۱۳۹۸ تیر ۸, شنبه

لەخەباتی سازەیی‌ڕا بەرەو خەباتی سوژەیی


شاهۆ حوسێنی
بێ گومان مێژووی مۆدێڕنیته هیچ شتێک نیە جگە لە مێژویی سۆبژکتیوتە، واتە بەحوکومی وەیکە سەدەکانی ناوەندی کە سەدەی دەسەڵاتی ئایینی کلیسا و هێژمۆنی گوتاری ئێسکۆلاستیک بوو، شتیک نیە جگە لەمێژووی ئۆبژکتویتە بە مانای بەرهەم هێنانی مرۆڤ وەک بوونێکی ملکەچ، گوێ‌ڕایەڵ و سترۆکتوراڵ لەسەر ئەساسی ئەندێشەی گوناه‌بار بوون، خەتابار بوون و ناباڵغ بوونی مرۆڤ، کە وەک بوونێکی لاواز  پێویستی بە گەورەیەک، باوکێک و باڵاسەرێک هەیە. ئاساییە کە  بەربەرەکانی بیرمەندان و خاوەن بیرانی مۆدێڕن بەدژ ئەو عەقڵییەت و گوتارە بەمەبەستی گەڕاندنەوەی کەسایەتی، سەربەخۆیی و خۆسەری تاکە وەک بوونیکی خۆبنیادنەر کە بە چەمکی "سوژە" پیناسە دەکرێت، دەکرێ وەک مێژووی سۆبژکتویتە پێناسە بکرێت.
 لەئاستی کۆمەلایەتی‌دا کە باس لە مۆدێڕنتیه دەکرێت، باس لە سەربەخۆیی سوبژەکان دەکرێ کە بەئیرادە و ئاگایەکی سەربەخۆیانە، لەپێوەندیکی ئینتێرسۆبژکتیڤ‌دا بڕیاری پیکەوە ژیان و پێکهینانی فۆرماسیونێکی کۆمەڵایەتی دەدەن کە فەیلەسوفانی سیاسی وەک "پەیمانی کۆمەڵایەتی" پێناسەی دەکەن.
لەئاستی سیاسی‌دا کە باس لە مۆدێڕنیتە دەکرێت، واتە کە باس لە مۆدێڕنیتەی سیاسی دەکرێت، باسی ناسیونالیسم دێتە گۆڕی، هەستی پێوەندی بەکۆگشتیەک ئەرزش، بەها و نۆڕمی کۆمەڵایەتی هاوبەش کە بەرهەمی "پەیمانی کۆمەڵایەتی" سوبژەکانە، واتە ناسیونالیسم درێژەی ڕەوتی سۆبژێکتویتەیە، ڕەوتی پەرەی ئاگایی و سەربەخۆیی مرۆڤی تێگەیشتوو وەک ئەندێشەیەک بۆ بنیادنانی فۆرمێکی گەورەتر و بەربڵاوتر بەناوی نەتەوە بۆ گارانتی و پاراستنی بەردەوامی بوونە سەربەخۆکان و سەربەخۆیی و شووناسی تاک. واتە ئەو سوبژانەی کە بەپێی پەیمان و بڕیارێکی سەربەخۆ و ئاگایانە کۆمەڵگا پێک دێنن، لەڕەوتی کامڵ بوونا بۆ ئیدارە و گەرانتی بەردەوامی ئەو فۆرمە نوێیە (کۆمەڵگا) فۆرمەکانی تری مانایی و ڕوالەتی پێک‌دێنن، کە یەکێک لەو فۆرمانە نەتەەوەیە کە وەک تەواوکەری فۆرمی ژیانی کۆمەڵایەتی و لەسەر ئەساسی ئیرادە و سەربەخۆیی سوبژەی خۆبنیادنەر بەرهەم دێت، مێتا سوبژەیەک بەناوی نەتەوە بنیاد دەندرێت تا لەناو ئەوفۆرمە بەربڵاو و گەورەیەدا سوبژە پارێزراو بێت و زیاتر گەشە بستێنێت، لەدرێژەدا لەسەر ئەساسی ئەو ئەندێشە و فۆرمە ماناییەش، فۆرمی ڕواڵەتی سیاسی وەک دەوڵەتی مۆدێڕنی دیمۆکراتیک دادەمەزرێت کە لەخۆگری دوو تایبەت‌مەندی گرینگە: یەکەم دەوڵەت-نەتەوەیە، واتە دەوڵەتیکی کە لەهەناوی نەتەوە سەری هەڵداوە(دیارە نەتەوەش لەهەناوی سوبژە و تاکی سەربەخۆ و بەشیوەی پەیمانیکی ئیرادی بەرهەم هاتوە)، دووهەم ئەوەکە دیمۆکراتیکە واتە لەسەر ئەساسی شەرعییەت وباوەر بە سەربەخۆیی سوبژەکان، کۆمەلگا و نەتەوە سەری هەلداوە. بەو پێیە دەشێ بگوترێت کە ئەو فۆرمە کۆمەلایەتی و سیاسیە فۆرمیکی سوژەییە، واتە لەخزمەت پەرە و گەشەی سوژەکان دایە، ئەو سوژە سەربەخۆیانەی کە ئەساسی کۆمەلگا، نەتەوە و دەسەڵاتن.

ئانتۆلۆژی خەباتی کورد لە رۆژهەلات:
کوردی رۆژهەڵات بەحوکمی وەیکە لەناو ژێئۆپۆلەتیکی ئێران دا دەژیت، کارتێکەری کلتووری ئێرانی بەعام لە ئاستی سیاسی‌دا بەسەرەوە دیارە، واتە قەیران و  دژکردەوەکانی ئێران بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەل ئەو قەیرانانە و دژکردەوەی کوردان بۆ رووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەو قەیرانانەی دەسەڵاتی ناوەندی بۆ کوردی ساز کردوە دەشی بگوترێت کە وێکچوویەکی زۆریان هەیە، بۆ وینە رووبەڕوو بوونەوە ئێران لەگەل مۆدیڕنیته ڕووبەڕوو بوونەوەیەکی ڕواڵەتی و نیزامی بوو، کاتێ ئێران هاوکات لەگەڵ گەشەی مۆدێرنیته لە ڕوژئاوا دەکەوێتە بەر گوشار و پەرەی هێژمۆنی جیهانی مۆدێڕن کە لەژێر کارتیکەری ئەندێشەی کاپیتالیسم و وەک ئەمپریالیسم دەردەکەوێت بۆ پەرەی گەشە و پێش‌کەوتی خۆی، لە خەمووشی و خەویکی قوڵی نەریتی‌دابوو، بەناچاری و بەبێ ئامادیی مەعریفی و ئەندێشەیی لەگەڵ مۆدێڕنیته ڕووبەرووو دەبێتەوە بە مەبەستی قەرەبووی ئەو شکەستە گەورە نیزامیانەی کە لە ڕووسەکانی خواردوە، ئەو فۆرمە لە رووبەروو بوونەوەیە لە ئاکامدا دەوڵەتی میلیتاریستی، سەرەرو و پاوانخوازی پالەوەی لێ‌دەکەوێتەوە، دەسەڵاتێکی پەرە ئەستاندووی نیزامی کە حەولی بنیادنانی فۆرمێک لە خودی ئێرانی دەدات، خودیکی کە سەربەخۆ نیە و سترۆکتوراڵە، فۆرم، پیناسە و تایبەت مەندیکانی لەلایەن ئیدئۆلۆگەکانی حکوومەتێوە سنووربەندی کراوە و داڕێژراوە، واتە دەسەڵاتیکی کە بەناوی خودی ئێرانی ڕێک ئۆبژیەکی حکوومی بەرهەم دێنێت، دیارە بەحوکمی وەیکە ئێران وڵاتێکی فرە نەتەوەیە کە وەک کۆمەڵگا بە زۆری هێزی نیزامی و شمشیری دەسەڵاتی ناوەندی فۆرم‌دراوە و ئیرادەی سوبژە سەربەخۆکان لەپێکهێنانی‌دا هیچ دەوریکی نەبوە، کورد وەک بوونێکی جیاواز بەشیوەی جیاواز دەکەوێتە بەربەرەکانی لەگەڵ سترۆکتورالیزە کردنی بوونەکان لەلایەن دەسەلاتی ناوەندێوە، دیارە شۆرشی جیاواز سەریان هەڵداوە کە بۆ وینە دەکرێ شۆرشی نەتەوەخوازانەی سمایل ئاغا سمکۆ و شۆرشی مەلاخەلیل بەدژ یەک دەست کردنی بەرگ و لیباس ئاماژەی پێ‌بکرێت.
چاوخشاندنێک بە مێژووی سیاسی نوێ کوردی ڕۆژهەلات دەرخەری ئەو ڕاستێیە کە ڕووبەڕوو بوونەوەی کوردی ڕۆژهەڵات لەگەل مۆدێرنیتە ڕێک وەک ڕووبەڕوو بوونەوەی ئێرانێکان ڕووبەڕوو بوونەوەیەکی بەبی ئامادەیی و ئامادەکاری هزری و مەعریفی بوە، لەهەمان کاتیشا کورد ڕێک وەک ئێرانێکان ڕووبەڕوو بوونەوەیەکی ڕواڵەتیانەی لەگەڵ مۆدێڕنیتە هەبوە و بەناوەرۆکی مەعریفی و گوتاریکەی مۆدێڕنیتەدا دا ڕۆنەچوە، جگە لە کۆمەڵەی ژ-کاف دەشی بگوترێ کە کورد بۆ بەربەرەکانی بەدژ پەرەی دەسەڵاتی ئەمپریالیستی ناوەندی "تاران"، فۆرمێک لە مۆدێرنیتەی سیاسی و خەبات گەڵاڵە دەکات کە وەک خەباتی سازەیی دەکرێ پیناسە بکرێت. فۆرمێک لە مۆدێڕنیتەی سیاسی و خەباتی سیاسی کە حیزبی سیاسی وەک فۆرمی ڕواڵەتی و سازە لە ناوەندی ئەودا دەرکەوتوە، ئەوەش بێ‌گومان بەرهەمی هێژمۆنی کلتوری لێنینستیە.
حیزب وەک فۆرم و سازەیەکی ڕواڵەتی و مۆدێڕن لە جیهانی پەرە ئەستاندوو وەک کەرەسەیەک بۆ پەرەی خواست و ئیرادەی کۆمەڵگا و تاک، کەرەسەیەک لەخزمەت بەردەوامی سوبژکتویتە و پارێزەری هەرێمی سەربەخۆیی سوبژەکان بوە لەژێر ناوی ئازادی بیر و روا، ئازادی هەڵبژاردن و هەڵبژێردران. حیزبی سیاسی هیچ کات کەرەسەیەکی نیزامی و فۆرم و سازەیەکی نیزامی نەبوە بۆ ساز کردنی ئاڵوگۆری دێمۆکراتیک، چون ئەساسەن ڕەوتی ئاڵوگۆڕی دیمۆکراتیک لە سوبژەکانەوە سەری هەلداوە و دەستی پێ‌کردوە، بەڵام لێنین بۆیەکەم جار بەرهەم هێنی هزری و عەمەلی حیزبی نیزامی و شۆرشگێر بوو بۆ گوزار. لەڕاستی‌دا حیزب بە لێنینیسمەوە بۆ یەکەم جار لەسازەیەکی پارێزەری هەریمی سوبژەوە بوو بە بەرهەم هێنی مرۆڤی ئۆبژە لەخزمەت ئایدۆلۆژی حیزب کە وەک ئیرادە و خواستی کۆمەلگا بە سەر کۆمەڵگادا دەسەپا، ئەو فۆرمە لە خەباتی سازەیی کە حیزبی سیاسی لەودا وەک سیستمیکی بۆرۆکراتیک هێژمۆنی بەسەر کۆمەڵگادا پەیدا دەکات، حیزب دەبێتە سازە و فۆرمیکی نیزامی و لەدرێژەدا دەبێتە ئۆلیگارشیەک.
 لەڕاستی‌دا ئامادە نەبوونی هزری و مەعریفی لەغیابی ئەندێشەیەکی سوژە تەوەرە کە بەرهەمی پیکەوە ژیانی بوونەکان و مرۆڤەکان لەناو سنووریکی ڕواڵەتی و زەینی‌دابێ، غیابی هەرجۆرە ئەندێشەیەک لەمەر مرۆڤ، کۆمەڵگا وجیهان و باوەرمەندیکی خۆمالی بە فۆرمێک پێوەندی لەنێوان ئەو کاراکتێرانەدا، بەرهەم هێنانی بوون و تاکی گوێ‌رایەڵ و ملکەچی حیزب لەسەر ئەساسی زەروورەتی ئینزیبات و یەکگرتوویی بۆ بەهێز بوون(لەژێر کارتێکەری خوێندنەوەیەکی سازەیی لە هێز)، بەرهەم هێنی ئۆبژەیەکی شۆڕشگێر بوە، ئەوە لەکاتێک‌دایە کە هەموو ئاسۆ و ئامانجەکانمان ئەو ئامانجانەن کە مرۆڤ و کۆمەلگای رۆژئاوایی پێی‌گەیشتوە، واتە سەربەخۆیی، دێمۆکراسی و دەسەڵاتێکی نەتەوەیی.
گومان لەوەدا نیە کە ئەمانە هیج کات لەغیابی سوژەیەکی سەربەخۆ بەرهەم نایەن، بۆیە کورد لەجیات بەرهەم هێنانی ئۆبژەیەکی شۆرشگێر(حیزبی)، پێویستی بە سوژەیەکی شۆرشگێر(نەتەوەیی) هەیە.حەتتا مێژویی هەموو دابڕان و ئاڵوگۆڕیکانی دوو دەیەی ڕابردووی ناو ماڵی کوردی رۆژهەڵات سازەیی و ڕواڵەتی بوون و هیچ کام مەعریفی و سوبژەیی نەبوون بۆیە هیچ کام لەو ئاڵوگۆڕیانە جگە لە زەرەر هیچ دەسکەوتێکی تریان نەبوە. کورد پێویستە ڕوو لەکلتووری ئۆرتۆدۆکسی ڕووس تەوەرە وەربگێڕیت و روو لە کلتووری پرۆتستانی و رۆژئاوایی تەوەرە بکات. واتە لە خەباتی سازەیی بەورەو خەباتی سوژەیی هەنگاو بنێت.
سەرچاوە: حەوتەنامەی وشە، ژومارە ٢٨٧

۱۳۹۸ خرداد ۲۰, دوشنبه

ئانتۆلۆژی کۆمەڵگەکانی وێنایی(Imagined Communities)


(خەسارناسی غیابی وێنایەکی زەینی و مەعریفی کوردانە)
شاهۆ حوسێنی
کۆمەڵگایی وێنایی باسێکی زانستی و توێژینەوەیەکی ئاکادیمکە کە لەلایەن بنیدیکت ئەندرسۆن بەرهەم هاتوە. ئەوەی ڕاستی بێت ئەوەیە کە مرۆڤەکان بەهۆی پێداویستی و زەروورەت بۆ دەوامی بەقا لێک نزیک بوونەوە، بەڵام ئەو نزیک بوونەوەیە لە بۆشایی وێکچوویەکی زەینی و وێنای زەینی‌دا بەدی نەهاتوە، ئەوە بەو مانایە نیە کە مرۆڤەکان وەک مرۆڤی چاخی نوێ خاوەن لۆژیک و زمانی نووسین و ئاڵوگۆڕی بیرا و را بوون، بەڵام بێ‌گومان خاوەنی وێنایەک لە"خۆ"، "ئەوی‌تر" و "جیهان" بوون. هەرچەند لەشێوەی ژیان و بوون و فۆرمی ڕواڵەتیان کرچ و کاڵ بوو، کەواتە ئەوە ئەو وێنا هاوبەشەیە کە لێکیانی نزیک کردۆتەوە.
ئەگەرچی لەدرێژەدا هەموو  کۆمەڵگایەک نەیتوانی پەرە بستنێت بەیەک شێوە و وەک یەک پەرە بستێنێت، بەڵام ئەو کۆمەڵگایانەی کە توانیان بەستێنی بەرفراوانتر بۆ وێنازەینیکانی مرۆڤ بڕەخسێنن، بەجۆرێ کە مرۆڤەکان مەجالی پەرە و ئاڵوگۆڕی وینا زەینیکانیان لەپێوەندێکی ئینتێرسۆبژێکتیوڤ‌دا هەبێت، ئەوە لەدرێژەدا توانیان بەرهەم هێنی هزر و ئەندێشەی جیاواز و بەڕۆژ بن، ئاڵوگۆڕێکانی ئەو جۆرە کۆمەلگایانەش لەدرێژەدا هەر بە ئاڕاستەی ڕێز لە وێنازەینیکانی مرۆڤ و شەرعییەتی مرۆڤی سەربەخۆ بەروەپێش چوو، بەجۆرێ کە هەر لەو جۆرە کۆمەلگایەنەش‌ڕا ناسیونالیسم، نەتەوە و دەوڵەت نەتەوەی مۆدێڕنی دیمۆکراتیک سەری هەڵدا. دیارە کەباس لە ئازادی بیر و را و جیاوازی دەنگ و ئایدە دەکرێت، بەمانای شەرعییەت و بەردەوامی وینازەینێکانی سوبژە سەربەخۆکانە و نەتەوەش بەرهەمی ئەو وینازەینێ جیاوازانەیە کە لە سەر ئەساسی وێکچۆکان بنیادنراوە و دێمۆکراسیش بەستێنیکە تا لەژێر گوشار و هێژمۆنی نەتەوەدا ئەو وێنازەینێ جیاوازانە نەخنکێن.
کاتێک ئەندرسۆن باس لە کۆمەڵگای وێنایی دەکات، وێنا بەمانای فۆرمیکی ئەندێشەیی و هزری سوبژە سەربەخۆکانە کە لە چوارچێوەی پێوەندی ئینترسۆبژێکتیوڤ لەگەڵ سوبژە سەربەخۆکانی تری کۆمەڵگا و جیهانی ڕواڵەتی‌دا بەرهەم دێت، ئەو وینازەینیە بە مانای فۆرمێکی مەعریفی و هزری لەخۆگری سێ دەرکەوتەیە، یەکەم فۆرمێکی مانایی لەمەر "خود" کە وەک شوناسی تاک و سوبژە باسی لێوەدەکرێت، دووهەم فۆرمێکی مانایی لەمەر جیهانی ڕواڵەتی و سێهەم قایل بوون بە فۆرمێک و جۆرێک لەپێوەندی لەنێوان سوبژەکان و جیهانی ڕواڵەتی.
ئەوەی ڕاستی بێت کۆمەڵگای کوردی نەیتوانیوە کۆمەڵگایەکی وینایی بێت، کۆمەڵگایەک کە لەودا تاکەکان سوبژەیەکی ئاگا و سەربەخۆی خودپێناسەکەر بن، ئاگایی و پێناسە بە مانای فۆرمیکی زەینی کە بەرهەمی پێوەندی زەینی تاک لە بەستێن و ژینگەیی ڕواڵەتی خۆی بێت. ئەگەر ئەندێشەی چەپی، ئیسلامی و ڕاستی لەکورد وەربگرێوە، بێ گومان کورد خاوەنی هزر و وێنایەکی زەینی کوردانە کە مۆرکی لۆکالی پێوە بێت نیە، بۆیەش کورد نەیتوانیوە لە کۆمەڵگایەکی مرۆیی را گوزار بکاتە نەتەوە، کورد کۆمەلگایەکی مرۆییە بە هەموو دەغدەغە نەریتیێانی، گرینگایەتی و ئەولەوییتەی بنەماڵە، تایفە، شار، گروپ، دەستە و ئایدیۆلۆژی.

۱۳۹۸ خرداد ۱۴, سه‌شنبه

ڕەچەڵەکناسی ستراتژی سیاسەتی دەرەوەی ئێران


ڕەچەڵەکناسی ستراتژی سیاسەتی دەرەوەی ئێران
(شرۆڤەی تایبەتی قەیرانی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا)
شاهۆ حوسێنی
پێشەکی:
شەر، کێشەو قەیرانی نێوان دەسەڵاتەکانی سیاسی تەوەرەی ناوەندی و سەرەکی پێوەندیکانی نێونتەوەییە کە بۆ شرۆڤەی ئەوانە لە پێوەندیکانی نێونەتەوەیی‌دا  پارادایم گەلەکێک و ئەندێشەگەلێکی وەک ریئالیسم، ئیدەئالیسم، کۆنسترۆکتیویسم، قوتابخانەی ئینتگلیسی، پۆست مۆدێرنیزم، پارادایمی سیستمی و.... هتد سەریان هەڵداوە، لەڕاستی‌دا بناغەی سەرەکی و مەبەستی سەرەکی بەدی هاتنی پێوەندێکانی نیونەتەوەیی پێشگرتن بەشەر و دامرکاندنی قەیرانی نێوان دەسەڵاتە سیاسێکان و وڵاتانە.
گومان لەوەدا نیە کە پێوەندیکانی نێوان وڵاتان و دەسەڵاتە سیاسێکان لەبۆشایی گوتار و ئەندێشەدا بەدی نایەت، بەواتایەکی تر پێوەندی نێوان وڵاتان و دەسەڵاتە سیاسێکان لەناو بەستێنێک و جەغزێک‌دا بەناوی نیزامی نێوەنتەوەیی‌ بەرهەمی شوناس، فۆرمێکی مانایی، کەسایەتێکی هزری و مەعریفیە کە هەر دەسەڵاتێک لەمەر خۆی و ئەوی‌تر هەیەتی، واتە ئەو فۆرماسیونە مانایی و شوناسیەیی کە خۆی تیا پێناسە دەکات لەلایەک و لەلایەکی‌تریش ئەو شوناسەی بە لایەنی بەرامبەری دەبەخشێت و ئەو پێناسە و فۆرمە مانایەی کە لەدەلاقەی گوتار و ئەندێشەی خۆی‌را دەیبەخشێتە لایەنی بەرامبەر بەرهەم هێنی جۆری ماملە و پێوەندی نێوان دەسەڵاتەکانە. بۆ وینە لەسەردەمی جیهانی دوو جەمسەری یەکێتی سۆڤییەت وەک مێترۆپۆلی جیهانی سۆسیالیستی و لەچوارچیوەی ئایدۆلۆژی مارکسیسم-لێنینیسم‌دا کە خۆی وەک دژبەری کاپیتالیسم، بۆرژوازی و چەوساندنەوەی چینی پرۆڵتێر پێناسە دەکرد و ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاواییشی وەک سەرچاوەی کاپیتالیسم، بۆرژوازی و چەوسێنەری پرڵتێر پێناسە دەکرد، پیوەندیکانی خۆی لەگەڵ وڵاتانی رٶژئاوایی و ئەمریکا لەژێر کارتێکەری ئەو فۆرم لە پێناسەیە لەخۆی و ئەوی‌تر دەبردە پێش. هەڵبەت فۆرمی ئەندێشە و  پارادایمی کە هەر دەسەڵاتێکی سیاسی لەو ڕا خۆی و لایەنی بەرامبەری پیناسە دەکات بێ‌گومان کارتیکەری تایبەت مەندێکانی ژێئۆپۆلەتیکی، ژیئۆئابوری و باقی دیاردە ڕواڵەتێکانی بەسەروە دیارە، بۆ وینە کاتێ لە سەردەمی پێتری کەبیر ڕوسیکان ستراتژی دەست ڕاگەیشتن بە ئاوەکانی گەرم و پەرەی هیژمۆنی خۆیان لە رۆژهەلاتی ناوین دەست پێ دەکرد بەو هۆکارە بوو کە روسیە وڵاتێکی سارد و سەرمایی بوو وە جگە لە باکوری رووسیا کە ئاوەکانی لە زۆربەی کاتەکانی ساڵ‌دا بەهۆی سەرما و سەهەۆڵبەندان هیچ سوودیکی نەبوو وە بەهیچ شێوەیەک بۆ کەڵ وەرگرتن نەدەبوون، (بەپێچەوانەی ژاپۆن و ئۆروپای ئەو سەردەم) هیج مەجالیکی  بۆ بازرگانی دەریایی نەبوو. واتە گوشار و زەختی ژێئۆپۆلەتیکی ڕوسیای هاندا پەرە بە هێژمۆنی خۆی بدات لە ڕۆژهەلاتی ناوین.

دۆخی ژیئۆپۆلەتیکی ئیران لە رۆژهەڵاتی ناوین:
کۆتایی شەری یەکەمی جیهانی بوو بەهۆی لەدایک بوونی رۆژهەڵاتێکی ناوین کە لەودا شوناس و ئینتمای عەرەبی هیژمۆن بوو، بەجۆرێ کە ١٢ وڵات لە ١٧ ولاتی لەخۆگری رۆژهەلاتی ناوین عەرەبن یان هێژمۆنی شوناسی عەرەبیان بەسەردا زاڵە و دەسەڵات و سەروەری لەدەست عەرەبەکان‌دایە. لەو ناوەدا  تەنیا  ئێران و ئیسرائیل کە لەڕووی زمانی، ئایینی و ڕەچەڵەک تەواو لەگەل ئەوانی تر جیاوازن دیارە تورکیاش هەرچەند لەباری زمان و ڕەچەڵەک لەگەڵ عەرەبەکان جیاوازە بەڵام سوننی بوونی ئەو خاڵی هاوبەش و لێک گرێدەرەوەی تورکیایە لەگەڵ وڵاتانی تری عەرەبی. ئێران لە رۆژهەلاتی ناوین ژیئۆپۆلەتیک و بوونیکی تەواو قەیراناویە بەجۆری کە لگەڵ ئەوەدا فرە ئایین، فرەزمان، فرە کلتوور و فرە ڕەچەڵەکە بەڵام دەسەڵاتیکی سانترالیستی دیکتاتۆری هەڵقوڵا لە ئیتنیکی فارس بەردەوام حەولی تواندنەوە و لەناو بردنی ئەوانی تری داوە و ئەوەش وەهای کردوە کە ئێران بەردەوام لە سازکردنی شوناسێکی نەتەوەیی یەک دەست و یەکگرتوویەکی بەهێزی ناوخۆیی‌دا شکەست خواردوو بێت. هەر ئەو تایبەت مەندیانەش فۆرمدەری جۆری پێوەندیکانی نێونەتەوەیی ئێران و ستراتژێکانی ئێران لەو بەستێنەدا بوون و هەن.
ستراتژی سیاستەی دەرەوەی ئێران لەسەردەمی پالەوەی دووهەم:
دەسەڵاتی پالەوەی و بەتایبەتی پالەوەی دووهەم لەسەر ئەساس و بنەمای پەرە وهێژمۆنی ئەندێشە و ئایدۆلۆژی پان ئێرانیستی بە مەبەستی بنیادنانی ئیمپراتووریەکی کلتووری، سیاسی و ئابووری ئیرانی لە ناوخۆ و رۆژهەلاتی ناوین، فۆرمێک لە شوناسی لەمەرخۆی و لەمەر وڵاتانی تر وەک ئەوی تر و غەیرییەتی ئێرانی هێنایە ئاوراوە و لەسەر ئەساسی ئەو ئەندێشە و ئایدۆلۆژیە پیوەندێکانی خۆی لە ناوچەکە بەریوە دەبرد. ستراتژی نێوەنەتەوەیی ئێران لە سەردەمی پالەوەی دووهەم بۆ کەم کردنەوەی کارتێکەری  خاڵە لاوازە ژێئۆپۆلەتیکەکانی و قورساییەکانی ئەو کەم و کوڕیانە، پەرەی هێژمۆنی خۆی لە رۆژهەلات ناوین بوو کە بە نزیک بوونەوەی بەربڵاو و پیوەندی نزیک و ستراتژیک لەگەل ئەمریکا و رۆژئاوا توانی مسۆگەری بکات، ئەوە لەکاتێک‌دابوو کە ئێران لەتەنیشت تورکیا و پاکستان زۆرترین دەوری هەبوو لە ستراتژی ئەمریکا لە رۆژهەلاتی ناوین بۆ پێشگرتن لە پەرە و هێژمۆنی یەکێتی سۆڤییەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، بەجۆری کە ئێران دەوری سەرەکی هەبوو لە بڕیارنامەکانی سیتۆ و سینتۆدا ، لەهەمان کاتا ئێران لە قەیرانی زۆفار و بۆ سەرکووت کردنی بزاڤی چریکی ئەو وڵاتە راستەوخۆ هیزی نیزامی نارد و بەشداری ڕاستەوخۆی شەڕ بوو. هەر ئەو نزیکایەتیە بەربڵاوەش بوو کە وەهای کرد لە دۆکتۆرینی نیکسۆن کە ساڵی ١٩٦٩ دەری‌کرد، ئێران دەوریکی گرینگی پێ‌دارا و وەک ڕیبەری ناوچەی کەنداو بەرزکرایەوە.
ستراتژی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی:
کۆماری ئیسلامی وەک دەسەڵاتیکی حکوومی بەرهەمی ئایدۆلۆژی حکوومەتی ئیسلامیە کە لەکۆتاییەکانی دەیەی ٤٠ هەتاوی خومەینی لە کتێبی حکوومەتی ئیسلامی‌دا گەڵاڵەی کرد، لە دەلاقەی ئەو یادۆلۆژیەڕا جیهان و مرۆڤەکان بە دوو تاقم و دەستەی حەق و باتڵ دابەش دەبن، بەرەی حەق موسوڵمان و بەرەی باتڵ ناموسوڵمان، ئامانجی سەرەکی حکوومەت و دەسەڵات لەو ئایدۆلۆژیەدا ڕەخساندنی بەستێن و دۆخ بۆ سەرلەنوێ هاتنەوەی ئیمامی زەمان و ریبەری ڕوحی و ئیمانی هەموو موسوڵمانانە بۆ بەدی هێنانی جیهانێکی پڕ لە عەدڵ و  یەکسانی لەژێر تیشکی ڕینماییەکانی ئایینی ئیسلامە، ئەو ئایدۆلۆژیە لە پێوەندیکانی نیونەتەوەییش‌دا ڕەنگی داوە و لەڕاستی‌دا لەژێر تیشکی ئەو فۆرمە مانایی و مەعریفیە کە بنیادنەری فۆرمێک لە شوناس لە"خود" و "لەوەی"ترە و پیشان‌دەر و ڕێنوێنی‌کەری جۆری پێوەندی لەگەڵ ئەوانی‌ترە، کۆماری ئیسلامی ستراتژی سیاسەتی دەرەوەی خۆی گەڵاڵە کرد، لەو سیاستە‌دا ئەمریکا و ئیسرائیل وەک دوو دوژمنی سەرەکی و دژبەر لە بەرەی باتڵ دەوری سەرەکیان هەبوو لە کردوە و کردارەکانی نێونەتەوەیی کۆماری ئیسلامی.
بێ‌گومان ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی زۆر لەژێر کارتێکەری ئەندێشە ڕادیکاڵەکانی سەیید قوتب‌دا بوون، بەجۆری کە بەشێکی زۆری بەرهەم و نووسراوەکانی لەلایەن کەسانی وەک ڕیبەری ئێستای کۆماری ئیسلامی وەڕگێڕدرانەوە سەر فارسی و بەو شێوەیە بەشێک لە ئەندێشەکانی سەیید قوتب ڕەچاو کران بەتایبەت بۆچوونەکانی لە کتێبی"مەعالم فی الطریق"دا، هەر لەژێر ڕینماییەکانی ئەندێشەی قوتبیش‌دا بیرۆکەی "ام القری اسلامی" فەرز کردنی ئێران و دەست نیشان کردنی خومەینی وەک ڕیبەری جیهانی ئیسلام بۆ بنیادنانی کۆمەڵگایەکی ئیسلامی و بەربەرەکانی لەگەڵ تاغوت کە لە ئەندێشەکانی خومەینی‌دا ئەمریکا وەک لوتکەی تاغوت دەبیندرا، هاتە ناو ئایدۆلۆژی کۆماری ئیسلامی و ئەو رەوتە مەعریفیە بۆ بەهۆی ئەوەکە کۆماری ئیسلامی خۆی بە بەرپرس لەمەر چارەنووسی موسوڵمانانی جیهان بزانێت، لەژێر تیشکی ئەو عەقڵییەتە، وڵاتانی جیهان و دەسەڵاتەکانی ناوچە پێناسە کرانەوە، بەعام بەشی هەرە زۆری وڵاتانی ناوچەی کەنداو بە نۆکەری تاغوت و ئەمپریالیسم پێناسەکران و ئەمریکا وەک تاغوت و ئیسرائیل وەک مناڵی نامەشروعی ئەمریکا و ......هتد خرایە ناو ئەندێشە و ستراتژی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی و بوو بە ڕینونێ جۆری پێوەندی لە سیاسەتی دەرەوەدا، هەر لەیەکەم رۆژەکانی سەرکەوتنی شۆرش‌دا دەست‌کرا بە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی عێراق و ڕیکخستنی شیعەکان بەدژ دەسەڵاتی سەدام کە شەرێکی خوێناوی هەشت ساڵەی لێکەوتەوە، لە لوبنان حیزبوڵلا بەرهەم هێنرا و بەگژ ئیسرائیل‌دا ڕۆکرا، ئیران دەستی کرد بە ئاژاوە نانەوە لە کویت، بەحرەین و بەرەبەرە عەرەبستان و تا گەیشتە یەمەن و ڕێکخستنی گروپە شیعەکان لەڕۆژهەڵاتی ناوین لەخزمەت بەرژەوەندێکانی خۆی‌دا، جەند هێرشی تێرۆریستی بەدژ ئیسرائیل و ئەمریکا ڕێکخست کە تەقاندنەوەی ناوەندی چەکدارانی دەریای ئەمریکا لە بەیرووت یەکێک لەوانە بوو.
ئیتر لەژێر ڕینمایی ئەو ئایدۆلۆژیە، ئەمریکا دژومنی جەوهەری و سەرەکی ئیسلام و بەو پێیەش کۆماری ئیسلامی وەک ئاڵاهەڵگری ئیسلامی خالسی موحەممەدیە و هەرجۆرە هەڵسووکەوتێک لەگەڵ وڵاتانی جیهان و دەس‌تێوەردانەکانی ئێران لە وڵاتانی ناوچەش هەر لەژێر ڕێنماییەکانی ئەو ئایدۆلۆژیە بەرهەم دێن. لەگەڵ ئەوەدا چەند جارێک حەولی لێک نزیک کردنەوەی ئێران و ئەمریکا درا بەڵام هەموو حەولەکان بەهۆی دژایەتی بناژوێخوازانی ناو هەر دوو دەسەڵات سەری نەگرت، ئەگەر ئێران ئەمریکای بە تاغوت و دژە ئیسلام و شەیتانی گەورە وەسف دەکرد ئەوا بەشێک لە بناژۆخوازانی ئەمریکاش ئێرانی بە تەوەرە و ناوەندی شەڕاڕەت و تێرۆریسم لە رۆژهەڵاتی ناوین پیناسە دەکرد و دەکات، ئەو رەوتەی کە ئەمرۆکە گەیشتۆتە دۆخیکی ئاستم کە هەر کات ئەگەری تیکهەڵچوونی ڕاستەوخۆی نیزامی لەگەڵ‌دایە.


۱۳۹۸ اردیبهشت ۲۵, چهارشنبه

کۆمەڵناسی گوتاری پیاوسالاری


(ڕەچەڵەک‌ناسی کوشتنی ژنان بە پاساوی ناموسی)
شاهۆ حوسینی
پێشەکی:
گومان لەوەدا نیە کە ئەندێشە و گوتارەکان لە بۆشایی و غیابی نیاز بەدی نایەن، واتە دەشێ بگوترێت کە ئەوە نیاز و خواستێکە کە وەک بنەما و بەستێن گوتار و ئەندێشەی لەسەر بنیاد دەندرێت و لەسەر بنەما و ئەساسی نەدێشە و گوتاریش کردوە وەک دەرکەوتە و فۆرماسیونی عەینی و ڕواڵەتی دەردەکەوەێت. ئەگەر قەبوڵ بکەین کە دەرکەوتنی ژن کوشتنی نامووسی وەک دەرکەوتە، فۆرماسیونێکی ڕواڵەتی و کردەوەیەکی ڕاستەوخۆ و خۆکوشتن و خۆلەناو بردنی ژن وەک دەکەوتەیەکی ناراستەوخۆ، لە بۆشایی ئەندێشە و گوتار‌دا بەدی نایەت و سەهەڵنادات، ئەوە بەو قەناعەتە دەگەین کە لەژێر کارتێکەری ئەندێشە و گوتارێک‌دا فۆرم دەگرێت و دەردەکەوێت، بەواتایەکی روون‌تر ئەندێشە و گوتاریک ناوەرۆکی مەعریفی، زەینی، شەرعییەت دەر و بزوینەری دەروونی ئەو فۆرماسیونە ڕواڵەتێیە، دەشی بگوترێت کە ئەو گوتارەش شتێک نیە جگە لە گوتاری پیاوسالاری.
بەر لەوەکە گوتاری پیاوسالاری شی بکرێتەوە و تیشک بخرێتە سەر ئانتۆلۆژی ئەو، پێویستە گوتار شی بکرێتەوە ڕوون بکرێتەوە کە مەبەست لە گوتار چیە؟ مەبەست لە گوتار لەو نووسراوەیەدا کۆگشتیەک یان فۆرماسیونێکی ڕوانگەیی و هزریە وەک بزوێنەر، پاساودەر و شەرعییەت دەری کردەکانی مرۆڤ کە کار دەکاتە سەر زەینەکان و باڵ دەکێشێتە سەر چاخیکی مێژوویی و لەنێوان ڕابردوو و داهاتوو سنورێک دەکێشێت، بەجۆرێ کە دەبێتە تایبەت مەندێکی تایبەتی مێژوویی، بۆ وینە لێرەدا باس لە چەند گوتار دەکەین بە کورتی:
١_ گوتاری ئەرباب – رەعییەتی، بە مانای ئەو پاساوە هزری و مەعریفیەی کە شەرعییەتی هزری و لە ئاکاما ڕواڵەتی دەبخشیتە دابەش کردنی کۆمەڵگا بەسەر کەمینەیەکی ئاغا و سەروەر و دەست ڕۆیشتوو و زۆرینەیەکی ملکەچ و ڕەعییەت و هەژار.
٢_ گوتاری موراد- موریدی، بەمانای ئەو پاساوە شەرعی و ئایینیە کە جێگە و مەرتەبەی باڵا و سەروو دەبخشێتە کەسێک و باقی کەسەکان وەک مورید و ملکەچ گوێ ڕایەڵی کەسی باڵادەست دەکات
٣_ گوتاری پیاو- ژن، بە مانای دابەش کردنی بوونەکان لەسەر ئەساس و لەچوارچێوەی شووناسیکی جیاواز و هیرارشیک‌دا.
تایبەت مەندی هەموو ئەو گوتارانە دانانی پێوەندی و جۆری تەعامولی هیرارشیک، بەردەوامی دەسەڵاتی کەمینەیەک بە سەر زۆرینەیەک‌دا و چەوساندنەوەی زۆرینە لەلایەن کەمینە بە مەبەستی بەرژەوەندی و لەخزمەت بەرژەوەندی خۆی‌دا لە دەلاقەی پاساودەرێکی مەعریفی و زەینی‌ڕا.
لەئاکام‌دا دەشی بگوترێ کە هەمووی ئەوانە بە مەبەستی داهێنان و بەردەوام کردنی جۆرێک لە پێوەندێکانی دەسەڵاتی ناسیاسی و کۆمەڵایەتیە.
کۆمەڵناسی گوتاری پیاوسالاری:
ژیانی کۆچەری، ئاژەڵداری و زەروورەتی تووند و توڵ بوونی پێوەندی خوێنی و بنەماڵەیی لەنێوان تاکەکان بە هۆی دژواری و سەختی ژیان و دابین کردنی بژێو بەهۆی کەمی ئیمکانات لە ژیئۆپۆلەتیکی شاخاوی و سارد و سڕی کوردستان‌دا، پێوسیتی بە هێز و وزەی بوون و مرۆڤیکی بەهێز و خاون هێزی جەستەیی هەبوو،  لەوەها دۆخێک‌دا ژن بەهۆی تایبەت مەندیکانی تایبەتی خۆی  بەداخەوە لەژێر هێژمۆنی پیاوسالاری و حەول بۆ ژیان وەک خاڵی لاواز و تایبەت مەندی لاوازی ژن کرایە پیناسەی بوون و تاکێک کە لەسەر ئەساسی ئەو مرۆڤێکی سترۆکتوراڵی دەروەست بە هێز و وزەی پیاو بەرهەم هات، بوونیکی کە بوو بە حەڵقەی جۆرێک لە پێوەندی دەسەڵات کە وەک جۆری هیرارشێک باسی لێوەدەکرێت و بەو شیوەیە ژن بوو بە تاک و بوونی پەراوێز و خزمەتکار لە خزمەت پێداویستی و خواستەکانی پیاو.
دوایی ئەو گوتارە لەگەڵ سەرهەڵدانی ئایینەکان بە هۆی پیاوانە بوونی ئایینەکان و هەڵقوڵان لەناخی پیاوسالاری، کە بوونە کەرەسەی شەرعییەت دەر و پاساوکەری زەینی و هزری پیاوسالاری پەرەی زیاتری ئەستاند، واتە ئەمجارە پیاوسالاری پاساوێکی بان زەوینیشی بۆ پەیدا بوو. واتە ئەو گوتارە لە خزمەت دەسەڵاتی پیاو وەک کەلان سوبژە و دالی ناوەندی، ژن وەک ئۆبژە و بوونیکی سترۆکتورال و دەسەڵاتی هیرارشیک بەهێزتر کرا، گوتارێک کە لەودا پیاو سوبژەیەکی سەربەخۆ و هێژمۆن بوو وە ژن بوونیکی ئۆبژە و دەروەستی پیاو کە شووناس، کەسایەتی، فۆرمی مانایی و ئەرکەکانی لەلایەن ئەو سوبژە هێژمۆنەوە داڕێژرابوو، دیارە ملکەچ بوون و گوێ رایەڵ بوونی ژنیش بە مانای بەردەوام بوونی ئەو فۆرم لە پیوەندی دەسەڵاتەیە کە لە خزمەت بەرژەوەندی و هێژمۆنی پیاودایە و هەرجۆرە سنوور بەزاندنێک لەگەڵ ئەو فۆرماسیونە شووناسی، مانایی و بوونە، بە مانای هەڕەشە بۆ سەر هێژمۆنی پیاوسالاری، دەسەڵاتی پیاو و تێک‌دانی نەزمی مەوجود ، لەدەلاقەی گوتاری پیاوسالارێوە پێویستە پیاو بە دژ کردەوەی تووند و بەشێوەیەکی تووند بەرپەرچی بداتەوە و لە بەرامبەری‌دا ڕابوەستێت.
ژن وەک بوونیکی سترۆکتورال، ئۆبژەیەکی بەرهەم هاتوو لەلایەن سۆبژەیەک بەناوی پیاو، چوارچیوە و فۆرمی جواروجۆری بۆ دیاری کراوە وەک سنوور، یەکێک لەو فۆرمە مانایانە "دایکە"، لەدەلاقەی ئەو فۆرمە ماناییەرا ژن کەرەسەیەکی زا و زێ و بەخێو کردی مناڵە، یەکێکی تر لەو فۆرمە مانایانە "ناموسە" لە دەلاقەی ئەو فۆرمە مانییەرا کە لەژێر کارتێکەری فۆرمی مانایی "خاوەندارێتی" بەرهەم هاتوە ژن تەنیا و تەنیا موڵکی جەبری پیاوێکە کە لە هەڵبژاردن و جۆری پێوەندی لەگەڵ ئەودا هیچ مافێکی نیە و ئەوە پیاو و گەورەی پیاوی ماڵ، تایفە و عەشیرەتە کە هەموو شتێک بۆ ژن دیاری دەکات، دەرکەوتەکانی وەک ژن بە ژنە، پێش‌کیش کردن، ژن دۆڕاندن لەسەر قومار، بەرخوێن‌دان لە کێشە کۆمەڵایەتێکان‌دا، بەژن دان بۆ بەرهەم هێنانی هێزی پشتیوان و لایەنگر و گەورە کردنەوە جەغزی هێژمۆنی پیاوی بنەماڵە، تایفە و عەشیرە. هەمووی ئاماژەیەکی ڕوونن بۆ هێز و هێژمۆنی پیاوسالاری وەک گوتارێکی نەریتی کە لەودا ژن کەرەسەیەک و بوونیکی سترۆکتوراڵە لە خزمەت بەردەوامی هێز، دەسەڵات و هێژمۆنی پیاو و خواستی لەبن نەهاتووی حەز و ئارەزۆکانی سێکسی پیاو.
ئاکام:
بێ گومان تایبەت مەندێکانی جەستەیی و ڕوحی ژن پێویستە وەک تایبەت مەندی ببیندرێت نەک وەک خاڵی لاواز و بکرێنە ئامانج و کەرەسەیەک بۆ بەردەوامی و پەرەی دەسەڵات و هێژمۆنی پیاو، ژن پێوسیتە وەک بوونێکی سەربەخۆی خۆپیناسەکەر مەجالی دەرکەوتن و خۆپیگەیاندنی هەبێت، لەوەها دۆخێک‌دا ئەرکی حکوومەت وەک تاکە فۆرماسیونی مەشروعی هێزی سیاسی  کە بەڕێو بەری کۆمەڵگایە ئەوەیە کە لەیەکەم هەنگاودا باڵ بکێشێ بەسەر ژنی تاراندراو لە کۆمەڵگا و بنەماڵە و ژیان، دووهەم کۆمەڵگا و پیاو لەناو جەغزی ئەندێشەیەکی پێشکەوتوو و مۆدێڕن‌دا کە مافی بەرمابەر بە ژن دەبەخشیت و ڕێز لە بوون و کەرامەتی ژن وەک سوبژە دەگرێت، کۆمەڵگر بکات. سێهەم کاربکات بۆ هەموار کردنی یاسایی دەرکەوتنی ژن وەک بوونێکی سەربەخۆ و سوبژەیەکی خۆپیناسە کەر.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی خەبات ۱٥/۰٥/۲۰۱۹