۱۴۰۵ اردیبهشت ۱۸, جمعه

کوردستان: میتا-فینۆمینۆلۆژی گەوهەر

 








(بۆچی کوردستان بان حیزب، جێندەر و چینە)

شاهۆ حوسێنی

لە هەموو ئەو چوارچێوە ناسراوانەدا کە خوێندنەوەیان بۆ کوردستان کردوە، چ لەرووی جوگرافی، چ سیاسی، چ‌کۆمەڵایەتی‌و چ مێژووییدا، هەمیشە بنەمایەک لەبیر کراوە: ئەوەی کە کوردستان پێش ئەوەی بابەتێکی جوگرافی، سیاسی،کۆمەڵایەتی یان مێژووی بێت، ڕووداوێکی بوونناسییە. ئەوەی زۆرجار لە گوتاری ڕۆژانەدا بە ناوی "پرسیاری کورد" باسی لێوەدەکرێت و شرۆڤەدەکرێت، لە ڕاستیدا هێمای دیاردەیەکی ڕادیکاڵترە کە ناتوانرێت بە زمانی ململانێی سیاسی یان بە زمانی پێکهاتە کاتییەکان لێک‌بدرێتەوە. بەباوەڕی نووسەری ئەم دێڕانە، کوردستان نە تەنیا دیاردەیەکی مێژوویی، بەڵکو گەوهەرێکی بوونناسییە؛ گەوهەرێک کە حیزب،جیندەر و چین تەنیا وەک عەرزەکانی ئەو دەردەکەون.

مەبەست لە "میتا-فینۆمینۆلۆژی" لێرەدا گواستنەوەی شرۆڤەیە لە ئاستی دەرکەوتنی دیاردەکان بەرەو ئاستی ئەو مەرجانەی کە مەجالی دەرکەوتنی دیاردەکان دەڕەخسێنن. ئەگەر فینۆمینۆلۆژی لەڕەوانگەی هوسرڵدا هەوڵێک بێت بۆ گەڕانەوە بۆ دیاردەکان وەک خۆیان، واتە تێگەیشتن لەمە کە دیاردەکان(دەرکەوتەکان) چۆن و بە چ شێوەەک بۆ فام و وشیاری مرۆڤ دەردەکەون و دەبنە بابەتێک بۆ تێگەیشتن و فام، ئەوا میتا-فینۆمینۆلۆژی لەو مەرج و بنەمایانە دەکۆڵێتەوە کە چی وا دەکات دیاردەکان و دەرکەوتەکان بتوانن بەم شێوەیە بۆ وشیاری و فامی مرۆڤ دەربکەون، واتە ئەگەر لە فێنۆمێنۆلۆژی دا پرسیار دەکرێت کە دەرکەوتەکان چۆن دەبینرێن، ئەوا لە مێتا-فێنۆمێنۆلۆژیدا ئێمە لەو مەرج و بنەمایانە دەدوێین کە تێگەیشتن و فامی دەرکەوتەکان مومکین دەکەن.

بە گشتی مێتا-فێنۆمێنۆلۆژی هەوڵی گەڕانەوەیە بۆ ئەو بنەما نادیارانەی کە دیاردەکان لەسەر ئەساسی ئەوان دەتوانن بۆ فام‌و وشیاری دەربکەون. لەم ڕوانگەیەدا، ئیتر باس لەئەزموونی ژیاوی کوردستان نیە، بەڵکە باس لە خودی کوردستانە لەگوێن بەستێنێک بۆ سەرلەنوێ بیرکردنەوە لە مەجالەکان، سنوورەکان و بنەماکانی دەرکەوتنی دیاردەکان لەودا. لێرەدا ئیتر، کوردستان ناشێت تەنیا وەک دیاردەیەک لەئاستی سیاسی‌دا دەربخرێت‌و بخوێندرێتەوە؛ بەڵکو دەبێت بپرسین: چی وای کردووە کوردستان وەک ۆشیاری، سەرەڕای هەموو بەربەستەکان و دابەشبوونەکان، هێشتا لەگوێن سەرچاوەی وشیاری کۆمەڵایەتی دەربکەوێت؟

وەڵامی ئەم پرسیارە لە چەمکی گەوهەردایە. گەوهەر لێرەدا ناشێ لەگوێن مانایەکی ساکار و ڕەواڵەتی لێی تێبگەین؛ بەڵکو گەوهەر ئەو بنەما خۆ-بنیادنراوەیە کە پێش هەر دەرکەوتنێکی دیاریکراو، پێش هەر ڕێکخستنێکی سیاسی، و پێش هەر ئاواڵ‌ناوێکی دامەزراوەیی هەیە. لای نووسەری ئەم دێڕانە، کوردستان گەوهەرە، چونکە مانای خۆی لە دەرەوەی خۆی وەرناگرێت. بوونی ئەو پەیوەست نییە بە ناسنامەی پێکهاتە، کۆ یان حیزبێک، بە بڕیاری دەوڵەتێک، یان بە دانپێدانانی دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی، بەڵکە کوردستان لەگوێن گەوهەر، بەستێنیکی بوونناسانەیە کە فام، زەین و وشیاری کوردی لەگوێن سیستم و نیزامێکی هزری پێش جێندەر، چین، پلەی ئابووری و سیاسی تیا دەردەکەوێت.

لێرەدا جیاوازیی نێوان کوردستان و حیزب، جێندەر، چین و پلەی ئابووری و سیاسی، جیاوازیی نێوان گەوهەر و عەرزە. عەرەز، بەپێی ئەو خوێندنەوەیەی لێرەدا گریمانە دەکرێت، ئەو شێوازەیە کە لە گەوهەردا و لە قۆناغێکی دیاریکراوی مێژووییدا دەردەکەوێت، بەڵام هیچکات لەگەڵیدا یەک ناگرێت. حیزب، وەک عەرەز، لە دڵی پێویستییەکی مێژوویی‌دا سەرهەڵدەدات؛ بۆ وەڵامدانەوە بە بارودۆخێکی دیاریکراو، لە پێویستیی ڕێکخستن، یان لە هەوڵی وەرگێڕانی ۆشیاریی کۆمەڵایەتی بۆ کرداردا. بەڵام بوونی حیزب بە شێوەیەکی ئانتۆلۆژیک ثانەوییە؛ واتە حیزب لەسەر شتێک دامەزراوە کە خۆی دروستی نەکردووە. واتە بوونی حیزب،جێندەر و چین قائیم بە زاتی کوردستانن نەک پێچەوانەکەی.

ئەم بانگەشەیە تەنیا ڕستەیەکی ئابستراکت نییە، بەڵکو خۆی لەو بەستێنە مێژووییانەدا دەردەخات کە تێیاندا، سەرەڕای نەمانی ڕێکخراو و دامەزراوە، وشیاریی کوردستانی بەردەوام بووە. ئەگەر گەوهەری کوردستان بەرهەمی حیزب بایە، دەبوو لەگەڵ گۆڕانی فۆرمە سیاسییەکان بگۆڕدرێت یان لەناوبچێت. بەڵام بەردەوامیی ئەم وشیارییە(لە زمان، لە میتۆس، لە بیرەوەریی هاوبەش، لە ئەدەب، و لە ئەو ناوەرۆکانی کە هەرگیز نەبوونە بە بابەتی سازش)نیشانەی ئەوەیە کە ئێمە لەگەڵ دیاردەیەکی قووڵتر لە دامەزراوە سیاسیدا ڕووبەڕووین.

لێرەوە دەتوانین بڵێین کوردستان، بە مانایەکی هایدگەرییانە، جۆرێکە لە دازاینی کۆمەڵایەتی؛ نەک لەبەر ئەوەی بوونێکی وەک تاکە، کە خۆی دەناسێت، بەڵکە لەبەر ئەوی کە لە پڕۆسەی هەمیشەیی  لەخۆ-تێگەیشتن(سەیروورەت)‌دایە، خۆی بەردەوام دووبارە بنیاددەنێتەوە. حیزبەکان لە باشترین حاڵەتدا مۆدێک لە خۆ-دەربڕینی ئەم دازاینەن، نەک بنەمای بوونی.

هەر لەم شوێنەدا پێویستە ئاگاداری شتێکی گرنگ بین: ئەم تێڕوانینە بانگەشەی ڕەهاییەکی ڕۆمانسی بۆ کوردستان ناکات. مەبەست ئەوە نییە کە کوردستان وەک گەوهەرێکی بێ‌کێشە و ساف پیشان بدرێت. گەوهەر هەمیشە لەناو دژایەتییەکانی خۆیدا خۆی دەناسێت. کوردستانیش لەناو قەڵشە ناوخۆییەکان، ململانێ سیاسییەکان و تەنانەت خۆ-دژایەتییەکانی خۆیدا بووە کە مانای خۆی پاراستووە. هەر بۆیەش گەوهەر لە ڕێگەی عەرزەکانەوە خۆی دەردەخات، بەڵام تێیاندا تەواو نابێت.

کەوابێ، هەر فۆڕم، پێکهاتە یان حیزبێک، کاتێک هەوڵ دەدات خۆی وەک تاکە نوێنەری شەرعی کوردستان بناسێنێت، لە ڕاستیدا هەوڵی داگیرکردنی شوێنی گەوهەر دەدات. ئەم هەوڵە لە بنەڕەتدا شکستی پێش‌وەختە، چونکە عەرەز ناتوانێت جێگای ئەو بنەمایە بگرێتەوە کە خۆی لەوێڕا دەرکەوتوە و لەوێوە هاتووە.

کەواتە پرسیاری "بۆچی کوردستان بان حیزبەکانە؟" پرسیارێکی سیاسیی سادە نییە. ئەم پرسیارە لە لەگەڵ خۆیدا ئەو پرسیارە هەڵدەگرێت کە: کام یەک لەوانە ژێرخانن و کامیان ڕووخانن؟ ئەگەر بتوانین ئەم جیاوازییە بپارێزین، ئەوا دەزانین کە حیزب، هەرچەندە پێویست، هەمیشە ڕووخانە؛ بەڵام کوردستان، وەک گەوهەرێکی خۆ-دامەزراندوو، لەبان هەموو ئەو شێوازە کاتییانەدا دەمێنێتەوە. حیزبەکان وەک شەپۆلی سەر ڕوو دێن و دەڕۆن؛ بەڵام کوردستان، وەک ئەو قووڵاییەی شەپۆلەکان لێی هەڵدەستێن، هەمیشە دەمێنێتەوە

۱۴۰۵ اردیبهشت ۱۳, یکشنبه

سوژەڤانی‌و کۆڵەکەی چوارەمی دێمۆکراسی


 







 (دیاردەناسیی ئازادیی بڵاڤۆک لە بنیادنانی دیمۆکراسی و سەروەریی هزریدا)

شاهۆ حوسێنی

دیمۆکراسی، ئەگەرچی زۆرجار وەک سیستەمێکی یاسایی و تەکنیکی بۆ بەڕێوەبردنی دەسەڵات پێناسە دەکرێت، بەڵام لە بنەڕەتدا زۆر قوڵتر و بەربڵاوتر لەمەیە. دیمۆکراسی پێکهاتەیەکی زەینی و مەعریفییە کە لەسەر بنەمای دانپێدانان بە ئیرادەی مرۆڤ وەک سەرچاوەی ڕەوایی دامەزراوە. ئەم ئیرادەیە تەنیا لە ڕێگەی دەنگدان یان بەشداریکردنی فەرمی لە دامەزراوەکاندا ناگونجێت؛ بەڵکوو پێویستی بە کەشێکی ئازاد هەیە بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت لە ئاستی "بوون"دا خۆی وەک سوژە بناسێنێت و دەربخات. ئەگەر یاسا، پەرلەمان و حیزب وەک سێ کۆڵەکەی جەستەی دیمۆکراسی دابنرێن، ئەوا ئازادی بلاڤۆک و بڵاوکردنەوە ئەو هێزەیە کە روح وە بەر ئەم جەستەیە دەنێت. بێ‌گومان بڵاوکراوە تەنیا ئامرازێک بۆ گواستنەوەی زانیاری نییە؛ بەڵکوو شوێنی لەدایکبوونی سوژەی سیاسی و پارێزەری سەروەریی هزری پارێزەری تاک و نەتەوەییە.

-       سوژەڤانی و لەدایکبوونی فەزای گشتی

سوژەڤانی، لەم چوارچێوەیەدا، بە واتای ئەو پرۆسەیە کە مرۆڤ لە بارودۆخی بێدەنگی و وەرگرتنی فەرمان(گوێ‌ڕایەڵی، ملکەچی و ئۆبژەڤانی)دەردەچێت و دەبێتە بوونێکی خۆداڕێژەر، بنیادنەر و بیرکەرەوە. هابێرماس‌لە تیۆری "فەزای گشتی"دا ئاماژە بەوە دەکات کە دیمۆکراسی لەو شوێنەدا دەستپێدەکات کە تاکەکان دەتوانن بە شێوەیەکی ئازاد، لە دەرەوەی گوشاری ڕاستەوخۆی دەسەڵات، لەگەڵ یەکدا گتووبێژ و دانووستان بکەن. بێ‌گومان بڵاڤۆک‌و بڵاوکراوەش ڕیک ئەم بەستێن‌و فەزایەن کە گتووبێژی ئازاد و دانووستانی ئازادی سوژەکان لەودا دەخوڵقێن. بەم شێوەیە کاتێک تاک بتوانێت قسە بکات، پرسیار بکات و گوێ بگرێت، لە دۆخی "ئۆبژەبوون"  بەرەو دۆخی "سوبژەبوون" دەردەچێت. لەڕاستیدا سوژە ئەو بوونەیە کە دەتوانێت بڕیارەکان بخاتە ژێر تیشکی گومان و پرسیار و لە نێوان گوتارە جیاوازەکاندا مەجالی هەڵبژاردنی هەبێت. هەربۆیەش، بڵاوکراوە تەنیا میدیای هەواڵ نییە؛ دامەزراوەیەکی ئانتۆلۆژیکاڵە بۆ لەدایکبوونی سوژە.

-       بڵاوکراوە و ڕۆشنگەری: دەرچوون لە کەمئەندامیی فکری

کانت ڕۆشنگەری بە دەرچوونی مرۆڤ لە کەمئەندامیی هزری بەهۆی ‌غیرەت وەبەرخۆنان لەدەکارکردنی عەقڵ دەزانێت. کەمئەندامی لای کانت ئەمەیە، کە مرۆڤ عەقڵی خۆی بەکار نەهێنێت و بیرکردنەوەی خۆی بسپێرێت بە دیاردە، دەرکەوتە و کەسێکی‌تر. لە کۆمەڵگایەکدا کە بڵاوکراوەی ئازاد نییە، دەسەڵات دەور ونەخشێکی دیاریکراو و جیهانێکی نەخشاو و بەرهەمهاتوو لەدەرەوەی ئیرادەو خواستی هاووڵاتیان بە هاووڵاتیان پیشان دەدات. ئەمە تەنیا سانسۆری زانیاری نییە؛ بەڵکە ڕێک سنووردارکردنی خودی تواناى بیرکردنەوەیە. کاتێک زانیاری لە یەک سەرچاوەدا قۆرخ دەکرێت، مرۆڤ ناچار دەبێت جیهان بە چاوی دەسەڵات ببینێت. بەڵام بڵاوکراوەی ئازاد ئەم مۆنۆپۆلییە دەشکێنێت. بە پێشکەشکردنی گوتارە جیاوازەکان، فەزایەک دروست دەکات کە تێیدا هاووڵاتی دەتوانێت بە عەقڵی خۆی هەڵبژێرێت. لێرەدا بڵاوکراوە دەبێتە ئامرازێکی ئەپیستمۆلۆژیک بۆ ئازادکردنی هۆش.

-       ململانێی لۆگۆس و کراتۆس

مێژووی سیاسەت، لە بنەڕەتدا، مێژووی ململا‌نێی نێوان لۆگۆس و کراتۆسە. لۆگۆس، واتە عەقڵ و گوتار. کراتۆس، واتە هێز و زاڵبوون. هەموو دەسەڵاتێکی پاوانخواز هەوڵ دەدات کراتۆس بەسەر لۆگۆسدا بسەپێنێت. لەبەر ئەوە یەکەم هێرشەکانی هەر سیستەمێکی‌ئۆتۆریتاریان‌بۆ سەر بڵاوکراوە دەبێت. چونکە دەزانێت بڵاوکراوە شوێنی بەرهەمهێنانی لۆگۆسە. کاتێک ئەم شوێنە لەناوبچێت، عەقڵانییەتی ڕەخنەگرانە جێگای خۆی بە پڕوپاگەندەو پۆپۆلیسم دەدات. دەسەڵات تەنیا بڕیار نادات؛ مانای بڕیارەکانیش خۆی دیاری دەکات. بەڵام بڵاوکراوەی ئازاد ئەم هێژمونییە دەشکێنێت. ئەو بەردەوام پرسیار دەکات و هەر بڕیارێک دەخاتە ژێر تیشکی لێکۆڵینەوە. بۆیەش دەشێ بگوترێ کە ئەمە بنەمای عەقڵانییەتی سیاسی دێمۆکراتیکە.

-       کۆڵەکەی چوارەم: چاودێری دەسەڵات لەدەڕەوەڕا

تیۆرییە کلاسیکییەکانی دیمۆکراسی دەسەڵات بە سێ بەش دابەش دەکەن: یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری. مەبەست لەم دابەشکردنە ئەوەیە کە هیچ دامەزراوەیەک قۆرخکاری نەکات. بەڵام لێرەدا پرسیارێکی بنەڕەتی دێتەئاراوە: ئەگەر ئەم سێ دامەزراوەیە لەناوخۆیاندا هاوڕێ ببن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان، کێ چاودێریان دەکات؟ لێرەدا بڵاوکراوە وەک "کۆڵەکەی چوارەم" دەردەکەوێت. ئەم ناونیشانە تەنیا مێتافۆرێکی سیاسی نییە؛ بەڵکە هێمای پێگەی بڵاوکراوەیە لە پاراستنی هاوسەنگیی دەسەڵاتدا. لەڕاستیدا بڵاوکراوە میکانیزمی وڵامدەری دروست دەکات. ئەم میکانیزمە بە سێ قۆناغ کار دەکات: یەکەم، ئاشکراکردنی زانیارییە شاراوەکان. دووەم، گواستنەوەی ئەم زانیارییانە بۆ فەزای گشتی. سێیەم، دروستکردنی گوشاری ڕای گشتی بۆ وەڵامدانەوە. بێ ئەم پرۆسەیە، دیمۆکراسی لە ناوەڕۆکدا بەتاڵ دەبێت. حیزب دەبێتە کۆمپانیا. پەرلەمان دەبێتە شانۆ ویاسا دەبێتە شێوەیەکی فەرمی بۆ شەرعیکردنی سەررۆیی و پاوانخوازێتی هێز.

-       دیاردەناسیی سوژەی سەربەخۆ

بێ‌گومان دەسەڵات تەنیا لە فەرماندان و داڕشتنی چوارچێوەی یاسایی و ڕیساداڕشتندا ڕوونادات ؛ بەڵکوو لە شێوەی دەرخستنی زانیاری و گوتاریشدا ڕوودەدات و دەردەکەوێت. دەسەڵات دیاری دەکات چی بزانرێت، چۆن بزانرێت و چی لەگوێن حەقیقەت‌و ڕاستی وەربگیرێت و دانیپێدابنرێت. لە غیابی بڵاوکراوەی ئازاددا، مرۆڤ دەبێتە بەرهەمی ئەم گوتارە. بەڵام لە ژینگەیەکی پلۆراڵدا، سوژەی سەربەخۆ لەدایک دەبێت. ئەم سوژەیە کێیە؟ ئەوەی کە دەتوانێت لە نێوان چەندین گوتاری جیاوازدا، بە عەقڵی، سەربەخۆیانە و بۆ بەرژەوەندی خۆی هەڵبژێرێت. سوژەی سەربەخۆ تەنیا مافی قسەکردنی نییە؛ تواناى هەڵسەنگاندنی قسەشی هەیە و حاشا هەڵنەگریشە کە ئەم توانایە بەبێ ئازادیی بڵاڤۆک و بڵاوکردنەوە بەرهەم نایەت.

-       سەروەریی فکری و مانای ڕاستەقینەی نەتەوە

زۆرجار سەروەریی نەتەوەیی بە سنوور و هێزی سەربازی پێناسە دەکرێت. بەڵام ئەم پێناسەیە زۆر موبتەزەل وکەمە. نەتەوەیەک دەتوانێت سنووری جوگرافیی هەبێت، بەڵام سەروەریی فکری نەبێت. ئەگەر هاووڵاتییەکانی نەیان توانێت بە ئازادی بیر بکەنەوە، ئەوا  ئەو نەتەوەیە هێشتا لە ئاستی هۆشیاریی سیاسی دا ژێرچەپۆکەیە. سەروەریی ڕاستەقینە لەو شوێنەدا دەستپێدەکات کە نەتەوە بتوانێت بە عەقڵی خۆی خۆی بناسێت. بڵاوکراوەی ئازاد ئەو ئاوێنەیە کە کۆمەڵگا خۆی تیا دەبینێت. بەبێ ئەم ئاوێنەیە، خۆناسین نامومکینە. هەر بۆیەش دەشی بگوترێ کە، بەرگری لە بڵاوکراوە، بەرگری لە سەروەریی و بەرژەوەندی نەتەوەییە.

 

 

-       پلۆرالیزم و شەرعییەتی دیمۆکراسی

پلۆرالیزم، ئەگەر تەنیا بە بوونی چەند دەنگ و ڕوانگەی جیاواز پێناسە بکرێت، هێشتا لە ئاستی ڕووکاردا دەمێنێتەوە. لە ڕوانگەی فەلسەفییەوە، پلۆرالیزم ڕادیکاڵ‌ترە لە کۆبوونەوەی دەنگە جیاوازەکان؛ لەڕاستیدا پلۆڕالیزم ئەو بارودۆخەیە کە تێیدا مرۆڤ بتوانێت لە نێوان مانا جیاوازەکاندا بە هۆی عەقڵی خۆی هەڵبژاردن بکات. ئازادی ڕاستەقینە لە خودی هەڵبژاردندا نییە؛ بەڵکە لە مەرجەکانی هەڵبژاردندایە. مرۆڤ کاتێک ئازادە کە لەبەردەم ئاسۆیەکی فراوان لە تێگەیشتن و گوتاری جیاوازدا بێت. ئەگەر ئەم ئاسۆیە سنووردار بکرێت، هەڵبژاردن دەگۆڕدرێت بۆ وەهمی هەڵبژاردن. ئەمە ئەو جیاوازییە کە سنووری نێوان "هەڵبژاردنی فەرمی" و "هەڵبژاردنی بوونی" دیاری دەکات.

هەڵبژاردنی فەرمی ئەوەیە کە مرۆڤ لەناو چوارچێوەیەکی پێشوەختە دیاریکراودا تەنیا یەکێک لەبەردەستەکان هەڵبژێرێت؛ بەڵام هەڵبژاردنی بوونی ئەوەیە کە خۆی بتوانێت بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە لە خودی ئەو چوارچێوەیەش بپرسێت. دیمۆکراسی تەنیا لەو کاتەدا شەرعییەت وەردەگرێت کە هاووڵاتی بتوانێت لە ئاستی دووەمدا کار بکات؛ واتە نە تەنیا هەڵبژێرێت، بەڵکوو لەسەر خودی مەرجەکانی هەڵبژاردنیش بیر بکاتەوە. لێرەدا ئازادیی بڵاوکردنەوە دەبێتە مەرجی پێشوو بۆ شەرعییەتی سیاسی. چونکە بێ بڵاوکراوەی ئازاد، پلۆرالیزم دەبێتە نمایشی ژمارەیی دەنگەکان، نەک فرەییی ڕاستەقینەی مانا. ئەگەر هاووڵاتی لە ژێر سایەی یەک گوتاری زاڵدا بڕیار بدات، ئەو بڕیارە هەرچەندە لە ڕێگەی دەنگدانەوە بێت، هێشتا لە ڕووی فەلسەفییەوە ئازادانە نییە.

ئەمە هەمان ئەو خاڵەیە کە زۆر سیستەمی سیاسیی تێیدا هەڵدەخەڵەتێن؛ ئەوان وەک دیمۆکراسی دەردەکەون، چونکە فۆرمی هەڵبژاردنیان هەیە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا هێشتا لەژێر کۆنترۆڵی مۆنۆپۆلیی گوتار و زانیاریدان. شەرعییەتی دیمۆکراسی لە سندوقی دەنگدانەوە دەست‌پێناکات؛ لەو فەزایەوە دەست‌پێدەکات کە سندوقی دەنگدان مانای تێدا وەردەگرێت. ئەم فەزایەش تەنیا بە بوونی بڵاوکراوەیەکی سەربەخۆ و پلۆراڵ دروست دەبێت. هەر بەم هۆکارەشە، دەسێ بگوترێ کە پلۆرالیزم تەنیا ڕێکخستنی جیاوازییەکان نییە؛ بەڵکوو پاراستنی مافی تاکە بۆ ئەوەی لە ناو جیاوازییەکاندا خۆی وەک سوژەیەکی بڕیاردەر دەربخات. ئەمەش بنەمای هەر شەرعییەتییەکی ڕاستەقینەی دیمۆکراتیکە.

-       دەرئەنجام

بەرگری لە ئازادیی بڵاوکردنەوە، بەرگری لە پیشەی ڕۆژنامەنووسی نییە. ئەمە بەرگرییە لە خودی بوونی مرۆڤ وەک بوونێکی بیرکەرەوە. کۆمەڵگایەک کە بڵاوکراوەی سەربەخۆی هەیە، دەتوانێت خۆی ڕەخنە بکات، خۆی چاک بکاتەوە و خۆی بگۆڕێت. بەڵام کۆمەڵگایەک کە دەنگی ڕەخنەی تێدا بکوژرێت، هەرچەندە دامەزراوە و هەڵبژاردنی هەبێت، لە ناوەڕۆکدا بەتاڵە. دیمۆکراسی لەو کاتەدا ڕاستەقینەیە کە هاووڵاتی تێیدا مافی ئەوەی هەبێت نەک تەنیا قسە بکات، بەڵکوو گوێی لێ بگیرێت.

بۆیە بەهێزکردنی ئەم "کۆڵەکەی چوارەم"ە بەهێزکردنی یەک دامەزراوە نییە؛ بەهێزکردنی بناغەی عەقڵانییەتی نەتەوەییە. چونکە لە کۆتاییدا، نەتەوەی سەروەر ئەوە نییە کە تەنیا سنوورێکی پارێزراوی هەبێت؛ بەڵکوو ئەوەیە کە هیچ کەسێک لە جیاتی بیر نەکاتەوە.


سەرچاوەی وتار: سوژەڤانی و کۆڵەکەی چوارەمی دێموکراسی (دیاردەناسیی ئازادیی بڵاڤۆک لە بنیادنانی دێموکراسی و سەروەریی هزریدا)

قووڵایی ستراتیژی لە دەرەوەی سنوورەکان؛ پێگەی حیزبوڵڵا لە مێعماری ئاسایشی نەتەوەیی کۆماری ئیسلامیدا

  شاهۆ حوسێنی لە گوتاری فەرمیی کۆماری ئیسلامیدا، چەمکی ئاسایشی نەتەوەیی لە تێگەیشتنێکی کلاسیکیی سنووردارەوە بۆ تێگەیشتنێکی تۆڕیی(شبکەای) و...