۱۴۰۴ مهر ۲۰, یکشنبه

وەهمی ئاشتی لەڕۆژهەڵاتی ناوین؛ پێش گرتن به ئینتێرسۆبژکتیڤیتە، سەرکووتی سوژەبوون


 







شاهۆ حوسێنی

ئاشتی لەفامی گشتی و باودا، بەردەوام لەهەمبەر شەڕدا پێناسەدەکرێت؛ چما شەڕ ڕابگیرێت و خوێن‌ڕشتن بوەستێت، ئەوا ئاشتی مسۆگەر دەبێت. ئەم ڕوانگەیە بەڵام سەلبی و ئۆبژەکتیڤە، ئەمە دەشێ وەک روانگە و فامی عورفی لە ئاشتی پێناسە بکرێت؛ فامێک کە لەئاستی ڕێکخراوەکانی نێونتەوەیی، ڕێکەوتنەسیاسێکان و گوتاری گشتی و زاڵی کۆمەڵگادا باوە. بەڵام پرسیاری فەلسەفی ئەمەیە: ئاخۆ ئاشتی تەنیا بەمانای بێ‌دەنگ‌بوونی چەک و ئیمزای ڕێکەوتنە؟

فەلسەفە بەپێچەوانەی عورفی گشتی و سیاسی، ئاشتی نە لەچوارچێوەی دۆخێکی نێگەتیڤدا، کە لەئاسۆی مەرجێکی ئیجابی ئانتۆلۆژیک و سوژەڤانیدا دەبینێت. ئاشتی لەم ڕوانگەیەدا، نە کۆتایی شەڕ، کە مەجالی دەسپێکێکی نوێیە: مەجالێک بۆ دەرکەوتنی سوژەی سەربەخۆ، خۆبنیادنەری و پێوەندی ئینتێرسۆبژێکتیڤ لەنێوان من و ئەوی‌تردایە لە ئاسۆی بەفەرمی ناسینی هاوتەریب، بەستێنێک بۆ پلۆرالیزمی سوژەکان و شوێنێک کە هیچ حەقیقەت و دەسەڵاتێک نەتوانێ زاڵێتی خۆی بەسەر جیاوازێکاندا بسەپێنێت، واتە ئاشتی یانی دۆخێک کە لەودا “بوون لەگەڵ ئەوی‌تر” نە لەڕووی ئیجبار و هێژمۆنی کە لەڕووی ئازادی، بەرابەری و مەجالی پشکووتنی هاوبەش دەستەبەر دەبێت. چما ئازادی بەمانای دەرکەوتنی خۆبنیادنەری و سوژەبوونی مرۆڤەکانە، ئاشتی بەمانای مەجال، بەستێن و مەرجەکانی دەرکەوتنی خۆبنیادنەری و مەیدانی هاوبەشی نێوان سوژەکانە.

لەم سۆنگەیەوە “نەبوونی شەڕ” حەتمەن بەمانای “بوونی ئاشتەوایی” نیە. چوونکە لە زۆر دۆخگەلێکدا ئەگەرچی شەڕ نیە، بەڵام: سووژەبوون سەرکووت‌کراوە، مەجالی پیوەندی ئینتێرسۆبژێکتیڤ ڕێگای لێ‌گیراوە و پلۆرالیزم سەرکووت‌کراوە. ئەوەی لەوەها دۆخێکدا دەبیندرێت، شتێک نیە جگە لە وەهمی ئاشتی، ئاشتی‌خەیاڵی کە زۆرتر بە دەوامی زاڵێتی و ملکەچی خزمەت دەکات، تا بە ئازادی و مەجالەکانی دەرکەوتنی جیاوازێکان.

کەوابێ، مەسەلەی سەرەکی فەلسەفە نە شەڕ، کە مەجال یان نەبوونی مەجالەکانی ئاشتیە؛ ئاشتیەکی کە مەجالی ڕزگاری‌، ئازادی و دەرکەوتنی جیاوازێکان بڕەخسێنێت.

ڕوانین لەکێشەی ڕۆژهەڵاتی ناوین؛ وەهمی ئاشتی و پێش‌گرتن بە سوژەیی

چما ئاشتی، هەر بەم جۆرەی پێش‌تر باسی لێوەکرا، مەجالەکانی دەرکەوتنی سوژەبوون، پلۆرالیزم و پێوەندی ئینتێرسۆبژێکتیڤ بێت، ئەوا دۆخی رۆژهەڵاتی ناوین بەشێوەیەکی ئاشکرا، دەرخەری غیابی ئاشتیە. لەم ناوچەیەدا بەداخەوە “نەبوونی‌شەڕ” یان بوونی ڕیکەوتن‌گەلێکی ڕێژەیی زۆر جار وەک پێوەرەکانی ئاشتی پێناسەدەکرێنبێ‌گومان ئەوەی لە رۆژهەڵاتی‌ناویندا هێژمۆنە: پێش‌گرتن بە پێوەندی ئینتێرسۆبژێکتیڤە، واتە سەرکووتی سیستماتیکی مەجالەکانی دایلۆگ و پەیڤی سەربەخۆیانە و ڕاستەقینە لەنێوان سووژەکان، بەجۆرێ کە دیالۆگ و پەیڤەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی، بەردەوام لەچوارچێوەی پێوەندێکی تاک‌لایەنەو زاڵێتیدا لە ئارادایە. سەرکووتی‌سوژەکان: ڕێگڕی کردەوە لە دەرکەوتنی مەجالەکانی خۆبنیادنەری و داهێنەری گشتی و تاکی بەهۆی دەسەڵاتەکان و پێکهاتەکانی بەرهەم‌هێنی نابەرابەری. جیاوازیکان یان بە ئیجبار یەکدەست دەکرێن و لەناو دەبرێن، یان دەخرێنە پەراوێزەوە.

وەهمی ئاشتی: ئەوەی وەک ئاشتی خۆ دەنوێنێت و دەنوێندرێت، نە پلۆرالیزم و نە ئازادی، کە مسۆگەر بوونی هێژمۆنی و دەوامی زاڵێتیە، کۆمەڵگا و تاک بە رواڵەت لە “ئاشتەوایی”دا دەژین، بەڵام ئەم ئاشتەواییە ئۆبژەکتیڤ و ڕواڵەتیە و لەژێر ئەم دۆخەدا ژیلەمۆی قەیران، تیکهەڵچوون و شەڕ بەتینە، بەهۆی ئەوەکە ئەساسا گەوهەر و کلتووری ئاشتەوایی کە کلتووری سوبژەکتیڤیسم و پێوەندی ئینتێرسۆبژێکتڤە، غایبە.

کەوابێ کاتێ، لەمەر رۆژهەڵاتی ناوین دەدوێین، پێویستە بەفامی خۆماندا لە ئاشتی و ئاشتەوایی بچینەوە، چوونکە ئاشتی بەتەنیا دۆخێکی سیاسی و ڕیکەوتوانە نیە، بەڵکە بەستێنێکی هزری و ئێپیستمۆلۆژیکە بۆ ڕوانین لەمەر خۆمان، ئەوانی‌تر، فۆڕمی پێوەندی ئازاد نێوان “خۆد” و “ئەوی‌تر”. لەغیابی وەها کەشێکی ئازادانە و بەرابەر کە وەک دۆخی قەیرانی فەلسەفی ئاشتی باسی لێوەدەکرێت، هیچ حەقیقەتێک لەگوێن ئاشتی ئەزموون ناکرێت.

شرۆڤەی فەلسەفی چەق‌بەستوویی ئاشتی لە رۆژهەلاتی ناوین

لەڕۆژهەڵاتی ناوین، ئاشتی بەتەنیا بەهۆکاری‌شەڕ و تێکهەڵچوون نیە کە دەرناکەوێت، بەڵکە بەهۆی مێکانیسمە شاراوقەکانی زاڵێتی و ملکەچی سوژەکانە کە دەرناکەوێت. ئەم چەق بەستوویە لەچەند تەوەرەدا دەکرێ پۆلێة‌بەندی بکرێت: هێژمۆنی دەسەڵات و دەوامی زاڵێتی دەسەڵاتە زاڵەکان، چ لەئاستی دەوڵەتدا، چ لەئاستی ناوچەدا و چ‌لەئاستی بان‌ناوچەییدا، بەکەڵک وەرگرتن لە سیاسەت‌گەلی پاوانخوازنە و شێواز گەلی کۆنتڕۆڵ‌کەر، کەشی دەرکەوتنی سوژەگی بەرتەسک دەکەنەوە. ئەم هێژمۆنیە نەتەنیا لەبەستێنی سیاسیدا، کە لەبەستێن‌گەلی کۆمەڵایەتی و کلتووریشدا دەردەکەوێت و هۆکارێکی بنەڕەتیە بۆ پەراوێز خستن و حەتتا سڕینەوەی جیاوازێکان. ئاکامەکەی: ئاشتی ڕواڵەتیە کە لەڕواڵەتدا نەزم و ئەهوەنی دەردەخات و لە دەرووندا بەستێنی دەرکەوتنی سوژەکان و خۆبنیادنەری لەناو دەبات.

پێش‌گرتن بە پێوەندی ئینتێرسۆبژێکتیڤ

گتووبێژ و هەڵکردنی سوژەکان، کە مەرجی سەرەکی بۆ ئاشتی و ئاشتەواییە، لەڕۆژهەڵاتی ناوین لەگەڵ بەربەست‌گەلی پێکهاتەیی و کلتووری بەڕوو ڕوویە، گێڕانەوەکان و دیسکۆرسەکانی زاڵ، بەردەوام مۆنۆلۆگ و سەرکووت‌کەرن و مەجالەکانی دەرکەوتن و بیستنی دەنگە جیاوازەکان بەرتەسک دەکەنەوە. هەرکات سوژەکان نەتوانن لەکەشێکی بەرابەردا و داهێنەرانە لەگەڵ یەکتر پێوەندی بگرن، ئەوا بێ‌گومان ئاشتی و ئاشتەوایی دەرناکەوێت. سەرکووتی‌سووژەکان‌و پێش‌گرتن‌بە خۆبنیادنەری‌مرۆڤ و کۆمەڵگەکان لە رۆژهەڵاتی ناوین بەردەوام لەگەڵ بەربەست‌غەلی سیاسی، ئابووری و کلتووری بەڕەوڕوون کە مەجالەکانی خۆبنیادنەری و دەرکەوتنی سوژەگیان لێ دەستێنێت. ئەم سەرکووتانە چ لەڕێی ئیجباری ڕاستەوخۆ و چ لەڕێی بەهاگەلی کۆمەڵایەتی و ئابووری، ڕێگری دەکەن لە دەرکەوتنی جیاوازی و پلۆرالیزمی سوژەکان.

 وەهمی ئاشتی

پێکهاتەی هێژمۆنی، پێش‌گیراوی ئینتێرسۆبژێکتڤیتە و سەرکووتی سوژەڤانی، دۆخێکی خوڵقاندوە کە دەشی وەک وەهمی ئاشتی پێناسە بکرێت، کۆمەڵگایەک کە لەڕواڵەتدا دورە لەشەر و ڕیکەوتن‌گەلێل لەسەر کاغەز هەیە، بەڵام لەکردەوەدا و لەبنەڕەتدا ژیلەمۆی تێکهەڵچوون و دابڕاوێکی بەردەوام، بەهۆی نەبوونی مەجالەکانی خۆبنیادنان، پێوەندی ئینتێرسۆبژێکتیڤ و پلۆرالیزمی سوژەکان، هەڕەشەیەکی ڕادیکاڵە بۆ سەر ئاشتەواویی کاغەزی.

ئەم شرۆڤەیە نیشانی ئەدات کە ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی‌ناویندا نەتەنیا قەیرانێکی سیاسی کە بگرە قەیرانێکی وجوودی و ئانتۆلۆژیکە، واتە شێوازی وڵام دانەوە بەم پرسیارە بنەڕتیەکە: چلۆن دەلوێت سوژەگەل ئازاد بن تا لەئاسۆی جیاوازێکاندا، پلۆرالیزم و خۆبنیادنان دەربکەوێت؟ دەریدەخات کە ئاخۆ ئاسۆی ئاشتی و ئاشتەوایی لە رۆژهەڵاتی ناوین ڕوونە یان ڵێڵ. چما سەرلەنوێ پێداچوونەوەیەکی بنەڕەتی بە پێکهاتەی دەسەڵات، کلتوور و نۆڕمە کۆمەڵایەتێکاندا بکرێت، بەجۆرێ کە سوژەی سەربەخۆ، پلۆرالیزمی ڕوانگەکان و جیاوازیکان مەجالی دەرکەوتنیان هەبێت، ئەوا بێ‌گومان ئاسۆی ئاشتی و ئاشتەوایی لەڕۆژهەڵاتی ناوین ڕوونە.

کلۆنیالیزم و پێش‌گیراوی بەسوژەڤانی کوردی

چما ئاستی، لەگوێن دەرکەوتنی سوژەگی و ئینتێرسۆبژێکتیڤیتە پێناسە بکرێت، ئەوا دۆخی کوردەکان لە رۆژهەڵاتی ناوین، نموونەیەکی ئاشکرای دەرنەکەوتنی ئاشتیە، کوردەکان لە رۆژهەڵاتی ناوین بە ئاشکرا لەژێر گوشارەکانی کلۆنیالیزمدان، بەشێوەیەکی سیستماتیک پێش‌دەگیرێت بە دەرکەوتنی سوژەگی لەناو کورداندا و بەشیوەیەک سیستماتیک سەرکووت دەکرێن و پەراوێز دەخرێن، لەوەها دۆخێکدا، چلۆن دەشێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوین حەتتا بیر لە ئاشتی و ئاشتەوایی بکرێتەوە؟

لەهەرکام لەم وڵاتانەی ڕۆژهەڵاتی ناوین کە کوردیان تیا پارچەکراوە، دەسەڵات و زاڵێتی بەڕەچاوی سیاسەتەکانی سەرکووتکارانە، دەستێوەردان و گۆرینی دیمۆگرافی مێژوویی، حەولی تێکدانی شووناسی کوردان بەمەبستی کۆنتڕۆڵ‌کردن و سڕینەوەی ئەوان دەدات، ئەم هێژمۆنیە بێ‌گومان پێش‌دەگرێت بە دەرکەوتنی سوژەی کوردی، هەر بۆیەش ئاشتی و ئاشتەوایی لەوەها دۆخێکدا وهمە.

پێش‌گرتن بە ئینتێرسۆبژێکتیڤیتە

مەجالەکانی دیالۆگی بەرابەر لەنێوان کوردەکان و سوژەگەلی‌تر یان دەوڵەتەکان، بەتایبەتی لە ساحەی سیاسیدا داخراوە، گێڕانەوەکانی کوردی بەردەوام پەراوێز خراون و خواستەکان بەفەرمی ناناسرێن، ئەم داخراویە بەربەستە بۆ دەرکەوتنی بوونی کوردانە، سوژەی کوردی، پلۆرالیزم سوژەگی لەم ژێئۆپۆلەتیکانەدا کە کوردستانیان تیا پارچەکراوە و بەگشتی بەربەستە بۆ ئاشتی و ئاشتەوایی لە رۆژهەڵاتی ناوین.

دۆخی کوردەکان لە رۆژهەڵاتی ناوین نموونەیەکی ئاشکرای وەهمی ئاشتیە، ئاشتیەکی کە نەلەسەر ئەساسی پلۆرالیزم و ئازادی ڕاستەقینە، کە لەسەر ئەساسی هێژمۆنی و پەرەی زاڵێتی دامەزراوە، لەم شۆنگەیەوە، ئاشتیەکی کە لەغیابی ئازادی و سەربەخۆیی بوونەکان بنیادنرا بێت، نەتەنیا ئاشتی نیە، کە درێژەی کلۆنیالزیم و داخراوی سوژەگیە.

کۆتا وتە

ئاشتی بەم‌جۆرەی کە لەفامی عورفیدا باسی لێوەکراوە، زۆرجار بەهەڵە قەتیس‌کراوەتەوە لە نەبوونی شەڕ و خامووشی چەکدا، بەڵام فەلسەفە پێمان دەڵێت کە ئاشتی بانتر لە خامۆشی چەک، مەجال و کەشێکە بۆ دەرکەوتنی سوژەگی‌و پلۆرالیزمی سوژەکان. ئازادی و ئاشتی ژانووسێکن: بەبێ دەرکەوتنی سوژەی سەربەخۆ و سەربەخۆیی سوژەکان، ئاشتی وەهمێکی هێژمۆنیکە. بەهۆی ئەوەکە ئاشتی نە لەڕێکەوتنی باڵادەستانی ساحەی دەسەڵات و حکوومەتدا کە بەرهەمی ئازادی و سوژەگیە. واتە ئاشتی بەرهەمی ئازادیە و بەهیچ شێوەیەک دۆخێکی چەق بەستوو نیە، ئاشتی بەستێن و مەجالی بەفەرمی ناسینی جیاوازێکان و پلۆرالیزمە نەک مەیدانی ڕمبازێنی دەسەڵات و هێژمۆنی.

سەرچاوە: ڕۆژنامەی خەبات
https://xebat.net/ku/?p=192532


توافق تعلیقی؛ صلحی که قرار نیست اتفاق بیفتد

  شاهو حسینی در ادبیات رسمی دیپلماسی، هر مذاکره‌ای به‌طور پیش‌فرض با هدف رسیدن به توافقی تعریف می‌شود؛ اما تجربه‌ی روابط پرتنش میان ایران ...