۱۳۹۷ فروردین ۱۷, جمعه

پرۆتێستانیزمی سیاسی


شاهۆ حوسێنی

پرۆتێستانیزم بەرهەمی حەول‌وکۆششەکانی مارتین لوتێر وەک گەورە ڕێفۆرمخوازی ئایینی بوو کە یەکێک لە دژبەرانی گەورەی کلیسای کاتۆلیک بوو، کلیسای کاتۆلیک باڵی بەسەرهەموو ژیانی مرۆڤ و کۆمەڵگاد کێشا بوو وە پەرە پێدەری ئەوعەقڵییەتە بوو کە هەموو روانگە، کردەوە و دەرکەوتەیەکی ژیانی تاک و کۆمەڵگا دەبێت لە فیلتێری روانگەی کلیسا بگوزەرێت و ئەوە تەنیا کلیسایە کە دەتوانێ و مافی تەفسیر و شرۆڤەی دەقی ئایینی هەیە و هەموو کۆمەڵگا پێویستە گوێ لەمست و مل‌کەچی خوێندنەوە و جۆرێ بۆچوونی کلیسا بن، لووتێر ساڵی ۱٥۱۷ بە نووسینی ۹٥ تێز دژایەتی لەگەڵ ئەو ڕوانگەیەی کلیسا کرد و ڕایەگەیاند، مادام تاکی ئایینی کاتۆلیک دەتوانێ شرۆڤەی دەقی ئایینی بکات کە وابێ هەموو تاکێکی پێگەیشتوو و خوێندەوار دەتوانێ و ئیزنی هەیە سەربەخۆیانە و بەبێ پێویستی بە کلیسا دەقی ئایینی بخوێنێتەوە و شرۆڤەی بکات، بەو پێیە پێویستە مەجالی خوێندن و پێگەیشتنی هەموو تاکێک بڕەخسێت، گرینگترین دەرکەوتەی ئەو ڕوانگەیەی لوتێر ڕەخساندنی مەجال بۆ سەرهەڵدانی تاکی سەربەخۆ کەلێن کەوتنە ناو کلیسا و کومەڵگا بوو کە لە درێژەدا سکۆلاریسم جیاوازی دەسەڵات و ئایینی لێ کەوتەوە.
 
بێ گومان کۆمەڵگای کوردی پێویستی بە پرۆتێستانیزمی سیاسی هەیە، واتە پێویستە پاشەکشە بەو عەقڵییەتە بکرێت کە تاک و کۆمەڵگا بۆ خوێندنەوە و شرۆڤەی دۆخی سیاسی وخواست و ویستی سیاسی پێوویستە ملکەچ و گوێ ڕایەڵی روانگەی حیزبی بن، مادام تاکی حیزبی بۆی هەیە کە خوێندنەوە وشرۆڤەی دۆخی سیاسی بکات، هەموو تاکێکی کۆمەڵگا دەتوانێ و ئازادە شرۆڤەی دۆخی سیاسی بکات‌و خوێندنەوەی بخاتە روو بە شەرتێک بەستێن و بنەما هزرێکانی هەبێت و بەشێوەیەکی ڵۆژیکی و زانستی پێگەیشتبێت، ئەو ڕەوتە لە ئاکام دا تاک و کۆمەڵگای سەربەخۆی سیاسی بەرهەم دێنێت کە بەستێن و بنەمای سەرەکی ئازادی و سەروەری تاک و کۆمەڵگایە.

۱۳۹۷ فروردین ۱۵, چهارشنبه

"ڕەعییەتی و دەروێشی جەوهەری کلتووری تاک و کۆمەڵگا"

شاهۆ حوسێنی
مرۆڤ و کۆمەڵگا وەک بوون، پێیەکی لە ڕابردوو و مێژوو دایە و پێیەکیشی لە ئەمرۆ دایە، لەراستی‌دا ناوەرۆکی نۆرم و کلتوورە کۆمەڵایەتی و سیاسێکان بەشیوەیەکی بەربڵاو دەگوازرێنەوە و دەگەنە دەست مرۆڤ و کۆمەڵگای داهاتوو، بۆ وینە ئەگەر لەرۆژئاوای سەردەمی فێئۆدالیسم دەسەڵاتی سیاسی بەرهەم و پێک‌هاتووی ئیرادە و خواستی فیئۆدالەکان بوو، واتە لەخۆگری دوو تایبەت مەندی پلۆرالیزم لە پێکهاتە و سەربەخۆنەبوو بوو لەبەرامبەر فێئۆدالەکان‌دا، یان ئەگەر لە رۆژئاوا لەجیات تاک خودایی چەند خودایی باو بوو بەجۆرێ کە هەر دیاردەیەکی سرووشتی و کۆمەلایەتی خودایەکی تایبەت بەخۆی هەبوو کە لەبەراورد لەگەڵ خوداکانی تر بوون و پیگەیەکی هاوتەریبیان هەبوو، هەر ئەو پلۆرالیزمە لەسەردەمی مۆدێرن وەک ناوەرۆک و جەوهەری کلتووری گوازرایەوە ناو پێکهاتە و دەسەڵاتی سیاسی مۆدێڕن و ئەو دێمۆکراسیەیی لێکەوتەوە کە ئێستا بۆتە ئۆلگو و نموونە بۆ زۆربەی کۆمەڵگا و وڵاتان.
بەڵام ئاوڕێک لە پێکهاتەی کۆمەلایەتی و کلتووری کۆمەڵگای کوردی لە ڕابردوو دەرخەری ئەو ڕاستێیە کە کۆمەڵگای کوردی بە عام لەخۆگر و هەڵگری دوو کلتووری هاوتەریب بوە، یەکیان کلتووری ڕەعییەتی و ئەوی تریش کلتووری دەروێشی، سیستمی ئاغا و ڕەعییەتی کە ئاغا خاوەنی بوون و ڕوح و گیان و ماڵ و ژیانی ڕەعیەت بوو وە ڕەعییەتیش لەهەناو و زەینی‌دا بوونێکی لە دەرەوەی جەغزی ڕەعییەتی بۆخۆی نەدەتوانی تەسەوور بکات، کلتووری ڕەعییەتی وەک جەوهەر و ناوەرۆکی کلتووری لەناو دەروونی نابەئاگای تاک و کۆمەڵگادا نەهادینە کرد، لەلایەکی تر بوون و پەرەی بەربڵاوی شێخ و شیخایەتی و خانەقاکان بەدی هێنەر و پەرە پێ‌دەری کلتووری موراد و موریدی بوو، لە پیکهاتەی شێخ و دەروێشی‌دا شێخ موراد و خاوەنی ڕوح و ڕەوانی مورید یان دەروێش بوو، دروێش یان مورید وابەستەی ڕوحی و ئیمانی شێخ بوو وە ئەساسەن لە دەرەوەی ئەو جەغزە و سەربەخۆ لە موراد هیچ بوونێک و ئیرادەیەک بۆخۆی قائیل نەبوو، ئەو کلتوورە واتە کلتووری رەعییەتی و دەروێشی وەک جەوهەر و ناورۆک ڕیک گوازرایەوە ناو هەناو و زەینی تاک و کۆمەڵگا، هەڵبەت سیستمی سیاسی پاوانخواز ودیکتاتۆریش بەردەوام ئەو کلتوورەی پەرە پێ دەدا و سەرلەنوێ دەکردەوە و دەکاتەوە، چاو خشاندنێک بە لایەنگرانی حیزب و لایەنی سیاسی کوردی ئەو ڕاستێیەمان بۆ دەردەخات کە لایەنگران و ئەندامان بە هەمان جەوهەری کلتووری و عەقڵی هەڵسوکەوت دەکەن و لە دەلاقەی هەمان عەقڵانییەت‌را دەرواننە ئەوی تر و بەرامبەریان. بەداخەوە پەرە و بەردەوام بوونەوەی ئەو کلتوورە ڕێگرە لە سەرهەڵدان و پەرەی تاکی سەربەخۆ، تێگەیشتوو و پێگەیشتوو، ئەگەر کورد نەتوانێ عەقل و عەقلانییەتی دێکارتی کە پێک‌هێنەری تاک و کۆمەڵگای ڕەخنەگر، سەربەخۆ و بێ ئیمانە( لێرە ئیمان مەبەست دەروەست بوون بە ئایین و بێ ئیمان مەبەست دەروەست نەبوو بە ئایین نیە، بەڵکە عەقڵییەت و جۆری پێوەندی گرتن و هەڵسووکەوت کردنە، سیستم و مێتۆدی هەڵسووکەوت کردنی ئیماندارانە، چاو و گوێ لەمستانەیە و بێ ئیمانی مەبەست عەقلانی و ڕەخنەگرانە هەڵسووکەوت کردنە) بەرهەم بهێنێت، ئەوا کۆمەڵگا هیچ کات ئازادی و بوونێکی سەربەخۆ و رەها ئەزموون ناکات و پێی ناگات، عەقڵی دێکارتی عەقڵێکە کە تاک و کۆمەڵگا وەک سەغیر نابینێت کە پێویستی بەدەست گرتن و ڕێ‌بردنی هەبێت، بەڵکە تاک و مرۆڤ ئەو جۆرە پێناسە دەکات کە توانایی ناسین و دۆزینەوە ڕاستێکانی هەیە، عەقڵی دێکارتی تاک و مرۆڤی سووژە کە لە عەقی نەریتی و ئایینی‌دا ( ڕەعییەتی و دەروێشی‌) دابەزیبوە ئاستی ئۆبژە، دەگەڕێنێتە ئەو ئاست و پێگەیەی کە وەک سووژە دەربکەوێت، بەجۆرێک کە هەموو جیهان ئۆبژەی ئەو تاک و مرۆڤەیە و هەموو شتێک ئەو پێناسەی دەکات.
 ئەگەر مەبەست لە خەباتی کوردی ئازادی و سەربەخۆیی بێت، بەهۆی ئەوەکە لە غیابی عەقڵی دێکارتی تاک و کۆمەڵگا  لە جەغزێکی ڕەعییەتی و دەروێشەی را دەگوازرێتەوە جەغزیکی تر بەڵام بەهەمان شیوەی ڕەعییەتی و دەروێشی، ئەوە تەنیا جێ گۆڕکێی پێکهاتە و فۆرمی پێ دەکرێت‌و بەم شیوەیە هیچ کات تاک و کۆمەڵگای خاوەن زەین و جەوهەری سەربەخۆ پێک‌نایەت، بێ گومان یەکەم هەنگاو بۆ ئازادی و سەربەخۆیی سیاسی، ڕەخساندنی بەستێن بۆ پیکهاتن و پەرەی زەینی و مەعریفی تاک و کۆمەڵگای سەربەخۆ لە هەڵوێست گرتن، کردوە و روانگە دایە، ئینجا ئازادی و سەربەخۆیی سیاسی بەرهەم دێت، زەین و هزری تاک و کۆمەلگایەکی کە فۆرم دەدرێت بۆ چاو لەمستی، گوێ لەمستی، مل کەچی و بی ئیرادە بوون لە بەرامبەر حیزب و لایەنی سیاسی کوردی دا، ناتوانێ ببێتە بنەما و بنچینەی کۆمەڵگایەکی ئازاد و سەربەخۆ، چوونکە ئازادی و سەربەخۆیی سیاسی لە کاناڵ و هەناوی ئازادی و سەربەخۆیی هزری، مەعریفی و کردەوەیی تاک و کۆمەڵگادا دەگوزرێت.


۱۳۹۶ اسفند ۲۲, سه‌شنبه

زمان و پێکهاتەی نەتەوەیی


پێشەکی

شوناس چوارچێوەیەکی چەمکییە  خودی تاک خۆی و ئەزموونەکانی خۆی ڕاڤه‌  دەکاتەوە وهەم دووباره‌ ڕاڤه‌ دەکرێتەوە،  دەشێ شوناس وەک وڵامی ئەو پرسیارە فام بکرێت: تاک وەک خۆیەکی سەربەخۆ یان وەک ئەوێکی تر دەتوانی کێ بێت؟

شاهۆ حوسێنی

شوناس لە مانای پسیکۆلۆژیکیدا وڵامی پرسیار لە هەل ومەرج دەداتەوە، ئەو هەلومەرجەی کە لە دەورەیەکی ژیان یان لەدۆخێکی دوولایەنەی بەرابەردا بواری تێگەیشتن لەخۆو لەوێکی‌تر دەڕهەخسێنێت (هاوئاهەنگی دەروونی لەگەڵ بوونی ئاڵوگۆری لەدەرەوەی مرۆڤ). دەشێت‌بگوترێت کەشوناس جگەلەوە ، کە بەرهەمی خودێکی سەربەخۆیە لەهەمان کات‌دا شوناس ساخت و سازێکی کۆمەڵایەتیە، کە تاک وەک خود یان وەک (ئەوێکی تر) لەناو ڕایەڵیکی گرنگدا فام دەکرێت. شوناس وەک بابەتێکی مرۆیی لە هەڕەتی گەشە و ڕسکانی مرۆڤە لەناو کۆمەڵگەدا بەدیدێت. کەواتە دەشێ بگوترێت کە؛ شوناس بابەتێکی مرۆیی وکۆمەڵایەتییە کەهیچ پێوەندێکی بە ڕه‌گەز، ڕەنگ و زمان نییە.

پرسیار لە شوناس لەگەڵ ئەوەدا لایەن‌گەلێکی بەربڵاوی هەیە بەڵام لایەنیکی کولتوری- تایبەتیشی هەیە، کە هەموو کات دەڕوا هەتا گونجاویەک لەنێوان زەین ” دەروون”وکۆمەڵگه‌ ” دەرەوە” سازبکات، واتە سازکردنی پێگەیەکی کۆمەڵایەتی بۆ تاک وەک (خودێکی خود تەفسیركراو) . بەڵام خودیکی بەرهەمهاتوو لەناو کۆمەڵگه‌ نەک خودیکی ڕەها و دابڕاولە کۆمەڵگا.

 گرنگی باسکردن لە ساخت و سازی شوناسی تاک،  ئاماژەیەکە بە پیداویستیکی بنەڕەتی تاک، ئەویش بەفەرمی ناسینە، بەفەرمی ناسین لەلایەن ئەوانی تر و پێوەندی و لیکگرێدانەوە لەگەڵ ئەوان. بەوپێیە شوناس زایەڵەی خودێکی گرێدراوە لە نێوان جیهانی دەروون و جیهانی دەرەوەیە.[Erikson, E.H]

شوناسی نەتەوەیی

لەتەنیشت بوونی شوناسی تاک، مرۆڤ بە هۆی بوون لەناو کۆمەڵگەدا هەڵگری شوناسێکی کۆمەڵایەتیشە، کە بەرهەمی لێکتێگەیشتن و قەبوڵکردنی خودەکانە، کە وەک شوناسی کۆمەڵایەتی پێناسە دەکرێته. ڕەهەندی سیاسی ئەو شوناسە وەک شوناسی نەتەوەیی پێناسە دەکرێت. شوناسی نەتەوەیی وەک شوناسی‌کەسی‌کە لە( گێرانەوەیەکی خود) پێكدێت، لە گێڕانەوەیەکی هاوبەشی خودەکان ساز دەبێت، هاوکات لەگەڵ ئەو گێرانەوەیە، ئه‌و حیكایه‌ته‌یه‌  كه‌ کەسایەتیەک بەرهەم دێت کە درێژەدەر و تەواوکەری کەسایەتی بەرهەمهاتووه‌ ، دەشێ بگوترێت کە بنەما و بنچینەی بەدیهاتنی شوناسی نەتەوەیی لێکتێگەیشتنی شوناسەکانە وەک تاک و بەفەرمی ناسینی یەکترە.  بێگومان ئەگەر شوناسی نەتەوەیی بەرهەمی لێک تێگەیشتن و فامی هاوبەش لە (خودێکی گشتی) لەلایەن تاکەکانەوە بێت، ئەوا بەردەوام و مسۆگەر دەبێت. بەڵام ئەگەر ئەو خودە گشتیە بە جەبر و گوشار و هێز هه‌وڵی بەدیهێنانی بدرێت، ئەوا تووشی قەیران دەبێت.



شوناسی نەتەوەیی پێناسەی کۆی گشتی باوەرگەلێکی هاوشێوە، کردەوەگەلێک و ئاکامەکانی هەستیاری پێوەندی نێوان تاک و کۆمەڵگایەکی یەکگرتووە. بەباوەڕی (بندیکت ئەندێرسۆن) ئەوان هەڵسوکەوت دەکەن لەناو وڵاتێكدا‌ کە وەک کۆمەڵگه‌یەکی خەیاڵی ناسێندراوە، چوونکە یەکگرتن لە وەها کۆمەڵگەیەک‌دا نەتەنیا ئەزموون و بەرهەمی ناسیاوبوونی تاکەکان بەڵکە بەرهەمی دابڕاوی لە دۆخ و شوێنی تاکەکانە، کە دەبێتە هۆی لێک کۆبوونەوەیان.  واتە دابڕاوی لە دۆخ، کەس و شوێنێک یان کۆمەڵگه‌یەکه‌وە کۆکردنەوەیان لە دۆخ، کەس‌و شوێن وەک کۆمەڵگه‌یەکی تر.

 بەپێچەوانەی بەشێکی‌زۆر لەتوێژەرانی ئەنترناسیونال، کە هێرشیان‌دەکردە سەر ناسیونالیسم‌ و قامکیان‌لەسەر تایبەتمەندیە دزێوەکانی ناسیونالیسم دادەنا و پێداگریان لەسەر تایبەتمەندیە ڕاسیستیەکانی ناسیونالیسم ده‌كرد،  کە سەرچاوەی ترس و دڵەراوکێ بوون. ئه‌وا  ئەندێرسۆن لەو باوەڕەیه‌دا  بوو کە نەتەوە سەرچاوەی ئەشق و گیان بەختکردنە. ئەندێرسۆن بەپێچەوانەی کۆنینە باوەڕانی  کە لەسەر ئەو باوەڕە بوون، نەتەوە دەرکەوتەیەکی ئەزەلی و زاتیە، کە وەک میرات بە تاکەکان دەگات و بۆپێناسەکردنی نەتەوە و پۆزته‌ڤیستانە پێداگریان دەکرد لەسەردەرکەوتە ئۆبژێکتیڤەکانی وەک؛  زمان، ئایین، کولتور و جوگرافیایەکی هاوبەش،  لە باوەڕەدا  بوو،  کە نەتەوە کەرەستەیەکی دەستکردە و جگە لەهەستی هاوسۆزی و پێوەندی نێوان تاکەکان شتێکی تر نییە، واتە نەتەوە جگە لە خەیاڵی کۆمەلگایەک لەناو زەین و هەناوی مرۆڤ‌دا شتێکی تر نییە. لەڕاستیدا‌  (خەیاڵی نەتەوە)وەک رایەڵێک بۆ لێک گرێدانی فاکتەرەکانی نێو کۆمەڵگه‌  وەک ناوەندی پێوەندی هاوبەش بۆ پێناسە کردنی کردەوەکانی گشتی کۆمەڵگا ئەرک دەنوێنێت. لەو پێوەندیەدا دەکرێت شوناسی نەتەوەیی وەک هۆشیاری و هەستی پێوەندی لەناو کۆمەڵگه‌یەک بناسێندرێت،  کە وەک پێشەکییەک بۆ بەدیهاتنی نەتەوە سەرهەڵدەدا.[Schweiger, Viktoria]

گرنگی شوێندانانی شوناسی نەتەوەیی کاتێک دەردەکەوێ، کە نكوڵی گشتی لەسەر بنەما و بنجینه‌ی هه‌ندێک تایبەتمەندی وێكچوو لەگەڵ تاقمێک، دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی جیاوازی و لێکدابڕان لەگەڵ تاقمێکی تر!  شوناسی نەتەوەیی دۆخێکی  وەهادا دەبێتە هۆی ئەوەکە شوناسی گشتی وەک بەشێکی تایبەت لە شوناسی نەتەوەیی، نەتەنیا  ببێتەهۆی سنووربەندی و لێکجیابوونەوە  و به‌ڵكو  ببێتە هۆی لێکگرێدانەوە لەگەڵ گرووپەکانی تر.  واتە ئەگەر (شوناسی گشتی) وەک بەشیک لە (شوناسی نەتەوەیی) بەهۆی جیاوازی تاکەکان لەگەڵ یەکتر ببێتە هۆی دابڕان لە تاقم و کۆمەڵگه‌ و گروپگەلێک، لەهەمان کاتیشدا دەبێتە هۆی پێکهاتن، ڕێککەوتن و یەکگرتن لەگەڵ تاقم، کۆمەڵگا و گروپگەلێکی تر.



له‌ پێوەندیەکی‌ وه‌هادا شوناسی‌نەتەوەیی کارتێکردنێکی بێ‌وێنەی‌هەیەو دەتوانێت ئاسەوارگەلێکی‌هاوشێوەی وەکلایەنگرانی یانەیەکی تۆپی پێ یان ئایدۆلۆژێکی سیاسی هەبێت. بەوحاڵەشەوە هەستیاریی و هه‌ستی بوونی شوناسە گشتیه‌کان و یەک لەوان، شوناسی نەتەوەیی هەر بەو جۆرەی کە دەشێت لەسەر تایبەتمەندێکانی جیاوازی نەتەوە لەبەرامبەر گرووپە ڕێکخراوە تایبەتەکانی دیكه‌ پێداگری بکرێت  و بکرێتە بیانووی ئامانج گەلێکی سیاسی. له‌هه‌مانكاتیشدا  دەکرێت ببێتە هۆی (بەفەرمی ناسینی شوناس و نەتەوە) لە ناو گوتاری ناسیونالیسمدا، به‌مانای  دەتوانێت هۆکارێک بێت تاوه‌كو ئه‌و كاته‌ی  تاکەکان خۆیان جگە لە شوناس گەلێکی نەتەوەیی‌،  لەگەڵ شوناس گەلێکی فرەنەتەوە یان  فۆرم گەلێکی جیاوازی شوناسی کولتوری رێکبخەن.[Bernhard Giesen] بۆ وێنە دەکرێ بە په‌یوەندی گەلێکی دێرینی  فەڕانساوی – ئەلجەزاییری یاوه‌كو  ئاڵمانی – ئەمریکی و  ئاماژە بکرێت.

 ناسیونالیزم  بەمەبەستی دیاری کردنی ئامانج گەلێکی سیاسی جیاواز، دەتوانێرێت بکرێتە دەلاقەی دەرخستن و بەعەینیکردنی شوناس گەلێکی نەتەوەیی جیاواز.  واتە ئامانجگەلێکی سیاسی  لە دەلاقەی ناسیونالیزمەوە شوناس گەلێکی نەتەوەیی جیاواز دەربخەن. ڕەنگه‌ وەک دەوڵه‌تێکی مسۆگەر  ده‌ركه‌وێت، کە زۆرجار هاوڕێیە لەگەڵ فۆرمێکی بەهێز لە جیاوازی نێوان گروپ و ڕیکخراوەکان.  لە زۆرکاتیشدا لەگەڵ بوونی شێوەیەکی بەهێزی سنووربەندی لەنێوان ڕیکخراوە جیاوازەکاند ده‌رده‌كه‌وێت. بەڵام گروپ ورێکخراوە جیاوازەکان لەگەڵ یەکتر شان بەشان دەڕۆن بەرەو ئامانجێکی گشتی هاوبەش،  بۆ وێنە دەکرێ ئاماژە بە شەرعییەتدان بە شەڕێک یان سیاسەتێکی دەرەوەی بەهێز ،لەلایەن هەموو گرووپە جیاوازەکانەوە بکرێت. ەرچەند پێوەندی نێوان شوناسەکانی نەتەوەیی و دەرکەوتەکانی سیاسی_ ئادیدۆلۆژیکی ناسیونالیست زۆرجار ئاسۆیەکی روونیشی نییە..[Pierre Nora]



ڕۆڵی  زمان(زمانی دایکی) لە پێکهاتن و پەرەپێدانی  شوناسی نەتەوەیی

بێگومان زمان ناوەندی سەرکەوتنی  بنەڕەتی کولتور و کەرەسەی سەرەکی فام و تێگەیشتن لە کرداری مرۆڤەکانە، بە هۆی زمانەوەیه‌، له‌ڕێگه‌ی زمانه‌وه‌ دەکرێت بزانین کە مرۆڤەکان چۆن دەڕواننە ڕووداوەکانی دەوروبەر و ژیانی چۆن شرۆڤە دەکەن، هەر بۆیەش  له‌بنه‌ڕتدا بۆ تیگەیشتن و فامکردنی کولتور و ڕوانگەکانی مرۆڤ، زمانی ئەو کۆمەڵگه‌یە شرۆڤە دەکەن.  بە واتایەکی تر بە شرۆڤە و لێکۆڵینەوە لە زمانی هەر کۆمەڵگه‌یەک دەکرێت، زانیاری  لەمه‌ڕ  کولتور و  هزر و  گوتارەکان و پێکهاتە ماناییەکانی ناو ئەو کۆمەڵگایە کۆ بکرێتەوە.

زمانناسان لەسەر ئەو باوەرەن، کە بەهۆی ئەوە کە هەر کۆمەڵگه‌یەک بە زمانیکی تایبەت دەدوێت، ئاساییە کە فام و دەرکی ئه‌وان،  له‌‌ جیهانی دەرەوە جیاوازتر بێت   ڤیتگنشتاین دەڵێت ” سنووری زمانی من سنووری جیهانی منە” ئەو بەو ڕستەیە ئاماژەدکات بە په‌یوەندی نزیکی زمان و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، واتە ئاماژە دەکات بە جیاوازی زمان نەتەنیا لە ئاستی وشە و نه‌ریتدا،  به‌ڵكو  ئاماژەدکات بە پێکهاتەی جیاوازی فیکر و هزری مرۆڤەکان، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ جیاوازی زمانیان له‌نێوانیاندا هه‌یه‌،  هەر بۆیە  پێویسته‌ بۆ ناسینی جیهان بینی و هزری هەر کۆمەڵگه‌یەک زمانی ئەو کۆمەڵگه‌یە شرۆڤە بکرێت.[Taylor, Charles]

دوسۆسۆر  لەسەر ئەو بڕوایەیه‌، کەزمان کۆگشتیەکه‌ لە نیشانەکانه‌، گەیەنەری مانا و فیکرە،. كلۆد لیڤی شترواس لەو باوەڕەیەدایه‌ کە زمان گرنگترین دەرکەوتەی کولتوری هەر کۆمەڵگه‌یەکە. زمان بە هۆی پەرەپێدانی  سوستێمه‌وه‌،   پێکهاتەی مانایی، و مامه‌ڵه‌ی  کۆمەڵایەتی پەرە پێده‌دات و مسۆگەری دەکات، واتە زمان جگە لەوەی، کە بنیادنەری نۆرم، بەها و کولتوری هاوبەشی کۆمەڵایەتیە، کە بەربڵاوترین کەرەسەی پێوەندی و سەرکەوتووترین توخمی هاوبەشی شوناسی کۆمەڵگه‌یە. به‌جۆرێك  کە بەدەر لە شوێن و كات دەتوانێت ببێتە پردی ڕاگواستنی باوەڕگەلێکی هاوبەش، نۆرم و بەها کۆمەڵایەتیه‌کان لەبەرەیەک بۆ بەرەیەکی تر. [6]

هەر بەو پێیە زمان و شوناس دووبەشی لێکدانەبڕاوی پێکهێنەری ژێرخانەکانی کۆمەڵگه‌ی مرۆیین . زانایانی زمان لەو باوەڕه‌دان کە زمان ڕۆڵ  نەخشێکی گرنگی هەیە لە پێکهێنان و پەرەی شوناسدا،. شۆهامی لەو باوەڕەدایه‌ کە زمان  تەنیا کەرەسەی پێوەندیگرتنی نێوان مرۆڤەکانە، کە کەرەسەی پێکهێنانی شوناسە. [Shohamy، E]

ئەگەر قەبوڵ بکەین کە شوناس بریتیە لە مانا، نۆرم، خەیاڵ و بەها هاوبەشەکانی مرۆڤ کە ناسێنەر و دەرخەری چیبوونی مرۆڤە، ئەوا زمان کەرەسەی دەرخەر و به‌رجه‌سته‌ گەیاندنی ئەو شوناسەیە.





ده‌رئه‌نجام

 شوناسی نەتەوەیی ڕەوتی بە هاوبه‌شکردنی شوناسی تاکەکانە لەناو چوارچیوەیەکی گەورەتر لە جیهانی زەینی و پێکهاتەیی تاکدا، کە ئەویش کۆمەڵگه‌یە. به‌مانای  شوناسی نەتەوەیی ڕەوتی بەهاوبەش کردنی ئه‌قڵیه‌ته‌كان، خوێندنەوەکان و  پێکهاتە ماناییەکانی نێوان تاکەکانە لە كایه‌كی  گەورەتر لە تاک، کە کۆمەڵگه‌یه‌.

ئەو  هاوبەشکردنە بەهۆی په‌یوەندی گرتنی مرۆڤەکانەوە ده‌ڕه‌خسێت  و لە  ونبوونی  په‌یوەندیگرتندا  هیچ کات پێک نایەت.  تەنیا کەرەسەی پێوەندیگرتن و به‌هاوبەش کردنی شوناسی تاکەکان‌  لەناو بازنەی کۆمەڵگه‌دا زمانە.  واتە زمان ئەو ڕایەڵ و تانوپۆیه‌‌یە، کەدەبێتە هۆی لێکگرێدانەوەی تانوپۆی  شوناسەکان، جیهانە ماناییەکان، نۆرمەکان و بەهاکان و ئەمەش دەبێتە هۆی پێکهاتن و بونیادنانی شوناسی نەتەوەیی.

بەواتایەکی تر، زمان شوناسی تاکەکان كه‌ بریتین لە ئەزموون و هزر،  ڕوانگەکانی تاک دەگوێزینەوە بۆ ناو کۆمەڵگه‌. ئەو زمانە هاوبەشەش  دەبێتە هۆکار بۆ سازبوونی خوێندنەوەیەکی هاوبەشی؛ ڕووداوەکان، مێژوو و خودی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی.دەتوانین بڵیین؛ کە زمان بە هۆی توانای خوڵقاندن و ڕاگواستنی نیزامی مانایی  تێگه‌یشتن  لەنێوان تاکەکان  بیناده‌كات، بێگومان  وەک کاناڵێکی گرنگ و سەرەکی ڕاگوازتنی شوناس. بێرگێر و لۆکمان لەو باوەڕەدان، کە زمان بە هۆی توانای بڕینی كات و شوێنه‌كاندا دەتوانێت ئەمڕۆ و ئێستاكێ  و مێژووی مرۆڤەکان لێک گرێبداتەوە، ده‌توانێت  ڕابوردوو، ئەمڕۆ و داهاتووی مرۆڤەکان لەناو جوغری گشتێکی هاوبەشدا کۆبکاتەوە،  ببێتە هۆکاری پێکهاتنی شوناسی نەتەوەیی.





 سه‌رچاوه‌ و په‌راوێزه‌كان 

[1] _ Erikson, E.H. (1966). Identität und Lebenszyklus. Frankfurt: Suhrkamp.

[2] -Schweiger, Viktoria, Nation“ und „Nationalismus“ in der Theorie gemäß Benedict Anderson und Abigail Green sowie die praktische Anwendung auf den Hermannsmythos im Deutschland des 19. Jahrhundert.

[3] – Bernhard Giesen, Robert Seyfert, Kollektive Identität

[4]– Pierre Nora: Zwischen Geschichte und Gedächtnis: Die Gedächtnisorte .Berlin 1990

[5] _ Taylor, Charles 2001: Die Formen des Religiösen in der Gegenwart. Suhrkamp, Frankfurt a.M

[6]_ http://www.ssoar.info/ssoar/bitstream/handle/document/2442/ssoar-journpsycho-1995-41995_11996-brockmeier_et_al-saussure.pdf?sequence=1

[7] _ Shohamy، E. (2006). Language policy: Hidden agendas and approaches. New York: Routledge.








۱۳۹۶ اسفند ۸, سه‌شنبه

زیندوو بوونەوەی دووجەمسەری سوونە و شیعە لەکایەی سیاسی رۆژهەلاتی ناوین‌دا

شاهۆ حوسێنی
سەدەی شازدە تا نۆزدەی زایینی رۆژهەڵاتی ناوین مەیدانی کێشە و کێبڕکێی دوو کلتوور و ئایدۆلۆژی ئایینی(سووننی و شیعە) بوو، ئیمپڕاتووری عووسمانی کە بەشی هەرەزۆری رۆژهەڵاتی ناوین و میسری لەخۆدەگرت، نوێنەری کلتوور و ئایدۆلۆژی سووننەو ئێمپڕاتووری سەفەوی بەناوەندێتی ئێران کە بەشی رۆژهەڵاتی رۆژهەڵاتی ناوین‌، قەوقاز و ئەرمەنستانی لەخۆدەگرت نوێنەری کلتورو ئایدۆلۆژی شیعە بوو. لەو ناودەا کوردستان هەم لەرووی جوغرافیایەوە و هەم لەرووی سیاسێوە دابەش ببوو بە دوو بەش بەشێک سەر بە دەسەڵاتی عووسمانی سووننە و بەشێک سەر بە دەسەڵاتی ئێرانی شیعە، بەهەمان شێوەش هێزی سیاسی کوردی بەسەر دووبەرەدا دابەش ببوو، کوردانی رۆژهەڵات وەک‌پشتیوان بۆتێکدانی‌هاوسەنگی‌هێزو کەم‌کردنەوەی گووشارەکانی دەسەڵاتی‌ئێران روویان لەدەرباری عووسمانی‌کردو بەشێکیش وەک لایەنگری بەرەی سووننە بەدژ بەرەی کوفر کەرووسیای ئەودەم بوو، پشتیوانیان لەعووسمانی دەکرد، لەهەمان کاتیش دا کوردانی ژێر دەسەڵاتی عووسمانی زۆرجار وەک‌پشتیوان روویان لە دەرباری ئیمپراتووری سەفەوی دەکرد بۆ تێکدان‌و کەم کردنەوەی گووشار و هێژمۆنی دەسەڵاتی عووسمانی.
 سەدەی بیست دەست پێکی تێک قڕمانی پیاوە نەخۆشەکەی‌ئورووپا بوو وە لەجیات ئەو دەسەڵاتێکی لائییک دامەزرا کە بەشی هەرە زۆری ژێئۆپۆلەتیکی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوین و باشووری ئافریقا لەدەست دا، لە هەمان کاتیشا سەدەی نۆزدە بۆ ئێران دەست پێکی داڕمان و لەدەست دانی بەشێکی زۆر لە ژێئۆپۆلەتیکی خۆی هەر لە ئەفغانستانەوە بگرە هەتا دەگاتە قەوقاز و گورجستان و ئەرمنستان و لە نیوەی دووهەمی سەدەی بیستیش بە لەدەست دانی بەحرەین فۆرماسیونی ژێئۆپۆلەتیکی ئێران گەیشتە ئەو قۆناغە.
سەدەی بیست بۆ رۆژهەڵاتی ناوین سەدەی شکڵ گرتنی فۆرماسیونێکی تازە بوو، سایکس-پیکۆ هەم عووسمانی و هەم ئێرانی لە رۆژهەڵاتی ناوین لاواز کرد، ئەمجارە هەر دووک دەسەڵات روویان لە ناسیونالیسمێکی تۆخ کردبوو، بەڵام ئەمجارە نەتەنیا نەکەوتنە رووبەرووی یەک بەڵکە هەم تورکیا و هەم ئێران لێک نزیک بوونەوە کە دەرکەوتەکەی پەیمانی سەعدئاوا لە١٩٣٧ لەنێوان ئێران،بەغدا،ئەفغانستان و تورکیا بوو. لەپاش کۆتایی شەڕی دووهەمی جەهانی و دەست پێکی شەڕی ساردیش بوون بەبەشێک لە پلان و ستراتژی بەرەی پشتی پەردەی خەیزەران بەدژ بەرەی پشتی پەردەی ئاسنین. کە دەرکەوتەکەی بریارنامەی بەغدا لە ١٩٥٥و بریارنامە سێنتۆ لە ١٩٥٨بوو. بەڵام رووخانی دەسەڵاتی حەمەرەزاشاو هاتنە سەرکاری بناژۆخوازانی‌شیعە دۆخی ناوچەکەی تیکدا.
 رووخانی یەکێتی سووڤییەت و دەسەڵاتی سەددام حووسێن لەلایەک و سەرهەڵدانی رەوتێکی نۆێی ئایینی لە تورکیا بە ناوەندێتی حیزبی داد و گەشەو لەدرێژەدا بۆشایی دەسەڵات لە رۆژهەڵاتی ناوین گەیشتە ئەو قۆناغە کە رێک وەک سەدەی شازدە تا نۆزدە لە رۆژهەڵاتی ناوین دوانەی ئایدۆڵۆژیک-کلتووری شیعە و سووننە کەوتنە رووبەرووی یەک و بەهەمان‌شێوە رکابەرێتێکی دووجەمسەری سازبوو، تورکیا پاش یەک سەدە غەیبەت لە رۆژهەڵاتی ناوین گەرایەوەو ئێستاکە بۆتە بەشێک لە کێشەکان بەتایبەت بەبوونی ئاشکراو هێرشی ئاشکرای نیزامی لە ناو سووریادا و خەریکە بە نزیک بوونەوە لە عەرەبستان و بەجۆرێک پەرواێز خستنی میسر ببێتەوە مەرجەعی سیاسی بەرەی سوونە لە ناوچەکەدا.
کورد ئەگەر لەپاش سایکس-پیکۆ لە رووی جوغرافیایەوە چوارپارچە ببوو، دیارە لەرووی ستراتژی و سیاسێوە سێ پارچە بوو، پارچەیەک بەدژ دەسەڵاتی سەدامی ناسیونالیت و نوێنەری پان عەرەبیسم لە خەبات دابوو، پارچەیەک بەدژ کەمالیسم و نوێنەری پان تورکیسم لە کێشە دابوو و پارچەیەکی تریش بەدژ پان ئیرانیسم و دوایی پان شیعیسم.

لەپاش رووخانی دەسەڵاتی‌سەددام و داگیرکردنی کلتووری، سیاسی، ئایینی ئاشکرا و نیزامی نائاشکرای عێراق لەلایەن ئێرانەوەو سازبوونی قەیرانی سووریاو بەجۆرێکیش دەسەتی باڵای‌ئێران لەسووریا، بەستێنی کایەی‌سیاسی کورد لە رۆژهەڵاتی‌ناوین گۆرا، یەکێتی نیشتیمانی‌و پەکەکەو یەپەگە رەسمەن کەوتنە بەرەی ئایدۆلۆژیکی- کلتووری شێعە و پارتی دێمۆکرات و لایەنە ئیخوانێکانی هەرێم کەوتنە بەرەی ئایدۆلۆژیکی-کلتووری سووننە، دیارە لەو ناوەدا کوردانی رۆژهەڵات و ئۆپۆزیسیونی رۆژهەڵات لەهیچ کام لەو بەرە زاڵانەی‌حاکم و هێژمۆن بەسەر رۆژهەڵاتی‌ناوین‌دا بوونیان‌نیە و بەو پێیەش لەرەوتی ئاڵوگۆرێکانی رۆژهەڵاتی ناوین دا عەمەلەن غایبن. واتە رۆژهەڵاتی ناوێنیکی دووجەمسەری بە خاوەندارێتی سوونەو شیعە پێک‌هاتوە، کوردیش هەر بەوپێیە لەناو ئەو دووجەمسەرەدا دابەش بوون.

۱۳۹۶ بهمن ۲۳, دوشنبه

"لە ئێگۆوە بەرەو سووژە"

شاهۆ حوسێنی
غیابی ڕوانگەیەکی بەڕۆژ وسەردمیانە لەسووژە و دووپاتی روانگەیەکی کۆن و شووناس‌خوازانە لە سووژە لەناو کوردا بێ‌گومان قەیرانێکی جیدیە.
ڕوانگەی بزاڤی‌سیاسی‌کورد بۆسەر سووژەی‌کوردی ڕوانگەیەکی شووناس‌خوازانەیە، واتە سووژەی گرێ‌دەداتەوە وقەتیس دەکاتەوە لە جەغزێکی‌داخراودا، بۆوێنە بزاڤی‌ئایینی‌و بناژۆخوازی ئایینی‌، سووژەی‌کوردی دادەبەزێنێتە ئەو ئاستەی‌کە شووناسی‌ئەو بەپێوانەی شووناسی‌ئایینی دیاری دەکرێت‌و پێناسە دەکرێت.بزاڤی چەپی ئۆرتۆدۆکسی، شووناسی سووژەی‌کوردی بەشووناس‌و پێناسەی چینایەتی دیاری دەکات.بزاڤی ناسیونالیستی‌کوردیش، شووناسی‌کوردی بەشووناس‌و پێناسەی‌نەتەوەیی دیاری‌دەکات.
 
واتە کۆی‌گشتی بزاڤەکانی ناو کۆمەڵگای‌کوردی شووناسی‌تاکی‌کورد دەبەستنەوە بەشووناسێکی‌تایبەت، واتە تاکی کورد دادەبەزێننە ئاستی ئۆبژەی‌سووژەیەکی‌دەسکردی‌مرۆیی وەک ئایدۆلۆژی، جا چ‌ئایینی بێت، چ‌چەپی ئۆرتۆدۆکسی و چ‌ناسیونالیستی، ئەو مۆدێلە لەسووژەی شووناس‌خوازانە، سۆبژێکتویتە دادەبەزێنێتە ئاستی ئێگۆیەکی‌ئاگا.
 ئەگەر باوەڕمان بەوەهەیە کەسووژەی‌کوردی وەک ئێگۆ کێشەیەو سەرچاوەی‌قەیرانەو پێویستە لێی‌تێ پەڕ بین، ئەدی‌چی لەجیاتی دەتوانین دابنێن، لاکان دەپرسێت ئەگەر مرۆڤ مەحەکی هەمووشتێکە، ئەدی مەحکی‌مرۆڤ چیە؟ لاکان لەنێوان‌سووژەو ئێگۆ جیاوازی‌دادەنێت، ئەو پێی‌وایە کەئێگۆ تەنیا سیمای‌خواست، ئایدەو ئامانجەکانی مرۆڤە. ئاستێک‌کەمناڵ لەتەمەنی شەش‌تا هەژدەمانگی کاتێ لەئاوێنەدا خۆی‌دەبینێت، لە ئەزموونی فرەپارچەیی دەگوزەرێتو دەگاتە ئەزموونی یەکپارجەیی‌شووناس، لاکان‌دەڵێت کەئەو ئێگۆیە سیمای‌ڕاستەقینەی مرۆڤ‌نیە بەڵکە ئێگۆی ئەوی‌ترو بێگانە لەگەڵ‌مرۆڤە، واتە بوونێک بەرهەم‌دێت کە ئەوی‌ترە، ئەو ڕەوتە هیچ‌کات بەباوەڕی لاکان ناتوانێت کەتایبەت‌مەندی ناکۆکی‌و ناڕێکی‌مرۆڤ لەناو بەرێت‌و هیچ‌کات لەناوناچێت، لاکان ئەوڕەوتە بەبەرهەمی هێژمۆنی‌و دەسەڵاتی ئەو موحیت‌و کۆمەڵگایەدەزانێت کەمرۆڤ تیا لەدایک‌دەبێت‌و گەورە دەبێت، واتە لەناو کەسایەتی‌و مێنتالیتەی مرۆڤا دڕاێژراوەو مرۆڤ دووپاتیان دەکاتەوە.
 
تەفسیری‌سیاسی ئەو باسەی لاکان نیشان‌دەری هێژمۆنی‌و جێ پەنجەی‌دەسەڵاتە لەسەر بنەماکانی بەدی‌هاتنی سۆبژێکتویتە، واتەسووژە کاتێک‌دەتوانێت هەبێ‌و ببێت کەیاساکانی بەستێنی‌نمادین رەچاوبکات، واتە سووژە دەبێتە مەدلوولێک لەناو بازنەی‌دەسەڵاتی دال‌دا. ئەوە لەکاتێکدایە کەلەکۆمەڵگا مۆدێرنەکان پێوەندێکان پێچەوانەیە، واتە ئەوە تاکە وەک‌دال، هزرو ئایدەی‌مەدلوول بەرهەم‌دێنێت، واتە ئەوەمرۆڤەکانن وەک‌سووژە، خوڵقێنەری شووناسی حیزب‌و ئایدەسیاسی، کۆمەڵایەتی، کلتووری و ئابوورێکانن وەک‌مەدلوول، لەکاتێکدا لەکۆمەڵگای‌کوردیدا ئەوەحیزب‌و ئایدەکانن وەک‌دال کەحەولی خوڵقاندنی‌سووژەی دەدەن وەک‌مەدلوول. واتە لەناو ئەمەی‌کوردا تەنیا ئەوە ئێگۆیەکی‌ئاگایە بەرهەم‌دێت، کەئاگایانە ئەو شتەی‌کەبەرهەمیان هێناوە رەچاوی دەکات، ئیتر نەبۆتەسووژە چوون‌مەدلوولە، بەڵام لەکۆمەڵگا مۆدێرنەکان ئەوەمرۆڤە وەک‌دال خوڵقێنەری مەدلوولە، واتە لەئێگۆ تێ‌پەریوەو بۆتەسووژە.

۱۳۹۶ بهمن ۶, جمعه

پادنیشانەو پادهێما لە دوایین هێرشی ئەردۆغان بۆسەر کورد

شاهۆ حوسێنی

پێشەکی:
نیشانەناسی زانستی موتالا‌وخوێندنەوەی نیزامی نیشانەکانە(زمان، وشە، هێماکان و...)، رەوتێکی تەئویلی‌و کەرەسەیەکی شرۆڤەیی بۆ فام‌و تێگەیشتن لەراستی شاراوەوحەشاردارو لەپشت نیشانەکانە. لەبەستێنی زانستی سیاسی‌دا نیشانەناسی حەولی ناسینی شووناسی لکێندراوی‌‌دەرکەوتە سیاسێکان و پێوەندی ئەو دەرکەوتانە بەراستێوە دەدات. بەواتایەکی تر نیشانەناسی بەفۆکوس لەسەر کرداری نیشانەکان، باس لە بەرهەم‌هاتنی ماناوچۆنیەتی مانادارکردنی ژینگەی‌سیاسی مرۆڤەکان بەهۆی نیزامی نیشانەکان دەکات. بەباوەری ئەو پارادایمە دەرکەوتە سیاسێکان بێ‌گومان بەتەبیایی مانا نادەن، بەڵکە لەدەروونی رایەڵێک لەماناکان کە بەهۆی نیشانەکان بەرهەم دێن مانا پەیدا دەکەن.
بێ‌گومان جیهانی سەردەم جیهانی نیشانەکان و ژینگەی سیاسی سەردەم بە ژینگەی زانیاری-پێوەندی پێناسە دەکرێت، واتە جیهانی بەراگەیەنەر کراوە، لەروانگەی پارادایمی نیشانەناسی‌دا تایبەت‌مەندی چاخی سەردەم دەرک و فام کردنی ئەو بە هۆی نیشانەکانە، ئەو پارادایمە بەرهەم هێنی ئەو روانگەیەیە کە موتالا و شرۆڤەی نیشانەکان(زمان، وشە، هێماکان و ....) دەتوانێت یاریدەدەر بێت بۆ ناسینی دەوری دەلالەت و نیشانەکان لە بنیادنان و پێکهینانی رووداوە کۆمەڵایەتێکان و ئەمری سیاسی، لە هەمان کاتیش‌دا نیشانەناسی یارمەتیمان دەدات تا لەروانگەیەکی نوێ و تازەوە باس لە مانای دەرکەوتەکان و یەک لەوان دەرکەوتە‌سیاسیکان بکەین. واتە ئەو پارادایمە یارمەتیمان دەکات تا بەسەرچاوەی حەشاردراو لەپشت ئایدە کۆمەڵایەتی، کلتووری و سیاسێکان بگەین. بوردیار لەسەر ئەو باوەرەیە کە هێژمۆنی نیشانەو هێماکان لە جیهانی سەردەم تا ئەو رادەیەیە کە ئەساسەن واقەعییەتکانی مەحو کردۆتەوە، ئەو لەسەر ئەو باوەرەیە کە نیشانەکان رەنگدانەوەی واقعییەتێکی بنەرەتیە کە واقعییەتێکی تری رواڵەتی دایپۆشیوە و جەعلی کردوە.
"نیشانە ناسی هێرشی "لقی زەیتون"ی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوا"
 لە روانگەی نیشانەناسێوە، وشە هێماو نیشانەی رەوتێکی‌ئامانجدارە کە بەمەبەستی بەرهەم‌هێنانی بەرهەم‌گەلێکی مانایی وهزری لەناو حافزەی گشتی کۆمەڵگادا بۆ مەبەست یان مەبەست‌گەلێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئەدەبی و ئابووری کەڵکی لێ وەردەگیرێت.  دروشمی دوایین هێرشی ئەردۆغان بۆ سەر کورد لەژێر ناوی "لقی زەیتون" دەستی پێکرد، ئەوە لەکاتێکدایە کە زەیتون وەک دال هێما و نیشانەی مەدلوولی ئاشتی وئاشتەواییە.
ئەدی بۆچ ئەردۆغان لەو دەستەواژەیە کەڵکی وەرگرتوە؟ ئەردۆغان وەک میراتگری عەقڵییەتی بناژۆخواز و پاوانخوازی ئایینی بەردەوام لەلایە کوردەکانەوە بە هێنانە ئارای رەوت و کردەوەگەلی مەدەنیانە و ئاشتیانە تووشی چالش و قەیران بوە، کوردەکان بەردەوام مەدنیانە و ئاشتیانە حەولی پرۆبلماتیزە کردنی خواست و کێشەکانیان داوە بەڵام بەردەوام لەلایەن ئەردۆغانەوە سەرکووت کراون و ئەمەش هەزینەساز بووە بۆ ئەردۆغان چ لەناوخۆ و چ لەدەرەوە. ئەردۆغان ئەمجارە بەکەڵک وەرگرتن لەو دەستەواژەیە وەک نیشانە و سێمبۆل حەولی‌دا بەخوڵقاندنی پێرسپێکتیڤێکی نوێی مانایی، هێژمۆنی گوتاری و مانایی رەوتی ئاشتی خوازانەی کوردەکان تووشی ململانی‌بکات و جۆرێک کۆگشتی و مەشرووعییەت لە حافزەی کۆمەڵگای دەروە و ناوخۆ رێک بخات. ئەو کە بەردەوام لەلایەن گوتاری کوردەکانەوە تووشی قەیران و ململانی ببوو، ئەمجارە بە کەڵک وەرگرتن لەو دەستەواژەیە وەک نیشانە و هیما، رەوتێکی پادنیشانەیی‌و پادژگوتاری دەست پێکرد بۆ بەرەئەنگار بوونەوەی نیشانەیی‌و گوتاری لەگەڵ کوردەکان، چوون باش دەیزانی کە کوردەکان هەم لە بەستێنی رواڵەتی و هەم لەبەستێنی گوتاریدا رووبەروو بوونەوەیەکی چڕیان لەگەڵ گوتار و رواڵەتی دیکتاتۆرییەتی ئەردۆغان هەیە و گوتاری کلاسیک و نەرێتی ئەردۆغان هیچ کات نەیتوانیوە هێژمۆنی گوتاری کوردەکان بخاتە مەترسێوە، بۆیەش بۆ هێژمۆن کردنی گوتاری دەسەڵاتەکەی و لەناو بردنی هەرەشەی گوتاری کوردەکان، واتە پێکهێنانی دۆخێکی ئەمنی گوتاری ئەوجارە بەو درووشمەوە هاتەوە مەیدانی هێرش بۆسەر کوردەکان.

نامانجی ئەردۆغان بۆکەڵک وەرگرتن لە "لقی زەیتوون" وەک نیشانە و هێمایەک کە لەدەقەماناییەکان‌دا هێمای ئاشتەواییە بۆ هێرشە سەربازیکەی‌و خوێن‌رشتن، لەراستی‌دا سڕینەوەی قوبحی هێرشەکە و خوڵقاندنی مێنتالیت‌و بەستێنێکی ماناییە بۆ بەقەناعەت گەیاندنی دژبەرانی ناوخۆیی و دەرەکی و یەک‌دەست کردنی بیرورای گشتی ناوخۆی تورکیایە، واتە داگیرکردنی هەمووی تورکیا و دەستبەسەر هەموو ناوەندەکان و دەرگاکانی دەسەڵاتی ناوخۆ داگرتنە، لەهەمان کاتیش‌دا سڕینەوەی هێژمۆنی نیشانەکان و ئەو هێمایانەن کە کورد کەڵکی لەێ‌وردەگرێت، بە کورتی لەتەنیشت شەری ئایدەیی‌و نیزامی شەری نیشانەکان و هێماکانی دەست پێ کرد، ئەردۆغان حەول دەدات بەکەڵک وەرگرتن لەوجۆرە پادکردەوانە دەرک و فامێکی رێک و کۆک لەگەڵ ئامانجەکانی خۆی بەرهەم بهێنێت.

۱۳۹۶ دی ۲۵, دوشنبه

دۆخی هەموو بەدژ هەموان

شاهۆ حوسێنی
دۆخی سرووشتی تامس هابز بەرلەوەکە چەمکیکی مێژویی بێت، کەرەسەیەکی تەحلیلیە کە جێگەو پێگەی مرۆڤ لە ناو چاخ ودەورەیەکی‌زەمانی‌دا پێناسەدەکات، ئامانجی‌هابز لە بەکاربردنی ئەوچەمک ودەستەوەاژەیە دیاری‌کردن‌و وێناکردنی هەلوومەرجیکە کەلەودا گرینگی‌یاسا و پرەنسیپەکانی کردەوەیی‌و دەسەڵاتی‌سیاسی لەرێی تیشک‌خستنە سەر هەرەشەکانی غیابی کردەوەی چوارچێوەدارو دەسەڵاتێکی سەقام گرتوو دەخاتە روو.
چەمکی دۆخی‌سرووشتی هابز بە واتایەکی‌تر پارادایمیکی مێژویی نیە، بەلکە شرۆڤەیەکی لۆژیکیە، هابز ئەوچەمکە لە دوو مانادا بەکاردەبات. یەکەم ئاماژەیەکی‌گشتیە بۆغیابی هەرجۆرە کۆمەلگایەکی مسۆگەری ئینسانی، دووهەم کە تایبەتی ترە، ئاماژە بەغیابی کۆمەلگای‌مەدەنی، حاکمییەتێکی‌هزری، ئەخالقی‌و سیاسی‌دەکات، واتەغیابی‌دەسەڵاتێکی مەشرووعی هزری، ئەخلاقی، کردەوەیی‌و سیاسی کە هەموو وەک مەرجەع هەڵیان بژاردبێت وگوێ رایەڵی دەستووراتی بن. لەوەها دۆخێک‌دا بەهۆی غیابی مەرجەعییەتیکی لۆژیکی، ئەخلاقی، دەرووست بوون بە خردێکی گشتی وکۆمەڵایەتی، هەموو مەجازن‌و ئەو ئیزنەیان‌هەیە هێرش بکەنەسەر ئەوی‌تر بۆپاراستنی خۆ، هابز لەسەر ئەوباوەرەیە کە ئەو دۆخە ئەگەرچی سرووشتیە بەڵام بەهیچ شیوەیەک عەقڵانی‌نییە، چوونکە مرۆڤ بەحووکمی‌عەقڵ کۆمەڵگا سازدەکات، واتە کۆمەلگا بەرساختەیەکی‌عەقڵانییە، سازکردنی کۆمەڵگا لەلایەن مرۆڤەکانەوە کۆتایی دێنێت بە دۆخی سرووشتی و دژایەتی نێوان عەقڵ‌و سرووشت کۆتایی پێ دێنێت.
بێ‌گومان ناوەندو کاکڵی سەرەکی پارادایمی‌هابز مرۆڤ‌سالاری‌و مرۆڤ تەوەرەییە، واتە گرینگی‌دان بە مرۆڤ و رزگار کردنی مرۆڤ لەهەر جۆرە هێرش و هەرەشەیەکە.

دۆخی ئێستای‌کورد، دۆخی "هەموودژی‌هەموویە"ئەودۆخەی کەهابز بەدۆخی‌سرووشتی پێناسەی‌دەکات، دۆخی‌سرووشتی ،دۆخی بەر لەعەقڵانییەت و پەرەی راسیونالیسم. دۆخی لۆژیکی کردەوەی‌بوونەوەرانی جەنگەڵی، دۆخێک کە هەر بوونەوەرەێک بۆبەردەوامی خۆی و پاراستنی خۆی لە هیچ دڕندەیەک بەدژ ئەوی‌تر خۆ نابوێرێت، دۆخی‌سرووشتی چاخی غیابی ئەخڵاقە. کۆمەلگای‌ کوردی لە غیابی دەسەڵاتێکی‌ مەرجەع و مەشرووعی‌هزری، یاسایی و ئەخلاقی کە سەرچاوەی رێنوێنی‌کەرو رێگا پێشاندەری‌ کۆمەڵگا بۆ پاراستنی‌ژیان، ئەهوەنی‌و پەرەی تاک‌و کۆمەڵگا بێت، لەدۆخی شەرو دژایەتی هەموو بەدژ هەموو‌ان‌دا بەسەردەبات، کەس لەخۆ بەدەر کەسی‌تر بەمەشرووع نازانێت و هەمووش بۆ پاراستنیخۆ بەدژ ئەوی‌تر هەموو کردەوەیەکی نەشیاوو نەگونجاو دەکات.