڕێت.

میراتگریی ڕاستەقینە: بەستنەوەی خەباتی ئەمڕۆ بە مێژۆوە وەڵامێکی فەلسەفییە بۆ ئەو گوتارانەی کە دەیانەوێت کورد وەک میوانێکی مێژوویی یان کۆچەری بناسێنن. ئەم خۆرە بەڵگەی ڕەسەنایەتیی نیشتەجێبوون و خاوەندارێتیی خاکەکەیە.

لە ململانێی ئایدۆلۆژییەوە بۆ یەکێتیی میترایی: پارتەکان لە ڕێگەی ئەم هێمایەوە، ئایدۆلۆژیای حزبیی تێدەپەڕێنن و دەگەڕێنەوە بۆ ئیتیکی (ئەخلاقی) زاگرۆسی. ئەگەر ئەمڕۆ کوردستان بە دەست ململانێی لایەنەکانەوە دەناڵێنێت، ئەوا بێ‌گومان تێزی خۆری قزقاپان دەتوانێ چارەسەرێکی فەلسەفی پێشکەش بکات:

فیدرالیزمی سروشتی: تیشکەکان جیاوازن بەڵام یەک سەرچاوەیان هەیە. ئەمە پێمان دەڵێت کە دەکرێت لایەنە سیاسییەکان (تیشکەکان) ئایدۆلۆژیای جیاوازیان هەبێت، بە مەرجێک هەموویان پابەندی ناوەندێک بن کە ئەویش بەرژەوەندیی باڵای خاک و نەتەوەیە.

کۆتاییهێنان بە تۆڵەی مێژوویی: هەمان ئەو هێزەی کە ئاشووری وەک هەڕەشە لە زاگرۆس سڕییەوە، تەنها یەکگرتوویی بوو. ئەمڕۆش ئەم سیمبولە هۆشداری دەدات کە بە بێ مێهر و پەیمان، زاگرۆس هەر بە دابڕاوی دەمێنێتەوە.

 

 

ئاکام

خۆری ١١ تیشکی قەزقاپان، تەنیا شوێنەوارێکی تاشراو لەسەر سنگی هەردێکی کوردستان نییە؛ بەڵکوو پڕۆژەیەکی زیندووی مێژووییە کە هەموو ساتێک دەرفەتی نوێبوونەوەی تێدایە. ئەم خۆرە بۆ ئێمەی ئەمڕۆ، مانیفێستێکی میتافیزیکییە کە ڕێگای داهاتوومان نیشان دەدات: مانەوە و سەرکەوتن لە کوردستاندا، لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ ئەو "گرێبەستە گەردوونییە" دەبێت کە جارێکی تریش دەتوانێت پشتی گەورەترین ئیمپراتۆریەتە ستەمکارەکان بشکێنێت.

مێژووی زاگرۆس سەلماندوویەتی کە ڕەچەڵەکی ئێمە لە "پەیمانی مێهر"ەوە سەرچاوە دەگرێت. هەرچەند تیشکەکان (پارتەکان، تیرەکان، پارچەکان) لێک دوور بکەونەوە، هێشتا ناوەندە درەوشاوەکە هەر ماوە و چاوەڕێی ساتەوەختی یەکگرتنەوەیە. ئەو وزە شاراوەیەی لەناو ویژدانی هەر زاگرۆسییەکدا هەیە، کلیلی تێپەڕاندنی هەموو تاریکییەکانی مێژووە.

قەزقاپان پێمان دەڵێت کە ڕێگای ڕزگاری لەو ئیرادە و متمانە هاوبەشەدایە کە لە ناوەوە دەپشکۆێت. کاتێک پەیمانی مێهر دەبێتە ئیمانێکی ناوەکی، هەموو دیوارەکان دەبنە قەڵای پاراستن.

میتراییزمی زاگرۆسی، فەلسەفەی سەرکەوتنە. ئەم خۆرە مژدەی ئەوە دەدات: زاگرۆس کاتێک هەڵدێت کە تیشکەکان (فرەیی) یەکبوونی خۆیان لە ناوەنددا (نەتەوە) بدۆزنەوە. لێرەدا برایەتی و یەکڕیزی تەنیا دروشم نین، بەڵکوو ستراتیژیی گەیشتن بە شکۆمەندییەکین کە مێژوو دەنووسێتەوە. ئەم نەخشەیەی لە قەزقاپان جێماوە، بانگەوازێکی پیرۆزە بۆ هەموو نەوەکان؛ بانگەوازێک بۆ ئەوەی ببنە میراتگری ئەو ڕووناکییەی کە هەرگیز نامرێت و هەمیشە توانای ئەوەی هەیە تەمومژی مێژوو بڕەوێنێتەوە و ئاسۆیەکی گەش بۆ کوردستان بخولقێنێت.

قەزقاپان پێمان دەڵێت کە سیاسەت لە زاگرۆسدا لە لوولەی تفەنگ یان لە مێزی دانوستانە دەرەکییەکانەوە دەست پێناکات؛ بەڵکوو لە ویژدانی هاوبەشەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەگەر بەڵێن و پەیمان نەبوو بە ئیمانێکی ناوەکی، ئەوا هەموو یەکێتییەک تەنها مەرەکەبێکی سەر کاغەزە.

میتراییزمی زاگرۆسی، ئایینی پەرستن نەبووە، بەڵکوو ئەخلاقی بەرگری بووە. ئەم خۆرە دەڵێ: زاگرۆس تەنها کاتێک هەڵدێت کە تیشکەکان (فرەیی) پابەندی ناوەند بن (یەکێتی). لێرەدا برایەتی تەنها دروشم نییە، بەڵکوو ستراتیژیی مانەوەیە؛ چونکە لە دەرەوەی ئەم پەیمانە، تەنها ئەشکەنجەی ئاشوورییەکان و سڕینەوەی مێژوویی چاوەڕێمانە. ئەم نەخشەیەی لە قەزقاپان جێماوە، وەک تاقیکردنەوەیەک وایە بۆ هەموو نەوەکان. هەر نەوەیەک نەتوانێت ئەم ١١ تیشکە پێکەوە گرێ بداتەوە، مەحکوومە بەوەی لەناو تەمومژی مێژوودا بتوێتەوە.


سەرچاوە: کۆمەڵناسیی مێژوویی میتراییزم لە زاگرۆس؛ لە هەزارە کۆنەکانەوە تا شکۆمەندیی ماد

۱۴۰۴ اسفند ۲۰, چهارشنبه

لەم گتووبێژەدا تیشکم خستۆتە سەر ئەم خاڵانە

 

1-                   کۆماری ئیسلامی بۆ داخستنی گەرووی هۆرمۆز، پێویستی بە سێ توانایی هەیە. یەکەم توانایی مووشەکی بۆ هەڕەشەکردن لە کەشتێکان، دووهەم هێزێکی ئاسمانی بەهێز کە بتوانێ کێشە بۆ هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان واتە ئەمریکا و ئیسرائیل ساز بکات و هەڕەشە بێت بۆسەر کەشتێکان، سێهەم هێزی دەریای بەهێز. ئێران هیچ‌کام لەم سێ هێزانەی لە دەستدا نەماوە، هەر بۆیەش توانای هەڕەشەی ستراتژیک بۆ داخستنی گەرووی هۆرمۆزی نیە، ڕەنگە لەڕێی چاندنی مینی دەریای و قایەقی تووندڕۆ بەشێوەیەکی کاتی بتوانێ جموجۆڵێ بکات، بەڵام توانایی داخستنی گەرووی هۆرمۆزی نیە.

2-        ئێران گەروقوی ئەو میکرۆفۆنە ماچ دەکات کە ئەمریکێکان و ئیسرائیلێکان لەڕیی ئەوە، ئاگر بەست ڕابگەیەنن، ئێران نەتەنیا خۆی کە گرووپە تێرۆریستێکانی هاوپەیمانیشی هیچ توانایەکیان نیە بۆ هەڕەشە کردن لە ئەمریکا و ئیسرائیل

3-        موجتبا خامنەیی ڕۆسۆفیل‌ترین ڕێبەری ئیڕان کە پوتین خەت و مەشی سیاسەتی بۆ داڕشتوە، بۆیەش بەهیچ شێوەیەک ناتوانێ ڕێبەڕێکی عاقڵ لە خزمەت بەرژەوەندی وڵاتەکەی دابێت، ئەو پەیرەوی عەڵقی تێرۆریستی باوکی دەکات.




۱۴۰۴ اسفند ۱۷, یکشنبه

ئەمەش دەقی تەواوی ڤیدیۆکەی وتوو وێژ لەتەک کوردکاناڵ

 

 

شەماڵ تەرغیبی: بینەرانی خۆشەویستی کوردکەناڵ، ئەم کاتەتان باش. لە درێژەی ڕووماڵەکانی ئەمڕۆماندا، تایبەت بە ڕۆژی یەکشەممە، سەبارەت بە شەڕی نێوان کۆماری ئیسلامی و هاوپەیمانان لە ناوچەکەدا، لە خزمەت ئێوەی خۆشەویستداین. بۆ باس و بابەتی ئەمجارەمان یان بۆ ڕووماڵی ئەمجارەمان، میوانداریی زۆر بەڕێز کاک شاهۆ حوسێنی، شرۆڤەکار و چاودێری سیاسییمان کردووە کە لە ڕێگەی سکایپەوە لەگەڵمان دەبێت. کاک شاهۆ گیان، ئەم کاتەت باش.

 

شاهۆ حوسێنی: منیش ڕێز و سڵاوم هەیە بۆ خزمەت بینەرانی خۆشەویست و ئازیز و دڵۆڤانی کوردکەناڵ و حورمەتم هەیە بۆ هەموو کوردستانیانی هێژا و ئازیزم لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە پان و بەرینەدا دەژین و سوپاسی ئێوەی ئازیز و خۆشەویست دەکەم لە کوردکەناڵ.



 

شەماڵ تەرغیبی: زۆر سوپاس. کاک شاهۆ گیان، وەک جەنابیشت ئاگاداری و بینەرانی خۆشەویستیش، و ئێمەش هەوڵمان داوە لە کوردکەناڵەوە بەردەوام نوێترین و دروستترین لە ڕاستیدا زانیاری و هەواڵەکانیان ڕادەست بکەین. لە ماوەی هەشت ڕۆژی ڕابردوودا کە شەڕێکی قورس لە نێوان کۆماری ئیسلامی و بەمشێوەیە دوو وڵاتی ئەمریکا و ئیسرائیل کە دەکرێ وەک لایەنێکی هێزی هاوپەیمانی ناوی لێ بنێین، هاتووەتە ئاراوە. لە ئەنجامی ئەم شەڕە تاوەکو ئێستا، وەک جەنابیشت دەزانی، بەشێکی بەرچاو لە قیادەی سیاسی یان سەرکردایەتی سیاسی کۆماری ئیسلامی لە نێو چوون، لە سەرووی هەموویانەوە شەخسی عەلی خامنەیی کە زۆر جار وەک کۆڵەکەی خێوەتەکە ناویان لێ دەبرد. و لە هێرش و پەلامارەکانی دوو ڕۆژی ڕابردووشدا دەردەکەوێت کە پلان و شێوازی کار و میکانیزمی لایەنی ڕۆژاوایی بۆ هێرش بۆ سەر کۆماری ئیسلامی گۆڕانێکی بەسەردا هاتووە. گۆڕان بەو واتایەی کە دەبینین زۆرتر هەوڵ دەدرێت بناغە ئابوورییەکانی کۆماری ئیسلامی بکرێتە ئامانج، کە دوایین نموونەی یان زەقترین نموونەی لانی کەم تاوەکو ئێستا، کۆمپانیا نەوتییەکانی تاران بوون. پێم خۆشە بزانم لە نەزەری جەنابتەوە، ئایا گۆڕانێکی بنەڕەتی لە شێواز و تاکتیکی هێرشەکان هاتووەتە گۆڕێ یان نا، مەوزووعی دیکە لە گۆڕێیە؟

 

شاهۆ حوسێنی: بە بڕوای من، سەرەتا ئەمریکا و ئیسرائیل هەوڵیان دا سێ ئامانج هاوتەریب لەگەڵ یەکتر بپێکن. یەکەم ئامانج با بڵێین مێشکی تەفەککور و ئەندێشە و ئەقڵانییەتی سیاسی لە نێو کۆماری ئیسلامیدا بوو. واتە شەخسی یەکەمی حوکمڕانی لە کۆماری ئیسلامیدا کە عەلی خامنەیی بوو. عەلی خامنەیی بە مێشکی موتەفەککیر و لە ڕاستیدا بە تەوەرە و میترۆپۆڵی ئەندێشەی حوکمڕانیی ئێستای کۆماری ئیسلامی پێناسە دەکرا، بەو پێیەی کە هەر شتێک لە نێو کۆماری ئیسلامیدا، لە نێو چوارچێوەی ئابووریدا بێت، لە نێو چوارچێوەی سیاسیدا بێت، لە نێو چوارچێوەی کۆمەڵایەتیدا بێت، لە نێو چوارچێوەی کولتووریدا بێت، سەرچاوە و میترۆپۆڵی دەرچوون و ڕەچاوکردنەکەی لە بەیتی ڕێبەریدا بوو. بۆیە ئەوان هەوڵیان دا کە لە ڕاستیدا سەرچاوەی ئایدیۆلۆژیکی و گوتەمانیی کۆماری ئیسلامی کە شەخسی عەلی خامنەیی بوو، بپێکن. دووهەم دیاردە هاوتەریب لەگەڵ ئەو، هەوڵیان دا بەرپرسانی باڵای سەربازی، ڕەدەی یەکی سەربازی و ڕەدەی دووی سەربازیی کۆماری ئیسلامی بپێکن، کە لەوانە بەرپرسانی ئەرتەشی و سوپایی و بەرپرسانی باڵای سەربازی لە ڕەدە جیاوازەکانی ئەرتەش و سوپای پاسداران و بەسیج و ستادی کوللی نیروهای موسەللەح و ناوەندەکانی ئیتیلاعاتی و ئەمنییەتی بوو. سێهەم ناوەندێک کە هاوتەریب لەگەڵ ئەم دوو ناوەندە هەوڵیان دا ئەمریکییەکان بیپێکن، دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی بوو، کە وەک بڵندگۆی تەبلیغات و دەزگای بڵاوکەرەوەی درۆ و دەلەسە و پڕوپاگەندەی حکوومەتی و ئایدیۆلۆژیکی، هەوڵیان دا کوێری بکەنەوە و لە ناوی بەرن و بەم شێوەیە سیگناڵە موخەریبەکانیان کە دەیتوانی کارتێکەریی نێگەتیڤ لەسەر ناوخۆ و لەسەر دەرەوە و لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی دابنێت، ئەمانەیان کوێر کردەوە. واتە کارتێکەرییان لەسەریان هەبوو و زەبرێکی گورزێکی کاریگەریان لێ دان.

لەوە دەچێت لەمەوبەدوا، لە ڕاستیدا ئەمریکییەکان و ئیسرائیلییەکان بەو باوەڕەی کە توانیویانە پلانی یەکەم سەرکەوتووانە جێبەجێ بکەن، واتە ئێستا ئەمریکییەکان لەسەر ئەو باوەڕەن کە بەشی هەرە زۆری پێگەکانی مووشەکی و پەهبادیی ئێرانییەکانیان پێکاوە و لە ڕاستیدا شتێک بە ناوی هێزی بەرگرییەوە بە شێوەی ڕادار و بە شێوەی پەدافەند نەماوە. ئەوان لە هێرشی یەکەمدا ئەمانەیان لە ناو برد. ئێستا هاتوونە پلانی دووهەم و پلانی Bی هێرشەکان کە ژێرخانی ئابووریی کۆماری ئیسلامییە. واتە ئەو ژێرخانانەی کە بودجەی سەربازی و تێچووی ماڵی بۆ پەرەی تیرۆریزم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە هەموو جیهانی فەراهەم دەکرد.

ئەمریکییەکان بەم شێوەیە دەیانهەوێت، ڕەنگە لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا بەرنامە ئەوە بێت کە بەیانهەوێت پێگە ئابوورییەکانی کۆماری ئیسلامی، ئەو پێگە و ئەو ناوەندانەی کە تێچووی شەڕ و خەرجی تیرۆریزم بۆ کۆماری ئیسلامی فەراهەم دەکات، لە ناو بەرن، بەو پێیەی کە کاتێک کۆماری ئیسلامی هیچ پێگە و ناوەندێکی بۆ دابینکردنی تێچووی شەڕ لە دەستدا نەمێنێت، ڕەنگە توانا، چونکە دەنگەکان باسیان لەوە دەکرد کە ئێرانییەکان لە هەوڵدان هەندێک سیستەمی مووشەکیی دوورهاوێژی زەوی بە هەوا لە چینییەکان و لە ڕووسییەکان بکڕن، بەڵام ئەمریکییەکان دەیانهەوێت ئەم ناوەندانە کە تێچووی ئەم مەخازنە، ئەم کڕین و ئەو کەرەستە سەربازییانە دابین دەکات، لە ناو بەرن. ئەمە لە لایەکەوە هەم تێچووی دابینکردنی کەرەستەی شەڕ لە کۆماری ئیسلامی دەستێنێت، هەم ئەوەی کە کارتێکەریی دەروونی لەسەر ناوخۆی کۆمەڵانی خەڵک هەیە. بەم شێوەیە کە کۆماری ئیسلامی لە دابینکردنی پێداویستییەکان و زەروورەتەکانی کۆمەڵگە کە ئەساسی حوکمڕانییە لە نێوان هەر حکوومەتێکدا، ئەمە لە دەست دەدات، لاواز دەبێت و بۆی دابین ناکرێت. و بەم شێوەیە ناڕەزایەتییەکان لە نێو کۆمەڵانی خەڵکدا ڕادیکاڵ و قووڵتر دەکاتەوە و دابڕانی کۆمەڵانی خەڵک و کۆماری ئیسلامی ڕادیکاڵتر دەکاتەوە.

 

شەماڵ تەرغیبی: زۆر باشە. کەواتە ئێوە گەرەکتانە بڵێن بە لە نێوبردنی قیادە یان بڕیاردەرانی سیاسی و سەربازی لە ئێران، پلانی دووهەم بریتی دەبێت لە وشککردنی سەرچاوە ماڵی و داراییەکانی ڕژێم. و دوای ئەو لاتان وایە پلانی سێهەم چی دەبێت؟ بەڕێکردنی هێزی زەمینی؟

 

شاهۆ حوسێنی: من پێم وایە بەهۆی تایبەتمەندیی جیۆپۆلیتیکی ئێران، ئەوەی کە ئێران جیۆپۆلیتیکی بەربڵاوە. بۆ وێنە مەسەلەن ئێمە دیتمان لە کاتی هێرشی بۆ سەر عێراقدا، هێرش بۆ سەر ئەفغانستاندا، ئەمریکییەکان بە هاوپەیمانەتی لەگەڵ بەریتانییەکان هێزی زەمینی و پیادەنیزامیان ناردە نێو ئەم وڵاتانە. بەڵام جیۆپۆلیتیکی ئێران جیۆپۆلیتیکێکی بەربڵاوە. ئەوەی کە ئەم ڕێژە گەورە و بەربڵاوە هێزی پیادەنیزام بکرێت، بخرێتە نێو ئێران و با بڵێین ئەو پیادەنیزامە وەک بەو شێوەیەی کە لە عێراق یان لە ئەفغانستان دیتمان شارەکان فەتح بکەن و شارەکان داگیر بکەن و دواتر بیگەڕێننەوە دەست خەڵک، ئەمە تۆزێک لە چاوەڕوانییەکان بە دوورە، تۆزێک لە... بەڵام من پێم وابێت بەرنامەی سێهەمیان ئەمە دەبێت کە بتوانن، ئەمە لە لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکایدا، تەنانەت لە لێدوانی ترەمپیشدا ئەمەی ڕەت نەکردەوە، کە هێزەکانی دەلتا فۆرسی ئەمریکی، کۆماندۆکانی ئەمریکی و هێزە تایبەتەکانی ئەمریکی بۆ هەندێک گەڵاڵەی تایبەت، بۆ وێنە بۆ بردنەدەرەوە و خاریجکردن و لە دەست کۆماری ئیسلامی دەرهێنانی ئەم پاشکەوتە ئۆرانیۆمە ٦٠ لەسەدییەی کە غەنیی کردووە لە ناوەندەکاندا ماوەتەوە و حەشار دراوە و هێشتا لە بەردەستی کۆماری ئیسلامیدایە، ڕەنگە بۆ ئەم مەبەستە لەم هێزە تایبەتە کۆماندۆیە کەڵک وەربگیرێت و ئەمانە لە ئێران بەرنە دەرەوە، لە ئێران خاریج بکەن.

و لە بیریشمان نەچێت کاک شەماڵ، من ئێستاش لەسەر ئەو باوەڕەم کە هێزێکی کۆماندۆ و پیادەنیزامێکی یەکجار زۆری ئیسرائیلی و ئەمریکی هەر ئێستا لە ئێران بە شێوەی هوشمەند و تاکتیکی، بە شێوەیەکی یەکجار زۆر لەو کەسانەی کە ڕەنگە هاوپەیمانی پێ بێت یان هێرشی ئاسمانیی پێ بێت، ئەوان خەریکن دەیپێکن. واتە ئەو بەو مانایە نییە کە کۆماندۆکان و هێزی نیزامیی شاراوەی ئەمریکا و ئیسرائیل ئێستا لە ئێراندا نییە. بەهۆی ئەوەی کە ئێمە شاهیدین هەر جموجۆڵێکی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی، بۆ وێنە مەسەلەن ئێمەش دەبینین کە هێزەکانی سوپای پاسداران پێگەکانیان کاتێک بەجێ دەهێڵن، دەچنە نێو قوتابخانەیەک، دەچنە نێو کتێبخانەیەک، دەچنە نێو ئیدارەیەک یان لە شوێنێکی تر خۆیان حەشار دەدەن، بە فاسیڵەی چەند سەعاتێک، بە فاسیڵەی کەمتر لە ڕۆژێک هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکی دەقیقەن دەگەنە سەریان و لێیان دەدەن. ئەوە بەو مانایەیە کە هێزێکی زەمینی و کارامە و کۆماندۆی کارئەزموودەی ئیسرائیلی و ئەمریکی هەر ئێستا لە نێو شارەکانی ئێراندایە، گەڕە دەدەن بە هێزی ئاسمانی و موختەساتی جوگرافیی جموجۆڵەکان دەدەن بە هێزە ئەمریکییەکان. من پێم وابێت پلانی دوای ئەمانە دەبێت کە بەم شێوەیە بۆ ڕاگرتنی هەندێک دیاردەی تایبەت، بۆ وێنە ئەو ئۆرانیۆمە غەنییەکراوەی کە گەیشتووەتە سەرووی ٦٠ لەسەد یان ٦٠ لەسەد، بۆ لە دەستڕەس خاریجکردنی ئەوانە لە دەست کۆماری ئیسلامی، ڕەنگە ئەم هێزانە بە شێوەی هێرشی کاتی و با بڵێین هێرشی سەریع بۆ کورتخایەن کەڵکی لێ وەربگیرێت.

 

شەماڵ تەرغیبی: زۆر باشە. کاک شاهۆ، یەکێک لەو پرسیارە گرنگانەی کە لانی کەم بۆ کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گرنگییەکی تایبەتی هەیە و ڕەنگە زیادەڕۆیی نەبێت ئەگەر بڵێین ئەمە ئێستا دەغدەغەیەکی سەرەکییە یان خەڵخەلەیەکی زەینیی زۆر گرنگە بۆ خەڵکی ئێمە لە ڕۆژهەڵات، کە ئێمە چیمان لێ بەسەر دێت؟ کورد لە کوێی هاوکێشە و موعادەلەکاندا جێ دەگرێت؟ پێتانوایە کە مەسەلەی پێکهێنانی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران و ئەو خەبەر و هەواڵانەی کە بڵاو دەکرێتەوە، هەیئەتی کورد سەردانی واشنتۆنیان کردووە، پێشوازییان لێ کراوە، ئەوەی کە ناوە ناوە سەرکردە سیاسییەکان لە ئاستی باڵا وەک ترەمپ، وەک ماکرۆن بە زمانی کوردی یان لەسەر کورد لێدوان دەدەن، قسە دەکەن، چیمان پێ دەڵێت؟ پەیامی ئەمانە چییە؟

 

شاهۆ حوسێنی: من پێم وایە یەکێک لە قەڵش و کەلێنە هەرە گەورەکانی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی کوردستان، ئێمە لە بیرمان نەچێت حاشاهەڵنەگرە کە ئەوەی لە کوردستان دەگوزەرێت خەباتێکی ئازادیخوازانەیە، خەباتێکی دیموکراتیکیشە. بەهۆی ئەوەی کە ئێمەی کورد کە داوای مافی خۆمان دەکەین، کە داوای سەلماندنی مەشرووعییەتی مافی نەتەوەیی خۆمان دەکەین، نکۆڵی لە مافی نەتەوەیی هیچ کەسێکی تر ناکەین. بۆ وێنە کاتێک فارسەکان باس لە مافی نەتەوەیی خۆیان دەکەن، بە ئاشکرا نکۆڵی لە مافە نەتەوەییەکانی تر دەکەن. بۆیەش ئەوان فاشیست پێناسە دەکرێن، دیکتاتۆر و پاوانخواز پێناسە دەکرێن. بەڵام ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین کە خەباتی نەتەوەخوازانەی کورد خەباتێکی دیموکراتیکە، خەباتێکی ئازادیخوازانەیە بەهۆی ئەوەی کە هاوتەریب لەگەڵ ئەوەی کە ئێمە پشتیوانیی مافی خۆمان دەکەین، داوای مافی خۆمان دەکەین و سوور و مکوڕین لەسەر وەدیهێنانی مافی چارەنووسی خۆمان، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەم مافە و ئەم شەرعییەتە بۆ هەموو نەتەوەکانی تریش قایڵین. یەکێک لە قەڵش و کەلێنە گەورەکان کە لە خەباتی دیموکراتیک، لە خەباتی ئازادیخوازانە و مافخوازانەی کورددا هەبوو، ئەم دابڕاوییەی ناوماڵی کورد بوو. بەهۆی ئەوەی کە جامعەی جیهانی چاوی لێ دەکرد، بیلئەخیرە کێ نوێنەری کوردە؟ بیلئەخیرە کێ گوتەمانی مەقبووڵ و مۆردی تەئید و پەسەندی کوردە؟ ئێستا کە ئەم هاوپەیمانییە بە وجود هاتووە، ئەم هاوپەیمانییە شێوە و فۆرمی گرتووە، و ئەم گوتەمان و دیسکۆرسە لێکبڵاوانە لە خاڵێکدا گەیشتوونە یەک، ئێستا کۆمەڵگەی جیهانی و جامعەی جیهانی تێ دەگات کورد یەک ماڵە، کورد یەک نەتەوەیە، کورد یەک گوتەمانە، کورد یەک داخوازییە. ئەمە گەیشتووەتە جامعەی جیهانی و بێگومان ڕەنگدانەوەی زۆر پۆزەتیڤتریشی دەبێت. و لە ماوەی هەفتەکانی داهاتوودا و ڕەنگە لە مانگەکانی داهاتوودا ئێمە شاهیدی وەرچەرخان و شاهیدی ڕویکەردی زۆر جیاوازتر لەمە دەبین. و هەر ئەمەشە کە سەڵتەنەتخوازەکان و لایەنگرانی سەڵتەنەتخوازی و فاشیزم لە ئێرانی هەڵبزاندووەتەوە. ئێمە کە چاو لەم میدیایانە دەکەین کە لە نێو دەستی پۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامیدان، هاوتەریب و تەریب لەگەڵیان ئەو میدیایانەی کە لە دەرەوە لەبەر دەستی سەڵتەنەتخوازەکاندان، لە یەک ئامانجدا وەک یەک دەست نراونەتە پێش، ئەویش دژایەتیکردنی یەکگرتوویی ناوماڵی کوردە. ئەمە نیشان دەدات کە ئەمە ڕەوتێکی دروستە، ڕەوتێکی مەترسیدارە بۆ سەر پاوانخوازی و دیکتاتۆرییەت لە ئێران. کەوابوو ئەوەی کە کێشەیەکە کە لە ناوخۆی کۆماری ئیسلامی هەڵبزاندووەتەوە و لە دەرەوە ڕەوتی فاشیستی سەڵتەنەتتەڵەبی هەڵبزاندووەتەوە، نیشان دەدات کە هەنگاوێکی دروست، پۆزەتیڤ و ئەرێنییە. و بێگومان فارسەکان بە گشتی چ پۆزیسیۆنی فارس و پۆزیسیۆنی فارس، ئەوەی کە دژبەری ئەم هاوپەیمانی و یەکگرتوویی ناوماڵی کوردە، لەمە بە دروستی تێگەیشتووە کە جامعەی جیهانی ڕویکەرد و ڕوانگە و هەڵسوکەوتەکانی لەمەوبەدوا لەگەڵ کورد و لەگەڵ کوردستان و لەگەڵ مافی کورد جیاوازتر لەمەو پێش دەبێت. بۆیە ئێمە دەتوانین خەباتی کورد دابەش بکەین بە بەر لە هاوپەیمانیی کوردستان و پاش هاوپەیمانیی کوردستان، کە لێکەوتەکانی ئەم هاوپەیمانییە لە پاش دەرکەوتنی ئەم هاوپەیمانییە زۆر جیاواز دەبێت.

 

شەماڵ تەرغیبی: کە سروشتییە ئەرکی هاوپەیمانییەکە لەم قۆناغە هەستیار و مێژووییە زۆر قورستر دەبێت. کاک شاهۆ، ئەمەوێ سەبارەت بە مەوزووعێکی کلیدیتر باسەکەمان ئیدامە بدەین. خۆتان ئاگادارن کە لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکی شەڕەکەوە تاوەکو ئێستا، کۆماری ئیسلامی کە دوور لە چاوەڕوانیش نەبوو، ئینتەرنێتی بە ڕووی خەڵکدا داخست و بە جۆرێک لە جۆرەکان ئێرانی کردە زیندانێکی وەحشەتناک لە ڕاستیدا کە خەڵک دەستڕەسییان بە زانیاری نییە، خەڵک ناتوانن ئەو جۆرەی کە پێویستە هەواڵەکان بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران بگوازنەوە.

کەم و زۆر لەملا و لەولا بە هۆکاری جۆراوجۆر ڕەنگە توانیبێتیان ئەم کارە بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا ڕەنگە یەکێک لە سەرەکیترین پردی پەیوەندییەکانی نێوان خەڵک لەگەڵ دنیای دەرەوە هەر ئەم مانگی دەستکرد و سەتەلایت و بەرنامە تەلەڤزیۆنییانە بێت کە ئێمەش وەک کوردکەناڵ یەکێک لەو پردانە بووین. پێم خۆشە لێرە فۆکۆسمان لەسەر ئەو مەوزووعە بێت. پێتانوایە یان پەیام یان ڕاسپاردە یان تەوسیە چی هەیە کە خەڵک بیزانێت و گوێی لێ بگرێت و ئیجرای بکات؟ چ لەم قۆناغە هەستیارە چ بۆ دوای کۆماری ئیسلامی. خەڵک دەتوانن چۆن لەو ڕێکخراوەییەی کە هەیانبووە پێشتریش، تەبایەت بکەن و ئیدامە بدەن بۆ گەیشتن بە سەرمەنزڵگەی ئازادی؟

 

شاهۆ حوسێنی: کاک شەماڵ، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئێستا وەک جەنابت بە دروستی ئاماژەتان پێ کرد، ئێران بە گشتی بووەتە زیندانێک کە قەتیس کراوە، کە دابڕاوە لە گشت ئەم جیهانە. و ڕەنگە کۆمەڵانی خەڵکی ئێستای ناوخۆ زۆر بە دەگمەن، زۆر بە کەمی و هەندێک جار هەندێک هەواڵی فەیک بە دەستیان بگات لە جیهانی دەرەوە، لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران. بەڵام ئەم تێکۆشەرانەی کە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانن، بۆ وێنە هاوپەیمانیی هێزە کوردستانییەکان، کە ئیتر من پێی دەڵێم بەرەی دیموکراتیکی یەکگرتووی کوردستان. ئەم بەرەیە دەستڕەسی بە زانیاریی ئەسیڵ و ڕەسەن و دروست و بێگرێوگۆڵ هەیە. ئەم هاوپەیمانییە نیشانی داوە لە ماوەی زیاد لە ٤٠ ساڵ بەربەرەکانی و خەبات بە دژ کۆماری ئیسلامی، جگە لە سەداقەت، جگە لە ڕاستبێژی، جگە لە خەمخۆریی گەل و نیشتمان، جگە لە دڵسۆزی بۆ کورد و کوردستان، هیچ ئاوات و ئارەزوو و مەبەست و ئامانجێکی تری نەبووە. لەم سات و وەختانەدا تەنیا سەرچاوەی ڕاستەقینە، تەنیا سەرچاوەی متمانەپێکراو، ئەم میدیایانەی هاوپەیمانیی هێزی کوردستانییە. من داواکارم لە کۆمەڵانی خەڵک، ئەگەر خوازیاری بیستنی هەواڵی ڕاستەقینەن، ئەگەر خوازیاری بەدواداچوون بۆ ڕاستەکانن، ئەمە میدیای هێزی کوردستانی هەیە. و لەم بورهە هەستیار و دژوارەدا، بۆ پاراستنی ئەهوەنی، بۆ پاراستنی گیان، ماڵ، هەر شتێکی کە بۆ دوارۆژی پاش کۆماری ئیسلامی، ئێمە پێویستیی گرنگمان پێی هەیە. ئێمە پێویستمان بەو لاوە شۆڕشگێڕ و خوێنگەرمانە هەیە لە ناوخۆ کە بمێنن، کە ببن، کە حوزووریان بە زیندوویی بۆ پاش کۆماری ئیسلامی بمێنێت. ئەو ئیرادەیە، ئەو هەست و جۆش و خرۆشە کوردستانییە لە نێو کۆمەڵانی خەڵکدا پارێزراو بمێنێت. کۆمەڵانی خەڵک لە ناوخۆ پێویستە و دەبێ ڕەچاوی ڕێنماییەکان، پێشنیارەکان و ئەو دیاردانەی کە میدیای هاوپەیمانیی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، ڕەچاوی بکەن. گوێبیستی بن و گوێڕایەڵی بن. بەهۆی ئەوەی کە جگە لە دڵسۆزیی کوردستان، جگە لە دڵسۆزی بۆ کورد، جگە لە دڵسۆزی بۆ مافی نەتەوەیی کورد، میدیای هاوپەیمانیی کوردستان هیچ خەمێکی تری نییە. بۆیە من داواکارم لە کۆمەڵانی خەڵک، ئەگەر شوێن سەرچاوەیەکی ڕاستەقینە و سادق بۆ هەواڵ دەگەڕێن، میدیای کوردستانی. ئەگەر میدیای کوردستانی ڕاسپاردەیەکی هەیە، ئەگەر میدیای کوردستانی داخوازییەکی لە کۆمەڵانی خەڵک هەیە، تکایە ڕەچاوی بکەن، تکایە گوێبیستی بن بۆ پاراستنی خۆتان، ماڵتان، ژیانتان، گیانتان. بۆ دوارۆژی کوردستان، ئێمە هەموو پێکەوە پێویستمان بە یەکتر هەیە.

 

شەماڵ تەرغیبی: هەر بژی، هەر بژی. زۆر زۆر سوپاس بەڕێز شاهۆ حوسێنی، شرۆڤەکار و چاودێری سیاسی. سوپاس بۆ ئەوەی کە لەم ڕووماڵە لەگەڵمان بوویت. هیوادارم لە داهاتوویەکی نزیکدا دەرفەت هەبێت و دووبارە لە زانیارییەکانی جەنابت کەڵک وەربگرین. سوپاسی دووبارە.

شاهۆ حوسێنی: منیش سوپاسی ئێوەی ئازیز دەکەم لە کوردکەناڵی خۆشەویست. هەر بژی.

شەماڵ نەغیبی: لەگەڵمان بن، لەگەڵتانین لە کوردکەناڵ، دەنگی ڕاستبێژی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان. هەر بژی.

توافق تعلیقی؛ صلحی که قرار نیست اتفاق بیفتد

  شاهو حسینی در ادبیات رسمی دیپلماسی، هر مذاکره‌ای به‌طور پیش‌فرض با هدف رسیدن به توافقی تعریف می‌شود؛ اما تجربه‌ی روابط پرتنش میان ایران ...