شاهۆ
حوسێنی
سڵاوتان
لێ بێت کوردستانیانی خۆشەویست و هاوڕێیانی هێژا و دڵۆڤانم. لەم ڤیدیۆیەدا بە خزمەتتان
گەیشتووینەتەوە تا بە شێوەیەکی لۆجیکی و زانستی، لە دەلاقەی کۆمەڵناسیی سیاسییەوە،
تیشک بخەینە سەر وەڵامی ئەم دوو پرسیارە گرنگە.
کۆمەڵناسان
لەسەر ئەم باوەڕەن کە قەوم بە کۆیەک لە مرۆڤەکان، بە کۆی گشتییەک لە مرۆڤەکان دەگوترێت،
کە خاوەن زمانێکی هاوبەشن؛ بە زمانێکی هاوبەش لەگەڵ یەکتر دەدوێن و پێوەندی دەگرن.
خاوەن بەها و نۆرم و دیاردە کۆمەڵایەتییە هاوبەشەکانن. لە ژینگەیەکی سروشتیدا، واتە
جوگرافیایەک، پێکەوە دەژین. ئەم کۆمەڵە مرۆڤە لەسەر ئەو باوەڕەن کە خاوەن پشت و سەرچاوە
و نەتەوەیەکی (نەژادێکی) مێژوویی هاوبەشن.
بەڵام
نەتەوە؛ کەی قەوم دەبێتە نەتەوە؟ کەی قەوم دەگوازرێتەوە بەرەو نەتەوەبوون؟
کۆمەڵناسان
لەسەر ئەم باوەڕەن هەر کاتێک ئەم کۆمەڵە مرۆڤە، ئەم کۆمەڵە گشتییەی مرۆڤە، بەم زەینییەتە
بگەن کە خۆیان ئیرادە بکەن، کە بنیاتنەری پێکهاتە و فۆرماسیۆنێکی فەرمانڕەوایی سەربەخۆ
بن. واتە خۆیان چارەنووسی سیاسیی خۆیان دیاری بکەن و بە دەستییەوە بگرن. خۆیان بنیاتنەر
و داڕێژەری ناسنامەی سیاسیی سەربەخۆ بن بۆ خۆیان؛ ئەوکات دەبنە نەتەوە.
ماکس
ڤێبەر سنووربەندییەکی جێگای سەرنج و جالب دەکات؛ ئەو لەسەر ئەو باوەڕەیە کە قەوم،
واتە ئەم کۆمەڵە گشتییەی مرۆڤە، کاتێک لە دەرەوە ڕا پێناسە دەکرێن (Subject)، واتە ناسنامەیان بۆ دیاری دەکرێت و خۆیان هیچ
ئیرادەیەکیان نییە لە داڕشتنی ناسنامەی خۆیان؛ بۆ وێنە کاتێک لە دەرەوە ڕا بە کورد
دەگوترێت "کورد" و ناسنامەیان بۆ دیاری دەکرێت، کورد لێرەدا قەومە.
بەڵام
ئەو کاتەی کە کورد بڕیار دەدات، ئیرادە دەکات کە خۆی چارەنووسی سیاسیی خۆی بەدەستەوە
بگرێت؛ واتە خۆی خۆی پێناسە دەکات، خۆی روانگەیەک لەمەڕ خۆی بەرهەم دەهێنێت، دەبێتە
نەتەوە.
کەواتە
کورد لەم کاتە ڕا، لەم ساتانە ڕا، لەم سەدەیە ڕا کە خۆی بڕیار دەدات بنیاتنەری سیستمێکی
فەرمانڕەوایی سەربەخۆ بێت، دەسەڵاتێکی سەربەخۆ بەرهەم بهێنێت و ناسنامەیەکی سەربەخۆ
بۆ خۆی دابڕێژێت، بەرەو نەتەوەبوون هەنگاوی ناوە. کورد لەمێژساڵە، چەند سەدە لەمەوبەر
بڕیاری داوە نەتەوە بێت، بەهۆی ئەوەی کە هەنگاوی ناوە بەرەو بنیاتنانی فەرمانڕەواییەکی
سەربەخۆ. بەهۆی ئەوەی لەسەر ئەم باوەڕەیە کە: "نە عەرەبم، نە ئێرانیم، نە
تورکێکی شاخستانیم، بەڵکو کوردم".
لە
مێژووی سیاسیی کورددا، ئێمە کۆماری کوردستانمان هەیە، سەرکۆماری کوردمان هەیە، کەواتە
ئێمە بنیاتنەری سەربەخۆییەکی سیاسی بووین بۆ خۆمان. ئەمڕۆکەش حیزبی سیاسیییمان هەیە
کە بۆ دابینکردنی مافی چارەنووس و ئیرادەی سیاسی لە کورد خەبات دەکات. کەواتە ئێمە
لە مێژوودا بەرەو نەتەوەبوون هەنگاومان ناوە و بووینەتە نەتەوە.»
لێکدانەوەی
کورتی ناوەڕۆک:
ئەم
باسە تیشک دەخاتە سەر گۆڕانی کۆمەڵگەی کوردی لە دۆخێکی "خۆڕسک و قەومی"یەوە
بۆ دۆخێکی "سیاسی و نەتەوەیی". من پێم وایە نەتەوەبوون پێویستی بە ئیرادەی
سیاسی و خۆپێناسەکردن هەیە، نەک تەنیا زمان و جوگرافیا.