۱۴۰۲ بهمن ۲, دوشنبه

ئەرک و کارکردەکانی ڕۆژنامە و میدیا لە کۆماری کوردستان‌دا

 

ئەساسەن ڕۆژنامەو میدیا لە هەر کۆمەڵگایەک‌دا و لەهەر چاخ و سەردەمێکی مێژویی‌دا ڕۆڵ و ئەرکی جیاواز دەگێڕێت. لە کۆمەڵگا دێمۆکراتیکەکان بە کۆڵەکەی چوارەمی دێمۆکراسی پێناسەدەکرێت، بەشیکە لە حەوزەی گشتی و ئۆرگانی کۆمەڵگای مەدەنیە، لەکۆمەڵگا دیکتاتۆڕەکان‌دا دەسەڵاتە دیکتاتۆڕەکان وەک کەرەسەیەک بۆ کۆمەڵگرکردنی کۆمەڵگا لەناو ئایدە و فامی حاکمییەت‌دا کەڵکی لێ وەردەگیرێت. دژبەرانی دەسەڵاتە دیکتاتۆڕەکان وەک کەرەسەیەک بۆ بەرهەم‌هێنانی فام و ئاگایەک دژبە حاکمییەتی دیکتاتۆڕ کەڵکی لێ‌وەردەگرن.

ڕۆژنامەی کوردستان لە کوردستانی سەردەمی کۆماری کوردستان‌دا چەند ئەرکی گرینگی هەبوە:

یەکەم: دەرخستنی هزر و ئەندێشەی گشتی

دووهەم: گوتارسازی، واتە بەرهەم‌هێنانی گوتارێکی کوردانە و نەتەوەییانە بە دژ گوتاری ئێرانیستی

سێهەم: پەرەپێدانی گوتاری نەتەوەیی لە کۆمەڵگادا و لەناو تاکی کوردا

چوارەم: کۆمەڵگرکردنی تاکی کورد لەناو زەین و گوتاری کوری‌دا

بەگشتی دەشێ بگوترێ کە ڕۆژنامەی کوردستان لەتەنیشت دیاردەکانی‌تری ناو کۆماری کوردستان ئەرکی نەتەوەسازی لەئەستۆ بوو.



۱۴۰۲ دی ۲۸, پنجشنبه

دژایەتی ژیئۆپۆلیتیکی وەک قووڵایی ستراتیژیک لە نێوان تاران و هەولێر












 شاهۆ حوسێنی – فرانکفۆڕت

قووڵایی ستراتیژیک چەمکێکی ئەدەبیاتی نیزامییە کە بە مەبەستی دیاری کردنی سنوور و مەودای نێوان بەرەی پێشەوەی شەڕ و شوێنە سەرەکی و گرینگەکانی ناو وڵاتێک داهێنراوە کە ناوچە پیشەییەکان، ناوەندە سەرەکییەکانی نیزامی و حەشیمەتی و پێتەختی وڵاتێک دەگرێتەوە. بنەما و فەلسەفەی سەرەکی داهێنانی ئەم چەمکە دیاری کردنی ڕێژەی خەسارگری و هەڕەشەگەلێکە کە لە ئەگەری هێرشی ڕاستەوخۆی دوژمن لەوانەیە تووشی وڵاتێک بێت.

قووڵایی ستراتیژیک جوغرافیایەک پێناسە دەکات کە وەک کەرەستە و ئامرازێک بۆ پێشگرتن لە هەموو جۆرە هەڕەشەیەک بۆسەر وڵاتێک بەکار دەبرێت و چاوی لێ‌دەکرێت. لە ستراتیژی نیزامیدا قووڵایی ستراتیژیک زەوی یان جوغرافیایەکە کە بە مەبەستی کڕینەوەی کات و دەستەبەرکردنی مەودای زەمانی بۆ خۆڕیکخستنەوە و سەرلەنوێ خۆ تەیارکردنەوە کەلکی لێ‌وەردەگیرێت. قووڵایی ستراتیژیک بە پێوەرەی پانتایی و قووڵایی بەرگری دوژمن پێوانە دەکرێت، ئامانجیش ئەوەیە کە دوژمن هاوکات لە هەموو پانتایی و قووڵایی ناوچەیەک تووشی تێکهەڵچوون بکات، ئەمەش دەبێتە بەربەستێک بۆ یەکپارچەبوون و ڕێکخستنەوەی هێزەکان بۆ بەربەرەکانی لە بەرانبەر هێرشی سەرەکی و دەبێتە هۆی پەرتەوازەیی و لاوازبوونی هێزی وڵاتێک. گرینگ‌ترین گریمانە بۆ دەستنیشان کردنی قووڵایی ستراتیژیک دیاریکردنی ڕێژەی توانای بەرگێڕەوەیی و بەرگرتنی قووڵایی ستراتیژیکە لە بەرانبەر هەر جۆرە هێرشیکی خێرا و چاوەڕوان نەکراودا.

قووڵایی ستراتیژیکی سیاسی، ئابووری و نیزامیی ئێران بەپێی پێناسەی ئەم چەمکە، دەکرێ دیاری کردنی قووڵایی ستراتیژیکی ئێران لە دوو ئاستی ناوخۆیی و دەرەکیدا شرۆڤە بکرێت:



* لە ئاستی ناوخۆییدا، قووڵایی ستراتیژیکی هەر نیزام و حکوومەتێک بریتییە لە مەشرووعییەت و مەقبوولەییەتی دەسەڵات لە ناو چین‌ و توێژەکانی کۆمەڵگەدا. واتە، پشتیوانی زۆرینەی کۆمەڵگە لە حکوومەت و سیاسەتەکانی حکوومەت. قووڵایی ستراتیژیکی سیاسی لە ئاستی ناوخۆییدا لە ناو سیستەم و پێکهاتە دیمۆکراتیکەکاندا بەرفراوان و بەهێزە چونکە لەوێدا حکوومەتەکان بەرهەمی ئیرادەی ئازادی کۆمەڵانی خەڵک و چین ‌و توێژە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگەن. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئاستی ناوخۆییدا بێ‌پشتیوانی‌ترین دۆخی حکوومیی‌ خۆی بەڕێ دەکات و کۆمەڵگەکەی خۆی لێی بەرییە. ئەوان وەک دەسەڵاتێکی فۆندامێنتاڵی ئایین، پاوانخواز و دیکتاتۆر نەیانتوانی زۆرینەی خەڵک بۆلای خۆیان ڕابکێشن و لە ڕووی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەوە ڕۆژ بە ڕۆژ دادەڕووخێت. بەتایبەتی، جگە لە ڕووتانەوەی ئایدۆلۆژیا دۆگمەکەیان و دۆخە ئابوورییە تێک شکاوەکەیان، بە دەرکەوتنی «شۆڕشی ژیان» قەڵش و کەلێنی نێوان حکوومەت و کۆمەڵگە زۆر لە جاران فراوانتر و قووڵتر بۆتەوە. هەروەها لە ناو دەسەڵات بەدەستانی ڕژێمیش کێشەی ناوخۆیی لە سەر دەسەڵات قووڵ بۆتەوە و ئەم کێشەیە بە ڕووداوی تر خۆی دەردەخات. بەم شێوەیە لە ئاستی ناوخۆییدا کۆماری ئیسلامی خاوەنی کەمترین ئاستی قووڵایی ستراتیژیکە.

* لە ئاستی دەرکیدا، سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆتە هۆی پەراوێزکەوتنی ئێران لە جیهان و ناوچەکەدا. لە ئاستی جیهانیدا ئەو ڕژێمە وەک ڕژێمێکی تێرۆریست و تێرۆریست‌پەروەر دەناسرێت و بە هۆی بەرنامە نیزامی و ناوەکییەکانی کەوتۆتە بەر ئابلۆقەی جیاوازی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی. بە تایبەت پەیوەندییە دیپڵۆماسێکانی وڵاتانی ئەمریکا، بەریتانیا و یەکێتیی ئەڕووپا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەر یەکەی بە شێوەیەک تا ئاستێکی بەرچاو دابەزیوە. لە ناو ڕیکخراوە ناونەتەوەییەکانیشدا بە بەردەوامی بڕیارگەلێک لە دژ کۆماری ئیسلامی دراون و ئەو بڕیارە دژبەرانە توانیویانە بە ڕێژەیەکی بەرچاو دەنگ وەدەست بێنێت.

جگە لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی، کۆماری ئیسلامی لە چەند مەیدانی تریشدا، کە پەیوەندییان بە داکشانی ئەو دوو ئاستەوە هەیە، تووشی دۆڕانێکی مێژوویی بووە:

* لە واری ئابووریدا هەڵکشانی بەردەوامی هەڵاوسان نرخی کاڵا و شمەکی لە ئێران بەرز کردۆتەوە و ڕۆژبەڕۆژ ڕێژەی هەژاری و بێکاری لەو وڵاتەدا لە هەڵکشان دایە. لەناوچوونی سیستەمی ئابووری، پەرەگرتنی بێ پەروا و بەرفروانی دزی و گەندەڵی لە ناو بەرپرسان و پلەدارانی حکوومی و نیزامی، دەست‌بردنە ناو گیرفانی خەڵک بۆ دابین‌کردنی تێچووی سیاسەتەکانی تێرۆریستی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، ئابلۆقە بەرفراوانە دەرکییەکانی سەر ئێران، کە بۆتە هۆی کەوتنی ئابووریی دەرەکی لەو وڵاتە، حکوومەتی کۆماری ئیسلامی خستۆتە لاواز‌ترین دۆخی دەسەڵات.

* لە باری نیزامییەوە ئێران بۆتە گەورەترین بەرهەم‌هێنی چەک و تەقەمەنی لە ناوچەکەدا و بەم شیوەیە نە تەنیا بەربەست و کێشەی و گەورەی ئەمنی بۆ خۆی خوڵقاندوە، بەڵکوو بەردەوام وەک هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و ئەهوەنیی دراوسێکان و ناوچەکە و جیهانیش سەیر دەکرێت. پلانی قووڵایی ستراتیژیکی ئێران لە ئاستی نیزامی و ئەمنیدا لەخۆگری سیاسەتی پەرەی ڕێکخراوە تێرۆریستییە نیابەتییەکانە لە ئەفغانستان، سعوودیا، سووریا، لوبنان، فەلەستین، عێراق، یەمەن و وڵاتانی کەنداو، ئەو لە ڕێی بڵاوکردنەوەی تێرۆر، تێکدانی ئاسایش و ئەهوەنی ناوچەکە دەیەوێ هەڕەشە ئەمنییەکان بۆ سەرخۆی کەم بکاتەوە و لە ئەگەری هەر جۆرە هێرشێکی لەناکاو و چاوەڕوان کراو بتوانێت کۆی ناوچەکە تووشی شەڕ و سووتان بکات.

هەرێمی کوردستان وەک بەربەستێکی گرینگ عێراق و هەرێمی کوردستان وەک هاوسێی ئێران لە سەر وشکایی، بەشێکی ئەو قووڵاییە ستراتیژیکەیە بۆ ئێران. بە تایبەتی ڕووخانی دەسەڵاتی سەدام بۆ کۆماری ئیسلامی لەخۆگری دوو دیاردەی گرینگ بوو:

یەکەم: لەناوچوونی سەدام وەک هەڕەشەیەکی گەورە و بەربەستێکی گرینگ کە لەمپەری خستبوە ژیئۆپۆلیتیکی بەرەی موقاوەمەتی ئێران، سووریا و حیزبوڵڵا و دەرفەتی پەرەی قووڵایی ستراتیژیکی بە ئێران نەدەدا.

دووەم: هاتنی هێزەکانی ئەمریکا بۆ پاڵ سنوورەکانی ئێران بە مەترسی و هەڕەشەیەکی گەورە بۆ ئێران هەژمار دەکرا، بەڵام کۆتایی دەسەڵاتی کۆماریخوازەکان لە کۆشکی سپی و هاتنە سەرکاری دێمۆکراتەکان هەلی هەناسە و ئۆخژنێکی بە ئێرانییەکان بەخشی. لەو دەرفەتەدا ئێران لە ڕێی ڕێکخراوە شیعەکان، کە نوێنەرایەتی زۆرینەی عێراقیان دەکرد، توانی بەرەبەرە هێژمۆنیی خۆی بەسەر عێراقدا بسەپێنێت و بەم شێوەیە پەرە بە قووڵایی ستراتیژیکی خۆی لە عێراق بدات و پلانەکانی بۆ بەستنەوەی ژیئۆپۆلیتیکی عێراق بە ژیئۆپۆلیتیکی موقاوەمەت بەرەبەرە بەهێز بکات. بەڵام لەوناوەدا دەرکەوتنی هەرێمی کوردستان وەک بەربەستێک بەشێکی گرینگی ئەم هاوکێشەیەی تێکدا. بە جۆرێک کە دەرکەوتنی هەرێمی کوردستان لەو چەند ئاستەی خوارەوە بووە کێشەیەکی سەرەکی بۆ کۆماری ئیسلامی.

یەکەم: دەرکەوتنی هەرێمی کوردستان، کە وەک فۆڕماسیونێکی کوردی لەخۆگری فۆڕمێکی شووناسی کوردانە، هیچ‌ کات بەلای ئێرانەوە هەزم نەکراوە. هەرێمی کوردستان وەک فۆڕماسیونی ڕواڵەتی نەتەوەخوازی کوردی و خەونی نەتەوەخوازە کوردەکان تەعبیری خەونی سەدەیەک خەباتی نەتەوەخوازی کوردە. ئەم چرۆیە هەستی نەتەوەخوازانەی لەو دیوی کوردستانیش پەرەپێداوە و ئەو جۆش و خرۆشەی بە گڕ و تینتر کرد. ئەمە ڕێک ئەم دیاردە نەخوازراوە بوو بەلای کۆماری ئیسلامی، لەبەر ئەوەی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی پتر لە چڵ ساڵ دەسەڵاتی خۆی بە هەموو شێوەیەک و لە ڕێی هێرشی سەربازی بۆ سەر کوردستان، گرتن، ئێعدام، پاش‌خستنی کوردستان، تاڵانی سەرچاوە ئابووری و سەرمایەکانی کوردستان، پەرەدانی شەڕی ئایینی و… حەولی دامرکاندنەوەی بڵێسەی نەتەوەخوازی کوردی ‌دەدا، بەڵام لەم کاتەدا هەرێمی کوردستان دەپشکوێت و ڕیسی ئێران دەکاتەوە خوری.

دووهەم: ئێران لە پاش دەسەڵاتی سەدام و هێژمۆنی شیعە و دەست‌وپێوەندەکانی لە عێراق ویستوویەتی ژیئۆپۆلیتیکی عێراق بەبێ کەم‌وکوڕی بکاتە قووڵایی ئیستراتیژیکی خۆی. ئەو سەرەتا موجاهدینی خەلقی لە عێراق دەرپەڕاند، بەڵام لە سڕینەوەی هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات ناکام مایەوە و بەم ‌شێوەیە نەیتوانی پلانی دەست بە سەر عێراق داگرتن وەک قووڵایی ستراتیژیکی خۆی سەربخات. بۆیە هەولێر وەک سیمبولی ئەو شکستە لەلایەن ئیرانەوە پێناسە دەکرێت. ئێران توانیوێتی باشووری عێراق هەتا باشووری هەرێمی کوردستانیش، کە وەک زۆنی سەوز دەناسرێت، بخاتە سەر قووڵایی ستراتیژیکی خۆی، بەڵام لە ملکەچ‌کردن و گوێ‌ڕایەڵ‌کردنی باکووری هەریمی کوردستان، بە هۆی دەسەڵاتی پارتی دێموکراتی کوردستان، شکست‌خواردوو بووە و جارناجارێک بە بیانوویەک گوشارێک بۆسەر ئەم پارچەیەی کوردستان دێنێت و بە هێرشی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەخۆ، لەلایەن دەست‌وپێوەندەکانی وەک حەشد و ڕێکخراوە تێررۆریستەکانی‌تری، هەڕەشە دەخاتە سەر باکووری هەرێمی کوردستان کە دەشێ لە ئینتما و شووناسدا وەک هەرێمی “کوردستان” پێناسە بکرێت. هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە ژیئۆپۆلیتیکی نوێ، کە ئێران بە هەموو شێوەیەک دەیەوێ وەک قووڵایی ستراتیژیکی خۆی وەسەر عێراق و سووریا و لوبنانی بخات تا بەم شێوەیە هەڕەشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل چڕتر بکاتەوە، بەربەستێکی ستراتیژیک بووە و پلانەکانی ئێرانی گەیاندۆتە شکست. هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی هەولێر، وەک سێمبول و پایتەختی زەینی و شوناسی ئەم هەرێمە کوردییە بە تەنیا لەبەرانبەر کۆماری ئیسلامیدا وەستاوە و کۆماری ئیسلامی وەک مارێکی بریندار هەرجارە و بە هێرشێک بۆ سەر هەولێر و ناوچەکانی دیکەی هەرێم تاوانێک دەخوڵقێنێت، بەڵام هەرێمی کوردستان هەر بەپێوەن.

سێهەم: هەرێمی کوردستان وەک جێ متمانەترین هاوپەیمانی ڕۆژئاواییەکان، بە تایبەت ئەمریکییەکان، لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ناویندا وەک هێزێکی ژیئۆپۆلیتیکی نوێ پێناسە دەکرێت. ئەو هەرێمە هەرچەند لەباری یاسایی، ئابووری، دەراو و سیاسەتی دەرەوە پێویستە ڕەچاوی سیاسەتەکانی ناوند و بەغدا بکات، کە بەشی هەرە زۆری ئەم سیاسەتانە لە تاران داڕێژراون و دادەڕێژرین، بەڵام ئەو هەرێمە ژیئۆپۆلیتیکییە تا ڕادەیەکی زۆر بە پاراستنی هاوسەنگیی هێز لە هەولێر وەک پایتەختی کوردستان توانیویەتی پەرە بە سەربەخۆیی بڕیاردان لە هەولێر بدات، بێ‌گومان ئەمەش بەلای ئێرانییەکانەوە قبووڵکراو نیە و ئێران حەول دەدات ئەم سەربەخۆییە لە ناو بەرێت و هەرێم بەگشتی بخاتە ناو بازنەی سیاسەتەکانی ناوچەیی خۆی.

بە کورتی، کێشەی نێوان ئێران و کوردستان تێکهەڵچوونی قووڵایی ستراتژیکە. قووڵایی ستراتژیکی هەرێمی کوردستان لەبەرانبەر قووڵایی ستراتژیکی ئێراندا، پەیوەندیی نێوان خەڵک و حکوومەتی کوردستانە. هەروەها قووڵایی ستراتیژیکی هەرێمی کوردستان پەرەی پێوەندی ڕووحی نەتەوەیی لە نێوان نەتەوەخوازانی هەردوو پارچە و پارچەکانی‌تری کوردستانە، ئەمە بەمانای بازدان بەسەر ئەم سنوورە دەسکردانەیە کە ژیئۆپۆلیتیکی دەسەڵاتی ئێران و وڵاتانی‌ترە و کوردەکانی پارچە پارچە کردووە. لەئاستی دەرەکیدا هەرێمی کوردستان هاوتەریبی ژێئۆپۆلیتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوینە. ئەگەر هەرێم هێڵی ژێئۆپۆلیتیکی خۆی بپارێزێت براوەی مەیدان دەبێت. لە کاتێکدا ئێران دژی ئەم ژیئۆپۆلیتیکەیە و لە ڕێی دەستتێوەردانی ناوخۆیی حەولی لاوازکردن و لەناو بردنی دەدات، بۆ وێنە لە لوبنان، فەلەستین، یەمەن، سعوودیا، عێراق، بەحرەین و… . ئەمەی تا ئێرە سەرکەوتوو بووە هەولێری کوردانە و ئەوەی ڕۆژبەڕۆژ تا ئێرە پاش کەوتووە تارانە. بە واتایەک، شکستی پڕۆژەی قووڵایی ستراتیژیکی ئێران لە عێراق لەسەر دەستی کورد بە ڕوونی دەبینرێت بۆیە دەبێ دوور بڕوانین و ئاسۆیەکی گەش ببینین.

*دەرچووی زانستە سیاسییەکان، شارەزای دۆخی سیاسی کوردستان، ئێران و خۆرهەڵاتی ناوین، ڕۆژنامەنووس

سەرچاوەی وتار: ماڵپەڕی ڕۆژنامەی خەبات

۱۴۰۲ دی ۲۷, چهارشنبه

هەولێر بەربەستێک بۆ هێژمۆنی ڕەهای ئێران لە عێڕاق

 

شاهۆ حوسێنی

دەرکەوتنی هەرێمی کوردستان وەک فۆڕماسیونێکی کوردی لەخۆگری فۆڕمێک شووناسی کوردانە، هیچ‌کات بەلای ئێرانەوە هەزم نەکراوە، ئێران لەپاش دەسەڵاتی سەدام و هێژمۆنی شیعە و دەست‌وپێوەندێکانی لەعێراق حەولی‌داوە ژێئۆپۆلەتیکی عێڕاق بەبێ کەم‌وکوڕی بکاتە قوڵایی ئیستراتژیکی خۆی، ئەو سەرەتا موجاهدینی لەعێڕاق دەڕپەڕاند بەڵام لە سڕینەوەی هێزەکوردێکانی ڕۆژهەڵات ناکام مایەوە و بەم‌شێوەیە نەیتوانی پلانی دەست بە عێڕاق داگرتن وەک قوڵایی ستراتژیکی خۆی سەربخات، لەڕاستی‌دا هەولێر وەک سیمبۆلی ئەو شکەستە لەلایەن ئیرانەوە پێناسە دەکرێت، ئێران توانیوێتی لەباشووری عێڕاق هەتا باشووری هەرێمی کوردستانیش کە وەک زۆنی کەسک دەناسرێت بخاتە سەر قوڵایی ستراتژیکی خۆی، بەڵام لەملکەچ‌کردن و گوێ‌ڕایەڵ‌کردنی باکووری هەریمی کوردستان شکەست‌خواردوو بوە و جارناجارێک بە بیانوویەک حەولی گوشار بۆسەر ئەم بەشە دێنێت و بەهێرشی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەخۆ لەلایەن دەست‌وپێوەندێکانی وەک حەشد و ڕێکخراوە تێررۆریستەکانی‌تری  هەڕەشە بخاتە سەر باکووری هەرێمی کوردستان کە دەشێ لە ئینتما و شووناس‌دا وەک هەرێمی کوردستان پێناسەبکرێت. هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە ژێئۆپۆلەتیکی عێڕاق کە ئێران بەهەموو شێوەیەک حەول دەدات وەسەر سووریا و لووبنانی بخات وەک قوڵاتیی ستراتژیکی خۆی تا بەم شێوەیە هەڕەشەکانی بۆ سەرئیسرائیل چڕتر بکات، بەربەستێکی ستراتژیک بوە و پلانەکانی ئێرانی گەیاندۆتە شکەست. هەرێمی کوردستان و هەولێر وەک سێمبۆل و پێتەختی زەینی و شووناسی ئەم هەرێمە کوردیە بەتەنیا لەبەرامبەر کۆماری ئیسلامی‌دا وەستاوە و کۆماری ئیسلامی وەک مارێکی بریندار هەرجارە و بەهێرش بۆسەر هەولێر و هەرێم جینایەتێک دەخوڵقێنێت، بەڵام هەولێر و هەرێم هەر بەپێوەن.


۱۴۰۲ دی ۲۰, چهارشنبه

بریندار لەگوێن فۆڕمێک بوون

 









شاهۆ حوسێنی

(هۆکارناسیی ڕاپێچکردنی بریندار  بۆ گرتووخانە)

لە ماوەی یەک دەیەی ڕابڕدوو، مەودای سەرهەڵدان و دەرکەوتنی دژایەتییەکان لە ئێران بەگشتی و لە کوردستان بەتایبەتی دژی دەسەڵاتی پێشێلکەر، سەرکوتکەر و دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی، ڕۆژبەڕۆژ کورتتر بووەتەوە، بە جۆرێک کە ئیتر ئێستاکە ڕۆژ نییە دژایەتی و ناڕەزایەتییەک دژی کۆماری ئیسلامی لە گۆشەیەک لە ژێئۆپۆلەتیکی ئێران سەرهەڵنەدات. دژکردەوەی کۆماری ئیسلامیش دژی ئەم ناڕزایەتییانە بێگومان یەکجار زۆر توند، بێشەرمانە، نامرۆڤانە و بە دوور لە هەر جۆرە پڕەنسیپێکی مرۆیی ‌و دێمۆکراتیکە. هەر بەتەنیا شەهیدانی شۆڕشەکانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی بەپێی داتا نافەرمییەکان و لەگەڵ ئەوەدا گوشارێکی زۆری نیزامی و ئەمنی باڵی بەسەر هەرجۆرە بڵاوکردنەوەی هەواڵدا کێشاوە، بەڵام باس لە شەهیدبوونی سەدان کەس و برینداربوونی زیاتر لە هەزار کەس دەکات، ئەمە لە کاتێکدایە کە بنەماڵەی شەهیدان و بریندارەکان لەژێر هەڕەشە و گوشاری بەردەوامی ناوەندە ئەمنی و نیزامییەکاندان و هەرجۆرە هەواڵێک یان کردەوەیەک دژکردەوەیەکی توندی ئەمنیی بەدوادا دێت.

 


 برین پێناسەی جینایەت

برین دەشێ زۆر پێناسە و مانای جیاواز هەڵبگرێت، لە پزیشکیدا، لە ئەدەبیاتدا، لە کۆمەڵناسیدا و لە فەلسەفەدا پێناسە و وێناکانی برین و بریندار بێگومان جیاوازن. برین لە جیهانی شۆڕش و بەرخۆداندا پێناسە و هێمایەکی گرینگە. برین هێمای بەرخۆدان و پێناسەی جینایەتە دژ بە مرۆڤ و مرۆڤایەتی و برینداریش برین وەک ئاڵایەک هەڵدەگرێت، واتە بریندار دەبێتە لەقاودەر، ئەوی‌ تری هێمای، سوبژەی سەربەخۆ و ئەڵترناتیڤی داپڵۆسێنەر، پاوانکەر و پاوانخواز، لە ڕاستیدا بریندار دەبێتە ئەوی‌ تری دیکتاتۆر، سەڕەڕۆ و پاوانخواز. لە ڕاستیدا هەر بریندارێک لەخۆگری چوار هێمایە: یەکەم، برین وەک ئاڵای جینایەت؛ دووەم، خەباتکار و شۆڕشگێڕێک کە دژ بە پاوانخواز و داگیرکەر ڕاساوە؛ سێهەم، ئەوی ‌تری زاڵمێک‌ کە ملکەچی داپڵۆسان و داگیرکردن نابێت؛ چوارم، ئاڵاهەڵگری جینایەتی زاڵمێک و زوڵمێک. لێرەوەیە کە شۆڕشگێڕێک کە بریندارە پێویستە بسڕدرێتەوە و وەک هێما لەنێو کۆمەڵگەدا نەمێنێت، دەسەڵاتە پاوانخواز و دیکتاتۆرەکان کە نەیانتوانیوە مرۆڤ وەک شۆڕشگێڕ بسڕنەوە و بە جەستە لەنێوی برن، لەڕێی ڕاپێچی ‌گرتووخانەکردن، بەندکردن و زیندانیکردنی، هەوڵی سڕینەوەی برین و بریندار دەدەن، واتە هەوڵی پێشگرتن بە سەیرووورەتی شۆڕش و بەرخۆدان دەدەن.

 

بریندار ئەوی ‌تری دەسەڵاتی سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامییە، بریندار فۆڕمێک لە بوونە، جۆرێک ئەگزیستێنسە کە کۆدی شوناسی داسەپاو لەلایەن کۆماری ئیسلامی وەک ئەوی ‌تری شکاندووە. بریندار بووەتە فۆڕمێک شوناس، بووەتە ناسنامە و گوتارێک، بەگشتی بووەتە ڕێچکەیەک بۆ بەگژداچوونەوەی پاوانخوازێتی، سەرەڕۆیی و زۆرداری.


بریندار دازاینە، بوونێکی کە لەنێو جەرگەی تێگەیشتن، فام، خۆپێناسەکردن و خۆدەرخستندایە، بریندار کێشە و قەیرانێک لە بووندا نییە، بەڵکوو فۆڕمێک‌بوونە، برین بەشێک لە بوونی شۆڕشگێڕە، تایبەتمەندییەکی ڕواڵەتی کە لە تەنیشت تایبەتمەندییەکانی ‌تر "بوون" کامڵ دەکات. بریندار، ڕەخسیو و ڕزگار لە ئەوی ‌تر، خۆداڕێژراوی و خۆچارەنووسی تەوەرەی مرۆڤ بە مانای ئەگزیستێنسە. مرۆڤی بریندار بەڵام سەربەخۆیە لە هەڵبژاردن، هەڵوێستگرتن و بڕیاردان، ئەو سەربەخۆیانە بوونی خۆی بەسەر شووناسدا دەسەپێنێت، ئەو بوونی ملکەچی شوناس ناکات، واتە بوونی ئەگزیستێنس بوونێکە کە شوناس دەخاتە ژێر ڕکێفی خۆی و سەربەخۆییی خۆی بەسەر شوناسدا دەسەپێنێت، ئەو خالقی شوناسە نە مەخلووقی شوناس، بۆیەش بە دژ هەر جۆرە شوناسێکی داڕێژراو لە دەرەوەی بوونی ئەو ڕادەوەستێتەوە، کەوابێ بریندار فۆڕمێکبوونی ڕاساو بە دژ شوناسە، ئەو بوونی سەربەخۆیانەی، شوناسی داڕێژراو لەلایەن خۆیەوە، بە هیچ بوون و شوناسێکی ‌تر ناگۆڕێتەوە.


سەرچاوە: https://kurdshop.net/ku/opinions/4074

۱۴۰۲ دی ۱۹, سه‌شنبه

لێدانی‌جەستە بەمەبەستی سڕینەوەی‌ڕووح

 



(بۆچی ژنێکی "کورد" لەسەر لابردنی زۆرەملی "حیجاب" بە قامچی لێی‌درا؟)

شاهۆ حوسێنی

لێدان لە جەستەی ژن ئامانجی جێندەری لەپشتە و مەبەستی سڕینەوەی ژن وەک ڕووحە لەڕێی سڕینەوەی جەستە، ڕووح لێرە مەبەست ڕوانینی هێگێلە بۆ ڕووح بە مانای هزر و ئەندێشەی مرۆڤی سوبژە، دیارە کەلتوور و سوژەی پیاو قائیل بەهیچ ڕکابەرێک نیە بۆ سنووردارکردنی هێژمۆنی و دەسەڵاتی ڕەهای پیاو وەک چوارچێوەیەکی هزری نەریتی. هەربۆیەش لەگەڵ هەرجۆرە دەرکەوتنێکی ژن وەک سوبژەی سەربەخۆ و لەدەرەوەی سنووری جوغرافیای دەسەڵات و هێژمۆنی پیاو، دەکەوێتە ناو بازنەی جورم و تانە. لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی‌دا ژن وەک جەستە و جێندەر کە چوارچێوەی شووناسی و ڕواڵەتی داسەپاوی پیاوانە بەجێ‌دێڵێت و هیچی‌تر ملکەچی ئەو دەسەڵاتە ڕەهایە نابێت و حەول دەدا چوارچێوەیەکی شووناسی سەربەخۆ بۆخۆی دابڕێژێت، ئەمە سنووری دەسەڵاتێکی ڕەکابەری پیاوسلاری دەردەخات و بەم شێوەیە دەکەوێتە بەر ڕقی پیاو، پیاو دەست‌دەکات بە تۆڵە سەندنەوە لەڕێی کووشتن واتە سڕینەوەی جەستەیی ژن، تەمێ‌کردنی جەستەیی لەڕیی زیندانی‌کردن و قامچی بەمەبەستی ملکەچ‌کردن و بەردەوامی گوێ‌ڕایەڵی ژن.



قامچی‌ لێ‌دان لە جەستەی ژن، دژکردەوەیەکی پیاوانەیە بەدژ هەڵوێستی سەربەخۆیانەی ژن وەک جێندەر و ڕووح.

۱۴۰۲ دی ۱۷, یکشنبه

ئازادی بەمانای دەربازبوون لەکۆیلەیی‌و ملکەچیە

 









شاهۆ حوسێنی

ڕەنگە هیچ حەزێک هێندی حەز و تاسەی ئازادی و هیچ چێژێک هێندی چێژی ئازادی بنەڕەتی و کۆن نەبێت لەناخی مرۆڤ و کۆمەڵگادا، ئازادی ئەوەندە چەمک و خواستێکی بنەڕەتی و چێژ بەخشە کە حەتا هزر و ئایدە کۆیلە پەروەرەکان، پاوانخوازەکان و داپڵۆسێنەرەکانیش هاواری ئازادی دەکەن و خۆیان وەک هەڵگری ئازادی و  داهێنەری ئازادیدەناسێنن، بەلای ئایینەوە ئازادی ڕاستەقینە لە ملکەچ بوون و کۆییلەبوونی خوا دایە، بەلای مارکسیزم لێنینیسمەوە ئازادی ڕاستەقینە لە دیکتاتۆڕییەتی پڕۆڵتاریادا تێ‌ئەپەڕێت و.... هەتەد. ڕەنگە هەتا ئەمڕۆ ماناگەل و ڕوانگەگەلی جیاواز لەمەر ئازادی هاتبێتە ئاراوە و ئەمەش جۆرێک لە سەرلێ‌شێواوی ساز کردبێت. بەڵام یەک خاڵی بنەڕەتی بۆ گەویشتن بە ئازادی و تێ‌ەیشتن لە ئازادی ئەمەیە کە پێویستە مرۆڤ سەرەتا لە کۆیلەیی دەرباز بێت، گەویشتن بە ئازادی نالوێت مەگەر دەرباز بوون لە کۆیەلەییە، بۆ دەرباز بوون لە کۆیلەییش پێویستە هەموو ئەم هزر و عەقلانەی مرۆڤ بە کۆیلەیی و ملکەچی گرێ دەداتەوە لە هەناو و زەینی مرۆڤ بڕەوێتەوە. دەشێ بەکورتی بگوترێ کە ئازادی بەمانای دەرچوون لە کۆیلەیی و ملکەچ بوونە.



زۆر ئایدە، کلتوور، بەها و ئەندێشە لەناو باوەڕ و زەینی مرۆڤ‌دان کە کۆیەلە پەروەرن، بە جۆرێ کە بەهەر رێژەیەک مرۆڤ حەولی ئازادیش بدات، ئەمانە وەک بەربەست و لەمپەر بەردەگرێت بە ئازادی و ئازاد بوونی مرۆڤ، هەتا ئەم کلتووr، بەها و ئەندێشانە لە باوەڕ و زەینا نەسڕدرێنەوە ئازادی مەحاڵە.

۱۴۰۲ دی ۱۲, سه‌شنبه

کەلتووری مۆدێڕن و دەسەڵاتی مۆدێڕن










شاهۆ حوسێنی

 زیاتر لە سەدەیەکە خەبات ‌بۆ ئازادی و پەرەدانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسیی ‌کۆمەڵگە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دەستی پێ‌ کردووە، بەڵام ئەوەی بەردەوام بەرهەم دێتەوە، پاوانخوازیی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییە و ڕۆژهەڵاتی ناوین نەتەنیا هیچ پێشکەوتنێکی بەخۆیەوە نەبینیوە، بگرە پاشکەوتووتریش بووە. ئەم ڕەوتە ئەگەر سەرنجێکی وردی نەدرێتێ، نە دەشێ بە ڕوونی شی ‌بکرێتەوە و نە دەشێ چارەسەریش بکریت. بێگومان ئەمەی لە ڕۆژاوا وەک پێشکەوتنی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی دەبینرێت، بەرهەمی شۆڕشی پیشەسازی، دەرکەوتنی ئایدیای ئابووریی مۆدێڕن، ڕۆشنگەری بە مانای ڕەخساندنی بەستێنی زەینی و مەعریفی، پەرەپێدان و پێشکەوتن، پێگەیاندنی مرۆڤی مۆدێڕن لەڕێی پەروردە لەسەر بنەمای هزر و ئەندێشەی مۆدێڕن و تێپەڕێن لە جیهانی مانایی، کەلتووری و هزریی نەریتییە.

 

درێژەی بابەت لەم لینکەیدا بخوێننەوە:

https://kurdshop.net/ku/opinions/4014