(دیاردەناسیی ئازادیی بڵاڤۆک لە بنیادنانی دیمۆکراسی و سەروەریی هزریدا)
شاهۆ
حوسێنی
دیمۆکراسی،
ئەگەرچی زۆرجار وەک سیستەمێکی یاسایی و تەکنیکی بۆ بەڕێوەبردنی دەسەڵات پێناسە
دەکرێت، بەڵام لە بنەڕەتدا زۆر قوڵتر و بەربڵاوتر لەمەیە. دیمۆکراسی پێکهاتەیەکی زەینی
و مەعریفییە کە لەسەر بنەمای دانپێدانان بە ئیرادەی مرۆڤ وەک سەرچاوەی ڕەوایی
دامەزراوە. ئەم
ئیرادەیە تەنیا لە ڕێگەی دەنگدان یان بەشداریکردنی فەرمی لە دامەزراوەکاندا
ناگونجێت؛ بەڵکوو پێویستی بە کەشێکی ئازاد هەیە بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت لە ئاستی
"بوون"دا خۆی وەک سوژە بناسێنێت و دەربخات. ئەگەر یاسا،
پەرلەمان و حیزب وەک سێ کۆڵەکەی جەستەی دیمۆکراسی دابنرێن، ئەوا ئازادی بلاڤۆک و
بڵاوکردنەوە ئەو هێزەیە کە روح وە بەر ئەم جەستەیە دەنێت. بێگومان بڵاوکراوە
تەنیا ئامرازێک بۆ گواستنەوەی زانیاری نییە؛ بەڵکوو شوێنی لەدایکبوونی سوژەی سیاسی
و پارێزەری سەروەریی هزری پارێزەری تاک و نەتەوەییە.
- سوژەڤانی و لەدایکبوونی فەزای گشتی
سوژەڤانی،
لەم چوارچێوەیەدا، بە واتای ئەو پرۆسەیە کە مرۆڤ لە بارودۆخی بێدەنگی و وەرگرتنی
فەرمان(گوێڕایەڵی، ملکەچی و ئۆبژەڤانی)دەردەچێت و دەبێتە بوونێکی خۆداڕێژەر،
بنیادنەر و بیرکەرەوە. هابێرماسلە
تیۆری "فەزای گشتی"دا ئاماژە بەوە دەکات کە دیمۆکراسی لەو شوێنەدا
دەستپێدەکات کە تاکەکان دەتوانن بە شێوەیەکی ئازاد، لە دەرەوەی گوشاری ڕاستەوخۆی
دەسەڵات، لەگەڵ یەکدا گتووبێژ و دانووستان بکەن. بێگومان بڵاڤۆکو بڵاوکراوەش ڕیک ئەم
بەستێنو فەزایەن کە گتووبێژی ئازاد و دانووستانی ئازادی سوژەکان لەودا دەخوڵقێن. بەم شێوەیە کاتێک
تاک بتوانێت قسە بکات، پرسیار بکات و گوێ بگرێت، لە دۆخی "ئۆبژەبوون" بەرەو دۆخی "سوبژەبوون" دەردەچێت. لەڕاستیدا سوژە
ئەو بوونەیە کە دەتوانێت بڕیارەکان بخاتە ژێر تیشکی گومان و پرسیار و لە نێوان
گوتارە جیاوازەکاندا مەجالی هەڵبژاردنی هەبێت. هەربۆیەش، بڵاوکراوە تەنیا میدیای
هەواڵ نییە؛ دامەزراوەیەکی ئانتۆلۆژیکاڵە بۆ لەدایکبوونی سوژە.
- بڵاوکراوە و ڕۆشنگەری: دەرچوون لە
کەمئەندامیی فکری
کانت
ڕۆشنگەری بە دەرچوونی مرۆڤ لە کەمئەندامیی هزری بەهۆی غیرەت وەبەرخۆنان
لەدەکارکردنی عەقڵ دەزانێت. کەمئەندامی لای کانت ئەمەیە، کە مرۆڤ عەقڵی
خۆی بەکار نەهێنێت و بیرکردنەوەی خۆی بسپێرێت بە دیاردە، دەرکەوتە و کەسێکیتر. لە
کۆمەڵگایەکدا کە بڵاوکراوەی ئازاد نییە، دەسەڵات دەور ونەخشێکی دیاریکراو و
جیهانێکی نەخشاو و بەرهەمهاتوو لەدەرەوەی ئیرادەو خواستی هاووڵاتیان بە هاووڵاتیان
پیشان دەدات. ئەمە
تەنیا سانسۆری زانیاری نییە؛ بەڵکە ڕێک سنووردارکردنی خودی تواناى بیرکردنەوەیە. کاتێک
زانیاری لە یەک سەرچاوەدا قۆرخ دەکرێت، مرۆڤ ناچار دەبێت جیهان بە چاوی دەسەڵات
ببینێت. بەڵام بڵاوکراوەی
ئازاد ئەم مۆنۆپۆلییە دەشکێنێت. بە
پێشکەشکردنی گوتارە جیاوازەکان، فەزایەک دروست دەکات کە تێیدا هاووڵاتی دەتوانێت
بە عەقڵی خۆی هەڵبژێرێت. لێرەدا
بڵاوکراوە دەبێتە ئامرازێکی ئەپیستمۆلۆژیک بۆ ئازادکردنی هۆش.
- ململانێی لۆگۆس و کراتۆس
مێژووی
سیاسەت، لە بنەڕەتدا، مێژووی ململانێی نێوان لۆگۆس و کراتۆسە. لۆگۆس،
واتە عەقڵ و گوتار. کراتۆس،
واتە هێز و زاڵبوون. هەموو
دەسەڵاتێکی پاوانخواز هەوڵ دەدات کراتۆس بەسەر لۆگۆسدا بسەپێنێت. لەبەر
ئەوە یەکەم هێرشەکانی هەر سیستەمێکیئۆتۆریتاریانبۆ سەر بڵاوکراوە دەبێت. چونکە
دەزانێت بڵاوکراوە شوێنی بەرهەمهێنانی لۆگۆسە. کاتێک ئەم
شوێنە لەناوبچێت، عەقڵانییەتی ڕەخنەگرانە جێگای خۆی بە پڕوپاگەندەو پۆپۆلیسم دەدات. دەسەڵات
تەنیا بڕیار نادات؛ مانای بڕیارەکانیش خۆی دیاری دەکات. بەڵام
بڵاوکراوەی ئازاد ئەم هێژمونییە دەشکێنێت. ئەو بەردەوام
پرسیار دەکات و هەر بڕیارێک دەخاتە ژێر تیشکی لێکۆڵینەوە. بۆیەش دەشێ
بگوترێ کە ئەمە بنەمای عەقڵانییەتی سیاسی دێمۆکراتیکە.
- کۆڵەکەی چوارەم: چاودێری دەسەڵات
لەدەڕەوەڕا
تیۆرییە
کلاسیکییەکانی دیمۆکراسی دەسەڵات بە سێ بەش دابەش دەکەن: یاسادانان،
جێبەجێکردن و دادوەری. مەبەست
لەم دابەشکردنە ئەوەیە کە هیچ دامەزراوەیەک قۆرخکاری نەکات. بەڵام لێرەدا پرسیارێکی
بنەڕەتی دێتەئاراوە: ئەگەر
ئەم سێ دامەزراوەیە لەناوخۆیاندا هاوڕێ ببن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان، کێ
چاودێریان دەکات؟ لێرەدا
بڵاوکراوە وەک "کۆڵەکەی چوارەم" دەردەکەوێت. ئەم
ناونیشانە تەنیا مێتافۆرێکی سیاسی نییە؛ بەڵکە هێمای پێگەی بڵاوکراوەیە لە
پاراستنی هاوسەنگیی دەسەڵاتدا. لەڕاستیدا بڵاوکراوە
میکانیزمی وڵامدەری دروست دەکات. ئەم
میکانیزمە بە سێ قۆناغ کار دەکات: یەکەم،
ئاشکراکردنی زانیارییە شاراوەکان. دووەم، گواستنەوەی ئەم زانیارییانە بۆ فەزای
گشتی. سێیەم،
دروستکردنی گوشاری ڕای گشتی بۆ وەڵامدانەوە. بێ
ئەم پرۆسەیە، دیمۆکراسی لە ناوەڕۆکدا بەتاڵ دەبێت. حیزب
دەبێتە کۆمپانیا. پەرلەمان
دەبێتە شانۆ ویاسا دەبێتە شێوەیەکی فەرمی بۆ شەرعیکردنی سەررۆیی و پاوانخوازێتی هێز.
- دیاردەناسیی سوژەی سەربەخۆ
بێگومان
دەسەڵات تەنیا لە فەرماندان و داڕشتنی چوارچێوەی یاسایی و ڕیساداڕشتندا ڕوونادات ؛
بەڵکوو لە شێوەی دەرخستنی زانیاری و گوتاریشدا ڕوودەدات و دەردەکەوێت. دەسەڵات
دیاری دەکات چی بزانرێت، چۆن بزانرێت و چی لەگوێن حەقیقەتو ڕاستی وەربگیرێت و
دانیپێدابنرێت. لە
غیابی بڵاوکراوەی ئازاددا، مرۆڤ دەبێتە بەرهەمی ئەم گوتارە. بەڵام لە
ژینگەیەکی پلۆراڵدا، سوژەی سەربەخۆ لەدایک دەبێت. ئەم سوژەیە کێیە؟
ئەوەی کە دەتوانێت لە نێوان چەندین گوتاری جیاوازدا، بە عەقڵی، سەربەخۆیانە و بۆ
بەرژەوەندی خۆی هەڵبژێرێت. سوژەی
سەربەخۆ تەنیا مافی قسەکردنی نییە؛ تواناى هەڵسەنگاندنی قسەشی هەیە و حاشا
هەڵنەگریشە کە ئەم توانایە بەبێ ئازادیی بڵاڤۆک و بڵاوکردنەوە بەرهەم نایەت.
- سەروەریی فکری و مانای ڕاستەقینەی
نەتەوە
زۆرجار
سەروەریی نەتەوەیی بە سنوور و هێزی سەربازی پێناسە دەکرێت. بەڵام ئەم
پێناسەیە زۆر موبتەزەل وکەمە. نەتەوەیەک
دەتوانێت سنووری جوگرافیی هەبێت، بەڵام سەروەریی فکری نەبێت. ئەگەر
هاووڵاتییەکانی نەیان توانێت بە ئازادی بیر بکەنەوە، ئەوا ئەو نەتەوەیە هێشتا لە ئاستی هۆشیاریی سیاسی دا
ژێرچەپۆکەیە. سەروەریی
ڕاستەقینە لەو شوێنەدا دەستپێدەکات کە نەتەوە بتوانێت بە عەقڵی خۆی خۆی بناسێت. بڵاوکراوەی
ئازاد ئەو ئاوێنەیە کە کۆمەڵگا خۆی تیا دەبینێت. بەبێ ئەم
ئاوێنەیە، خۆناسین نامومکینە. هەر
بۆیەش دەشی بگوترێ کە، بەرگری لە بڵاوکراوە، بەرگری لە سەروەریی و بەرژەوەندی
نەتەوەییە.
- پلۆرالیزم و شەرعییەتی دیمۆکراسی
پلۆرالیزم،
ئەگەر تەنیا بە بوونی چەند دەنگ و ڕوانگەی جیاواز پێناسە بکرێت، هێشتا لە ئاستی ڕووکاردا
دەمێنێتەوە. لە ڕوانگەی فەلسەفییەوە، پلۆرالیزم ڕادیکاڵترە لە کۆبوونەوەی دەنگە جیاوازەکان؛
لەڕاستیدا پلۆڕالیزم ئەو بارودۆخەیە کە تێیدا مرۆڤ بتوانێت لە نێوان مانا جیاوازەکاندا
بە هۆی عەقڵی خۆی هەڵبژاردن بکات. ئازادی ڕاستەقینە لە خودی
هەڵبژاردندا نییە؛ بەڵکە لە مەرجەکانی هەڵبژاردندایە. مرۆڤ کاتێک ئازادە کە لەبەردەم ئاسۆیەکی فراوان
لە تێگەیشتن و گوتاری جیاوازدا بێت. ئەگەر ئەم ئاسۆیە سنووردار بکرێت، هەڵبژاردن دەگۆڕدرێت
بۆ وەهمی هەڵبژاردن. ئەمە ئەو جیاوازییە کە
سنووری نێوان "هەڵبژاردنی فەرمی" و "هەڵبژاردنی بوونی" دیاری
دەکات.
هەڵبژاردنی
فەرمی ئەوەیە کە مرۆڤ لەناو چوارچێوەیەکی پێشوەختە دیاریکراودا تەنیا یەکێک لەبەردەستەکان
هەڵبژێرێت؛ بەڵام هەڵبژاردنی بوونی ئەوەیە کە خۆی بتوانێت بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە
لە خودی ئەو چوارچێوەیەش بپرسێت. دیمۆکراسی تەنیا لەو کاتەدا
شەرعییەت وەردەگرێت کە هاووڵاتی بتوانێت لە ئاستی دووەمدا کار بکات؛ واتە نە تەنیا
هەڵبژێرێت، بەڵکوو لەسەر خودی مەرجەکانی هەڵبژاردنیش بیر بکاتەوە. لێرەدا ئازادیی بڵاوکردنەوە
دەبێتە مەرجی پێشوو بۆ شەرعییەتی سیاسی. چونکە بێ بڵاوکراوەی ئازاد، پلۆرالیزم دەبێتە
نمایشی ژمارەیی دەنگەکان، نەک فرەییی ڕاستەقینەی مانا. ئەگەر هاووڵاتی لە ژێر سایەی یەک گوتاری زاڵدا بڕیار
بدات، ئەو بڕیارە هەرچەندە لە ڕێگەی دەنگدانەوە بێت، هێشتا لە ڕووی فەلسەفییەوە
ئازادانە نییە.
ئەمە
هەمان ئەو خاڵەیە کە زۆر سیستەمی سیاسیی تێیدا هەڵدەخەڵەتێن؛ ئەوان وەک دیمۆکراسی
دەردەکەون، چونکە فۆرمی هەڵبژاردنیان هەیە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا هێشتا لەژێر کۆنترۆڵی
مۆنۆپۆلیی گوتار و زانیاریدان. شەرعییەتی دیمۆکراسی لە
سندوقی دەنگدانەوە دەستپێناکات؛ لەو فەزایەوە دەستپێدەکات کە سندوقی دەنگدان
مانای تێدا وەردەگرێت. ئەم فەزایەش تەنیا بە بوونی
بڵاوکراوەیەکی سەربەخۆ و پلۆراڵ دروست دەبێت. هەر بەم هۆکارەشە، دەسێ بگوترێ کە پلۆرالیزم تەنیا ڕێکخستنی جیاوازییەکان
نییە؛ بەڵکوو پاراستنی مافی تاکە بۆ ئەوەی لە ناو جیاوازییەکاندا خۆی وەک سوژەیەکی
بڕیاردەر دەربخات. ئەمەش بنەمای هەر شەرعییەتییەکی
ڕاستەقینەی دیمۆکراتیکە.
- دەرئەنجام
بەرگری
لە ئازادیی بڵاوکردنەوە، بەرگری لە پیشەی ڕۆژنامەنووسی نییە. ئەمە بەرگرییە
لە خودی بوونی مرۆڤ وەک بوونێکی بیرکەرەوە. کۆمەڵگایەک کە
بڵاوکراوەی سەربەخۆی هەیە، دەتوانێت خۆی ڕەخنە بکات، خۆی چاک بکاتەوە و خۆی بگۆڕێت. بەڵام
کۆمەڵگایەک کە دەنگی ڕەخنەی تێدا بکوژرێت، هەرچەندە دامەزراوە و هەڵبژاردنی هەبێت،
لە ناوەڕۆکدا بەتاڵە. دیمۆکراسی
لەو کاتەدا ڕاستەقینەیە کە هاووڵاتی تێیدا مافی ئەوەی هەبێت نەک تەنیا قسە بکات،
بەڵکوو گوێی لێ بگیرێت.
بۆیە
بەهێزکردنی ئەم "کۆڵەکەی چوارەم"ە بەهێزکردنی یەک دامەزراوە نییە؛
بەهێزکردنی بناغەی عەقڵانییەتی نەتەوەییە. چونکە لە
کۆتاییدا، نەتەوەی سەروەر ئەوە نییە کە تەنیا سنوورێکی پارێزراوی هەبێت؛ بەڵکوو ئەوەیە کە هیچ
کەسێک لە جیاتی بیر نەکاتەوە.
سەرچاوەی وتار: سوژەڤانی و کۆڵەکەی چوارەمی دێموکراسی (دیاردەناسیی ئازادیی بڵاڤۆک لە بنیادنانی دێموکراسی و سەروەریی هزریدا)
