۱۴۰۴ اسفند ۱, جمعه

دیالێکتیکی سوژەیی و دابڕان لەئۆبژەیی لە بەستێنی زماندا

 












شاهۆ حوسێنی

لە بەستێنی پێک‌گەیشتنی زمانەکاندا، دیاردەی گرینگ بەتەنیا جیاوازی نێوان پێکهاتەی وشەکان نیە، بەڵکە تێکهەڵچوونی دوو لۆژیکی هێمایە کە هەرکام شێوازێک بیننین، بیرکردنەوە و بوون دەڕەخسێنن. زمانی دایکی لەم چوارچێوەیەدا، نە کەرەسەیەکی میکانیکی بۆ گەیاندن و راگواستنی پەیام و هەواڵ، کە ئاسۆیەکەی بنەڕەتی کراوەیی جیهان و بەستێنی خوڵقان ودەرکەوتنی بوونێکی سەربەخۆی خۆبنیادنەرە. کەواتە دەشێ بگوترێ ئەوەی لەم ناوەدا بەرهەم دێت، تەنیا تۆانایی زمانی بەشێوەیەکی ڕواڵەتی نیە، بەڵکە شێوازەێک لە تێگەیشتن و فام و ئاگاییە کە فۆڕم دەدا بە زەینی سەربەخۆی تاک.

لەڕاستیدا، زمان هیچ‌کات دیاردەیەکی پەسیڤ نیە، بەڵکە نیزامێکی ڕێکخەرە کە جیهانی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای تاکی سوبژە و بەشێوەی بەستێنێکی خاوەن مەجالی پێکەوە بوون و ژیان لێک کۆدەکاتەوە. هەر بۆیەش زمانی کوردی بۆ تاک و کۆمەڵگای کوردی بەتەنیا کۆگشتیەک لە وشەکان نیە، بەڵکە ڕایەڵێکی لێک‌جیاکەرەوە، بەها و نۆڕم‌خوڵقێن و مەجالی دەرکەوتنی کردەی سەربەخۆیە.

زمانی دایکی هەڵبەتە کە بەستێنی بەربەرەکانی و بەرخۆدانیشە، بەستێنی دەرکەوتنی هێز و قودڕەتیشە، جیهانێکی خوڵقێنەری مانا و حەقیقەتیشە، زمان لەڕێی هەڵسووکەوتی سەلبی لەگەڵ فام و ئاگایی و زەینی زمانی داگیرکەر، بەستێنێکە بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ ئەمپریالیسمی فارس و زمانی فارسی وەک بەستێنی و جیهانی کۆت‌کردنی کورد و بەکلۆنی کردنی تاک و کۆمەڵگای کوردیە، واتە ئەگەر زمانی فارسی لەڕێی تووندوتیژی هێمایی لەڕێی دەروونی‌کردنی شووناس و بوونێکی دەسکرد و ناکوردانە، حەولی ملکەچ‌کردن و گوێ‌ڕایەڵ‌کردنی کورد دەدات، ئەوا زمانی کوردی دەبێتە بستێن وە جیهانی بەرخۆدانی هێمایی بۆ سڕینەوەی ئەم دەروونی‌کردنە هێماییە فارسەکان.

ئا لێرەڕایە کە  تاک و مرۆڤی کوردی لە ئۆبژەڤانی دادەبڕێت و لەهەناوی زمانی‌کوردیدا و لەریی دەرخستنی سوژەی کوردی و سوژەیی، هێژمۆنی فارس تووشی نوشوت دەکات.

کەوابێ زمان تەنیا سەرمایەیەکی کلتووری نیە، بەڵکە جیهانێکی زەینی و فەلسەفیە کە: بوون، هەستی و وجوودی تیا دەخوڵقێت و دەردەکەوێت، بۆیەش پاشەکشە بە زمانی فارسی لەدەست‌دانی سەرمایەیەکی کلتووری و کەرەسەیەکی نێوەندگیری پێوەندی نیە، بەڵکە پاشەکشە بە ئایدۆلۆژی ئەمپریالیستی فارسە.

لەئاکامدا دەشێ بگوترێ کە دیالێکتیکی سوژەیی و ئۆبژەیی لە بەستێنی زماندا دەریدەخات: کە شووناس نە لە عوزلەت و دوورەپەرێزیدا کە لەتێکهەڵچووندا بەرهەم دێت، سوژەی کوردی لەناو بەستێنی زمانی کوردیدا بکەرێکە کە لەناو سنوورەکانی نیزامیی ماناکاندا مەجال گەلێکی جیاواز و فراوان بۆ بوون دەخوڵقێنێت. بێ‌گومان دابڕان لە ئۆبژەیی، چرکەساتی نەکۆڵی لە بڕیارێکی نەنووسراوە کە بەتەما بوو تاکی کورد بکاتە نوسخەی دەستی دووی ئەوی‌تری فارس.

 


گتو وبێژێک لەتەک کوردکاناڵ

  ویداد - موضوع برنامە:رژیم جمهوری اسلامی؛ از جنگ با آمریکا تا آتش‌زدن منطقە مھمانان برنامە :   شاھو حسینی ، فعال و تحلیلگر سیاسی آگری...