شاهۆ
حوسێنی
ئەم
شیکارییە، تێپەڕینە لە "سیاسەت وەک کایەیەکی ڕووکەش" بەرەو "ئۆنتۆلۆژیای
دەسەڵات"؛ هەوڵێکە بۆ هەڵتەکاندنی ئەو بەربەستە مێژووییەی کە دیموکراسیی لە ژێئۆپۆلەتیکی
ئێراندا کردووەتە "نامۆیەکی بوونناسی". ئێمە لێرەدا پرسیار لە "کێ
حوکم دەکات؟" ناکەین، بەڵکوو پرسیار لەو "ئێپیستێمەیە" (بنەما مەعریفییە) دەکەین کە
ڕێگە بە "دەرکەوتنی ئازادی" نادات. بۆ تێگەیشتن لەم چەقبەستووییە مێژووییە، دەبێت لە
ئاستی دیاردە ماتریالییەکان و "کۆسمەتیکی ڕژێمەکان" تێپەڕین و بەرەو قووڵاییە
"پێش-سیاسییەکان" شۆڕ بینەوە؛ ئەو شوێنەی کە تێیدا "ئەندێشەی ئێرانشاری"
نەک وەک تیۆرییەکی فەرمانڕەوایی، بەڵکوو وەک "نەزمێکی مەعریفیی ڕادیاکڵ وپاوانخواز"
ڕەگی داکوتاوە. ئەم شیکارییە هەوڵ دەدات نیشانی بدات کە چۆن "ناوەندخوازێتی"
لە ئێراندا تەنیا مۆدێلێکی کارگێڕی نییە، بەڵکوو جۆرێکە لە "تۆتالیتاریزمی
بوون" کە هەر چەشنە "فرەییەک" وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر
"بوون" دەبینێت. ئێمە لێرەدا ڕووبەڕووی
پارادۆکسێکی کوشندە دەبینەوە: کاتێک "خاک و ناوەند" دەبنە "پیرۆزییەکی
میتافیزیکی"، مرۆڤ و کەرامەتی "ئەوی تر" دەبنە قوربانی. لێرەوە، گەڕان
بەدوای دیموکراسیدا، پێش ئەوەی پێویستی بە سندوقی دەنگدان بێت، پێویستی بە "شۆڕشێکی
ئێپیستێمۆلۆژیک" و نەشتەرگەرییەکی فەلسەفی هەیە بۆ دابڕان لەو زەینەی کە
"ئازادی" تەنیا لەناو یەکڕەنگی و سڕینەوەی جیاوازییەکاندا وێنا دەکات.
- پێشخستنی زەین بەسەر پێکهاتەوفۆڕمدا:
ئێپیستێمە پاوانخوازپەروەرەکان
ڕیشەی
سەرەکیی شکست لە گەیشتن بە ئازادیی سیاسی، نە لە بێتوانایی دامەزراوەکاندایە،
بەڵکوو لەو بنەما زەینی و ناسنامەییانەدا (ئێپیستێمە) نیشتەجێیە کە پاوانخوازێتی
لە ئاستی تاکەکەسیدا بەرهەم دەهێننەوە و دواتر پەرەی پێدەدەن بۆ ئاستی
کۆمەڵایەتی. پاوانخوازێتی لە ئێراندا بەر لەوەی سیستمێکی پۆلیسی و حکوومی بێت، "نەزمێکی
مەعریفییە".
یەکەم
کۆڵەکەی ئەم ئێپیستێمەیە، "قۆرخکردنی ڕاستیو حەقیقەتە". لە زەینی پاوانخوازپەروەردا،
ڕاستی و حەقیقەت دیاردەیەکی فرەڕەهەند و گفتوگۆهەڵگر نییە، بەڵکوو قەوارەیەکی ڕەق
و چەقبەستووە کە تەنیا لە دەستی "ئێمە" (یان ناوەند)دایە. ئەم جۆرە
ڕوانینە، هەر دەنگێکی جیاواز نەک وەک "ڕکابەرێکی هزری"، بەڵکوو وەک "لادانێکی
بوونناسی" دەبینێت.
دووەم
کۆڵەکە، "دووفاقەییە(دوئالیسم)؛ دابەشکردنی جیهان بۆ چاکەی ڕەها و خراپەی
ڕەها، خۆیی و ناخۆیی. ئەم تێڕوانینە ژینگەی گفتوگۆ و سازان لەناو دەبات و "ئەوی
تر" هەمیشە وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر مانەوە پێناسە دەکات.
سێیەم
و ڕیشەییترین کۆڵەکە، "زەینییەتی شوان-مێگەل"یە؛ پلەبەندییەکی بوونناسی
کە تاک لە "سوژەیەکی سەربەخۆ و بەرپرسیار"ەوە دادەبەزێنێتە "ڕەعیەتێکی
چاوەڕوانی ڕزگارکەر". تا ئەو کاتەی تاک لە دەروونی خۆیدا بەرپرسیارێتی
ئازادییەکەی وەرنەگرێت و هەمیشە بەدوای "باوکێکی سیاسی" یان "ناوەندێکی
بەهێز"دا بگەڕێت بۆ چەسپاندنی نەزم، هەر گۆڕانکارییەک لە لوتکەی دەسەڵاتدا،
تەنیا گۆڕینی ملهوڕێک دەبێت بە ملهوڕێکی تر.
- ئێرانشار: پۆلیسی دەسەڵات و سڕینەوەی
فرەیی
ئێپیستێمە تاکەکەسییەکان لەئاکامدا لە چوارچێوەی
گێڕانەوەیەکی گەورەدا بە ناوی "ئەندیشەی ئێرانشاری"دا کۆدەبنەوە. وشەی "ئێرانشار"
کە لە تێکەڵکردنی "ئێران" و "شار"پێکهاتوە، بە وردی بە مانای "قەڵەمڕەوی
شایەتی و دەسەڵات" دێت. لێرەدا "شار" هاوتای "پۆلیس"ی
یۆنانی نیە، بەڵکە وەرچەرخانێکی ملهوڕانەی
تێدا بەدی دەکرێت: ئەگەر لە پۆلیسی یۆنانیدا، شار کەش و بەستێنی "ئاگۆرا"
و بەشداریی هاوڵاتیانی ئازاد بوو، لە ئێرانشاردا، شار شوێنی دەرکەوتنی "تەخت"
و "چەقبەستوویی ڕەهایە".
لەو
پارادایمەدا، "شار" (ناوەند) تەنیا مەکۆی هەبوونی ڕەوا و سەرچاوەی نەزمە
و هەرچییەک لە دەرەوەی ئەم ناوەندێتییە بێت، بە "بیابان"، "پاشاگەردانی"
یان "ئەنیران" (نا-ئێران) لەقەڵەم دەدرێت. ئەم زەینییەتە، "ناوەندخوازی"
نەک وەک مۆدێلێکی بەڕێوەبردن، بەڵکوو وەک پێویستییەکی بوونناسی دەبینێت. لەم
سۆنگەیەوە، داواکاریی فرەیی و مافی نەتەوەیی لەلایەن نەتەوەکانی پەراوێزەوە، وەک
هەوڵێک بۆ وێرانکردنی "شار" و گەڕانەوە بۆ پاشاگەردانیی سەرەتایی لێک
دەدرێتەوە. لە ڕاستیدا، دیموکراسی کە جەوهەرەکەی دابەشکردنی دەسەڵاتە، لە
ئێپیستێمەی ئێرانشاریدا بە مانای "بێ-شار بوون" و لەناوچوونی بوونە.
- گۆڕانکارییەکانی
پاش قاجار: لە مڵکی شا بۆ ئایدیایەکی پیرۆز
پاش
ڕووخانی قاجار، ئەم ئەندیشەیە لە نەریتێکی کلاسیکەوە گۆڕا بۆ "پڕۆژەیەکی
ناسیۆنالیستی شێوەمۆدێرن". ڕۆشنبیرانی ئەو سەردەمە بە ڕەچاوی ناسیۆنالیزمی
ئەوروپا(ئاڵمانی)، ژێئۆپۆلەتیکی ئێرانیان وەک یەکەیەکی ئۆرگانیک و دابەشنەکراو
پێناسە کردەوە. لەم قۆناغەدا، ژێئۆپۆلەتیک لە مڵکی تایبەتی شاوە گۆڕا بۆ مۆڵکی ئایدیای
پیرۆزی ئێران.
بونیادە
تیۆرییەکانی ئەم قۆناغە لەسەر سێ بنەما ڕاوەستابوون:
دەوڵەت-نەتەوەی
یەکڕەنگ: سەپاندنی دروشمی "یەک نەتەوە، یەک زمان" کە ئامانجەکەی
هەزمکردنی هەموو ناسنامە جیاوازەکان بوو لەناو ناسنامەی ناوەنددا.
ئارکائیسم:
گەڕان بەدوای ڕەوایی لە شکۆمەندیی ئیمپراتۆرییەتە کۆنەکاندا، کە جۆرە "نۆستالژیایەکی
دەسەڵات"ی دروست کرد و هەر جۆرە داواکارییەکی سەردەمیانەی بۆ ئازادی وەک
خیانەت لە میراتی باپیران لەقەڵەم دا.
ناوەندخوازێتی:
گۆڕینی تاران بۆ "پۆلیسی ڕەها" کە هەموو سەرچاوە ماددی و مەعنەوییەکانی
پەراوێز بۆ بەرژەوەندی ناوەند دەبات.
ئەم
پیرۆزکردنی خاک و قەڵەمڕەوە، "سوژەی سیاسی" گۆڕی بۆ "سەربازی
پاراستنی یەکپارچەیی". لەم کەشەدا، هاوڵاتیبوون مانای خۆی لەدەست دا؛ چونکە
مافی تاک و مافی نەتەوەکان لە بەرانبەر "مافی ڕەهای ناوەند بۆ پاراستنی
یەکپارچەیی"دا ڕەنگی لەدەست دا.
- دەرئەنجام:
کەواتە،
کێشەی ئێران تەنیا هەبوون یان نەبوونی ڕژێمێکی سیاسی تایبەت نییە؛ بەڵکوو سەروەریی
بێسنووری "ئێپیستێمەی ئێرانشاری"یە بەسەر زەینیی کۆڕگێڕە سیاسییەکاندا.
تەنانەت ئەو ئۆپۆزسیۆنەی کە بانگەشەی دێموکراسی و سێکولاریزم دەکات، تا ئەو کاتەی
لە چوارچێوەی ئەم ئێپیستێمەیەدا بیر دەکاتەوە، بەبێ ئەوەی ئاگای لێ بێت، هەمان پێکهاتە
پاوانخواز و ملهوڕەکان بەرهەم دەهێنێتەوە. ئەوان دیموکراسییان دەوێت، بەڵام بە
مەرجێک "ناوەندێتی دەسەڵات" و "یەکدەستی ناسنامە" تێک نەچێت؛
ئەمەش دژایەتی و پارادۆکسێکی ڕادیکاڵە .
دیموکراسی
لە ئێراندا لەدایک نابێت، مەگەر “ئاڵوگۆڕێکی
ڕادیکاڵی ئێپیستێمۆلۆژیک” ڕوو بدات؛ نەشتەرگەرییەکی هۆشیاری کە تێیدا “پیرۆزیی خاک” جێگەی خۆی بۆ "پیرۆزیوکەرامەتی مرۆڤ" چۆڵ بکات، "یەکێتیی
زۆرەملێ" جێگەی خۆی بداتە "فرەیی ئارەزوومەندانە"، و چەمکی 'شار"
لە ناوەندی دەسەڵاتەوە بگۆڕێت بۆ فەزای گفتوگۆی یەکسان لەنێوان نەتەوە و ناسنامە
جیاوازەکاندا(ئاگۆرا). تا ئەو کاتەی "ئەوی تر" (نەتەوەیی، فکری، زمانی)
لە زەینی سوژەی ئێرانییدا وەک توخمێکی یەکسان دانپێدانانی بۆ نەکرێت، هەر جۆرە
گۆڕانکارییەکی سیاسی تەنیا گۆڕینی پاسەوانەکانی هەمان زیندانە کۆنەکە دەبێت.
