۱۴۰۵ مهر ۲۶, یکشنبه

فاکتیسیتەی کوردبوون

 








(هەرێمی کوردستان و دەرکەوتنی کورد لەگوێن دازاین)

شاهۆ حوسێنی

 

هەرێمی کوردستان دەشێ بە چەندین شێوە بخوێندرێتەوە: لەگوێن ئەنجامی مێژوویەکی‌دوور ودرێژی خەباتی نەتەوەیی؛ یان‌پێکهاتەیەکی سیاسی و یاسایی لەناو عێراقی فیدراڵدا؛ وەک ئەزموونێک لە خۆبەڕێوەبردن؛ یان وەک مەیدانی ململا‌نێی حیزب، دەسەڵات، ئابووری و پەیوەندییە ناوخۆیی و هەرێمایەتییەکان. هەموو ئەمانە ڕەهەندگەلێکی واقعی هەرێمن، بەڵام هیچکام بە تەنیا ناتوانێت وێنای ڕادیکاڵی ئەو گۆڕانە دەربخات کە: دەرکەوتنی دامەزراوەکانی حوکمڕانیی کوردی چ ئاڵوگۆڕێکی لە شێوازی تێگەیشتنی کورد لە خۆی و لە شوێنی خۆی لە جیهاندا پێکیهێناوە؟.

هەر بۆیەش پرسیاری ئەم وتارە پرسیارێک بە مانای باوی سیاسی نییە. ناپرسێت حکومەتی هەرێم باش حوکمڕانی کردووە یان خراپ؛ ناپرسێت کام حیزب ڕاستترە و کام هەڵەتر؛ تەنانەت پرسی سەرەکی ئەوەش نییە کە هەرێم تا چەند لە ڕووی یاساییەوە دەسەڵاتی هەیە. پرسیار لە بنەڕەتدا ئۆنتۆلۆژیکە: چی لەئاستی کوردبووندا ڕووی داوە، کاتێک کورد بۆ یەکەم جار لە ئەزموونێکی مۆدێرن و بەردەوامدا توانی "خۆی" ببێتە یەکێک لە بکەرانی دامەزراندن، یاسادانان و حوکمڕانی؟

لێرەوە دەبێت جیاوازییەک لەنێوان "کورد کێیە؟" و "کورد چلۆن هەیە؟" دابنێین. پرسیاری یەکەم، پرسیاری ناسنامەیە: زمان چییە؟ خاک کامەیە؟ مێژوو چییە؟ نیشانە کولتوورییەکان چین؟ بەڵام دووەم یپرسیاری بوونە. واتە کورد چلۆن لە جیهاندا حزوور پەیدادەکات؟ چ ئاسۆیەک لە ئیمکانی لەبەردەمیدایە؟ خۆی لە پەیوەندی لەگەڵ خۆی و لەگەڵ ئەوی‌تردا چلۆن دەفامێت؟ لەم ڕوانگەیەدا، هەرێمی کوردستان لە "بابەتێکی سیاسی" دەگوازرێتەوە بۆ ڕووداوێکی ئۆنتۆلۆژیک.

 

 

-       دازاین؛ کورد کوردلەگوێن فۆڕمێک بوون لەجیهاندا

بۆ هایدگەر، دازاین ناوێکی‌تر بۆ ناسنامەی کۆمەڵایەتی، نەتەوەیی یان بایۆلۆژیکی مرۆڤ نییە. سەپاندنی"دازاین" بەسەر نەتەوەیەکدا و دروستکردنی شووناسێکی ئەبەدی بە ناوی "دازاینی کورد" دژ بە خودی ڕۆحی ئەم چەمکە دەبێت. لە بوون و کاتدا، دازاین ئەو بوونەیە کە بوونی خۆی بۆی دەبێتە پرسیار؛ بوونێک کە لەناو مەجالەکانی خۆیدا لە خۆ تێدەگات. هەروەها بوون-لە-جیهان، لە هایدگەردا تایبەتمەندییەکی زیادکراو بە مرۆڤ نییە، بەڵکو پێکهاتەی بنەڕەتی دازاینە. بۆیە کاتێک لێرەدا باس لە "دازاینی کوردی" دەکەین، نابێت مەبەستمان ئەوە بێت کە کورد شووناسێکی ئۆنتۆلۆژیکی تایبەتی هەیە کە فارس، عەرەب یان نەتەوەیەکی تر نییەتی. ئەوە دەبوو بە جۆرێک لە زاتخوازی. بەڵام بێ‌گومان مەبەست شتێکی ترە: دازاینی کوردی ناوی شێوازێکی مێژووییە لە بوون-لە-جیهان دا؛ ئەوەی کورد لەناو مێژوو، زمان، خاک، سنوور، دەسەڵات، نەکۆڵی ، بەرخۆدان و مەجالە سیاسییەکانی خۆیدا چۆن لەخۆی تێدەگات. ئەگەر بوونی مرۆڤ بوون-لە-جیهاندا بێت، گۆڕانی جیهان تەنها گۆڕینی ژینگەی دەرەکی نییە؛ دەتوانێت ئاسۆی مەجالەکانی  بوونیش بگۆڕێت. جیهان تەنیا کۆمەڵێک دیاردەی شتی فیزیکی نییە؛ بەڵکە کۆنتێکستی مانادارە کە دازاین تێیدا دەژی و کردار و مەجالەکانی بۆ مانادار دەبن. کەواتە پرسیاری ئێمە دەبێ ئەمە بێت: ئایخۆ دروستبوونی مەیدانێکی حوکمڕانیی کوردی، جیهانی کوردیشی گۆڕیوە؟ ئەگەر وەڵام ئەرێنی بێت، ئەوا ئێمە تەنیا لەبەردەم گۆڕانێکی سیاسیدا نین؛ بەڵکە لەبەردەم گۆڕانێک لە ئاسۆی بوونداین[1].

-        دازاینی نەکۆڵی لێکراو؛ بوون لەبەردەم ئەوی‌دیدا

بەشێکی گەورە لە ئەزموونی سیاسیی مۆدێرنی کورد لە پەیوەندییەکی نایەکسان لەگەڵ دەوڵەتە دەوروبەرەکاندا پێکهاتووە. واتە لە بارودۆخە جیاوازەکاندا، کورد ناچار بووە زمان، ناسنامە، ماف، خاک یان بوونی سیاسیی خۆی بسەلمێنێت و داوای بەفەرمی‌ناسینی بکات. ئەمە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر شێوازی خۆتێگەیشتوویی سیاسی دروست دەکات. کاتێک بوونی تۆ بەردەوام لەلایەن ئەوی‌دییەوە دەخرێتە ژێر پرسیار، بەشێک لە وزەی بوونت خەرجی سەلماندنی بوونی خۆت دەبێت: من هەم؛ زمانم هەیە؛ مێژووم هەیە؛ مافم هەیە؛ خاکم هەیە. لێرەدا ئەوی‌دی تەنیا دوژمنێکی سیاسی نییە؛ دەبێتە بەشێک لە میکانیزمی خۆفامین. کورد خۆی بەرامبەر بە ئەوی‌دی دەناسێنێت: ئەو ئینکار دەکات، مندەی‌ سەلمێنم؛ ئەو سەرکوت دەکات، من بەرخۆدان دەکەم؛ ئەو قەدەغە دەکات، من داوای ئازادی دەکەم. ئەمە دەتوانێت شێوازێکی بوون دروست بکات کە تەوەرەکەی وەڵامدانەوەیە؛ واتە ئەوی‌دی هەنگاوێک دەنێت و من وەڵام دەدەمەوە. بەم مانایە، تەنانەت لە کاتی بەرخۆدانیشدا ئەوی‌دی دەتوانێت بەشێک لە ئاسۆی مەجالەکانی من دیاری بکات. پرسیاری ڕادیکاڵ لێرەدابەڵام  ئەوەیە: چی ڕوودەدات ئەگەر کورد لە وەڵامدانەوە بە ئەوی‌دی تێپەڕێت و دەست بکات بە دامەزراندنی جیهانی خۆی؟ واتە نەک لەڕەوتێکی دژکردەوەییدا حەولی خۆسەلماندن بدات، کە لەڕەوتێکی کردەوەییدا خۆدەرخستن‌و خۆفامی بدات[2].

-        لە بۆشایی دەسەڵاتەوە بەرەو مەجالێکی نوێی بوون

دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ و کشانەوەی دامەزراوەکانی حکومەتی عێراق لە کوردستان، بۆشاییەکی ئیداری و یاسایی دروست بوو. لە ١٩ی ئایاری ١٩٩٢ هەڵبژاردن ئەنجام درا؛ ئەنجامەکە بوو بە دامەزراندنی ئەنجومەنی نیشتمانی‌کوردستان‌و پاشان‌حکومەتی‌هەرێمی‌کوردستان. یاساکانی‌هەمان ساڵ دامەزراندنی پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمیان‌ڕێکخست. ئەمە لە ڕووی مێژووییەوە ڕووداوێکی سیاسییە. بەڵام لە ڕووی فەلسەفییەوە دەتوانین خوێندنەوەیەکی ترمان هەبێت. لێرەدا کورد تەنیا دەسەڵاتێکی پێ نەدرا؛ ئاسۆیەکی نوێ لە مەجالی بوونی بۆ کرایەوە. تا بەر لەمە پرسیار دەیتوانی ئەوە بێت: بەغدا چ بڕیاڕێک دەدات؟ بەڵام ئێستا پرسیارێکی نوێ دروست دەبێت: ئێمە چ بڕیارێک دەدەین؟

لە ڕووی زمانەوانییەوە گۆڕانەکە بچووکە: " ئەوان"دەگۆڕێت بۆ "ئێمە". بەڵام لە ڕووی ئۆنتۆلۆژیکەوە، ئەمە گۆڕانێکی زەبەلاحە. چونکە "ئێمە" ئیدی تەنیا کۆمەڵێک نییە کە داواکاری لە دەسەڵات دەکات؛ خۆی دەبێتە یەکێک لە شوێنەکانی بەرهەمهێنانی دەسەڵات: یاسا دەنووسێت، دامەزراوە دروست دەکات، بودجە دیاری دەکات، سیاسەتی پەروەردە دادەڕێژێت، پەرلەمان هەڵدەبژێرێت و حکومەت پێکدەهێنێت. هەر بۆیەش ١٩٩٢ تەنیا ساڵی دامەزراندنی دامەزراوە نییە؛ لە خوێندنەوەی ئێمەدا یەکێکە لە ساتەکانی گۆڕینی پۆزیشنی سوژەی کوردی[3].

-       تەعەییون؛ کاتێک کوردبوون فۆڕم دەگرێت

لێرەدا دەگەینە چەمکی‌تەوەرەیی  ئەم وتارە: تەعەییونی ڕادیکاڵی کوردبوون. تەعەییون بەو مانایە نییە کە شووناسێکی پێشوەختەی ئامادە هەبووە و تەنیا دەرکەوتووە. بەڵکو لێرەدا مەبەست ئەوەیە کە مەجالەکانی مێژوویی فۆڕمی عەینی بەخۆوە دەگرن. تا کاتێک کوردبوون تەنیا لە هەست، بیرەوەری، زمان، ئەدەب، گۆرانی، خەبات یان خودئاگایی نەتەوەییدا حزووری هەبێت، دەتوانێت بەهێز بێت، بەڵام حزوورەکەی هێشتا تا ڕادەیەکی زۆردا سوبژێکتیڤ و کولتوورییە. بەڵام کاتێک دەبێتە پەرلەمان، یاسا، دامەزراوە، سیستەمی پەروەردە، زمانی‌ئیداری، پۆلیس، حکومەت و پەیوەندیی دەرەوە، ئەوا کوردبوون جەستەی دامەزراوەیی بەدەست دەهێنێت. دامەزراوەکان تەنیا نوێنەرایەتی کوردبوون ناکەن؛بەڵکە بەشێک لەو جیهانە دروست دەکەن کە کوردبوون تێیدا دەژیت. بۆیە دەتوانین بڵێین: هەرێم تەنیا شوێنی حوکمڕانیی کورد نییە؛ بەڵکە یەکێکە لە شوێنەکانی جیهان‌مەندبوونی کوردبوون.

ئەمەیە مانای تەعەییون، وڕادیکاڵیش لێرەدا بە مانای توندڕەوی نییە؛ بە مانای گەڕانەوە بۆ ڕەگ و بنەمای پرسیارەکەیە: بوون.  بنەمای پرسی ئێمەش ئەوە نییە کە کورد چی دەوێت؛ بنەمای پرسیارەکە ئەوەیە: کورد چلۆن دەبێت[4]؟

-        لە ناسنامەوە بۆ حزوور

لێرەدا جیاوازیی نێوان ناسنامە و حزوور دەبێتە کلیلی تێگەیشتن لە هەرێم. ناسنامە دەڵێت: من کوردەم. حزوور دەڵێت: من لێرەهەم. ناسنامە دەتوانێت داوای ناساندن بکات؛ حزوور پەیوەندی دروست دەکات. ناسنامە دەتوانرێت نەکۆڵی لێبکرێت؛ بەڵام حزوورێکی دامەزراوەیی، ئەگەرچی دەتوانرێت دژایەتی بکرێت یان سنووردار بکرێت، بە ئاسانی ناتوانرێت وەک "هیچ" مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. ئەمەیە ئەو شتەی پێشتر وەک سەپاندن بەسەر ئەوی‌تردا باسمان کرد. مەبەست سەپاندنی ئایدیۆلۆژیک نییە؛ مەبەست نامومکین‌کردنی نەکۆڵی‌کردن لە حزوور. هەرێم بە بوونی خۆی، پرسیارێک لەبەردەم ئەوی‌دی دادەنێت. ئەوی‌دی ئیتر تەنیا لەگەڵ تاکی کورد یان بزووتنەوەیەکی سیاسی ڕووبەڕوو نییە؛ لەگەڵ دامەزراوە، یاسا و جۆرێک لە حزووری سیاسیی کوردی مامەڵە دەکات. ئەم گۆڕانە لە ساڵی ٢٠٠٥دا ڕەهەندێکی دەستووریی ڕوونتری وەرگرت، کاتێک دەستووری عێراقی فیدراڵی، هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتە بەردەوامەکانی وەک هەرێمێکی فیدراڵ  بەفەرمی ناساند. ئەمە جیاوازە لە تێزی ئۆنتۆلۆژیکی ئێمە، بەڵام فۆڕمێکی یاسایی بە واقعیتێکی سیاسیی پێشتر هەبوو دەدات. لەم ساتەوە، کوردبوونئیتر  تەنیا دەربڕینی ناسنامە نییە؛ بەشێک لە واقعییەتی سیاسیی جیهانە[5].

-        حوکمڕانیی عەینی و حوکمڕانیی زەینی

بێ‌گومان گۆڕان تەنیا لە دەرەوە ڕوونادات. ئەگەر تەنیا ئاڵا، پەڕڵەمان، حکومەت و یاسا ببینین، نیوەی ڕووداوەکەمان بینیوە. نیوەکەی تر لە زەینی سوژەی کوردیدا ڕوودەدات.

کاتێ منداڵێک لە جیهانێکدا گەورە دەبێت کە زمانی کوردی زمانی قوتابخانە و دامەزراوەیە، پەرلەمانێک بە ناوی کوردستان دەبینێت و حکومەتێکی هەرێم دەناسێت، کوردبوون ئیتر هەمان جیهانی مانادار نییە کە  بەرەیەک یان بەرەکانی پێشووتر  تەنیا لە ماڵ، گۆرانی، چیا یان بەرخۆداندا دەیان دۆزییەوە. هەڵبەت ئەمە بەو مانای نییە کە ئەو منداڵە«کوردترە؛ بەڵکو ئاسۆی مەجالەکانی کوردبوونی جیاوازە لەبەر و بەرەکانی پێشووتر. ئەمەیە ئەوەی دەتوانین بە حوکمڕانیی زەینی ناوی ببەین. حوکمڕانیی زەینی بە مانای کۆنترۆڵکردنی مێشکی کۆمەڵگا نییە؛ بە مانای گۆڕانی ئەو ئاسۆیەیە کە تاک لەناویدا مەجالەکانی خۆی دەبینێت. پێشتر حکومەتی کوردی لەگوێن خەون و حەز و تاسە دەبنیرا؛ ئێستامرۆڤی کورد دەتوانێت ئەزموونی ڕۆژانەی بێت. پێشتر پەرلەمانی کوردستان دەیتوانی وێنەیەکی خەیاڵی بێت؛ ئێستا دەشێ ڕەخنەی لێ بگیرێت، هەڵبژێردرێت، شکست بخوات یان چاک بکرێت. ئەم گواستنەوەیە لە خەیاڵ بۆ ئەزموون، لە ڕووی فینۆمەنۆلۆژیکەوە گۆڕانێکی زۆر قووڵە.

 

-        لە ئۆبژەی حوکمڕانییەوە بۆ سوژەی حوکمڕانی

لە کۆنتێکستی ئێمەدا، ڕەنگە گرنگترین گۆڕان ئەوە بێت کە کورد لە ئۆبژەی حوکمڕانی دەگوازرێتەوە بۆ سوژەی حوکمڕانی. ئۆبژەی حوکمڕانی ئەوەیە کە یاسای بۆ دادەنرێت؛ سوژەی حوکمڕانی ئەوەیە کە خۆی بەشدارە لە دانانی یاسا. ئۆبژە پرسیاری لێ دەکرێت؛ سوژە بڕیار دەدات. ئۆبژە داوای ماف دەکات؛ سوژە دەتوانێ سیستەمێک دابڕێژێت کە مافەکانی  بپارێزێت. ئەمە گۆڕانێکی سادە نییە، چونکە لەگەڵ دەسەڵاتدا بەرپرسیاری دێت. تا ئەو کاتەی ئەوی‌دی بکەری سەرەکیی حوکمڕانییە، هۆکاری زۆرێک لە شکستەکان دەتوانرێت لە دەرەوە بدۆزرێتەوە. بەڵام کاتێک ئێمە دەسەڵاتمان هەیە، پرسیارێکی گرینگ دروست دەبێت: ئێمە چیمان بەمەجالەکانمان کرد؟ ئەمە پرسیارێکی سیاسی نییە تەنیا؛ پرسیارێکی ئەگزیستانسیالیستییە. چونکە مەجال بە بەرپرسیارەتێوە گرێدراوە. بۆیە ئازادی تەنیا ڕزگاربوون لە ئەوی‌دی نییە؛ بەڵکە دەشێ ئازادی ئەو ساتەش بێت، کە ناتوانی هەموو شکستەکانی خۆت بخەیتە سەرشانی ئەوی‌دی.




-        پارادۆکسی ئازادی: هەرێم و قورسایی بەرپرسیاری

لێرەدا هەرێمی کوردستان دەبێتە تاقیگەیەکی ئەگزیستانسیالیستی. چونکە ئازادی، کاتێک بە تەنیا خواستە، ڕۆمانتیکە؛ بەڵام کاتێک دەبێتە مەجال، قورس دەبێت. لە ساتی‌مەجالدا، دازاین ناچارە هەڵبژێرێت و هەر هەڵبژاردنێک ئەگەری شکست لەخۆدەگرێت. بۆیە حوکمڕانیی کوردی تەنیا بەڵگەی سەرکەوتنی خەباتی کورد نییە؛ مەیدانێکیشە کە کورد لەناویدا لەگەڵ کەموکوڕی، ناکۆکی و سنوورەکانی خۆی ڕووبەڕوو دەبێتەوە. ئەمە بە هیچ شێوەیە نابێت بە مانای پاککردنەوەی کاریگەریی دەسەڵاتە دەرەکییەکان بێت. هەرێم لەناو سیستەمێکی فیدراڵی، پەیوەندییە هەرێمایەتییەکان و هاوسەنگییە نێودەوڵەتییەکاندا دەژی و هەموو مەجالەکانی بەدەستی خۆی نییە. بەڵام فەلسەفە لێرەدا پرسیارێکی تر دەکات: لەو ڕێژە مەجالی کەهەمانە ، چلۆن خاوەندارێتی‌لە مەجالەکانمان دەکەین؟

ئەمە دەتوانێت خاڵی دەستپێکی ڕەخنەیەکی نوێ بێت. ڕەخنە لە هەرێم نابێت بە مانای ڕەتکردنەوەی هەرێم بێت؛ بە پێچەوانەوە، ئەگەر هەرێم مەیدانی تەعیوونی دازاینی کوردی بێت، ڕەخنە لەشێوازی حوکمڕانی دەتوانێت بەشێک بێت لە خاوەندارێتی بەرپرسیارانەی ئەم مەجالە.

- مەترسییەک: گریمانەی یەکسانی نێوان دازاین و دەوڵەت

لێرەدا دەبێت سنوورێکی تیۆریی ڕوون دابنێین. ئەگەر بڵێین هەرێم = دازاینی کوردی، تووشی کێشەیەکی گەورە دەبین. چونکە دازاینی کوردی ناتوانرێت لە حکومەتێک، حیزبێک، سنوورێک یان بەشێکی کوردستاندا کورت بکرێتەوە. کوردبوون لە هەولێر هەیە، بەڵام تەنیا لەوێ نییە؛ لە دیاربەکر هەیە، لە قامیشلۆ هەیە، لە مەهاباد هەیە، لە دیاسپۆرا هەیە، لە زمان، هونەر، ئەدەب، یادەوەری و ژیانی ڕۆژانەدا هەیە. بەڵام هەرێم نەک لەگوێن جوغرافیا و دەسەڵاتی ڕواڵەتی، بەڵکەلەگوێن فام و تێگەیشتوویەکی زەینی یەکێکە لە مەیدانە مێژووییە گرنگەکانی تەعەیوونی ئەو.  دازاین فراوانترە لە دامەزراوەی ڕواڵەتی؛ بەڵام دامەزراوەش دەتوانێ  فۆڕمێک لە فۆڕمەکانی جیهان‌مەندبوونی دازاین بێت. بۆیە تێزی ئێمە ئەوە نییە کەهەرێم خودی بوونی کوردە؛ تێزەکە ئەوەیە کە هەرێم یەکێکە لە قووڵترین تەعەییونە مێژووییەکانی بوونی سیاسیی کورد لە سەردەمی مۆدێرندا.

-        حزوور و ئەوی‌دی

ئێستا دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ ئەو چەمکەی لە سەرەتادا  وەک: سەپێنراو لەلایەن ئەوی‌دی باسمان کرد. کاتێک کوردبوون تەنیا ناسنامەیە، ئەوی‌دی دەتوانێت داوای بەڵگە بکات. بەڵام کاتێک کوردبوون فۆڕمی دامەزراوەیی وەردەگرێت، پەیوەندییەکە دەگۆڕێت.

لێرەدا کوردبوون ناڵێت: تکایە بوونی من بەفەرمی بناسە. بەڵکو دەڵێت: من هەم؛ ئێستا تۆ دەبێت پەیوەندیی خۆت بە حزووری من دیاری بکەیت. ئەمە گۆڕانێکی زۆر بنەڕەتییە: لە داواکاریی بەفەرمی ناسین بۆ سیاسەتی حزوور؛ لە سەلماندنی خۆوە بۆ واقعیت‌مەندکردنی خۆ؛ لە ناسنامەوە بۆ بوون-لە-جیهاندا. بەم مانایە، سەپاندن لێرەدا سەپاندنی باوەڕ نییە. هیچ دامەزراوەیەک ناتوانێت ئەوی‌دی ناچار بکات کوردبوونی خۆش بوێت یان لەگەڵ خواستە سیاسییەکانی هاوڕا بێت. ئەوەی دەگۆڕێت شتێکی ترە:  نەکۆڵی‌کردن لە کوردبوون قورستر دەبێت، چونکە کوردبوون ئیتر تەنیا گوتار نییە؛ بەلکە بوونێکی فۆڕم گرتووە.

-        لەکێینەوە بۆ چی دەکەین؟

ڕەنگە گرنگترین دەرئەنجامی هەرێم بۆ خودئاگایی کوردی ئەوە بێت کە پرسیارە نەتەوەییەکە بە تەنیا لە دەوری ئێمە کێین؟ ناسورێتەوە. چونکە کاتێک مەیدانێک لە حوکمڕانی دروست دەبێت، پرسیاری نوێ دەردەکەوێت: ئێمە چی دەکەین؟ چ جۆر کۆمەڵگەیەک دروست دەکەین؟ پەیوەندیی تاک و دەسەڵات چۆن دادەڕێژین؟ لەگەڵ جیاوازیی ئایینی، نەتەوەیی، ڕەگەزی و سیاسی چۆن مامەڵە دەکەین؟ ئازادیی ڕادەربڕین چۆن دەپارێزین؟ لە دادپەروەری  تێدەگەین؟ دەسەڵات چۆن سنووردار دەکەین؟ ئەم پرسیارانە دازاینی کوردی لەڕۆمانتیزمی ناسنامە دەگوازێتەوە ناو ئەخلاقی بەرپرسیاری. ئیدی بەس نییە بڵێین کوردبوون چییە؛ دەبێت‌بپرسین: کوردبوون کاتێک دەسەڵاتی هەیە، چی لە خۆی دەردەخات؟

-        کوردبوون وەک پڕۆسە، نەک  شووناس

لێرەدا دەگەینە یەکێک لە دەرئەنجامە هەرە گرنگەکانی خوێندنەوەی ئەگزیستانسیالیستی. ئەگەر بوون لە مەجالەکاندا خۆی دەردەخات، ئیتر کوردبوون نابشێ تەنیا لەگوێن میراتێکی کامڵ بووی ڕابردووتێبگەین. کوردبوون پڕۆسەیە؛ واتە بەردەوام لەسەیروورەت دایە. ئەوەی باوباپیرانمان بوون، بەشێکە لەوەی ئێمەین؛ بەڵام ناتوانێت بە تەنیا دیاری بکات ئێمە چی دەبین. زمانمان گرنگە، مێژوومان گرنگە، خاکمان گرنگە و یادەوەرییەکانمان گرنگن. بەڵام دازاین تەنیا بە ڕابردوو نانووسرێتەوە؛بەڵکە  لە پەیوەندیی نێوان فاکتیسیتە و مەجالەکاندا دەژی. ئێمە لە جیهانێکدا فڕێدراوین کە خۆمان هەڵماننەبژاردووە؛ بەڵام لەناو ئەو جیهانەدا لەگەڵ مەجالەکانمان ڕووبەڕوو دەبینەوە. هەرێم لەم ڕوانگەیەوەمەجالێکە؛ نە کۆتایی مێژووە، نە تەواوبوونی کوردبوونە و نە وەڵامی هەموو پرسیارەکانە. مەیدانێکە کە کوردبوون تێیدا دەتوانێت خۆی پرۆبلماتیزە بکات.

-        هەرێم وەک ئاوێنە

بۆیە ڕەنگە باشترین میتافۆر بۆ هەرێم قەڵا نەبێت؛ بەڵکە ئاوێنە بێت. قەڵا تەنها لە ئەوی‌دی دەتپارێزێت؛ ئاوێنە ناچارت دەکات خۆت ببینیت. تا کاتێک هەموو نەهامەتییەکان لە ئەوی‌دییەوە دێن، خۆفامی سیاسی دەتوانێ سادە بێت: ئەوی‌دی ستەمکارە، ئێمە ستەملێکراوین. بەڵام کاتێک خۆت حوکم دەکەیت، وێنەکە ئاڵۆزتر دەبێت. سەرکەوتنەکانت هی خۆتن؛ شکەستەکانیشت بەشێکیان هی خۆتن. ئەمە لە ڕووی دەروونی و سیاسییەوە دەتوانێت ناخۆش بێت، بەڵام لە ڕووی ئەگزیستانسیالیستییەوە ساتێکی گەورەی پێگەیشتنە. چونکە سوژە لەو ساتەدا پێدەگات کە ئازادی تەنیا پچڕاندنی زنجیر نییە. ئازادی بریتییە لەوەی: دوای پچڕاندنی زنجیر، بەرپرسی ئەو جیهانە بیت کە بنیادی دەنێیت.

-       کۆتا پەیڤ

کەوابێ، هەرێمی کوردستان نابێت تەنیا بە زمانی سیاسەتی ڕۆژانە بخوێندرێتەوە. پێویستە لە ئاستێکی قووڵتردا وەک یەکێک لە ساتەکانی گۆڕانی شێوازی بوونی کورد لە جیهاندا بخوێندرێتەوە.

لەوێدا کوردبوون لە ناسنامەوە بەرەو حزوور دەچێت؛ لە بیرەوەرییەوە بەرەو دامەزراوە؛ لە داواکارییەوە بەرەو بڕیاردان؛ لە ئۆبژەی حوکمڕانییەوە بەرەو سوژەی حوکمڕانی؛ و لە؛ ئەوان چلۆن لەگەڵ ئێمە ڕووبەڕوو دەبنەوە بەرەو پرسیاری قورستر: ئێمە چلۆن لەگەڵ خۆمان ڕووبەڕوو دەبینەوە؟ ئەمەیە ئەوەی لێرەدا بە تەعیوونی رادیکاڵی کوردبووگەیی ناومان برد. تەعەییونێک کە نابێت لەگوێن شووناسێکی نەگۆڕێ تێبگەین؛ بەڵکو دەبێ لەگوێن کردنەوەی ئاسۆیەکی نوێ لە مەجالەکان ببیندرێت. هەرێمی کوردستان لەم مانایەدا هەم کوردستانە، هەم پرسی کوردە، هەم دازاینی کوردی لەخۆدەگرێت، و هەم یەکێکە لەو مەجالە مێژووییە دەگمەنانەی کە تێیدا کوردبوون توانیویەتی بە شێوەیەکی بەردەوام لە ناسنامەیەکی سیاسی و کولتوورییەوە بگوازرێتەوە بۆ واقعیتێکی دامەزراوەیی و جیهان‌مەند. و لێرەدا ڕەنگە پرسیاری سەرەکیی‌و مێژووی کوردیش بگۆڕدرێت. پرسیار ئیدی تەنیا ئەوە نییە: ئاخۆ جیهان کورد بەفەرمی دەناسێت؟ بەڵکەپرسیارێکی ڕادیکاڵترمان لەپێشە: کاتێک کورد دەرفەتی ئەوەی دەبێت لە جیهاندا خۆی فۆڕم بدات، چ جۆر بوونێک لە خۆی دەردەخات؟ لەو ساتەدا، دازاینی کوردی تەنیا داوای حزوور ناکات؛ بەڵکە حزوور پەیدادەکات. و لەو ساتەشەوە، ئازادی تەنیا ئیتر ماف نییە؛ بەڵکە بەرپرسیاریی بوونیشە.



[1] - Martin Heidegger(1927), Sein und Zeit, Tübingen: Max Niemeyer, S 52-88, 142-148.

[2] - Axel Honneth(1994), Kampf um Anerkennung. Zur moralischen Grammatik sozialer Konflikte, Frankfurt am Main: Suhrkamp, S 212-225

[3] - Martin Heidegger(1927), gleich

[4] -Peter L. Berger / Thomas Luckmann(1969), Die gesellschaftliche Konstruktion der Wirklichkeit. Eine Theorie der Wissenssoziologie, Frankfurt am Main: Fischer, S. 56–71

[5] - Axel Honneth(1994), gleich, 174-195



سەرچاوە : ڕۆژنامەی خەبات