۱۴۰۳ اردیبهشت ۱۰, دوشنبه

بۆچی کۆماری ئیسلامی دژبەرانی لەناو دەبات؟

 ئەمە سەردێڕی وتووێژی ئەمجارەمە لەگەڵ کورد کاناڵ، لەم وتووێژەدا بە تیشک خستنە سەر پەڕتووکی "نامەکانی ئێرانی" کە بەرهەمێکی ئەدەبیە لە گەورە فەیلەسووفی فەڕانسی شارڵ دۆ مۆنتێسکیو حەولم‌داو ئیستبداد لەئێران و کۆماری ئیسلامی وەک دەسەڵاتێکی ئیستبدادی شرۆڤە بکەم.

مۆنتسیکو لەم پەڕتووکەدا باس لە چەند دەرکەوتە دەکات، یەکەم حاکمی موستەبید، دووهەم حەڕەمسەرا، سێهەم خواجەکان و چوارەم ژنان. حەرەمسەرا هێما و سیمبۆلی ژینگەی ئیستبداد و حاکمی موستەبیدە، ژن کەرەسەی عەیاشی و ڕابواردن و مناڵ خستنەوەیە لە خزمەت ئیستبدادا، جواکەنا هەموو دەست و پێوەندێکانی ئیستبداد لەخۆدەگرێت کە دەوام، هێژمۆنی و بەرژەوەندی ئیستبداد دەور دەگێڕن، ئەوا لەڕیی ئەختە بوونەوە دەبنە خوڵامی حەڵقە لەگوێ حاکم و لەهیچ جینایەتێک و سەرشۆڕیەک بۆ حاکم ناسڵەمێنەوە. مۆنتسیکو لەم پەڕتووکەدا باس لە دۆخی دەروونی و ڕەوانی حاکمی موستەبید دەکات و بە دەست خستنە سەر ترس وەک هۆکار، ئاماژە بە تۆقاندن، خستنەوەی دڵەڕاوکێ لە کۆمەڵگادا و کەڵک وەرگرتن لە تووند و تیژی وەک زمان و کردەوەی حاکم نیشان دەدات کە حاکم بەهۆی ترس لە ئاگا بوون و تێگەیشتووی کۆمەڵگا وەک بنەڕەتی‌ترین بەستێنی وەلەرزە خستنی پایەکانی دەسەڵات، حەول دەدات لەڕیی ترساندن و تۆقاندنی کۆمەڵگا ئەم ترس و دڵەڕواکێیە دابمرکێنێت.

لەکۆماری ئیسلامی‌دا ئێران حەرەمسەرای رێبەرە و ژینگەی مسۆگەرکردن، پەرە و دەوامی ئایدۆلۆژی فۆندامێنتالیزمی ئایینیە، ژن کەرەسەیەک لە خزمەت ئارەزوو و حەزی سێکسی پیاوسالاری دەرکەوتوو لە فۆندامێنتالیزمی ئایینی دایە، خواجەکان هەموو دام و دەزگاکانی سیاسی، ئیداری و نیزامی لەخۆدەگرێت لە مرۆڤی ئەختەکراوی بەرهەم هێناو بۆ سەرکووت، تۆقاندن و لەناو بردنی هەرجۆرە ناڕزخایەتێک، یەکێک لەو دەزگا ئەختەکراوانە سیستمی قەزایی کۆماری ئیسلامیە کە حوکم‌گەلێکی وەک زیندان و ئیعدام بەسەر ناڕازیان دا دەسەپێنێت. ژنان کە بە دژ ئۆبژەبوون و شووناسی نزمی داسەپاو لەلایەن حکوومەت لە شۆرشی ژینادا ڕاسانەوە و هەموو ئەو مرۆڤانەی کە بۆ پشتیوانی لە زوڵم‌لێکراوان و لەقاو دانی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی لەلایەن خواجەکانی حکوومەتی وەک گەشتی ئیرشاد، سوپای تێرۆریستی پاسداران و دەزای قەزایی سەرکووت کراون.درێژەی بابەتەکە لە وتوووێژەکەدا دەتوانن گوێ‌بیست بن.


۱۴۰۳ فروردین ۳۱, جمعه

ئاوزی‌کوردانە، ئەخلاقی‌کوردانە

 









شاهۆ حوسێنی

جۆری پێوەندی ئەخلاق و کۆمەڵگا یەکێک لەگرینگ‌ترین پرسیارەکانی بەردەم بیرمەندان و توێژەرانی فەلسەفە لەناو جهانی هزر و فەلسەفەدایە. بێ‌گومان یەکێک لە گرینگ‌ترین و هێژمۆن‌ترین نەریتەکان و ڕوانگەکان لەمەر ئەخلاق، نەریت و ڕونگەی ئەڕەستوویە، نەریتی ئەخلاقی ئەڕەستوویی و فەلەسەفی ئەخلاقی ئەڕەستوو لەڕاستی‌دا پێوەندێکی دانەبراو گرینگ‌ لەنێوان ئەخلاق و ئاوز دا ساز دەکات، بەباوەڕی ئەڕستوو: تاک لەدەڕەوەی نەریت، مێژوو و زەرفی کۆمەڵگادا ناشێت وەک خاوەنی ئاوز و ئاوزمەند پێناسەبکرێت و هەر کردەوەیەک لەچوارچێوەی عەقڵ و ئاوزدابێت ئەوە کردەوەیەکی ئەخلاقیە، بەو پێیە مرۆڤی عاقڵ و خاوەن ئاوز ئەم مرۆڤەیە کە لە بەپشت بەستن بە مێژووی کۆمەڵگاکەی، لەناو چوارچێوەی نەریتی کۆمەڵگای خۆی‌دا بۆ پێشکەوتی کۆمەڵگاکەی هەڵسووکەوت دەکات. بەوپێێە دەشێ هەر کۆمەڵگایەک و یەک لەوان کۆمەڵگای کوردی و کوردستان خاوەنی ئەخلاق و ئاوزی تایبەتی خۆی بێت.

 

ئاوزی‌کوردانە

ئاوزی کوردانە دەشێ بەم فۆڕمە هزری و مەعریفیانە بگوترێت لە بەرهەمی نەریتی کوردانە و لەهەناوی مێژووی کۆمەڵگای کوردستان‌دا بەمەبەستی وڵام‌دانەوە بە کێشە و قەیرانەکانی کۆمەڵگای کوردستان بەرهەم هاتبن. ئاوزی کوردانە واتە بەشێک بەشی ناوەرۆکی سۆبژێکتیسم لەکوردستان ڕەنگە ئەمڕۆکە گەورەترین غایبی کۆمەڵگای کوردیە. بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەکە کە ئازادی، عەداڵەت و یەکسانی گەورەترین قەیرانەکانی کلتووری، کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی کۆمەڵگای کوردی و کوردستانن لەبەرامبەر داگیرکەرانی کوردستان‌دا، دەشی بگوترێ کە ئەمانە کۆڵکەکانی ئاوزی کوردانەن: ئازادی بەمانای لەنابردن و سڕینەوەی هەرجۆرە دەستێکی باڵا کە مەبەستی داسەپاندنی شووناس و فۆڕمێک بوونی ناکوردی و دژەکوردانەیە بە سەر کورد، کۆمەڵگای کوردی و کوردستان‌دا، عەداڵەت بەمانای شەرعییەتی جیاوازبوونی کورد لەوی‌تر و یەکسانی بەمانای فرسەتی یەکسان لەگەڵ ئەوی‌تر بۆ خۆدەرخستن و خۆپێناسەکردن.

 

ئەخلاقی‌کوردانە

ئەخلاو لە ئەندێشەی ئەڕەستوودا بەمانای کۆمەڵایەتی بوونی مرۆڤە، واتە قەبووڵی نۆڕم، بەها، شووناس و نەریتەکانی کۆمەڵگا، بەرپرسیارێتی لەحاند هەموو ئەو دایردانەدا و پاراستنیان وەک ئەرک. هەربۆیەش ئەخلاقی کوردانە دەشێ بەمانای قەبووڵی نۆرـ، بەها و شووناس و نەریتەکانی ناو کۆمەڵگای کوردی لەلایەن تاکی کورد و بەرپرسیاربوونی لەمەر پاراستن و ڕەچاوکردنی ئەم دیاردانەیە. ئەخلاقێ کوردانە لەناو تاکی کوردا کاتێ دەردەکەوێت کە تاکی کورد لەریی ژیان لەناو نەریت، مێژوو و زەرفی کۆمەڵگای کوردستان، واتە دەروەست بوون و بەرپرسیار بوون لەمەر هەموو قەیران و کێشەکانی کۆمەڵگای کوردی بوونێکی ئاوزمەندانە ڕەچاو بکات و لەڕیی حەول و کۆششی ئاوزمەندانە و عەقڵانی، حەولی چارەسەری و دۆزینەوەی ڕێگا چارە بۆ کێشە و قەیرانەکانی بەردەم کۆمەڵگای کوردی بەستێنەکانی ژیانێکی بەختەوەرەانە بۆ کۆمەڵگای کوردی بڕەخسێنێت.

 

بێ‌گومان بەبێ سەربەخۆیی تاکی کورد، کۆمەڵگای کوردی و کوردستان بەمانای پێناسەی ئاوزمەندانەی کورد، کوردبوون و کوردایەتی و لەدرێژەدا بەبێ کوردستانێکی عەینی سەربەخۆ هیچ بەختەوەری و سەعادەتێک بۆ کورد چاوەڕوان کراو نیە، بۆیەش ئاوزێک کوردانەیە کە بەستێن بۆ سەربەخۆیی بڕەخسێنێت و ئەخلاقێک کوردانەیە کە بەشێوەیەکی ئاوزمەندانە بەستێن بۆ بەخیەوەری تاکی کورد، کۆمەڵگای کوردی و کوردستان بڕەخسێنێت.


۱۴۰۳ فروردین ۱۶, پنجشنبه

ڕۆژهەڵاتی‌کوردستان‌ و قەیرانی‌ڕێبەڕی

 









شاهۆ حوسێنی

ڕەنگە هەتا ئەمڕۆکەش هیچ چەمک‌و وشەیەک هێندی "کاریزما" بۆ شرۆڤەو پێناسەکردنی ڕێبەڕان لەکاتی قەیران‌و لەکەشی شۆڕش‌دا ڕوونکەرەوە و چەسپاو نەبووبێت‌و کەڵکی لێ‌وەرنەگیرابێت. کاریزما ئاماژەیەکە بۆ سرنج‌ڕاکێشی و تایبەت‌مەندی‌گەلێکی درەوشاوە و بەرچاوی‌تاک‌و کەس‌گەلێک کە دەتوانن سرنجی گشتی و ڕێزی گشتی کۆمەڵگایەک یان کۆمەڵە مرۆڤێک بۆلای خۆیان ڕابکێشێن و بتوانن شوێندانەری کۆمەڵایەتی و گشتیان هەبێت. لەنێوندی سەدەی بیستەم‌ڕا چەمکی "کاریزما" بوو بە چەمکی دیار و مسۆگەر بۆ پێناسەی هەڵکەوتە سیاسێکان کە توانایی ڕێکخستن و کارتێکەری کەم‌وینەیان لەناو کۆمەڵگادا هەیە. چەمکی کاریزما لەڕاستی‌دا پێناسەی مرۆڤ یان مرۆڤ‌گەلێکە کە بان ئیرادەی مرۆڤەکان، ئەوان دەخاتە ژێرکارتێکەری ئیرادەی خۆی و تاکەکان دەبنە شوێة‌کەوتەی.

بێ‌گومان کاریزما یەکێک لەگرینگ‌ترین تایبەت‌مەندێکان و بنەماکانی کەسایەتی تاک و رێبەڕێکە کە دەتوانێ شوێن‌دانەر و خاوەن هێژمۆنی بێت لە کۆمەڵگادا، واتە یەکێک لەگرینگ‌ترین و سەرەکی‌ترین تایبەت‌مەندێکانی مرۆڤە بۆ وەدەست‌هێنانی دەسەڵات و هێژمۆنی کۆمەڵایەتی و سیاسی. لەڕێی ئەم تایبەت‌مەندێوە مرۆڤی کاریزما توانای ڕاکێشان و ریکخستنی مرۆڤەکانی لەدەوری خۆی هەیە، بەجۆرێ لەگەڵ ئەوەدا زۆر جار مرۆڤی کاریزما لەگەڵ‌ئەوەدا کە خاوەن هیچ پلەوپایەکی فەرمی و بۆرۆکراتیک نیە، بەڵام دەنگی لەناو کۆمەڵگادا هێژمۆن‌ترە لە خاوەن پلەکان و بەرچاوترە و درەوشاوەترە، هەر بەم پێیەش گۆییەکان زیاتری دەبیسن و چاوەکان ڕوون‌تری دەبینن. کەم نین ئەم کەسایەتیانەی لە کوردستانی رۆژهەڵات کە لەگەڵ ئەوەدا تۆزی مێژوو لەسەر ژیان و زەمەنیان‌ نیشتوە بەڵام هێشتا لە ئاسمانی خەیاڵ و هەستی کوردستان‌دا دەدرەوشێنەوە: شەهید سمکۆ، شەهید قازی موحەممەد، شەهید دکتۆر قاسملوو، شەهید کاک فوئاد، شەهید دکتۆر شەفیعی‌و ........

ڕێبەڕی‌کاریزما:

دەرکەوتنی ڕێبەڕی کاریزما بێ‌گومان لەلایەک بەرهەمی دۆخی تایبەتی کۆمەڵایەتی و سیاسی هەر کۆمەڵگایەکن، واتە بەرهەمی دەرکەوتن، پەرە و قوڵ‌بوونەوەی قەیرانی کۆمەڵایەتی و سیاسی ناو کۆمەڵگەکانن و لەلایەکی‌تریش بەرهەمی دۆخی لەباری کۆمەڵایەتی و سیاسی کۆمەڵگەکانن، واتە قەیران وەک پێش‌بەستێنێک و سەرچاوەی پێویستی و نیاز کۆمەڵگا هان دەدات بۆ دەرخستنی کاریزما و هەمیش ڕەخسانی کەش و هەویەکی تایبەت دەبێتە بەستێن بۆ دەرکەوتنی کەسایەتی کاریزما. بۆ وێنە قەیرانی پاش شەهید بوونی کۆماری کوردستان، شەهیدبوونی پێشەوای کورد و بەشێکی زۆری ڕێبەڕان و کەسایەتێ سیاسێکانی کوردستان وەک قەیران کەش و هەوایەکی لەباری خوڵقاند بۆ دەرکەوتنی شەهید دکتۆر قاسملوو وەک کاریزما لە داهاتوودا و هەمیش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی‌ئێران و ڕووخانی حکوومەتی پاشایەتی وەک بەستێنێکی لەبار بەستێن و زەمەنێک بوو بۆ دەرکەوتنی چەندین کەسایەتی کاریزما لە کوردستان. ئەوەی لەم ناوەدا زۆر گرینگە لە تەنیش قەیران و بەستێنی گوونجاو وەک تایبەت‌مەندی زەرووری و پاڵنەر، تایبەت‌مەندی هوڵکەوتەیی مرۆڤەکان دەشێ بگوترێ شوێن‌دانەرترین تایبەت‌مەندیە، واتە مرۆڤێکی کە وەک مناڵی سەردەم و کۆمەڵگای خۆی دەردەکەوێت و پسپۆڕێکی کارامەیە کە هەم لەباری زەینێوە ڕێگاچارە و عیلاجی پێیە و هەمیش بەکردەوە و لە پراکتیک‌دا بوێرانە دێتە مەیدان قۆڵی هیممەت هەڵدەماڵێت بۆ چارەسەری قەیران. گرینگ‌ترین تایبەت‌مەندی ڕێبەری کاریزما ئاڵوگۆڕی‌خوڵقێن و نوێ‌خواز بوونە، واتە مرۆڤێکی کە لەڕێی متمانە بە زانست و عەقڵی بیرمەندانە هەست بە پێویستی ئاڵوگۆڕی زەینی لە کۆمەڵگادا دەکات و جیهانێکی زەینی و نەزەری جیاواز دەخاتە ڕوو. دەشێ بگوترێ کە ئەمە خاڵی گەوهەری کەسایەتی و ڕێبەڕانی کاریزماتیکە، ئەوان بەپشتیوانی جیهانی زەینی، زانست و تێشووی مەعریفی و نەزەری حەولی گۆڕێن بنەما نەزەری و مەعریفێکانی کۆمەڵگا دەدات و زەین و مەعریفەیەکی ئەڵتڕناتیڤ بەرهەم دهێنێت و دەیکاتە جێگرەوەی زەین و ئەندێشەی ماوە بەسەرچوو. واتە دوو لێ‌کەوتەی ڕیبەڕانی کاریزماتیک لەگەڵ مرۆڤ ئاسایی ئەمەیە و کە سەرەتا تێ‌دەگات لە زەین و ئەندێشەی کۆمەڵگا کۆن و ماوە بەسەرچوە، واتە لگەڵ ئەمرۆیی و ئێرەیی نیە، دووهەم حەول دەدات بە فۆڕم‌دان بە ئاسۆیەکی مەعریفی و زەینی کۆمەڵگا لە سەرلێ‌شێوای زەینی دوور بکاتەوە، لێ‌کەوتەی دووهەم ئەوەمەیە، تێ‌دەکۆشێت بۆ چەسپاندن و مسۆگەرکردنی زەین و ئەندێشەیەکی نوێ و بەڕۆژ.

 

 

قەیرانی‌ڕێبەڕی لە ڕۆژهەڵاتی‌کوردستان

شەهیدبوونی بەشی هەرە زۆری ئەو ڕێبەڕانەی کە دامەزرێنەر، پەرەپێ‌دەر و ڕەچاوکەری هزر و ئەندیشەی نوێ بوون بۆ کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات، کەمپ‌نشین بوونی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە باشوور، پەرەی دیاردەی بۆرۆکراتیک لەنیو حیزبەکان بەهۆی نیشتەجێی، هێژمۆنی ڕکابەڕێتی و دەسەڵات‌خوازی لەناو حیزبەکانی کوردی لەپاش کەمپ‌نشینی لەڕەوتی کۆنگرەکانی حیزبی‌دا، دابڕانی بەردەوام لەنێو حیزبەکان و چەقبەستوویی هزری و مێژویی دەشی وەک گرینگ‌ترین هۆکارەکانی بەتاڵ بوونی حیزبەکان لە کەسایەتی کاریزما، واتە پەرەی ڕکابەرێتی و هێژمۆنی ڕکابەرێتی ناوخۆیی لەناو حیزبەکان بەسەر شۆڕش و شۆڕشگێڕایەتی لەڕاستی‌دا جۆرێکی بێ‌نیازی لەناو حزیبەکانهدا بەرهەم هێنا بەنیسبەت مرۆڤ و کەسایەتی هەڵکەوتە، هەروەها لەکاتی شۆڕش و لەگەرمەی شەڕی چەکداریش‌دا بەهۆی لەئارادبوونی چەند ڕێبەڕ و کەسایەتی کاریزما لەناو حیزبەکان‌دا هەستی پێویستی بە پێشمەرگە و مرۆڤی پراگماتیسم نەتەنیا جۆرێک بێ‌نیازی بە تاکی هەڵکەوتی هزری لێ‌کەوتەوە کە حەتتا جۆرێک دژایەتی و بەسووک دیتنی هەڵکەوتەی هزریشی لێ‌کەوتە، لەتەنیشت ئەم دیاردانە یارگیری بۆ هێژمۆنی و بەدەسەڵات گەیشتن و پاراستنی دەسەڵات دیاردەیەکی نەباشی تری لێ‌کەوتەوە، ئەویش مەیدان دان بە تاک و مرۆڤی ناتەبا لەگەڵ پۆستەکان و بڕەودان بە تاکی گوێ‌ڕایەڵ، لەئاکام‌دا سەرکووت و سەرکۆنەکردنی تاکی هەڵکەتە بەهۆی هەست بە مەترسی کردن لەلایەن ڕێبەڕانی نوێی حیزبەکان. واتە دەشێ بگوترێ کە ڕیبەڕانی نوێی حیزبە کوردێکانی ڕۆژهەڵات نەتەنیا خۆیان لەباری هزر و ئەندێشە هیچ کۆکیەک و تەباییەکیان لەگەڵ دۆخی ئیستای ڕۆژهەڵات نیە و خاوەنی هیچ جیهانێکی هزری سەربەخۆ و تازە بنیادنراو نین، کە لەهەمان کاتیشا هیچ ڕاوێژکارێکی کارمە و هەڵکەوتە کە بتوانێ ئەم کەمایەسێیان بۆ قەرەبوو بکاتەوە بەدەورەوە نیە، هەرچی دەکرێت و هەر هەڵسووکەوتێک تەنیا ئامانجی هێژمۆنی‌خوازای و بەمەبستی ڕادیکاڵ‌تر کردنی دەز و پەرەی هێژمۆنی خۆیانە لەکۆمەڵگا بەبێ گرینگی‌دان بە ئاڵوگۆڕی هزری. کلتووری و مەعریفی کۆمەڵگا بەبێ ڕەچاوکردنی پرەنسیپە زانستیە کۆمەڵایەتی و سیاسێکان بۆ خەبات و بەرخۆدان بەدژ دەسەڵاتێک کە بەدەیان ستراتژیست، ناوەندی توێژینەوەی زانستی و ستراتژیکی لەناو خۆ لە دەرەوە لەخزمەت‌دایە. لەڕاستی‌دا قەیرانی ڕێبەری بە مانای غیابی کەسایەتی کاریزما کە هەڵگری جیهانێکی مەعریفی و زانستی بەڕۆژ بێت، پشتیوانی و عەقەبەیەکی زانستی و مەعریفی‌جێگای متمانەی بەڕۆژی هەبێت، ئەمرۆکە ڕەنگە گرینگ‌ترین خەساری شەقامی سیاسی ڕۆژهەڵات بێت.


۱۴۰۳ فروردین ۱۱, شنبه

رۆژێک کە دەستی تاوان مەشخەڵی یەکسانی و دێموکراسیی کوژاندەوە


لەم دیمانەیەک‌دا لەتەک کوردکاناڵ وڵامی ئەم پرسیارانەم داوەتەوە


1. ئایا دەکرێ کۆمار بە ڕێبەرایەتیی پێشەوا وەک تاقەهەناسەدانی دێموکراسی و یەکسانیی نەتەوایەتی لە مێژووی ئێران ئەژمار بکرێ؟
2. کۆماری کوردستان چەندە خاوەنی ڕەوایی کۆمەڵایەتی بوو؟
3. ئەو ئیدیعا چەندە ڕاستە گەر بڵێین یەکێک لە هەوڵەکانی پێشەوا گەڕاندنەوەی سنوورە ناسنامەییەکان بووە لە ئێراندا؟
4. ئایا کۆمار و پیشەوا توانیان دەلاقەیەکی نوێ بەڕووی نەتەوەکانی ئێران بکەنەوە؟ لەڕووی خۆناسینی هزری بۆ ئەستاندنەوەی مافەکانیان؟








 

۱۴۰۲ اسفند ۲۲, سه‌شنبه

رووخان: چارەنووسی کۆماری ئیسلامی یان کۆمەڵگا؟

 









شاهۆ حوسێنی

 

شۆڕشی گەلانی‌ئێران ئەگەرچی شۆڕشێک بەدژ پاوانخوازیتی دەسەڵاتی سەڕەڕۆی پاشایەتی لەئێران بوو، واتە شۆڕشێك بۆ ئازادی، مافی مرۆڤ و پەرەی مرۆڤایەتی لە کۆمەڵگادا بوو، بەڵام هەر زوو لەلایەن ئایینخوازەکانەوە دەسەتی بەسەردا گیرا و بە کۆدەتای ئاخوونەدەکان، دەسەڵاتی کۆمەاری ئیسلامی بە تایبەت‌مەندی ئاخووندتەوەرەیی دەرکەوت. یەکەم چەخماخەی ڕووخاندنی کۆمەڵگا و ملکەچی ئەمری دینی‌کردنی تاک و کۆمەڵگا دوو حەوتە پاش شۆڕشی گەلانی ئێران و لە ڕۆژی حەوتی مانگی ڕەشەممەی ساڵی ٥٧ بە هەڵوێستی خوومەینی لەمەر هەڵوەشاندنەوەی یاسای پشتگیری لە بنەماڵە و ئیجباری کردنی حیجاب لێ‌‌درا. ڕۆژێک بەر لە دەست‌پێ‌کردنی ڕێوڕەسمەکانی ڕۆژی جیهانی ژن، خوومەینی لە لێدوانێك‌دا لە قوتابخانەی ڕفاە ڕایگەیاند لە لەمەودوا ژنان پێویستە بە حیجابی ئیسلامێوە لەسەر کارەکانیان دەوام بکەن. بەدژ ئەم هەڵوێستەی خومەینی نزیکەی هەشت هەزار ژن لەبەردەم زانستگای تاران خۆپێشاندانیان کرد. ساڵی دوایی دەسەڵاتی ئاخووندی و دەست و پێوەندێکانی بە هێرش کردنە سەر مافخوازی ژنان لەلایەک و مافخوازی و ئازادی خوازی گەلی کورد حەولەکانیان بۆ ڕووخاندنی کۆمەڵگا بەربڵاوتر و بەرفراوانتر کردەوە، دەیەی شێستی هەتاوی هێرش بۆ سەر هەموو هێز و ڕیکخراوە دژبەرەکانی دەسەڵاتی ئاخووندی بەربڵاوتر، ڕادیکاڵ‌تر و خوێناوی‌تر بوو، لە کوردستان ڕژێم لەهیچ جینایەتێک خۆی نەدەپاراست بۆ سەرکووتی کوردستان و لەناوەندیش بەربڵاوی گرتن و لەسێدارەدان چاوەڕوان نەکراوبوو.

حەولەکان بۆ وێڕان کردنی کۆمەڵگا بەدرێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی دەوامی هەبوو و بە شیوەگەلی جۆراوجۆر ڕەچاو دەکرا، لەسێداردەانی بەهەزاران زیندانی لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی‌دا، قەتڵەکانی زنجیرەیی لەناوخۆ و دەرەوە، تێرۆر و تۆقاندنی دژبەران لە دەرەوە و لەناو کۆمەڵگا، ئیسلامی‌کردنی ناوەرۆکی وانەکانی زانکۆ و قوتابخانەکان، هەمووی ئەمانە بەمەبستی وێرانی کردنی کۆمەڵگا بۆ سەپاندنی حوکم و پاوانخوازێتی دەسەڵاتی ئایدۆلۆژیک تەنیا بەیەک مەبەست بەڕێوە دەچوو، ئەویش پێش‌گرتن لە رووخنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی. کۆماری ئیسلامی بەبەردەوامی شەرعییەت و مەقبووڵییەتی حەتتا لەناو لایەنگرانی ڕدیکاڵی خۆی لە دەست‌دەدا و ئەمەش مەترسێکی گەورە بوو بۆ بەرەو ڕووخان و هەڵدێر چوونی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، بە کورتی دەشێ بگوترێ لەناو ژێئۆپۆلەتیکی ئێران‌دا یان دەبێ دەسەڵات بڕووخێت یان کۆمەڵگا، دەسەڵاتی پەهلەوی نەیتوانی کۆمەڵگا بڕوخێنێت و لەئیاکام‌دا خۆی ڕووخا.

کۆماری ئیسلامی‌ ئەگەرچی زێدە لەچل ساڵە حەولی ڕووخاندنی کۆمەڵگا دەدات، بەڵام بە دوو هۆکار نەیتوانیوە: یەکەم بەرتەسک بوونەوەی بەردەوامی جەغزی لایەنگران و کۆڕگێڕانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی. دووهەم بەربەرەکانی و خەباتی بەردەوام و بەربڵاوی کۆمەڵگا کە دوو لە دیارترین تیری کە لە جەرگی کۆماری ئیسلامی کەوت لەم یەک  ڕابڕدوو دا شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و تەواوکەری فڕێ‌دانە ناو زبڵدانی بێ‌شەرعحیەتی دەسەڵات لە هەڵبژاردنی فەشەڵی ڕەشەممەی ئەم ساڵ بوو، کە پارڵمانی ئێران بوو بە نوێنەری ژێر دەلەسەدی کۆمەڵگا و لەزۆر شوێنان دەنگی باتڵ دوو و سێ بەرامبەری دەنگی بەربژێرانی وەدەست هێنا، بەم شێوەیە ئەوەی تا ئێستا ڕوونە ئیئرادەی کۆمەڵگا بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیە، پرۆسەی بەربەرەکانی بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی بەبەردەوامی پەرە دەستێنێت و بەهێزتر و بەربڵاوتر دەبێت و پڕۆژەی دەسەڵات بۆ ڕووخاندنی کۆمەڵگا رۆژ دەگەڵ ڕۆژ لاوازتر، سیزتر و بێ‌هێزتر دەبێت.

 

 


۱۴۰۲ بهمن ۲۲, یکشنبه

دەرکەوتنی بناژوێخوازی ئایینی لەپاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران

 وتوو وێژێک لەتەک کوردکاناڵ

شۆڕشی گەلانی ئێرانی ئەگەرچی لەسەرتادا، شۆڕسێک بۆ ئازادی، دیمکراسی و مافی مرۆڤ بوو، بەڵام هەر زوو ئاخووندەکان و بناژوێخوازە ئایینێکان توانیان دەستی بەرسەردابگرین بەم هۆکارانە:

1-    دەور و نەخشی ئایین دەور و نەخشێکی پیشینیە، بەجۆرێ کە ئایین وەک ئێپیستمە بنەمای هەرجۆرە ئایدە و ئەندێشەیەکە لەهەناوی تاکی ئیرانی‌دا

2-    دەسەڵاتی پەهلەوی ئەگەرچی حەولی بەڕواڵەت مۆدێڕن‌کردنی ئیرانی دەدا بەڵام بەهیچ شێوەیەک ئەمە بەمانای سێکۆلاریزەکردن و حەول بۆ پەرەی سێکۆلاریزم نەبوو، بەهۆی ئەوەکە حەمەڕەزاشا بەردەوام پێ‌داگری لەسەر ئایین، دەور و نەخشی ئایین و بەهێزکردنی کارکردەکانی ئایینی دەکرد، بە دژ چەپەکان

3-    لەپێش‌نووسی یەکەمی یاسای بنەڕەتی ئێران، ئایین و ئاخووند بەهیچ شێوەیەک ئەوەندە هێژمۆن و خاوەن دەسەڵات نەبوون، ئیبراهیمی یەزدی وەک کەسێکی ئایینی بناژوێخواز بۆ لەمەیدان بەدەرکردنی چەپەکان، دێمۆکراتەکان و دژە ئایینێکان، خومەینی هێناوە ناو کایەی سیاسی و لە پێش نووسی دووهمە‌دا ویلایەتی فەقیه و ئاخووند دەور و نەخشێکی گرینگیان پەیدا کرد.