۱۴۰۳ مرداد ۲۹, دوشنبه

کوردایەتی لەگوێن سوبژێکتیڤیسمی مێتافیزیکی

 








شاهۆ حوسێنی

بێ گومان هیچ چەمک و داهێنانێک هێندی داهێنانی چەمکی "سوژە" لەلایەن دێکارتەوە خزمەتی بە داماڵینی ئایین وەک حەقیقەتی ڕەها، مسۆگەر و بێ‌خەوش لەژیانی مرۆڤ‌دا نەکردبێت. چەخماخەی سوبژێکتیسمی دێکارتیش بێ‌گومان لەلایەن تێزەکانی لوتێرەوە لێ‌درا، کاتێک شەرعییەتی نێوندگیری کلیسای لەنێوان مرۆڤ و خوادا سڕیوە و شەرعییەتی توانایی مرۆڤەکان بۆ شرۆڤەی دەقە ئایینێکانی بەفەرمی ناسی، لەڕاستی‌دا لۆتێر ئیرادە و توانایی مرۆڤی بۆ خواناسی داهێنا و دێکارتیش توانایی و ئیرادەی مرۆڤی بۆ خۆناسین و پێناسەکردنی جیهانی دەرەوەی بەفەرمی ناسی، وێک‌چووی هەر دووکیان تەوەرە بوونی مرۆڤ و تواناییەکانی مرۆڤ بوو، بەم شێوەیە مرۆڤ وەک تەوەرە گەڕایەوە ناو کایەی ژیان و جیهان.

سوبژێکتیڤیسمی مێتافیزیکی

مێتافیزیک لە دووبەشی مێتای لاتینی بەمانای "بان"، "پاش" و "دوای" و فیزیک بەمانای سرووشت و دۆخی سرووشتی پێک‌هاتوە، لەڕاستی‌دا بەشێکی بنەڕەتی لە فەلسەفەیە. گەڵاڵەکانی سیستمی مێتافیزیکی بەگشتی لەدەوری فەلسەفەی نەزەری بەمانای شرۆڤەی بنەماکان، پێش‌مەرجەکان، هۆکارەکان و یاسا گشتێکانی پێوەندی‌دا بە حەقیقەت و ڕاستەقەینەدا دەگەڕێت لە ئەندێشەی دێکارت‌دا مێتافیزیک فەلسەفەی ناسینە( ئێپیستمۆلۆژی یان مەعریفەت‌ناسی)، کانیتش مێتافیزیک بە ناسکار(فاعیلی‌شناسا) هەڵدەسەنگێنێت و وەک زانستی مرۆیی(بەرهەمی توانایی عەقڵی مرۆڤ) بۆ گەیشتن بە فام و ناسینی دیاردەگرینگەکانی وەک مرۆڤ، خوا و ،،،،هتد پێناسەی دەکات. بە کورتی دەشێ بگوترێ کە مێتافیزیک بەپێچەوانەی فیزیک کە زانستی ماتریالە، ئەوا پێوەندی بە هزر، ئەندێشە، فام و ئاگایی هەیە و شرۆڤەی دیاردە بان ماتریالێکان دەکات.

سوبژێکتیڤیسم چەمکێکی پێوەندی‌دار بە فەلسەفەی مۆدێڕنە کە بۆ چین‌بەندی هەڵوێست‌گەلێک کەڵکی لی‌وەردەگیرێت کە بەباوەڕی ئەوان تێ‌گەیشتن، ناسین و کردە بنەمای زەینی هەیە، واتە هۆکارەکانی ڕاستەقینەی پاساوی کردە و کردەوە لە ئەندێشە و زەین‌ڕا سەرچاوە دەگرن. سوبژێکتیڤیسم وەک پارادایم و ئەندێشە لەڕاستی‌دا لەسەر ئەو باوەڕەیە کە تاک، ئاگایی و تێ‌گەیشتووی تاک محەکەی هەموو زانست و ناسینێکە، واتە تێ‌گەیشتنی تاک و خواستەکانی تاک دیاریکەر و دەرخەری واقعییەتە. بەکورتی دەشێ بگوترێ کە سوبژێکتیڤیسم لەسەر ئەو باوەڕەیە کە سوژەی زانا واتە مرۆڤ وەک ناسکار پیویستی هەموو زانستێکە.

کوردایەتی

لەگەڵ ئەوەدا چەمکی کوردایەتی، کوردبوون و دەستەواژەکانی پێوەندی‌دار بەم چەمکە بەردەوام لەڕاوێژی ڕۆژانە و نووسراوەکان‌دا کەڵکیان لێ‌وەردەگیرێت، بەڵام هەتا ئێستاش تایبەت‌مەندێ نەزەری و زەینێکان، چوارچێوەی مەغریفی و ئاماژە فەلسەفێکانی ئەم چەمکە بە ناڕوونی، دیاری نەکراوی و ڵێڵی ماونەوە، بۆیەش لەڕێی کەڵک وەرگرتن لە دوو چەمکی فەلسەفی "سوبژێکتیڤیسم" و "مێتافیزیک" حەول دەدرێت بە کورتی ئەم گۆشە تاریک و نادیارەی کوردایەتی ڕوون بکرێتەوە.

کوردایەتی وەک چەمکێک بۆ پێناسەکردنی سنوورەکانی هەست، خواست، تایبەت‌مەدنی و چییەتی نەتوەخوازی کوردی بەر لەوەکە لەخۆگری ڕواڵەتەکان و دیاردە ئۆبژێکتیڤەکان بێت، پیویستە لەخۆگر و هەڵگری تایبەت‌مەدنی و جیهانێکی نەزەری بێت، تا بە پشت بەستن بەو دیاردە ئۆبژێکتیڤ و ڕواڵەتێکان شرۆڤە بکرێن، پاساو بکرێن و شەرعییەتیان پێ بدرێت.

کوردایەتی وەک سوبژێکتیڤیسمی مێتافیزیکی، پاردایمێکی نەزەریە لەسەر ئەساسی شەرعییەتی عەقڵی تاک و مرۆڤی کورد وەک بەشێک لە کۆی گشتی مرۆڤەکانی ئەم جیهانە کە توانایی پیناسەکردن، خۆدەرخستن، خۆ شووناس بەخشی و خۆداڕشتنی هەیە، ئاماژەیەکە بە شەرعییەتی ئیرادەی مرۆڤ و تاکێکی ئازادی باڵغ کە بەبێ پێویستی بە ناوبژیوان و نێونجیکەر توانای بوونی هەیە. کوردایەتی وەک پیکهاتە و بینایەکی نەزەری، زەینی  مەعریفی لەخۆگری ئەم توخمانەیە: ئازادی، بەرابەری، عەداڵەت، سەربەخۆیی، مرۆڤایەتی.

کوردایەتی لەگوێن سوبژێکتیڤیسمی میتافیزیکی بەردەوام کەوتۆتە بەر هێرشی پان ئێرانیسم و پان شیعیسم. پان ئێرانیستەکان بە بیانوی ئەوەکە کوردایەتی دژی وجوودی ئێرانیە، لە وجوودی ئێرانی غافڵە و نابەئاگا لە وجودی ئێرانیە و پان شیعەکان بەبیانووی ئەوەکە کوردایەتی گەورەترین بەربەستە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی تاکی کورد لەگەڵ وجوودی ئایینی و هزری ئایینی. لەڕاستی‌دا هەمووی ئەم ڕەخنانە ڕاستن بەهۆی ئەوەکە کوردایەتی لەگوێن باوەڕ بە نەتەوەیەکی پێکهاتوو لە مرۆڤی ناسکار و سوژەی کوردی کە بەڕایەلی زەینی کوردی و مینتالیتەی کوردی لە نەتەوەی کوردی‌دفا لێک‌گرێ‌دراونەوە، بەربەست و لەمپەرێکە بۆ ئیستحمار و کۆیلەکردین تاکی کوردی، ڕێگا و ئاسۆیەکی بۆ سەربەخۆیی و سەربەستی، کوردایەتی جیهانێکی نەزەری و مەعریفی بان ئایینی و ئایدۆلۆژیکیە بەمەبەستی فام بە شووناسی هاوبەش‌کردن، تێ‌گەیشتن لە وێکچووە هزری و ڕواڵەتێکانی سوژەی کوردی.


۱۴۰۳ مرداد ۲۸, یکشنبه

۱۴۰۳ مرداد ۲۷, شنبه

فێنۆمێنۆلۆژیی شێعری کوردی و کوردایەتی لە شێعردا


 







✍ شاهۆ حوسێنی

 

زۆر دەمێک بوو لام وابوو کە شێعری کوردی زۆر بە کورتی بە مانای نووسینی شێعر بە زمانی کوردی و کوردایەتیش دەرخستنی دیاردەی سیاسیی باو لە کوردستان لەنێو شێعردایە، واتە ئەوەیکە شاعیرێک شێعر بکاتە بەستێنی دەرخستنی دەرکەوتەی نەتەوەیی ئەمە دەبێتە کوردایەتی لە شێعردا.

 بەڵام ئێستا ڕوانگەم جیاوازە و گۆڕاوە، بەهۆی ئەوەکە ئێستاکە لەمە تێگەیشتووم کە زمان تەنیا دیاردەیەکی ئۆبژێکتیڤ و ڕواڵەتی لە پیتەکان، وشەکان و ڕەستەکان نییە، واتە پێکهاتەیەکی ڕواڵەتی لە پیتەکان کە وشە پێک دێنن و لە وشەکان کە ڕەستە پێک دێنن نییە، بەڵکوو زمان زایەڵەی جیهانێکی زەینی، ڕوانگەیەکی مەعریفیی دەروونی مرۆڤەکانە، واتە بەر لەوەیکە زمان بە شێوەی دیاردەی ڕواڵەتیی وشە و ڕەستە یان فۆڕمی فۆنێتیکس (دەنگدارێتی) بێت، زمان زەین، ئەندێشە و مێنتالیتەیە، واتە نەخشەڕێگایەکی زەینی بۆ پیناسەکردنی "خود"، "ئەوی‌تر" و جیهان، سنووربەندییەکی زەینی و دەروونییە کە سنووربەندیی ڕواڵەتی و جیهانی دەرەوەی مرۆڤ دیاری دەکات.

 بە کورتی دەشێ بگوترێت کە زمان بەر لەوەیکە فۆڕمی ڕواڵەتی وشە و ڕەستەکان بێت بە مانای توانایی زەینی و دەروونیی مرۆڤە. بۆیەش زمان ئەگەر لە فۆڕمی ڕواڵەتیدا لەخۆگری تایبەتمەندیی گشتگیری جیهانییە، بۆ وێنە ئەگەر "بکەر"، "بەرکار"، "ئاوەڵناو" و "فێعل" وەک بەشێک لە ڕێزمان لە هەموو زمانەکاندا تایبەتمەندیی هاوبەشیان هەیە و گشتگیرن، ئەوا زمان بە مانای توانایی زەینی دیاردەیەکی تاکی و کۆمەڵایەتیی تایبەتی هەر کۆمەڵگەیەکە.



 واتە دەشێ بگوترێت کە زمان لەم ئاستەدا دیاردەیەکی سوبژێکتیڤە، لەخۆگری جیهان و ساحەیەکی زەینیی تایبەتی تاک و کۆمەڵگەیەکە کە لەگەڵ تاکی کۆمەڵگەکانی‌ تر دەشێ جیاواز بێت، لەلایەک مۆرکی ژینگەی کولتووری و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەی خۆی پێوە دیار بێت و لەلایەکی‌ ترەوە زایەڵەی زەمانی خۆی بێت، بە جۆرێک کە لەڕووی زمان هەم ڕەهەندی کۆمەڵایەتی بناسرێتەوە و هەمیش لەڕووی زمان کات بشێ بناسرێتەوە، زۆر بەکورتی زمان دەشێ لەخۆگری ئێستا و ئێرە بێت.

 ئا لێرەڕایە کە من پێموایە هەرچی بە کوردی نووسراوە لە ساحەی شێعردا ناچێتە نێو خانەی شێعری کوردی، بەهۆی ئەوەیکە "کوردی" وەک ئاوەڵناو ناکرێت دابەزێندرێتە ئاستی جوغرافیا، بەڵکوو کوردی لێرە ئاماژەیەکی ڕادیکاڵە بۆ جیهانی زەینی، ئەندێشە و مێنتالیتەیەک کە خاوەنی سنووربەندییە لەگەڵ مرۆڤی کۆمەڵگەکانی‌ تر، کوردی دەشی بگوترێت کە زایەڵەی ژینگەی کولتووری، کۆمەڵایەتی و مەعریفیی تایبەتی کوردستانە کە نە فارسییە، نە عەرەبییە و نە تورکییە، کەواتە بەشێکی زۆری ئەم شێعرانەی کە ئەگەرچی بە زمانی کوردین بەڵام ناوەڕۆکی ئایینی، عیرفانی، چەپی و بەکورتی هەڵگری زەینی ناکوردستانی بەمانای هاوردەیی و دەرەوەی کوردستانین ناشێ وەک شێعری کوردی پێناسە بکرێن، واتە ئەم شێعرانە کە بەشێک لە ڕەوتی سوبژێکتیڤیسم و زایەڵەی ڕەوەندی دەرکەوتنی سووژەی کوردی بە مانای زایەڵەی ژینگەی کولتووری، کۆمەڵایەتی کوردستان وەک زەین لە زەمانی تایبەتدا نین ناشێ بە شێعری کوردی پێناسە بکرێن.

 لە هەمان حاڵیشدا کوردایەتی لە شێعردا ناشێ وەک دیاردە و تایبەتمەندییەکی ئۆبژێکتیڤ واتە ڕواڵەتی لە شێعردا چاوی لێ‌ بکرێت، واتە هەوڵ بۆ دروشمدان بە کوردی، دەرخستنی سۆز و سەمپاتیکردنی سیاسی لە شێعردا ناشێ وەک کوردایەتی لە شێعردا پێناسە بکرێت، بەڵکوو کوردایەتی لە شێعردا درێژە و تەواوکەری شێعری کوردییە، بە مانای هەوڵ و تێکۆشان بۆ پەرەی شێعری کوردی و هێژمۆنیی زەین، مێنتالیتە و ئەندێشەی کوردی وەک ڕەوتێک لە خزمەت دەرکەوتنی تاک و کۆمەڵگەی کوردی وەک سوبژە و داڕشتنی سنووربەندییەک بۆ پێشگرتن لە داگیرکاری و لە ناوەرۆکی کوردانە بەتاڵکردن لەلایەن ئەوی‌ تری ناکوردستانییە.

 زۆر بە کورتی دەتوانم بڵێم کە شێعری کوردی بە مانای ڕەنگدانەوەی ئاگایی و فامی کوردانە لە شێعردایە و کوردایەتیش لە شێعردا بە مانای هەوڵ و تێکۆشان بۆ پەرە و گشتگیرکردنی ئەم ئاگایی و فامە لە شێعردایە.


۱۴۰۳ مرداد ۱۳, شنبه

زەروورەتی بەرەی کوردستانی

 گرینگی و پێویستیی دروستکردنی بەرەیەکی نیشتمانی لەژێر چەتری دیسکۆرسی کوردستانی لەنێو حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.




۱۴۰۳ مرداد ۹, سه‌شنبه

زیندووکردنەوەی مێلۆدیە کوردێکان‌ یا کورداندنی مێلۆدیە تورکێکان

 










شاهۆ حوسێنی

ژیانی کۆمەڵایەتی تورکەکان لە ڕابڕدوودا لەخۆگری دوو تایبەت‌مەدنی گرینگە کە ڕەنگ‌دانەوەی ژینگی سارد و ویشیکی ژینگەی مێژوویی تورکەکان واتە موغولستان و دەورووبەرێتی، یەکەم تایبەت‌مەدنی ئەوان شواناکارەییە، ئەوان ئاژەڵدار و کۆچەر بوون بۆ دابین‌کردنی بژیوی ژیانی خۆیان و ئاژەڵەکانیان بەردەوام لە کۆچ و جێ‌گۆڕکێ‌دابوون، دووهم تایبەت‌مەندی وان کە زایەڵەی یەکەم تایبەت‌مەندیە شەڕکەری ئەوان بوە، ئەوان بۆ دابین‌کردنی ژیان بەردەوام لە شەڕ و هێرش و تاڵان دابوون و خەریکی تاڵان‌کاری بوون، هەربۆیەش لەوەها کۆمەڵگایەکی مرۆیی‌دا هونەر ئەمجۆرەی لە کۆمەڵگای نیشتەجێی ڕۆژهەڵاتی‌ناوین‌دا دەرکەوتووە بوونی نەبوە، ئەوان هیچ‌کات مەجالی خوێندەواری و هونەرپەروەریان نەبوە، بەڵام یەکجار زۆر دڕەندە، خوێن‌ڕێژ و تاڵان‌کار بوون و هەرچی بەردەستیان کەتووە تاڵانیان کردوە، ئەوان لەپاش هێرشە بەربڵاوەکەی چەنگیزخان بۆ لای ڕۆژهەڵات هەرچی دەسکەوتی مرۆیی بوو یان تاڵایان کرد یان لەناویان برد. تورکەکان لەپاش نیشتەجێ بوون لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و بەتایبەتی کوردستان فێری شێوە مەعاشرەتی کۆمەڵایەتی تایبەتی کۆمەڵگا نیشتجێیەکان بوون، لەوان فێرە هونەر و خوێندن و پەگەیاندن بوون، دەشی بگوترێ کە ئەوان جگە لە شەڕ و هێرش هیچ ئەزموونێکان بۆ گەیاندن نەبوو، بەڵام لەبەرامبەردا شارستانییەت و هونەر فێر بوون. یەکێک لەو هونەرانە مووزیکە کە لە کۆمەڵگای نیشتەجێی کوردستان ئەوان لە کوردەکان فێری بوون و زۆر لەوەدەچێت کە  مێلۆدیە کوردێکانیان تورکاندبێت، هەر بەم جۆرەی بەهۆی دەسەڵات‌دارێتی و حکوومەتی تورکەکان بەشی هەرەزۆری ناوە کوردێکانی کوردستان سڕاونەوە و وشەی تورکیان لەجێات سەپاوە، بێ‌گومان موزیکی کوردیش دەشێ بەم شێوەیە داگیرکرابێت و ناوی تورکی بەسەردا سەپا بێت.

زیندووکردنەوەی مێلۆدیە کوردێکان

هەڵەیەک بەبەردەوامی لەناو کۆمەڵگای کوردی‌دا و لەلایەن بەشێک لە هوونەرمەندان و یەک لەوان مستەفا دادار دووپات دەکەرێتەوە، لەم داییانەدا مستەفا دادار لە وتوو وێژ لەگەڵ ڕووداو باس لە "کورداندنی" مێلۆدیە تورکێکان دەکات لەلایەن حەسەن زیرەک و سەرچاوەی مێلۆدێکانی بەشیکی زۆری گۆرانێکان نەمر حەسەن زیرەک بۆ تورکەکان دەگەڕێنێتەوە، بەباوەڕی من ئەمە هەڵەیەکی کووشەندەیە، بەباوەڕی نووسەری ئەم دێڕانە ئەم مێلۆدیان کوردی بوون و وەک چلۆن ناوی بەشیکی زۆری کوردستان بەهۆی دەسەڵاتی حکوومی تورکەکان گۆڕاوە، ئەمانیش لەلایەن تورکەکانەوە تورکێندراون، واتە لەسەرچاوەدا کوردی بوون بەڵام وەک بەشێک لە ڕەوتی ئاسمیلەکردنی کوردەکان لەڕێی کووشتن، زمان سڕینەوە و داگیرکردنی ژێئۆپۆلەتیک، داگیر کراون و تورێکندارون، واتە ملێدۆیە کوردێکان تەنیا لە زمان‌دا بەتورکی کراون، بەڵام لەهەست و زەوق‌دا بەهۆی ئەوەکە زایەڵی پێوەندی ڕووحی تاکی کورد لەگەڵ ژینگەی کوردستان بوە هیچ‌کات تورکەکان نەیان توانیوە بی توکێنن، هەربۆیەش کاتێ لەلایەن هونەرمەندانی کورد بەتایبەتی نەمران مامۆستا مەحەممەدی ماملێ و مامۆستا حەسەن زیرەک دەگەڕێندرێنەوە سەر زمانی ڕەسەنی خۆیان واتە کوردی، جارێکی‌تر هەست و زەوقی کوردانەی ئەم مێلۆدیانە لەگەڵ زمانی مێلۆدێکان بەیەک دەگەنەوە و ڕووح و ڕەوانی بیسەری کورد پاراو دەکەن، من وەک گوێ‌گری ئەم مێلۆدیانە و هۆگری موزیکی کورد بەم ڕەوتە دەڵێم زیندووکردنەوەی مێلۆدیە تورکێندراوەکان و سەرلەنوێ بەکوردی کردنیان، بەپێچەوانەی بەڕێز مستەفادادار و بەشێکی‌تر کە پێی دەڵێن کورداندنی موزیکی تورکی. بێ‌گومان لە نێوان ئەم دوو رەوتەدا جیاوازی ناوەرۆکی و گەوهەری هەیە، ڕەوتی یەکەم ئاماژە بە گەڕاندنەوەی مێلۆدیە داگیرکراوەکان‌دەکات بۆ سەرچاوە بەپێ‌داگری لە کوردانە بوونی ئەم مێلۆدیانە و ڕەوتی دووهەم ئاماژە بە داگیرکردنی مێلۆدی تورکی دەکات لەلایەن کوردەکانەوە بەپێ‌داگری لە تورکی بوونی ئەم مێلۆدیانە وەک سەرچاوە. ئەمە لەڕاستی‌دا نەکۆڵی‌کردن و بەخشینی بەشێکی گرینگی مێژووی کوردیە بە تورکەکان و ملکەچ‌کردن بۆ داگیرکاری و داگیرکەرە، مێژوویەکی کە منی کوردی ئەم سەردەمە پێویستە بۆ دەرکەوتن وەک سوبژە، سیمای خۆم لە خودی مێژووی کوردی‌دا بدۆزمەوە ببینمەوە، ئەوە لەکاتێک‌دایە کە بەهەڵە ئەم سەرچاوە گرینگە مێژووییە بە تورکەکان دەبەخشین.

بێ‌گومان موزیک دەرکەوتەیەکی گرینگی کۆمەڵایەتی و لەودا شعور و هەست لەڕیی وشە و مێلۆدی بەیەک دەگەن و دەبێتە تابڵۆیەکی زیندووی کۆمەڵایەتی کە لەلایەک دەرخەری فۆڕمی زەینی و شعووری کۆمەڵگایە و لەلایەک دەرخەری فۆڕمی هەست و زەوقی کۆمەڵگایە. لەڕاستی‌دا موزیک لەڕێی لێک‌هاڵاندنی وشە و هەست بناغەیەکی گرینگی شووناسی تاک و نەتەوەی هەر کۆمەڵگایەکە کە کارتێکەری قوڵی لەسەر پەرەی ڕووحی نەتەوەیی لەهەر کۆمەلگایەک هەیە. موزیک لەهەر چاخێکی زەمانی‌دا  دەشێ وەک پەڕتووکێکی مێژووی بخوێندرێتەوە و ببیندرێت کە لەخۆگری حەز، تاسە، ترس، دڵەڕواکێکان و خواستەکانی مرۆڤی کۆمەڵگایە. بۆیەش لەتوێژینەوە مرۆڤ‌ناسێکان‌دا دەور و ڕۆڵێکی گرینگی هەیە. بەم هۆکارانە نووسەری ئەم دێڕانە پێشنیار دەکات تا بەستێکی کوردانە و بەرپرسیارانە شرۆڤە و توێژینەوە لەسەر موزیکی کوردی بکرێت تا بەر بەخەسارە قەرەبوونەکراوەکان بگیرێت.

 

 


۱۴۰۳ مرداد ۲, سه‌شنبه