۱۳۹۸ مرداد ۵, شنبه

خەسارەکانی ئاوسانی زانیاری پڕوپاگەندەیی لەبۆشایی زانست و عەقڵانییەتی زانست تەوەرەدا


شاهۆ حوسێنی
گەورەترین هەڕەشە بۆسەر زانست، زەین و عەقڵانییەتی زانست تەوەرە(سوژە) لەناو کۆمەڵگای کوردی‌دا نەک کەمی زانیاری و زانست کە ئاوسانی زانیاری پڕوپاگەندەیی(تەبلیغاتی) لەناو کۆمەڵگادایە کە تەنیا و تەنیا بۆ دەکارهێنانی کاتی و بۆ بەرژەوندی کەسی و ڕیکخراوەیی بەرهەم هاتون و دێن نەک بۆ خزمەت بەبەرهەم هێنانی بەرهەم و لیکەوتەی گونجاوی زانستی. بۆ وینە ڕایەڵەگشتێکانی وەک فەیس بووک، تێلگرام، یوتیوب،...هتد لەکوورت ترین کاتدا کۆگشتیەکی بەڕبڵاو لە زانیاری مۆنتاژکراوی زۆر جار نازانستی و موبتەزەل دەرخواردی خوێنەر، بینەر و بەشدار بووان دەدات.
 ئەو رەوتە سێ لیکەوتەی هەبوە بۆ کۆمەڵگای کوردی:
یەکەم: بەرهەم هێنی مەکۆیەکی مەجازیە کە زۆرکەم  ڕەنگدانەوەی واقعی کۆمەلگایە و بەر لەوەکە کارتێکەری کۆمەلگای بەسەرەوە بێت، کارتێکەری حەز و خولیاکانی بەکارهینەری بەسەرەوە دیارە کە بەشی هەرە زۆری بنەمایەکی زانستی و مەعریفی لەخۆناگرێت و لایەنی پڕوپاگەندەیی هەیە.
دووهەم: بەرهەم هێنی زەین و مێنتالیتەیەکی بەرخۆرخوازانەیە(مصرف‌گرایانە) نەک بەرهەم هێن.
سێهەم: بەرهەم هێنی کەسایەتێکی مەجازیە کە زۆرجار هیچ پێوەندیەکی لەگەڵ واقعی کۆمەڵگا نیە. بەجۆری کە زەین و مێنتالیتەی وەها کەسایەتێک بەر لەوەکە بەرهەمی پێوەندی ئیتێرسۆبژێکتیڤ بێت، بەرهەمی کارتێکەری زانیارێکانی جیهانی مەجازیە.
 لەوەها دۆخێک دا پەرەی هەستی بێ نیازی کازب لەناو تاکی کوردا پەرە دەستێنێ، بەجۆری کە تاکی بەرهەم هاتووی وەها کەش و دۆخێک خۆی بی نیاز دەبینێت لە سەردانی سەرچاو زانستێکان، کتێبە مەرجەعەکان و کەلک لێ وەرگرتنیان.
بەداخەوە ئاوسانی زانیاری پڕوپاگەندەیی(تەبلیغاتی) بۆمەبەستی کەسی و ڕێکخراوەیی دوو خەساری گەورەی لێ کەوتۆتەوە:
یەکەم: سادەنواندنی سیاسەت، کلتوور، کۆمەڵناسی و زانستەکانی تر کە پێویستیان بەسەرنج و تێڕامانی زۆر دەقیق و جیدی هەیە  دووهەم: گەمژە پەروەری و گەمژەییە بەمانای وەهمی زانایی و پسپۆری لەغیابی بنەما و ناوەرۆکێکی زانستی.
دیارە ئەو دوو دیاردەیە هەم مەجالی کۆنتڕۆڵ و ملکەچ کردنی تاک لەبارتر دەرەخسێنێت بەهۆی پەرەی پۆپۆلیسم و هەمیش دۆخێکی ئانارشیک دەخوڵقێنێت کە خەساری گەورەی بۆ کۆمەڵگا پێوەیە. بەهۆی ئەوەکە تاک و کۆمەڵگا لە ڕاستێکان و ئەمرە واقعێکان دوور دەکاتەوە و گێرۆدی پەراوێز و ئەمرە وەهمێکانی دەکات. نابێ لەبیر بکرێت کە لەنێوان زانیاری پڕوپاگەندەیی و زانست کە سەرچاوەی ڕاسیونالیسم و بیرمەندیە جیاوازی زۆرە. زانست مەجالی ڕەخنەگری و بەخۆداچوونەوی بەردەوام، بەڕۆژ بوونەوە و پەرەی بەردەوام دەرەخسێنێت و زانیاری پڕوپاگەندەیی ملکەچی، دواکەوتوویی و پنگ خواردوویی.

۱۳۹۸ تیر ۳۱, دوشنبه

 

قسەو باسێک لەتەگ کاناڵی ئاسمانی ڕوودا لەسەر هەڵمەتی دەستگیرکردن و گرتنی چالاکوانانی مەدەنی و ژینگەپارێز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

ئەم بابەتە دەتوانن لەڕێی ئەو لینکەوە ببیین

https://www.facebook.com/RadioRudaw/videos/331046824408994/


۱۳۹۸ تیر ۲۹, شنبه

ڕیگا چارەی ئاشتیانە وەک پرەنسیپ لەخزمەت کێ و چیدا؟


شاهۆ حوسێنی
خوێندنەوە و ڕوانینی ئۆپۆزیسیونی کوردی رۆژهەڵات بۆ مۆدێڕنیتە بەگشتی و بۆ مۆدێڕنیتەی سیاسی بەتایبەتی، خوێندنەوەیەکی فۆرمالیتە و ڕواڵەتیە، خوێندنەوەیەک لەژێر کارتێکەریی کلتوور و هزری لێنینیستی کە بەداخەوە لەناو کوردا هێژمۆنیی پەیدا کردوە. ئەگەر ئاڵوگۆڕی لە  دیاردەی سۆبژیکتیڤی (عەقڵانییەت، شعور و هزری) مرۆڤی ڕۆژئاوایی بەرهەم هێنیی پرۆتێستانیزم، ئۆمانیسم، ڕەوشەنگەری و بەگشتی سوبژە تەوەرەیی و سەروەری تاک وەک سوبژەی سەربەخۆ و خۆبنیادنەر بوو کە لەدرێژەدا و لە ئاستی سیاسی‌دا بەرهەم هێنیی دیاردە ئۆبژیکتیڤەکانی وەک حکومەتی مۆدێڕنی دیمۆکراتیک، حیزبی سیاسی، پاڕڵمان، سیستمی هەڵبژاردن و...هتد بوو بۆ چارەسەری ئاشتیانە و بەدوور لە تێکهەڵچوونی نێوان ڕوانگە و ئایدە جیاوازەکان و بەگشتی هاوژینیێکی ئاشتیانەی دیاردە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگا، ئەوا لە کلتووری لینینیستی‌دا ئاڵوگۆڕ لە فۆرمە ئۆبژێکتیوەکاندا بوو بە بنەما و ڕەوتێک کە وەک کلیل و نەقشەڕیگای گەیشتن بە ئاشتی، عەداڵەت و یەکسانی چاوی لێدەکرا، بەڵام کێشەی ئەو عەقڵییەتە لەوەدا بوو کە پاوانخوازێتی، نایەکسانی و بێ عەداڵەتی تەنیا لە فۆرم و ڕواڵەت‌دا دەدیت، واتە ڕوانگەیەکی ئۆبژێکتیڤانەی هەبوو، ئەو عەقلییەتە نەیتوانی بە ناخی هزری و ناوەرۆکی مەعریفی مۆدێڕنیتەدا کە پاساوکەر و شەرعییەت دەری فۆرمە ئۆبژێکتیڤەکان بوون ڕۆبچیت، هەر بۆیەش هیج کات نەیتوانی بنیادنەری ڕێگەچارەیەکی ئاشتیانە بێت.
دیتنەوەی ڕیگاچارەی ئاشتیانە بۆ پرسی کورد لە رۆژهەلات بەر لەوە کە لە فۆرمی ڕوالەتی دا بەشێوەی دانیشتن و دانووستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بێت، پێویستە بەشێوەی ئاڵوگۆڕ پێکهێنان لە فۆرمی هزری و گوتاری واتە دیاردەی سۆبژیکتیڤی ڕەوایی دەر بە کردوە ئۆبژێکتیڤەکانی کۆمەلگا و حکوومەتدا بێت. ئەوە لەکاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی وەک فۆرمی ئۆبژێکتیڤ و رواڵەتی بەرهەمهاتووی ئیسلامی سیاسی و خوێندنەوەیەک لە شەرعی ئایینی بەهیچ شیوەیەک قائیل بە گۆڕینی فۆرمی زەینی و سۆبژێکتیڤی خۆی نیە و  لەبنەڕەتدا کە دانووستانیش دەکات (ئەگەر مەبەستی ڕێککەوتنیش بێت) ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ستراتژیکی بنەمایی نیە، بەڵکە مەبەستی لە کۆتایی‌دا ڕیککەوتنیکی ڕواڵەتیە کە لەژێر ڕەوایی "تەقیە" وەک ڕێگایەک بۆ دەرباز بوون لەقەیران ڕویی تێ‌دەکات، ئەگینا مادام ئەو لە دەلاقەی ئایدیا و مێنتالیتەی خۆی‌ڕا ئەوەی‌تر و غەیرییەتەکان وەک هەڵەی ڕەها  سەیر دەکات کە یان دەبێ ملکەچی دەسەڵاتی ئیلاهی و شەرعییەتی خوودای ئەو بن و یان دەبێ لەناو بچن، بەهیچ شێوەیەک باوەری بە هیچ رێگەچارەیەکی ئاشتیانە بەرەو چارەسەری کێشە و قەیرانەکان و یەک لەوان پرسی نەتەوەیی کورد نیە.
دەشێ ئەوەی وەک زەروورەتی دیتنەوەی ڕێگاچارەی ئاشتیانە باسی لێوە دەکرێت، لەلایەک بەمانای دانووستان لەگەڵ وەها دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر نەبێ، بەڵکە دەکرێ بەمانی دەرچوون لە مێتۆد و شێوازی لێنینیستی و ڕەچاو کردنی شێوازی ئاڵوگۆڕی هەنگاو بەهەنگاو بێت و لەلایەکی تریش  ئەگەر درووشمێکی ڕوالەتی  نیە، پێویستە  بەر لەوەکە وەک پرەنسیپ و پاساو بۆ دانیشتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ڕەچاو بکرێت، بۆ ڕیکخستنەوەی ناو مالی کورد و بنیادنانی ئاشتیەکی نەتەوەیی لەگەڵ جیابیرانی کورد ڕەچاو بکرێت، کە ئەگەرچی ڕەنگە ڕەخنەشیان لەسەر بێت، لانی کەم هێندەی کۆماری ئیسلامی دژە مرۆڤ، دژە کورد و دژە ئازادی نەبوون و نین. با دیتنەوەی ڕیگاچارەی ئاشتیانە لەناو ماڵی خۆمانا دەست پێ بکەین کە دەبێتە سەرچاوەی هێزیکی بەربڵاوی نەتەوەیی.


سەرچاوە: https://t.me/KomarChannel/52

۱۳۹۸ تیر ۲۴, دوشنبه

دانووستان یا دانووشتان؟


شاهۆ حوسێنی
کۆماری ئیسلامی بە تەنیا فۆرمێکی حکوومی ڕووت و بێ ناوەرۆک نیەو لەغیاب و بۆشایی ئایدۆلۆژیەک یان ناوەرۆکێکی مەعریفی  سەری نەهەڵنەداوە. لەراستی‌دا ئەو دەسەڵاتە حکوومیە بەرهەمی جۆرێک خوێندنەوە، ڕوانگەیەکی ئایدۆلۆژیکی تایبەت لە ئیسلام و شیعە و کلتوورێکی ئۆرتۆدۆکسیە کە وەک نەقشە ڕیگا فۆرم دەر بە کردوەکانی ئەو حکوومەتەیە، بۆیەش ناکرێت لەبۆشایی ئایدۆلۆژی فۆرم دەر بەو حکوومەتە خوێندنەوە و شرۆڤەی بۆ بکرێت و هەر جۆرە شرۆڤە و خوێندنەوەیەک بۆ کردەوە و دژکردەوەکانی ئەو دەسەڵاتە ئایینیە بەشیوەیەکی ئینتزاعی و بە ئینزاع کردنەوەیان لە ئایدۆلۆژی، فۆرمی مانایی و ناوەرۆکی مەعریفی هەڵەیە.
ئۆرتۆدۆکس بەمانای "لەخۆگری حەقی راستەقینە"، "تاکە ئایینی ڕاست" و" خاوەنی تاکە ڕوانگەی درووست"ە، کە  لە جیهانی کۆن و کۆمەڵگای نەرەیتی و ئایینی‌ کۆن‌دا پیناسەکەر و دەرخەری کلتوور و عەقڵییەتێکی ئایینی فۆندامێنتاڵ، ویشک و کۆنسێروات بوو کە بە هەموو هێز و وزەوە لەبەرامبەر هەرجۆرە ئاڵوگۆڕیەک، خوێندنەوە و ڕوانگەیەکی جیاواز لەگەڵ "خۆی"‌دا وەک سەرچاوە، تاکە نوینەر و ڕێڕەوەی بەرهەق دەوەستێتەوە. لەجیهانی مۆدێرن و هاوچەرخیش‌دا بوو بەبنەمای دوو ئایدۆلۆژی تەواو جیاواز و دژ بەیەک نازیسم و فاشیسم وەک ئادیۆلۆژیکی فۆرم‌دەر و پێناسەکەری نەتەوە لە بەرەی ڕاست و لێنینیسم وەک ئایدۆلۆژیکی ئەنترناسیونال لەبەرەی چەپ، ئەزموونی ڕاست و چەپی ئەو کلتوور و عەقڵییەتە بەڵام لە هەر دوو بەرە ئاکامەکەی فاجعە و دارمان بوو.
کلتوور و عەقڵییەتی ئۆرتۆدۆکسی لەناو کۆمەڵگا ئیسلامێکانیش‌دا بەڵام ڕەنگی دایەوە و لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم‌را بەرهەم هێنی ئیسلامی ئایدۆلۆژیک و سیاسی وەک ئایدە و ئەندیشەیەکی دۆگم بۆ پێکهێنانی دەسەڵاتی حکوومی بوو، کە لە نموونە حکوومێکەی وەک ئەزموون دەشی ئاماژە بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئیران، تالیبان لە ئەفغانستان و داعش لە بەشیک لە سووریا و عێراق بکرێت.
تالیبان و داعش وەک دوو نموونەی حکوومی کلتوور و عەقلییەتی ئۆرتۆدۆکسی هەتا دواهەناسەو تێک‌ڕامانی دەسەڵاتی حکومیان بەردەوام بوون لەسەر پەیڕەو کردن و ڕەچاو کردنی ئەو کلتوور و عەقڵییەتە و کۆماری ئیسلامیش ئەوە بۆ چوار دەیە دەچێت کە لەدەلاقەی هەمان کلتوور و عەقڵییەت ‌ڕا خۆی وەک تاکە حەقی مەوجود و ئەوی‌تر وەک باتڵ پیناسە دەکات.
هەر لەگەڵ یەکەم هەنگاوەکانی دەست بەسەر شۆرشی کۆمەلان و گەلانی ئازادی خوازی ئێران‌دا گرتن لەلایەن ئەو رەوتەی کە بنیادنەری حکوومەتی ئیسلامی ئاخۆندی بوو، کورد وەک تەنیا نەتەوە و کەمینەی نەتەوەیی بەدژ ئەو ڕەوتە ڕاسایەوە و ڕووبەڕووی دیکتاتۆڕییەتی ئاخۆندیسم بۆوە، بۆیەش وەک لایەنی باتڵ کە بەدژ لایەنی حەق کە کۆماری ئیسلامی بێت(لەدەلاقەی کاربەدەستانی حکوومی‌ ئێران) ڕووبەڕووی دژکردەوی قورس و توڵەئەستێنانە بۆوە.
جێگای ئاماژەیە کە کۆماری ئیسلامی بەرهەمی دەست بەسەر دەسەڵات داگرتنی ڕەوتێکە کە موتڵەقی دەسەڵات و حکوومەت‌کردن بە مافی خۆی دەزانێت و هیج پێگە و جێگایەک بۆ "ئەوی‌تر" وەک غەییریەتی باتڵ بەڕەوا نازانێت، ئاساییە کە هەرجۆرە بەربەرەکانی و خەباتێک بەدژ ئەو دەسەڵاتە تەنیا و تەنیا یەک مەبەست دەبێت بپێکێت، ئەویش لەناو بردن و شکەست پێهێنان بە کۆماری ئیسلامی و خەبات بۆ بنیادنانی دەسەڵاتێکی دیمۆکراتیکە چ لە ئاستی سەراسەری و چ لەئاستی لۆکاڵی و هەرێمی‌دا لە رۆژهەلات.
بەڵام ڕووخاندن و دێمۆکراتیزە کردنی کۆمەلگاش بەڕەچاو کردنی هەمان کلتووری ئۆرتۆدۆکسی و بە پەیرەو کردنی ئۆبژەی شۆرشگێر لەژێر کارتیکەری عەقڵییەت لیننینیستی دا بە هیچ شیوەیەک ناتوانێ ئەو ئامانجە مرۆییە بپیکێت، بەلکە ئەوەی شەقامی سیاسی کوردی پێویستە ڕەچاوی بکات بەرهەم هێنانی سوبژەی شۆرشگێرە، تاکێکی فەهیم، ئاگا و پێگەیشتووی خاوەن ئەندێشە کە لەهەناوی کۆمەڵگاڕا بەر لەوەکە فۆرمی ڕواڵەتی دەسەڵات، فۆرمی ئۆبژێکتیڤی حکوومەت بروخێنێت، پاشەکشە بە فۆرمی زەینی دیکتاتۆرییەت بکات و فۆرمی سوبژێکتیڤی دیمۆکرات بەرهەم بهێنێت. ئینجا ببنە سەرچاوەی شەرعییەت دەر بە دەسەڵاتی حیزبی سیاسی و دەسەڵاتی سیاسی داهاتوو.
بێ‌گومان و بەو لێکدانەوەیە ئۆپۆزیسیونی کوردی دانوستانەکەی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بەرهەمی دۆخی قەیراناوی، لاوازی و سەرلێ‌شیواویە، ئەو دانووستانە بە فەرمی ناسینی کۆماری ئیسلامیە وەک حکوومەتیکی دیکتاتۆر، ئادیۆلۆژیکی دژە مرۆڤ و پاوانخواز، لەڕاستی‌دا ئەو دانووستانە دانوشتاننەوەی ئامانجێکی ستراتژیکی هەموو تاکێکی دیمۆکرات و مافخوازە کە ئەویش شتێک نیە جگە لە لەناو بردنی کۆماری ئیسلامی.
سەرچاوە: https://t.me/KomarChannel


۱۳۹۸ تیر ۱۳, پنجشنبه

ئانتۆلۆژی ئۆبژە وەک بوونێک لەغیابی مێنتالیتە و ئەندێشەیەک لەمەر خود


(خەسارناسی کۆنگرەی مەشاهیری کورد لە ڕۆژهەڵات)
شاهۆ حوسێنی
پێشەکی:
کورد وەک بەشێک لەبوونەکانی ناو ئێران و کوردستان وەک بەشێک لە ژێئۆپۆلەتیکی ئێران بەدرێژایی مێژوو جگە لە سەردەمیکی کۆن لە مێژوودا لەژێر هێژمۆنی و دەسەڵاتی حکوومی فارسەکان، عەرەبەکان و تورکەکان‌دا بوە، ئەو ژێر دەستیە تەنیا ژێردەستێکی ڕواڵەتی و پۆزەیتوویستی نەبوە، بەڵکە ژێردەستێکی مەعریفی و زەینیش بوە، بەتایبەت لە پاش پەرەی ئیسلام وەک ئایینیکی عەرەبی و فۆرماسیونیکی مانایی عەرەبی، کورد زۆر زیاتر کەوتە ژێر کارتێکەری و هێژمۆنی مەعریفی "ئەوێکی تر" کە بێ گومان ئەوەش بەهۆی بۆشایی مەعریفی و غیابی مێنتالیتەیەکی لۆکاڵی و کوردانە واتە هەژاری یان فەقری نەزەری بوە.

بوونی ئۆبژە و بوونی سوژە:
ئۆبژە (Object) وەک چەمکێکی گرینگی فەلسفە بە مانای بوونێکە کە لەژێر کارتێکەری و ڕکێفی سوژه (subject) دایە، سوژە لەڕاستی‌دا بوونیکی ئاگا، سەربەخۆ و خاوەنی هزر و مەعریفەیەکی لۆکاڵیە کە "خۆی"، "ئەوی‌تر" و "جیهان" وەک بوونێکی زەینی و مەعریفی دادەڕێژت و جۆرێک پێوەندی لە نێوان ئەو سێ توخمەدا لەخزمەت پەرە و هێژمۆنی خۆی‌ بنیاد دەنێت. ئۆبژە لەڕاستیدا بوونێکی دەروەست، کۆیلە و بنیادنراوە کە لەغیابی ئاگایی، سەربەخۆیی و ئیرادە بۆ بوونێکی خۆبنیادنراوی سەربەخۆ لەلایەن سوژەوە داڕشت‌ڕاوە و دادەڕێژرێت، ئەگەر سێ تایبەت مەندی گرینگی سوژە: ئاگایی، سەربەخۆیی و هێژمۆنی بێت ئەوا سێ تایبەت مەندی گرینگی ئۆبژە: نائاگایی، دەڕوەست بوون و کۆیلە بوونە. بەجۆری کە وەک بوون لەلایەک بەردەوام لەلایەن سوژەوە بەڕۆژ دەکرێتەوە و لەلایەکی تریش لەخزمەت پەرە، بەرەدەوامی و هێژمۆن بوونی سوژەدایە.
ئۆبژە و سوژە وەک دوو توخمی سەرەکی و بنەڕەتی فەلسەفەی مۆدێڕن بەتایبەت لەپاش دەرکەوتنی دێکارت وەک گەورە فەیلەسوفی مۆدێڕن هێژمۆنێکی زۆریان لەناو فەلسەفەدا پەیدا کرد و بەجەسارەتەوە دەشێ بگوترێ کە ئانتۆلۆژی فەلسەفەی مۆدێڕن شتێک نیە جگە لە تێڕوانی ئۆبژێکتیو یان سوبژێکتیو بۆسەر بوون، واتە بەشیکی هەرە زۆری مێژووی فەلسەفەی مۆدێڕن باس لە ئۆبژ و سوژەیە، حەول بۆ دۆزینەوەی وڵامی ئەو پرسیارە بنەرەتێ گرینگەیە کە ئاخۆ بوونەکان لە دەرەوەی زەین و شعوری منی مرۆڤەوە بون و شوناسیان هەیە یان ئەوە منی مرۆڤم کە بوون و شوناسیان پێ دەبەخشم.

ئێرانی وەک مێتا سوژەیەک:
ڕووبەڕوو بوونەوەی ئێران و بیرمەندانی ئێرانی لەگەل مۆدێڕنیته بەهۆی هێرشەکانی سوپای ڕووسیا و شکەستە یەک لەداوی یەکەکانی ئێران لەگەڵ ئەو زلهێزە و پەنا بردنی ناچاری بۆبەر وڵاتانی پەرە ئەستاندووی رۆژهەڵاتی بوو، بۆ پێش گرتن و قەرەبوو کردنەوەی ئەو شکەستانە.
 لەڕاستیدا ڕۆژئاوای سەدەی پازدەهەمی زایینی بە هۆی ئاڵوگۆری زەینی و مەعریفی کە سەرەتا لەلایەن بیرمەندانی ئایینی وەک لوتر، کالون و زوئینگلێوە بەرهەم هات و لەپاشان بەهۆی ئاڵوگۆری زەینی لە فەلسەفەدا، توانی بەرهەم هێنی پێشکەوت و گەشە بێت، ئەوە لەکاتێک‌دابوو کە لەئێران ئایین و ئەندێشە ئایینێکان هێژمۆن بوون و غیابی ئاڵوگۆڕی مەعریفی، ئێرانی کردبوە خەویکی قورس و خەست‌، لەوەها دۆخێک‌دا رۆئاوا پەرە دەستێنێت و بەرە بەرە وەک دەرکەوتەیەکی ئەمپریالیستی بە جیهان‌دا بڵاو دەبێتەوە، لەڕاستی‌دا کلۆنیالیزم وەک دەرکەوتەیەکی زەینی و ڕواڵەتی ڕوون ترین سیمای ڕۆژئاوا بوو کە لە سەدەی شازدە بەولاوە بەجیهان‌دا بڵاو دەبێتەوە و لەسەدەی هەژدەش‌ڕا ڕووبەڕووی ئێران دەبێتەوە. لەڕاستی‌دا ئێران لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدە و دەست پێکی سەدەی نۆزدەهەم‌ڕا لەگەڵ سیمای ئەمپریالیستی و نیزامی مۆدێڕنیتە ڕووبەڕوو دەبێتەوە و بۆ قەرەبوو کردنەوەی ئەو شکەستانەش لەگەڵ ڕواڵەت و رەهەندی نیزامی مۆدێڕنیتە نزیک دەبێتەوە. ئەو ڕەوتە لە ئاکامدا دەگاتە بەدی هاتن و سەرهەلدانی دەسەڵاتی ئەمپریالیستی و میلیتاریستی بنەماڵەی پالەوەی لە ئێران کە بەهۆی هێژمۆنی و هێزی نیزامی لەلایەک و لەلایەکی تر هێژمۆنی ئایدۆلۆژی پان ئیرانیستی  بنیادنەری وڵات، تاک و کۆمەلگایەک دەبێت لەسەر ئەساس و بنەمای دیاردە پۆزەیتویستیکانی وەک زمان، ئاینن، کلتووری زۆرینە و خاوەن دەسەڵاتی فارس.
بنەماکانی شوناسی نەتەوەیی ئێرانی:
شوناس بەمانای هەستی پێوەندی و نزیکایەتی  بەهۆی توخم‌گەلێکی هاوبەش لەنێوان من و ئەوێکی‌تر لەناو جەغزی کۆمەڵگایەک یان کۆگشتیەک لەبوونەکانە و شوناسی نەتەوەییش بەمانی لەخۆگرتن و خاوەن‌دارێتی لە هەستی پیوەندی بە خاک، زمان، ئایین، مێژوو و دەسەڵاتی سیاسیە، هەڵبەت جۆری بەرهەم هاتنی شووناس و شوناسی نەتەوەیی دیارە جیاوازە، لە وڵاتانی پەرە ئەستاندووی دێمۆکراتیک ئەو ڕەوتە ئازادانە و ئیرادی بوە و لە وڵاتانی پەرە نەستاندوو وە دیکتاتۆری وەک ئێران بەهۆی هێزی نیزامی، خۆ و خدەی ئەمپریالیستی دەسەڵاتی سیاسی و سەرکوت بوە.
سێ توخمی سەرەکی شوناسی نەتەوەیی ئێران بریتین لە جوگرافیا، زمانی فارسی و ئایینی ئیسلام، دیارە بە حوکمی وەیکە ئێران ژێئۆپۆلەتیکێکی فرە نەتەوە، زمان، ئایین و کلتورە ئەو دیاردانە یەکەم بە هۆی هێژمۆنی زۆرینەی فارس و دووهەم بە زۆری هێزی نیزامی و تایبەت مەندی ئەمپریالیستی دەسەڵاتی ناوەندی بەسەر تاک و کۆمەلگای ئێرانی‌دا سەپاوە. دیارە لەپاش سەر هەڵدانی دەسەڵاتی بنەماڵەی پالەوەی پان ئیرانیسم وەک توخمی مەعریفی و ئایدۆلۆژی فەرمی دەسەڵاتی پالەوەی نەخشە ڕێگا و شەرعییەت دەری کلۆنیالیزە کردنی تاکە غەیرە فارسەکانی وەک کورد، تورک، عەرەب، بەلووچ و...هتد بوو لە ئێران، بەجۆری کە لەژێر درووشمی پاراستنی نەتەوەیی، سەروەری نەتەوەیی و حاکمییەتی نەتەوەیی، هەموو دیاردە ئۆبژێکتیو و سۆبژێکتیوە کلتوورێکان و کۆمەلایەتێکانی فارس وەک دیاردەی نەتەوەیی بەسەر کۆمەلگادا حاکم و زال کران و رەوتی ئێلینە کردن و سڕینەوە ڕواڵەتی و زەینی تاکە غەیرە فارسەکان پەرەی ئەستاند، لەوەها دۆخێک‌دا کورد، تورک، عەرەب، بەلووچ و ئەوانی تر وەک غەیرییەتی فارسەکان، وەک بوونیکی ئۆبژە لەژێر کارتێکەری و هێژمۆنی خودی هیژمۆنی فارس، لەخۆگری کۆگشتیەک تایبەت مەندی کلتووری و کۆمەلایەتی لە خزمەت خودی فارس‌دا بەرهەم هاتن و بە بەردەامیش پەرە بەو بوونە ئۆبژەیە دەدرا و بۆنە لۆکاڵی و ناوچەییەکان، لە خزمەت بەرژەوەندی مێتاخودی فارس و قوڵتر بوونەوەی ئۆبژەی کوردی، تورکی، عەرەبی و بەلوچی لە ئێران بەڕێوە دەچوون.
سەرکەوتنی سۆرشی گەلانی ئێران و سەقام‌گیر بوونی دەسەڵاتی ئایینی کۆماری ئیسلامی هیچ‌شتێکی لە واقعی دەسەڵاتی پاوانخواز، سەرە ڕوو و چەوسێنەر لە ئێران نەگۆڕی، لەو سەردەمەش‌دا سێ کووچکەی ئایینی شیعە، زمانی فارسی و جوغرافیای ئێران پێک‌هێنەری توخمی بنەڕەتی شووناسی نەتەوەیی ئێرانی بوون و دەسەڵاتی ئایینی بەرپرسی کۆمەڵگر کردنی زۆرە ملی تاک و کۆمەلگای لەناو ئەو سێ کوچکەیەدا لە ئەستۆ بوو.
کورد وەک بوونیکی ئۆبژە و زەروورەتی خەبات بۆ بوونێکی سوبژە:
مێژوی کورد مێژووی غیابی ئەندێشە و مێنتالیتەیەکی لۆکاڵی و کوردانەیە، بەهۆی ئەوەکە کورد بەردەوام لەناو جەغزی زەینی و مەعریفی ئەوی‌تر دا خولاوەتەوە.کورد بە بەردەوامی لەغیابی بوونیکی زەینی و مەعریفی، یان بوونێکی بەرهەم هاتوو و ئوبژەی ئایینی ئیسلام بوە، یان بوونێکی بەرهەم هاتوو و ئۆبژەی ئەوێکی تری فارس کە وەک قەوم، مەرزداری بەغیرەت و موسوڵمانی ئێرانی لەخزمەت پەرە و مسۆگەر بوونی هێژمۆنی ئەوی‌تری فارس‌دا بوە، لەڕاستی‌دا فارس وەک توخمی سەرەکی و نوێنەری ئێرانی بوون چ لە سەردەمی پالەوەی و چ لەسەردەمی کۆماری ئیسلامی‌دا هەموو کات لە دەلاقە و گۆشە نیگای ئایدۆلۆژی، گوتار و مێنتالیتەی خۆی‌ڕا خوێندنەوەی بۆ کورد کردوە، پێناسەی کردوە و هەڵسووکەوتی لەگەل کردوە، بە حوکمی ئەوەیکە دەسەڵاتی ئێران دەسەڵاتێکی مۆنۆلۆگ، پاوانخواز و سانترالیستە و بەهیچ شیوەیەک باوەری بە شەرعییەتی پۆلرالیزمی بوونەکان هاوتەریب لەگەڵ بوونی هێژمۆنی فارس نیە و بەردەوام وەک بوونێکی ژێر و دەرەجە دوو چاویان لێ‌دەکات، هەرجۆرە حەول بۆ ڕیزگرتن، پیناسەکردن و مەجال بۆ دەرکەوتن تەنیا لەدەلاقەی بەرژەوەندی خۆی‌را دەخوێنێتەوە، غیابی هەرجۆرە پلانێکی زەینی و مەعریفی کوردانە، مێنتالیتەیەکی کوردانە، خودێکی بەرهەم هاتووی سەربەخۆ و خۆبنیادنراو و مەبەسەتێکی نەتەوەیی کوردانە، بێ گومان خەساری گەورەی لێ‌دەکەوێتەوە و براوەی سەرەکی ئەو ڕەوتە دەسەڵاتی حاکمە و کورد دەبێتە کەرەسەی سەرەکی و خوراکی پڕوپاگاندەیی ڕژێم.
بەڕیوە چوونی کۆنگرەی مەشاهیری کورد لە سنەش بێ‌گومان لەغیابی هەر جۆرە فۆرمیکی لۆکاڵی و کوردانەی بەشدار بوان کە بەداخەوە لەخۆگری کۆگشتیەکی زۆر دژبەیەکن هەر لە بیژەنی زەنگەنەی وەزیری نەوتی دەوڵتی ڕوحانی را بگرە هەتا دەگاتە، بەشدار بوانی کوردی پارچەکانی تر هەمووی لە دەلاقەی عەقڵییەت و مێنتالیتەی حاکمییەتەوە دەست نیشان کراون بۆ خزمەت بە بەرژەوەندی و مەبەستی تایبەتی حاکمییەت. ئەوە لەکاتێک‌دایە کە خەباتێکی ڕەوای نەتەوەیی، دیمۆکراتیک و مەدەنی بەدژ دەسەلاتی پاوانخواز و دیکتاتۆری حاکم بەسەر ئێران دا چ لەناو خۆ و چ لەدەرەوە لەئارادایە، بۆیەش دەبێ کورد وشیارانەتر لەگەڵ وەها دۆخێک ڕووبەڕوو بێتەوە.