Shahoo Hosseini
۱۴۰۴ شهریور ۱۷, دوشنبه
۱۴۰۴ شهریور ۱۵, شنبه
ئازادی یا وەهمی ئازادی؛ قەیران و پاڕادۆکسی فامی ئازادی لە کۆمەڵگای کوردستاندا
شاهۆ حوسێنی
ئازادی، چەمکێکە کە خولیا، ئامانج و تاسەکانمان بە دەوریدا
خەرمانەی داوە، نۆشدەرمانی هەموو قەیرانێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کلتووریە لای
ئێمە، ئامانج و تاسەیەک کە نسێیەکی ڵێڵ و تارماییەکی ڕەشی مەیلەو بۆڵێڵی بەر لەکازێوە
بەڵام لێشمانی نادیار و نەبین کردوە. ئەمە سنووری ڕاستەقینەی ئازادیە لەناو
کۆمەڵگای کوردستاندا، هیچ وێنایەکی ڕوون، مانایەکی ئاشکراو فامێکی ئەزموونکراومان
لێی نیە، بەڵام وەک ئەزموونی ژیاوی ڕۆژئاوا و لێکەوتەکانی ئەو، تاسە و حەزمان
گرتوویەتی و عەوداڵ و هەڵوەداین بەشوێن لێکەوتە، ئاکام و دەرکەوتەکانیدا. پاڕادۆکسی
ڕاستەقینەی فامی ئازادی دەشی بگوترێ لەمەدایە، کە ئێمە لەلایەک بە گشتی هیچ فام و
ئاگاییەکی زەینی و مەعریفیمان لە ئازادی وەک ئەزموونی ژیاو نیە و بگرە لە ژیانی
رۆژانە، سیاسی، کۆمەڵایەتی و کلتووریدا زۆریشمان دژایەتی کردوە، سەرکووتمان کردوە
و پێشێلمان کردوە، بەڵام دیسانیش وێڵ و سەرگەردانین بەدوایدا، و لەلایەکیتر
خولیای لێکەوتە و دەرکەوتەکانی ئازادین، واتە ئێمە لێکەوتە و دەرکەوتەکانی
ئازادیمان لەغیابی ئازادی دەوێت. لەڕاستیا ئازادی بۆ کورد وەک تاک و کوردستان وەک
کۆمەڵگا تەنیا حەز و خولیایەکی ئینتزاعیە. واتە ئێمە وەهمی ئازادیمان هەیە نەک فام
و حەزێکی ڕاستەقینە بۆ ئازادی. بەکورتی لای ئێمە ئازادی درووشمێکی کەرەسەییە.
ئانتۆلۆژی ئازادی
ئازادی لەگەوهەری ئانتۆلۆژیکی خۆیدا، نە چەمکێکی
قەراردادی یان پشکێکی سیاسی کە ئیمکان و مەجالی مرۆڤ بوونە، مرۆڤ تەنیا
بوونەوەرێکە کە هەبوونی خۆی بنیاد دەنێت، واتە بنیادنەری بەشێکی گەوهەری لە ئازادی
مرۆڤە، بەو پێیە دەشی بگوترێ کە مرۆڤ کاتێ بوونێکی ڕاستەقینەی هەیە کە بتوانێ:
بەسەر بوون، فۆڕمی بوون، شووناس، فام و چارەنووسی خۆیدا زاڵ بێت. بەم شێوەیە و لەم
ڕەوتەدا ئازادی زەروورەتی بوونە، بەبێ ئازادی دەستنیشانکردن، بڕیاردان، بنیادنان،
فام و تێگەیشتن و دەرکەوتنی "خود" بوونی نیە و نالوێت.
ئازادی نە توانایەکی زیادی، کە بوونی خودی ئاگایە و لە
غیابی ئەودا "ژیانی مرۆیی" و "مرۆڤبوون" لەلایەن هێزە دەرەکێکانەوە
بەرهەم دێتەوە و "بوون" سنووردار دەکرێتەوە لانو فۆڕمو خواستێکی دەرەکیدا.
بێگومان ئازادی نە تەنیا لەئاستی تاکیدا، کە لە ئاستی
کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیشدا زەروورەتێکی حاشا هەڵنەگرە. ئازادی پێویستی مەجالی
بەرپرسیارێتی ئەخلاقیە، تەنیا بوونێکی ئازادە کە دەتوانێ بڕیار بدات، واتە
لەغییابی ئازادیدا بڕیاڕدان بوونی نیە.
ئەگزیستانسیالیسم لەسەر ئەم باوەڕەیە کە ئازادی بارێکی
قوورسە کە مرۆڤ هاوکات لەگەڵ بوونی، لەگەڵی ڕووبەڕوو دەبێتەوە، نە دەتوانێ لێی
ڕابکات و نەدەتوانێ ڕادەستی بکات، ئەم زەڕوورەتانە ئازادی دەکەنە دیاردەیەکی
بنەڕەتی، کە نالوێ چاوپۆشی لێبکرێت و دەبێ وەدی بێت.
ئازادی زۆرجار بەڵام لەبەردەم مەترسی وەهمی ئازادی و
پاردۆکسدا دەوەستێت. سنووردارەتێکانی کۆمەڵایەتی، کلتووری و پێکهاتەیی دەتوانن
ئازادی دابەزێننە ئاستی وینایەکی ڕواڵەتی و دیاردەیەکی ئۆبژەکتیڤی وەک هەستێک کە
لەهەناوی ئەزموونێکی ژیاوی تاکی و کۆمەڵایەتیدا نەڕواوە، زەروورەتێکی لە ساحەی
ڕواڵەتدا کەمجالی دەرکەوتنی نیە. فەلسەفەی ئازادی دەریخستوە کە ئازادی بانتر لە
کردەوە، لە دەرکەوتنی خۆئاگایی، بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و داهێنانی بووندا
دەردەکەوێت. ئازادی مەجالی تێگەیشتن لە هۆکار و دەستنیشانکراوەکانی ئاگایانە
دەرەخسێنێت و شەرتی لازم بۆ ژیانێکی ئەخلاقی و داهێنەرانەیە.
جیاوازی ئازادی و وەهمی ئازادی لە سنووردارێتی و
سەپاندنی دەسەڵات دایە، لەهەر شوێنێک ئازادی سنووردارکرایەوە لە کردە و کردەوەی
سیاسی و سەپاندن و زاڵێتی دەسەڵاتدا، ئەوا وەهمی ئازادیە نەک ئازادی ڕاستەقینە،
ئازادی ڕاستەقینە لێکەوتەی ئانتۆلۆژیک و بوونناسانەی هەیە بە پێچەوانەی وەهمی
ئازادی.
ئازادی و پاڕادۆکسی بەرژەوەندێکان
ئازادی بەرلەوەکە دەرکەوتە و لێکەوتەیەک بێت، دیاردەیەکی
ئەخلاقی و زەینیە، لەڕاستیدا گرینگترین دیاردەی ئازادی وەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی
ئازادی و لێکەوتەکانی ڕوبەرووبوون لەگەڵ ئازادیە. مەجالدان بە ئەویتر بۆ
بڕیاردانی سەربەخۆیانە حەتتا ئەگەر لە دژایەتی لەگەڵ مندا بێت و دژی
بەرژەوەندێکانی من بێت، مەجالی بڕیاری ئازادانە بۆ ڕەچاوی شێوازێکی جیاوازی
بیرکردنەوە و حەتتا دژ بە نەریتە و بەهاکانی وەرگیراو لەلایەن منەوە. گرینگی
وەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی ئازادی و لێکەوتەکانی لەمەدایە کە خۆدەرهاویشتن لەم
بەرپرسیارەتیانە شڵژاوی کۆمەڵایەتی، دابڕاوی، دوژمنایەتی، چەندبەرەکی
لێدەکەوێتەوە.
ئەم پارادۆکسە دەرخەری ئەم ڕاستێیە کە چەمکی ئازادی
لەناو کۆمەڵگای کوردستاندا هێشتا وەک هاوسەنگیەک لەنێوان بەرپرسیارێتی و
بەرژەوەندیدا دەرنەکەوتوە. هاواری ئازادی لە ئاستی درووشمدا بەردەوام هاوتەریب
لەگەڵ ترس لە ئازادی ئەویتر لە کردەوەدا، پارادۆکسێکی ئاشکرایە. هەر ئەم ترس و
دڵەڕاوکێیە تەوەرەی بنەڕەتی لاوازی و تێنەگەیشتن لە ئازادی و بەرگر لەدەرکەوتنی
ئازادیە.
سنووردارکردنی ئازادی لەناو جەغزی سیاسیدا
لەکۆمەڵگای کوردستان، فام و تێگەیشتووی باو لە ئازادی،
بە ریژەیەکی زۆر سنووردارکراوەتەوە لە بەربەرەکانی و خەباتی سیاسی بۆ
دەستەبەرکردنی دەسەڵات، بەشداری لە دەسەڵات و بەشخوازی سیاسی، واتە ئازادی، یەکەم:
بۆتە دیاردەیەکی ڕووتین، ڕواڵەتی و ئۆبژەکتیڤ و دووهم: لەفۆڕمی سیاسیدا سنووردار
کراوەتەوە، بۆ وێنە ئازادی دەنگدان، هەڵبژاردن و هەڵبژێردران. دەشێ بگوترێ زیاتر
بۆتە دیاردەیەکی نومادین و ستراتژیک بۆ وەرگرتنی مەشرووعییەت لە ڕکابەرێتی سیاسی
لەنێوان حیزب و ڕێکخراوە سیاسێکاندا، نەک ئەزموونێکی ژیاو و بەرپرسانە. ئەم
دابەزاندنە شووناسی ئازادی پەسیڤ دەکات، بەهۆی ئەوەکە ئازادی لە ئاست و ڕوانگەی
ڕاستەقینەدا پێویستی بە مەجالی هەڵبژاردنی سەربەخۆیانە، ئاگایی تاک و قبوڵی
بەرپرسیارێتیە.
خەباتی سیاسی هەرچەند بۆ دەستەبەرکردنی مافی بەشداری لە
دەسەڵات زەرووری و خاوەن بایخە، بەڵام خۆی لەخۆیدا ئەزموونی ڕاستەقینەی ئازادی
گەڕەنتی ناکات. لەڕاستیدا ئازادی سیاسی بەردەوام سنووردار دەکرێتەوە لە دەست بە
دەسەڵات ڕاگەیشتن، مافی یاسایی و دەرکەوتنی یاسا، بەڵام ئەزموونی ژیاو بە مانای
توانای پڕاکتیکی سەربەخۆیانەو بەرپرسانە لە ژیاندا هەروا لەپەراوێزدا دەمێنێتەوە.
ئەم دابەزاندنە پاڕادۆکسیکی فەلسەفی بەرهەم دێنێت:
ئازادی لەجیات ئەوەکە مەجالێکی بەرابەر بۆ دەرخستنی "خود"، پەرەی تاکێتی
و هەڵبژاردنی بەرپرسانە بێت، ئامانجێکی سیاسی و سێمبۆلیکە.
وەها ئازادیەک ناتوانێ لەگەڵ ژیانی کەسی، شووناسی تاکی و
ئەزموونی ژیاوی سەربەخۆ هەڵبکات، چونکە سیاسەت و دەسەڵات زیاتر پێداگری لەسەر
چاوەدێری، ڕکابەرێتی و کۆنتڕۆڵ دەکەن تا ئازادی وەک مەجالەکانی ڕەهایی،
سەربەخۆیانە، سوبژێکتیڤیستانە و بەرابەر.
لەئاکامدا، کۆمەڵگای کوردستان لەگەڵ قەیرانێکی فەلسەفی
ڕوبەڕوویە، خەباتی سیاسی ڕەنگە بتوانێ مافی سیاسی دەستەبەر بکات، بەڵام ناتوانێ
بۆشایی ئەزموونی ڕاستەقینە، بەرپرسیارێتی و ئیختیاری تاک پڕ بکاتەوە، ئازادی کاتێ
مانا پەیدا دەکات کە بان سنووربەندیە سیاسێکان، لەگەڵ ئەزموونی ژیاو گرێ بدرێتەوە
و مەجالی ئەزموونی سەربەخۆ، بڕیاردانی بەرپرسانە و داهێنەرێتی تاکی بڕەخسێنێت.
تەنیا لەم ڕەوتەدایە کە ئازادی درووشمێک و کەرەسەیەکی سیاسی نیە، بەڵکە حەقیقەتێکی
سوبژێکتیڤیستانەیە.
۱۴۰۴ شهریور ۱۰, دوشنبه
کورد و وڵاتانی عەڕبی؛ پارادۆکسی گوتاری و قەیرانی شووناس
(کورتەشرۆڤەیەکی کۆنفرانسی سۆسیال
دێمۆکراتەکانی وڵاتانی عەڕەبی و بەشداری حیزبە کوردێکان)
شاهۆ
حوسێنی
حەوتەی
ڕابڕدوو لە شاری سلێمانی(پێتەختی ڕۆشەنبیری کوردی، بەپێداگری لەسەر دوو چەمکی
ڕۆشەنبیری و شووناسی کوردی بۆ ڕۆشەنبیر) کۆنفرانسی سۆسیال دیمۆکراتەکانی وڵاتانی عەڕەبی(
بەپێداگری لەسەر چەمک و شووناسی وڵاتانی عەڕيبی) بەڕێوە چوو. کۆنفرانسێک بەبەشداری
کەسایەتی و نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوەی کوردی. تایتڵی کۆنفرانسەکە بە ئاشکرا
شووناس و هێمای عەڕەبی هەڵگرتوە. هەر بۆیەش بەباوەڕی نووسەری ئەم دێڕانە بەشداری
حیزب و ڕیکخراوەی کوردی زایەڵە و ڕەنگدانەوەی پاڕادۆکسی گوتاری و قەیرانی شووناسی
بەشداربوانی کوردە. لەڕاستیدا بەشداری کورد لە ناو چوارچێوەیەکدا کە بە ئاشکرا
هەڵگڕی شووناس و هێمای عەڕەبیە لە پارادۆکسێکی تەواو ئاشکرای زێدە لەسەد ساڵ خەبات
و قوربانیدانە بۆ سەلماندنی شووناسی کورد و کوردستانی و سڕینەوەی شووناسی دەکسردی
عەڕەبی، تورکی و فارسی لەسەر کورد.
شووناسی کوردی، قەیرانەکان و بەرخۆدان:
شووناسی
کوردی لەماوەی زێدە لە سەد ساڵی ڕابڕدوو بەردەوام لەژێر هەڕەشەی سڕینەوە و بە
کلۆنی بوون دابوە، واتە لەگەڵ ڕووخانی ئیمپڕاتووری عووسمانی و دەرکەوتنی نەتەوەخوازی
فاشیستی لە ئیران، عێراق، سووریا و تورکیا، هەڕەشە و حەولەکان بۆ سڕینەوە سەپاندنی
شووناسێکی دەسکرد و نا کوردانە بەسەر کوردا چڕتر و ڕێکخراوتر بۆتەوە. هەر بۆیەش
نەتەوەخوازی بۆ بەرپەرچ دانەوەی ئەم حەولە کلۆنیالیستیانە دەرکەوتوە و بۆتە ڕایەڵی
لێکگرێدەرەوەی تاکی کورد و پێشگرتن بە توانەوە و سڕینەوەی کورد.
شرۆڤەی پارادۆکسی گوتاری:
پاڕادۆکسی
گوتاری دەرکەوتوو لەم کۆنفرانسەدا دیاردەیەکی نومادین و شووناسیە: کاتێ کۆنفرانسێک
لەژێر سەردێری وڵاتانی عەڕەبیدا بەڕێوە دەچێت و کوردەکان بەشداری ئەم کۆنفرانسەن،
بە ئاشکرا ئەم پەیامە دەردەخات کە کوردەکان ئەمەیان قبوڵە کەبەشێک لەجیهانی
عەڕەبین و کێشەیان لەگەڵ ئەم تێکەڵ بوونە شووناسیە نیە، بەهۆی ئەوەکە چەمکی وڵاتانی
عەڕبی بەئاشکرا سێمبۆل و هێمای جیهانێکی شووناسی و مانایی و سنووردارە، کاتێ کورد
خۆی دەخاتە ناوبازنەی ئەم چەمکە و جەغزه ئیتر بە ئاشکرا دەکەوێتە پاڕادۆکس لەگەڵ
ئەم مافەی کە بەرۆخدانی بۆ دەکات.
لێکەوتەی
ئەم بەشداریە دەتوانێ لە زەین و دەروونی تاکی کوردا کێشەو قەیرانی سووناسی
بخوڵقێنێت، ئەگەر من بەشێک لە وڵاتانی عەڕەبینم ئەدی کورد بوون لەکوێ مندایە و
لەکوێ شووناسی مندا دەگونجێت؟
ئەمە
لەکاتێکدایە کە بەشداری کورد لەم کۆنفرانسەدا هیچ دەرفەت و لێکەوتە و دەسکەوتێکی
دیاری نیە، بەهۆی ئەوەکە ئەساسەن شوێنیسمی حاکم بەسەر جیهانی زەینی عەڕبدا دەرخەری
ئەم ڕاستێیە کە حیزب و ڕێکخراوەی عەڕەبی گرنیگ نیە هەڵگری چ درووشم و ئایدەیەکە لە
ڕواڵەتدا، لەگەوهەر و ناوەرۆکدا، دژە ئازادی، مافی مرۆڤ و بەها دێمۆکراتیکەکانن. لەڕاستیدا
زێدە لە سەد ساڵ خەبات بۆ سەلماندنی شووناسێکی سەربەخۆ و سەربەخۆیی لە دیاری کردنی
مافی چارەی خۆنووسین، بەبەشداری لە کۆنفرانسێکدا کە چەتری عەڕەبی بەسەرەوە تەواو
لەدژایەتی و پارادۆکسدایە لەگەڵ شووناسخوازی و نەتەوەخوازی کوردی.
۱۴۰۴ شهریور ۴, سهشنبه
دانپێدانان لەگوێن سەپاندنی حەقیقەتی وەهمی
(
ڕەچەڵەکناسی دانپێدانان لە کەرەسەی ئەمنییەتێوە بۆ بەرهەمهێنانەوەی سوژە)
شاهۆ
حوسێنی
دانپێدانان
لەمێژووی ئایینی و سیاسی مڕۆڤدا بەردەوام کەرەسەیەک بوە بۆ سەپاندنی حەقیقەتێکی وەهمی
لەژێر سەردێڕی گەڕاندنەوە لە هەڵە، تاوان و کلبوون. لە
سیستمی ئایینی سەدەکانی ناوەندیدا، دانپێدانان کەرەسەیەک بوو بۆگەڕاندنەوەی لادەرانی
ڕێگای خودایی بۆسەر نەزمی ئیلاهی و رزگاری مرۆڤ لە تاوانی ئایینی، واتە کەرەسەیەکی
ئایدۆلۆژیک-دەسەڵات بوو کە تاک بە پێدانان لەسەر هەڵە و تاوانی خۆی، هەم ملکەچی ئایدۆلۆژی
ئایینی دەبۆوە و هیمش ملکەچ و گوێڕایەڵی دەسەڵاتی ڕواڵەتی. لەنەریتی قەزایی وسزایی
وڵاتانی پەرەنەستاندوو و دیکتاتۆڕدا کەرەسەیەکە بۆ بەناو دۆزینەوەی حەقیقەت و
مۆسگەرکردنی تاوان کەڵکی لێ وەردەگیرێت.
بەڵام
ڕاستەقینە ئەوەیە کە دانپێدانان هەرگیز کەرەسەیەک و مێکانیزمێک بۆ دۆزینەوە و
دەرخستنی حەقیقەت نەبوە، بەڵکە خۆی مێکانیزمێک بوە بۆ بەرهەمهێنان و خوڵقاندنی
حەقیقەت. دانپێدانان لە بەستێنی دەسەڵات، حەقیقەتێکی تایبەت مسۆگەر دەکات،
حەقیقەتێک کە لە پێشدا لەلایەن سیستم و نەزمی زاڵ پێناسەکراوە و دیاریکراوە.
کەوابێ دانپێدانان بەتەنیا دۆزینەوە و دەرخستنی حەقیقەت نیە، بەڵکە هێنانی تاک بۆ
ناو بازنەی زمانێکە کە دەسەڵاتی زاڵ دیاریکردوە و لەریی ئەو زمانەوە دانپێدانەر
وەک ئۆبژەیەک دان بە سوژەبوونی دەسەڵاتدادەنێت.
لە
نیزامە دیکتاتۆڕەکاندا دانپێدانان تەنیا گێڕانەوەی هەڵە یان دۆزینەوەی تاوان نیە،
بەڵکە سەپاندنی حەقیقەتێکی بەرهەمهاتوە، مرۆڤ لەژێر شکەنجە و دۆخی بازجوییدا
ناچار دەکرێت کە حەقیقەتێکی فەرمی لەمان خۆیەوە بگێڕێتەوە: من خەتاکارم، من خەتامکردوە،
من بەرکاری دوژمن بووم، من خیانەتم لە نیزام کردوە، من سەر بە بەرەی دوژمنم
و.....هتد. لەوەها دۆخێکدا دەسەڵات نە لە دەرەوەڕا کە لەدەروون سوژەیەکی بەرهەمهاتووڕا
دان بە سووژەبوونی دەنرێت. ئەمە حەولێکە بۆ سرووشتی دەرخستنی حەقیقەتی فەرمی
دەسەڵاتی زاڵ و داپۆشاندنی داسەپاوی و تەحمیلی بوونی ئەم حەقیقەتەیە.
دانپێدانان
لەهەناوی خۆیدا فۆڕمێک لەسەرکووتیشی لەگەڵدایە، بەڵام جیاوازیەکی لەگەڵ سەرکووت
لەوەدایە کە لە سەرکووتدا مرۆڤ تەنیا بێدەنگ دەکرێت، بەڵام لە دانپێداناندا ئەگەرچی
لەلایەک دەنگی ڕاستەقینەی مرۆڤ بێدەنگ
دەکرێت، بەڵام لەلایەکیترمرۆڤ دەبێتە بڵیندگۆی دەسەڵات و دەنگی دەسەڵات لەگەروی
ئەوڕا دێتە دەر.
هەروەها
دانپێدانان لەهەناوی خۆیدا فۆڕمێک لە شەکنجەشی لەگەڵدایە، بەڵام جیاوازیەکی لەگەڵ
شکەنجە لەوەدایە، کە لە شکەنجەدا دەسەڵاتین زاڵ بەتەنیا حەولی ڕامکردنی لەشەکان
ئەدات، بەڵام لەدانپێداناندا ئەگەرچی لەشی دانپێدانەریش ڕام دەکرێت، بەڵام لەهەمان
کاتیشا، زەین و دەروونیش ڕام و کۆنتڕۆڵ دەکرێت. دانپێدانەر لەڕیی دوان بە زمانی
دەسەڵات، زاڵێتی دەروونی و زەینی دەکات.
هەر
بۆیەش دانپێدانان یەکێک لەبنەماییتەرین مێکانیزمەکانی بەرهەمهێنانەوەی
مەشرووعییەت لە نیزامە دیکتاتۆڕەکان دایە: دەسەڵات حەقیقەتێکی سازدەکات، مرۆڤ
لەژێر ئیجبار و شکەنجە دانپێدادەنێت، دانپێدانان حەقیقەتێکی داسەپاو مسۆگەر دەکات
و کۆمەڵگاش ئەو سرووشتی دەبینێت و لەئاکامدا نیزام بەم شێوەیە مەشروعییەت سەرلەنوێ
و بەردەوام دەکاتەوە.
بۆیەش
ڕەچەڵەکناسی دانپێدانان نیشانی داوە کە ئەم مێکانیزمە تەنیا کەرەسەیەکی ئەمنییەتی
ساکار نیە، بەڵکە مێکانیزمێکی تەوەرەیی لە دەرخستنی سووژەبوونی دەسەڵاتە. دانپیدانان
بەتەنیا دۆزینەوەی حەقیقەت یان گێڕانەوەی حەقیقەت نیە، بەڵکە بەرهەمهێنانی
حەقیقەت و سەپاندنی حەقیقەتی فەرمیە. حەقیقەتێکی کەلەلایەن مرۆڤێکی بە ئۆبژەکراو
درێژە بەبوونی خۆی ئەدات و زاڵێتی دەسەڵات دەباتە ناو قوڵترین لایەکانی بوون.
۱۴۰۴ شهریور ۲, یکشنبه
دەسەڵات بەر لە ئەندێشە؛ ڕەچەڵەکناسی سیاسەت لە کوردستان
شاهۆ
حوسێنی
کوردستان
لە سەدساڵی ڕابڕدوو بەردەوام مەکۆی بەربەرەکانی و بەرخۆدان بۆ ئازادی بوە، هەر لە
شۆڕش ناوچەییەکان تا شۆڕشە گشتگیر و کوردستانێکان و لەئاکامدا دەرکەوتنی هەرێمێکی
دۆفاکتۆی کوردی لە باشوور، هەموو ئەم دیاردە و دەرکەوتانە لەبەستێنی خواستێکی
مێژوویی نەتەوەیەک بۆ ڕزگاری دەرکەوتوون. بەڵام ئەم مێژوویە و ئەم ڕەوتە لێوڕێژ لە
پارادۆکس و دژوازەیەکانە. یەکێک لەگرینگترینی ئەم پاڕادۆکسانە لە کوردستان
دەرکەوتنی دەسەڵات و دەسەڵاتخوازیە بەر لە هزر و ئایدە و ئەندێشە، واتە بەر لە
دەرکەوتنی فەلسەفەی سیاسی، پارادیمگەلێک لەمەر دەوڵەت، حکوومەت، یاسا و ئازادی،
ڕێکخراوەگەلی دەسەڵاتی چەکدار و حیزبی سیاسی دەرکەوتوە، ئەم دەرکەوتنە بەراوژوویە
هۆکارێکی گرینگە تا لەجیات ئەوەکە یاسا و مافی تاک و کۆمەڵگا و ئازادی باڵ بەسەر
دەسەڵات و حیزب و حکوومەتدا بکێشێت، ئەوە حیزب و حکوومەت و دەسەڵاتن کە یاسا و
ئازادی و مافی تاک و کۆمەڵگا دەخنە ژێڕ ڕکێفی هێژمۆنی و بەرژوەندی خۆیان.
حیزبی
شۆڕشگێڕ و لەدایک بوونی دەسەڵاتی ڕەها
حیزب لە کوردستان لە دەیەکانی ڕابڕدوو بە
درووشمەکانی ئازادی، ڕزگاری نەتەوەیی، عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ لەدایک
بوون، هەر بەم هۆیەشەوە متمانەی کۆمەڵانی خەڵکیان وەدەست هێنا و کۆمەڵگا لەرێی
پشتیوانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ شەرعییەتی پێشەنگی و ئاڵا هەڵگریان پێبەخشین.
واتە متمانە و پشتیوانی کۆمەڵگای کوردستان لەڕێی بەشداری و ئەندامەتی ڕاستەوخۆ و
ناڕاستەوخۆ بە شێوەی هەواردای لەم حیزبانە شەرعیەتێکی نەنووسراو بوو کە ئەم
حیزبانە لەگوێن هەڵگرانی ئیرادەی نەتەوەیی کورد لەلایەن دەسەڵاتی حاکم بەسەر
عێراقدا چاویان لێبکرێت.
حیزبی
کوردی هەر لەسەرتاوە لەچوارچێوەی ڕێکخراوەیەکی چەکداردا چالاکیان دەست پێکرد و
هێزی سەرەکیشیان نە بەرهەمی هزر وئایدە و ئەندێشەیەکی کوردانەو بەرهەمێنانی زەین
و جیهانێکی مەعریفی کوردانە و پێگەیاندنی ئاگایی و فامی کوردانە، کە توانای
چەکداری و توانای میلیتاریستی ئەوان و مەجالی ڕێکخستنی هێزی پێشمەرگە و چەکدار
واتە دەسەڵاتی رووتە، بە کورتی ئەوان دەسەڵاتی ڕەهایان بەر لە ئەندێشەی سیاسی
دەستەبەر کرد، هەر ئەم ڕەوتەش بنەمای پاڕادۆکسی ئەمڕۆیە.
بەراوژوویی مێژویی لە بەراورد لەگەڵ
رۆژئاوا
چاوخشاندنێک
بە سەر ئەزموونی ڕۆژئاوادا دەریدەخات کە دەسەڵاتی مۆدێڕن لە کۆڵەکەکانی فەلسەفەی
سیاسی بنیادنراوە. بیرمەندگەلێکی وەک هابز، لاک، ڕۆسۆ، مۆنتسیکو و...هتد، سەرەتا
لەمەر ناوەرۆکی حاکمییەت، یاسا، ڕێکەوتنی کۆمەڵایەتی و ئازادی ئەندێشە و
فەلسەفەیان بەرهەمهێناوە و داویی لەسەر ئەم ئەندێشە و فەلسەفانە ڕێکخراوەگەلی
مۆدێڕن و دەسەڵاتی مۆدێڕن بنیادنراون. بەکورتی ئەندێشە بەر لە دەسەڵات و
ڕێکخراوەکانی دەسەڵات بەرهەم هاتووە.
لەکوردستان
بەڵام ڕەوتەکە بەراوژوو بوو، سەرەتا حیزب و ڕیکخراوەی چەکدار و ڕایەڵەکانی
دەسەڵاتی ڕەها دەرکەوتن، دوایی حەولی دەست بەسەر دەسەڵاتداگرتن بەرهەم هات. بەهۆی
ئەوەکە پشتیوانی هزری وەک بنەما غایب بوو هەموو پێکهاتە و رایەڵەکانی دەسەڵات
کەوتنە ژێر ڕێکێفی حیزبی چەکدار. ئەمەی لە رۆژئاوا بوو بە دەسەڵاتی عەقڵانی لە
کورستان بوو بە دەسەڵاتی میلیتاریستی حیزبی.
لێکەوتەی پێشکەوتی دەسەڵات بەسەر
ئەندێشە و هزردا
ئەم
بەراوژووییە لێکەوتەی جیدی بۆ ژیانی سیاسی کوردستان هەبوە: حیزب لەجیات دەوڵەت:
ئەمڕۆکە لەهەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەددا ڕیکخراوەی فەرمی حکوومی وەک پاڕڵمان،
حکوومەت و دەوڵەت و دادگا بوونیان هەیە و دەور دەگێڕن، بەڵام حیزبی سیاسی بانتر
لەوان دەسەڵت و کارتێکەریان هەیە، بڕیارەکان نە لە چوارچێوەی یاسادا کە لە
دانیشتنەکانی حیزبیدا و لەلایەن بەرپرسانی حیزبێوە بڕیاریان لەسەر دەدرێت.
یاسا لەخزمەت حیزبدا
یاسا
لەخزمەت حیزبدا: لەکوردستان یاسا لەجیات
ئەوەکە بەستێنی سنووردارکردنی دەسەڵات و ڕەهایی دەسەڵاتی حیزب بێت، کەرەسەی شەرعییەتبەخشین
بە هێژمۆنی و دەسەڵاتی ڕەهای حیزبە، هەر حیزبە و لەسنووری دەسەڵاتی خۆیدا یاسا
بەپێی بەرژەوەندێکانی تەفسیر و دەکار دەکات.
داخراوی
کۆمەڵگای مەدەنی
دەسەڵاتی
ڕەهای سیاسی، هێژمۆنی وەفادار تەوەرەو، بەخشینەوەی ئیمکاناتو ڕانت بە لایەنگران و
وەفاداران و شوێنکەوتوان، سڕینەوەی سەربەخۆیی تاک(سوژەبوون) لەڕێی گوێڕایەڵی بۆ
فام و ئاگاییەکانی حیزبی و بەخشینی ڕانتی ئابووری و هێژمۆنی میلتیاریستی حیزب، هیچ
مەجال و بەستێنێک بۆ کۆمەڵگای مەدەنی، ڕووناکبیری و پەرەی ڕەخنەگری ناهێڵێتەوە،
بۆیەش کۆمەڵگای مەدەنی سنوورەکانی ڵێڵ، بەزیو و نامسۆگەرە. هەروەها وەفاداری سیاسی
بە حیزب دەبێتە جێگرەوەی لێوەشاوەیی و عەداڵەت و بەرابەری.
بەگشتی دەشێ بگوترێ کە لەکوردستان دەسەڵات و هێزی
ئۆبژەکتیڤ بەر ئەندێشە و هێزی سۆبژەکتیڤ دەرکەوتوە، هەر بۆیەش هەرجۆرە حەولێکی
مەعریفی و هزری لە کوردستان لەناو جەغزی ڕایەڵی دەسەڵات کە پێشتر مسۆگەر بوە و
هەموو دەرگاکانی کۆمەڵگای داگیرکردوە گرفتار دەبێت. سیاسەت لەکوردستان نە بەمانای
بەستێنی دیالۆگ و بەرهمی گشتی، کە بەمانای ڕایەڵێک لە مێکانیزمی ئەمنی،
میلتیراریستی و حیزبی دەرکەوتوە.
دیالێکتیکی ئەرباب
و بەندە
حیزبی سیاسی لە کوردستان لەسەر لیواری قەڵشی هەڵاواردن و عەقڵانییەتی ئەربان و بەندەی حاکمان سەریان هەڵداو، ئازادی، دێمۆکراسی، مافی مرۆڤ و مافی چارەی خۆنووسین ئەم بنەمایانە بوون کە خەبات و بەرخۆدان بەدژ دیکتاتۆڕەکان لەسەر ئەساسی ئەوان دەرکەوت، بەڵام کە خۆیان بوونە دەسەڵات، لەسەر ئەساسی هەمان عەقڵییەتی ئەرباب و بەندە هەڵسسووکەوتیان لەگەڵ کۆمەڵگا کرد، ئەمە هەمان دیالێکتیکی بەراوژوویە کە کۆمەڵگای ئەمڕۆی کوردستان لەدۆخێکی پارادۆکسیکاڵدا قەتیس کردوە.
کۆمەڵگای مەدەنی لەناو بازنەی لۆژیکی
دەسەڵاتدا
کۆمەڵگای
مەدەنی لە کوردستان نەک لەگوێن بەستێنێکی مەدەنی سەربەخۆ، کە لە چوارچێوەی پێوەندی
لەگەڵ دەسەڵاتدا پێناسەدەکرێت. نەبوونی عەقڵانییەتی مەدەنی بەمانای ئیرادەیەک
لەدەرەوەی ساحەی سیاسی و دەسەڵات کە مەبەستی لغاوکردنی دەسەڵاتی سیاسیە بۆ پێشگرتن
بە دەستدرێژی دەسەڵات بۆ سەر مافی تاک و کۆمەڵگا و پاراستنی سەربەخۆیی تاک و
کۆمەڵگا لەبەرامبەر دەسەڵاتدا، هۆکارێکی گرینگە تا دیالێکتیکی عەقڵانتی سیاسی و
دەسەڵاتخوازی لەناو کۆمەڵگای مەدەنیشدا پەرە بستێنێت، واتە ئەوانەی دژە حیزبن،
دژە دەسەڵاتن بەڵام حەول دەدەن لەڕیی بەشداری لە دەسەڵات و بەدەستەوە گرتنی
دەسەڵات دژایەتی دەسەڵات و حیزب بکەن، ئەمە لۆژیکی پاڕادۆکسیکاڵی مەدەنیە لە
کوردستان
ئاسۆی زەینی ئەم بەراوژوییە
ڕێگای دەرچوون لەم دۆخە چیە؟
ڕێگاچارەکەی لە سەرلەنوێ بنیادنانەوەی پێوەندی نێوان
ئەندێشەو دەسەڵاتە، ئەندێشە پێویستە بەگەڕێتە بان حیزب و ڕیکخراوە سیاسێکان،
دەسەڵات و هێزە ڕواڵەتێکان پێویستە لەأێر ڕێنمایی ئەندێشە و هزردا ئەرکەکانیان
بەڕێوە بەرن. دەسەڵات و هێزی ڕوواڵەتی پێویستە وڵامی پرسیارە بنەڕەتێکانیان لەمەر
فۆڕماسیونی دەوڵەت، یاسا، ئازادی و.... لە فەلسەفەیسیاسی و ئەندێشەفەلسەفێکان
وەربگرنەوە. بۆ دەرکەوتنی ئەم ڕەوتە پێویستە کۆمەڵگای مەدەنی، ڕووناکبیران و
توێژەران لە چوارچێوەی لۆژیکی دەسەڵاتدا بێنەدەر و بگەڕێنەوە بەستێنی مەدەنی و
سەربەخۆ لە حیزب و هێزێ رواڵەتی و میلیتاریسمی حیزبی دەور بگێڕن.
دوا وتە:
کوردستان
ئەمڕۆکە لەناوەندی پارادۆکسێکی مێژوویی وێستاوە، حیزبی شۆڕشگێڕ و ڕزگاریخواز بۆتە
دەزگا و سیستمی زاڵێتی، یاسا لەجیات کۆنتڕۆلی دەسەڵات، بۆتە خزمەتکار و کەرەسەی
هێژمۆنی دەسەڵات. چما ئەم ڕەوتە بەراوژوویە چاک نەکرێتەوە، سیاسەت لەکوردستان
بەردەوام دووپاتی پاڕادۆکسیکاڵەکان ئەزموون دەکاتەوە، چما ئەندێشە و هزری سیاسی
بتوانێ بانتر لە دەسەڵات و هێزی ڕواڵەتی جێگەوپێگەی شیاوای خۆی وەدەست بێنێتەوە،
ڕەنگە ئاسۆی ئازادی و دێمۆکراسی ڕوونتر بێتەوە.
۱۴۰۴ مرداد ۲۹, چهارشنبه
لە بۆنەوە بەرەو بوون؛ تێپەڕین لە "کوردایەتی بۆنەیی" بەرەو "کوردایەتی گەوهەری"
شاهۆ حوسێنی
لە
شرۆڤەی شووناس و نەتەوەخوازی کوردیدا بەردەوام دو ئاست لە دەرکەوتن خۆ دەنوێنن:
یەکەم: ئاستی بۆنە و ڕێوڕەسمەکان کە لە چوارچێوەی جێژنەکان، ساڵوەگەڕەکان، هێما ڕواڵەتی و
حیزبێکاندا دەردەکەون. دووهەم: ئاستی
گەوهەری کە لەچوارچێوەی زەین، ئەندێشە، ڕاهێنانی نەتەوەیی، کلتوور، سیاسەت و
بەرخۆداندا دەردەکەوێت. لەم نووسراوەیەدا بە ڕوانگەیەکی فەلسەفی حەول دەدرێت،
جیاوازێکانی نێوان "کوردایەتی بۆنەیی" و "کوردایەتی گەوهەری" شرۆڤە
بکرێت و زەروورەتی تێپەڕین لە ئاستی بۆنە و رێوڕەسم بەرەو ئاستی گەوهەری شی
بکرێتەوە.
شرۆڤەی شووناسی کوردی لەم دوو ئاستەدا دەریدەخات کە دابەزین بۆ ئاستی بۆنە و ڕێوڕەسم نەتەنیا ناتوانێ
پرۆسەی نەتەوەیی و دازاینی کوردی سەربخات، بگرە کوردایەتی ڕواڵەتی و ئۆبژەکتیڤ
پەرە دەستێنێت، بۆیەش زەرووریە تا بە شرۆڤەیەکی فەلسەفی، پەرە بە شووناس لەگوێن
ئەزموونێکی ژیاو و پێکەوە ژیاوی سوژەی کوردی بدرێت.
نەتەوەخوازی بۆنەیی و نومادین
نەتەوەخوازی
بۆنەیی دەشێ وەک فۆڕمێک نواندنەوەی گشتی تاک و نەتەوە لە ئاستی نومادینو کاتیدا
پێناسەبکرێت، لەم فۆڕمەدا تاک و نەتەوە نەک وەک فۆڕماسیونێکی مێژوویی یان سوژەیەکی
سیاسی و بەقەولی هایدگێر وەک دازاینێکی مسۆگەر، بەڵکە وەک ڕواڵەتێکی بۆنەیی
دەردەکەوێت کە تەنیا لەکاتی بەڕێوەچوونی بۆنە و ڕێوڕەسمدا خۆیەکی ئۆبژەکتیڤ و
یەکگرتوویەکی ئۆبژەکتیڤ ئەزموون دەکات. گرێی سەرەکی ئەم فۆڕم لە نەتەوەخوازیە
غیابی نەتەوە وەک زەین و بەهایەکی مەعریفی و لە ئاکامدا غیابی یەکگرتوویەکی
ئینتێرسۆبژێکتیڤانەیە.
تایبەتمەندی
سەرەکی نەتەوەخوازی بۆنەیی لەمەدایە کە لەسەر بنەمای ئەزموونی جەمعی، کاتی و
مەکانی بنیاددەنرێت نە لەسەر بنەمای پێکهاتەگەلی نەتەوەیی، مەعنەوی و ڕێکخراوی
زەینی. لەم فۆڕم لە ناسیونالیسمدا تاک لەگوێن ئۆبژەیەکی هەستەکی کردەوە دەنوێنێت،
نومادەکانی وەک پەرچەم، سروود، بەرگ و ڕێژە نێوەندگیرێکی ئۆبژەکتیڤ دەکات بۆ لێک
کۆبوونەوەی تاکەکان، بەڵام ئەمە بوونێکی کاتیو هەستیە، واتە تایبەتە بەکاتێکی
دیاریکراو، بۆنەیەکی دیاری کراو و شوێنێکی دیاری کراو، لەپاش تەواو بوونی کاتەکە
و دەرچوون لە شوێنەکە هەستەکە دادەمرکێت و جەمعەکە لێک بڵاو دەبێتەوە.
لەڕوانگەی
ڕەخنەگرانەدا، ئەم فۆڕم لەنەتەوەخوازیە جۆرێک هەڵپەساردنی نەتەوە لەگوێن سوژەی
سیاسیە، بەهۆی ئەوەکە نەتەوە بەر لەوەکە لە چوارچێوەی پێکهاتەیەکی مسۆگەر و
پایەداری وەک دەوڵەت-نەتەوەدا مسۆگەر بکات، دایدەبەزێتە ئاستی بۆنە و دیاردە
نومادینەکان. بەکورتی دەشێ بگوترێ کە نەتەوەخوازی بۆنەیی، نەتەوە دادەبەزێنێتە
سوژەی بۆنەکان، سوژەیەک کە لە بۆنەکاندا بوونی هەیە.
بەگشتی
لێکەوتەی ئەم فۆڕم لەناسیونالیسمە فۆلکلۆریزاسیونی نەتەوەیە، بەجۆرێ کە نەتەوە
دادەبەزێنێتە ئاستی نواندنی نەتەوە لەکات وشوێنێکی تایبەتدا، ئەم ڕەوتە هۆکارێکی
گرینگە تا نەتەوە لە ئەزمونی مێژوویی و بەرخۆدانی سوبژەکتیڤیستانە را بێنێتە ئاستی
دەرکەوتنێکی نومادین.
جیاوازی
فەلسەفی نێوان گەوهەر و عەرەز
شرۆڤەی
جیاوازی فەلسەفی نێوان گەوهەر و عەرەز دەتوانێ یارمەتیدەر بێت بۆ تێگەیشتن لەم
باسە. عەرەز نواندنگەلێکی کاتی، ڕواڵەتی و لە شوێنێکی تایبەتە کە بۆ دەرکەوتن و
بوون پێویستی بە گەوهەرە، کوردایەتی بۆنەیی دەشێ بە عەرەز لە فەلسەفەدا
بشوبهێندرێت. بەڵام بەپێچەوانە گەوهەر تایبەتمەندی مسۆگەر، سەربەخۆیە و بوونی
دەروەست بە هیچ بوونێکیتر نیە، نەتەوەخوازی ئەم فۆرم لەبوونەیە کە زیاەڵەی شووناس
و ئەزموونی ژیانی ڕاستەقینەی بەکۆمەڵی تاکی کوردە لەگەڵ یەکتردا کە لە زمان،
کلتوور و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردستاندا ڕەنگ ئەداتەوە.
تێپەڕین
لە بۆنە بەرەو شووناس
ئەم
تێپەڕینە هەم زەروورەتێکی فەلسەفیە و هەم زەروورەتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی، لە
ئاستی فەلسەفدا بە مانای تێپەڕین لە عەرەز و ڕواڵەت بەرەوە گەوهەر و سرووشتی
شووناسە، لە عەمەلیشدا بە مانای گۆڕینی نۆماد و بۆنەکانە بۆ گەڵاڵەگەلی پێکهاتەیی،
کۆمەڵایەتی و ڕاهێنان. تەنیا بەم ڕەوتەیە کە کوردایەتی لە ئاستی نواندنی ڕواڵەتی و
کاتی بەرەو ئاستێکی ڕادیکاڵ و ڕزگاریدەر تێدەپەڕێت.
ئاکام:
کوردایەتی
بۆنەیی سنووردار دەکرێتەوە بە نواندن و دەرکەوتن لە بۆن و ڕێوڕيسمەکاندا و ناتوانێ
دەرکەوتنی کامڵی شووناسی نەتەوەیی مسۆگەر بکات. لەبەرامبەردا کوردایەتی گەوهەری بە
گڕێدانەوەی سووناس بە ژیانی رۆژانەی کۆمەڵایەتی، پێکهاتەی گشتی کۆمەڵگا و
تێکهەڵچوونی واقعی، مەجالی سەرلەنوێ داڕشتنەوە و بەرهەمهێنانەوەی نەتەوە وەک
گەوهەرێکی مرۆیی دەڕەخسێنێت.
قەتیس
مانەوەی کوردایەتی لە نواندنی "خۆ" لە بنۆنەکاندا، گنخانی هێزی پەرە و
مسۆگەر کردنی کوردایەتی گەوهەری لێدەکەوێتەوە. هەر بۆیەش داهاتووی کوردایەتی وەک
بەسێک لە ڕەوتی مۆدێڕنیتە و مۆدێڕنیزاسوینی کوردستان لە گرەوەی تێپەڕین لە بۆنە بەرەوە شووناس دایە؛
تێپەڕینێک کە شووناسی کوردی لە ئاستی نواندی ڕواڵەتیڕا بەرەو ئاستی گەوهەرێکی
مسۆگەر، ڕزگاری دەر، دازاین دەرخەر بەرز دەکاتەوە. ئەم تێپەرینە بەستێن و مەجالی
پەرەی کوردایەتی گەوهەری لەناو بەرەکانی داهاتوودا دەڕەخسێنێت و فام، ئاگایی و
تێگەیشتنێکی ڕادیکاڵ لە کوردایەتی لەهەناوی بەرەی داهاتوودا پەروەردە دەکات.
۱۴۰۴ مرداد ۲۷, دوشنبه
دژ بە سوژەبوونی کورد؛ ڕەچەڵەکناسی فتوای جیهادی خومەینی لە کوردستان
شاهۆ
حوسێنی
فتوای
خومەینی لە ٢٨ گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ بۆ جیهاد دژبە نەتەوەی کورد لە کوردستان، تەنیا
حوکمێکی فیقهی یان بڕیارێکی ئایینی ڕواڵەتی نەبوو، بەڵکە خاڵێکی وەرچەرخان و گرینگ
لە میژووی هاوچەرخی کوردستان بوو، کە شووناسی ئایین، سیاسەت و هێژمۆنی ئێرانخوازی
و شیعەخوازی بەشێوەیەکی بەربڵاو ئاشکرا کرد. ئەم فتوایە تەنیا دژ بە حیزب و
ڕێکخراوە کوردی و کوردستانێکان نەبوو، بەڵکە جاڕنامەی سەپاندنی هێژمۆنی
ئایدۆلۆژیکی دەسەڵاتێکی فۆندامێنتاڵی ڕەگەزی و ئایینی بوو دژ بە سوژە بوون و سوژەخوازی
گەلی کورد و کوردستان. کوردستان وەک ناوەندی بەربەرەکانی و بەرخۆدانی دژ بە سیاستەکانی
پاکاوتەکردنی ناوەند، مێترۆپۆلی بەربەرەکانی بوو. هەر بۆیەش فتوای خومەینی
دیاردەیەک بانتر لە ڕاگەیندراوێکی ئایینی بوو، لەڕاستیدا ئەمە کەرەسەی شەرعییەت
بەخشین بە سەرکووت، سوژەسەڕینەوە و کورد سڕینەوە لە کوردستان بوو، درێژەی هەمان
سیاسەتی سوژەسڕینەوەی پەهلەوەی لەکوردستان بەڵام لە فۆڕمێکی ڕواڵەتیتردا.
شرۆڤەی
ئەم فتوایە لە دەلاقەی ئەگزیستانسیالیسمەوە ئیزن دەدات بە ئێمە تا لایەنە
شاراوەکانی ئەم بەناو فتوایە بەربڵاوتر و ئاشکراتر دەربخەین، دەریبخەین کە چلۆن حەول
درا ئازادیخوازی و مەجالی سوژەبوون لە تاکی کورد و لەکوردستان بستێندرێتەوە، چلۆن
هێژمۆنیخوازی حەولی دا "کوردبوون"لە کوردان بسڕدرێتەوە و چلۆن بەرخۆدان
بوو بە مەجالی دەرکەوتنەوەی هەستی ئازاد بوون لە کوردستان. ئەگزیستانسیالیسم لەڕیی
پێداگری لەسەر ئازادی، بەرپرسیارێتی و خوڵقاندنی مانا، چوارچێوەیەکی فەلسەفی بۆ فامی
ڕادیکاڵی ئەم ڕووداوە دەڕەخسێنێت. لەڕاستیدا فەلسەفە بانتر لە ڕووداوێکی سیاسی و
ئایینی مەجالی شرۆڤەی وجوودی ئەم دەرکەوتەیە دەدات، واتە فەلسەفە ئەم مەجالە
دەڕەخسێنێت تا دەربخرێت کە چلۆن سوژەی فارس-شیعەی کلۆنیالیست دژ بە سوژەبوونی کورد
دێتە مەیدان و بەربەرەکانی و بەرخۆدان لە کوردستان چلۆن بەرپەرچی دەداتەوە.
هێژمۆنی
ئیران-شیعەخوازی و پڕۆژەی کوردسڕینەوە
ئێرانخوازی
چ لە فۆڕمی پەهلەوەیدا و چ لە فۆڕمی کۆماری ئیسلامیدا، پڕۆژەیەک بوو بۆ یەکدەست کردنی
نەتەوەیی ئێران بە تەوەرە بوونی (ڕەگەزی)فارس لە پەهلەویدا و(شیعەی)فارس لە کۆماری
ئیسلامیدا. حیزبی ڕەستاخیزی پەهلەوی و فتوای جیهادی خومەینی نموونەی بەرچاو و
بەربڵاوی ئەم کوردسڕینەوەیە بوون. ئەم دوو دیاردەیە هەر دووک پڕۆژیەک بە یەک
مەبەست و ئامانج بوون، سەپاندنی هێژمۆنی و ڕەهایی نەتەوەیی فارس لە ژێرناوی ئێران
و فارس لەژێر ناوی شیعە، گەوهەری ئەم ئایدۆلۆژیانە ڕەهایی و تاک بوونی فارس بوو،
هەربۆیەش هیچ ئەوێکیتری سەربەخۆ لە شووناس و بووندا مەجالی بوون و دەرکەوتنی
پێنەدەدرا و دەبا لەناو چووبا. گرینگترەنی دیاردەی وێکچووی هەر دوو دەسەڵات
هێژمۆنی عەقڵی میلیتاریستی بوو، لە سەردەمی پەهەلویدا ئەڕتەش و ژاندەرمەری و لە
سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا سوپای پاسدارن.
ڕوانینێکی
ئەگزیستانسیالیستی بۆ فتوای خومەینی
لە
دەلاقەی ئەگزیستانسیالیسمدا، بوون پێشەنگە بەسەر شووناسدا، واتە مرۆڤ پێویستە
ئازادانە و سەربەخۆیان بڕیار لەسەر چلۆنایەتی بوونی خۆی بدات و شێواز و فۆڕمی بوون
هەڵبژێرێت، لەم دەلکاقەیەڕا فتوای خومەینی ڕێک دژ بە شەرعییەتی سەربەخۆ بڕیاردانی
کورد بۆ داڕشتنی فۆڕم و شێوازی بوونی خۆی بوو، خومەینی بەم فتوایە حەولی
بەدیهێنانی دوو ئامانجی ئەدا، یەکەم سڕینەوەی ئازادی و سەربەخۆیی بو داڕشتنی
بوونێکی کوردانەی سەربەخۆ و جیاواز، دووهەم داڕشتنی بوونێکی کوردانەی دەسکرد و
لەئاکامدا بوونێکی ملکەچ و گوێڕایەڵ. فتواکەی خومەینی بێگومان درێژەی ئێرانخوازی
ناوندە تەوەرە بوو کە لێکەوتەکەی هێژمۆنی ئێرانخوازی و شیعەخوازی و قوڵتر کردنەوەی
کێشە و قەیران لەبەردەم سوژەی کوردی بوو. بەڵام لەگەڵ گوشار و قەیرانەکانی
بەردەوام، بەربەرەکانی و بەرخۆدان لە کوردستان دەستی بەسەر ئیرادەی مەجالی
دەرخستنی ئازادانە و سەربەخۆیانەی بوونی کوردانە و خوڵقاندنی مانا و وێنایەکی
کوردانەی سەربخۆ داگرتەوە.
دوا
وتە:
فتوای
خومەینی لە ئاکامدا نەیتوانی لێکەوتەیەکی
جگە لە بڕیارێکی سیاسی سەر کاغەز لێبکەوێتەوە، بڕیارێکی کاغەزی کە حەولی دا لەسەر
کاغەز هێژمۆنی ئایینی و سیاسی ڕەهای ناوەند و فارس بە شێوەیەکی ڕەها لەڕیی بەپیرۆز
کردنی ئایدۆلۆژیک بچەسپێنێت، بەڵام
بەربەرەکانی کوردستان وەها بوونی کوردانە، سەربەخۆیانە و ئیرادەی پاراستنی نیستمان
و کوردستان وەک ماکرۆ بوونێک لەناو کورد و کوردستانا پەرەپێدا کە کورد و
کوردستانیان بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان گیانیان بەخت دەکەن و کوردستان بۆتە
گیانێکی مەزنتر لەگیانی تاکی کورد لای تاکی کورد.





