شاهۆ حوسێنی
پرسی سەرەکی ئەم باسە ئەوەیە: ئەگەر پ.ک.ک دەوڵەت-نەتەوە بە سەرچاوەی ستەم و چەوساندنەوە دەزانێت، بۆچی دژایەتیی دەوڵەت-نەتەوەی کوردی دەکات، بەڵام هاوکات ڕێککەوتن لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا و تێکەڵبوونی هێزە پەیوەندیدارەکانی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراقدا دەخرێتە بەرباس؟ ئایا ئەمە تێپەڕاندنی لۆژیکی دەوڵەت-نەتەوەیە، یان تەنها گۆڕینی شێوەی ملکەچبوونە بۆ دەسەڵاتی ئەوی دی؟ لێرەدا پرسەکە تەنها هەبوون یان نەبوونی دەوڵەت نییە، بەڵکو پرسی سوبژێکتیڤیتە و بوونمەندیی سیاسیی کوردە. ئایا کورد دەبێتە خاوەنی بڕیار لەسەر ناسنامە و چارەنووسی خۆی، یان جارێکی دیکە دەبێتە بابەتی بڕیاری دەسەڵاتێکی دەرەکی؟ ئەمە جەوهەری ئەو ناکۆکییەیە کە دەبێت لە نێوان ئایدیۆلۆژیا و پراکسیسی سیاسیی پ.ک.کدا لێی بکۆڵینەوە