۱۳۹۹ اردیبهشت ۱۱, پنجشنبه

کۆمەڵناسی مێژوویی پۆپۆلیسم لە ڕۆژهەڵات


شاهۆ حوسێنی

پۆپۆلیسم وڵامێکی سادەوساکارە بەدۆخێکی قەیرانی، دۆخێکی کە هەڵکەوتەکانی هزری و زانستی ناتوانن لە کورت خایەن‌دا وڵامێک‌و ڕێگاچارەیەکی لۆژیکی و زانستی خێرای بۆ بدۆزنەوە. کەوابێ دەشێ بگوترێ لەبەرامبەر وڵامی لۆژیکی‌و زانستی‌دا پۆپۆلیسم وڵام‌گەلێکی سادەوساکار و ڕێگاچارەگەلێکی خێرا دەخاتە بەردەم کۆمەڵگا( دیارە سادە و ساکار بوون لزوومەن بەمانای گونجاو بوون و ئاکام بەخش بوون نیە). لەهەمان حاڵ دا بزاڤێکی دژە هەڵکەوتە، دژە زانست و پەرەپێ‌دەری دڵەڕاوکێ و دەمارگرژیە، بەهۆی ئەوەکە پۆپۆلیستەکان خاوەن هزر و ئەندێشەیەکی ڕادیکاڵ لەمەر زانستەکانی پێوەندی دار بەقەیرانەکان نین و زۆر ڕووتین و ڕواڵەتی ڕووبەڕووی قەیران و کێشەکان دەبنەوە، بۆیە کەشێکی ترسناک دەخوڵقێنن، لەڕاستی‌دا کۆمەلگا لە داهاتوو، بوون یان دوژمنێکی وەهمی دەترسێنن و بەو شێوەیە و بەو کەش ترساویە دەمارگرژی و پاوانخوازێتی دەخوڵقێنن.

پۆپۆلیسم لەهەمان حاڵ دا ڕوانگەیەکی ڕووتینی لە زەمان دایە، نەهیچ پێوەندێکی لۆژیکی لەگەڵ ڕابڕدوو هەیە و نەهیچ گەڵاڵەیەکی گونجاو بۆ داهاتوو، لەڕاستی دا پۆپۆلیسم دەلاقەیەکی ڕواڵەتی بۆ دیتن و شرۆڤەی ئێستایە.

پۆپۆلیسم ئەساسەن لەو کۆمەڵگا و زەمانانەدا پەرە دەستێنێت کە زانست خاوەنی هێژمۆنی نیە و لەبەرامبەردا ئایدۆلۆژێکان،ئایین و کلتووری ئایینی بەسەر کۆمەڵگا و شعووری کۆمەڵگادا هێژمۆنە، لەڕاستی دا ئایدۆلۆژێکان و یەک لەوان ئایینەکان بەهۆی ئەوەکە بۆ هەموو پرسیار و کێشەکانی مرۆڤ وڵام و ڕێگاچارەی سادەو ساکاریان هەیە و نیشانی دەدەن، دەتوانن زۆر زوو لەغیابی بەستێن و زەمینە بۆ پەرەی کلتووری زانست تەوەرە هێژمۆن بن. واتە دەشێ بگوترێ کە هەموو ئایدۆلۆژێکان چ‌ئایینی و چ‌غەیری ئایینی پەرە پێ دەری پۆپۆلیسمن. دیارە بەهەر ڕێژەیەک زانست‌و کلتووری زانستی پەرە بستێنێ بەهەمان ڕێژەش پۆپۆلیسم هێژمۆنی خۆی لەدەست‌دەدا، بۆیە پۆپۆلیسم دژە هەڵکەوتەیە، چوونکە هەڵکەوتەکان بەشێوەیەکی زانستی و لۆژیکی دەتوانن ڕوانگە و ئیدعای پۆپۆلیستەکان پووچەڵ بکەنەوە.

بەهەڵکەوت کۆمەڵگای کوردی یەک لەو کۆمەڵگایانەیە کە پۆپۆلیسم تیا هێژمۆن و بەهێزە. بەهۆی ئەوەکە کلتوور وعەقڵییەتی ئایدۆلۆژیک (وەک میراتی چەپی لێنینیستی) هێژمۆنی تەواو و ڕەهای هەیە بەسەر کۆمەڵگادا کە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەیکە بەشێکی یەکجار زۆر لەچالاکانی بوارەکانی سیاسی، کلتووری، کۆمەڵایەتی و هوونەری لە کوردستان سەر بە بەرەی چەپی لێنینسی بوون. چاو خشاندنێک بە شەقامی مەجازی و واقعی کۆمەڵگای کوردی‌دا دەریدەخات کە درووشم تەوەرەیی و ڕووتین تەوەرەیی وەک دوو دیاردەی وێرانکەر بۆ شرۆڤەی دۆخ و گەڵاڵەکردنی ڕێگاچارە لە غیابی کلتوور و عەقڵانییەتێکی زانست تەوەرەی پشت‌بەستوو بەفاکتی گونجاو و جێگای متمانەی زانستی چەندە هێژمۆنە. دەشێ بگوتری کە پۆپۆلیسم بە چەپی‌لێنینیستی بوو بە کلتوورێکی هێژمۆن لەناو کۆمەڵگای کوردی‌دا، ئایدۆلۆژی چەپی لێنینستی لەلایەک بە خوڵقاندنی ترس و دڵەڕاوکێ لە ئەندێشە و هزری لیبراڵ‌دێمۆکراسی بەپاساوی بەرهەمی بورژوازی، کاپیتالیستی و ئەمپریالیستی، بەریان بە پەرەی عەقلانییەتی دیمۆکراتیک، پلۆرالیزم و مۆدێڕنیتە گرت و لەلایەکی‌تر دەمارگرژیەکی رادیکاڵیان بەرهەم هێنا بەهۆی ئەوەکە خۆیان وەک تاقەبزاڤی‌شۆڕشگێر، تاقە‌بزاڤی راستەقینەی داکۆکاری مافی هەژاران، ژنان، چەوساوەکان و.....هتد پێناسە دەکرد. بەداخەوە ئەو دیاردانە ئێستاشی لەگەڵ بێ لەناو بزاڤی ناسیونالیستی‌کوردا هێژمۆنن، مۆنۆلگ بوون، زانست ستیزی و دەمارگرژی وەک  مێراتەکانی پۆپۆلیستی چەپ لە کوردستان.

۱۳۹۸ اسفند ۱۴, چهارشنبه

پێوەندی ئایین - دەسەڵات لە کوردستان


شاهۆ حوسێنی

پێشەکی:
گومان لەوەدانیە کە دەسەڵات بە مانای حکوومەت، حاکمییەتی دەوڵەت و یاساگەلێکی بنەرەتی بۆ مسۆگەرکردن و شەرعییەت دان بە حکوومەت نیە. واتە دەسەڵات بە مانای سەپاندنی ئیرادە و خواستی تاکەکەسی یان ڕێکخراوەیی بە سەر ئەوی‌تر دا نیە، ئەو دیاردانەی کە باسیان لێوە کراوە و زۆر جار بە هەڵە وەک دەسەڵات باسیان لێ‌دەکرێت، لەڕاستی‌دا دەرکەوتن و خۆ لەفۆرمی ڕواڵەت‌دا دیتنەوەی دەسەڵاتن.  دەسەڵات جۆرێک یان فۆرمێک پێوەندی نێوان مرۆڤەکان، کۆمەڵگا و کلتوورە کە لە هەناوی فۆرمی نا هاوسەنگ(هاوتەراز) و ناپایەداری پێوەندی‌ ڕا دەردەکەوێت. بەو مانایەی کە ناکرێ و درووست نیە باس لە ئانتۆلۆژی دەسەڵات بکرێ و دەسەڵات وەک بوونێکی ئابستراکت شرۆڤە بکرێت. کە وابێ باشترە لە جیات پرسیار لە ئانتۆلۆژی دەسەڵات، پرسیار لەوە بکرێت کە دەسەڵات چلۆن بەرهەم دێت و چلۆن بەکار دەبرێت.

 بەرهەم هاتنی دەسەڵات لە کۆمەلگای مۆدێڕن‌دا:
لە هەر شیونێک، فەزا یان کەشیک‌دا کە فۆرماسیونێک لە پێوەندی نێوان بوونەکان هەبێت، واتە بەستێنێک بە ناوی کۆمەڵگا( حەتتا لە سادەترین و ساکارترین فۆرم‌دا)کە لە باوەشی‌ ئەو ڕا بوونەوەری زیندوو لە پێوەندی لەگەڵ یەکتردا بژین و فۆرمێک لە نەزم و بڕیار بۆ پیکەوە ژیان، راپەڕاندنی ئەرک و تەعامول سەری هەڵدابێت، ئەوا دەسەڵات وەک ڕایەڵیکی نادیار و هارمۆنی بەخش بەو دیاردانە بوونی هەیە. کە وابێ پێویستە بۆ شرۆڤەی دەسەڵات ئەو میکانیسمانە شرۆڤە بکرێن کە کردەوەکانی دەسەڵات بەرهەم دێنن و بەهێزی دەکەن. دیارە لە کۆمەلگا مۆدێڕنەکان‌دا دەسەڵات لەپێوەندێکی نزیک و دانەبڕاو لەگەڵ زانست‌دا هەیە، واتە لە کۆمەلگای مۆدیڕن‌دا دیسیپلین و نەزم لە پێوەندیکی نزیک لەگەڵ زانست و دەسەڵات‌ دایە، بەجۆری کە نەزم لە کۆمەلگای مۆدێڕن‌دا لەرێگای بەکار بردنی زانست- دەسەڵات بەرهەم دیت. دیارە لەوەها کۆمەلگایەدا زانست و دەسەڵات لەناو بەستێنی دیسکۆرس‌دا یەک‌دەگرن و بەیەک دەگەن. لە کۆمەلگای مۆدیرن‌دا سیستمی ڕاهینان و بارهێنان دەوریکی گرینگی هەیە لە بەرهەم هێنانی زانست و بەو پێیەش دەسەڵات.
 بەرهەم هاتنی دەسەڵات لە کوردستان‌:
بە حوکمی وەیکە کۆمەڵگای کوردی بەستێنێک، کەشیک یان کۆمەلگایەکە کە مرۆڤەکان لەودا لە پێوەندی‌و تەعامول‌دان، واتە فۆرمێک لە پێوەندی و موناسابت بۆ هاوکاری، تەعامول و ڕاپەڕاندنی ئەرکەکان بوونی هەیە، کە وابێ دەسەڵاتیش بوونی هەیە. بەڵام بەپێجەوانەی کۆمەڵگای مۆدیڕن کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگایەکی نەریتیە بۆیەش لە جیات زانست، ئایین دەورێکی بەرچاوی لە بەرهەم هانتی دەسەڵات هەیە و بەو پێیەش دەسەڵات دەورێکی بەهێزی لە پەرە و هێژمۆنی ئایین‌دا هەیە.
دەشێ بگوترێ کە ئەگەر لە کۆمەڵگای مۆدێڕن‌دا پێوەندی زانست و دەسەڵات بەشێوەیەکی دیالێکتیکی دەبێتە هۆی هێژمۆنی، پەرە و بەهێز بوونی زانست( پاشەکشەی ئایینی) لەلایەک و دەسەڵات لەلایەکی‌تر، ئەوا لە کۆمەڵگای نەریتی کوردستان‌دا پێوەندی ئایین و دەسەڵات بۆتە هۆی هێژمۆنی، پەرە و بەهێز بوونی ئایین(پاشەکشەی زانست) لەلایەک و دەسەڵات لەلایەکی‌تر. لە هەمان‌ کاتیش‌دا ئەگەر زانست و دەسەڵات لە کۆمەڵگای مۆدێڕن‌دا لەناو بەستێن و باوەشی دیسکۆرس‌دا بەیەک دەگەن و دەردەکەون، ئەوا لە کۆمەڵگای کوردستان‌دا ئایین و دەسەڵات لە باوەشی ئایدۆلۆژی‌دا بەیەک دەگەن و دەردەکەون.
 ئەگەر زانکۆکان و ناوەندە زانستێکان تەوەرە و مەکۆی سەرەکی بەرهەم هاتنی زانست و بەو پێیەش دەسەڵاتن، ئەوا لە کوردستان مزگەوتەکان، حوجرەکان و خوێندنگە ئایینێکان ناوەندی بەرهەم هاتنی دەرکەوتە ئایینێکان(ئایدۆلۆژی ئایینی)ن، حەتتا زانکۆکانیش لە کوردستان زۆر جار لەجیات زانست، عەقلییەت و کلتووری ئایینیان بەهێزتر کردوە. دیارەمیدیاش وەک نێوندگیر و دیاردەیەکی نێونجیکەر ئەرکی ڕاگوێستن و سۆسیالیزکردنی زانست لە کۆمەڵگای مۆدێڕن و ئایینی لە کۆمەڵگای کوردستان لەسەر شان بوە.
ئەگەر لە کۆکۆمەلگای مۆدێڕن‌دا دەسەڵات حەولی بەهێزکردنی زانست دەدا، ئەوا لە کوردستان بەردەوام دەسەڵات حەولی بەهێزکردن و پاراستنی فۆرمێک لە ئایین‌دەدا بە دوو هۆکار: یەکەم لەبەر ئەوەکە خۆی بەرهەمی عەقڵییەت و کلتووری ئایینیە، دووهەم بۆ دژایەتی و ڕووبەڕوو بوونەوەی جیهادیسم لە کوردستان.
گرینگ نیە کە هەڵگرانی دەسەڵات لە کوردستان چەندە فۆرمێکی ڕواڵەتی ناسیونالیستی، چەپی و شێوە ڕووناکبیری بەخۆیانەوە دەگرن، یان ئایینیکان چەندە فۆرمی ناسیونالیستی و شێوە‌ ڕووناکبیری بەخۆیانەوە دەگرن، گرینگ ئەوەیە  ئایینی ئایدۆلۆژیک وەک ئێپیستمە مەعریفەی بنەماییە بۆ ڕوانین، شرۆڤە و کردوە.

۱۳۹۸ بهمن ۲۳, چهارشنبه

قسە و باسێکی کوورت لەگەڵ کاناڵی ئاسمانی ڕووداو:

 

کۆماری ئیسلامی چل و یەک ساڵ پاش شۆرشی گەلانی ئێران، لەو وتووێژەدائاماژەم بەو خاڵانە کردوە:

۱- شۆرشی گەلانی ئێران و کۆماری ئیسلامی دوو دەرکەوتەی جیاوازان.

۲- کۆماری ئیسلامی(واتە ئاخوندیسم بە مانای خوێندنەوەیەکی تایبەتی ئاخووندی) شۆرشی گەلانی ئێرانی پاوان کردوە.

۳- کۆماری ئیسلامی ئەگەر پێی وایە کە ساحیبی ئەسڵی شۆرشی گەلانی ئێرانە بۆچی ڕێگە نادات بۆ بەڕێوە چوونی ڕێفراندومێکی ئازاد لەژێر چاوەدێری ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان.

۳- بەشداری نەکردنی کورد لە ڕێفراندۆمی خاکەلێوەی ساڵی ٥۸ و تەحریمی ئەو هەڵبژاردنە ڕوانگەیەکی واقع بینانە و نیشان دەری شعووری بەرزی سیاسی کورد و ئۆپۆزیسیونی کوردی بوو.




۱۳۹۸ بهمن ۱۹, شنبه

"زەروورەتی بە ئەمری(خواستی) سیاسی‌دا چوونەوە"


شاهۆ حوسێنی

شانتاڵ مۆفە لە کتێبی "بازگشت امر سیاسی" دا حەول دەدات جیهانی پڕ لەقەیران و کێشەی پاش ڕووخانی یەکێتی سۆڤییەت و دووجەمسەری کە بە چاخی ئایدۆلۆژیک ناسرابوو پێناسەبکات. جیهانێک کە بەپێچەوانەی بۆچوونی فۆکۆیاما لە کتێبی "پایان تاریخ"دا نەتەنیا بەسەرکەوتنی لیبڕاڵ دێمۆکراسی کۆتایی نەهات، کە لەناو لیبڕاڵ دێمۆکراسێکان ڕا پۆپۆلیسمی ڕاستی بناژوێخواز جارێکی تر سەری هەڵدایە و جیهان زۆر زیاتر لەسەردەمی جیهانی دوو جەمسەری ئەمرۆکە شاهیدی پەرەی نەتەوەخوازی فۆندامێنتاڵ، فۆندامێنالیزمی ئایینی، و شەڕی ئایدۆلۆژیکە. جیهانێک کە جارێ هیچ ئاسۆیەکی سیاسی ڕوونی ناکرێ بۆ لەبەرچاو بگیرێت.

سیاسەت لەڕوانگەی مۆفەدا بەستێنی دەرکەوتنی جەمسەرە دژبەرەکانە کە مەجالی دەرکەوتنی ئازادی، هێژمۆنی و ڕژێمە حەقێقێکان دەرەخسێنیت، لەڕاستی‌دا مۆفە جەمسەرە دژ بەرەکان بە هەڕەشە نابینێت، بەڵکە ئەوی بە تایبەت مەندی سیاسەت پیناسە دەکات، مۆفە حەول دەدا تا غەیرییەتەکانی کە وەک دوژمن پێناسە دەکرێن بخزێنێتە ناو گوتاری دێمۆکراتیک و بە ڕکابەر پیناسەیان دەکات.

مۆفە ڕەخنە لەو بیرمەندانە دەگرێت کە حەول دەدەن سیاسەتی دێمۆکراتیک لەهەناوی لیبرالیسم و گوتاری هێژمۆنی لیبرالیستی ڕا شرۆڤە بکەن. بەباوەڕی مۆفە خاڵی بنەڕەتی کێشە، ئەمری سیاسیە کە خاوەنی دوو تایبەت مەندی دەسەڵات و ئانتاگونیسم واتە کێشەیە. ئەو تایبەت مەندیانەی کە پێویستە ببنە تەوەرە و ناوەندی سیاسەتی دێمۆکراتیک، بەجۆرێ کە غافڵ بوون لەو تایبەت مەندیانە و پاوان کردنی ئەمری سیاسی جگە لە سەرکووتی سیاسی و خوڵقاندنی بەستێن بۆ کێشە و قەیرانی بەربڵاوتر هیچ دەست کەوتێکی تری نیە. بۆیە مۆفە لەسەر ئەو باوەڕەیە کە خواستی سەرەکی و بنەڕەتی بەرهەم هێنانی نیزامێکی دێمۆکراتیکی پلۆرالە لەسەر ئەساسی مەحاڵ بوونی لەناو بردن و سڕینەوەی ئانتاگونیسم یان کێشە.

کورد پێوویستە جارێکی تر بگەڕێتەوە بۆ ئەمری سیاسی و بە ئەمری سیاسی دا بچێتەوە، بە لەبەر چاوگرتنی ئەوەیکە ئانتاگونیسم بەشێکی گرینگ و دانەبڕاو لە ئەمری سیاسیە و پێویستە بەستێنی دەرکەوتنی بۆ بڕەخسێت نە ئەوەیکە سەرکووت بکرێت. مێژووی دیکاتاتۆڕەکان نیشانی داوە هەرجۆرە حەولێک بۆ ئانتاگونیسم ‌سڕینەوە لە سیاسەت و ئەمری سیاسی ڕەخساندنی بەستێن بۆ درێژە و قوڵتر بوونەوەی قەیرانە.  هەرجۆرە حەول بۆ سەرپۆش و سەرکووتی ئانتاگونیسم، حەول بۆ یەکپارچە و یەک دەست کردنی خواستی سیاسی بەستێنی کێشە و قەیرانی قووڵ لە داهاتوودا دەڕەخسێنێت. کلتوور، عەقڵییەت و وەهمی شۆڕشگێری لێنینستی پێویستە وەلا بندرێت و کۆمەڵگا بە هەموو ڕوانگە و فۆرماسیونە مەعریفەجیاوازەکانەوە لەناو گوتاری‌دیمۆکراتیک‌دا ڕێک بخرێت وەک نەزمێک لە پلۆرالیزم دا. هەرجۆرە دابڕاندنی بۆچوونی جیاواز و حەول بۆ سڕینەوە و سەرکووتی ئەو خەسارێکی گەوەرەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجی نەتەوەیی.

۱۳۹۸ بهمن ۱۸, جمعه

پێوەندی نێوان فەلسەفە و پرسی سیاسی


)دەوری فەلسەفە لە ڕووادوە سیاسێکان دا چیە؟(

شاهۆ حوسێنی

بەدرێژایی مێژوو لەنێوان دەسەڵات(لە مانا ڕۆژهەڵاتێکەی دا کە بە مانای سەروەری، هێژمۆنی و حوکم کردنی بێ ڕکابەڕە) و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و داهێنەرانەدا مەودایەکی قوڵ هەبوە و هەیە. بەجۆرێ کە بە هۆی باوەڕی دەسەڵات (لە ڕوانگە ئۆرتۆدۆکسێکەی دا) بە بەردەوامی و تاک بوونی کە تەواو دژ بە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و داهێنەرانەیە(بەهۆی باوەڕی بە سەیروورەت و ڕێژەیی بوونی) ئەوا هیچ خاڵێکی هاوبەش بۆ وێک هەڵکردن لەنێوانیان دا نیە. ئا لێرەڕا دیالێکتیکی زانست ستیزی، ئەندێشە ستیزی و ڕووناکبیر ستیزی دەست پێ دەکات. وەها دەسەڵاتێک تەنیا فۆرماسیونێکی هزری و تەنیا دیسیپلینێکی کە بەفەرمی دەناسێت، باوەڕ بە ڕەها بوونی خۆی و ئەو نەزەمیە کە لەسەر بنەمای ئەو باوەڕە بۆ پاراستنی ئەو و  هێژمۆن تر کردنی ئەو بەرهەم هاتوە. بۆیە لەنێوان ئەندامان و لایەنگرانی وەها دەسەڵاتێک لەگەڵ حەقیقەت کەلێن و مەودایەکی قوڵ هەیە. لەوەها دۆخێک دایە کە فەلسەفە دێتە گۆڕەپان و وەک چرایەک ڕووناکی دەخاتە سەر ئەو کەلێن و مەودایە و دەبێتە ڕوونکەرەوەی مەودای نێوان دەسەڵات و حەقیقەت. لەغیابی فەلسەف دا کەلێنەکان و مەوداکان تاریک و نادیار دەمێننەوە و سنوورەکان وەدەر ناکەون، بۆیەش هیچ ئاڵوگۆڕیەک ڕوو نادات و کۆمەڵگەکان دەگنخێن.

ئەرکی فەلسەفە خەبات و بەربەرەکانیە لەگەڵ ئەو فۆرماسیونە سیاسیەی کە حەولی سوژە سڕینەوە دەدات، چون ئەرکی فەلسفە ڕەخساندنی بەستێن بۆ پشکوتن و پەرەی سوبژەیە. لەڕاستی‌دا فەلەسەفە بەستێنە مەعرێفیکانی دەرکەوتنی سوژە لەبەستێنی سیاسی‌دا دەڕەخسێنێت. بە کورتی بەلای منەوە ئەرکی فەلسەفە ڕەخساندنی بەستێنی نەزەری و مەعریفی بۆ دەرکەوتنی سوژە سەربەخۆکانە، بەستێنیکی نەزەری و مەعریفی وەک فۆرماسیونێک کە لەچوارچێوەی ئەودا سوبژەکان مەجال و توانای خۆ پیناسەکردنیان بۆ دەڕەخسێت. واتە فلەسەفە تیشک دەخاتە سەر مەودا و کەلێنیک کە لایەکی دەسەڵاتی پاوانخواز و سەڕەڕۆ ڕاوەستاوە کە حەول بۆ سوژەسڕینەوە و ئۆبژە پەروەری دەدات و لەلایەکی‌تری دەسەڵاتی دیمۆکراتیک ڕاوەستاوە کە بەپشتیوانی فەلسەفە حەولی پاراستنی پلۆرالیزمی بوونەکان دەدات.

۱۳۹۸ آذر ۲۳, شنبه

ڕه‌چه‌ڵه‌كناسی ئاڵوگۆڕی سیاسی له‌ ئێران


 (ئاڵوگۆڕ له‌ ئێران ڕێفۆرم یا شۆڕش)

شاهۆ حوسینی

پێشه‌كی:

حاكمبوونی ده‌سه‌ڵاتێكی دیكتاتۆر و پاوانخواز له‌ ئێران، وڵاته‌كه‌ی له‌ به‌رده‌م ناڕه‌زایه‌تی، كارابوونی قه‌ڵشی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری و سیاسی، داناوه‌ و هه‌ر ئه‌و دیاردانه‌ به‌ستێن و بنه‌مای ئاڵوگۆڕن له‌ ئێران. واته‌ به‌هۆی شوناسی دیكتاتۆری حكوومه‌ت له‌ ئێران، هه‌بوونی كێشه‌، ته‌نگژه‌ و پێویستیی ئاڵوگۆڕ، به‌شێك له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌ گه‌وهه‌رییه‌كانی ئه‌و حكوومه‌ته‌ن.

بێگومان شێوازی ئاڵوگۆڕ له‌ هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا له‌ژێر كارتێكه‌ری كولتووری سیاسیدایه‌، واته‌ شێوازه‌كانی ئاڵوگۆڕی به‌رهه‌می كولتووری سیاسیی حاكم به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌دایه‌. كولتووری سیاسی به‌گشتی له‌سه‌ر بنه‌مای سێ توخم به‌رهه‌م دێت:

ئەلف- به‌های سیاسی، به‌ مانای ئه‌و نۆرمانه‌ی ئامانجی ڕێكخستنی سیاسی و كرده‌وه‌ی نیزامی سیاسیین.

ب- ئاراسته‌ی سیاسی، به‌ مانای لایه‌نگری و ئاراسته‌ی كرده‌وه‌ی سیاسیی تاكه‌كان ڕوو له‌ پرۆسه‌یه‌كی سیاسی.

ج- كرده‌وه‌ی سیاسی، به‌ مانای شێوازی هێنانه‌ رواڵه‌تی به‌ها و ئاراسته‌ سیاسییه‌كان له‌لایه‌ن تاكه‌كانه‌وه‌.

گرنگیی شرۆڤه‌ی كولتووری سیاسی هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت كه‌ دیاریكه‌ر و فۆرمده‌ره‌ به‌ كرده‌وه‌ و ئه‌كتی سیاسیی تاكه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌یه‌، واته‌ كولتووری سیاسی ئاراسته‌ و شوێنی كرده‌وه‌ی سیاسیی تاك و كۆمه‌ڵگه‌ دیاری ده‌كات و به‌ شرۆڤه‌ی كولتووری سیاسی، ده‌شێ ئاراسته‌ و مه‌به‌ستی كرده‌وه‌ی سیاسی تاك و كۆمه‌ڵگه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ڕێژه‌یی دیاری بكرێت.

بێگومان گرنگیی كولتووری سیاسی ته‌نیا له‌ دیاریكردنی ئاست و شێوه‌ی شوێندانانی له‌سه‌ر كرده‌وه‌ و ئاراسته‌ی كرده‌وه‌ی سیاسیی تاك و كۆمه‌ڵگه‌ به‌ ته‌نیا نییه‌، به‌ڵكو كولتووری سیاسی نیشانده‌ری ڕێژه‌ و چۆنیه‌تیی ڕوانین و بیركردنه‌وه‌ی تاك و كۆمه‌ڵگه‌ له‌مه‌ڕ حاكمییه‌ته‌، واته‌ ده‌رخه‌ری ڕوانگه‌ی تاك و كۆمه‌ڵگه‌ له‌مه‌ڕ جۆر و شێوازی كاركردنی ده‌سه‌ڵاته‌ .  



كولتووری سیاسی:

ئه‌و به‌شه‌ له‌ كولتووری هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه‌ كه‌ تیشك‌ ده‌خاته‌ سه‌ر كایه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ناو هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا، راستییه‌كه‌ی چه‌مكی كولتووری سیاسی له‌خۆگری ئه‌و ڕه‌هه‌نده‌ له‌ كولتووری كۆمه‌ڵگه‌یه‌ كه‌ ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ چه‌مكه‌كانی سیاسی له‌ پێوه‌ندیدایه‌، واته‌ كولتووری سیاسی له‌خۆگری ڕه‌هه‌نده‌كانی سیاسی كولتووره‌. بێگومان سه‌رهه‌ڵدان و په‌ره‌ی هه‌ر گوتارێكی سیاسی له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا، پێوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی له‌گه‌ڵ كولتووری سیاسیی كۆمه‌ڵگه‌ هه‌یه‌.

راستییه‌كه‌ی كولتووری سیاسی پێوه‌ندی نێوان هه‌ڵسوكه‌وتی تاك و كۆمه‌ڵگه‌ و به‌رده‌وامی كرده‌وه‌ی رژێمی سیاسییه‌. ئه‌گه‌رچی بۆچوونگه‌لی جواروجۆر و جیاواز له‌مه‌ر كولتووری سیاسی هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌، به‌ڵام كاكڵه‌ و بنه‌ڕه‌تی هه‌موو بۆچوونه‌كان باسی پێوه‌ندی نێوان كارتێكه‌ری دوولایه‌نه‌ی كولتووری تاك و كولتووری حكوومین كه‌ ئاكامی وێكهه‌ڵكردنی ئه‌و كولتوورانه‌ سیاسییه‌ و كار ده‌كاته‌ سه‌ر سیستمی سیاسی.

به‌ كورتی، ده‌شێ بگوترێ كولتووری سیاسی به‌ كۆگشتییه‌ك له‌ روانگه‌، باوه‌ڕ و هه‌ستی زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ به‌رانبه‌ر به‌ سیاسه‌ت، حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵات ده‌گوترێت. واته‌ بنه‌مای هزری و ڕوانگه‌یی تاك و كۆمه‌ڵگه‌ له‌مه‌ڕ كرده‌وه‌ی سیستمی سیاسیی حاكم به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌دا.

كولتووری سیاسی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك هه‌ڵقوڵاوی تێگه‌یشتنی زه‌ینی تاك له‌ ڕه‌هه‌نده‌ سیاسییه‌كانی به‌رهه‌می مێژووی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌زموونه‌كانی ڕابردووی كۆمه‌ڵگه‌یه‌.



كولتووری سیاسی و ئاڵوگۆڕی سیاسییه‌كان:

خاوه‌ن بۆچوونه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن كه‌ كولتووری سیاسی به‌ستێن و بنه‌مای هه‌موو پێكهاته‌ و فۆرماسیۆنه‌ سیاسییه‌كانه‌، به‌ جۆرێك پێوندی نێوان كولتووری سیاسی و فۆرماسیۆنه‌ سیاسییه‌كان، نالوێ لێك‌ جیا بكرێنه‌وه‌. بۆیه‌ هه‌ر پێكهاته‌یه‌كی سیاسی بۆ به‌رده‌وامی و مانه‌وه‌ی خۆی، پێویستی به‌ په‌ره‌دان به‌ كولتوورێكی سیاسی هه‌یه‌ و هه‌ر ئه‌و كولتووره‌ی له‌لایه‌ن سیستمی سیاسیشه‌وه‌ به‌رهه‌م دێت وه‌ك تێز له‌ هه‌ناوی خۆیدا بواری به‌رهه‌مهاتن بۆ كولتوورێكی سیاسیی ڕه‌خنه‌گر (له‌ كۆمه‌ڵگه‌ دیموكراتییه‌كان) و كولتوورێكی سیاسیی دژبه‌ر (له‌ كۆمه‌ڵگه‌ دیكتاتۆره‌كان) وه‌ك ئانتی تێز ده‌ڕه‌خسێنن. به‌ واتایه‌كی تر، هه‌ر جۆره‌ ئاڵوگۆڕییه‌ك له‌ سیستمی سیاسی و حكوومه‌تدا ده‌روه‌سته‌ به‌ ئاڵوگۆڕ له‌ كولتووری سیاسیدا.



راستییه‌كه‌ی پێوه‌ندیی نێوان كولتووری سیاسی و ئاڵوگۆڕی سیاسی له‌وه‌دایه‌ كه‌ كولتووری سیاسی وه‌ك به‌ستێنی تیۆری و زه‌ینی كرده‌وه‌ی سیاسی فۆرم و چوارچێوه‌ ده‌دات به‌ كرده‌ و ئاراسته‌ی كرده‌ی تاك له‌ به‌رانبه‌ر حكوومه‌تدا. حكوومه‌تێك كه‌ له‌ خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندیی تاكدایه‌ و په‌ره‌ پێده‌ری كولتووری سیاسیی به‌شدارانه‌یه‌، به‌ستێنه‌كانی ئاگایی ڕاسته‌قینه‌ بۆ تاك و كۆمه‌ڵگه‌ ده‌خوڵقێنێت، ڕوانگه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ به‌ ره‌وا ده‌زانێت، كۆمه‌ڵگه‌ به‌ پێشه‌نگ ده‌ناسێت و گرنگی به‌ ره‌خنه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌دات و ئاراسته‌ی حكوومه‌ت هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ روانگه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌، ئه‌وا ئاڵوگۆڕی به‌شێوه‌ی دیموكراتی واته‌ ده‌ست به‌ ده‌ستبوونی ده‌سه‌ڵات له‌ڕێی سندووقه‌كانی ده‌نگدانه‌وه‌ روو ده‌دات.

به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌دا كه‌ حكوومه‌ت هه‌وڵی به‌رهه‌مهێنانی كولتوورێكی سیاسیی ملكه‌چانه‌ و گوێڕایه‌ڵ ده‌دات، كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌ تاكی ملكه‌چ و گوێڕایه‌ڵی حكوومه‌ت به‌رهه‌م بهێنێت، حكوومه‌تێك كه‌ هیچ گرنگییه‌ك به‌ خواست و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی كۆمه‌ڵگه‌ نادات و روانگه‌ جیاوازه‌كانی تاك به‌ فه‌رمی ناناسێت، ئاوا ئاڵوگۆڕی به‌شێوه‌ی هه‌وڵ بۆ ڕووخاندنی ده‌سه‌ڵاتی حاكم دێته‌ ئاراوه‌.

هه‌ڵبه‌ت ئه‌و هه‌وڵه‌ یان به‌شێوه‌یه‌كی ڕێفۆرمیستی هه‌وڵی وه‌لانانی ده‌سه‌ڵاتی حاكم و جێگیركردنی ده‌سه‌ڵاتێكی نوێ ده‌دات، یاخۆ به‌شیوه‌ی شۆڕش كه‌ هه‌ڵبه‌ته‌ هه‌ر كام له‌و شێوازانه‌ به‌رهه‌می دۆخ و پێشهاتی كاریگه‌رن.



ئاڵوگۆڕی سیاسی له‌ ئێران:

بێگومان هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر به‌رهه‌می چینه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌. دیاره‌ كاتێك باس له‌ چینی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كرێت، له‌ هه‌ناوی خۆیدا ڕوانگه‌یه‌كی هزری و مه‌عریفی و تایبه‌تمه‌ندی ئابووری له‌گه‌ڵدایه‌، واته‌ به‌ ڕێژه‌یه‌كی زۆر هه‌ر چینێكی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌خۆگری سێكوچكه‌ی پێگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی، ڕوانگه‌یه‌كی زه‌ینی و پێگه‌یه‌كی ئابوورییه‌، وه‌ك داهات كه‌ ئه‌و له‌ چینه‌كانی تری كۆمه‌ڵگه‌ جیا ده‌كاته‌وه‌. ماركس یه‌كه‌م كه‌س بوو به‌شێوه‌ی زانستی باسی له‌ رۆڵ و نه‌قشی چینه‌كان كرد له‌ ئاڵوگۆڕێ كۆمه‌ڵایه‌تیدا.

ئه‌و به‌ دابه‌شكردنی كۆمه‌ڵگه‌ به‌ زۆرینه‌ی پڕۆلیتار و كه‌مینه‌ی بۆرژوا له‌ڕووی سێ تایبه‌تمه‌ندی پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی-سیاسی، زه‌ینی و ئابووری، به‌شێوه‌یه‌كی زانستی به‌ستێن و هۆكاره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئاڵوگۆڕی له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا شی كرده‌وه‌. واته‌ هه‌م كۆمه‌ڵناسی و هه‌م ڕه‌چه‌ڵه‌كناسی ئاڵوگۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌كانی شی كرده‌وه‌.

كۆمه‌ڵناسی سیاسی وه‌ك ڕشته‌یه‌كی زانستی كه‌ له‌ سنووری نێوان سیاسه‌ت و كۆمه‌ڵناسیدا جێی‌ گرتووه‌، باس له‌ ده‌ور و جۆری پێوه‌ندی چین و گرووپه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات و رۆڵ و نه‌قشیان له‌ ئاڵوگۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌كان ده‌كات.

بۆ وێنه‌: ماركس به‌هۆی هه‌ژاری و چه‌وساوه‌یی چینی پرۆلیتار كه‌ به‌رهه‌مهێنی پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی جیاواز له‌ بۆرژوایه‌ بۆ ئه‌و، له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یه‌ كه‌ خاوه‌نی توخم و بنه‌مای شۆڕشگێڕییه‌، یان چینی بۆرژوا به‌هۆی سه‌روه‌ت و سامانی زۆر، پێگه‌ی به‌رزی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی له‌ بنچینه‌وه‌ چینێكی كۆنسێرڤات و دژه‌ شۆڕشه‌ .

هاتنه‌ سه‌ركاری ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی وه‌ك ده‌سه‌ڵاتێك كه‌ به‌رهه‌می ڕێككه‌وتووی چینی مامناوه‌ندی به‌ره‌و خوار (ئاخوند) و چینی هه‌ژاری كۆمه‌ڵگه‌ بوو، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌خۆگری عه‌قڵی شۆڕشگێڕانه‌ و دژه‌ بۆرژوازی بوو، واته‌ هه‌م چینێكی هه‌ڵگری تایبه‌تمه‌ندی شۆڕشگێرانه‌ بوو، هه‌میش دژبه‌ری چینی سه‌رمایه‌دار و مامناوه‌ندی بوو. بۆیه‌ له‌گه‌ڵ هاتنه‌ سه‌ركاری له‌ ته‌نیشت پاوانخوازی ده‌سه‌ڵات، به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاوتر ده‌ستی كرد به‌ پاوانكردنی سه‌روه‌ت و سامانی چینی مامناوه‌ندی و به‌گشتی هه‌مووی خسته‌ ژێرباڵی ده‌سه‌ڵاتی خۆی و به‌ ده‌وڵه‌تی كردن.

ئه‌و ڕه‌وته‌ كه‌ حكوومه‌ت باڵی به‌سه‌ر هه‌موو ره‌هه‌نده‌كانی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، كولتووری و ئابووریدا كێشا، له‌ ئاستی سیاسیدا به‌رهه‌مهێنی حكوومه‌تێكی دیكتاتۆری بوو، له‌ ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تیدا سنووری چینه‌كانی تێكدا و چینی مامناوه‌ندی نیوه‌ سه‌ربه‌خۆی سه‌رده‌می حه‌مه‌ڕه‌زای په‌هله‌وه‌ له‌ناو برد، به‌ جۆرێك هه‌موو چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ده‌روه‌ست به‌خۆی كرد و له‌ ئاستی ئابووریدا به‌رهه‌مهێنی ئابوورییه‌كی ده‌وڵه‌تی و ناسه‌ربه‌خۆ بوو. ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ راستییه‌كه‌ی هه‌م به‌رهه‌می عه‌قڵی شۆڕشگێڕانه‌ بوون و هه‌میش عه‌قڵی شۆڕشگێڕانه‌ی له‌ هه‌ناوی خۆیدا وه‌ك دژبه‌ر و ئانتی‌ تێز به‌رهه‌م هێنایه‌وه‌.

حكوومه‌تی كۆماری ئیسلامی به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌موو ده‌رگه‌كانی سیاسه‌تی پاوان كردووه‌، سنووری چینه‌كانی شێواندووه‌، به‌ جۆرێ چینی مامناوه‌ندی كه‌ له‌خۆگری عه‌قڵێكی سیاسیی رێفۆرمخواز و دیموكراتییه‌ و له‌ ئاستی ئابووریدا به‌رهه‌مهێنی ئابوورییه‌كی پێشكه‌وتوو و سه‌ربه‌خۆ و جیا له‌ ده‌وڵه‌ته‌، له‌ناوی بردووه‌ و له‌جیاتی ئه‌و چینێكی سه‌رمایه‌داری حكوومی كه‌ نه‌ به‌رهه‌مهێنن و نه‌ خاوه‌نی فۆرمی زه‌ینی چینی مامناوه‌ندین، به‌ڵكو ڕانتخۆر و لۆمپه‌ن و له‌ خزمه‌ت ماشێنی سه‌ركوت و پاوانخوازێتی حكوومه‌تدا، به‌رهه‌م هێناوه‌.



له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و چینه‌ سه‌رمایه‌داره‌ حكوومییه‌، زۆرینه‌یه‌كی هه‌ژار و نه‌دار له‌سه‌ر لێواری قه‌ڵشێكی ئه‌كتیڤی سیاسیی قه‌راری گرتووه‌ كه‌ هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی عه‌قڵێك و كولتووریكی سیاسیی شۆڕشگێڕانه‌ی تێدایه‌.

به‌ واتایه‌كی تر، حكوومه‌تی كۆماری ئیسلامی هه‌موو به‌ستێنه‌ سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌كانی رێفۆرمیستی له‌ ئێران له‌ناو بردووه‌ /لێره‌ مه‌به‌ست له‌ رێفۆرمیست ڕه‌وتێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، هزری و سیاسیی سه‌ربه‌خۆ و جیا له‌ حكوومه‌ته‌ و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك مه‌به‌ست رێفۆمخوازانی ناو حكوومه‌تی ئێران نییه‌/، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ درێژه‌كێشانی ئه‌و ره‌وته‌ هه‌ر جۆره‌ ئاڵوگۆڕییه‌ك له‌ ئێران، زۆرتر له‌وه‌ ده‌چێت به‌شێوه‌ی شۆڕش بێت.
سەرچاوە: http://wishe.net/detailsWtar.aspx?NusarID=97&Jmare=1446&fbclid=IwAR2iyAAscYYrkVCmUAPtoFrBFBZFPxRH8sWxMe1xBT19riho73zSYrgft3A

۱۳۹۸ آذر ۹, شنبه

پرۆبلماتیزە کردنی شەهید


شاهۆ حوسێنی
شەهید وەک بوونێکی لە زەمان و لە مەکان‌دا نەک لە دەلاقەی حزووری جەستەیی کە وەک حزووریکی مەعریفی و فۆرمیکی  لەبوونی ئامانج‌دار و ئاگا لە ناو ئێمەی کوردا غایبە، شەهید لەناو ئێمەی کوردا بە مانای غیابی فۆرمیکی جەستەیی کەسەربار لەناو جەغزی جەستەدا قەتیس ماوە و دەرناچێت و ناتوانێ فۆرمیکی سەربەخۆ لە جەستە بەخۆیەوە بگرێت، بۆیەش لەناو ئیمەی کوردا بە هۆی غیابی ئێپیستمەیەکی نەتەوەیی مۆدێرنی سوژە تەوەرە، جەستە کە نەما هێز و ‌هێژمۆنی سەیروورەتی لە فۆرمیکی تریشدا نامێنێت، ئەوە لە کاتێک‌دایە کە مرۆڤ وەک فۆرمێک لە بوونی جەستەیی لە پاش نەمانی جەستە دەتوانێ لە سەیروورەتی بوون‌دا لە فۆرمی بوونیکی تردا درێژە بە کارتێکەری و مانی بدات لە خزمەت بە بەرژەوەندی کۆمەڵگاکەی و نەتەوەکەی. بیرمەندێک لە فۆرمی ئەندێشە و فەلسەفەیەک‌دا درێژە بە مان و خزمەت دەدا، ڕێبەرێکی کاریزماتیک لە فۆرمی جۆرێک لە کردە و ئەکتی نەتەوە تەوەرەدا وەک میرات کە لەپاش خۆی بەجێی دێڵێت درێژە بە مان دەدات. بە هەمان شیوەش شەهید وەک فۆرمێک کە بەرهەم هێنی چوارچیوەیەک لە بوون بە مانای ڕوڵەی نەتەوە، خۆبەخشی ئاگا و داڕشتنی نەقشە ڕێگایەک بۆ سەرفەرازی و بەرخۆدان لەپاش نەمانی جەستەش دەتوانێ درێژە بە مان و سەیروورەت بدات.
ئێمەی کورد لە غیابی عەقلییەت و گوتارێکی نەتەوەیی گشتگیر هیچ‌کات نەمانتوانیوە کێشەکانمان، دەسکەوتەکانمان و یەک لەوان شەهید پرۆبلماتیزە بکەین، واتە فۆرمێکی مەعریفی و نەتەوەیی پێ ببخەشین کە ڕیک‌خەر و هارمۆنی بەخشی جموجۆڵەکانی شەقامی کۆمەڵگا بێت. کورد بە بەردەوامی لە چل ساڵەی عومری کۆماری ئیسلامی‌دا بەدژ دیکتاتۆرییەت و بۆ ئازادی شەهیدی داوە بەڵام شەهیدەکان لە خزمەت بۆنە حیزبێکان دا قەیتس ماون و حیزبایەتی سنووری کردەی بنەماڵە و کۆمەڵگای خاوەنی شەهیدی سنووردار کردۆتەوە، ئەوەش دەگرێتەوە بۆ سنووردار کردنی سنووری کردە و ئەکتی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی سیاسی لەلایەن حیزبەکانەوە، لەناو کۆمەلگای کوردی‌دا هەمووشتێک بە پێوانەی حیزبی دەپوێرێت، نەتەوەیی بوون، کوردایەتی، جاشایەتی، خیانەت و دەروەست بوون.
ئەگەر ئێمە نەتوانین وەک کورد کێشە و بوونەکانمان لەناو بەستێنی نەتەوەیی و لەخزمەت بەرژەوەندی نەتەوەیی‌دا پرۆبلماتیزە بکەین، ئەوا نەک سەدەی بیست و یەک کە دەیان سەدەی تریش نەک هەر لەسەر جێگای خۆمان کە لەپاشەکشەی زیاتر داین، زێدە لە دوو هەزار ساڵە ژێئۆپۆلەتیک و بوونی کورد لە پاشەکشەی بوون دایە و ئێستاشی لەگەڵ بێت ئەو پاشەکشەیە هەر بەردەوامە.