شاهۆ حوسێنی
شرۆڤە
و شێکردنەوەی ئەم ڕووداوە، پێویستی بە ئاناتومی دوو توێی لێک ئاڵاو هەیە: یەکەم،
"دۆکتۆرینی دژە-عەمەلیات" لەگوێن ئانوومی فکری و ستراتیژی، و دووەم،
"ئەندازیاریی کاتسازی" لەگوێن میکانیزمی قۆستنەوەی هەڵەکانی ڕکابەر لەلایەن
دەسەڵاتەوە.
١. دۆکتۆرینی دژە-عەمەلیات
(دکترین ضدعملیات) لە ئاستی تیۆریدا، باس لە دۆخێک دەکات کە تێیدا کردە و چالاکیی
چەکداری، بەهۆی پشتبەستنی ئۆرگانیک بە ناوەندەکانی بڕیاردانی دەرەوەی کۆمەڵگەی
ئامانج، لە لۆژیک و سوبژێکتڤیتەی لۆکاڵی (خۆماڵی) دوور دەکەوێتەوە. لە دۆخێکی
ئاوادا، چەک چیتر درێژکراوەی وشیاری و ئیرادەی گشتی نییە، بەڵکوو دەبێتە هۆکارێک کە
لە ڕێی گۆڕینی ئەولەویەتە سیاسییەکان و سەپاندنی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی بەپەلە و
کتوپڕ، پرۆسەی گەشەکردنی خواستە نەتەوەییەکان، توانای فکری و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی
تووشی شڵەژان و پەککەوتن دەکات. دەرئەنجامی ئەم دابڕانەش ئەوەیە کە سەرمایەی ڕەمزیی
بزووتنەوەکە، پێش گەیشتن بە پێگەیشتنی ستراتیژیک، دەکەوێتە ناو خولگەی داڕمان و بەفیڕۆچوونەوە.
٢. ئەندازیاریی
کاتسازی (مهندسی زمانبندی) ڕێک ئەم شڵەژانە کارکردییەی کەپێشتر باسمان لێوەکرد،
دەرفەتی دەرکەوتنی ئەو چەمکە دەڕەخسێنێت کە دەکرێ وەک "ئەندازیاریی کاتسازی"
ناوی بەرین؛ واتە دۆخێک کە تێیدا دەسەڵاتی ناوەندی، کردەوە کاتنەهاتووەکان (نابەهنگام)
یان ئەو کردانەی کە بێپشتوانی ستراتژیک و نەتەوەیین، بۆ سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی مەیدانی
سیاسی و ئەمنی بە قازانجی خۆی دەقۆزێتەوە.
لهم
چوارچێوەیەدا، دەکرێ ئۆپەراسیۆنە چەکدارییەکانی بانە و مەهاباد، وەک ڕووداوگەلێک شیکارییان
بۆ بکرێت کە بەستێنیان بۆ چڕکردنەوەی کەشی ئەمنیی ناوچەکە، بەهێزکردنی گێڕانەوەی فەرمی
(روایت رسمی) سەبارەت بە "هەڕەشەی ئەمنی"، بەرتەسککردنەوەی فەزا مەدەنییەکان
و قووڵکردنەوەی دابڕانی نێوان جەستەی کۆمەڵگە و هێزە فکرییە ڕەخنەگرەکان خۆش کرد.
بەم
شێوەیە، بەگریمانەیەکی مەحاڵیش ئەگەر ئەم ئۆپەراسیۆنانە بە مهبەستی لاوازکردنی دەسەڵاتیش
ئەنجام درابێتن، لە ئاستی دەرئەنجامە عەینییەکاندا دەکرێ بگوترێ کە بەشێک لە
تواناکانی ڕاپەڕینی کۆمەڵایەتی و پوتانسیێلی گۆڕانکاریخوازیی کۆمەڵگەیان لاواز
کردووە و یارمەتیدەری سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵاتی ئەمنی ناوەند بوون.
