(پەهلەویخوازی
لەپێوەندی لەگەڵ دیمۆکراسی)
شاهو
حسینی
ڕووبەڕووبوونی
هاوچەرخ لەگەڵ ئەمری سیاسی لە ئێران، زیاتر لەوەی ڕوو لە داڕشتنی داهاتوو بکات، لە
پەیوەندییەکی ئاڵۆزدایە لەگەڵ دووبارەخوێندنەوەی ڕابردوو. لەم نێوەندەدا، "ئاناكرۆنیسم"
تەنیا وەک هەڵەیەکی کاتی نایەتە بەرچاو، بەڵکو وەک میکانیزمێک لێکدەدرێتەوە کە لەو
ڕێگەیەوە، مۆدێلە مێژووییەکان بە شێوازێکی کۆنکرێت و بەدوور لە ڕوانگەیەکی
ڕەخنەگرانە بۆ بارودۆخی ئێستا دەگوازرێنەوە.
لەو
چوارچێوەیەدا، گوتاری پەهلەویخوازی بە پشتبەستنێکی هەڵبژاردەخوازنە لە ڕابردوو، دەتوانێت
ببێتە هۆی دووبارە پێناسەکردن و داڕشتنەوەی سوژەی سیاسی؛ بە جۆرێک کە کردەوەی ڕەخنەیی
بخرێتە پەراوێز و جۆرێک لە سەپاندنی پاسیڤیستانەی ڕێکخستنی خوازراو، شوێنی ڕەخنە،
روانگەی ڕەخنەگرانە و سوژەی سەربەخۆ بگرێتەوە. بۆ وێنە، لە هەندێک لە وەڵامە باوەکان
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، ڕەخنەگرتن لەو گوتاری پەهلەویخوازی نە وەک هەڵوێستێکی
شیکاری یان شرۆڤەیەک، بەڵکو وەک هەڕەشەیەکی ناسنامەیی لێکدەدرێتەوە کە بە تۆمەتگەلێکی
وەک "دژە نیشتمان" یان "خائین" وەڵام دەدرێتەوە.
ئەم
نووسراوەیە ئامانجێتی کە نیشان بدات، چلۆن ئەم پرۆسەیە، لە ئاستی زمانی سیاسیدا، دەبێتە
هۆی لاوازبوون و نەزۆک بوونی توانای گفتوگۆ و دیالۆگی دوولایەنە و چەندلایەنە،
لاوازبوونی نۆڕمە دیموکراتیکەکان و سنووردارکردنی پلۆرالیزم. لەم ڕەوتەدا، ڕەخنەگرتن
لە گوتاری گەڕانەوە، تەنها هەڵوێستێکی سیاسی نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندی
نێوان دەرخستنەوەی ڕابڕدوو لەلایەن پەهلویخوازەکان و مەجالگەلی دیموکراتیک لە ئێستا
و داهاتوودا.
ئاناتۆمی
چوار لێکەوتەی پەهلەویخوازی بۆ لەناوبردنی مەجالەکانی دیمۆکراسی
1-
ڕادیکالکردنی زمانی سیاسی و لاوازکردنی توانای گفتوگۆ
لە
بەشێک لە گوتاری نوستالۆژیکی پەهلەویدا، زمانی سیاسی لە ئەرکی
دیالۆگتەوەرەیی خۆی دوور دەکەوێتەوە و بە هێواشی دەبێتە ئامرازێک بۆ سنووردانانی
ناسنامەیی. لەو بارودۆخەدا، ڕەخنەکردن لە ڕابردوو یان پرسیارکردن لەسەر ئەوە، لەبری
ئەوەی لە ئاستی هۆکارە سیاسییەکاندا بمێنێتەوە، وەک هەڕەشەیەک بۆ ناسنامەی کۆمەڵایەتی
پێناسەدەکرێت.
لە
هەندێک نموونەی بینراو لە بوارە گشتییەکاندا، ڕەخنەگرتن لەو گوتارە بە تۆمەتگەلێکی
وەک "دژە ئێران" یان "خائین" تاوانبار دەکرێت. ئەم جۆرە وەڵامانە
پیشان دەدەن کە زمانی سیاسی لە توانای هاوبەشبوونی مەعنایی خۆی دوورکەوتووەتەوە و
بەرەو دوانەسازییەکی ساویلکانە دەچێت. ئەنجامی ئەم ڕەوتە، لەناوچوونی شوێنغەلی نێوانی(میانە)
و لاوازبوونی گفتوگۆی ڕەخنەییە؛ بارودۆخێکدا کە زمان لەبری ناوبژیوانی، دەبێتە
ئامرازی جێگیرکردنی سنوورە ناسنامەییەکان.
٢- لاوازکردنی هەنجارە دیموکراتیکەکان
لە سایەی تاکتەوەرەییدا
یەکێک
لە تایبەتمەندییەکانی هەندێک لە گێرانەوە نوستالژیکەکان، سەرنجدانە بۆ سەر ڕۆڵی کەسایەتییە
مێژوویی و نیشانەییەکانە لە بەراورد بە دامەزراوە سیاسییەکان. لەم داڕشتنەدا، کاریگەری
سیاسی زیاتر لەوەی بە میکانیزمە دامەزراوەییەکانەو پەیوەست بکرێت، بە تایبەتمەندییە
کەسییەکان دەبەسترێتەوە.
بۆ
نموونە، لە هەندێک پەیڤدا، جەختکردنەوە لەسەر "بەڕێوەبردنی بەهێز" یان گەڕانەوە
بۆ "سەرکردایەتی ناوەندی" شوێنی گفتوگۆ دەگرێتەوە و دەبێتە جێگرەوەی دامەزراوەوەڵامدەرەکان،
جیاکردەوەی دەسەڵاتەکان و میکانیزمەکانی چاودێری. ئەم گۆڕانکارییە دەتوانێت ببێتە
هۆی بەهێزبوونی ڕوەانگەیەکی تاکتەوەرە بۆ دەسەڵات کە تێیدا ڕەوایی سیاسی لەبری
پشتبەستن بە پێکهاتە بنەماییەکان، بە تایبەتمەندییە کەسییەکان دەبەسترێتەوە. ئەمە
لە کۆتاییدا هەستیاری گشتی لەمەر بەها دیموکراتیکەکان کەم دەکاتەوە و توانای
دووبارە دروستکردنی کۆنترۆڵی دەسەڵات بەهێز دەکات.
٣- سنووردارکردنی پلۆرالیزم و دووبارە
پێناسەکردنی پەیوەندی لەگەڵ "ئەویتر"دا
لە
هەندێک خوێندنەوەی بەراوژوودا، ناسنامەی نیشتمانی بە شێوەیەکی یەکگرتوو و هاوشێوە
نیشان دەدرێت؛ نیشاندانیەک کە تێیدا جیاوازییگەلی ڕەچەڵەکی، زمانی و کولتووریی یان
پشتگوێ دەخرێن یان لە ژێر چوارچێوەیەکی ناوەندیدا دووبارە پێناسە دەکرێنەوە. لەو
بارودۆخەدا، داواکارییەکانی پەیوەندیدار بە ناساندنی جیاوازییەکان دەتوانن وەک هەڕەشەیەک
بۆ یەکگرتوویی سیاسی لێکبدرێنەوە. ئەم شێوازەی ڕووبەڕووبوون لەگەڵ "ئەویتر"،
توانای گفتوگۆی بەرابەر لە نێوان بوونەجیاوازەکاندا سنووردار دەکات و لەبری وەرگرتنی
چەندایەتی، جۆرێک لە هاوشێوەسازی ناسنامەیی بەهێز دەکات. لە ئەنجامدا، تواناکانی بەشداری
دیموکراسی کە لەسەر بنەمای ناساندنی جیاوازییەکان دروست دەبن، لاواز دەبن.
٤- دووبارە دروستکردنی کەمبوونەوەی هەستیاری
بەرامبەر ئوتۆریتیاریزم لە چوارچێوەی ئەمنیەتمەحۆر
لە
بەشێک لەو گوتارەدا، ئەزموونی ناهێمنی سیاسی وەک بنەمایەک بۆ ڕەواییدان بە کۆنترۆڵی
دەسەڵات و پێشخستنی ڕێک و پێکی و ئەمنیەت خوێندراوەتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، جۆرێک
دژایەتی نێوان ئازادییە سیاسییەکان و جێگیری کۆمەڵایەتی پێشبینی دەکرێت، کە تێیدا
ئەمنیەت وەک بەهای سەرەکی لە بەرامبەر بەشداری سیاسی دادەنرێت.
بۆ
نموونە، هەڵوێستگەلێک کە جەخت لە پێویستی کۆنترۆڵی دەسەڵات دەکەن بۆ ڕێگرتن لە ناهێمنی،
دەتوانن بەهێواشی پێوانەکانی هەڵسەنگاندنی سیستەمی سیاسی لە پێوانە دیموکراتیکەکان
بۆ پێوانەی کارکردی و ئەمنیەتتەوەرە بگوازنەوە. لەو بارودۆخەدا، هەستیاری بەرامبەر
بە بنەماکانێکی وەک چاودێری، وەڵامدەری و دابەشکردنی دەسەڵات کەم دەبێتەوە و زەمینە
بۆ وەرگرتنی شێوە متمرکزترەکانی حوکمڕانی فەراهەم دەبێت.
کۆتایی
کێشەی
سەرەکی لێرە تەنها گەڕانەوە یان نەگەڕانەوە بۆ قۆناغێکی مێژوویی نییە، بەڵکو شێوازی
نیشاندانی ڕابردوو و کاریگەرییەکەی لەسەر داڕشتنی پەیوەندی نێوان دەسەڵات، ناسنامە
و دیموکراسییە. ئاناكرۆنیسم لەم مانایەدا وەک جۆرێک لە نەگونجانی نێوان کاتە مێژووییەکان
کاردەکات کە ئەگەر دووبارە دروست بکرێتەوە، دەتوانێت ئاسۆکانی کردەوەی سیاسی
سنووردار بکات.
لە
بەرامبەردا، بەهێزکردنی سوژەی ڕەخنەگر و وەرگرتنی پلۆرالیزم، وەک پێشەنگییەکانی سیستەمێکی
دیموکراتیکی پایەدار، پێویستیان بە دوورکەوتنەوەی شیکاری لە نوستالژیا تاکلایەنێکان
و دووبارە بیرکردنەوە لە پەیوەندی نێوان ڕابردوو و هەلبژاردنەکانی داهاتوو هەیە. تەنها
لەم ئاسۆیەدا دەکرێت پەیوەندییەکی دروست و نەڕۆمانتیکی لە نێوان یادەوەری مێژوویی
و پێویستییە دیموکراتیکەکانی ئەمڕۆ دروست بکرێت.
