۱۳۹۸ فروردین ۲۰, سه‌شنبه

بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارن و لێکەوتەکای


شاهۆ حوسینی
پێشەکی:
لەدرێژەی ڕووبەڕوو بونەوەکانی حکوومەتی ئەمریکا  کە لەپاش هاتنە سەرکاری دۆناڵدترامپی نێئۆکان ڕۆژ بەرۆژ بەربڵاوتر و تووندتر دەبێت، لەپاش هاتنە دەری ئەمریکا لە ڕیکەوتنی ناوەکی(بەرجام)، ئەمجارە وزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سپای پاسدارنی ئێرانی خستە ناو لیستی ڕیکخراوە تێرۆریستێکان، ئەو کردەوەیەی ئەمریکا دەتوانێ مانا و  لێکەوتەی گرینگی هەبێت، بێ گومان شرۆڤەی ئەو مانا و لێکەوتانە بەبێ شرۆڤەی ئانتۆلۆژی سپای پاسدارن ناتوانێت شرۆڤەیەکی ڕوون بێت.
ئانتۆلۆژی سپای پاسدارن:
سپای پاسدارن وەک هیزێکی نیزامی-ئایدۆلۆژیک بەرهەمی ئایدۆلۆژی حکوومەتی ئیسلامیە کە لە ئاستی سیاسی کۆماری ئیسلامی لێکەوتۆتەوە. لەهەر وڵات و کۆمەڵگایەک‌دا هێزگەلیکی نیزامی هەن کە هەر کامە کارکرد و ئەرکێکی تایبەتیان هەیە، بۆ وینە هێزی نیزامی پۆلیس ئەرکی پاراستنی ئەهوەنی لەناوخۆی هەر وڵاتێکی لە ئەستۆیە، ئەرتەش ئەرکی پاراستنی سنوورەکان و بەربەرەکانی لەگەڵ هەڕەشە دەرەکێکانی لە ئەستۆیە، بەڵام بەدەر لەو هێزانە لە ئێران و لەپاش سەرکەوتنی شۆرشی گەلان، هێزێکی تری نیزامی بە ناوی سپای پاسدارن بەدی هات کە ئەرکی ئەو پاراستنی شۆرش و دەسکەوتەکانی شۆرش پیناسە کراوە، هەر بەو پێیە و بە پشتیوانی ئەو پیناسەیە بەستێن،  سنوور و جوغرافیای کارکردی ئەو هێزە نیزامیە بەربڵاوە، بەشیوەیەک کە نەتەنیا بەستینی نیزامی کە لە بەستێنەکانی سیاسی، ئابووری، کلتووری وکۆمەڵایەتیشا ئەرک دەگێرێت، نەتەنیا لە ناوخۆ و لە سەر سنوورەکان کە لە دەرەوەی سنوورەکانیش ئەرکی پێ‌سپێردراوە. بەربەرەکانی سپا لەناوخۆ لەگەڵ چالاکانی مەدەنی، رۆژنامەوانان، چالاکانی ژینگە پارێزی، لە دەرەوە لەگەڵ دژبەرانی کۆماری ئیسلامی، تێرۆری دژبەران و هەرەشە و هێرش بۆسەر ئامانجە ستراتژیکەکانی وڵاتانی رۆژئاوایی، ئەمریکا و ئیسرائیل، بەشداری لە پرۆژە ئابوورێکان، توجارەت، سەنعەت، موخابرات و ....هتد نیشان دەری بێ سنوور بوونی ئەرک و کارکردەکانی سوپای پاسدارانە.
سپای پاسداران وەک هێزێکی نیزامی-ئایدۆلۆژیک بۆ کردەوە و ڕاسپاردنی ئەرکەکانی لەژێر کارتێکەری ئایدۆلۆژی فەرمی حکوومەتی ئیسلامی دایە، ئەو ئایدۆلۆژیە فۆرمێک لە پێناسەی لە "خود"ی حەق وەک بوونێکی موسوڵمانی شیعەی جەعفەری باوەرمەند بە ویلایەتی موتڵەقەی فەقیە هەیە و هەر وەها فۆرمێکیش لە پێناسە لە دەلاقەی خوی را لە "ئەوی‌تری" باتڵ هەیە، واتە لەژێر تیشکی ئەو ئایدۆلۆژیە بوونەکان یان خودێکی موسوڵمانی شیعەی جەعفەری باوەرمەنەد بە ویلایەتی موتڵەقەی فەقیەن یان ئەوێکی تری دژبەر و باتڵ کە پێویستە لەناو بچن، ڕیبەر، پێشەوا و ڕێنوێنی مەعنەوەی و ڕواڵەتی ئەو هێزەش ڕیبەری شۆرش و ولی فەقیهی هەر زەمانێکە کە خۆی بە جیگرەوەی ئیمامی زەمان دەناسێنیت و ئەرک وەزیفەی خۆی بڵاو کردنەوە حەق لە جیهان و بەربەرەکانی لەگەڵ باتڵ بۆ ڕەخساندنی بەستێن بۆ گەرانەوەی ئیمامی غایب و بەدەستەوە گرتنی چلەوەی دەسەڵاتی سیاسی و ئایینی بە مەبەستی لەناو بردنی دائیمی باتڵ دەزانێت.
لیکەوتەکانی بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران:
بێ گومان بەو پێشەکیەی باسی لێوەکرا، ئەو کردەوەیە تەنیا ئامانجی پێکانی ریکخراوە و سازمانێکی نیزامی نیە بەڵکە کاتێک باس لە تێرۆریست بوونی سپای پاسداران دەکرێ، بە حوکمی ئەوەیکە رێبەر و فەرماندەری یەکەمی ئەو رێکخراوەیە رێبەری کۆماری ئیسلامی وەک وەلی فەقیە و جێنشینی ئیمامی زەمانە، کەوابێ بە مانای بە تێرۆریست ناساندنی رێبەری کۆماری ئیسلامیشە، بەتێرۆریست ناساندنی ریبەرۆ کۆماری ئیسلامی بە مانای بەتێرۆریست ناساندنی ئایدۆلۆژی سیاسی کۆماری ئیسلامی و لەویش بنەڕەتی‌تر ئەو فۆرم و ڕوانگە ئایینییە کە بەرهەمەکەی کۆماری ئیسلامیە واتە شیعەی جەعفەری باوەرمەند بە ویلایەتی فەقیە، لە هەمان کاتیشا ئەو ڕەوتە بە مانای بەئامانجی نیزامی گرتن و شەرعییەتی یاسایی بەخشین بە هەرجۆرە کردوەیەکی نیزامی بەدژ ئەو لایەنەیە کە وەک تێرۆریست ناسێندراوە، واتە بە ئامانجی نیزامی گرتن و پێکانێتی. هەڵبەت ئەوە بەو مانایە نیە کە لە کورت خایەندا ڕووبەڕوو بوونەوەیەکی نیزامی ڕویی بدات، بەڵام ئەوە بە مانای بەیاسایی و بەشەرعی کردنی حەول بۆ لەناو بردنی کۆماری ئیسلامی بە هۆی عەول بۆ لەناو بردن و ڕووبەروو بونەوە و پێکانی سوپای پاسدارنە وەک هێزی پارێزەری کۆماری ئیسلامی.

۱۳۹۸ فروردین ۱۵, پنجشنبه

ئانتۆلۆژی خەبات لە عەقڵی سیاسی مستەفا بارزانی‌دا


) خەبات بۆ سووژەی کوردی)
شاهۆ حوسێنی
پێشەکی:
لە هەر چاخ و سەردەمێک‌دا،  ئایدە و گوتارەکان خوێندنەوە و بۆچوونیکی تایبەتیان لەمەر مرۆڤ هەیە، واتە لەخۆگری ڕوانگەیەک لەمەر ئانتۆلۆژی مرۆڤەکانن. بێ گومان ئەو ڕوانگە و بۆچوونانە لەئاستی سیاسیش‌دا ڕەنگ دەدەنەوە. لەسیاسەتی مۆدێڕن‌دا، واتە لە ناو ئەندێشە سیاسی چاخی مۆدێڕن‌دا مرۆڤ بوونیکی ناوەندی و تەوەرەیی هەیە، بەهۆی ئەوەکە ئەساس و بنەمای مۆدێڕنیتە و کاکڵ و ناوەرۆکی سەرەکی مۆدێڕنیتە مرڤەوە و دەشێ بگوترێت کە مۆدێڕنیتە چاخێکی  مرۆڤ تەوەرەیە. مۆدێڕنیتەی سیاسیش وەک ڕەهەندی سیاسی مۆدێڕنیتە وڵامی سیاسی ئەو پرسیارە بنەرەتێیە دەداتەوە کە مرۆڤی سیاسی مۆدێڕن کێیە و چیە؟
بێ گومان مۆدێڕنیته دەرکەوتەیەکی مێژویی، سیاسی و هزریە کە ڕوانگەیەک، ئەندێشەیەک و شێوەیەک لەخویندنەوە و شووناس لە مرۆڤەکان دێنێتە ئاراوە، لەئاستی فەلسەفەدا مۆدێرنیتە بە بەرهەم هێنانی سۆبژێکتویتە و ڕەوتی سوبژەبوون، بەرهەم هێنی پێناسەیەک لە مرۆڤی موێڕن و وڵامیکی مۆدێڕن بۆ ئانتۆلۆژی مرۆڤی مۆدێڕن بوو. لە فەلسەفی مۆدێڕن‌ڕا بە پیناسەکردنی مرۆڤ وەک بوونێکی بیرمەند، خاوەن عەقڵ و بکەرێکی سەربەخۆی خۆبنیادنەر، ئۆمانیسم وەک ئەندێشەیەکی کۆمەڵایەتی، ناسیونالیزم، پلۆرالیزم و دێمۆکراسی وەک ئەندێشەی سیاسی و دەوڵەت-نەتەوەی مۆدێڕنی دێمۆکراتیک وەک پێکهاتەی ڕواڵەتی و ڕەنگدانەوەی سوبژە و مرۆڤی ئاگا، سەربەخۆ و خۆپێناسەکەر بەرهەم هاتن. لەڕاستی‌دا بە حوکمی وەیکە گەوهەری مۆدێڕنیته وەک دیسکۆرس "خود"ە، دەشێ بگوترێت کە مێژووی مۆدێڕنیته و مۆدێڕنیته سیاسی شتێک نیە جگە لە سۆبژێکتویتە و گەشەی هەرچی زیاتری مرۆڤەکان. لەژێر تیشکی وەها عەقڵانییەتێک و دۆخیکی مەعریفی و هزری‌دا، ڕۆژئاوا لەپاش چاخی ڕەشی دەسەڵاتی کلیسا لە خەوێکی مێژویی هەڵدەستێت و مرۆڤێکی کە وەک ئۆبژە و بوونێکی سترۆکتوراڵ لە خزمەت گەشە و پەرەی ئایدۆلۆژی کلیسا دا بوو، دەبیتەوە بە تەوەرە و ناوەندی سەرەکی ئەندێشەکانی فەلسەفی، کۆمەڵایەتی و سیاسی. بوونیکی کە لەئاستی سیاسی‌دا دەبێتە سەرچاوەی شەرعییەتی دەسەڵات(جهانبگلو، ١٣٨٤، ٢١-٧٢).
مۆدێڕنیته و ئەندێشەی مەشرووتە لە عوسمانی‌دا:
تیشک خستنە سەر خەباتی کورد لە باشووری کوردستان بە حوکمی وەیکە بەشێک لە باکووری کوردستان بوە بەبێ تیشک خستنە سەر ئاڵوگۆرێکانی ئەو بەشە لەکورستان، جۆرێک کەم و کوڕی لەگەڵ‌دا دەبێت، هەر بۆیەش بە کورتی تیشک دەخرێتە سەر کورد لە سەردەمی عوسمانی لە سەدەی هەژدەڕا.
ئاڵوگوڕیکانی هزری و ڕواڵەتی لە ڕۆژئاوا بەرە بەرە  لەلایەن بیرمەندان و خوێندەوارانی کورد و تورکی زانکۆکانی رۆژئاوا دەگوازرێتەوە بۆ عوسمانی وەک ژێئۆپۆلەتیکێکی ڕواڵەتی و هزری نەریتی. کۆتایی دەیەی یەکەمی سەدەی هەژدە(١٧١٨) تا سەرتای دەیەی سێهەمی(١٧٣٠) سەدەی هەژدە  کە هاوکاتە لەگەڵ سەردەمی حوکمرانی ئەحمەدی سێهەم وەک چاخی لالە پیناسە دەکرێت ، چاخ و سەردەمێک کە لەو ڕا ڕەوتی ڕێفۆرمخوازی دەست‌پێدەکات و لەئاکام‌دا دەگاتە چاخی تەنزیمات و مەشرووتەی یەکەم و دووهەم. لەڕاستی‌دا دەشێ بگوترێت کە چەخماخەی نوێ بوونەوە و دەرکەوتنی ئەندێشە و ڕوانگەی مۆدێڕن لە ئیمپراتوری عوسمانی‌دا لە سەرەتاکانی سەدەی هەژدەم‌ڕا لێدرا، لە سەدەی نۆزدەهەم و لەچاخی تەنزیمات‌دا (١٨٣٩)ڕێفۆرمخوازی بەشیوەیەکی قوڵتر و بەربڵاوتر لەلایەن ڕێفۆرمخوازانی(نەتەوەخوازانی) تورک بەدواداچوونی بۆ دەکرێت و ڕیکخراوە مۆدێڕەنەکان بەدی دێن، تورکە ڕێفۆرمخواز و بۆرۆکراتەکان بەرپرسیارێتی سیستمی بۆرۆکراسی عوسمانی بەدەستەوە دەگرن و سوڵاتان مەحمودی دووهەم دەبێتە پێشەنگی ئەو ڕەوتە لە رێفۆرمخوازی. ساڵی ١٨٧٦ مەشرووتەی یەکەم دێتە ئاراوە، یاسای بنەڕەتی ڕادەگەیەندرێت و پاڕڵمان بەدی دێت و ئەوەش بۆیەکەم جارە کە لە وڵاتێکی ئیسلامی و بەگشتی لە جیهانی ئیسلامی‌دا یاسای بنەڕەتی دەنووسرێتەوە. ساڵی ١٨٨٩ بزاڤی تورکانی لاو لەناو خوێندکارانی نیزامی سەرهەڵدەدات و هاوکات لەگەڵ پەرەئەستاندنی زیاتر لەناو چین و توێژەکانی تری کۆمەڵگا دەبێتە بزاڤێکی گشتگیر بەدژ سوڵتان عەبدولحەمیدی دووهەم، تورکانی لاو وەک بزاڤیکی ناسیونالسیتی لە ساڵی ١٩٠٦ ڕیکخراوەی ئیتحاد و تەرەقی بنیاد دەنێن و لەساڵی ١٩٠٨ ڕا تا ساڵی ١٩١٨ کە رێکخراوەکە لێک بڵاو دەبێت دەسەڵات بەدەستەوە دەگرن. نوامبر ساڵی ١٩١٨ شەڕی یەکەمی جیهانی کۆتایی دێت و ئیمپراتوری عوسمانی کە لەو شەرەدا شکەست دەخوات، دەکەوێتە بەر هێرشی بریتانیا و هاوپەیمانانی، لەوەها دۆخێک‌دا تورکە ناسیونالیستەکان بە ڕیبەرایەتی مستەفا کەماڵ دەست بەسەر دەسەڵات دادەگرن و لەساڵی ١٩٢٣ کۆماری تورکیا دادەمەزرێنن(حضرتی،١٣٩٠، ل٢٠،٢٥٠). چاوخشاندنێک بەسەر ئەو ئاڵوگۆڕیانەی کە لە ماوەی نزیک بە سێ سەدە لە تورکیا ڕووی داوە دەرخەری ئەو ڕاستێ حاشا هەڵنەگرەیە کە هیچ دەسەڵات، حکوومەت و بزاڤێکی گشتگیر بە ڕیفۆرمخواز و نەتەوەخواز لە تورکیا هیچ کات دانی بە مافی نەتەوەی کورد دانەناوە و هەموو کات لە دەلاقەی سوبژەیەکی هێژمۆن و خاوەن دەسەڵات‌ڕا حەولی داوە بوونێکی سترۆکتوراڵ، ملکەچ و گوێ‌ڕایەڵ لە کورد بەرهەم بهێنێت، ئۆبژەیەکی کە شووناسی بوون و کەسایەتی لەلایەن تورکەکانەوە وەک سوبژەیەکی هێژمۆن پێ‌بەخشراوە، بەجۆرێ کە لە خزمەت بەرژەوەندی، پەرەی رەوتی سوبژە بوونی ئەوان و هێژمۆنی بەردەوامی دەسەڵاتی هزری و ڕواڵەتی وان‌دا هەڵسووکەوت بکات. لەوەها دۆخێک دایە کە ناسیونالیزمی کوردی بە ئامانجی بنیادنانی سوبژەیەکی سەربەخۆی کوردی، بوونێکی سەربەخۆی خۆبنیادنەر کە نە تەنیا ملکەچ و گوێ‌ڕایەڵی هیچ دەسەڵاتێک نەبێت،  بەرە بەرە حەول دەدات لە سەربەخۆیی "بوون" و "ئەندێشە"ڕا بەرەو سەربەخۆیی "سیاسی" هەنگاو بنێت.
خەبات و بەربەرەکانی کورد لە باکوور:
تا بەر لە بریار نامەی سایکس-پیکۆ، کوردستانی باکور، باشور و رۆژئاوا بەشێک لە ئیمپراتووری عوسمانی بوون، بۆیەش هەرجۆرە ئاڵوگۆریەک لەو ئیمپراتوریەدا، کارتێکەری لەسەر کورد دەبوو. بەهۆی دراوسێتی عوسمانی لەگەڵ ئورووپا بیر و ئەندێشەی رۆژئاوایی لەئورووپاوە هەرکە گەیشتبا عووسمانی بێ‌گومان دەگەیشتە ناو کوردانی کوردستانی ناو ئیمپراتووری عوسمانی، بۆیە دەکرێ بگوترێت کە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتاکانی سەدەی بیستەما لەگەڵ سەرهەڵدانی چینێکی ناونجی و مام ناوەندی خوێندەواری پێ گەیشتووی قوتابخانە و دەرسی مۆدێرن و بەڕۆژ لەباکوری کوردستان، هاموو شوی کوردانی ئیمپراتووری عوسمانی بۆ رۆژئاوای پەرەئەستاندو، دیتنی تاکی پێشکەوتووی بەهرەمەند لەزانستی مۆدێرن و ناسیاوی پەیدا کردن لەگەڵ ریکخراوەی مۆدێرن، بوو بەهۆی راگوێستنی هزر و ئەندێشەی مۆدێرن و سەردەمیانە لەلایەن ئەوانەوە بۆ ئەو بەشە لە کوردستان و بەوشێوەیە کۆر و کۆمەڵە کوردێکان لە باکوور سەرهەڵدەدەن. دیارە گەورەترین ئاڵوگۆری ئەو رەوتە پێکهاتن و سەرهەڵدانی فۆرماسیونی سیاسی- کۆمەڵایەتی نوێیە بۆ وەدەست هێنانی مافی کورد و دیاری کردنی مافی چارەنووسی کورد کە سەرەتا بەشێوەی کۆر و کۆمەڵە کوردیکان دەست پێ‌دەکات و دوایی دەبێتە بزاڤێکی نیزامی-سیاسی)کۆچێرا،٢٠٠٣، ل٢٨ (.
ساڵی ١٩٠٨ جەمعییەتی تەعاون(تەعالی) و تەرەقی کورد لەلایەن رۆشەنبیرانی کورد لە باکوور دادەمەزرێت، بەبۆچوونی کریس کۆچێرا ئەو کۆمەڵە کوردیە ئامانجی نوێخوازانە و رێفۆرمیستانەی هەبوە)هەمان،ل٢٨(، دیارە مەبەست لە نوێخوازی دەشێت ئاماژەیەک بێت هەم بە نوێخوازی لە فۆرماسیونی رواڵەتی و هەمیش لەفۆرماسیونی زەینی دا، واتە کەڵک وەرگرتن لە فۆرماسیونی نوێی گونجاو لەگەڵ ئاڵوگۆرێ کۆمەڵایەتێکانی کۆمەڵگای باکوور کە هاوکات بوو لەگەڵ پەرەی شارنشینی و سەرهەڵدانی چێنی ناونجی و مام ناوەندی و لاواز بوونی هێژمۆنی خێڵایەتی و عەشیرەیی، هەمیش بەمانای کەڵک وەرگرتن لە مێتۆدی نوێ، بەشێوەی حەول بۆ پێگەیاندنی تاک و کۆمەڵگای ئاگا و خاوەن هزر و بیری تازە، واتە رەخساندنی بەستێن بۆ سەرهەڵدانی سووژەیەکی سەربەخۆ و خۆبنیادنەری ئاگا و خاوەن جیهان بینی. رێفۆرمیستانەش دەشێ بە مانای روو لە کۆمەڵگا خەبات کردن بۆ ساز کردنی ئاڵوگۆری هەنگاو بەهەنگاو هاوکات لەگەڵ پێگەیشتنی تاک و کۆمەڵگای ژیر و وریا بێت، نەک ئەوەکە لەغیابی تاک و کۆمەڵگای ئاگا و پێگەیشتوو بەگەژ دەسەڵاتا رۆبێن. پیکهێنەرانی ئەو جەمعییەتە رۆژنامەیەکیشیان وەک ئۆرگانی خۆیان دەرکردوە و ئەوەش دەشی بەرهەمی ئەو ئاڵوگۆریانە بێت کە لەناو بەستێنی سیاسی عوسمانی‌دا رووی داوە، ئاڵوگۆری گەلێکی وەک پەرەی هزری مەشرووتییەت لەناو دەسەڵاتی عوسمانی‌دا، پەرەی زانست و هزری مۆدێرن بە هۆی پەرەی خوێندنگا و خوێندنی مۆدیرن، پەرەی سیستم و ئیمکاناتی چاپ و بڵاو کردنەوەی کتێب و بڵاڤۆکی کوردی.
جەلادەت بەدرخان  یەکێکی تر لە تێکۆشەرانی کورد بوو کە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە لەدایک بوە و لە دەیەی بیستی سەدەی نۆزدە لەوڵاتی ئاڵمانیا یاسای خوێندوە، دیارە ژیان لە ئورووپا و دیتنی پێشکەوتەکانی رۆژئاوایی کاری کردۆتە سەر جەلادەت بەدرخان و لەپاش گەرانەوە بۆ دەمشق بوە بەیەکێک لەدامەزرێنەرانی رێکخراوەی خۆیی بوون ، دیارە خۆیی بون رێکخراوەیەکی سیاسی و رۆشەن بیری بوە)نەک حیزبێکی سیاسی( بە مەبەستی پەرەی هزر و ئەندێشەی ناسیونالیستی، لەراستی‌دا دەشێ بگوترێت کە جەلادەت بەدرخان لەباری فۆرم و پێکهاتەوە لەژێر کارتێکەری کردار و کردوەی پێش‌کەوتوانی فراماسۆنێرێکان بوە، ئەو کە باش ئاگاداری مێژووی ئاڵوگۆرێکانی رۆژئاوا بوە، باش تێگەیشتوە کە لەغیابی هەرجۆرە ئاڵوگۆریکی کۆمەڵایەتی و پەرەی عەقڵانییەت و هزری بەرۆژ لەناو تاک و کۆمەڵگای کوردی‌دا )هەر ئەو رەوتەی لە رۆژئاوا بەرهەم هێنی پێگەیشتووی و پێشکەوتی کۆمەڵگاکان بوە(، پێشکەوت و وەدەست هینانی مافی سیاسی کورد مەحاڵە، بۆیەش لەپاش خۆیی بوون لە کۆتاییەکانی دەیەی بیستی سەدەی بیستەم، دەستی کرد بە بڵاو کردنەوەی گۆڤاری هاوار و لەپاشان گۆڤاری رۆناهی لە دەیەی چلی سەدەی بیستەم دا)رۆحانی،١٣٧١،ج٣،ل٥٢٨(
دیارە ئەوە بەو مانایە نیە کە پێشتر کورد بەدژ ئیمپراتوری عوسمانی خەباتی نەکردوە، بۆ وێنەدەکرێ  بە خەباتی میرانی کورد بەدژ دەسەڵاتی عوسمانی  کە مێژویەکی دوور و درێژەی هەیە یان خەباتی شێخ عوبەیدوڵلا ئاماژە بکرێت،  هەروەها بەرە بەرە کە دەسەڵاتی سیاسی نوێ لە تورکیا جێگیرتر دەبێت و ڕەوشی بەرپەرچ دانەوەی خواستە ڕەواکانی کورد بەرەو توند و تیژی زیاتر دەڕوات، ئاڕاستەی خەباتی کوردیش بەرەو خەباتی چەکداری دەروات کە شۆرشی شێخ سەعیدی پیران یەک لەو شۆرشانە لە تەنیشت شۆرشی کۆر و کۆمەڵە کوردیکان دەکرێ ئاماژەی پێ بکرێت.


دابەش بوونی کوردستان بۆ جارێکی تر:
لێک بڵاو بوونی ئیمپراتووری عووسمانی و دابەش بوونی خاکی ئەو وڵاتە لەنێوان دوو گەورە زلهێزی جیهانی بریتانیا و فەرانسا و پێکهاتنی وڵاتی عێراق و سوریا و...هتد لەپاش کۆتایی شەری یەکەمی جیهانی، بوونە هۆی پارچە بوونی جاریکی تری بەشێکی کوردستان، بەجۆرێ کە بەشیک لە جوغرافیای کوردستانی سەر بە ئیمپراتووری عووسمانی لەپاش پێکهاتنی ژێئۆپۆلەتیکێک بەناوی عێراق خرایە سەر ئەو وڵاتە بەپێی پلانی سایکس-پیکۆ بۆ فۆرم‌دان بە رۆژهەڵاتێکی ناوینی نوێ. ئەگەرچی لەبریارنامەی سێڤێردا دابین کردنی مافی کورد لەبەر چاو گیرابوو، بەڵام لە بریارنامەی لۆزان دا هەموو هیوا و ئاواتی ناسیونالیستە کوردەکان لەناو چوو(هاوار،٢٠٠٦،ل٢٠٣). بەرە بەرە لەپاش سەقامگرتووتر بوونی دەسەڵاتی ساوای پاشایەتی لە عێراق و پشتگوێ خستنی خواست و مافەکانی گەلی کورد لەباشوور کە ئەو کاتەی کە بەشێک لە ئیمپراتووری عووسامنیش بوون خەباتیان بۆ کردبوو، خەبات بەدژ دەسەڵاتی پاوانخواز کە پشتیوانی نیزامی و سیاسی بریتانیای لەگەڵدا بوو درێژەی کێشا، دیارە بەشیک لەو خەباتە رووبەروو بوونەوەی نیزامی بوو وە بەشیک هەر وەک باکوور بەشێوەی پیکهێنانی کۆر و کۆمەڵە رۆشەنبیرایکان و حەول بۆ بنیادنانی تاک و کۆمەڵگایەکی ئاگا و وریا و خاوەن لۆژیک و جیهان بینی بوو(کۆچیرا،هەمان،ل١٧٧-١٧٩)، بەڵام وێك‌چووی هەر دوو شێوە خەبات حەول بۆ بنیادنانی تاک وەک سووژەیەکی سەربەخۆ و خۆبنیادنەری خاوەن هزر و جیهان بینی بۆ رووبەروو بوونەوە لەگەڵ هێژمۆنی شووناسی عێراقێکی پێکهاتوو لەسەر ئەساس و شووناسی عەرەبی بوو، کە وەک سووژە حەولی بەئۆبژە کردنی کورد و بەرهمێنانی کوردیکی سترۆکتۆرالی دەدا لەژێر تیشیکی شووناس و فۆرماسیونی زەینی عەربی‌دا.
بارزان مەکۆی کوردایەتی:
 بارزان وەک مەکۆ و ناوەندێکی ئایینی و شێخایەتی بەردەوام  لەژێر تیشکی ئەندێشە و ڕینماییە ئایینیکان و بە تایبەت ئەندێشەی سۆفیانەی تەریقەتی نەقشبەندی حەولی خزمەت، پەروەردە، پێ‌گەیاندن و تێگەیاندنی کۆمەلگای دەدا، بەتایبەت سەرهەڵدانی ڕەوتی ڕێفۆرم و چاکسازی کۆمەڵایەتی لە سەردەمی شێخ عەبدولسەلام‌دا بوو بەهۆی بەربڵاوتر بوون و هێژمۆن‌تر بوونی مەرجعییەتی بارزان وەک مەکۆیەکی خزمەت‌گوزاری و پەروەردە. شێخ عەبدولسەلام ئەگەرچی کەسایەتێکی ئایینی بوو وە بەو پێیەش چاوەڕوان دەکرا کە نزیکایەتی لەگەڵ دەسەڵاتی ئایینی خەلەیفەکانی عوسمانی هەبێت، بەڵام بەپێچەوانە هەستی نەتەوەیی و هەستی پێوەندی بە کۆمەڵگا و ناوەندێکی کلتووری، زمانی و ئەرزشی جیاواز لە عوسمانێکان کە لەلایەن دەسەڵاتی خەلیفەکانەوە دەچەوساوە، بیری نەتەوەیی لە هەناوی شێخ عەبدولسەلام‌دا بەتین‌تر کرد و شێخی هان دا تا پێوەندی بە کۆمەڵەی تەعالی و تەرەقی کورد، هیوا، خۆیی بون، شێخ مەحمود، شێخ عەبدولقادری نەهری و سمایل‌ئاغای شکاک بگرێت، دەشێ بگوترێت کە بە شێخ عەبدولسەلامەوە نەتەوەیی بون بوو بە هزر و هەستی هێژمۆن و بەهێزی بارزان وەک مەکۆیەکی جێگای متمانە و باوەڕی کورد. پەرەی هەستی نەتەوەیی تا ئەو جێگایە بوو بە هەستێکی هێژمۆن کە شێخ عەبدولسەلام ساڵی ١٩٠٨ دەستی بۆ چەک برد و هێرشی نیزامی کردە سەر سوپای عوسمانی، شۆرشی شیخ عەبدولسەلام بەداخەوە بەهۆی خیانەتی کوردێک کە لەخەودا دەستبەسەر و ڕادەستی تورکانی کرد و لەلایەن تورکانەوە لەسێدارە درا(گەوهەری، ٢٠١٧، ١٥-٢٣)کۆتایی هات. بەڵام بیر و هەستی نەتەوەیی بۆ بنیادنانی خود و سوبژەیەکی سەربەخۆی کوردی، بارزانی کردە مەکۆی شۆرش و خەبات بۆ بەرهەم هێنانی خود و سوبژەیەکی کوردی. ئەندێشە و کردەوەکانی شێخ عەبدولسەلام بەرهەم هێنی دوو کەسایەتی تێکۆشەری کورد بوو لەناو بنەماڵەی بارزانی‌‌دا: شێخ ئەحمەد و مەلا مستەفا. لەسێدارەدانی شێخ هاوکات بوو لەگەڵ سەرهەڵدانی فۆرماسیون و ژێئۆپۆلەتیک گەلێکی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوین کە لە دابەش بوونی ئیمپراتوری عوسمانی بەپێ برێارنامەی سایکس-پیکۆی سەریان هەڵدا. بارزان لەمەوە بەدوا دەکەوێتە ناو ژێئۆپۆلەتیکی عێراق و باشوری کوردستانیش دێتە ناو چەمکی سیاسی و خەباتی کورد. لەمەو بەدوا شۆرشی کورد لە بارزان ڕو و ئاراستەکەی دەسەڵاتی ناوەندی عێراق دەبێت و بەدژ ئەندێشە و ناسیونالیسمی عەرەبی کە پیکهێنەر و شووناسی عێراقە. بەو شیوەیە ناسیونالیسمی کوردی دەبێتە هەوێن و رێکخەری بزاڤی کوردی لە باشور بە ناوەندێتی بارزان وەک مەکۆیەکی مەعریفی و ڕواڵەتی.
دەرکەوتنی مستەفا بارزانی وەک ڕێبەری بزاڤی نەتەوەیی کورد:
شۆرشەکانی کورد لە باشوری کوردستان بەدژ دەسەڵاتی ناوەندی بەهۆی بێ ئەزموونی، ناکۆکی ناو ماڵی کورد و ناڕێک‌وپیکی لەتەنیشت پشتیوانی نیزامی  بەربڵاوی بریتانیا لە دەسەڵاتی ناوەندی عێراق نەیتوانی دەسکەوتێک بۆ کورد بەرهەم بهێنیت، بەڵام هەڵگیرسانی شەری دووهەمی جیهانی، ئاکامەکانی کۆتایی ئەو شەڕە  کە لە ئاستی جیهانی‌دا بوو بەهۆی دەرکەوتنی سیستمی هاوسەنگی هێز و دەسەڵاتی دوو جەمسەری، پەرەی دەسەڵاتە چەپەکانی نزیک لە سۆڤییەت، قورسایی و نفوزی کوردی لەناوچەدا زیاتر کرد.
مستەفا بارزانی هەر لەمناڵێوە ئاوێتی خەبات و بەربەرەکانی کورد بەدژ داگیرکەرانی کوردستان بوو، گیران، دەرمانداو کردن و خەباتی بەردەوام کەسایەتێکی کوردو نەتەوەخوازی لەو بەرهەم هێنابوو، کەسایتێک کە بەدژ بوونێکی دەستکرد و سترۆکتوراڵی خواستی عەرەبەکان، لەژێر تیشیکی ئەندێشەکان و پەروەردەکانی شێخ عەبدولسەلام ، بوو بە ئاڵا هەڵگری  خەباتی ناسیونالیستی کورد. مستەفا بارزانی ئەو کەسایەتێ پیگەیشتویە بوو کە بەهەست و هزریکی ئاواڵاوە لە هەرشوێنێک جموجوڵیکی کوردایەتی هەبایە ڕوی تێ‌دەکرد.
ساڵی ١٩٣٩ لە کۆمەڵی هیوا نزیک بۆوە، بەڵام گوشارەکانی دەسەڵاتی ناوەندی، زوڵم و زۆری بەدژ کورد و ئاڵوگٶرێکانی ناوچەیی و جیهانی سەردەمی شەری دووهەمی جیهانی، مستەفا بارزانی گەیاندە ئەو قەناعەتە کە پێویستە خەبات و شۆرش بەدژ دەسەڵاتی ناوەندی دەست پێ‌بکاتەوە، بۆیەش لە سیلمانی دەرچوو و بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا گەڕایەوە بارزان و بەو شیوەیە شۆرشێکی‌تری لە بارزان هەڵگیرساندەوە. بێ گومان بارزانی کەسایەتێکی تێگەیشتوو بوو، ئەو ساڵی ١٩٤٣ لە سلیمانی دەرچوو و گەرایەوە بۆ بارزان(بارزانی،٢٠١٢، ٥٨)، ئەوە لەکاتێک‌دابوو کە ساڵی ١٩٣٩ شەڕی دووهەمی جیهانی دەستی پێ کرد و بریتانیا و فەرانسە وەک دوو زلهێزی جیهانی و خاوەن هێژمۆنی لە رۆژهەڵاتی ناوین تووشی خەسار و زەبریکی زۆر بوون، فەرانسا ڕاستەوخۆ لەلایەن ئالمانیاوە داگیر کرا و بەریتانیاش گەمارۆی دەریای خرایە سەر و بەبەربڵاوی هێرشی ئاسمانی دەکرایە سەر، لەوەها دۆخێک‌دا باشور و رۆژهەڵاتی کوردستان تووشی جۆرێک بۆشایی دەسەڵات ببون، بریتانیا لەلایەک ساڵی ١٩٣٢ سەربەخۆ بوونی عێراق بەفەرمی دەناسێت و بەو شیوەیە لە عێراق دەچتە دەر(Ongsotto,2003,69) ئەگەرچی چەند پیگەیەکی نیزامی لەعێراق دێڵیتەوە. بەڵام بەگشتی حزور و بوونی بەهێزی نیزامی بەریتانیا تا دەهات لە رۆژهەلاتی ناوین کەمتر دەبۆوە، ئەوە لەکاتێک‌دابوو کە عێراق لەسەردەمی بەدەسەڵات گەیشتنی فەیسەڵی دووهەم کە هێشتا باڵغ نەببو تووشی بشێوی هات،  بەجۆرێ کە ساڵی ١٩٤١ ڕەشید عالی گەیلانی کۆدتا دەکات و  عەبوڵڵا کە نایب سەڵتەنەی فەیسەڵی دووهەم بوو لە دەسەڵات دەخات(Liman,2005,23 (، واتە سەرقاڵ بوونی دەسەڵاتی ناوەندی و بریتانیا لەلایەک بەکێشەکانی ناوەند و باشوری عێراق و لەلایەکی تر  سەرقاڵ بوونی بریتانیا بە شەڕی دووهەمی جیهانێوە ،کەش و هەوایەکی گونجاوی ڕەخساندبوو، لەهەمان کاتیشا پێویستی و زەروورەتی دابین کردن و دەستەبەر کردنی مافی چارەنووسی کورد وەک بوونێکی سەربەخۆ کە پێویست بوو ڕێز لە بوون و مافەکانی بگیرێت، بەڵام دەسەڵاتی ناوەندی عێراق هیچ کات دانی پێ‌دانەنابوو، مستەفا بارزانی بەو قەناعەتە دەگەیەنێت کە پێویستە شۆرشی کورد هەڵبگیرسێتەوە.
شۆرش بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانی نەتەوەیەک کە لە ئەندێشەی بنیادنانی فۆرمیکی زەینی، مانایی و ڕواڵەتی جیاواز لە وەی‌تری عەرەب بوو، تەنیا تایبەت بە سەردەمی حکوومەتی پاشایەتی لە عێراق نەبوو، لەپاش کۆدەتای ١٤ ژوئییەی ١٩٥٨ کەریم قاسم بەدژ دەسەڵاتی پاشایەتی،  مستەفا بارزانی بەناوی گەلی کوردەوە پیرۆزبایی سەرکەوتنی شۆرشی گەلی عێراق لە کەریم قاسم بە دژی ئەمپریالیست (کە دیارە مەبەستی برریتانیایە کە بەدژ کورد هەموو جۆرە یارمەتێکی حکوومەتی پاشایەتی دەکرد)دەکات و شۆرشی گەلی کورد گرێ دەداتەوە بە گەلی عێراق(گەوهەری، هەمان، ٢٠٥)، دیارە مەبەستی بارزانی ئەوە بوو کە ئەو ڕاستیەی بە گوێ کەریم قاسم‌ بگەیەنێت کە دەسەڵاتی شۆرش پێویستە بەیەک چاو، چاو لە مافی گەلانی عێراق بکات بەبێ هەڵاواردن و پێوسیتە دەسەڵاتێکی گەلی و نیشتیمانی کە رەنگدانەوەی واقعی کۆمەڵگای عێراقە بە کورد و عەرەبەوە بێت، هەر ئەو دەسەڵاتە گەلییەش ئەو وڵاتە بەڕێوە بەرێت. دیارە ڕووداوەکانی دوایی سەلماندی کە هیچ شتێک لە عەقلییەتی پاوانخوازانەی عەرەب وەک ئەوی‌تری کورد و حەول بۆ بەرهەم هێنانی ئەوی‌ترێکی ملکەچ نەگۆراوە، ئەوجارەش چاوەروان کراو بوو کە دەسەڵاتی مەیلەو کۆمۆنیست بەڕوالەت  و ناسیونالیست لە هەناوی کەریم قاسم هیچ مافێکی نەتەوەیی بۆ کورد لەبەر چاو ناگرێت.
بەوشێوەیە نزیکایەتی کورد و عەرەب کە لە دوای شۆرشی کەریم قاسم دەستی پی کردەوە و کورد هیوادار بوو کە لەرێگای دیالۆگ و بەشیوەیەکی ئاشتیانە بتوانێ مافەکانی دەستەبەر بکات، بەڵام ئاڕاستەی ڕووداوەکان تا دەهات ئاڵۆزتر دەبوو، تا ئەوەیکە دەسەڵاتی کەریم قاسم لە  ١١ ئەیلوولی ١٩٦١  هێرش دەکاتە سەر کوردستان و بەوشێوەیە شۆرشی ئەیلولل هەڵدەگیرسێت(بارزانی، هەمان،بەرگی سێهەم،  ٤٥).  سەلام عارەف لە ١٩٦٣ بەکۆدەتا دەسەڵات بەدەستەوە دەگرێت،  لەگەڵ ئەوەدا کۆدەتاچیکان  بەڵێنیان دابوو ئۆتۆنۆمی بۆ کورد بە فەرمی بناسن، بەڵام هەر زوو بەعسی خاوەن دەسەڵات سیمای دزێوی خۆی وەدەرخست و لە ژوەنی ١٩٦٣ هێرشی کردە سەر کوردستان (گەوهەری، هەمان، ٣٢٠-٣٢٧). ئیتر کۆدەتای حەسەن ئەلبکەر و بە دەسەڵات گەیشتنی سەدامم حوسینیش لەگەڵ ئەوەدا کە وەک هەموو ڕێبەرانی پێشوی شۆرش حەولی نزیک بوونەوەی رواڵەتی لە کورد و ڕیبەری کاریزمای کورد مستەفا بارزانیان دەدا، بەڵام لە هەناو و دەروونیان‌دا هیچ باوەرێکیان بە مافی کورد وەک سوبژەیەکی سەربەخۆ و مەجال بۆ دەرکەوتنی کوردیکی مانایی و رواڵەتی بوونی نەبوو.
خەبات و شەر بۆ مستەفا بارزانی هیچ کات ئامانجێک بۆ بەدەستهینانی دەسەڵات و پەرەی هێژمۆنی خۆی نەبوو، هەست و ئەندێشەی  نەتەوەیی وەها لەهەناو و زەینی مستەفا بارزانی‌دا پەرەی ئەستاندبوو وە هێژمۆن بوو کە ئەو دەرگای هەموو جۆرە هەڵسوکەوتێک بۆ گەیاندنی مەبەست و گەیشتن بە مەبەستی ئاواڵا کردبوو، هەر بۆیەش لە پاش هەڵگیرسانی شۆڕشی دووهەم و لەکاتێکدا لە شەر دەستی باڵای هەبوو، لەگەڵ نوری سەعید سەرۆک وەزیرانی عیراق دەکەوێتە دانووستان و و تووێژ، لەتەنیشت خواستەکانی تری بارزانی لە نوری سەعید، سێ خواستی گرینگ هەبوون کە نیشان دەدات بارزانی ئامانجی پاشەکشە بە هێژمۆنی سووژەی عەرەبی و دەرخستنی سوژەیەکی کوردی ئاگایە، یەکەم: داوای ڕێکخستنی ویلایەتی کوردستان دەکات لە لیواکانی کەرکووک، سلێمانی، هەولێر و قەزا کوردییەکانی موسڵ، دهۆک، ئاکرێ، شیخان، شەنگار، زاخۆ، ئامێدی، قەزای خانەقەین، مەندەلی دیالە، دووهەم: بە فەرمی ناسینی زمانی کوردی، سێهەم: دیاری کردنی وەزیرێکی کورد وەک بەرپرسی ویلایەتی کوردستان( گەوهەری، هەمان). ئەگەرچی بەداخەوە  ئەو خواستانە نەهاتنە دی و شەر دەستی پێ کردوە.
مستەفا بارزانی ئەگەرچی لە دەروون و هەناوی عەشیرەتا سەری هەڵدابوو بەڵام نەتەوەیی بوونی لە دەرووندا هێژمۆن بوو، هەر بۆیەش لە پاش هەڵگیرسانی شۆرشی دووهەم لە سەرەتای دەیەی چلی سەدەی بیستەم، حەولی دامەزراندن و بنیادنانی فۆرم و پێکهاتەیەکی نوێ و مۆدێڕنی سیاسی دەدات بە دوو ئامانج: یەکەم ئەوە کە شۆرشی کوردی گشتگیر تر و بەربڵاتری بکاتەوە واتە کوردایەتی و نوسیونالیزمی کوردی بباتە قوڵایی کۆمەڵگا و دووهەم بتوانێ بەدژ دەسەڵاتی نوێ و مۆدێڕنی عێراق، کارامەتر و پۆزتیڤ‌تر بێت، بۆ ئەو مەبەستەش لە یەکەم هەنگاودا لێژنەی ئازادی بە هاوکاری ئەفسەرانی لیزانی کورد و خوێندەوارانی کوردی دادەمەزرێنێت و لەپاش ئەوەکە ڕوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات لە ساڵی ١٩٤٦ پارتی دێمۆکراتی کوردستان دامەزرێنیت(گەوهەری، هەمان).
ئانتۆلۆژی خەبات لە عەقڵی سیاسی مستەفا بارزانی‌دا:
هەر کۆمەڵگایەک بەر لەوەکە فۆرماسیونێکی ڕواڵەتی بێت، فۆرماسیونێکی مەعریفی، ڕوانگەیی و بەو پێیەش کلتووریە، بە جۆرێ کە هزر و مەعریفەکان بەرهەم هێنی ڕوانگەی تاک و کۆمەڵگایە و ڕوانگەکانیش دەبنە کلتووری کۆمەڵگاکان و لەسەر ئەساسی ئەو فۆرماسیونە زەینی و دەروونیانەی تاک و کۆمەڵگا، کاریزماکان بان‌تر لە تاکێک وەک ڕواڵەت و پێکهاتەیکی جێگای متمانەی لەخۆگری کۆگشتیەک تایبەت مەندی دەردەکەون. ئەگەر چی سەرەتا ئەوە تاکەکان کە لەسەر ئەساس و بنچینەی فۆرمی زەینی و دەروونیان بەرهەم هێنی فۆرمە ڕواڵەتێکانن، بەڵام لەدرێژەدا جۆرێک پێوەندی دیالێکتیکی لەنێوان کۆرگێر(مرۆڤ) و ساختەکان(فۆرمە ڕواڵەتێکان) دێتە ئاراواە، واتە ئەگەر فۆرمە زەینی و دەروونیکانی مرۆڤ بەرهەم هێنی فۆرمە ڕواڵەتێکان و ساختە عەینێکانن، هاوکاتیش فۆرمە ڕواڵەتێکان(ساخت) ئاڵوگۆڕی بەسەر فۆرمی ەینی و دەروونی مرۆڤ‌دا دێنێت. بەجۆرێ کە کاریزماکان وەک کۆڕگێڕ(agent) بێ گومان لەپێوەندیکی نزیک لەگەڵ پیکهاتەکان(structure)دا دەردەکەون.  باوەرمەندانی بە ئازادی، شۆڕش و مرۆڤی خۆبنیادنەر و رەها واتە باوەڕمەندانی بە سوبژە بوونی مرۆڤەکان، لەسەر ئەو باوەرەن کە دەور و نەقشی تاک و مرۆڤ لە کۆمەلگا و مێژوودا دەور و نەقشێکی کاریگەر و گرنیگە.
مستەفا بارزانی وەک کاریزمایەکی کە سەرەتا وەک بوونێک لەژێر کارتێکەری ڕەهەندەکانی کۆمەلگا و دەرەوەی کۆمەڵگایە، لەدرێژەدا دەبێتە پێشەنگی فۆرمێکی زەینی و ڕواڵەتی لە کوردایەتی و کورد بوون و بۆ دەستەبەر کردنی ئەو فۆرمە لە بوونەش، خەبات و تێکۆشان هەڵدەبژێرێت، دیارە لە ناو جەغزی دیکتاتۆرییەت و پاوانخوازی بوونێکی بێگانە دا کە حەولی تواندنەوە و موستەحیل کردنی ئەو فۆرمە دڵخوازەی مستەفا بارزانی دەدا، خەبات و تێکۆشان تاکە بەستێن و مەیدانە. بۆیەش خەبات لە عەقڵی سیاسی مستەفا بارزانی‌دا کۆشش و حەولێکە بۆ بنیادنان و بەرهەم هێنانی خودێکی کوردانەی سەربەخۆ و خۆبنیادنەر لەدەرەوەی شووناس و ئینتمای ئەوی‌تری هێرشکەر و داگیرکەر، مستەفا بارزانی لە خەباتی بەربڵاوی خۆی‌دا بەردەوام هەم پێ‌داگری لەسەر خاک واتە جوغرافیایەکی کوردانە وەک بەستێنێکی خۆمالی و گونجاو بۆ بەدی هێنانی سوبژەیەکی کوردانە دەکات و هەمیش پێ‌داگری لەسەر خوێندن بەزمانی کوردی .
 بە حوکمی وەیکە زمان وەک فۆرم و بەستێنێک، لەخۆگری تایبەتمەندی سرووشتی و مەکۆیی مرۆڤەکانە و بەوپێیەش گونجاوترین بەستێن و تاکە بەستێنی گونجاوە کە هزر و ئەندێشەی خۆماڵی تیا بەرهەم بێت، بەستێنێکە بۆ بەرهەم هێنانی ئەندێشە و ئەندێشەش بەستێنێکە بۆ بەرهەم هاتنی ئاگایی لەمەر خود و ئاگا بوونیش لەمەر خود شووناس دەخوڵقێنێت، واتە زمان ماڵ، بنکە و بەستێنی ئەندێشەیە، بەستێنێکە کە لە باوەش ئەودا هزر و ئەندێشە بەرهەم دێت و ئەوە ئەو هزر و ئەندێشەیەیە کە شووناس و کەسایەتی سەرەتا بە مرۆڤ و دوایی بە نەتەوەیەک دەبەخشێت. بۆیەش خاک و زمان دوو کووچکەی گرینگن کە دەتوانن بەرهەم هێنی سوبژەیەکی سەربەخۆی کوردانە بن و لەسەر ئەساسی ئەو سوبژە سەربەخۆیەش، نەتەوە وەک سوبژەیەکی گشتگیر و لەپاشان دەسەڵاتێکی نەتەوەیی بنیادبنرێت. بۆیە دەشی بگوترێت کە خەبات لە عەقڵی سیاسی مستەفا بارزانی‌دا کەرەسەیەک بوو بۆ بەرهەم هێنان و بنیادنانی سووژەیەکی کوردی، تاکێکی سوربەخۆ کە ئەوی‌تر نیە. دیارە ئەو سووژەیە لە درێژەدا هەم دەتوانێ نەتەوە بەرهەم بێنێت و هەمیش دەسەڵاتێکی سەربەخۆی کوردانە.






سەرچاوەکان:
١_ بارزانی، مەسعود(٢٠١٢): بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد ١٩٣١-١٩٥٨، هەولێر، ئاراس.
٢_ حضرتی، حسین(١٣٩٠): مشروطه عثمانی، تهران، پژوهشکدە تاریخ اسلام.
٣_ جهانبگلو، رامین(١٣٨٤):موج چهارم، ترجمهٔ منصور گودرزی، تهران، چاپ چهارم، نشر نی.  
٤_ روحانی، مردوخ(١٣٧١): تاریخ مشاهیر کرد، ج٣، تهران، انتشارات سروش.
٥_ کۆچێرا، کریس(٢٠٠٣): کورد لە سەدەی نۆزدە و بیستەمدا، حەمە کەریم عارف،هەولێر، کتێبخانەی ئاوێر.
٦_ گەوهەری،حامید(٢٠١٧): مستەفا بارزانی-پێسمەرگە و سەرۆک، هەولێر، چاپخانەی رۆژهەڵات.
٧_ هاوار،محەمەد رەسول(٢٠٠٦): کوردو باکوری کوردستان لە دوای شەری یەکەمی جیهانییەوە هەتا دوای شۆرشی شێخ سەعیدی پیران، بەرگی دووهەم،  سلێمانی، ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی خاک.
8_ Liam Anderson; Gareth Stansfield (2005). The Future of Iraq: Dictatorship, Democracy, Or Division
9_ Ongsotto et.al(2003). Asian History Module-based Learning Ii' 

سەرچاوە: ڕۆژنامەی خەبات

۱۳۹۸ فروردین ۳, شنبه

ئاوانگاردیسمی سیاسی لە غیابی پۆیتیکا


شاهۆ حوسێنی
پێشەکی:
ئاوانگارد بە مانای پێشەڕەو، پێشەنگ و داهێنەر، بە هوونەرمەند، نووسەر و ئەدیبانێک دەگوترا کە لەچاخێکی مێژویی‌دا بەدی هێنەر، داهێنەر و پێشەنگی شیوە و فۆرمێکی نوێ بوون، لەپاش هوونەر و ئەدەبیات بەڵام ئاوانگارد خزایە ناو فەلسەفە، کۆمەڵناسی و سیاسەت. ئاوانگارد وەک پێشەنگ و ریبەری سیاسی لەپاش ڕاگەیندراوی کۆمۆنیستی کارڵ مارکس کە دەوری ئاوانگاردی بۆ حیزبی کۆمۆنیست بەکار برد، بەشێوەیەکی بەربڵاو بوو بەهێمای ئەو بزاڤانەی کە دژبەری بورژوازی و دێمۆکراسی بورژوازی بوون و لایەنگریان لەچینی کرێکار و هەژاری کۆمەلگا دەکرد.
پۆیتیکا ئەگەرچی لە شێعر و ئەدەبییاتا بەکار دەبرا و ئەڕستوو سەچاوەیەکی لەمەر شێعر بە ناوی پۆیتیکا(بوتیقا) نووسی، بەڵام لە ئەسڵ‌دا پۆیتیکا بە مانای سەناعەت و سازکردنە و لەتەنیشت فەلسەفەی نەزەی و فەلسەفەی عەمەلی ئەڕەستوو، لقی سێهەمی حیکمەتە بەناوی حیکمەتی داهێنان و نوێکاری کە بەرهەم و دەرکەوتەکەی ئافراندنە.
ئاوانگاردیسمی سیاسی:
ئاڵوگۆڕیکانی رۆژهەڵاتی ناوینی پاش شەڕی یەکەمی جیهانی و لاگیرێکانی پاش ئەو ئاڵوگۆڕیە، شەقامی سیاسی کوردی  لەغیابی هەرجۆرە ناوەرۆکیکی مەعریفی و هزری مۆدێڕن، لەگەل مۆدێرنیسم ڕووبەڕوو کردەوە. لەکاتێکا مۆدێڕنیسم لە رۆژئاوا بەرهەمی مۆدێڕنیتە واتا شووناس و ڕوحی مەعریفی و لایەنی دەروونی و ئەندێشەیی بوو، مۆدێڕنیسمی کوردی فۆرمی ڕووتین و ڕواڵەتی بوو، واتە کورد لە غیابی مۆدێڕنیتە لەگەڵ مۆدێڕینسم ڕوبەڕوو بۆوە. لەڕاستی‌دا ئەو رەوتە بەرهەم هێنی تایبەت مەندی دیونیزۆسی زەینی کوردی بوو، زەینێک کە لە فۆڕم و ڕواڵەت‌دا پیکهاتە و فۆرمی نوێی لەخۆ دەگرت، بەڵام لە زەین و ناوەرۆک‌دا پێکهاتەی مانایی و مێنتالیتەیی کۆن و نەریتی بەردەوام دەکردوە، واتە ئەگەر لە رۆژئاوا دەرون و پێکهاتەی مانایی و زەینی تاک تووشی ئاڵوگۆڕی دەبێت و ئەو ئاڵوگۆڕیە لە فۆرم و ڕواڵەتی دەرەوەش‌دا ڕەنگ دەداتەوە، ئەوا لەناو کورددا فۆرم و پێکهاتەی ڕواڵەتی ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت و دەچتە خزمەت ئەندێشە و دەروونی کۆن و نەریتی، ئەوە لەکاتێک‌دایە کە ئەگەر ئەمری ئاوانگارد و لیبرۆ لە دەروون و هزری دانەرا ڕووی دەدات، ئەمری ئاوانگارد و لیبرۆ لەناو کوردا لە دەرەوە و لەڕواڵەتی کوردا ڕویی دەدات.
ئەگەر دوو تایبەت مەندی شەقامی سیاسی ڕۆژئاوایی "چی کردن" و "چلۆن کردن" بێت کە هاوتەریب و کۆک لەگەڵ یەکترا بەرەو پێش دەچن، ئەوا لە ناو شەقامی سیاسی کوردا "چی کردن" فیدای "چلۆن کردن "کراوە. بە کورتی دەشی بگوترێت کە شەقامی سیاسی کوردی لە غیابی پۆیتیکا ڕەنج دەبات، پۆیتیکا بە مانای ناوەرۆکیکی ئەندێشەی و هزری نوێ و مۆدێڕن کە لە ناوەرۆکی کۆن و نەریتی دابرابێت.  ئافرێنەر، داهێنەر و فۆرم دەر بێت بە فۆرمی ڕواڵەتی و ئەو ئافراندنەش ببێتە هۆی ئاوانگارد بوون و پێشەنگ بوونی. چون پێشەنگ بوون بەدابڕان لە فۆرم، مێتۆد و ناوەرۆکی کۆن و نەریتیا دەردەکەوێت، نەک بە لەخۆگرتنی ڕواڵەتی فۆرم و پێکهاتە ڕواڵەتێکان.