۱۳۹۷ بهمن ۱۷, چهارشنبه

"مەسیح عەلی‌نژاد ڕۆژنامەنووسێکی کە بۆتە ڕێبەری بزاڤێکی گشتگیری کۆمەڵایەتی"


شاهۆ حوسێنی
پرسیاری سەرەکی: بۆچی تاکی کورد بەگشتی و ژنی کوردی بەتایبەتی نەیتوانیوە بنیادنەر و پەرەپێ دەری بزاڤێکی کۆمەڵایەتی مۆدێرنی گشتگیر بێت؟
مەسیح عەلی نژاد لەو ژنە چالاک و خاوەن هزرانەیە کە توانیوێتی لەپاش چونەدەر لەئێران،  لە وڵاتی ئەمریکاڕا ببێتە بنیادنەر و ڕێبەری بزاڤێکی کۆمەڵایەتی گشتگیری ژنان لە ئێرانێکی تەواو نەریتی، لە کۆمەڵگایەکدا کە حەتتا ئۆپۆزیسیونە بەڕواڵەت مۆدێڕنەکان، هزر و ئەندێشەکانی وەک مارکسیزم، ناسیونالیزم، ئانارشیزم، لیبرالیزم و.... هتد ژنیان وەک کەرەسەیەک بەخزمەت گرتوە و ڕوانگەی کەرەسەییان بەرامبەر بەژن هەیە. بەڵام مەسیح بەتەنیا وەک ڕۆژنامەوانێک توانی بنیادنەری ڕەوتێکی ژنانەبێت بەدژ دەسەڵاتی حکوومی، بەدژ دەسەڵاتی پیاوسالاری و بەدژ ئەندێشەی پیاوسالارانە. ئەو وەک ڕۆژنامەوانێک هەم باش دەزانێت چی دەوێ، هەم باش دەزانێ چی ناوێ و هەمیش باش دەزانێ ئەوەی کە خواستێتی و دەی هەوێ چۆنی گەڵاڵە بکات. لەڕاستی‌دا مەسیح بەر لەوەکە ژنێک، جەستەیەک یان تاکێک بێت، مەسیح ئایدە، شعور، مێنتالیتە و جەوهەرێکی هزری و مەعریفیە، ئەو لەناو بەستێنێکی مەعریفی‌را کە مانایەکی لە "خود"، "ئەوی‌تر" و"جەهان" هەیە، واتەبەستێنێکی مەعریفی لۆکالی کە بەهۆی ئەندێشەو ڕوانگەیەکی گشتگیری فێمێنیستی بەهێز کراوە، دەجوڵێتەوە. بە کورتی دەشێ بگوترێ کە کردوەکانی مەسیح و مەسیح وەک بزاڤێکی کۆمەڵایەتی بەهیچ شیوەیەک لە غیابی هزر و ئەندێشەیەکی لۆکاڵی و جەهانی بەرهەم نایەت. مەسیح دەغدەغەی دەسەڵاتی نیە، ئەو ئۆپۆزیسیونی کۆماری ئیسلامی نیە، ئەو بەتەمای سەدارەت و وەزارەت و ڕانتی دەسەڵات نیە، ئەو ژنێکە کە خەبات دەکات بۆ پەرەی ژنێکی سوبژە، بۆ سوبژکتویتەیەکی ژنانە، مەسیح باش دەزانێ کە تا ژن وەک سوبژە و تاکیکی ئاگا و مەعریفی بەرهەم نەیەت، ئازادی و بەرابەری بۆ ژن بەرهەم نایەت.
بەداخەوە لەناو ئێمەی کوردا نە تەنیا خەباتێکی ژنانە بوونی نیە کە حەتتا ئەو ژنانەی وەک تاک لە چوارچێوەی ئەندێشەکانی مارکسیستی، ناسیونالیستی، ئانارشیستی، ئاپۆئیستی و ....هتد خەبات دەکەن، بە هیچ شیوەیەک هەڵگر و خاوەنی ئەندێشەیەکی ژنانە وەک جنس و ئەندێشەیەکی کوردانە وەک بەشیک لە کۆمەڵگایەکی تایبەت لەسەر ئەساسی ئەندێشەیەکی ژنانە نین. لەڕاستی‌دا ژنی کورد لە غیای ئەندێشەیەک بۆ پەرە و مسۆگەر بوونی وەک سوبژەیەک و لەدرێژەدا ئەندێشەیەکی لۆکاڵی بۆ پەرەی مافەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی وەک بەشیک لە کۆمەڵگایەکی مرۆیی و نەتەوەیی، تەنیا و تەنیا کەرەسەیەکە لەخزمەت دەسەڵات، عەقڵییەت و ئەندێشەی پیاوسالارانەدا.
بەدەر لە ژن، تاکی کورد و کۆمەلگای کوردی بەعام لەغیابی ئەندێشە و هزرێکی لۆکاڵی‌ڕا خەبات دەکات، ئەو ئەندێشە و هزرەی کورد خەباتی بۆ دەکات وەک ناسیونالیسم، مارکسیسم، ئانارشیسم، ئیسلام و... هتد بەعام کوردیان وەک کەرەسەیەک بەخزمەت گرتوە. واتە خەباتی کوردی کەرەسەیەک لەخزمەت تاک و کۆمەڵگای کوردی دانیە، بەڵکە کورد بەعام چۆتە خزمەت پەرەی ئەو ئایدە و ئەندێشانەوە.

۱۳۹۷ بهمن ۹, سه‌شنبه

سەربەخۆیی فەزیلەتی کورد


شاهۆ حوسێنی
پێشەکی:
ئەخلاق وەک بەشێکی گرینگ لە فەلسەفە حەول دەدات وڵامی پرسیار لە فەزیلەت، خێر و ئەمری شیاوی مرۆڤ بداتەوە، واتە دەشێ بگوترێت کە ناسین، فام کردن و دەرخستنی فەزیلەت، ئەمری خێر و شیاو ئانتۆلۆژی ئەخلاقە. دیارە مەبەست لە ئەخلاق لێرەدا نەک وەک گریمانەیەکی پێشینی، کە باس و شرۆڤەی لۆژیکی حاکم بەسەر دەرکەوتە سیاسێکان ‌دایە، کۆگشتیەک لە یاسا گەلێک کە لە ئەزموونەکانی سیاسی‌دا بەرهەم دێت و دەبنە خواست و ئامانجی کۆمەڵگایەک.
ئەڕەستوو وەک یەکێک لە گەورە فەیلەسووفانی ئەخلاق لەسەر ئەو باوەرەیە، کە هەر کارێکی مرۆڤ هەر ئەنجامی دەدات بۆ مەبەستێک، گەیشتن بە بەرژەوەندی و خێریکە، واتە هیچ کردار و کردەوەیەکی مرۆڤەکان لە بۆشایی ئامانج، بەرژەوەندی و گەیشتن بە خێرێک ئەنجام نادرێت، ئەو لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ئامانجی نەهایی و خواستی کۆتایی مرۆڤەکان لە کردار و کردەوەکانیان گەیشتن بە خێر و بەختەوەرەیە، ئەڕەستوو لە درێژەدا ئاماژە بەوە دەکات گەورەترین و باشترین جۆری بەختەوەری و خێر بۆ مرۆڤەکان فەزیلەتە، لەڕاستی‌دا فەزیلەت یەکێک لە بنەمایی‌ترین چەمکەکانی فەلسەفەی ئەخلاقی ئەڕەستوویە، بەڵام ئەڕەستوو جیاوازی دادەنێت لەنێوان فەزیلەتەکان و هەموو فەزیلەتەکان وەک یەک سەیر ناکات، ئەو پێی وایە هەر چین و توێژێکی کۆمەڵگا بە پێی دۆخێکی کۆمەلایەتی و ئاستێکی مەعریفی کە هەیەتی، فەزیلەتێک بۆخۆی دیاری دەکات. لەڕوانگەی ئەڕەستوو دا سیاسەت کەرەسیەکە بۆ گەیشتنی مرۆڤ بە بەختەوەری، بۆیەش لە کتێبی ئەخلاقی نیکۆماخۆس‌دا، ئەخلاقی وەک دەروازەیەک بۆ گەیشتن بە سیاسەت پیناسە دەکات و لێک گرێدانەوەی ئەو دوو چەمکە دەبنە بنەمای فەلسەفی ئەڕەستوو، بەجۆرێ کە سیاسەت وەک زانستی بەرز دەناسێنێت کە ئامانجی نەهایی ئەو خێر و بەختەوەری مرۆڤەکانە.
سەربەخۆیی فەزیلەتی کورد:
بێ گومان کە باس لە فەزیلەت دەکرێت لە هەر زانستێک، لە هەر بەستێنێک‌دا و لە دەلاقەی هەر دیسکۆرسێک و ئایدۆلۆژیەک‌ڕا، فەزیلەت جۆرێک پێناسە دەکرێت، لە دەلاقەی دێموکراسی و دیسکۆرسی ڕۆژئاواییەکان: ئازادی تاک و سوبژە بوونی تاک گەورەترین فەزیلەتە، لە دەلاقەی کۆمۆنیستێک: عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و ئابووری گەورەترین فەزیلەتە، لە دەلاقەی ئاناڕشیسمێک: لەناو بردنی نیزامی دەسەڵات لەسەر تاک کۆمەڵگا و گەڕاندنەوەی کۆمەڵگا بۆ دۆخی سرووشتی گەورەترین فەزیلەتە، لە دەلاقەی ئایینەکان‌ڕا: ئیماندار بوون و ڕزگاری مرۆڤ لە جیهانی مادی گەورەترین فەزیلەتە و ...هتد.
بێ گومان بۆ ئیمەی کورد کە بەدرێژایی مێژوو(ئێستاشی لەگەڵ بێت) لەگەڵ شاڵاوی موستەحیل کردن، لەناو بردن، شووناس سڕینەوە، بەر بەخۆپێناسەکردن و بەرهەم هێنانی کوردێکی ئۆبژە لەلایەن داگیرکەران وەک سوبژەی گشتی و هێژمۆن ڕووبەڕوو بوین و هەین، گەورەترین خێر و فەزیلەت دەتوانێ سەربەخۆیی بێت. سەربەخۆیی بەمانای سەربەخۆ بوون لە خۆپیناسە کردن، خۆ فۆرم بەخشی و خۆبنیادنان، خۆبنیادنان لە ئاست کۆمەڵایەتی‌دا بەمانای کۆمەڵگایەکی کوردانەی بەرهەم هاتوو لەسەر دەستی تاکە سەربەخۆکان بەشیوەی بڕیاڕێکی کۆمەڵایەتی و فۆرمۆلە کردنی بەها و نۆرمە کۆمەڵایەتێکان، لە ئاستی سیاسی‌دا بەمانای بنیادنانی دەسەڵات و فۆرمێک لە حکوومەتی هەڵقوڵاوی نۆرم و بەها کۆمەڵایەتێکانی کە بەرهەمی پیکەوە ژیانی تاکە سەربەخۆکانە بەپێی بڕیارێکی کۆمەڵایەتی، بۆیە سەربەخۆیی بۆ کورد لەگەڵ ئەوەدا ئەمرێکی سیاسی وەک خواستێک و ئامانجێکی ستراتژیکە، لەهەمان کاتیشا ئەمرێکی ئەخلاقی و گەورەترین فەزیلەتە کە دەتوانێ بنیادنەر و بەرهەم هێنی خێر و بەختەوەری بۆ کورد بێت.
هەڵبەت کە مێتۆدەکانی دەستەبەر کردنی سەربەخۆیی وەک خواستێکی نەهایی و ستراتژیکی کورد،  دەتوانێ لە هەر سەردەم و چاخێکی مێژوویی‌دا شیوازی جوراوجۆر بەخۆیەوە ببینێت، بەڵام لە هەر حاڵەتێک‌دا سەربەخۆیی وەک فۆرمێک لە دەسەڵات لە بۆشایی و غیبابی سوبژەکان، تاکە خۆبنیانەرەکان، تاکە سەربەخۆکان، لە خۆپێناسە کردن و خۆ فۆرمولە کردنی سەربەخۆیانەدا بەرهەم نایەت و تاکی سوبژە و سەربەخۆش کە توانای خۆبنیادنان و خۆپێناسە کردنی هەبێت، بێ گومان بەرهەمی فۆرمێکی هزری و زەینیە، فۆرماسیونێکی دەروونی کە بەرهەمی جۆری تەعاموولی تاک لەگەڵ خۆ، ئەوەی تر و جیهانە، تەعاموولێک کە فۆرمێکی زەینی لەخۆ، ئەوەی تر و جیهان دادەڕێژێت و لەسەر ئەساسی ئەو فۆرمە زەینی و مەعریفیە لە جیهانی دەرەوە بەرهەمی دەهێنێت. دەشێ بە کورتی بگوترێت،  سەربەخۆیی سیاسی وەک فۆرمێکی سیاسی لە سوبژە و دەرکەوتنی سوبژە لە بەستێنی سیاسی‌دا، بەرهەمی کۆمەڵگایەکی سەربەخۆ و سوبژەیە کە لە تاکەکانی سەربەخۆی وەک سوبژە پێک هاتوە و تاکەکانیش کاتێک دەتوان وەک سوبژە دەرکەون کە خاوەنی فۆرمێک لە هزر و ئەندێشەی سەربەخۆ بن، ئەندێشە و فۆرمێک لە مەعریفە کە بەرهەمی تەعامولی سەربەخۆیانەی و ڕاستەوخۆیانەی تاک لەگەڵ جیهانی دەرەو بێت و ئەو تەعاموولە جۆرێک لە فام و تێگەیشتن لە دەروون و هەناوی تاک بەرهەم دێنێ کە بە هزر و ئایدە پیناسە دەکرێت. لەوەها دۆخێک دایە کە بنەڕەتی‌ترین ویست و خواستی مرۆڤ و دوایی کۆمەڵگا و پیکهاتەی سیاسی دەبێتە سەربەخۆیی و سەربەخۆیی دەبێتە ئەو بەستێن و فەزایە کە بەختەوەری و خێری مرۆڤەکانی تیا دەردەکەوێت و بەگشتی دەبێتە فەزیلەت بۆ مرۆڤەکان، بۆیەش دەشێ بگوترێت کە سەربەخۆیی وەک گەرینگترین و گەورەترین فەزیلەت بۆ کورد ئەخلاقیە و بگرە بنەڕەتی ترین و گرینگ ترین ئەمری ئەخلاقی کۆمەڵگای کورد دەکرێ پیناسە بکرێت.

سەرچاوە: رۆژنامەی خەبات

۱۳۹۷ بهمن ۸, دوشنبه

فۆندامێنتالیسم وەک ژێرخانی کردەوە و دژکردەوەکان


 (خەسارناسی عەقڵیەتی فۆندامێنتالی کوردی)

شاهۆ حوسێنی

فۆندامێنتالیسم لەناو کۆمەڵگا نەریتێکان و یەک لەوان کورد، بە مانای بنەما سیر کردن و بە بنەما گرتنی چەمکە گشتێکانی نەتەنیا ئایینی، کە غەیری ئایینی و حەتتا ئایدۆلۆژیە دژە ئایینەکانی وەک کۆمۆنیسمیشە لە هەموو بوارەکانی ئەندێشە، ژیان، کۆمەڵگا و سیاسەت‌دا. واتە کردوە و دژکردەوە نیشان‌دا بە شێوەیەکی بنەڕەتی، حەول بۆ ڕووخاندنی لە بناغەڕا، تێکقرماندنی گشتی و بناغەیی بەبێ جیاوازی دانان لەنێوان لایەنە پۆزەتیڤ و نیگەتیڤەکان. دەشێ بگوترێ کە فۆندامێنتالیسم تەنیا فۆرم و دەرکەوتە کردەیەکی هاتۆتە ناو ئێمە کورد لە غیابی ناوەرۆکی هزری و مەعریفێکەی، بۆیەش فۆندامێنتالیسم ئەگەر لە ڕۆژئاوا کیشە و تێکهەڵچوونیکی هزری و ڕوانگەییە لە نێوان ئیماندارانی فۆندامێنتال و نوێ‌خوازی ئایینی ناو باڵی پرۆتێستان، ئەوا لەناو ئێمەی کوردا لە غیابی هەرجۆرە ناوەرۆک و موحتەوایەکی هزری، فۆندامێنتالیسم تەنیا دەرکەوتە و نموودیکی کردەیی و ڕواڵەتی هەیە، ئەویش تێکقرماندنی گشتی، ڕووخاندنی لە ڕیشە و ئەساس را و لەناو بردنی دەرکەوتەیەکی ڕواڵەتی لەبنەڕەت‌را بەبێ لەبەرچاو گرتن و جیاوازی دانان لەنێوان لایەنە پۆەزتیڤ و نێگەتیڤەکان، ڕەوتیکی کە هەمیشە ناچاری کردوین لە خاڵی سیفر را بەرەو سەد بڕوین و لەسەد ڕا بەرەو سیفر بگەڕێنەوە، چەرخەیەکی عەیب‌داری کلتووری کە لەناو کوردیشا سەری هەڵنداوە، بەڵکە بەرهەمی کلتوور و مێنتالیتەی ئۆرتۆدۆکسیە کە لەناو ئایدۆلۆژی لێنینیسم‌دا پەروەردە و بەهێز کراوە و وەک ڕەوتێکی شۆرشگێرانە دەرخواردی کۆمەڵگا و تاک دراوە. کۆمەڵگای کوردی بەشێوەیەکی فۆندامێنتال ڕووبەڕووی دەسەڵاتە حکوومێکان دەبێتەوە، بەشێوەیەکی فۆندامێنتاڵ لەگەڵ ڕەخنەگرانی ڕوبەڕوو دەبێتەوە و ڕەخنەگرانیشی بەشێوەیەکی فۆندامێنتاڵ ڕەخنە دەگرن، واتە هەم لەئاستی کردەوەدا و هەمیش لە ئاستی دژکردەوەدا فۆندامێنتالین.
ڕەخنەگران سێ ڕەخنە زۆر گەورە لە فۆندامێنتالیسم دەگرن، یەک لەوان: "دژەعەقڵانی" بوونە، بەجۆرێ کە لەسەر ئەو باوەرەن هیچ باوەڕ و ئیدعایەکی فۆندامێنتالەکان خاوەنی میسداق و نموونە نیە، دووهەمین ڕەخنەی گەورە کە لە فۆندامێنتالیسم دەگیرێت: " پلۆرالیزمی دوژمنایەتیە"، واتە فۆندامێنتالیسم ڕوانگەیەکی یەک دەست و گشتگیر نیە لەناو خۆشیان‌دا ڕوانگە و بۆچوونی جیاواز و دژ بەیەک هەیە و لەناو جەغزی فۆندامێنتالیسمیش‌دا دوژمنایەتێکان هێندی دوژمنایەتی لە دەرەوەی چەغزەکە بەهێزن. سێهەم ڕەخنەی گەورە کە لە فۆندامێنتالیسم دەگیرێت: "تەحەجور، دەمارگرژی و دژایەتی لەگەڵ عەقڵ خوازیە" واتە عەقڵییەت و ڕوانگەیەکی پۆزەتویستانەیان هەیە، بەجۆرێ کە فۆندامێنتالەکان پێ‌داگری لەسەر فۆرم و ڕواڵەتی کردەوەکان و دەرکەوتەکان دەکەن و ئەو ڕەوتەش وەک بەربەستێکی گەورە بەر بە فامی قوڵ، زانست و ناوەرۆک تەوەرەی دەرکەوتەکان دەگرێت و بەستێنێکی لەبار دەخوڵقێنێت بۆ هەڵە تێگەیشتن و لاڕێ بوون، بەجۆرێ کە ئەو ئاڵوگۆڕیانەی بەهۆی عەقڵییەتی فۆندامێنتال بەرهەم هاتون، هیچ کات ئاڵوگۆریکی لەخزمەت بەرژەونەدی تاک و کۆمەڵگا‌دا نەبوە. بە کورتی دەشێ بگوترێ کە فۆندامێنتالیسم بە عام دژایەتی لەگەڵ مرۆڤی ئازاد، عاقڵ و سەربەخۆی کردوە و دەکات.





۱۳۹۷ بهمن ۴, پنجشنبه

ئانتۆلۆژی شووناسی کوردی


شاهۆ حوسێنی
پێشەکی:
پیكهاتنی ئەو دەڤەرە(موحیتە) جوغرافیانەی  کە توانای سەرهەڵدانی جڤاک گەلی(کۆمەڵە) مرۆییان هەبێت، بێ گومان لەژێر کارتێکەری پێگەی(موقعییەت) جوغرافیایی‌دان ، واتە فرەجۆری دەڤەرەکان کە بە هۆی جیاوازی پێگەیی بەدی دێن، هۆکاری پێکهاتن و سەرهەڵدانی کلتوورەکان و کۆمەڵگا جیاوازەکانی مرۆیین، بە هۆی ئەوەکە مرۆڤەکان تێکۆشاون و تێ‌دەکۆشن کە هاوئاهەنگ لەگەڵ تایبەتمەندێکانی دەڤەری ژیانیان جڤاکی گونجاو بخوڵقێنن. بۆیەش هەر کۆمەڵگایەکی مرۆیی کلتوورێکی تایبەتی هەیە کە لەژێر کارتێکەری ڕەهەندەکانی تایبەتی دەڤەری ژیانیان دایە. بۆیەش بۆ فام و شرۆڤەی شووناسی مرۆڤەکان پێویستە جواروجۆری و فرەییەکانی دەڤەرەکانی جوغرافیایی بناسرێت و شرۆڤە بکرێت.
پێگەی جوغرافیایی کوردستان:
جوغرافیای کوردستان دەشێ بگوترێت کە جوغرافیایەکی نا هاوخشتە(نامتقارن)، بەشێکی بەرچاو لە جوغرافیای کوردستان لە ڕۆژهەڵات، باکوور و بەشیکی باشوور شاخاوی و بەرزاییە و بەشیکی کەمی لە باشوور و لە ڕۆژئاوا دەشتاییە، بەڵام شاخاوی بوونی کوردستان تایبەت مەندی هێژمۆن و غاڵبی جوغرافیای کوردستانە، ئەو تایبەت مەندیەش کارتێکەرێکی قوڵی لەسەر سیمای سرووشتی دەڤەری کوردستان، جۆری ژیان و کاری کۆمەڵگای کوردی هەبوە، لەڕاستی‌دا شاخاوی بوونی کوردستان بۆتە هۆی سەرهەڵدانی کۆمەڵگایی مرۆیی کۆچەر و دایم لەجوڵەدا کە بە هۆی ئاژەڵداری و بۆ دابین کردنی تفاق و گیای ئاژەڵەکان لە جموجۆڵ و کۆچەری دابوون، لەڕاستی‌دا کۆمەڵگای کوردی بەپێچەوانەی ئەو کۆمەڵگا مرۆییانە بوە کە لە پێ دەشتەکان پێک هاتوون و تایبەت مەندی گرینگیان نیشتەجێ بوون و کشت و کاڵ بوە، نیشتە جێ بوون و کشت و کاڵ چەند لێکەوتەی گرینگی لێکەوتۆتەوە، یەکەم پەرەی زانست بۆ موحاسبەی ئاو، کاتی ڕۆژانە بۆ ئیش و پشوودان، موعاملە و توجارەت، دووهەم پەرەی بوروکراسی بۆ مودیرییەت و وەک زەروورەتی کۆمەڵگای نیشتەجێ بۆ تەنزیمی ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگا، سێهەم هەستی  وابەستە بوون و دەروەست بوون بەو مەکۆ، دەڤەر و جێگایەی کە سابیت لێ دەژین، چوارەم پێکهاتنی کۆمەڵگای مرۆیی لە سەر ئەساسی چین و توێژ کە لەڕووی جۆری کار و ئیش سنوور بەندی دەکرا و پێنجەم پیکهاتنی ئەڕتەش و هێزی نیزامی دائیم بۆ بەرگری کردن لە شوێنی ژیان و ئەو نەزمە سابیتەی کە پێکیان هێنابوو. بەڵام کۆچەری بوون و ئاژەڵدار بوونی کۆمەڵگای کوردی هیچ کام لەو لێکەوتانەی لەگەڵدا نەبوو، کۆچەری بوونی کۆمەڵگای کورد هۆکارێکی سەرەکی بوو کە کورد هەستی وابەستە بوونی بە خاکی تیا بەدی نەیەت، ئاژەڵدار بوون و کۆچەر بوون گەورەترین ڕێگر بوو لە پەرەی زانست و خوێندن، هۆکارێکی گرینگ بوو بۆ مەفسەل بەندی مرۆڤەکان لەناو خێڵ و تایفەیەدا و گرینگی خوێن، بێ منەت بوونی کورد لە بوروکراسی و لە ئاکاما شاخاوی بوونی جوغرافیای کوردستان وەک هێزیکی بەرگرەوەی سرووشتی کە زۆر جار ئەوی لە هێرش و مەترسێکان دەپاراست، ئەوی بی منەت کردبوو لە بەدی هێنانی ئەڕتەشێکی مونەزەم و دائیمی و هەموو ئەوانەش کۆمەڵگای کوردی دوور خستبۆوە لە ڕکابەرێتی و کێشەی نیزامی، لە هاوکێشەکانی ئەو ناوچەیەیی کە کوردی تیا دەژیا، واتە کورد بوونێکی تەواو پەرواێزی بوو، هەر ئەوەش دیارە بەستێنی ڕەخساند کە بەرە بەرە جوغرافیای کورد بەرتەسک بێتەوە، کورد بکەوێتە ژێر رێکفی هێژمۆنی هێز و دەسەڵاتی زلهێزەکانی ناوچە و لە ئاکامیشا نە تەنیا هیچ گوتار و ئەندێشەیەکی کوردانە سەری هەڵنەدا کە کورد لە نێوان چوار کلتوور، هێز و ئایدەی جیاوازدا دابەش بوو.
بەڵام بەدەر لە هەموو ئەو مووسیبەتانەی کە بەسەر کوردا هاتوە، تاکی کورد بە هۆی ئەو شێوە لەژیانە و دەروەست نەبوون و وابەستە نەبوونی بە هێندێک دیاردە و دەرکەوتە کە تایبەتی ئەو کۆمەڵگا مرۆییانەیە کە نیشتەجێن، جۆرێک لە ئازادی و رەهایی سرووشتی لەناو تاک و کۆمەڵگای کوردی دا هەبوە، بۆیەش پێویستە کۆمەڵگای کوردی لە ئەگەری ڕچاو کردنی هەر ئایدە و دیسکۆرسێک ئەو تایبەت مەندیە لەبەر چاو بگرێت و حەول بدات تاک و کۆمەڵگای کوردی بەرەو ئازادی ڕێنوێن بێت، واتە ئەگەر بشێ دەست لەسەر تایبەت مەندێکی تاکی کوردی دابندرێت وەک تایبەت مەندێکی لۆکاڵی کە بەرهەمی پێگە و دەڤەر جوغرافیایی کوردستانە، ئەوا بێ گومان ئەو تایبەت مەندیە ئازادیە، بۆیەش پێوسیتە ئازادی تاک بپارێزرێت.


۱۳۹۷ بهمن ۱, دوشنبه

ئانتۆلۆژی کوردایەتی و کورد بوون

"لە پێوەندی سوژە-ئۆبژە ڕا بەرەو پێوەندی سوژە-سوژە 
"
شاهۆ حوسێنی

بەدرێژایی مێژوو دژ کردوەی جواروجۆر بەدژ دەسەڵاتی ناوەندی(ئەو دەسەڵاتە ناوەندیەی کە کۆرگێری سووژەی ناوەندە)، لە لایەن گەلان و یەک لەوان کورد و کۆر و کۆمەڵە ناڕازێکان لە عێراق و هەموو ئەو وڵاتانەی کوردیان تیا پارچە کراوە لەئارادا بوە بۆ گۆرینی فۆرماسیون و پێکهاتەی گوتاری ناوەند- پەراوێز. گوتاری ناوەند- پەراوێز ئەو گوتارە هێژمۆن و پاوانخوازانەیەی کە وزەی هزری و مەعیریفی بۆ ناوەند هەم وەک خاوەنی دەسەڵاتی رواڵەتی و هەم خاوەنی گوتاری زاڵ ڕەخساندوە بۆ پاکاوتە کردن، پاوان کردن و سڕینەوەی پەراوێز وەک ئەوی ترێکی بێگانە و لە ڕیشە بێگانە کردنی. ناوەند-پەراوێز لەراستی‌دا گوتارێکە کە لە دەوری دالی ناوەندی زۆرینە-کەمێنە داڕێژراوە، زۆرینە وەک ناوەند و دەقی بوون، دەسەڵات، هێژمۆنی و کەمینە وەک پەراوێزی بوون و دەسەڵات. ناوەند وەک سوبژەی تاقانە، خۆبنیادنەر و خۆو ئەوی تر پێناسەکەر و کەمینە وەک ئۆبژە، پیناسە کراو، داڕێژڕاوی سوبژە و ملکەچ، ئەگەر پارادایمی هێژمۆن و زاڵ لە بەشی هەرە زۆری دەسەڵاتەکانی عێراق‌دا لە سەردەمی پاشایەتی‌ڕا هەتا دەسەڵاتەکەی سەددام حوسێن گوتاری عێراقی بوە بەناوەندێتی عەرەب(عەرەب هەم بەمانای ئیتنیک و هەم بەمانای کلتوور، زمان و ئەندێشەی زاڵ)،  ئەوا لە سەردەمی ئێستا و لەعێراقی پەسا سەددام کە  شیعە وەک کلتوور،ئایین و ئایدۆلۆژی بەرهەم هاتووی سیاسی-ئایینی زاڵە، هەمیسان بە ناوەندێتی عەرەب کە لەودا ناوەند وەک سوژەیەکی هێژمۆن، خەریکە پەراوێز دادەبەزێنتە ئاستی ئۆبژەیەکی دەسکرد، واتە پێوەندی و فۆرماسیونێکی سوژە-ئۆبژەی کە پێشتر خوڵقاوە، خەریکە دووپات و بەردەوام دەکاتەوە، پەراویزیش بەردەوام و بەشێوە گەلی جواروجۆر خەریکی گۆرینی ئەو موعادلەیە بۆ مسۆگەر کردنی جیا سوژەیی، واتە ساز کردنی پێوەندی و فۆرماسیونی سوژە-سوژە. بەڵام لەهەمان فۆرماسیونی عەقڵی ناوەند-پەراوێز دا، ئەوە لەکاتێک دایە کە گوتاری ناوەند- پەراوێز و پێوەندی سوژە-ئۆبژە نەک لە پێوەندی نێوان نەتەوەکان، کە لەپێوەندی نێوان ئایدۆلۆژێکان، ئایینەکان، هزرەکان و .... هتددا رەوتێکی بەردەوامی مێژووییە و حەول بۆ گۆرینی ئەو پێوەندیەش هەر بەردەوام و مێژووئیە، بەجۆرێ کە هەر سوژەیەک ئەوی تر دادەبەزێنێتە ئاستی ئۆبژە و لەنەهایەتیش دا خۆی دادەبەزێندرێتە ئاستی ئۆبژە، واتە مێژووی سیاسی-کۆمەڵایەتی عێراق دەشێ بگوترێت کە مێژووی ئاڵوگۆری و بەردەوامی گەڕیانی سوژە-ئۆبژەیە.
ئەوەی ڕاستی بێت، ئەو بەستێنە کلتووریە و ئەو دەلاقە هزریە پێویستە بگوردرێت و کورد وەک نەتەوەیەک لە دەلاقەی کلتوور و بەستێنی هزری سوژە-سوژە ڕا نەک زۆرینە-کەمینە یان ناوەند-پەراوێزرا، جۆری پێناسەکان و پێوەندیکان لەناو تاک و کۆمەڵەگادا دابڕێژێتەوە، خاوەن ماف بوون وەک تاک و کۆمەڵگا و داڕشتنی جۆری پێوەندێکان، هیچ پێوەندێکی بە کەمینە و زۆرینە نیە، بەڵکە پێوەندی بە بوون و بەردەوامی بوون هەیە، دیارە لە ئاستی سیاسی‌دا بۆ پێکهێنانی دەسەڵاتێک، ڕەچاوی یاسای زۆرینە-کەمینە بەشێوەیەکی ڕێژەیی و کاتی دەکرێت، بەڵام  نەک وەک دەلاقە و کلتوورێکی بەردەوام بۆ پەراوێز خستن، سڕینەوە و تواندنەوە. بەو هۆکارەی کە باسی ماف، باسێکی کەیفیە نەک باسێکی کەممی، هەڵەیە لەدەلاقەی زۆرینە-کەمینەرا بە نەتەوەیەک بگوترێت کە بە هۆی کەمینە بوونی، کەمێ مافی خۆ دەرخستن، خۆ پێناسەکردن و کەمێ مافی سوژە بوونی هەیە. کورد بەهۆی بوون و بەردەوام بوونی، مافی سوژە بوون، خۆپێناسە کردن، خۆدەرخستن و خۆبنیادنانی هەیە و وەک هەموو بوونەکانی تر جیا لە ڕێژەی حەشیمەت و خاک، مافی دیاری کردنی چارەنووسی هەیە، مافی دیاری کردنی چارەنووس باسێکی ناوەرۆکی و کەیفیە، لەهیچ بڕیارنامەیەک دا نەهاتوە کە نەتەوەیەک بەڕێژەیەکی دیاری کراوی حەشیمەت مافی دیاری کردنی چارەنووسی هەیە، بەڵکە نەتەوەکان بە سیرفی بوون و بەردەوام بوونیان مافی چارەنووسیان هەیە.
لەماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا ئایین، چەپ و بڕێ ئایدۆلۆژی تر هەبوون کە لە کوردستان تەشەنەیان کردوە و کوردیان بەخزمەت گرتوە، ئەم ئایدۆلۆژیانە لە دەلاقەی بەرژەوەندی و مەعریفی خۆیانەوە کوردیان پیناسە کردوە، دایان ڕشتوە و بوونێکایان لێ بەرهەمێناوە کە بتوانێت خزمەت بە ئامانجەکانی ئەو ئایدۆلۆژیە بکات، واتە کورد بۆتە ئۆبژە و کەرەسەی ئەو ئایدۆلۆژیانە، بەڵام بەداخەوە هیچ کام لەو ئایدۆلۆژیانە هیچ خزمەتێکیان بە کورد وەک کورد، وەک بوونێکی خۆداڕێژراوی خۆپێناسەکەر نەکردوە و ئەساسەن نەتەنیا هیچ باوەڕیکان بە بوونێکی سوبژانە نەبوە کە هیچ مەجالێکیشیان بۆ دەرکەوتنی کورد وەک سوبژەیەک نەداوە، چ لە سەردەمی حکوومەتی پاشایەتی لە عێراق، چ لەسەردەمی دەسەڵاتی قاسمی کۆمۆنیست، چ لەسەردەمی دەسەڵاتی بەعسی فاشیست و بێ گومان لە سەردەمی دەسەڵاتی شیعەی پەسا سەددامیش هەر بەو شێوەیەبوە و دەبێت.
هەڵبەت ئەوە تەنیا ڕوویەکی کێشەی کورد نەک لەعێراق کە لەهەر چوارپارچەی کوردستان بوە، ڕوویەکی تری کە بەباوەری نووسەری ئەو دێڕانە دەتوانێ گرینگ‌تر و جێگای سرنج‌تر بێت ئەوەیە، کە تا ئەمرۆکە هیچ حەولێک بۆ داڕشتنی کوردایەتی و کورد بوون وەک گوتارێک لەخۆگری ئینتیما، تایبەتمەندێکان، بەها و نۆرمەکانی لۆکاڵی، بۆ بەرهەم هێنانی وێنایەکی هاوبەشی زەینی وەک ڕایەڵێکی هارمۆنی بەخش و لێک گرێدەرەوە کە لەو چوارچێوەیەدا هەموو هزر و ئایدەکانی ناو کۆمەڵگای کوردی، هەموو تاک و بوونەکانی ناو کۆمەڵگای کوردی بتوانن وەک جوگرافیایەکی هاوبەش تیا بژین و یەکتر بەفەرمی بناسن نەدراوە، دەشی ئاوا بگوترێت کە کوردایەتی و کورد بوونی ئێستاکەی کورد بوونێکی سەلبی و ڕواڵەتیە، سەلبی بەو مانایەی کە عەرەب، تورک و فارس نین و ڕواڵەتی بەو مانایەی کە ئاماژە دەکات بە ئاخافتن، بەرگ و لیباس و جوگرافیا، ئەوە لەحاڵێک دایە کە بۆ کورد بوون، کوردایەتی و یەکگرتوو بوون لەناو جەغزی ئینتما و شووناسیکی هاوبەش پێویستێکان زیاترن و پێویستیمان بە کەرەسەی زیاتر و بەستێنێکی بەرفراوانتری هزری و مەعریفی هەیە.

سەرچاوە: ڕۆژنامەی خەبات