۱۴۰۳ مرداد ۲۹, دوشنبه

کوردایەتی لەگوێن سوبژێکتیڤیسمی مێتافیزیکی

 








شاهۆ حوسێنی

بێ گومان هیچ چەمک و داهێنانێک هێندی داهێنانی چەمکی "سوژە" لەلایەن دێکارتەوە خزمەتی بە داماڵینی ئایین وەک حەقیقەتی ڕەها، مسۆگەر و بێ‌خەوش لەژیانی مرۆڤ‌دا نەکردبێت. چەخماخەی سوبژێکتیسمی دێکارتیش بێ‌گومان لەلایەن تێزەکانی لوتێرەوە لێ‌درا، کاتێک شەرعییەتی نێوندگیری کلیسای لەنێوان مرۆڤ و خوادا سڕیوە و شەرعییەتی توانایی مرۆڤەکان بۆ شرۆڤەی دەقە ئایینێکانی بەفەرمی ناسی، لەڕاستی‌دا لۆتێر ئیرادە و توانایی مرۆڤی بۆ خواناسی داهێنا و دێکارتیش توانایی و ئیرادەی مرۆڤی بۆ خۆناسین و پێناسەکردنی جیهانی دەرەوەی بەفەرمی ناسی، وێک‌چووی هەر دووکیان تەوەرە بوونی مرۆڤ و تواناییەکانی مرۆڤ بوو، بەم شێوەیە مرۆڤ وەک تەوەرە گەڕایەوە ناو کایەی ژیان و جیهان.

سوبژێکتیڤیسمی مێتافیزیکی

مێتافیزیک لە دووبەشی مێتای لاتینی بەمانای "بان"، "پاش" و "دوای" و فیزیک بەمانای سرووشت و دۆخی سرووشتی پێک‌هاتوە، لەڕاستی‌دا بەشێکی بنەڕەتی لە فەلسەفەیە. گەڵاڵەکانی سیستمی مێتافیزیکی بەگشتی لەدەوری فەلسەفەی نەزەری بەمانای شرۆڤەی بنەماکان، پێش‌مەرجەکان، هۆکارەکان و یاسا گشتێکانی پێوەندی‌دا بە حەقیقەت و ڕاستەقەینەدا دەگەڕێت لە ئەندێشەی دێکارت‌دا مێتافیزیک فەلسەفەی ناسینە( ئێپیستمۆلۆژی یان مەعریفەت‌ناسی)، کانیتش مێتافیزیک بە ناسکار(فاعیلی‌شناسا) هەڵدەسەنگێنێت و وەک زانستی مرۆیی(بەرهەمی توانایی عەقڵی مرۆڤ) بۆ گەیشتن بە فام و ناسینی دیاردەگرینگەکانی وەک مرۆڤ، خوا و ،،،،هتد پێناسەی دەکات. بە کورتی دەشێ بگوترێ کە مێتافیزیک بەپێچەوانەی فیزیک کە زانستی ماتریالە، ئەوا پێوەندی بە هزر، ئەندێشە، فام و ئاگایی هەیە و شرۆڤەی دیاردە بان ماتریالێکان دەکات.

سوبژێکتیڤیسم چەمکێکی پێوەندی‌دار بە فەلسەفەی مۆدێڕنە کە بۆ چین‌بەندی هەڵوێست‌گەلێک کەڵکی لی‌وەردەگیرێت کە بەباوەڕی ئەوان تێ‌گەیشتن، ناسین و کردە بنەمای زەینی هەیە، واتە هۆکارەکانی ڕاستەقینەی پاساوی کردە و کردەوە لە ئەندێشە و زەین‌ڕا سەرچاوە دەگرن. سوبژێکتیڤیسم وەک پارادایم و ئەندێشە لەڕاستی‌دا لەسەر ئەو باوەڕەیە کە تاک، ئاگایی و تێ‌گەیشتووی تاک محەکەی هەموو زانست و ناسینێکە، واتە تێ‌گەیشتنی تاک و خواستەکانی تاک دیاریکەر و دەرخەری واقعییەتە. بەکورتی دەشێ بگوترێ کە سوبژێکتیڤیسم لەسەر ئەو باوەڕەیە کە سوژەی زانا واتە مرۆڤ وەک ناسکار پیویستی هەموو زانستێکە.

کوردایەتی

لەگەڵ ئەوەدا چەمکی کوردایەتی، کوردبوون و دەستەواژەکانی پێوەندی‌دار بەم چەمکە بەردەوام لەڕاوێژی ڕۆژانە و نووسراوەکان‌دا کەڵکیان لێ‌وەردەگیرێت، بەڵام هەتا ئێستاش تایبەت‌مەندێ نەزەری و زەینێکان، چوارچێوەی مەغریفی و ئاماژە فەلسەفێکانی ئەم چەمکە بە ناڕوونی، دیاری نەکراوی و ڵێڵی ماونەوە، بۆیەش لەڕێی کەڵک وەرگرتن لە دوو چەمکی فەلسەفی "سوبژێکتیڤیسم" و "مێتافیزیک" حەول دەدرێت بە کورتی ئەم گۆشە تاریک و نادیارەی کوردایەتی ڕوون بکرێتەوە.

کوردایەتی وەک چەمکێک بۆ پێناسەکردنی سنوورەکانی هەست، خواست، تایبەت‌مەدنی و چییەتی نەتوەخوازی کوردی بەر لەوەکە لەخۆگری ڕواڵەتەکان و دیاردە ئۆبژێکتیڤەکان بێت، پیویستە لەخۆگر و هەڵگری تایبەت‌مەدنی و جیهانێکی نەزەری بێت، تا بە پشت بەستن بەو دیاردە ئۆبژێکتیڤ و ڕواڵەتێکان شرۆڤە بکرێن، پاساو بکرێن و شەرعییەتیان پێ بدرێت.

کوردایەتی وەک سوبژێکتیڤیسمی مێتافیزیکی، پاردایمێکی نەزەریە لەسەر ئەساسی شەرعییەتی عەقڵی تاک و مرۆڤی کورد وەک بەشێک لە کۆی گشتی مرۆڤەکانی ئەم جیهانە کە توانایی پیناسەکردن، خۆدەرخستن، خۆ شووناس بەخشی و خۆداڕشتنی هەیە، ئاماژەیەکە بە شەرعییەتی ئیرادەی مرۆڤ و تاکێکی ئازادی باڵغ کە بەبێ پێویستی بە ناوبژیوان و نێونجیکەر توانای بوونی هەیە. کوردایەتی وەک پیکهاتە و بینایەکی نەزەری، زەینی  مەعریفی لەخۆگری ئەم توخمانەیە: ئازادی، بەرابەری، عەداڵەت، سەربەخۆیی، مرۆڤایەتی.

کوردایەتی لەگوێن سوبژێکتیڤیسمی میتافیزیکی بەردەوام کەوتۆتە بەر هێرشی پان ئێرانیسم و پان شیعیسم. پان ئێرانیستەکان بە بیانوی ئەوەکە کوردایەتی دژی وجوودی ئێرانیە، لە وجوودی ئێرانی غافڵە و نابەئاگا لە وجودی ئێرانیە و پان شیعەکان بەبیانووی ئەوەکە کوردایەتی گەورەترین بەربەستە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی تاکی کورد لەگەڵ وجوودی ئایینی و هزری ئایینی. لەڕاستی‌دا هەمووی ئەم ڕەخنانە ڕاستن بەهۆی ئەوەکە کوردایەتی لەگوێن باوەڕ بە نەتەوەیەکی پێکهاتوو لە مرۆڤی ناسکار و سوژەی کوردی کە بەڕایەلی زەینی کوردی و مینتالیتەی کوردی لە نەتەوەی کوردی‌دفا لێک‌گرێ‌دراونەوە، بەربەست و لەمپەرێکە بۆ ئیستحمار و کۆیلەکردین تاکی کوردی، ڕێگا و ئاسۆیەکی بۆ سەربەخۆیی و سەربەستی، کوردایەتی جیهانێکی نەزەری و مەعریفی بان ئایینی و ئایدۆلۆژیکیە بەمەبەستی فام بە شووناسی هاوبەش‌کردن، تێ‌گەیشتن لە وێکچووە هزری و ڕواڵەتێکانی سوژەی کوردی.


توافق تعلیقی؛ صلحی که قرار نیست اتفاق بیفتد

  شاهو حسینی در ادبیات رسمی دیپلماسی، هر مذاکره‌ای به‌طور پیش‌فرض با هدف رسیدن به توافقی تعریف می‌شود؛ اما تجربه‌ی روابط پرتنش میان ایران ...