۱۴۰۵ فروردین ۳۰, یکشنبه

مافی مرۆڤ لەگوێن دەرکەوتەی پاش‌ئازار؛ گۆڕینی خوێن بۆ بوروکراسیی بێتاوانکردن

 









 (بێ‌دەنگی ڕێکخراوەیی مافی مرۆڤ لەمەر پێشێلکارێکانی بەربڵاو دژ بە تاک و نەتوەی کورد)

شاهۆ حوسێنی

مافی مرۆڤ لە ساحەی  تیۆرییەکەیدا، خۆی وەک "قەڵغانێکی پێشوەختە" و پاسەوانێکی باڵای کەرامەتی مرۆیی دەناسێنێت؛ بەڵام لە جوگرافیای سیاسیی ژێردەستەکان و نەتەوە بێ‌دەوڵەتەکان و یەک لەوان کوردا، ئەم چەمکە تووشی جۆرێک لە گۆڕانی کارکردی دەبێت. لەم بوارانەدا، مافی مرۆڤ نەک وەک میکانیزمێک بۆ ڕێگری، بەڵکوو بە شێوەیەکی سەرەکی وەک "دەرکەوتەی پاش‌ئازار" دەوردەگێڕێت: میکانیزمێک کە کاریگەری خۆی نەک پێش کارەسات، بەڵکوو دوای ڕوودانی جێگیر دەکات؛ واتە ڕێک ئەو کاتەی کە "ژیانی سیاسی" پێشوەخت بۆ ئاستی "ژیانی بێ‌بەرگری" دادەبەزێت.

لە ئەزموونی کوردیدا، ئەم گۆڕانی کارکردە بە ڕوونی دەبینرێت. بۆ نموونە، هێرشە موشەکی و درۆنییەکان بۆ سەر بارەگای پارتە کوردییەکان لە هەرێمی کوردستان (وەک هێرش بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەو پاک) نیشانی دەدەن کە دەستێوەردانی دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ، ئەگەر هەشبێت، بە گشتی دوای چەسپانی دەرهاویشتە خوێناوییەکان ڕوودەدات. لەم چوارچێوەیەدا، مافی مرۆڤ نەک وەک هێزێکی ڕێگر، بەڵکوو وەک بەشێک لە تەکنۆلۆژیای بەڕێوەبردنی لێکەوتەکانی کارەسات کار دەکات.

ئەم بوروکراسییە ساردە، بە گۆڕینی واقیعە خوێناوییەکان بۆ داتا، ڕاپۆرت و بەیاننامە، جۆرێک لە مەودای مەعریفی دروست دەکات؛ مەودایەک کە تێیدا هاواری دادپەروەری بۆ زمانێکی کۆڕگێڕی بێلایەن وەردەگێڕدرێت. لە ئەنجامدا، تاوان نەک لە ئاستی نکۆڵیکردن، بەڵکوو تا ئاستی "دووبارە پێناسەکردنەوە" لاواز دەکرێت: لە واقیعێکی دەستبەجێ و هەژێنەرەوە، دەبێتە بابەتێک بۆ "لێکۆڵینەوە"، "دەربڕینی نیگەرانی" و "بانگهێشتکردن بۆ دانبەخۆداگرتن".

-       گۆڕان لە بکەرەوە بۆ بەرکار: لەدایکبوونی "قوربانیی شیاوی تۆمارکردن"

لە لۆژیکی ئیجابیدا، مرۆڤ وەک بکەرێکی خاوەن ماف، پێش ڕوودانی توندوتیژی دەناسرێت. بەڵام لە زۆرێک لە دۆخە هاوشێوەکاندا، ناساندنی یاسایی تاک کاتێک چالاک دەبێت کە ئەو پێشوەختە بووبێتە قوربانی. لەم دۆخەدا ئەوەی دەناسرێت، نەک بوونی سیاسی، بەڵکوو برینداری و ئازارچێژییە. بەم شێوەیە، سوژەی داخوازی‌کەر دەبێتە کەرەستەیەک بۆ تۆمارکردن، بەبەڵگەکردن و بەڕێوەبردن، واتە دەبێتە بەرکارێکی بۆرۆکتاتیک.

-        کاتمەندیی کاردانەوە: دواکەوتن وەک مۆدێلی زاڵ

یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی کارکردی دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ، مەودای کاتیی نێوان ڕوودانی توندوتیژی و کاردانەوەی فەرمییە. ئەم مەودایە، ئەگەر هەمیشە بە ئەنقەستیش نەبێت، لە کردەوەدا کارکردێکی پێکهاتەیی پەیدا دەکات: دەستێوەردان کاتێک ڕوودەدات کە دەرفەتی ڕێگری لەناو چووە و سەرنج لەسەر بەرگرتن گواستراوەتەوە بۆ بەڕێوەبردنی لێکەوتەکان. لە دۆخێکی وەهادا، مافی مرۆڤ لەکوردستان و لەمەر ڕووداوە دژمرۆییەکان دژ بە کورد، لە جیاتی دەستێوەردان لە ساتەوەختی مەترسیدا، لە قۆناغی دوای چەسپانی زیانەکاندا چالاک دەبێت.

-        خۆگێل‌کردنی بوروکراتیک: وەرگێڕانی حەقیقەت بۆ فۆرم

لەو قۆناغەدا، کارەساتەکە دەچێتە ناو میکانیزمە بۆرۆکراتیکەکانی ڕاپۆرتدان. ئاڵۆزییە مێژوویی، سیاسی و ناسنامەییەکانی توندوتیژی، بۆ قاڵبە یاساییە پێشینێکان وەردەگێڕدرێن. ئەم وەرگێڕانە، ئەگەرچی بۆ بەبەڵگەکردن پێویستە، بەڵام لە هەمان کاتدا توندی و کتوپڕیی ئەزموونە ژیاوەکە دادەمرکێنێتەوە. بەکارهێنانی زمانێکی وەک نیگەرانی، بانگهێشت بۆ دانبەخۆداگرتن یان پێویستیی لێکۆڵینەوە لە بانگەشەکان، جۆرێک لە هاوسەنگیی ڕواڵەتی دروست دەکات کە تێیدا جیاوازیی ئەخلاقیی نێوان تاوانبار و قوربانی کاڵ دەبێتەوە.



-       فێتیشیزمی بەڵگە: ئەرشیفکردن وەک هەڵپەساردنی دادپەروەری

بەرهەمی کۆتایی ئەم پرۆسەیە، بەڵگەکردنە؛ بەڵگەیەک کە تۆمارکردنی وەک جۆرێک لە هەنگاو و کارکرد ئەژمار دەکرێت. بەڵام ئەم تۆمارکردنە، زۆربەی جار تاوانەکە لە بابەتێکی زیندوو و بەردەوامەوە دەگۆڕێت بۆ داتایەکی ئەرشیفکراو. لە غیابی میکانیزمە جێبەجێکارییە کاریگەرەکاندا، ئەم بەڵگانە زیاتر لەوەی ببنە هۆی بەدیهاتنی دادپەروەری، لە ئاستی یادخستنەوە و تۆمارکردندا دەمێننەوە. بەم جۆرە، مەودایەک لە نێوان ناسینی تاوان و لێکەوتە یاساییەکەی دروست دەبێت.

 

-       دەرئەنجام

لە شێوەی ئێستایدا، مافی مرۆڤ لە زۆرێک لەم بوارانەدا زیاتر لە میکانیزمێکی پەسیڤی کاردانەوەیی‌دەچێت نەک ڕێگریکارانە. ئەم دۆخە، پێویستیی دووبارە بیرکردنەوە لە پەیوەندی نێوان ماف و کاروباری سیاسی زەق دەکاتەوە. ئەگەر بڕیار بێت مافی مرۆڤ کارکردێکی فرەتر لە تۆمارکردن و ڕاپۆرتدانی هەبێت، دەبێت بتوانێت پێش ڕوودانی کارەسات، لە ئاستێک لە ڕێگری و دەستێوەردانی کاریگەردا کار بکات. تێپەڕین لە دۆخی ئێستا، نەک لە نکوڵیکردنی تەواوی دامەزراوە هەبووەکان، بەڵکوو لە بەهێزکردنی ڕەهەندە ئیجابی و پێشینەییەکانی ئەواندایه: ئەو شوێنەی کە زەروورەتی پاراستنی ژیان لە پێش تۆمارکردنی لەدەستدانی ژیانەوە دەبێ دابنرێت. لەدەرەوەی ئەم ڕەوتەدا، ئەو مەترسییە دەمێنێتەوە کە هەر بەیاننامەیەکی نوێ، تەنیا ببێتە هۆی کەڵەکەبوونی ئەو بەڵگانەی کە زیاتر لەوەی ڕێگر بن لە دووبارەبوونەوەی توندوتیژی، دەبنە هۆی چەسپاندنی ئەو توندوتیژییە لە میمۆرییەکی بوروکراتیکدا.


مافی مرۆڤ لەگوێن دەرکەوتەی پاش‌ئازار؛ گۆڕینی خوێن بۆ بوروکراسیی بێتاوانکردن

    (بێ‌دەنگی ڕێکخراوەیی مافی مرۆڤ لەمەر پێشێلکارێکانی بەربڵاو دژ بە تاک و نەتوەی کورد) شاهۆ حوسێنی مافی مرۆڤ لە ساحەی   تیۆرییەکەیدا، خ...