۱۴۰۵ مهر ۲۸, سه‌شنبه

پارادۆکسی ئۆنتۆلۆژیکی ئینتگراسیۆنی دیموکراتیک

 

(خۆکوژی سوژە لە ئاسۆی ئیرادەی ئەوی‌دیدا)

شاهۆ حوسێنی

تراژیدی بنەڕەتیی مرۆڤی کورد لەو ساتەدا دەست پێ ناکات کە ئەوی‌دی بوونمەندیی ئەو ڕەت دەکاتەوە؛ بەڵکو لەو ساتەدا دەست پێ دەکات کە، بۆ ئەوەی لەلایەن ئەوی‌دییەوە بە فەرمی بناسرێت، ڕەزامەندی لەسەر نکۆڵیکردن لە مەجالەکانی بوونمەندی خۆی دەردەبڕێت. لێرەدا چیتر لەبەردەم پرسێکی بەتەنیا سیاسی نین، بەڵکو ڕووبەڕووی قەیرانێک دەبینەوە لە قووڵترین توێخەکانی بوونی مرۆڤدا؛ ئەو ساتەی کە بوونێک، بە ناوی ئازادییەوە، دەست لە مافی داڕشتنی سەربەخۆیانەی مانا لەمەر خۆ هەڵدەگرێت.

لەم ڕوانگەیەوە، ئینتگراسیۆنی دیموکراتیک دەتوانێت هەڵگری پارادۆکسێکی ئۆنتۆلۆژیک بێت: سوژەیەک کە دەبوو لە دۆخی مێژووییی ئۆبژەبوون ڕزگاری بێت، بۆ چوونە ناو ڕێکخستنێکی سیاسیی هاوبەش، خۆی ناچار دەکات ئاسۆی خۆدیاریکردنی خۆی لە چوارچێوەیەکدا پێناسە بکات کە پێشتر لەلایەن ئەوی‌دیی داگیرکەرەوە کێشراوە. بەم شێوەیە، ڕزگاری چیتر وەک بەرجەستەبوونی ئیرادەی سەربەخۆ دەرناکەوێت، بەڵکو وەک ئەگەری ژیانکردن لەناو سنووری ئەو ئیرادەیەدا دەردەکەوێت کە ئەوی‌دی ڕێگەی پێ داوە.

بەڵام کارەساتەکە هەر لەم گواستنەوەیەدا خۆی حەشار داوە: ئازادی لە مەجالی بوونمەندیی خۆبنیادەوە دەگۆڕێت بۆ ئیمتیازێکی مەرجدار.

سوژە چیتر ناپرسێت: "من دەمەوێت چی بم؟" بەڵکو دەپرسێت: "ئەوی‌دی ڕێگەم پێ دەدات چلۆن بم؟" ئەم گۆڕانە لەچوارچێوەی پرسیاردا، تەنیا گۆڕانێک لە داواکاریی سیاسی نییە؛ بەڵکو گۆڕانێکی بنەڕەتییە لە پێکهاتەی بوونمەندیی سوژەدا. چونکە سوژەبوون، پێش ئەوەی خاوەندارێتیی کۆمەڵێک مافی بەخشراو بێت، توانای کردنەوەی ئاسۆی ئەگەرەکانی خۆ و بەشداریی ڕاستەقینە لە دیاریکردنی مەرجەکانی بەدیهێنانیانە. لەم دۆخەدا، ئەوی‌دی تەنیا باڵادەستی بەسەر قەڵەمڕەوی سیاسیدا نییە؛ بەڵکو دەبێتە مەرجەعی دیاریکردنی سنوورەکانی ئەوەی کەدەبێ‌و دەکرێ.



سوژە ڕەنگە بە زمانی خۆی بدوێت، ناسنامەی خۆی دەربخات و تەنانەت لە دامەزراوە سیاسییەکاندا بەشداری بکات، بەڵام هێشتا لە دیاریکردنی بنەڕەتیترین مەرجی بوونمەندیی خۆی بێبەش بمێنێتەوە: مافی بڕیاردان لەسەر ئەوەی کێ مافی دیاریکردنی سنوورەکانی خۆدیاریکردنی ئەوی هەیە.

بێ‌گومان  ناکۆکییەکە لەو ساتەدا سەرهەڵدەدات کە سوژە مافی بیرکردنەوە، دووبارە پێناسەکردن و گۆڕینی شێوەی ئەو پێکەوەژیانە لەدەست دەدات. لە دۆخێکی وادا، ڕەزامەندیی سەرەتایی ناتوانێت بێبەشبوون لە ئازادیی داهاتوو ڕەوا بکات؛ چونکە ئازادیی سوژە بە یەک بڕیار بۆ هەتاهەتایە بەکارناهێنرێت و تەواو نابێت.

لە ئاسۆیەکی ئەگزیستانسیالیستییەوە، ڕووبەڕووی جۆرێک لە خۆنامۆبوونێکی ڕادیکاڵ دەبینەوە: سوژە دەگۆڕێت بۆ بوونێک کە لە ڕواڵەتدا بڕیاری لەسەر خۆی داوە، بەڵام ئەگەری بڕیاردانی لەسەر ئێستا و داهاتووی خۆی ڕادەستی ئەوی‌دی کردووە. ئەو زیندووە، ئامادەیی هەیە و قسە دەکات، بەڵام ئاسۆی کۆتاییی ئەگەرەکانی بوونی لە دەرەوەی ئیرادەی خۆیدا دیاری دەکرێت.

دەتوانین ئەم دۆخە بە "ئۆبژەکردنی سوژە لە ڕێگەی ڕەزامەندیی خودی سوژەوە" ناو ببەین؛ فۆرمێکی ئاڵۆز لە ژێردەستەیی کە تێیدا وابەستەیی چیتر تەنیا بە زۆر ناسەپێنرێت، بەڵکو دەتوانێت لە زمانی ڕێککەوتن و بەفەرمیناسیندا دووبارە بەرهەم بهێنرێتەوە. بۆیە پرسی بنەڕەتی لە ڕەخنەی ئۆنتۆلۆژیکی ئینتگراسیۆنی دیموکراتیکدا ئەوە نییە کە بۆچی کورد  پێویستە دەوڵەتێکی سەربەخۆ دامەزرێنێت؛ بەڵکو ئەوەیە کە ئایا کورد هێشتا خاوەنی مافی کردنەوەی هەموو ئەگەرەکانی بوونی خۆی دەمێنێتەوە؟

چونکە تاریکترین فۆرمی ژێردەستەیی ئەوە نییە کە ئەوی‌دی ئەگەری ئازادبوونت لێ بستێنێت؛ بەڵکو ئەوەیە کە تۆ خۆت ئازادی لە هەمان سنوورانەدا پێناسە بکەیت، کە ئەوی‌دی ڕێگەی پێ داویت. ئەمەش نە تەنیا کۆتایی نەهاتنی زاڵبوون و زاڵێتی ئەوی دیە، بەڵکو ناوخۆییکردنی زاڵبوونە لە خودئاگاییی سوژەدا؛ ئەو ساتەی کە سوژە، بێ ئەوەی لە بوون بسڕدرێتەوە، لە پێگەی بکەر و داهێنەری چارەنووسی خۆی دەکەوێت. لێرەدا سوژە چیتر تەنیا قوربانیی ئیرادەی ئەوی‌دی نییە؛ بەڵکو دەبێتە هەڵگری ئەو سنوورانەی کە ئیرادەی ئەوی‌دی بۆ بوونی ئەو دایناون. ئەوەش قووڵترین قەیرانی بوونمەندیی سوژەیە: کاتێک مرۆڤ یان نەتەوەیەک، لە پێناوی بەفەرمیناسینی بوونی خۆیدا، لە مافی خاوەندارێتیی ئەگەرەکانی بوونی خۆی دەست هەڵدەگرێت.