۱۴۰۴ اسفند ۲۶, سه‌شنبه

فێنۆمێنۆلۆژی شکەست: ڕەچەڵەکناسی جاشێتی لەگوێن قەیرانی ئێپیستمۆلۆژیک

 









 

شاهۆ حوسێنی

جاشێتی، پێش ئەوەی ڕووداوێکی سەربازی یان خیانەتێکی سیاسی بێت، دۆخێکی ئێپیستمۆلۆژیکە؛ واتە شێوازێکی تایبەتە لە "خۆبنیادنان" کە تێیدا مرۆڤی کورد، لەبری ئەوەی خۆی سەربەخۆیانە خۆی دابڕێژێت، و میژووی بۆخۆی بنیادبنێت، دەبێتە ئەوی‌ترێکی دەستی دوو و کەرەستەیەک بۆ تەواوکردنی مێژووی ئەوی دی. لێرەدا کێشە تەنها لە هێژمۆنی، پەرە و زاڵێتی "هێزی داگیرکەر"دا نییە، بەڵکو لەو بۆشاییە ئێپیستمۆلۆژیکەدایە کە نەیتوانیوە "من"ێکی کوردانە وەک چەقێکی مەعریفی فۆرمۆڵە بکات. کاتێک زەین لە بەرهەمهێنانی وێنەیەکی سەربەخۆ بۆ خۆی پەکدەکەوێت، ئەوی‌تربوون وەک "میکانیزمێکی قەرەبووکردنەوە" سەرهەڵدەدات. لێرەوە، جاش تەنها کەسێک نییە کە چەک بۆ دوژمن هەڵدەگرێت، بەڵکو ئەو هەبوونە تێکشکاوەیە کە لە ڕووی مەعریفییەوە "نامۆبوونی لەگەڵ خۆی" وەک "پێویستییەک" قبووڵ کردووە.

جاشێتی وەک دۆخێکی بوونناسی (ئۆنتۆلۆژیا)

جاشێتی لە کوردستاندا ڕووداوێکی مێژوویی نییە کە تەنیا جاروبار ڕوو ئەدات، بەڵکو (دۆخی بوون)ی مرۆڤێکە کە لە پەیوەندییەکی ڕەسەن لەگەڵ "ژینگە" و "مێژوو" دابڕاوە. کاتێک مرۆڤی کورد ناتوانێت وەک "سووژەیەکی سەروەر" خۆی پێناسە بکات، تووشی جۆرێک لە (ئۆنتۆلۆژیای پەراوێز) دەبێت. لەم دۆخەدا، "بوونی خۆی" تەنها لە ئاوێنەی "ئەوی دی" (داگیرکەر)دا دەبینێتەوە. جاش لێرەدا ئەو بوونەوەرەیە کە پێی وایە بێ پاشکۆ بوون بۆ هێزێکی دەرەکی، هەبوونی تیا دەچێت. ئەمە ئەو شوێنەیە کە تێیدا شکەست دەبێتە بەشێک لە شوناس؛ شکەست نەک وەک دۆڕان لە شەڕێکدا، بەڵکو وەک بڕوابوون بەوەی کە "من ناتوانم سەردەست و سەروەر بم، ڕەنگە بەهۆی غیابی ئیرادە، ئاگایی و غیرەت، کەوابێ دەبێ ژێردەستە بم".

قەیرانی ئێپیستمۆلۆژیک؛ زەین وەک بوونێکی فۆرمۆڵە نەکراو

بنیادی جاشێتی لەسەر (نەبوونی مەعریفەی خۆیی) ڕاوەستاوە. ئەگەر "زەینی کوردانە" وەک سیستەمێکی مەعریفی فۆرمۆڵە کرابایە، تاکی کورد دەبوو بە خاوەنی پێوەرێکی ناوخۆیی بۆ ناسینی "بەرژەوەندی" و "مەترسی". بەڵام کاتێک ئەم زەینە فۆرمۆڵە نەکراوە، تاکی کورد تووشی جۆرێک لە (سەرلێشێواوی و نامۆیی مەعریفی) دەبێت. ئەو ناتوانێت جیاوازی بکات لە نێوان "بەرژەوەندیی نەتەوەیی" و "بەرژەوەندیی داگیرکەر"، چونکە چاویلکەیەک کە جیهانی پێ دەبینێت، هی خۆی نییە. لێرەوە جاشێتی دەبێتە بەرهەمی لاوازیی زەینی؛ واتە تاکی کورد ناتوانێت وەک سووژەیەکی بیرکەرەوە، خۆی بە کوردستانەوە گرێ بداتەوە، چونکە "کوردستان" لە زەینی ئەودا هێشتا وەک چەمکێکی فەلسەفی و سیاسی "سەروەر" دانەمەزراوە.

ڕەچەڵەکناسیی پاشکۆیی؛ جاشێتی وەک دەرکەوتەیەکی ناوخۆیی

بە پێچەوانەی گوتارە کلاسیکییەکان کە جاشێتی بەرهەمی هێزو توانایی باڵای دەرەکی دەبینن، ڕەچەڵەکناسیی ئەم دیاردەیە نیشانمان دەدات کە جاشێتی لەناو "کەلێنە فیکرییەکانی ناوخۆ"دا گەشە دەکات. ئەوە لاوازیی ئیرادەی سیاسی و نەبوونی پڕۆژەیەکی فیکری نەتەوەییە کە ڕێگە بۆ هێزی دەرەکی خۆش دەکات تاکی کورد وەک ئامراز بەکاربهێنێت. جاشێتی، دەرکەوتەی ئەو ڕاستییە تاڵەیە کە ئێمە وەک نەتەوە لاوازبووین کە "ناوەندێکی گوتاری دروست بکەین کە تێیدا تاکی کورد هەست بە "پڕبوونی شوناس" بکات. کاتێک ناوەند غائیب بێت، پەراوێزەکان (جاشێتی) دەبنە چەقی بڕیاردان.

دەرەنجام

بۆ تێپەڕاندنی "فێمنۆمێنۆلۆژی شکەست"، پێویستمان بە گەڕانەوەیە بۆ سەربەخۆیی فیکری، واتە نەستەرگەری وشیاری. تا ئەو کاتەی "زەینی کوردانە" فۆرمۆڵە نەکرێت و وەک چەقێکی مەعریفی خۆی ڕانەگەیەنێت، جاشێتی وەک نیشانەیەکی ئەو نەخۆشییە ناوخۆییە دەمێنێتەوە. ڕزگاریی ڕاستەقینە لە ڕێگەی دیکۆنستراکۆنی (هەڵوەشاندنەوەی) ئەو سیستەمە مەعریفییە تێکشکاوەیە کە پاشکۆیی وەک چارەنووس نیشانی تاکی کورد دەدات. ئێمە پێویستمان بە "نەشتەرگەریی سووژە" هەیە، تا تاکی کورد لە "ئامرازێکی بێدەنگ"ەوە بگوێزینەوە بۆ "سووژەیەکی مێژوویی" کە توانای گرێدانەوەی ئۆرگانیکی بە کوردستان و مێژووەکەیەوە هەبێت.

 


توافق تعلیقی؛ صلحی که قرار نیست اتفاق بیفتد

  شاهو حسینی در ادبیات رسمی دیپلماسی، هر مذاکره‌ای به‌طور پیش‌فرض با هدف رسیدن به توافقی تعریف می‌شود؛ اما تجربه‌ی روابط پرتنش میان ایران ...