(ئەو ڕۆژەی کوردستان ویستی لە "بابەتی بڕیار"ەوە
ببێتە "خاوەنی بڕیار")
شاهۆ حوسێنی
ئایا
دەکرێت ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧ تەنیا وەک ڕۆژێک لە مێژووی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا
بخوێندرێتەوە؟: ئەو ڕۆژەی ڕیفراندۆمێک بەڕێوەچوو و زۆرینەیەکی زۆری بەشداربووان
دەنگیان بە "بەڵێ" بۆ سەربەخۆیی دا؟. ئەگەر لە ئاستی دەرئەنجامی دەنگدان
تێپەڕین و بپرسین لە هەناوی کرداری دەنگداندا چی ڕوویدا؟، دەکرێت ٢٥ی ئەیلوول
واتایەکی فەلسەفیی جیاواز تیا بدۆزرێتەوە. ڕاستییەکەی پرسیاری بنەڕەتی ئەمە نییە: ئایا
کوردستان لەو ڕۆژەدا سەربەخۆ بوو؟ چونکە وەڵامی ئەو پرسیارە لە ئاستی یاسایی و
دامەزراوەییدا ڕوونە: دەنگدان بەخۆی نەبوو بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی نوێ.
لێرەدا
پرسیاری ڕادیکاڵتر ئەمەیە: لەو ساتەدا کێ خۆی بە خاوەنی مافی بڕیاردان لەسەر داهاتووی
سیاسیی کوردستان پێناسە کرد؟ لەوێوە ڕیفراندۆم لە "پرسی
سەربەخۆیی سیاسی" دەگوازرێتەوە بۆ پرسی سووژەڤانی. واتە پرسیار لەوە کە ئایا
کورد دەیەوێ کوردستان ببێتە دەوڵەت یان نا؟ دەگوازرێتەوە بۆ ئەوەی: کێ مافی ئەوەی
هەیە بڵێت کوردستان چییە، لە کوێدایە و دەبێت چۆن هەبێت؟
-
کورد
وەک ئۆبژەی سیاسەت
بۆ
تێگەیشتن لە گرینگیی ئەم پرسیارە، دەبێ جیاوازیی نێوان ئۆبژە و سووژە لەبەرچاو
بگرین. ئۆبژە
ئەوەیە کە بیری لێ دەکرێتەوە، بڕیاری لەسەر دەدرێت، پێناسە دەکرێت و دەخرێتە ناو
سیستەمێکی واتایی و مانایی کە خۆی بە هیچ شیوەیەک و لە هیچ ئاستێکدا خاوەندارێتی لەم
سیستەمە ناکات. بەڵام، سووژە بە پێچەوانەوە، تەنیا "هەبوو" نییە؛ بەڵکوو
خۆی دەبێتە بکەری ناسکار؛ دەبێتە سەرچاوەی بڕیاردان و ئەندازیاری کردار. ئەگەر ئەم جیاوازییە
بگوازینەوە بۆ پرسی کورد، پرسیارێکی گرینگ و بنەڕيتی دروست دەبێت: لە مێژووی
سیاسیی سەدەی بیستەمدا، کورد تا چەند خاوەنی بڕیار لەسەر شێوەی بوونی سیاسیی خۆی
بووە؟
سنوورەکان
کێشراون؛ دەوڵەتەکان دامەزراون؛ سیستەمی حاکمییەت دروست کراوە؛ کوردستان لە ناو
چەند دەوڵەتێکدا دابەش بووە و هەر بەشێکی خراوەتە ژێر سیستەمێکی یاسایی و سیاسیی
جیاواز و هەر کامەش بڕیارێکی سیاسی- ئایدۆلۆژیکی لەسەر کورد داوە. لەم دۆخەدا کورد
دیارە نەبووە؛ بە پێچەوانەوە، بەردەوام بابەتی سیاسەت بووە. بەڵام "بابەتی
سیاسەت بوون" بەڵام هیچ کات "سووژەی سیاسی" نەبووە، واتە خۆی لە لایەک
سەربەخۆیانە پێناسەکەری پڕۆبلمە سیاسییەکانی نەبووە و لە لایەکیتریش خۆی چارەسەری
بۆ پرۆبلمەکانی نەدۆزیوەتەوە. واتە دەکرێت بەردەوام لەسەر مرۆڤ قسە بکرێت،
بڕیار بدرێت، یاسای بۆ دابنرێت، تەنانەت مافیشی پێ بدرێت، بەڵام هێشتا خۆی
سەربەخۆیانە دیاریکەری ئەو پرسیارە نەبێت کە: من خۆم دەمهەوێت چۆن هەبم؟ بێگومان ئەمە خاڵی
دەستپێکی تراژیدیای سیاسیی سووژەی بێدەوڵەتە.
-
جیاوازیی نێوان "بوون" و "مافی
دیاریکردنی چۆنیەتیی بوون"
کورد
پێش ٢٥ی ئەیلوول هەبوو، کوردستانیش پێش ٢٥ی ئەیلوول هەبوو. هەروەها زمان،
بیرەوەری، خاک، کولتوور، ناسنامە، دامەزراوە و شێوە جیاوازەکانی خۆبەڕێوەبردنیش
هەبوون. کەواتە
ناشێ بگوترێ لە ٢٥ی ئەیلوولدا کورد "دەرکەوت". ئەمە هەم لە ڕووی مێژوویی
و هەم لە ڕووی فەلسەفییەوە نادروستە. ئەوەی جێگەی بیرکردنەوەیە ڕەهەندێکی
وردترە: ٢٥ی ئەیلوول دەتوانرێت وەک ساتێک بخوێندرێتەوە کە بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگەی
کوردستان بە کرداری دەنگدان داوای خاوەندارێتیی مافی دیاریکردنی شێوەی بوونی
سیاسیی خۆیان کرد. لێرەدا
جیاوازییەکی بنەڕەتی لە نێوان: "من هەم" و "من خۆم دیاری دەکەم چۆن
هەبم" هەیە.
یەکەم،
ڕاگەیاندنی بوونە. دووەم، داواکاریی سووژەڤانییە. لە یەکەمدا تۆ داوای ناسین
دەکەیت. لە دووەمدا داوا دەکەیت کە خۆت ببیتە سەرچاوەی بڕیار لەسەر چۆنیەتیی
بوونەکەت.
-
ڕیفراندۆم
وەک کرداری سوبژێکتیڤبوون
لەو
ڕوانگەیەوە، واتای فەلسەفیی ڕیفراندۆم تەنیا لە ناو سندووقی دەنگداندا نییە. سندووق
تەنیا ئامرازە. واتای قووڵتر لە گۆڕینی شوێنی قسەکەردایە. تا ئەو کاتەی پرسیار
ئەوە بێت: "بەغدا چ مافێک بە کورد دەدات؟"، "دەوڵەتانی ناوچەکە چۆن
لە کورد دەڕوانن؟"، "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چی بۆ کورد بە ڕەوا دەزانێت؟"
کورد لە ناو ڕستەکەدا بە گشتی بەرکارە نە بکەر. چونکە کەسێکی تر دەبینێت،
کەسێکی تر دەناسێنێت، کەسێکی تر ماف دەدات و کەسێکی تر سنوور دادەنێت.
بەڵام
لە کاتی ڕیفراندۆمدا ڕێزمانی پرسیارەکە دەگۆڕدرێت: ئێمە چیمان دەوێت؟ ئەم گۆڕانە بچووک
نییە. چونکە سووژەڤانی لە فەلسەفەدا تەنیا بە مانای "هەبوونی تاکێک"
نییە؛ بەڵکوو بە مانای توانای ئەوەیە کە خۆت ببیتە سەرچاوەی کردار، مانا، بڕیار و خۆت
ئەندازیاری شێوازی بوونت بی. لەو مانایەدا، دەنگدان تەنیا
هەڵبژاردنی "بەڵێ" یان "نەخێر" نییە. خۆی ئەوەی کە کۆمەڵگەیەک
بپرسێت: "ئێمە دەمانەوێت چی بین؟" دەشێ وەک دەستپێک و حەول بۆ سووبژێکتیڤ
بوون پێناسە بکرێت.
-
پارادۆکسی گەورە: سووژە کێیە؟
لێرەدا
کێشەیەکی زۆر قووڵ دەست پێدەکات. کاتێک دەڵێین: «گەلی کوردستان بڕیار دەدات»،
پرسیارێکی فەلسەفی پێش هەموو شتێک دەبێت بپرسین: ئەم "گەل"ە کێیە؟ یاسا دەڵێت کێ مافی
دەنگدانی هەیە؟ بەڵام کێ یاساکە دادەنێت؟ کێ سنووری کوردستان دیاری دەکات؟ ئەگەر
سنوور پێشتر لە لایەن سیستەمێکی سیاسییەوە دانرابێت، چۆن گەلێک کە دەیەوێت ئەو
سیستەمە بگۆڕێت، دەبێت لەناو هەمان سنوور و یاسادا خۆی بناسێنێت؟
ئەمە
پارادۆکسی دەسەڵاتی دامەزرێنەرە. هەموو دەستوورێک دەڵێت: دەسەڵات لە گەلەوە
سەرچاوە دەگرێت. بەڵام پێش ئەوەی دەستوور هەبێت، کێ دیاری دەکات "گەل"
کێیە؟ یاسا؟
ئەگەر یاسا گەل دروست بکات، ئەوا یاسا پێش گەلە. ئەگەر گەل یاسا دروست بکات، ئەوا
گەل پێش یاسایە. ئەم
پارادۆکسە لە ناو هەر کردارێکی دامەزراندنی سیاسیی نوێدا هەیە. ڕیفراندۆمی کوردستانیش
ئەم پارادۆکسەی خستە ڕوو: ئايا سووژەیەک پێویستی بە مۆڵەتی سیستەمێکیتر هەیە بۆ
ئەوەی خۆی وەک سووژە ڕابگەیەنێت؟
-
لە
سیاسەتەوە بۆ "ئەمری سیاسی"
لێرەدا
جیاوازیی نێوان سیاسەت و "ئەمری سیاسی" گرینگ دەبێت. سیاسەت دەتوانێت
بریتی بێت لە هەڵبژاردن، پەرلەمان، حکوومەت، بودجە، حزب و بەڕێوەبردنی
دامەزراوەکان؛ بەڵام، "ئەمری سیاسی" لە ئاستێکی قووڵتردا پرسیار دەکات:
کێ خاوەنی دەسەڵاتی دیاریکردنی خودی چوارچێوەکەیە؟ تۆ دەتوانیت لە ناو
سیستەمێکدا هەڵبژاردن بکەیت، بەڵام نەتوانیت لەسەر خودی سیستەمەکە بڕیار بدەیت.
دەتوانیت حکوومەت هەڵبژێریت، بەڵام نەتوانیت بپرسیت من بۆچی دەبێ بەشێک بم لەم
یەکە سیاسییە؟ دەتوانیت نوێنەر بنێریتە پەرلەمان، بەڵام سنووری ئەو پەرلەمانە لە لایەن
تۆوە دیاری نەکرابێت.
لێرەدایە
كە ڕیفراندۆم
لە هەڵبژاردنێکی ئاسایی جیا دەبێتەوە. لە هەڵبژاردندا دەپرسیت: کێ دەبێت لە ناو
ئەم سیستەمەدا حوکم بکات؟ لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆییدا پرسیار دەتوانێت قووڵتر بێت:
خودی ئەو سیستەمەی کە لە ناویدا حوکم دەکرێین، دەبێت چی بێت؟ یەکەم پرسیاری
بەڕێوەبردنە. دووەم پرسیاری بوونی سیاسییە.
-
دەوڵەتبوون یەکسان نییە بە سووژەبوون
لێرەدا
دەبێ جیاوازییەکی زۆر گرینگ دابنێین: سووژەبوون یەکسان نییە لەگەڵ دەوڵەتبوون. ئەگەر ئەم دووانە وەک
یەک ببینین، ئەوا پێویستە بڵێین هەر گەلێک کە دەوڵەتی نییە سووژەی سیاسی نییە؛ ئەم
قسەیە نە قسەیەکی مێژووییە و نە فەلسەفی. دەوڵەت دامەزراوەیە.
سووژەڤانی پەیوەندییەکە بە خۆ، کردار و توانای بڕیاردان. لەبەر ئەوە دەکرێت
کۆمەڵگەیەک دەوڵەتی نەبێت، بەڵام خۆی وەک سووژەی سیاسی ببینێت. هەروەها دەکرێت
تاکێک پاسپۆرتی دەوڵەتێکی هەبێت، بەڵام لە زۆر بواردا خۆی تەنها وەک ئۆبژەی بڕیاری
دەسەڵات ببینێت. لەو
ڕوانگەیەوە، گرینگیی ٢٥ی ئەیلوول لەوەدا نییە کە لە بەیانیی ٢٦ی ئەیلوول دەوڵەتێکی
نوێ دروست بوو یان نەبوو. گرینگیی فەلسەفییەکەی دەتوانێت لە شوێنێکی
تر بێت: لەوەدا کە گەلێک بە کرداری سیاسی ڕایگەیاند کە پرسی چۆنیەتیی بوونی
سیاسییان دەبێت بڕیاری سەربەخۆیانەی خۆیان بێت.
-
ناسین یان خۆناسین؟
ئێستا
دەگەینە کێشەیەکی تر: ئەرێ سووژە بۆ سووژەبوون پێویستی بە ناسینی ئەویتر هەیە؟ ئەمە یەکێکە لە
قووڵترین پرسیارەکانی فەلسەفەی سیاسی. دەوڵەتێک بەبێ ناسینی نێودەوڵەتی لە
کردەوەدا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک بەربەستی سنووربەندی دەبێتەوە. بەڵام ئایا نەناسینی
دەرەکی دەتوانێت خودی سووژەڤانیی ناوخۆیی هەڵبوەشێنێتەوە؟ لێرەدا دوو جۆر "ناسین"
لە یەکتر جیا دەبنەوە: ناسینی دەرەکی؛ واتە ئەویتر تۆ چۆن دەناسێت و پێناسەت
دەکات، و خۆناسینی سیاسی؛ واتە تۆ خۆت چۆن دەناسیت و پێناسە دەکەێت و چ مافێک بۆ
خۆت دیاری دەکەێت.
کێشە
لەوێوە دەست پێدەکات کە ئەم دوو ناسینە لە یەکتر جیا دەبنەوە. سووژە دەڵێت: "من
خاوەنی مافی بڕیاردانم." بەڵام سیستەمی دەرەکی دەڵێت: "من ئەو خاوەندارێتییە
بە فەرمی ناناسم." ئەم کەلێن و قەڵشە یەکێکە لە بنەڕەتیترین تراژیدیاکانی سووژەی
بێدەوڵەت.
-
ئایا
ئەنجام نەدان بە مانای شکستی ڕووداوە؟
دوای
٢٥ی ئەیلوول دەکرێت لە ڕووی سیاسی، ستراتیژی، ناوچەیی و نێودەوڵەتییەوە ڕەخنەی
جیاواز لە ڕیفراندۆم بگیرێت و هەڵسەنگاندنی جیاوازی بۆ بکرێت. بەڵام فەلسەفە
پرسیارێکی جیاواز دەخاتە ڕوو: ئاخۆ ئەگەر ڕووداوێک بە ئەنجامی دامەزراوەییی خۆ
نەگات، واتای ئەوەیە هیچ شتێکی نەگۆڕیوە؟ بێگومان پێویستی بە
وڵامی "بەڵێ" نییە. چونکە هەندێک ڕووداو کاریگەرییان تەنیا لەوەدا نییە
کە چی دروست دەکەن؛ بەڵکە لەوەشدا هەیە کە چی دەکەنە پرسیار؟ چ پڕۆبلمێك دەخوڵقێنن
و مەسەلەکان چۆن پرۆبلماتیزە دەکەن؟. ڕووداو دەتوانێت دەوڵەت دروست نەکات، بەڵام
پرسیارگەلێک دروست بکات و پرۆبلم گەلێک بخوڵقێنێت کە دوای ئەو ئیتر نەتوانرێت بە
ئاسانی بسڕدرێتەوە. ٢٥ی ئەیلوول، لەم خوێندنەوەیەدا،
پرسیارێکی هێنایە ناو گۆڕەپانی سیاسی: کێ خاوەنی مافی کۆتایی بڕیاردانە لەسەر
شێوەی بوونی سیاسیی کوردستان؟ دەکرێت وەڵامەکان جیاواز بن؛ بەڵام
خودی هاتنەئارای ئەم پرسیارە گرینگە.
-
لە
ڕووداوەوە بۆ مێژوو
لێرەدا
دەتوانین جیاوازییەکی تر لە نێوان ڕووداو و مێژوو دابنێین. هەر ڕەوت و ڕەهەندێک
کە لە ڕابردوودا ڕوویداوە، بەو مانایەی لێرە مەبەستمانە "مێژوو" نییە.
ڕووداو کاتێک دەبێتە مێژوو کە بتوانێت شێوەی تێگەیشتنی ئێمە لە خۆمان، لە جیهان و
لە ئیمکانەکانمان بگۆڕێت. بەم پێیە، پرسیار لەسەر ٢٥ی ئەیلوول
ئەمە نییە کە: "لە ٢٠١٧دا ڕیفراندۆمێک کرا؟"؛ ئەمە فاکتێکی ڕابردووە.
بەڵکە پرسیاری
مێژوویی ئەمەیە: ئایا ٢٥ی ئەیلوول شێوەی پرسیارکردن لە بوونی سیاسیی کوردی گۆڕی؟ ئەگەر گۆڕیبێتی کە
گۆڕیویەتی، ئەوا ٢٥ی ئەیلوول تەنیا لە ڕابردوودا نەماوەتەوە. چونکە مێژوو ئەوە
نییە کە "بووە". مێژوو ئەوەیە کە بووە و هێشتا لە شێوەی بیرکردنەوەماندا
دەور دەگێڕێت و بەستێنی سەیروورەتمانە.
-
گرینگترین پرسیار: ئاخۆ سووژە دەتوانرێت بکرێتەوە بە ئۆبژە؟
لێرەدا
دەگەینە قووڵترین پرسیاری ئەم وتارە. ئەگەر لە ساتێکدا کۆمەڵگەیەک خۆی وەک
خاوەنی مافی بڕیاردان لەسەر چۆنیەتیی بوونی سیاسیی خۆی پێناسە بکات، ئایا
دەتوانرێت بە تەواوی بگەڕێندرێتەوە بۆ دۆخی پێش ئەو ساتە؟ واتە: ئایا سووژەیەک
کە جارێک گوتوویەتی "من بڕیار دەدەم"، دەتوانرێت دیسان بە تەواوی
بکرێتەوە بە "ئەوەی بڕیاری لەسەر دەدرێت"؟
ئەمە
بێگومان بنەڕەتیترین میراتی فەلسەفیی ٢٥ی ئەیلوول دەبێت. نە ئەوەی کە دەوڵەتێک
دروست بوو، نە ئەوەی کە هەموو ناکۆکییەکان چارەسەر بوون، نە تەنانەت ئەوەی کە
داهاتووی سیاسیی کوردستان یەکلایی بووەوە؛ بەڵکوو لەبەر ئەوەی
کە پرسیاری خاوەندارێتی بەسەر بوونی سیاسی بە شێوەیەکی گشتی خراوەتە بەردەم
کۆمەڵگە وەک نەتەوە.
-
کۆتایی پەیڤ
لە مێژووی سیاسیی کورددا زۆرجار حزب، ڕێکخراو، سەرکردە و
بزووتنەوە سیاسییەکان بە ناوی «مافی کورد» قسەیان کردووە. لەم دۆخەدا، هەمیشە پرسیارێک
دەمێنێتەوە: ئەوەی قسە دەکات کێیە؟ حیزبە، یان گەل؟ نوێنەرە، یان ئەو کۆمەڵگەیەی کە
نوێنەرایەتیی دەکرێت؟
تایبەتمەندیی ٢٥ی ئەیلوول لەوەدا بوو کە، لە ڕێگەی ڕیفراندۆمەوە،
داواکاریی سیاسی لە زمانی نوێنەرەوە گوازرایەوە بۆ دەنگی دەنگدەر. لەو کاتەدا حزب
دەتوانێت بانگەشە بکات، ڕێکخستن بکات و هەوڵی کاریگەرانە بدات؛ بەڵام ئەوەی دەنگەکە
دەخاتە ناو سندووق، گەل و نەتەوەی دەنگدەرە. لەبەر ئەوە، لە خوێندنەوەیەکی فەلسەفیدا،
ڕیفراندۆم دەتوانێت وەک هەوڵێک بۆ دەرچوونی "گەل" لە پشت نوێنەرایەتی
بخوێندرێتەوە.
ئەمە خاڵێکی بنەڕەتییە: جیاوازی لە نێوان ئەوەی حزبێک بڵێت
"گەلی کورد ئەمەی دەوێت" و ئەوەی پرسیارەکە ڕاستەوخۆ بخرێتە بەردەم دەنگدەران
هەیە. لە یەکەمدا، گەل لە ڕێگەی نوێنەرەوە دەدوێت؛ لە دووەمدا، لانیکەم لە ئایدیای
ڕیفراندۆمدا، دەنگدەر دێتە بەرەی پێشەوەی بڕیار و خۆی دەبێتە خاوەنی "بەڵێ"
یان "نەخێر". لەو ڕوانگەیەوە، گەوهەری ٢٥ی ئەیلوول تەنیا لە پرسی سەربەخۆییدا
نییە؛ لە گۆڕانی شوێنی خاوەنی بڕیاردایە. پرسیار تەنیا ئەوە نەبوو کە کوردستان چی
دەبێت؛ پرسیاری بنەڕەتیتر ئەوە بوو: کێ مافی ئەوەی هەیە بڕیار بدات کوردستان چی دەوێت؟
ئەگەر حزب بڕیار بدات، هێشتا دەتوانرێت بپرسین: بە کام
مافەوە بە ناوی نەتەوە قسە دەکات؟ ئەگەر دەوڵەتێکی دەرەکی بڕیار بدات، کورد دەبێتە
ئۆبژەی بڕیاری ئەویتر. بەڵام ڕیفراندۆم، لانیکەم لە لۆژیک و فۆڕمی خۆیدا، هەوڵێک
بوو بۆ ئەوەی سەرچاوەی ڕەوایی بڕیار بگەڕێتەوە بۆ خودی گەل وەک بڕیاردەر.
لێرەدایە ٢٥ی ئەیلوول دەتوانێت لە ڕووداوێکی سیاسییەوە
بگوازرێتەوە بۆ پرسیارێکی فەلسەفی دەربارەی سووژەڤانی: نەتەوە کەی لە بابەتی پەیڤی
ئەوانی تر دەردەچێت و دەبێتە پەیڤدەری سەربەخۆ لەمەڕ خۆی؟ لەو ساتەدا، "کورد"
تەنیا ناوی ئەو کۆمەڵگەیە نەبوو کە حزبەکان بە ناویانەوە قسە بکەن؛ دەنگدەرانی
کوردستان خۆیان چوونە ناو کردارێک کە دەیویست بڵێت: لەسەر چۆنیەتیی بوونی سیاسیی ئێمە،
دەنگی ئێمە دەبێت بەشێک لە سەرچاوەی بڕیار بێت.
لەبەر ئەوە، ڕەنگە گەوهەری فەلسەفیی ٢٥ی ئەیلوول نە لە "بەڵێ"دا
بێت، یان نە تەنیا لە "سەربەخۆیی"دا؛ بەڵکوو لەو "ئێمە"یەدایە
کە هەوڵی دا خۆی لە بابەتی بڕیارەوە بکاتە خاوەنی بڕیار. ئەو ڕووداو ئیتر
لێرەوە دەست دەکات بە مێژووییبوون: کاتێک نەتەوە تەنیا ئەوە
نییە کە لەسەری قسە دەکرێت؛ بەڵکوو خۆی دەچێتە ناو مەیدانی قسەکردن و بڕیاردان.
لێرەوەشڕایە کە سەرکردەیەک دەبێتە نەتەوەیی و دەبێتە رووح و ڕایەڵی نەتەوەیەک.
