۱۴۰۵ مهر ۲۶, یکشنبه

بوونێک لە غیابی سەروەری و لەناو دیالەکتیکی سوژەڤانیی ناتەواودا

 

(کورد لەگوێن کۆمەڵەیەکی مێژوویی لەغیابی خۆفەرمانڕەوایی سیاسی لە "مەم و زین"دا)

شاهۆ حوسێنی

"مەم و زین"ی ئەحمەدی خانی ناکرێت تەنیا وەک بەرهەمێکی ئەدەبی، چیرۆکێکی ئەوینداری یان تراژیک، لێک بدرێتەوە؛ بەڵکو دەکرێت وەک فۆرمولەکردنێکی پرسێکی سیاسیی، کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی بخوێندرێتەوە: واتە تێگەیشتن لە بوونمەندیی مێژوویی کۆمەڵێکی مرۆیی و ئەگەری بوون بە بکەری سەربەخۆیانەی چارەنووسی خۆی.

لە ئاسۆی هزری خانیدا، کورد بەر لە دامەزراندنی دەسەڵات، حوکمڕانی و پاشایەتی بوونی هەیە؛ خاوەنی زمان، کولتوور، یادەوەری و جیاوازیی مێژوویی خۆیەتی، بەڵام ئەم بوونمەندییە هێشتا لەگوێن  دەسەڵاتێکی سیاسیی سەربەخۆ تەعەییونی عەینی بەخۆ نەگرتووە. بۆیە نەبوونی حوکمڕانی و دەسەڵات بە مانای نەبوونی کورد نییە، بەڵکو نیشاندەری دابڕانێکە لەنێوان بوونی مێژوویی و دەرکەوتەی سیاسیی ئەو.



بەڵام لێرەدا جیاوازییەکی چەمکی و مێژووییی بنەڕەتیش هەیە کە نابێت پشتگوێ بخرێت: ئەو کۆمەڵە مرۆییەی خانی باسی دەکات، بە مانای مۆدێرنی چەمکەکە، هێشتا نەتەوەیەکی سیاسیی خۆبنەما نییە. ئەوەی لە "مەم و زین"دا دەردەکەوێت، بوونی کۆمەڵێکی مێژووییی خاوەن ناسنامەیەکی زمانی و کولتووریی هاوبەشە؛ کۆمەڵێک کە ئاگایە لە جیاوازیی خۆی لە گەڵ ئەوانی دی، بەڵام ئەم خۆئاگایییە هێشتا بە مانای خۆتێگەیشتن لە خۆی وەک سەرچاوەی ڕەوایی دەسەڵاتی سیاسی وەک تایبەتمەندێکی بنەڕەتەی نەتەوەی مۆدێڕن نییە.

دیارە، نەتەوە بە مانای مۆدێرنی خۆی، تەنیا کۆمەڵێکی خاوەن زمان، کولتوور و مێژووی هاوبەش نییە؛ بەڵکو فۆرمێکی نوێی خۆتێگەیشتنی بەکۆمەڵە کە تێیدا مرۆڤەکان دەتوانن خۆیان نە تەنیا وەک ئەندامی کۆمەڵێکی مێژوویی، بەڵکو وەک ئەندامانی سوژەیەکی سیاسیی خاوەن مافی سەروەری و دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان دەربخەن.

لە فۆرمی مۆدێڕنی  نەتەوەدا، چەمکەکانی هاوڵاتیبوون، یەکسانیی یاسایی، ئازادیی تاک، سوژەی مرۆیی و بەشداری لە دیاریکردنی چارەنووسی سیاسی بنەماگەلێکی تەوەرەیین. مرۆڤ لێرەدا تەنیا ئەندامی کۆمەڵێکی زمانەوانی و کولتووری نییە، بەڵکو دەتوانێت وەک هاوڵاتییەکی خاوەن ماف و بکەری سیاسی دەربکەوێت.

لە ئاستی ئانتۆلۆژییکدا، دەکرێت لە مەم و زینی خانی ڕا ئاگایی بوونمەندییەکی جیاوازی کورد بخوێندرێتەوە؛ لە ئاستی ئێپیستمۆلۆژیکدا، هەڵبژاردنی ئاگایانەی زمانی کوردی بۆ بەرهەمهێنانی ئەدەب، دەتوانرێت وەک هەنگاوێک بۆ شکاندنی مۆنۆپۆڵی زمانە باڵادەستەکان لە نوێنەرایەتیکردنی زمان لەگوێن زەین و مەعریفیدا لێک بدرێتەوە. لە ئاستی سیاسییەوەش، خانی پڕش‌وبڵاویی ناوخۆیی و ژێردەستیی کورد لە بەرامبەر دەسەڵاتەکانی عوسمانی و سەفەویدا وەک بەربەستەکانی یەکگرتوویی بۆ دەرکەوتنی دەسەڵاتێکی سەربەخۆی کوردی دەخاتە ڕوو.

لەگەڵ ئەوەشدا، پێویستە لە سەپاندنی چەمکەکانی ناسیۆنالیزمی مۆدێرن بەسەر جیهانی هزری خانیدا خۆ بپارێزین. ئاسۆی سیاسیی ئەو هێشتا لە چوارچێوەی فەرمانڕەواییی میرنشینی و پاشایەتیدا دەجووڵێتەوە، نەک سەروەریی نەتەوە وەک سەرچاوەی ڕەوایی دەسەڵات.

 خانی خوازیاری فەرمانڕەواییەکی کوردییە، بەڵام تیۆرییەک لەبارەی نەتەوە وەک سوژەیەکی سیاسیی خۆبنەماوە پێشکەش ناکات.

هەڵبەت خاڵی دابڕانی نێوان خانی و ناسیۆنالیزمی مۆدێرن، تەنیا لە گواستنەوەی "هەبوونی فەرمانڕەوایەکی کورد"ەوە بۆ "مافی نەتەوەی کورد بۆ فەرمانڕەواییکردن بەسەر خۆیدا" نییە؛ بەڵکو لە گۆڕانێکی بنەڕەتیدایە لە چۆنیەتیی تێگەیشتنی مرۆڤ لە خۆی وەک ئەندامی کۆمەڵێکی مێژوویی بەرەو خۆتێگەیشتنی وەک سوژەیەکی خاوەن ماف، ئازادی و توانای بەشداری لە دامەزراندنی نەزمی سیاسی.

واتە لە ئاسۆی خانیدا، پرسی سیاسی ئەوەیە کە بۆچی کورد، سەرەڕای بوونمەندیی مێژوویی و کولتووریی خۆی، خاوەنی فەرمانڕەواییەکی سەربەخۆ نییە؛ بەڵام لە ئاسۆی نەتەوەی مۆدێرندا، پرسەکە ڕەهەندێکی نوێ وەردەگرێت: بۆچی کۆمەڵێکی مرۆیی، وەک سوژەیەکی بەکۆمەڵی خاوەن ماف، ناتوانێت خۆی سەرچاوەی ڕەوایی دەسەڵات و بڕیاردەری چارەنووسی سیاسیی خۆی بێت؟

لەم ڕوانگەیەوە، گرینگیی فەلسەفیی "مەم و زین" لە سەلماندنی هەبوونی ناسیۆنالیزمی کوردی لە سەدەی حەڤدەهەمدا نییە، بەڵکو لە ئاشکراکردنی پرسێکدایە کە دواتر لە چوارچێوەی مافی چارەنووسی خۆدیاریکردندا فۆرمولە دەکرێتەوە: چلۆن کۆمەڵێکی مرۆیی کە ئاگایی بە بوونمەندیی مێژوویی خۆی هەیە، دەتوانێت لە ئۆبژەی بڕیاردانی ئەوانی دی تێپەڕێت و ببێتە بکەری بڕیاردان لەبارەی ئەگەرە مێژوویی و سیاسییەکانی خۆی؟

لێرەدا پرسی بنەڕەتی تەنیا دامەزراندنی دەوڵەت نییە، بەڵکو گواستنەوەیە لە خۆئاگایی کۆمەڵیوە بۆ سوژەیەتیی سیاسی؛ لە بوونمەندییەکی مێژوویی کە خۆی دەناسێت، بۆ سوژەیەکی سیاسی کە خۆی وەک خاوەنی مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی دەفامێت.

لە کۆتاییدا بەباوەڕی من،  ئەوەی لە "مەم و زین"دا دەبینرێت، نەتەوەی مۆدێرن بە مانای تەواوی چەمکەکە نییە، بەڵکو خۆئاگاییی کۆمەڵێکی مێژوویییە کە لە بەرزەخی ناسینی خۆی و نەبوونی دەسەڵاتی سیاسیی سەربەخۆدا دەژی. دیالەکتیکی سوژەڤانیی ناتەواو هەر لەم دەرزەدایە: کۆمەڵێک کە خۆی وەک بوونێکی جیاواز دەناسێت، بەڵام هێشتا خۆی وەک سەرچاوەی ڕەواییی فەرمانڕەوایی و بکەری دامەزرێنەری نەزمی سیاسی فۆرمولەنەکردووە.