۱۳۹۸ اردیبهشت ۱۵, یکشنبه

مێژووی سوبژێکتیویتە



( ئانتۆلۆژی کۆمەڵەی ژ- کاف)
شاهۆ حوسێنی
پێشەکی:
گومان لەوەدانیە کە سوبژە و ئۆبژە وەک دوو میراتی گرینگ و جێگای سرنجی فەلسەفە، بەشێکی هەرە زۆری شرۆڤە و لێکۆڵینەوە فەلسەفێکانیان بەخۆیانەوە سەرقاڵ کردوە (تاقمێک لە فەیلەسووفان بەشیوەیەکی ئیستعلایی باس لە سوبژە دەکەن و تاقمێکی تری وەک فۆکۆ لەسەر ئەو باوەرەن لەجیات ئەوەکە بەشێوەیەکی ئێستعلایی باس لە سوبژە بکرێت باشترە باس لەو بەستێن و چوارچێوە مێژووییە بکرێت کە سوبژە تیا سەرهەڵدادت)[ میلز، ١٣٨٩، ل ٤٨].
 بەکورتی دەشێ بگوترێت کە ئۆبژە بوونێکە کەجێگای باس و مژارە، واتە لەلایەن بوونێکی ترەوە بەناوی سوبژە پێناسە دەکرێت. سوبژەش بە کورتی لە فەلسەفەی مۆدێران‌دا کە بە دێکارتەوە دەست پێ‌دەکات، بەمانی بوونی ناسکارە، بوونێکی کە شووناس و کەسایەتی دەبخشێتە ئۆبژە(بەرناس)، بنەمای گرینگایەتی سوبژە و مەشروعییەتی مرۆڤ وەک سوبژە(ناسکار) لەراستی‌دا دەگەرێتەوە بۆ ئەرزش و متمانە بە عەقلی مرۆڤ بۆ ناسین و پێناسە کردنی هەموو جیهانی دەوروبەر( بەپێچەوانەی ئایدۆلۆژێکان و ئایین کە متمانە بە عەقڵی مرۆڤ ناکەن و مەشرووعی نازانن وەک سەرچاوەی ناسین و پێناسە کردن، هەر بۆیەش مرۆڤی وەک ناسکار و سوبژە بە فەرمی ناناسن و دای دەبەزێننە ئاستی ئۆبژە)]صانعی دربیدی، ١٣٧٦، ل ٨٣-٨٦[. دیارە مێژووی شەرعییەت‌دان بە عەقڵ و مرۆڤ وەک خاوەنی عەقڵ بۆ پێناسە کردن و ناسینی جیهان لەپاش رووخانی دەوڵەت شارەکانی یۆنان و ئیمپراتۆری رۆم (کە وەک سەردەمی فەلسەفە و گرینگایەتی هزر و عەقڵانییەتی فەلسەفی، خاوەن گرینگایەتی تایبەتی خۆیەتی)، بەهۆی هێژمۆنی و پەرەی دەسەڵاتی رواڵەتی و عەقڵی ئایینی مەسیحییەت کە بەرهەم هێنی نیزام و فۆرماسیونێکی فکری و کلتووری تایبەتی ئایینی بوو، تووشی نوشوست و وەستان هات، لەو سەردەمەدا جۆرێک لە فەلسەفە سەری هەڵدا کە بە فەلسەفەی ئێسکۆلاستیک پێناسە دەکرێت، بنەماکانی ئەو فەلسەفەیە لۆژیک و کەلامی ئایینی بوو کە بەهۆی کلیساوە پەرەی پێ‌دەدرا و بەتەواوی دژی عە‌قڵ و تواناییەکانی عەقڵی مرۆڤ بوو، ئەساس و بنەمای ئەو فەلسەفەیە بەپێچەوانەی سەردەمی پێش خۆی کە ئامانجی فەلسەفە و سیستمی پەروەردە، بار هێنان و بەرهەم هێنانی مرۆڤی عاقڵ و عەقلانییەت بوو، بۆ پەرەی خۆشی، لەزەت و ئەهوەنی لەو جیهانە‌دا، لەسەر ئەو بنەمایە دامەزرابوو کە ئامانجی فەلسەفە و سیستمی پەروەردە، بارهێنان و بەرهەم هێنانی مرۆڤی دیندار و ئیمان‌دارە بۆ بەختەوەری و خۆش بەختی لەژیانی پاش ئەو جیهانە واتە جیهانی تر]استید،١٣٨٠،ل ٣٢٧-٣٦٠[. بەڵام لەپاش بڵاو بوونەوەی تێزەکانی مارتین لۆتێر و پەرەی رێنیسانس، لە فۆرماسیونیکی مانایی تازەدا و بەشێوەیەکی بەربڵاو باسی سوبژە بوونی مرۆڤ وەک ناسکار و بوونێکی خۆبنیادنەر لە فەلسەفەدا هاتە گورێ، لەراستی‌دا بزاڤی ئۆمانیسم بۆ جارێکی دیکە بەستێنی رەخساندەوە بۆ رێکخستنەوەی ژیان بەپێی عەقڵ و بەهادان و شەرعییەت دانەوەی دووبارە بەعەقڵی مرۆڤ، بزاڤی ئۆمانیسم بۆ جارێکی تر مرۆڤی هێنایەو ناو ناوەندی سرنج و زانست و عەقڵی مرۆڤیشی وەک کەرەسەیەکی گرینگ بۆ دۆزینەوەی راستەقینە بەفەرمی ناسێەوە]سلیمانی، ١٣٨١[.  ئەو رەوتە لەرۆژئاوا لەئاستی کۆمەڵایەتی‌دا پەرەی کۆمەلگای مەدەنی، لەئاستی ئابووری‌دا پەرەی ئابووری، لەئاستی زانستی شۆرشی زانستی و سەنعەتی و لەئاستی سیاسی‌دا دەوڵەتی مۆدیرنی دێموکراتیکی لێ‌کەوتەوە، ئەو دۆخەی کە هەموو وڵاتانی پەرەنەستنادووی جیهان ئارەزوو و ئامانجیانە پێ بگەن.
 فراماسۆنێری:
فراماسۆنێری (Freemasonry) رێکخراوەگەلێکی برایەتی و هەڵکەوتە پەروەری سەربەخۆن کە لە رۆژئاوا بە تایبەتی بریتانیا و فەرانسا سەریان هەڵداوە، سەرچاوەی سەرەکی فراماسۆنێری پەیمانی برایەتی چینی بەردتاشەکان بوو، ئەو رەوتە لەپاش فەشەڵ هێنانی سیستمی فێئۆدالیزم، پەرەی بۆرژوازی، چین و توێژ و سینفیە جیاواز و سەربەخۆکان و شارنشینی نوێی هاوکات لەگەڵ رێنێسانس و کۆتایی سەدەکانی ناوەندی سەری هەڵدا، لەراستی‌دا دەشی فراماسۆنێری وەک یەکەم هەنگاوی پێکهاتنی کۆمەڵگای مەدەنی وەک فۆرماسیونیکی لەخۆگری چین و توێژ و سینفێکانی ناو کۆمەڵگا و خاوەنی رێژەیەک لەسەربەخۆیی لەبەرامبەر دەسەڵاتی حکوومی‌دا پیناسە بکرێت، ئەندامانی فراماسۆنێری پێیان دەگوترێت ماسۆن، هزر و ئەندێشەی فراماسۆنێری لەسەر ئەساس و بنەمای برایەتی، رێز و حوورمەت و مرۆڤ دۆستی بنیادنراوە، فراماسۆنێریکان هیچ کات حەولی بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتیان نەداوە، ئەوان هیچ کات وەک حیزبیکی سیاسی روو لەدەسەڵات هەڵسووکەوتیان نەکردوە، بەڵکە گرینگ‌ترین ئامانجی فراماسۆنێرێکان بریتی بوو لە پەروەردی مرۆڤی لیهاتوو بۆ ئیدارەی کۆمەڵگا، رەخساندنی بەستێن بۆ ئاڵوگۆری و پێشکەوتی کۆمەڵگا، ئاشتەوایی و برایەتی لەنێوان مرۆڤەکان[Eugen,2006,L,110-135]. ئەگەرچی لەسەر سەرچاوەی سەرەکی فراماسۆنێری هیچ زانیارێکی وێک چوو بوونی نیە، بەڵام ئەوە روون و ئاشکرایە کە کۆنترین کۆر و کۆمەڵی برایەتی سکۆلارە لە جیهانا، فراماسۆنێری دەورێکی گرینگی هەبوو لە شۆرشی گەورەی ئەمریکا، فەرانسا و شۆرشی مەشرووتە لەئێران، بزاڤی دژە ئیستعماری ئیسپانیا لە ئەمریکای باشور[فراماسونری، ویکی پدیا]
 بێ گومان هەموو ئەو ئاڵوگۆریانە لە رۆژئاوا بەرهەمی متمانە بە عەقڵی مرۆڤ، پەرەی عەقڵانییەتی سووژە بونی مرۆڤ،  شەرعییەتی پێناسە و رەوتی بەفەرمی ناسینی پێناسەی دەرکەوتەکانی جیهانی رواڵەتی لەلایەن مرۆڤی خاوەن ئیرادە و عەقڵەوە و لەهەمان کاتیشا لەئاستی کۆمەلایەتی شەرعییەتی پلۆرالیزمی چین و توێژە سربەخۆکان بوو.
هامووشۆی رووناک بیران و خوێندکارانی تورک، کورد وئێرانی بۆ رۆژئاوا بوو بە هۆی دیتنی پێشکەوت و پەرەی رۆژئاوا و لەروانگەی ئەوانیشەوە ئەو پێش کەوت و ئاڵوگۆریان بێ گومان بەرهەمی ئازادی، بوونی یاسا و پارڵمان و هەڵبژاردن و .... بوو، بۆیەش لەدرێژەدا کەوتنە بیری بەربەرەکانی لەگەل ئیستبدادی پاشایەتی لەئێران]آبراهامیان،١٣٨٩، ل ٧٤- ٧٧[ و بۆ ئەم مەبەستەش لە ئیستانبوڵ و شارەکانی تری تورکیا لەلایەن رووناک بیرانی تورک و کورد کۆر و کۆمەڵی سەربەخۆ و لۆژەکانی سەر بە فراماسۆنەکانی ئورووپا دامەزرا، لەهامان کاتیشا لە سەراسەری ئێران و یەک لەوانیش لە تەورێز ناوەندە و رێکخراوەی غەیبی کە لەژێر کارتێکەری فراماسونێرەکانی رۆژئاوایی بوون سەریان هەڵدا، ئەو ناوەند و رێکخراوانە لەراستی دا ناوەند و مەکۆی ئازادیخوازی و بەربەرەکانی لەگەڵ پاوانخوازێتی پاشایەتی بوون ]سرداری نیا، ١٣٦٣،ل ١٥-١٧[. دیارە تەورێز بە دوو هۆکار گرینگایەتی هەبوو، یەکەم ئەوەکە: پێتەختی دووهەمی ئێران لە سەردەمی قاجارەکان دا بوو، بەجۆرێ کە جێگرەوەی شای ئێران هەتا ئەو کاتەی دەبوو بە پاشای ئێران لە تەورێز حکوومەتی دەکرد و دووهەم ئەوەکە: تەورێز ناوەند و مەکۆی داگەرانی هزری شۆرشگێرانە و ئازادیخوازی بوو کە لەرێگای سەن پێتێرز بورگەوە دەگەیشتە رووسیا و لەوێش را دادەگەرایە ئێران]کسروی،١٣٦٣، ٦٧٨،٦٧٧[
کۆر و کۆمەڵەکانی کورد لە باکوور:
تا بەر لە بریار نامەی سایکس-پیکۆ، کوردستانی باکور، باشور و رۆژئاوا ژێرمەجمووعەی ئیمپراتووری عوسمانی بوون، بۆیەش هەرجۆرە ئاڵوگۆریەک لەو ئیمپراتوریەدا کاردانەوەی لەسەر کورد دادەنا و بەهۆی دراوسێتی عوسمانی لەگەڵ ئورووپا بیر و ئەندێشەی رۆژئاوایی لەئورووپاوە هەرکە گەیشتبا عووسمانی بێ‌گومان دەگەیشت کوردانی ئەو پارچەیەش و لەوێشرا دەگەیشتە رۆژهەلات، بۆیە دەکرێ بگوترێت کە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتاکانی سەدەی بیستەما، لەگەڵ سەرهەڵدانی چینێکی ناونجی و مام ناوەندی خوێندەوار کە پێ گەیشتووی قوتابخانە و دەرسی مۆدێرن و بەڕۆژ بوون لەباکوری کوردستان، هاموو شوی کوردانی ئیمپراتووری عومسانی بۆ رۆژئاوای پەرەئەستاندو و پێشکەوتووی بەهرەمەند لەزانستی مۆدێرن و ریکخراوەی مۆدێرن و راگوێستنی هزر و ئەندێشەی مۆدێرن و سەردەمیانە لەلایەن ئەوانەوە بۆ ئەو بەشە لە کوردستان، کۆر و کۆمەڵە کوردێکان لە باکوور سەرهەڵدەدەن، ئەو رەوتە دەبیتە هۆی ئەوەکە باکوور لە تەنیشت تەورێز، دەبیتە شارێی گەیشتن و داگەرانی هزر و بیری رۆژئاوایی و پێشکەوتوو بۆ رۆژهەڵات. دیارە گەورەرتین ئاڵوگۆری ئەو رەوتە پێکهاتن و سەرهەڵدانی فۆرماسیونی سیاسی- کۆمەڵایەتی نوێیە کە دەبێتە جێگرەوەی فۆرماسیونی عەشەیرەیی و نەریتی بۆ وەدەست هێنانی مافی کورد و دیاری کردنی مافی چارەنووسی کورد]کۆچێرا،٢٠٠٣، ل ٢٨[. لێرەدا وەک نموونە ئاماژە بە دوو حەول و کۆشش لە باکووری کوردستان دەکرێت.
ئەلف: جەمعییەتی تەعاون(تەعالی) و تەرەقی کورد:
ساڵی ١٩٠٨ جەمعییەتی تەعاون(تەعالی) و تەرەقی کورد لەلایەن رۆشەنبیرانی کورد لە باکوور دادەمەزرێت، بەبۆچوونی کریس کۆچێرا ئەو کۆمەڵە کوردیە ئامانجی نوێخوازانە و رێفۆرمیستانەی هەبوە]هەمان،ل٢٨[، دیارە مەبەست لە نوێخوازی دەشێت ئاماژەیەک بێت هەم بە نوێخوازی لە فۆرماسیونی رواڵەتی و هەمیش فۆرماسیونی زەینی دا، واتە کەڵک وەرگرتن لە فۆرماسیونی نوێی گونجاو لەگەڵ ئاڵوگۆرێ کۆمەڵایەتێکانی کۆمەڵگای باکوور کە هاوکات بوو لەگەڵ پەرەی شارنشینی و سەرهەڵدانی چێنی ناونجی و مام ناوەندی و لاواز بوونی هێژمۆنی خێڵایەتی و عەشیرەیی، هەمیش بەمانای کەڵک وەرگرتن لە مێتۆدی نوێ، بەشیوەی حەول بۆ پێگەیاندنی تاک و کۆمەڵگای ئاگا و خاوەن هزر و بیری تازە، واتە رەخساندنی بەستێن بۆ سەرهەڵدانی سووژەیەکی سەربەخۆ و خۆبنیادنەری ئاگا و خاوەن جیهان بینی. رێفۆرمیستانەش دەشێ بە مانای روو لە کۆمەڵگا خەبات کردن بۆ ساز کردنی ئاڵوگۆری هەنگاو بەهەنگاو هاوکات لەگەڵ پێگەیشتنی تاک و کۆمەڵگای ژیر و وریا بێت لەجیات ئەوەکە لەغیابی تاک و کۆمەڵگای ئاگا و پێگەیشتوو بەگەژ دەسەڵاتا رۆبێن. پیکهێنەرانی ئەو جەمعییەتە رۆژنامەیەکیشیان وەک ئۆرگانی خۆیان دەکردوە و ئەوەش دەشی بەرهەمی ئەو ئاڵوگۆریانە بێت کە بەرهەمی ئاڵوگۆری لەناو بەستێنی سیاسی عوسمانی‌دا رووی داوە، ئاڵوۆگری گەلێکی وەک پەرەی هزری مەشرووتییەت لەناو دەسەڵاتی عوسمانی‌دا، پەرەی زانست و هزری مۆدێرن بە هۆی پەرەی خوێندنگای و خوێندنی مۆدیرن، پەرەی سیستم و ئیمکاناتی چاپ و بڵاو کردنەوەی کتێب و بڵاڤۆکی کوردی.
ب: خۆیی بوون:
جەلادەت بەدرخان کە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە لەدایک بوو وە لە دەیەی بیستی سەدەی نۆزدە لەوڵاتی ئاڵمانیا یاسای خوێندوە، دیارە ژیان لە ئورووپا و دیتنی پێشکەوتەکانی رۆژئاوایی کاری کردۆتە سەر جەلادەت بەدرخان و لەپاش گەرانەوە بۆ دەمشق بوو بەیەکێک لەدامەزرێنەرانی رێکخراوەی خۆیی بوون ، دیارە خۆیی بون رێکخراوەیەکی سیاسی و رۆشەن بیری بوە ]نەک حیزبێکی سیاسی[ بە مەبەستی پەرەی هزر و ئەندێشەی ناسیونالیستی، لەراستی‌دا دەشێ بگوترێت کە جەلادەت بەدرخان لەباری فۆرم و پێکهاتەوە لەژێر کارتێکەری کردار و کردوەی پێش‌کەوتوانی فراماسۆنێرێکان بوە و دووهەم ئەوەکە ئەو باش ئاگاداری مێژووی ئاڵوگۆرێکانی رۆژئاوا بوە و باش تێگەیشتوە کە لەغیابی هەرجۆرە ئاڵوگۆریکی کۆمەڵایەتی و پەرەی عەقڵانییەت و هزری بەرۆژ لەناو تاک و کۆمەڵگای کوردی‌دا ]هەر ئەو رەوتەی لە رۆژئاوا بەرهەم هێنی پێگەیشتووی و پێشکەوتی کۆمەڵگاکان بوە[، پێشکەوت و وەدەست هینانی مافی سیاسی کورد مەحاڵە، بۆیەش لەپاش خۆیی بوون لە کۆتاییەکانی دەیەی بیستی سەدەی بیستەم، دەستی کرد بە بڵاو کردنەوەی گۆڤاری هاوار لە سەرەتاکانی دەیەی سی سەدەی بیستەم‌دا و لەپاشان گۆڤاری رۆناهی لە دەیەی چلی سەدەی بیستەم دا]رۆحانی،١٣٧١،ج٣،ل٥٢٨[

باشوور:
لێک بڵاو بوونی ئیمپراتووری عووسمانی و دابەش بوونی خاکی ئەو وڵاتە لەنێوان دوو گەورە زلهێزی جیهانی بریتانیا و فەرانسا و پێکهاتنی وڵاتی عێراق و سووریاو...هتد لەپاش کۆتایی شەری یەکەمی جیهانی، بوونە هۆی پارچە بوونی جاریکی تری بەشێکی کوردستان، بەجۆرێ کە بەشیک لە جوغرافیای کوردستانی سەر بە ئیمپراتووری عووسمانی لەپاش پێکهاتنی ژێئۆپۆلەتیکێک بەناوی عێراق خرایە سەر ئەو وڵاتە و بەپێی پلانی سایکس-پیکۆ بۆ فۆرمادان بە رۆژهەڵاتێکی ناوینی نوێ.
 ئەگەرچی لەبریارنامەی سێڤێردا دابین کردنی مافی کورد لەبەر چاو گیرابوو، بەڵام لە بریارنامەی لۆزان دا هەموو هیوا و ئاواتی ناسیونالیستە کوردەکان لەناو چوو]هاوار،٢٠٠٦،ل٢٠٣[. بەرە بەرە لەپاش سەقامگرتووتر بوونی دەسەڵاتی ساوای پاشایەتی لە عێراق و پشتگوێ خستنی خواست و مافەکانی گەلی کورد لەباشوور کە ئەو کاتی بەشێک لە ئیمپراتووری عووسامنیش بوون خەباتیان بۆ کردبوو، خەبات بەدژ دەسەڵاتی پاوانخواز کە پشتیوانی نیزامی و سیاسی بریتانیای لەگەڵدا بوو درێژەی کێشایەوە، دیارە بەشیک لەو خەباتە رووبەروو بوونەوەی نیزامی بوو و بەشیک هەر وەک باکوور بەشیوەی پیکهێنانی کۆر و کۆمەڵە رۆشەنبیرایکان و حەول بۆ بنیادنانی تاک و کۆمەڵگایەکی ئاگا و وریا و خاوەن لۆژیک و جیهان بینی بوو]کۆچیرا،هەمان،ل١٧٧-١٧٩[، واتە حەول بۆ بنیادنانی تاک وەک سووژەیەکی سەربەخۆ و خۆبنیادنەری خاوەن هزر و جیهان بینی بۆ رووبەروو بوونەوە لەگەڵ هێژمۆنی شووناسی عێراقێکی پێکهاتوو لەسەر ئەساس و شووناسی عەرەبی وەک سووژە کە حەولی ئۆبژە کردنی کورد و بەرهمێنانی کوردیکی سترۆکتۆرالی دەدا. لەو کۆر و کۆمەڵانی کە لەباشوور سەریان هەڵداوە بۆ ئەو مەبەستە دەکرێ وەک نموونە ئاماژە بەمانە بکرێت:
ئەلف: برایەتی
ئەو کۆمەڵەیە ساڵی ١٩٣٧ لەلایەن شێخ لەتیفی کوری شێخ مەحموود لەسەر شێوازی کۆر و کۆمەڵە کوردێکانی باکووری کوردستان و ئەستانبوڵ دامەزراوە، شێخ لەتیف حەولی داوە چینی مام ناوەندی شار و رووناکبیرانی کورد لە سلێمانی کە ئەو دەم وەک پێتەختی هزری و رۆشەنبیری باشوور سەیری دەکرا کۆبکاتەوە.
ب: رێکخراوی دارکەر:
ئەگەر کۆمەڵی برایەتی تایبەتی پیاو ماقوڵان و گەورەکانی کورد بوو، ئەوا دارکەر جێی لاوانی رێفۆرمخواز بوو، دارکەر لە کۆگشتیەک لە گەنجانی ناسیونالیست و خوێندەواری لەخۆ گرت بوو کە خواستیان سەربەخۆیی هەموو کوردستان بوو] کۆچێرا، هەمان، ل ١٧٧،١٧٨[.
پ: هیوا:
ساڵی ١٩٤١ بەشێکی زۆر لە کۆمەڵ و رێکخراوە کوردێکانی باشور لە کۆنفرانسێکدا هەموویان لە رێکخراوەیەکدا بەناوی هیوا یەک دەگرنەوە، بەجۆرێ کە ئەو رێکخراوەتازەیە هەموو تێکۆشەرە ناسیونالیستە کوردەکان لێک کۆدەکاتەوە، بەجۆرێ کە لە هەموو چین و توێژەکانی ناو کۆمەڵگای لەگەڵ دا بوە، کۆمەڵی هیوا رۆڵێکی گرینگ هەبوە لە دامەزراندنی کۆمەڵەی ژ-کاف لە مەهاباد] کۆچێرا، هەمان، ل ١٧٨،١٧٩].

ئاڵوگۆرێکانی ئێران و کۆمەڵەی ژ- کاف:
لەهەر کۆمەڵگایەک روانگەی حکوومەت و فۆرماسیونی سیاسی ئەو کۆمەلگایە دەورێکی گرینگیان هەیە لە کردەوە و دژکردەوەکانی ناو کۆمەلگا بەرامبەر بە دەسەڵات، بۆ وێنە تا سەردەمی قاجار بە هۆی ئەوەکە رۆژهەڵات ئەگەرچی بەشیک بوە لە ژێئۆپۆلەتیکی ئیمپراتوری ئێران بەڵام زۆربەی کات لەلایەن حاکم و بنەماڵە خۆجێیەکانەوە کە شەرعییەتی ناوەندیشیان لەگەڵدا بوە بەرێوە چوە، لەوەها دۆخێک دا جۆری رووبەروو بوونەوەکان لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی ئامانج و ئاراستەی تایبەتی خۆی هەبوە. بەڵام لەپاش دەرکەوتنی بنەماڵەی پالەوی و گۆرانی سیستمی سیاسی و جۆری حوکمرانی لەژێر کارتێکەری ئایدۆلۆژیکی جیاواز، جۆری رووبەروو بوونەوە و ئامانجی رووبەروو بوونەوە لەگەڵ دەسەڵات ئاڵوگۆری بەسەردا دێت[بشیریە،١٣٨٦،ل ٦٦١-٦٧٢].
دەرکەوتنی رەزاشا لە ئاسۆی سیاسی ئێران بوو بە هۆی ئالوگۆری گەورە لە ئاستی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کلتووری لە ئێران و دەکرێ بەجۆرێ لە جۆرەکان بگوترێت کە ئێرانی مۆدێرن بە دەرکەوتنی رەزاشاوە دەرکەوت، دیارە مەبەست لێرە لە مۆدێرن نەک بە مانای گەشەی دیمۆکراسی کە بە مانای دەرکەوتنی دەوڵەتی مووتڵەقە لە ئاستی سیاسی، بۆرۆکراسی و ئیدارەی مۆدێرن، سیستمی فێرکاری و بارهێنانی مۆدێرن و سیستمی ئابووری دابڕاو لە سیستمی نەریتیە، بەکورتی دەشی بگوترێت کە گرینگ ترین و بنەرەتی ترین تایبەت مەندی سەردەمی رەزاشا دەوڵەت سازکردن بوو، چوون تا بەر لە رەزاشا ئەوەی لەئێران وەک سیستمی سیاسی بوونی هەبوو، حکوومەتی عەشیرەیی بوو، بەڵام رەزاشا بۆ یەکەم جار دەوڵەتێکی ناوەندی بەهێز و سانترالیستی لەئێران پێک هێنا]آبراهامیان،هەمان ،ل١٢٨،١٢٩[.
رەزاشا بنەما و ئەساسی دەوڵەتەکەی لەسەر دوو شت دانا، یەکەم ئەرتەش و هێزیکی نیزامی بەهێز( ئەو سەرتا بەلێنی دا بە ئینگلیسێکان کە هێزیکی نیزامی بەهێز دابمەزرێنیت بۆ پێشگرتن لە هێژمۆنی و دزە بلشوویکەکان، بەڵام  مەبەستی سەرەکی ئەو لە پێک هێنانی هێزێکی نیزامی گەورە و بەهێز زال بوون بەسەر نەیرانی ناوخۆیی دا و پەرەی دەسەڵاتی ناوخۆیی بوو کە لەلایەن خان و سەرۆک عەشیرەتەکانەوە هەرەشەی لێ دەکرا)، دووهەم بوروکراسیکی نوێ و سانترالیستی بۆ پەرەی هیژمۆنی و دەسەڵاتی خۆی]آبراهامیان، هەمان، ل١٣٠[، رەزاشا بەڵام لە باری هزر و ئەندێشەوە زۆرتر لەژێر کارتێکەری رووناکبیرانی ئێرانی نیشتەجێی ئاڵمان بوو کە زۆرتر پەرە پێدەری هزر و ئەندێشەی پان ئێرانستی بوون کە حەولیان دەدا بۆ پێک هێنانی ئێرانێکی بەهێز و یەکگرتوو، بۆ ئەو مەبەستەش حەولی یەک دەست کردنی زمان، بەرگ، کلتوور و بەگشتی کۆمەڵگای دا و ئەوەش هۆکار و سەرەتایەک بوو بۆ مووستەحیل کردنی کەمینەکان لە کلتور و زمانی زۆرینەدا]آبراهامیان، هەمان، ل١٥٨،١٥٩[. رەزاشا بە لەناو بردنی گەورە سەرۆک عەشیرەت و خاوەن زەوێکان، بەرێوە بردنی سیستمی جێگیرکردنی عەشیرە ئاژەڵدارەکان، پەرەی سیستمی بوروکراسی و ئابووری نوێ و مۆدێرن کە هێژمۆنی بازاری نەریتی کردبوە ئامانج، پەرەی سیستمی فێرکاری و دامەزراندنی ئیدارەی ئەوقاف هێز و دەسەڵاتی چین و توێژە نەریتیکان و ئاخووندەکانی کەم کردوە و بەم شیوەیە بەرهەم هێنی ئاڵوگۆری کۆمەڵایەتی بوو کە ئاکامەکەی پەرەی شارنشینی، دەرکەوتنی چینی مام ناوەندی و خوێندەواری نوێ بوو لە ئێران بەگشتی و لە کوردستان بە عام] آبراهامیان، هەمان، ل ١٧٠-١٧٤[، ئەو رەوتەی رەزاشا کە هاوکات بوو لەگەڵ پەرە وهێژمۆنی بەربڵاوی دەسەڵاتەکەی و لەهەمان کاتیشا گەیشتنی هزر و فکری ئازادیخوازی بۆ ناوخۆی ئێران بە هۆی رووناکبیرانەوە بەگشتی و بەتایبەتیش بۆ مەهاباد هەم لە تەورێز را و هەمیش لەباشور را لەپاش شۆرشی سمکۆ کە کۆتا شۆرشی مۆدیلی عەشیرەیی بوو، بوو بە هۆی گواستنەوەی ناوەندی شۆرش لە عەشیرەتەوە بۆ شار و لە سەرۆک عەشیرەتەکانەوە بۆ خوێندەوارانی ناو شار، هەر ئەو ئاڵوگۆریانەش بەستێنیان  رەخساند بۆ سەرهەڵدانی کۆمەڵەی ژ- کاف لە مەهاباد.
هەلبەت جێگای ئاماژەیە کە بەر لەکۆمەڵەی ژ-کاف مەڵبەندێک بۆ بڵاو کردنەوەی هزری ناسیونالیستی لە رۆژهەڵات دامەزرابوو، لە سەرەتاکانی ساڵی ١٩١٣ دا عەبدولرەزاق لە شاری خۆی(یەکێک لەشارە کوردەکانی پارێزگای ورمێ)، کۆمەڵەیەکی رۆشەنگەری کوردی دامەزراند و بریاریشی دا کە رۆژنامەیەک، چاپخانەیەک و قوتابخانەیەکی بۆ پەرەی ناسیونالیزمی کوردی دابمەزرێنێت، بۆ ئەو مەبەستەش عەبدولرەزاق رووی لە قۆنسولخانەی رووسیا کرد، عەبدولرەزاق بەرنامە و گەڵاڵەیەکی تۆکمەی هەبوو بۆ پەرەپێدانی رۆشەنبیری کوردی و ناردنی لاوانی کورد بۆ رووسیا بە مەبەستی خوێندن، بەڵام ئەو رەوتە نەتوانی ببێتە بزاڤێکی سەراسەری و نە توانی درێژە پەیدا بکات[جەلیلی، جەلیل، م.س.لازاریف،م.ا.حەسرەتیان، شاکرۆ محۆیان، ئۆلگاجیگالینا:٢٠١٣، ل ١٢٢،١٢٣].
کۆمەڵەی ژ- کاف:
بێ گومان مەبەستی ئەو دێرانە ئاوردانەوەی مێژویی نیە لە کۆمەڵەی ژ- کاف، بەڵکە باس کردن لە چیەتی کۆمەڵەی ژ- کاف و ئەرک و کردەوەی سەرەکی ئەو کۆمەڵەیەیە کە بەداخەوە ئاوری لێ نەدراوەتەوە.
کۆمەڵەی ژ- کاف لە سەردەمێک دا دێتە دامەزراندن کە رۆژهەڵاتی ناوینێکی نوێ هاتۆتە ئاراوە و کورد لەناو چوار ژێئۆپۆلەتیکی بیگانەدا دابەش کراوە و هەر کام لەو ژێئۆپۆلەتیکانەش بەهەموو هێزەوە حەولی بەرهەم هێنانی کوردیکی سترۆکتۆرال دەدەن لەچوارچێوەی شووناسی خۆیان دا، لە تورکیادا لەچوراچێوەی پان تورکیسم، لە ئێران لە چوراچێوەی پان ئێرانیسم و لەعێراق لەچوارچیوەی پان عەرەبیسم دا، ئەوە لەکاتێک دایە کە هەر کام لەو ژێئۆپۆلەتیکانە رەوتی نوژەن بوونەوە و مۆدێرنیزاسیونیان دەست پێ کردوە بەکەڵک وەگرتن و رەچاو کردنی پارادایمی مۆدێلی پاوانخوازانەی نۆژەن بوونەوە کە بریتیە لە رەوتێکی لە سەرێ را بۆ خوارێ و بەکەڵک وەگرتن لە شووناسی زۆرینەی هێژمۆن و زاڵ و حەول بۆ سڕینەوە و مووستەحیل کردنی کەمینە لەناو زۆرینەدا بە کەڵک وەرگرتن لە زۆر و دەسەڵاتی حکوومی، لەوەها دۆخێک دا کە رواڵەتی کۆمەڵگا ئاڵوگۆری بەسەردا دێت  لە ئێران، ئاساییە کە فۆرماسیون، ئامانج و هزری رووبەروو بوونەوەش لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی ئاڵوگۆری بەسەردا دێت و کۆمەڵەی ژ- کاف بەرهەمی ئەو ئاڵوگۆرێیە.
ئەوەی جێگای سرنج و ئاماژەیە ئەوەیە کە بەشی هەرە زۆری ئەو کەسانەی کە باسیان لە کۆمەلەی ژ- کاف کردوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە پێک هێنەران رووناک بیر و چینی مامناوەندی شاری بوون[گەوهەری،٢٠٠٤،ل٩،١٠]. چینی مام ناوەندی شاری و رووناک بیر بێ گومان پێناسەیەکی باش دەخاتە بەردەم توێژەر تا بتوانێت خوێندنەوەیەکی لۆژیکی لە چیەتی کۆمەڵەی ژ- کاف بخاتە روو، هەرچەند گومان لەوەدانیە کە جیاوازیش هەیە لەنێوان چینی مام ناوەندی رۆژئاوایی و چینی مام ناوەندی ئەو سەردەمی کوردستان، بەڵام مێتۆدی و شیوەی بەربەرەکانی و ئامانجی بەربەرەکانێکانیان دەتوانێت وێک چوونی هەبێت و بەو پێیەش دەشی بگوترێت کە بە پێی پێگەی چینایەتی و کۆمەڵایەتی پێکهێنەرانی کۆمەڵەی ژ- کاف، ئەوان ناسیونالیست و دێموکرات بوون[,1963,Lipsetل 31 [(لەبەندی هەشتی مەرامنامەی کۆمەڵەدا هاتوە کە مەسەلەی کۆمەلە دێموکراتییەو لەم پێناوەش دا بۆخۆشی ژیانی بەشەر کۆشش دەکات)[گەوهەری، هەمان، ل٤٦]. ئەوان بۆ ئەو مەبەستە روو لەدەسەڵات شەریان نەکردوە بەڵکە ئامنجیان رەخساندنی بەستێنی هزری و کۆمەڵایەتی بوە بۆ سەر هەڵدانی تاکێکی وریا، هوشیار و سووژەیەکی کوردی بۆ بەربەرەکانی و پێش گرتن بە تواندەوەی کورد وەک بوونێک لەناو شووناسی فارسی دا کە لە قالبی هزری پان ئێرانیستی بەسەر کۆمەڵگادا هێژمۆن کرابوو. واتە ژ- کاف خەباتیکی روو لە کۆمەلگا بوو کە بەهیچ شێوەیەک ئامانجی بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات یان دەست راگەیشتن بەدەسەڵات نەبوو، بەڵکە دژکردوەیەکی سۆبژیکتویستانە بوو بۆ پێش گرتن و بەربەرەکانی لەگەڵ ئۆبژە سازی و بەرهەم هێنانی کوردێکی سترۆکتوراڵ لەلایەن دەسەڵاتی ناوەندێوە.
بە لەبەر چاو گرتنی ئەوەیکە کۆمەڵە ریکخراوەیەکی نهێنی بوە و ئەندامانیش لەناو کۆمەڵەدا هەموویان یەکتریان نەناسیوە و سوێندخوراوە بۆ برایەتی و پاراستنی نهێنیکانی کۆمەڵە، بێ گومان کۆمەلە هەم بەو پێیەی کە دەستی کۆمەڵەی هیوا پێوە دیارە و هەم بەو پێیەی کە رووناک بیرانی کوردی مەهاباد لەگەڵ ناوەندەکانی رووناک بیری لە تەورێز زۆر لەوە دەچیت پێوەندیان هەبووبێت، کارتێکەری ئەوێ و ناوەندی غەیبی تەورێزیشی بەسەرەوە دیارە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نیە کە کۆمەڵەی ژ- کاف و کۆر و کۆمەڵەکانی تری کوردی پێوەندی سترۆکتوریان لەگەڵ فراماسۆنێکانی تورک لە ئیستانبوڵ و ناوەندەکانی غەیبی یان فەرامۆشخانە لە ئێران هەبوە، بەڵکە زۆرتر کارتێکەری رواڵەتی وانیان بەسەروە دایارە بۆ مەبەستی نەتەوەیی و پەرەی ناسیونالیسمی کوردی بەهۆی بوون لەژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتێکی نیزامی وەک رەزا خان دا و زەروورەتی نهێنی کاری و رەخساندنی بەستێنی زەینی و عەینی بۆ بەرهەم هاتنی تاکی کوردی وریا و ئاگا و پێش گرتن لە توانەوەی کورد، چ لە رۆژهەڵات و چ لە پارچەکانی تر.











سەرچاوەکان:
١_ جەلیلی، جەلیل، م.س.لازاریف،م.ا.حەسرەتیان، شاکرۆ محۆیان، ئۆلگاجیگالینا: شۆرشەکانی کورد لەسەردەمی نوێدا، بەهادین جەلال مستەفا،هەولێر،چاپخانەی رۆژهەڵات، ٢٠١٣.
٢_ روحانی، مردوخ: تاریخ مشاهیر کرد، ج٣، تهران، انتشارات سروش، ١٣٧١.
٣_ کۆچێرا، کریس: کورد لە سەدەی نۆزدە و بیستەمدا، حەمە کەریم عارف،هەولێر، کتێبخانەی ئاوێر، ٢٠٠٣.
٤_ گەوهەری، حامید: کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان، هەولێر، ئاراس، ٢٠٠٤.
٥_ هاوار،محەمەد رەسول: کوردو باکوری کوردستان لە دوای شەری یەکەمی جیهانییەو هەتا دوای شۆرشی شێخ سەعیدی پیران، بەرگی دووهەم،  سلێمانی، ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی خاک، ٢٠٠٦.
٦_ آبرهامیان، یرواند: تاریخ ایران مدرن، محمد ابراهیم فتاحی، تهران، نشر نی، چاپ جهارم ١٣٨٩
٧_ استید، کریستوفر: فلسفە در مسیحیت باستان،قم، مرکز مطالعات و تحقیقات ادیان و مذاهب، ١٣٨٠
٨_ بشیریە، حسین: عقل در سیاست، تهران، نشر نگاە معاصر، چاپ دوم، ١٣٨٦
٩_ سرداری نیا، صمد: نقش مرکز غیبی تبریز در انقلاب مشروطیت ایران، تلاش، چاپ اول ١٣٦٣
١٠_ سلیمانی، معصومە: تبارشناسی اومانیسم، روزنامە ایران، ش ٢٨١٣، ١٣٨٠
١١_ صانعی دربیدی،منوچهر: فلسفە دکارت، تهران، الدی، ١٣٧٦
١٢_ کسری، احمد: تاریخ مشروطه ایران، جلد ١، تهران، امیرکبیر، ١٣٦٣
١٣_ میلز، سارا: فوکو، داریوش نوری، تهران، نشر مرکز، ١٣٨٩.

14_ Eugen Lennhof, oskar posner, Dieter A.Binder: Internationales Freimaurer Lexikon. 5. Auflage. Herbig Verlag, 2006.
15_ Lipset, Seymour Martin, political Man: The Social Bases of politics(Garden City, New Yourk: Doubleday, Anchor Books, 1963.


سەرچاوە: http://www.raman-media.net/pdf/1556960134_r19.pdf

۱۳۹۸ فروردین ۲۰, سه‌شنبه

بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارن و لێکەوتەکای


شاهۆ حوسینی
پێشەکی:
لەدرێژەی ڕووبەڕوو بونەوەکانی حکوومەتی ئەمریکا  کە لەپاش هاتنە سەرکاری دۆناڵدترامپی نێئۆکان ڕۆژ بەرۆژ بەربڵاوتر و تووندتر دەبێت، لەپاش هاتنە دەری ئەمریکا لە ڕیکەوتنی ناوەکی(بەرجام)، ئەمجارە وزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سپای پاسدارنی ئێرانی خستە ناو لیستی ڕیکخراوە تێرۆریستێکان، ئەو کردەوەیەی ئەمریکا دەتوانێ مانا و  لێکەوتەی گرینگی هەبێت، بێ گومان شرۆڤەی ئەو مانا و لێکەوتانە بەبێ شرۆڤەی ئانتۆلۆژی سپای پاسدارن ناتوانێت شرۆڤەیەکی ڕوون بێت.
ئانتۆلۆژی سپای پاسدارن:
سپای پاسدارن وەک هیزێکی نیزامی-ئایدۆلۆژیک بەرهەمی ئایدۆلۆژی حکوومەتی ئیسلامیە کە لە ئاستی سیاسی کۆماری ئیسلامی لێکەوتۆتەوە. لەهەر وڵات و کۆمەڵگایەک‌دا هێزگەلیکی نیزامی هەن کە هەر کامە کارکرد و ئەرکێکی تایبەتیان هەیە، بۆ وینە هێزی نیزامی پۆلیس ئەرکی پاراستنی ئەهوەنی لەناوخۆی هەر وڵاتێکی لە ئەستۆیە، ئەرتەش ئەرکی پاراستنی سنوورەکان و بەربەرەکانی لەگەڵ هەڕەشە دەرەکێکانی لە ئەستۆیە، بەڵام بەدەر لەو هێزانە لە ئێران و لەپاش سەرکەوتنی شۆرشی گەلان، هێزێکی تری نیزامی بە ناوی سپای پاسدارن بەدی هات کە ئەرکی ئەو پاراستنی شۆرش و دەسکەوتەکانی شۆرش پیناسە کراوە، هەر بەو پێیە و بە پشتیوانی ئەو پیناسەیە بەستێن،  سنوور و جوغرافیای کارکردی ئەو هێزە نیزامیە بەربڵاوە، بەشیوەیەک کە نەتەنیا بەستینی نیزامی کە لە بەستێنەکانی سیاسی، ئابووری، کلتووری وکۆمەڵایەتیشا ئەرک دەگێرێت، نەتەنیا لە ناوخۆ و لە سەر سنوورەکان کە لە دەرەوەی سنوورەکانیش ئەرکی پێ‌سپێردراوە. بەربەرەکانی سپا لەناوخۆ لەگەڵ چالاکانی مەدەنی، رۆژنامەوانان، چالاکانی ژینگە پارێزی، لە دەرەوە لەگەڵ دژبەرانی کۆماری ئیسلامی، تێرۆری دژبەران و هەرەشە و هێرش بۆسەر ئامانجە ستراتژیکەکانی وڵاتانی رۆژئاوایی، ئەمریکا و ئیسرائیل، بەشداری لە پرۆژە ئابوورێکان، توجارەت، سەنعەت، موخابرات و ....هتد نیشان دەری بێ سنوور بوونی ئەرک و کارکردەکانی سوپای پاسدارانە.
سپای پاسداران وەک هێزێکی نیزامی-ئایدۆلۆژیک بۆ کردەوە و ڕاسپاردنی ئەرکەکانی لەژێر کارتێکەری ئایدۆلۆژی فەرمی حکوومەتی ئیسلامی دایە، ئەو ئایدۆلۆژیە فۆرمێک لە پێناسەی لە "خود"ی حەق وەک بوونێکی موسوڵمانی شیعەی جەعفەری باوەرمەند بە ویلایەتی موتڵەقەی فەقیە هەیە و هەر وەها فۆرمێکیش لە پێناسە لە دەلاقەی خوی را لە "ئەوی‌تری" باتڵ هەیە، واتە لەژێر تیشکی ئەو ئایدۆلۆژیە بوونەکان یان خودێکی موسوڵمانی شیعەی جەعفەری باوەرمەنەد بە ویلایەتی موتڵەقەی فەقیەن یان ئەوێکی تری دژبەر و باتڵ کە پێویستە لەناو بچن، ڕیبەر، پێشەوا و ڕێنوێنی مەعنەوەی و ڕواڵەتی ئەو هێزەش ڕیبەری شۆرش و ولی فەقیهی هەر زەمانێکە کە خۆی بە جیگرەوەی ئیمامی زەمان دەناسێنیت و ئەرک وەزیفەی خۆی بڵاو کردنەوە حەق لە جیهان و بەربەرەکانی لەگەڵ باتڵ بۆ ڕەخساندنی بەستێن بۆ گەرانەوەی ئیمامی غایب و بەدەستەوە گرتنی چلەوەی دەسەڵاتی سیاسی و ئایینی بە مەبەستی لەناو بردنی دائیمی باتڵ دەزانێت.
لیکەوتەکانی بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران:
بێ گومان بەو پێشەکیەی باسی لێوەکرا، ئەو کردەوەیە تەنیا ئامانجی پێکانی ریکخراوە و سازمانێکی نیزامی نیە بەڵکە کاتێک باس لە تێرۆریست بوونی سپای پاسداران دەکرێ، بە حوکمی ئەوەیکە رێبەر و فەرماندەری یەکەمی ئەو رێکخراوەیە رێبەری کۆماری ئیسلامی وەک وەلی فەقیە و جێنشینی ئیمامی زەمانە، کەوابێ بە مانای بە تێرۆریست ناساندنی رێبەری کۆماری ئیسلامیشە، بەتێرۆریست ناساندنی ریبەرۆ کۆماری ئیسلامی بە مانای بەتێرۆریست ناساندنی ئایدۆلۆژی سیاسی کۆماری ئیسلامی و لەویش بنەڕەتی‌تر ئەو فۆرم و ڕوانگە ئایینییە کە بەرهەمەکەی کۆماری ئیسلامیە واتە شیعەی جەعفەری باوەرمەند بە ویلایەتی فەقیە، لە هەمان کاتیشا ئەو ڕەوتە بە مانای بەئامانجی نیزامی گرتن و شەرعییەتی یاسایی بەخشین بە هەرجۆرە کردوەیەکی نیزامی بەدژ ئەو لایەنەیە کە وەک تێرۆریست ناسێندراوە، واتە بە ئامانجی نیزامی گرتن و پێکانێتی. هەڵبەت ئەوە بەو مانایە نیە کە لە کورت خایەندا ڕووبەڕوو بوونەوەیەکی نیزامی ڕویی بدات، بەڵام ئەوە بە مانای بەیاسایی و بەشەرعی کردنی حەول بۆ لەناو بردنی کۆماری ئیسلامی بە هۆی عەول بۆ لەناو بردن و ڕووبەروو بونەوە و پێکانی سوپای پاسدارنە وەک هێزی پارێزەری کۆماری ئیسلامی.

۱۳۹۸ فروردین ۱۵, پنجشنبه

ئانتۆلۆژی خەبات لە عەقڵی سیاسی مستەفا بارزانی‌دا


) خەبات بۆ سووژەی کوردی)
شاهۆ حوسێنی
پێشەکی:
لە هەر چاخ و سەردەمێک‌دا،  ئایدە و گوتارەکان خوێندنەوە و بۆچوونیکی تایبەتیان لەمەر مرۆڤ هەیە، واتە لەخۆگری ڕوانگەیەک لەمەر ئانتۆلۆژی مرۆڤەکانن. بێ گومان ئەو ڕوانگە و بۆچوونانە لەئاستی سیاسیش‌دا ڕەنگ دەدەنەوە. لەسیاسەتی مۆدێڕن‌دا، واتە لە ناو ئەندێشە سیاسی چاخی مۆدێڕن‌دا مرۆڤ بوونیکی ناوەندی و تەوەرەیی هەیە، بەهۆی ئەوەکە ئەساس و بنەمای مۆدێڕنیتە و کاکڵ و ناوەرۆکی سەرەکی مۆدێڕنیتە مرڤەوە و دەشێ بگوترێت کە مۆدێڕنیتە چاخێکی  مرۆڤ تەوەرەیە. مۆدێڕنیتەی سیاسیش وەک ڕەهەندی سیاسی مۆدێڕنیتە وڵامی سیاسی ئەو پرسیارە بنەرەتێیە دەداتەوە کە مرۆڤی سیاسی مۆدێڕن کێیە و چیە؟
بێ گومان مۆدێڕنیته دەرکەوتەیەکی مێژویی، سیاسی و هزریە کە ڕوانگەیەک، ئەندێشەیەک و شێوەیەک لەخویندنەوە و شووناس لە مرۆڤەکان دێنێتە ئاراوە، لەئاستی فەلسەفەدا مۆدێرنیتە بە بەرهەم هێنانی سۆبژێکتویتە و ڕەوتی سوبژەبوون، بەرهەم هێنی پێناسەیەک لە مرۆڤی موێڕن و وڵامیکی مۆدێڕن بۆ ئانتۆلۆژی مرۆڤی مۆدێڕن بوو. لە فەلسەفی مۆدێڕن‌ڕا بە پیناسەکردنی مرۆڤ وەک بوونێکی بیرمەند، خاوەن عەقڵ و بکەرێکی سەربەخۆی خۆبنیادنەر، ئۆمانیسم وەک ئەندێشەیەکی کۆمەڵایەتی، ناسیونالیزم، پلۆرالیزم و دێمۆکراسی وەک ئەندێشەی سیاسی و دەوڵەت-نەتەوەی مۆدێڕنی دێمۆکراتیک وەک پێکهاتەی ڕواڵەتی و ڕەنگدانەوەی سوبژە و مرۆڤی ئاگا، سەربەخۆ و خۆپێناسەکەر بەرهەم هاتن. لەڕاستی‌دا بە حوکمی وەیکە گەوهەری مۆدێڕنیته وەک دیسکۆرس "خود"ە، دەشێ بگوترێت کە مێژووی مۆدێڕنیته و مۆدێڕنیته سیاسی شتێک نیە جگە لە سۆبژێکتویتە و گەشەی هەرچی زیاتری مرۆڤەکان. لەژێر تیشکی وەها عەقڵانییەتێک و دۆخیکی مەعریفی و هزری‌دا، ڕۆژئاوا لەپاش چاخی ڕەشی دەسەڵاتی کلیسا لە خەوێکی مێژویی هەڵدەستێت و مرۆڤێکی کە وەک ئۆبژە و بوونێکی سترۆکتوراڵ لە خزمەت گەشە و پەرەی ئایدۆلۆژی کلیسا دا بوو، دەبیتەوە بە تەوەرە و ناوەندی سەرەکی ئەندێشەکانی فەلسەفی، کۆمەڵایەتی و سیاسی. بوونیکی کە لەئاستی سیاسی‌دا دەبێتە سەرچاوەی شەرعییەتی دەسەڵات(جهانبگلو، ١٣٨٤، ٢١-٧٢).
مۆدێڕنیته و ئەندێشەی مەشرووتە لە عوسمانی‌دا:
تیشک خستنە سەر خەباتی کورد لە باشووری کوردستان بە حوکمی وەیکە بەشێک لە باکووری کوردستان بوە بەبێ تیشک خستنە سەر ئاڵوگۆرێکانی ئەو بەشە لەکورستان، جۆرێک کەم و کوڕی لەگەڵ‌دا دەبێت، هەر بۆیەش بە کورتی تیشک دەخرێتە سەر کورد لە سەردەمی عوسمانی لە سەدەی هەژدەڕا.
ئاڵوگوڕیکانی هزری و ڕواڵەتی لە ڕۆژئاوا بەرە بەرە  لەلایەن بیرمەندان و خوێندەوارانی کورد و تورکی زانکۆکانی رۆژئاوا دەگوازرێتەوە بۆ عوسمانی وەک ژێئۆپۆلەتیکێکی ڕواڵەتی و هزری نەریتی. کۆتایی دەیەی یەکەمی سەدەی هەژدە(١٧١٨) تا سەرتای دەیەی سێهەمی(١٧٣٠) سەدەی هەژدە  کە هاوکاتە لەگەڵ سەردەمی حوکمرانی ئەحمەدی سێهەم وەک چاخی لالە پیناسە دەکرێت ، چاخ و سەردەمێک کە لەو ڕا ڕەوتی ڕێفۆرمخوازی دەست‌پێدەکات و لەئاکام‌دا دەگاتە چاخی تەنزیمات و مەشرووتەی یەکەم و دووهەم. لەڕاستی‌دا دەشێ بگوترێت کە چەخماخەی نوێ بوونەوە و دەرکەوتنی ئەندێشە و ڕوانگەی مۆدێڕن لە ئیمپراتوری عوسمانی‌دا لە سەرەتاکانی سەدەی هەژدەم‌ڕا لێدرا، لە سەدەی نۆزدەهەم و لەچاخی تەنزیمات‌دا (١٨٣٩)ڕێفۆرمخوازی بەشیوەیەکی قوڵتر و بەربڵاوتر لەلایەن ڕێفۆرمخوازانی(نەتەوەخوازانی) تورک بەدواداچوونی بۆ دەکرێت و ڕیکخراوە مۆدێڕەنەکان بەدی دێن، تورکە ڕێفۆرمخواز و بۆرۆکراتەکان بەرپرسیارێتی سیستمی بۆرۆکراسی عوسمانی بەدەستەوە دەگرن و سوڵاتان مەحمودی دووهەم دەبێتە پێشەنگی ئەو ڕەوتە لە رێفۆرمخوازی. ساڵی ١٨٧٦ مەشرووتەی یەکەم دێتە ئاراوە، یاسای بنەڕەتی ڕادەگەیەندرێت و پاڕڵمان بەدی دێت و ئەوەش بۆیەکەم جارە کە لە وڵاتێکی ئیسلامی و بەگشتی لە جیهانی ئیسلامی‌دا یاسای بنەڕەتی دەنووسرێتەوە. ساڵی ١٨٨٩ بزاڤی تورکانی لاو لەناو خوێندکارانی نیزامی سەرهەڵدەدات و هاوکات لەگەڵ پەرەئەستاندنی زیاتر لەناو چین و توێژەکانی تری کۆمەڵگا دەبێتە بزاڤێکی گشتگیر بەدژ سوڵتان عەبدولحەمیدی دووهەم، تورکانی لاو وەک بزاڤیکی ناسیونالسیتی لە ساڵی ١٩٠٦ ڕیکخراوەی ئیتحاد و تەرەقی بنیاد دەنێن و لەساڵی ١٩٠٨ ڕا تا ساڵی ١٩١٨ کە رێکخراوەکە لێک بڵاو دەبێت دەسەڵات بەدەستەوە دەگرن. نوامبر ساڵی ١٩١٨ شەڕی یەکەمی جیهانی کۆتایی دێت و ئیمپراتوری عوسمانی کە لەو شەرەدا شکەست دەخوات، دەکەوێتە بەر هێرشی بریتانیا و هاوپەیمانانی، لەوەها دۆخێک‌دا تورکە ناسیونالیستەکان بە ڕیبەرایەتی مستەفا کەماڵ دەست بەسەر دەسەڵات دادەگرن و لەساڵی ١٩٢٣ کۆماری تورکیا دادەمەزرێنن(حضرتی،١٣٩٠، ل٢٠،٢٥٠). چاوخشاندنێک بەسەر ئەو ئاڵوگۆڕیانەی کە لە ماوەی نزیک بە سێ سەدە لە تورکیا ڕووی داوە دەرخەری ئەو ڕاستێ حاشا هەڵنەگرەیە کە هیچ دەسەڵات، حکوومەت و بزاڤێکی گشتگیر بە ڕیفۆرمخواز و نەتەوەخواز لە تورکیا هیچ کات دانی بە مافی نەتەوەی کورد دانەناوە و هەموو کات لە دەلاقەی سوبژەیەکی هێژمۆن و خاوەن دەسەڵات‌ڕا حەولی داوە بوونێکی سترۆکتوراڵ، ملکەچ و گوێ‌ڕایەڵ لە کورد بەرهەم بهێنێت، ئۆبژەیەکی کە شووناسی بوون و کەسایەتی لەلایەن تورکەکانەوە وەک سوبژەیەکی هێژمۆن پێ‌بەخشراوە، بەجۆرێ کە لە خزمەت بەرژەوەندی، پەرەی رەوتی سوبژە بوونی ئەوان و هێژمۆنی بەردەوامی دەسەڵاتی هزری و ڕواڵەتی وان‌دا هەڵسووکەوت بکات. لەوەها دۆخێک دایە کە ناسیونالیزمی کوردی بە ئامانجی بنیادنانی سوبژەیەکی سەربەخۆی کوردی، بوونێکی سەربەخۆی خۆبنیادنەر کە نە تەنیا ملکەچ و گوێ‌ڕایەڵی هیچ دەسەڵاتێک نەبێت،  بەرە بەرە حەول دەدات لە سەربەخۆیی "بوون" و "ئەندێشە"ڕا بەرەو سەربەخۆیی "سیاسی" هەنگاو بنێت.
خەبات و بەربەرەکانی کورد لە باکوور:
تا بەر لە بریار نامەی سایکس-پیکۆ، کوردستانی باکور، باشور و رۆژئاوا بەشێک لە ئیمپراتووری عوسمانی بوون، بۆیەش هەرجۆرە ئاڵوگۆریەک لەو ئیمپراتوریەدا، کارتێکەری لەسەر کورد دەبوو. بەهۆی دراوسێتی عوسمانی لەگەڵ ئورووپا بیر و ئەندێشەی رۆژئاوایی لەئورووپاوە هەرکە گەیشتبا عووسمانی بێ‌گومان دەگەیشتە ناو کوردانی کوردستانی ناو ئیمپراتووری عوسمانی، بۆیە دەکرێ بگوترێت کە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتاکانی سەدەی بیستەما لەگەڵ سەرهەڵدانی چینێکی ناونجی و مام ناوەندی خوێندەواری پێ گەیشتووی قوتابخانە و دەرسی مۆدێرن و بەڕۆژ لەباکوری کوردستان، هاموو شوی کوردانی ئیمپراتووری عوسمانی بۆ رۆژئاوای پەرەئەستاندو، دیتنی تاکی پێشکەوتووی بەهرەمەند لەزانستی مۆدێرن و ناسیاوی پەیدا کردن لەگەڵ ریکخراوەی مۆدێرن، بوو بەهۆی راگوێستنی هزر و ئەندێشەی مۆدێرن و سەردەمیانە لەلایەن ئەوانەوە بۆ ئەو بەشە لە کوردستان و بەوشێوەیە کۆر و کۆمەڵە کوردێکان لە باکوور سەرهەڵدەدەن. دیارە گەورەترین ئاڵوگۆری ئەو رەوتە پێکهاتن و سەرهەڵدانی فۆرماسیونی سیاسی- کۆمەڵایەتی نوێیە بۆ وەدەست هێنانی مافی کورد و دیاری کردنی مافی چارەنووسی کورد کە سەرەتا بەشێوەی کۆر و کۆمەڵە کوردیکان دەست پێ‌دەکات و دوایی دەبێتە بزاڤێکی نیزامی-سیاسی)کۆچێرا،٢٠٠٣، ل٢٨ (.
ساڵی ١٩٠٨ جەمعییەتی تەعاون(تەعالی) و تەرەقی کورد لەلایەن رۆشەنبیرانی کورد لە باکوور دادەمەزرێت، بەبۆچوونی کریس کۆچێرا ئەو کۆمەڵە کوردیە ئامانجی نوێخوازانە و رێفۆرمیستانەی هەبوە)هەمان،ل٢٨(، دیارە مەبەست لە نوێخوازی دەشێت ئاماژەیەک بێت هەم بە نوێخوازی لە فۆرماسیونی رواڵەتی و هەمیش لەفۆرماسیونی زەینی دا، واتە کەڵک وەرگرتن لە فۆرماسیونی نوێی گونجاو لەگەڵ ئاڵوگۆرێ کۆمەڵایەتێکانی کۆمەڵگای باکوور کە هاوکات بوو لەگەڵ پەرەی شارنشینی و سەرهەڵدانی چێنی ناونجی و مام ناوەندی و لاواز بوونی هێژمۆنی خێڵایەتی و عەشیرەیی، هەمیش بەمانای کەڵک وەرگرتن لە مێتۆدی نوێ، بەشێوەی حەول بۆ پێگەیاندنی تاک و کۆمەڵگای ئاگا و خاوەن هزر و بیری تازە، واتە رەخساندنی بەستێن بۆ سەرهەڵدانی سووژەیەکی سەربەخۆ و خۆبنیادنەری ئاگا و خاوەن جیهان بینی. رێفۆرمیستانەش دەشێ بە مانای روو لە کۆمەڵگا خەبات کردن بۆ ساز کردنی ئاڵوگۆری هەنگاو بەهەنگاو هاوکات لەگەڵ پێگەیشتنی تاک و کۆمەڵگای ژیر و وریا بێت، نەک ئەوەکە لەغیابی تاک و کۆمەڵگای ئاگا و پێگەیشتوو بەگەژ دەسەڵاتا رۆبێن. پیکهێنەرانی ئەو جەمعییەتە رۆژنامەیەکیشیان وەک ئۆرگانی خۆیان دەرکردوە و ئەوەش دەشی بەرهەمی ئەو ئاڵوگۆریانە بێت کە لەناو بەستێنی سیاسی عوسمانی‌دا رووی داوە، ئاڵوگۆری گەلێکی وەک پەرەی هزری مەشرووتییەت لەناو دەسەڵاتی عوسمانی‌دا، پەرەی زانست و هزری مۆدێرن بە هۆی پەرەی خوێندنگا و خوێندنی مۆدیرن، پەرەی سیستم و ئیمکاناتی چاپ و بڵاو کردنەوەی کتێب و بڵاڤۆکی کوردی.
جەلادەت بەدرخان  یەکێکی تر لە تێکۆشەرانی کورد بوو کە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە لەدایک بوە و لە دەیەی بیستی سەدەی نۆزدە لەوڵاتی ئاڵمانیا یاسای خوێندوە، دیارە ژیان لە ئورووپا و دیتنی پێشکەوتەکانی رۆژئاوایی کاری کردۆتە سەر جەلادەت بەدرخان و لەپاش گەرانەوە بۆ دەمشق بوە بەیەکێک لەدامەزرێنەرانی رێکخراوەی خۆیی بوون ، دیارە خۆیی بون رێکخراوەیەکی سیاسی و رۆشەن بیری بوە)نەک حیزبێکی سیاسی( بە مەبەستی پەرەی هزر و ئەندێشەی ناسیونالیستی، لەراستی‌دا دەشێ بگوترێت کە جەلادەت بەدرخان لەباری فۆرم و پێکهاتەوە لەژێر کارتێکەری کردار و کردوەی پێش‌کەوتوانی فراماسۆنێرێکان بوە، ئەو کە باش ئاگاداری مێژووی ئاڵوگۆرێکانی رۆژئاوا بوە، باش تێگەیشتوە کە لەغیابی هەرجۆرە ئاڵوگۆریکی کۆمەڵایەتی و پەرەی عەقڵانییەت و هزری بەرۆژ لەناو تاک و کۆمەڵگای کوردی‌دا )هەر ئەو رەوتەی لە رۆژئاوا بەرهەم هێنی پێگەیشتووی و پێشکەوتی کۆمەڵگاکان بوە(، پێشکەوت و وەدەست هینانی مافی سیاسی کورد مەحاڵە، بۆیەش لەپاش خۆیی بوون لە کۆتاییەکانی دەیەی بیستی سەدەی بیستەم، دەستی کرد بە بڵاو کردنەوەی گۆڤاری هاوار و لەپاشان گۆڤاری رۆناهی لە دەیەی چلی سەدەی بیستەم دا)رۆحانی،١٣٧١،ج٣،ل٥٢٨(
دیارە ئەوە بەو مانایە نیە کە پێشتر کورد بەدژ ئیمپراتوری عوسمانی خەباتی نەکردوە، بۆ وێنەدەکرێ  بە خەباتی میرانی کورد بەدژ دەسەڵاتی عوسمانی  کە مێژویەکی دوور و درێژەی هەیە یان خەباتی شێخ عوبەیدوڵلا ئاماژە بکرێت،  هەروەها بەرە بەرە کە دەسەڵاتی سیاسی نوێ لە تورکیا جێگیرتر دەبێت و ڕەوشی بەرپەرچ دانەوەی خواستە ڕەواکانی کورد بەرەو توند و تیژی زیاتر دەڕوات، ئاڕاستەی خەباتی کوردیش بەرەو خەباتی چەکداری دەروات کە شۆرشی شێخ سەعیدی پیران یەک لەو شۆرشانە لە تەنیشت شۆرشی کۆر و کۆمەڵە کوردیکان دەکرێ ئاماژەی پێ بکرێت.


دابەش بوونی کوردستان بۆ جارێکی تر:
لێک بڵاو بوونی ئیمپراتووری عووسمانی و دابەش بوونی خاکی ئەو وڵاتە لەنێوان دوو گەورە زلهێزی جیهانی بریتانیا و فەرانسا و پێکهاتنی وڵاتی عێراق و سوریا و...هتد لەپاش کۆتایی شەری یەکەمی جیهانی، بوونە هۆی پارچە بوونی جاریکی تری بەشێکی کوردستان، بەجۆرێ کە بەشیک لە جوغرافیای کوردستانی سەر بە ئیمپراتووری عووسمانی لەپاش پێکهاتنی ژێئۆپۆلەتیکێک بەناوی عێراق خرایە سەر ئەو وڵاتە بەپێی پلانی سایکس-پیکۆ بۆ فۆرم‌دان بە رۆژهەڵاتێکی ناوینی نوێ. ئەگەرچی لەبریارنامەی سێڤێردا دابین کردنی مافی کورد لەبەر چاو گیرابوو، بەڵام لە بریارنامەی لۆزان دا هەموو هیوا و ئاواتی ناسیونالیستە کوردەکان لەناو چوو(هاوار،٢٠٠٦،ل٢٠٣). بەرە بەرە لەپاش سەقامگرتووتر بوونی دەسەڵاتی ساوای پاشایەتی لە عێراق و پشتگوێ خستنی خواست و مافەکانی گەلی کورد لەباشوور کە ئەو کاتەی کە بەشێک لە ئیمپراتووری عووسامنیش بوون خەباتیان بۆ کردبوو، خەبات بەدژ دەسەڵاتی پاوانخواز کە پشتیوانی نیزامی و سیاسی بریتانیای لەگەڵدا بوو درێژەی کێشا، دیارە بەشیک لەو خەباتە رووبەروو بوونەوەی نیزامی بوو وە بەشیک هەر وەک باکوور بەشێوەی پیکهێنانی کۆر و کۆمەڵە رۆشەنبیرایکان و حەول بۆ بنیادنانی تاک و کۆمەڵگایەکی ئاگا و وریا و خاوەن لۆژیک و جیهان بینی بوو(کۆچیرا،هەمان،ل١٧٧-١٧٩)، بەڵام وێك‌چووی هەر دوو شێوە خەبات حەول بۆ بنیادنانی تاک وەک سووژەیەکی سەربەخۆ و خۆبنیادنەری خاوەن هزر و جیهان بینی بۆ رووبەروو بوونەوە لەگەڵ هێژمۆنی شووناسی عێراقێکی پێکهاتوو لەسەر ئەساس و شووناسی عەرەبی بوو، کە وەک سووژە حەولی بەئۆبژە کردنی کورد و بەرهمێنانی کوردیکی سترۆکتۆرالی دەدا لەژێر تیشیکی شووناس و فۆرماسیونی زەینی عەربی‌دا.
بارزان مەکۆی کوردایەتی:
 بارزان وەک مەکۆ و ناوەندێکی ئایینی و شێخایەتی بەردەوام  لەژێر تیشکی ئەندێشە و ڕینماییە ئایینیکان و بە تایبەت ئەندێشەی سۆفیانەی تەریقەتی نەقشبەندی حەولی خزمەت، پەروەردە، پێ‌گەیاندن و تێگەیاندنی کۆمەلگای دەدا، بەتایبەت سەرهەڵدانی ڕەوتی ڕێفۆرم و چاکسازی کۆمەڵایەتی لە سەردەمی شێخ عەبدولسەلام‌دا بوو بەهۆی بەربڵاوتر بوون و هێژمۆن‌تر بوونی مەرجعییەتی بارزان وەک مەکۆیەکی خزمەت‌گوزاری و پەروەردە. شێخ عەبدولسەلام ئەگەرچی کەسایەتێکی ئایینی بوو وە بەو پێیەش چاوەڕوان دەکرا کە نزیکایەتی لەگەڵ دەسەڵاتی ئایینی خەلەیفەکانی عوسمانی هەبێت، بەڵام بەپێچەوانە هەستی نەتەوەیی و هەستی پێوەندی بە کۆمەڵگا و ناوەندێکی کلتووری، زمانی و ئەرزشی جیاواز لە عوسمانێکان کە لەلایەن دەسەڵاتی خەلیفەکانەوە دەچەوساوە، بیری نەتەوەیی لە هەناوی شێخ عەبدولسەلام‌دا بەتین‌تر کرد و شێخی هان دا تا پێوەندی بە کۆمەڵەی تەعالی و تەرەقی کورد، هیوا، خۆیی بون، شێخ مەحمود، شێخ عەبدولقادری نەهری و سمایل‌ئاغای شکاک بگرێت، دەشێ بگوترێت کە بە شێخ عەبدولسەلامەوە نەتەوەیی بون بوو بە هزر و هەستی هێژمۆن و بەهێزی بارزان وەک مەکۆیەکی جێگای متمانە و باوەڕی کورد. پەرەی هەستی نەتەوەیی تا ئەو جێگایە بوو بە هەستێکی هێژمۆن کە شێخ عەبدولسەلام ساڵی ١٩٠٨ دەستی بۆ چەک برد و هێرشی نیزامی کردە سەر سوپای عوسمانی، شۆرشی شیخ عەبدولسەلام بەداخەوە بەهۆی خیانەتی کوردێک کە لەخەودا دەستبەسەر و ڕادەستی تورکانی کرد و لەلایەن تورکانەوە لەسێدارە درا(گەوهەری، ٢٠١٧، ١٥-٢٣)کۆتایی هات. بەڵام بیر و هەستی نەتەوەیی بۆ بنیادنانی خود و سوبژەیەکی سەربەخۆی کوردی، بارزانی کردە مەکۆی شۆرش و خەبات بۆ بەرهەم هێنانی خود و سوبژەیەکی کوردی. ئەندێشە و کردەوەکانی شێخ عەبدولسەلام بەرهەم هێنی دوو کەسایەتی تێکۆشەری کورد بوو لەناو بنەماڵەی بارزانی‌‌دا: شێخ ئەحمەد و مەلا مستەفا. لەسێدارەدانی شێخ هاوکات بوو لەگەڵ سەرهەڵدانی فۆرماسیون و ژێئۆپۆلەتیک گەلێکی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوین کە لە دابەش بوونی ئیمپراتوری عوسمانی بەپێ برێارنامەی سایکس-پیکۆی سەریان هەڵدا. بارزان لەمەوە بەدوا دەکەوێتە ناو ژێئۆپۆلەتیکی عێراق و باشوری کوردستانیش دێتە ناو چەمکی سیاسی و خەباتی کورد. لەمەو بەدوا شۆرشی کورد لە بارزان ڕو و ئاراستەکەی دەسەڵاتی ناوەندی عێراق دەبێت و بەدژ ئەندێشە و ناسیونالیسمی عەرەبی کە پیکهێنەر و شووناسی عێراقە. بەو شیوەیە ناسیونالیسمی کوردی دەبێتە هەوێن و رێکخەری بزاڤی کوردی لە باشور بە ناوەندێتی بارزان وەک مەکۆیەکی مەعریفی و ڕواڵەتی.
دەرکەوتنی مستەفا بارزانی وەک ڕێبەری بزاڤی نەتەوەیی کورد:
شۆرشەکانی کورد لە باشوری کوردستان بەدژ دەسەڵاتی ناوەندی بەهۆی بێ ئەزموونی، ناکۆکی ناو ماڵی کورد و ناڕێک‌وپیکی لەتەنیشت پشتیوانی نیزامی  بەربڵاوی بریتانیا لە دەسەڵاتی ناوەندی عێراق نەیتوانی دەسکەوتێک بۆ کورد بەرهەم بهێنیت، بەڵام هەڵگیرسانی شەری دووهەمی جیهانی، ئاکامەکانی کۆتایی ئەو شەڕە  کە لە ئاستی جیهانی‌دا بوو بەهۆی دەرکەوتنی سیستمی هاوسەنگی هێز و دەسەڵاتی دوو جەمسەری، پەرەی دەسەڵاتە چەپەکانی نزیک لە سۆڤییەت، قورسایی و نفوزی کوردی لەناوچەدا زیاتر کرد.
مستەفا بارزانی هەر لەمناڵێوە ئاوێتی خەبات و بەربەرەکانی کورد بەدژ داگیرکەرانی کوردستان بوو، گیران، دەرمانداو کردن و خەباتی بەردەوام کەسایەتێکی کوردو نەتەوەخوازی لەو بەرهەم هێنابوو، کەسایتێک کە بەدژ بوونێکی دەستکرد و سترۆکتوراڵی خواستی عەرەبەکان، لەژێر تیشیکی ئەندێشەکان و پەروەردەکانی شێخ عەبدولسەلام ، بوو بە ئاڵا هەڵگری  خەباتی ناسیونالیستی کورد. مستەفا بارزانی ئەو کەسایەتێ پیگەیشتویە بوو کە بەهەست و هزریکی ئاواڵاوە لە هەرشوێنێک جموجوڵیکی کوردایەتی هەبایە ڕوی تێ‌دەکرد.
ساڵی ١٩٣٩ لە کۆمەڵی هیوا نزیک بۆوە، بەڵام گوشارەکانی دەسەڵاتی ناوەندی، زوڵم و زۆری بەدژ کورد و ئاڵوگٶرێکانی ناوچەیی و جیهانی سەردەمی شەری دووهەمی جیهانی، مستەفا بارزانی گەیاندە ئەو قەناعەتە کە پێویستە خەبات و شۆرش بەدژ دەسەڵاتی ناوەندی دەست پێ‌بکاتەوە، بۆیەش لە سیلمانی دەرچوو و بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا گەڕایەوە بارزان و بەو شیوەیە شۆرشێکی‌تری لە بارزان هەڵگیرساندەوە. بێ گومان بارزانی کەسایەتێکی تێگەیشتوو بوو، ئەو ساڵی ١٩٤٣ لە سلیمانی دەرچوو و گەرایەوە بۆ بارزان(بارزانی،٢٠١٢، ٥٨)، ئەوە لەکاتێک‌دابوو کە ساڵی ١٩٣٩ شەڕی دووهەمی جیهانی دەستی پێ کرد و بریتانیا و فەرانسە وەک دوو زلهێزی جیهانی و خاوەن هێژمۆنی لە رۆژهەڵاتی ناوین تووشی خەسار و زەبریکی زۆر بوون، فەرانسا ڕاستەوخۆ لەلایەن ئالمانیاوە داگیر کرا و بەریتانیاش گەمارۆی دەریای خرایە سەر و بەبەربڵاوی هێرشی ئاسمانی دەکرایە سەر، لەوەها دۆخێک‌دا باشور و رۆژهەڵاتی کوردستان تووشی جۆرێک بۆشایی دەسەڵات ببون، بریتانیا لەلایەک ساڵی ١٩٣٢ سەربەخۆ بوونی عێراق بەفەرمی دەناسێت و بەو شیوەیە لە عێراق دەچتە دەر(Ongsotto,2003,69) ئەگەرچی چەند پیگەیەکی نیزامی لەعێراق دێڵیتەوە. بەڵام بەگشتی حزور و بوونی بەهێزی نیزامی بەریتانیا تا دەهات لە رۆژهەلاتی ناوین کەمتر دەبۆوە، ئەوە لەکاتێک‌دابوو کە عێراق لەسەردەمی بەدەسەڵات گەیشتنی فەیسەڵی دووهەم کە هێشتا باڵغ نەببو تووشی بشێوی هات،  بەجۆرێ کە ساڵی ١٩٤١ ڕەشید عالی گەیلانی کۆدتا دەکات و  عەبوڵڵا کە نایب سەڵتەنەی فەیسەڵی دووهەم بوو لە دەسەڵات دەخات(Liman,2005,23 (، واتە سەرقاڵ بوونی دەسەڵاتی ناوەندی و بریتانیا لەلایەک بەکێشەکانی ناوەند و باشوری عێراق و لەلایەکی تر  سەرقاڵ بوونی بریتانیا بە شەڕی دووهەمی جیهانێوە ،کەش و هەوایەکی گونجاوی ڕەخساندبوو، لەهەمان کاتیشا پێویستی و زەروورەتی دابین کردن و دەستەبەر کردنی مافی چارەنووسی کورد وەک بوونێکی سەربەخۆ کە پێویست بوو ڕێز لە بوون و مافەکانی بگیرێت، بەڵام دەسەڵاتی ناوەندی عێراق هیچ کات دانی پێ‌دانەنابوو، مستەفا بارزانی بەو قەناعەتە دەگەیەنێت کە پێویستە شۆرشی کورد هەڵبگیرسێتەوە.
شۆرش بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانی نەتەوەیەک کە لە ئەندێشەی بنیادنانی فۆرمیکی زەینی، مانایی و ڕواڵەتی جیاواز لە وەی‌تری عەرەب بوو، تەنیا تایبەت بە سەردەمی حکوومەتی پاشایەتی لە عێراق نەبوو، لەپاش کۆدەتای ١٤ ژوئییەی ١٩٥٨ کەریم قاسم بەدژ دەسەڵاتی پاشایەتی،  مستەفا بارزانی بەناوی گەلی کوردەوە پیرۆزبایی سەرکەوتنی شۆرشی گەلی عێراق لە کەریم قاسم بە دژی ئەمپریالیست (کە دیارە مەبەستی برریتانیایە کە بەدژ کورد هەموو جۆرە یارمەتێکی حکوومەتی پاشایەتی دەکرد)دەکات و شۆرشی گەلی کورد گرێ دەداتەوە بە گەلی عێراق(گەوهەری، هەمان، ٢٠٥)، دیارە مەبەستی بارزانی ئەوە بوو کە ئەو ڕاستیەی بە گوێ کەریم قاسم‌ بگەیەنێت کە دەسەڵاتی شۆرش پێویستە بەیەک چاو، چاو لە مافی گەلانی عێراق بکات بەبێ هەڵاواردن و پێوسیتە دەسەڵاتێکی گەلی و نیشتیمانی کە رەنگدانەوەی واقعی کۆمەڵگای عێراقە بە کورد و عەرەبەوە بێت، هەر ئەو دەسەڵاتە گەلییەش ئەو وڵاتە بەڕێوە بەرێت. دیارە ڕووداوەکانی دوایی سەلماندی کە هیچ شتێک لە عەقلییەتی پاوانخوازانەی عەرەب وەک ئەوی‌تری کورد و حەول بۆ بەرهەم هێنانی ئەوی‌ترێکی ملکەچ نەگۆراوە، ئەوجارەش چاوەروان کراو بوو کە دەسەڵاتی مەیلەو کۆمۆنیست بەڕوالەت  و ناسیونالیست لە هەناوی کەریم قاسم هیچ مافێکی نەتەوەیی بۆ کورد لەبەر چاو ناگرێت.
بەوشێوەیە نزیکایەتی کورد و عەرەب کە لە دوای شۆرشی کەریم قاسم دەستی پی کردەوە و کورد هیوادار بوو کە لەرێگای دیالۆگ و بەشیوەیەکی ئاشتیانە بتوانێ مافەکانی دەستەبەر بکات، بەڵام ئاڕاستەی ڕووداوەکان تا دەهات ئاڵۆزتر دەبوو، تا ئەوەیکە دەسەڵاتی کەریم قاسم لە  ١١ ئەیلوولی ١٩٦١  هێرش دەکاتە سەر کوردستان و بەوشێوەیە شۆرشی ئەیلولل هەڵدەگیرسێت(بارزانی، هەمان،بەرگی سێهەم،  ٤٥).  سەلام عارەف لە ١٩٦٣ بەکۆدەتا دەسەڵات بەدەستەوە دەگرێت،  لەگەڵ ئەوەدا کۆدەتاچیکان  بەڵێنیان دابوو ئۆتۆنۆمی بۆ کورد بە فەرمی بناسن، بەڵام هەر زوو بەعسی خاوەن دەسەڵات سیمای دزێوی خۆی وەدەرخست و لە ژوەنی ١٩٦٣ هێرشی کردە سەر کوردستان (گەوهەری، هەمان، ٣٢٠-٣٢٧). ئیتر کۆدەتای حەسەن ئەلبکەر و بە دەسەڵات گەیشتنی سەدامم حوسینیش لەگەڵ ئەوەدا کە وەک هەموو ڕێبەرانی پێشوی شۆرش حەولی نزیک بوونەوەی رواڵەتی لە کورد و ڕیبەری کاریزمای کورد مستەفا بارزانیان دەدا، بەڵام لە هەناو و دەروونیان‌دا هیچ باوەرێکیان بە مافی کورد وەک سوبژەیەکی سەربەخۆ و مەجال بۆ دەرکەوتنی کوردیکی مانایی و رواڵەتی بوونی نەبوو.
خەبات و شەر بۆ مستەفا بارزانی هیچ کات ئامانجێک بۆ بەدەستهینانی دەسەڵات و پەرەی هێژمۆنی خۆی نەبوو، هەست و ئەندێشەی  نەتەوەیی وەها لەهەناو و زەینی مستەفا بارزانی‌دا پەرەی ئەستاندبوو وە هێژمۆن بوو کە ئەو دەرگای هەموو جۆرە هەڵسوکەوتێک بۆ گەیاندنی مەبەست و گەیشتن بە مەبەستی ئاواڵا کردبوو، هەر بۆیەش لە پاش هەڵگیرسانی شۆڕشی دووهەم و لەکاتێکدا لە شەر دەستی باڵای هەبوو، لەگەڵ نوری سەعید سەرۆک وەزیرانی عیراق دەکەوێتە دانووستان و و تووێژ، لەتەنیشت خواستەکانی تری بارزانی لە نوری سەعید، سێ خواستی گرینگ هەبوون کە نیشان دەدات بارزانی ئامانجی پاشەکشە بە هێژمۆنی سووژەی عەرەبی و دەرخستنی سوژەیەکی کوردی ئاگایە، یەکەم: داوای ڕێکخستنی ویلایەتی کوردستان دەکات لە لیواکانی کەرکووک، سلێمانی، هەولێر و قەزا کوردییەکانی موسڵ، دهۆک، ئاکرێ، شیخان، شەنگار، زاخۆ، ئامێدی، قەزای خانەقەین، مەندەلی دیالە، دووهەم: بە فەرمی ناسینی زمانی کوردی، سێهەم: دیاری کردنی وەزیرێکی کورد وەک بەرپرسی ویلایەتی کوردستان( گەوهەری، هەمان). ئەگەرچی بەداخەوە  ئەو خواستانە نەهاتنە دی و شەر دەستی پێ کردوە.
مستەفا بارزانی ئەگەرچی لە دەروون و هەناوی عەشیرەتا سەری هەڵدابوو بەڵام نەتەوەیی بوونی لە دەرووندا هێژمۆن بوو، هەر بۆیەش لە پاش هەڵگیرسانی شۆرشی دووهەم لە سەرەتای دەیەی چلی سەدەی بیستەم، حەولی دامەزراندن و بنیادنانی فۆرم و پێکهاتەیەکی نوێ و مۆدێڕنی سیاسی دەدات بە دوو ئامانج: یەکەم ئەوە کە شۆرشی کوردی گشتگیر تر و بەربڵاتری بکاتەوە واتە کوردایەتی و نوسیونالیزمی کوردی بباتە قوڵایی کۆمەڵگا و دووهەم بتوانێ بەدژ دەسەڵاتی نوێ و مۆدێڕنی عێراق، کارامەتر و پۆزتیڤ‌تر بێت، بۆ ئەو مەبەستەش لە یەکەم هەنگاودا لێژنەی ئازادی بە هاوکاری ئەفسەرانی لیزانی کورد و خوێندەوارانی کوردی دادەمەزرێنێت و لەپاش ئەوەکە ڕوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات لە ساڵی ١٩٤٦ پارتی دێمۆکراتی کوردستان دامەزرێنیت(گەوهەری، هەمان).
ئانتۆلۆژی خەبات لە عەقڵی سیاسی مستەفا بارزانی‌دا:
هەر کۆمەڵگایەک بەر لەوەکە فۆرماسیونێکی ڕواڵەتی بێت، فۆرماسیونێکی مەعریفی، ڕوانگەیی و بەو پێیەش کلتووریە، بە جۆرێ کە هزر و مەعریفەکان بەرهەم هێنی ڕوانگەی تاک و کۆمەڵگایە و ڕوانگەکانیش دەبنە کلتووری کۆمەڵگاکان و لەسەر ئەساسی ئەو فۆرماسیونە زەینی و دەروونیانەی تاک و کۆمەڵگا، کاریزماکان بان‌تر لە تاکێک وەک ڕواڵەت و پێکهاتەیکی جێگای متمانەی لەخۆگری کۆگشتیەک تایبەت مەندی دەردەکەون. ئەگەر چی سەرەتا ئەوە تاکەکان کە لەسەر ئەساس و بنچینەی فۆرمی زەینی و دەروونیان بەرهەم هێنی فۆرمە ڕواڵەتێکانن، بەڵام لەدرێژەدا جۆرێک پێوەندی دیالێکتیکی لەنێوان کۆرگێر(مرۆڤ) و ساختەکان(فۆرمە ڕواڵەتێکان) دێتە ئاراواە، واتە ئەگەر فۆرمە زەینی و دەروونیکانی مرۆڤ بەرهەم هێنی فۆرمە ڕواڵەتێکان و ساختە عەینێکانن، هاوکاتیش فۆرمە ڕواڵەتێکان(ساخت) ئاڵوگۆڕی بەسەر فۆرمی ەینی و دەروونی مرۆڤ‌دا دێنێت. بەجۆرێ کە کاریزماکان وەک کۆڕگێڕ(agent) بێ گومان لەپێوەندیکی نزیک لەگەڵ پیکهاتەکان(structure)دا دەردەکەون.  باوەرمەندانی بە ئازادی، شۆڕش و مرۆڤی خۆبنیادنەر و رەها واتە باوەڕمەندانی بە سوبژە بوونی مرۆڤەکان، لەسەر ئەو باوەرەن کە دەور و نەقشی تاک و مرۆڤ لە کۆمەلگا و مێژوودا دەور و نەقشێکی کاریگەر و گرنیگە.
مستەفا بارزانی وەک کاریزمایەکی کە سەرەتا وەک بوونێک لەژێر کارتێکەری ڕەهەندەکانی کۆمەلگا و دەرەوەی کۆمەڵگایە، لەدرێژەدا دەبێتە پێشەنگی فۆرمێکی زەینی و ڕواڵەتی لە کوردایەتی و کورد بوون و بۆ دەستەبەر کردنی ئەو فۆرمە لە بوونەش، خەبات و تێکۆشان هەڵدەبژێرێت، دیارە لە ناو جەغزی دیکتاتۆرییەت و پاوانخوازی بوونێکی بێگانە دا کە حەولی تواندنەوە و موستەحیل کردنی ئەو فۆرمە دڵخوازەی مستەفا بارزانی دەدا، خەبات و تێکۆشان تاکە بەستێن و مەیدانە. بۆیەش خەبات لە عەقڵی سیاسی مستەفا بارزانی‌دا کۆشش و حەولێکە بۆ بنیادنان و بەرهەم هێنانی خودێکی کوردانەی سەربەخۆ و خۆبنیادنەر لەدەرەوەی شووناس و ئینتمای ئەوی‌تری هێرشکەر و داگیرکەر، مستەفا بارزانی لە خەباتی بەربڵاوی خۆی‌دا بەردەوام هەم پێ‌داگری لەسەر خاک واتە جوغرافیایەکی کوردانە وەک بەستێنێکی خۆمالی و گونجاو بۆ بەدی هێنانی سوبژەیەکی کوردانە دەکات و هەمیش پێ‌داگری لەسەر خوێندن بەزمانی کوردی .
 بە حوکمی وەیکە زمان وەک فۆرم و بەستێنێک، لەخۆگری تایبەتمەندی سرووشتی و مەکۆیی مرۆڤەکانە و بەوپێیەش گونجاوترین بەستێن و تاکە بەستێنی گونجاوە کە هزر و ئەندێشەی خۆماڵی تیا بەرهەم بێت، بەستێنێکە بۆ بەرهەم هێنانی ئەندێشە و ئەندێشەش بەستێنێکە بۆ بەرهەم هاتنی ئاگایی لەمەر خود و ئاگا بوونیش لەمەر خود شووناس دەخوڵقێنێت، واتە زمان ماڵ، بنکە و بەستێنی ئەندێشەیە، بەستێنێکە کە لە باوەش ئەودا هزر و ئەندێشە بەرهەم دێت و ئەوە ئەو هزر و ئەندێشەیەیە کە شووناس و کەسایەتی سەرەتا بە مرۆڤ و دوایی بە نەتەوەیەک دەبەخشێت. بۆیەش خاک و زمان دوو کووچکەی گرینگن کە دەتوانن بەرهەم هێنی سوبژەیەکی سەربەخۆی کوردانە بن و لەسەر ئەساسی ئەو سوبژە سەربەخۆیەش، نەتەوە وەک سوبژەیەکی گشتگیر و لەپاشان دەسەڵاتێکی نەتەوەیی بنیادبنرێت. بۆیە دەشی بگوترێت کە خەبات لە عەقڵی سیاسی مستەفا بارزانی‌دا کەرەسەیەک بوو بۆ بەرهەم هێنان و بنیادنانی سووژەیەکی کوردی، تاکێکی سوربەخۆ کە ئەوی‌تر نیە. دیارە ئەو سووژەیە لە درێژەدا هەم دەتوانێ نەتەوە بەرهەم بێنێت و هەمیش دەسەڵاتێکی سەربەخۆی کوردانە.






سەرچاوەکان:
١_ بارزانی، مەسعود(٢٠١٢): بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد ١٩٣١-١٩٥٨، هەولێر، ئاراس.
٢_ حضرتی، حسین(١٣٩٠): مشروطه عثمانی، تهران، پژوهشکدە تاریخ اسلام.
٣_ جهانبگلو، رامین(١٣٨٤):موج چهارم، ترجمهٔ منصور گودرزی، تهران، چاپ چهارم، نشر نی.  
٤_ روحانی، مردوخ(١٣٧١): تاریخ مشاهیر کرد، ج٣، تهران، انتشارات سروش.
٥_ کۆچێرا، کریس(٢٠٠٣): کورد لە سەدەی نۆزدە و بیستەمدا، حەمە کەریم عارف،هەولێر، کتێبخانەی ئاوێر.
٦_ گەوهەری،حامید(٢٠١٧): مستەفا بارزانی-پێسمەرگە و سەرۆک، هەولێر، چاپخانەی رۆژهەڵات.
٧_ هاوار،محەمەد رەسول(٢٠٠٦): کوردو باکوری کوردستان لە دوای شەری یەکەمی جیهانییەوە هەتا دوای شۆرشی شێخ سەعیدی پیران، بەرگی دووهەم،  سلێمانی، ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی خاک.
8_ Liam Anderson; Gareth Stansfield (2005). The Future of Iraq: Dictatorship, Democracy, Or Division
9_ Ongsotto et.al(2003). Asian History Module-based Learning Ii' 

سەرچاوە: ڕۆژنامەی خەبات